Muslim99Muslim99
← Tafsir library

2. Al-Baqara

The Cow · Medinan · 286 ayahs

سُورَةُ البَقَرَةِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 271–280 of 286

271

إِن تُبْدُوا۟ ٱلصَّدَقَٰتِ فَنِعِمَّا هِىَ ۖ وَإِن تُخْفُوهَا وَتُؤْتُوهَا ٱلْفُقَرَآءَ فَهُوَ خَيْرٌۭ لَّكُمْ ۚ وَيُكَفِّرُ عَنكُم مِّن سَيِّـَٔاتِكُمْ ۗ وَٱللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌۭ

ئه‌گه‌ر خێرو چاکه و به‌خشینه‌کانتان به ئاشکرا ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وه شتێکی چاکه‌، خۆ ئه‌گه‌ر بیشارنه‌وه و بیده‌ن به هه‌ژاران به نهێنی ئه‌وه چاکتره بۆتان، جا (به‌و به‌خشینه‌) خوا هه‌ندێک له گوناهه‌کانتان ده‌سڕێته‌وه و خوا ئاگایه به‌و کارو کرده‌وانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

[ إِنْ تُبْدُوا الصَّدَقَاتِ فَنِعِمَّا هِيَ ] ئه‌گه‌ر صه‌ده‌قه‌و خێرتان كرد ئاشكرای بكه‌ن ئه‌مه‌ شتێكی چاكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی چاوتان لێ بكات، به‌ڵام ده‌بێت ئاگاتان له‌ نیه‌تتان بێت و توشی ریا نه‌بن [ وَإِنْ تُخْفُوهَا وَتُؤْتُوهَا الْفُقَرَاءَ فَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ ] وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ نهێنی بیده‌ن به‌فه‌قیرو هه‌ژاران ئه‌مه‌یان باشتره‌ بۆ ئێوه‌ چونكه‌ پارێزراو ده‌بن له‌ ریا و له‌ ساحه‌ی مه‌حشه‌ر له‌ ژێر سێبه‌ری عه‌رشی خوای گه‌وره‌دا ده‌بن [ وَيُكَفِّرُ عَنْكُمْ مِنْ سَيِّئَاتِكُمْ ] وه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ خراپه‌كانتان خۆش ئه‌بێ به‌هۆی ئه‌و صه‌ده‌قه‌یه‌ی كه‌ كردووتانه‌ به‌ نهێنی و به‌ ئاشكرا [ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ (٢٧١) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر زانیاریه‌كی ووردی هه‌یه‌ وه‌ زانایه‌ به‌ كرده‌وه‌كانی ئێوه.

Al-Baqara 2:271Listen in Qur'an →
272

۞ لَّيْسَ عَلَيْكَ هُدَىٰهُمْ وَلَٰكِنَّ ٱللَّهَ يَهْدِى مَن يَشَآءُ ۗ وَمَا تُنفِقُوا۟ مِنْ خَيْرٍۢ فَلِأَنفُسِكُمْ ۚ وَمَا تُنفِقُونَ إِلَّا ٱبْتِغَآءَ وَجْهِ ٱللَّهِ ۚ وَمَا تُنفِقُوا۟ مِنْ خَيْرٍۢ يُوَفَّ إِلَيْكُمْ وَأَنتُمْ لَا تُظْلَمُونَ

ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) هیدایه‌ت و ڕێنموویی و موسوڵمان کردنی ئه‌و خه‌ڵکه له‌سه‌ر تۆ نیه (چونکه تۆ ته‌نها گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌ت له‌سه‌ره‌) به‌ڵام خوا هیدایه‌ت و ڕێنموویی هه‌ر که‌سێکی بوێت ده‌کات، (به مه‌رجێک ئه‌و که‌سه‌ش ڕووی دڵی بکاته ئیمان) هه‌ر خێرێکیش ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وه قازانجه‌که‌ی بۆ خۆتانه‌، ئێوه (ئه‌ی بڕواداران) هیچ شتێک نابه‌خشن مه‌گه‌ر بۆ ڕه‌زامه‌ندی خوا نه‌بێت و هه‌ر خێرو چاکه‌یه‌کیش ئه‌نجام بده‌ن پاداشته‌که‌یتان ده‌ستتان ده‌که‌وێته‌وه‌، ئه‌وسا ئێوه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک سته‌متان لێناکرێت.

[ لَيْسَ عَلَيْكَ هُدَاهُمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ ] هاوه‌ڵان به‌ خزمه‌ هاوبه‌شبڕیارده‌ره‌كانیان نابه‌خشی خوای گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند، ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم هیدایه‌تی خه‌ڵكی له‌سه‌ر تۆ نیه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ت له‌سه‌ره‌ كه‌ دینه‌كه‌یان پێ بگه‌یه‌نی و ته‌بلیغیان بكه‌یت به‌ڵام خوای گه‌وره‌ خۆی هیدایه‌تی هه‌ر كه‌سێك ئه‌دات كه‌ وویستی لێ بێت و شایانی بێت [ وَمَا تُنْفِقُوا مِنْ خَيْرٍ فَلِأَنْفُسِكُمْ ] وه‌ ئێوه‌ هیچ خێرێك نیه‌ كه‌ بیبه‌خشن ئیلا سووده‌كه‌ی بۆ خۆتان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌و هیچ سوودێ به‌خوای گه‌وره‌ ناگه‌یه‌نن [ وَمَا تُنْفِقُونَ إِلَّا ابْتِغَاءَ وَجْهِ اللَّهِ ] وه‌ ئێوه‌ هیچ شتێك نابه‌خشن ته‌نها له‌ پێناو رووی پیرۆزو ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌دا نه‌بێت (واته‌: مه‌به‌خشن ته‌نها له‌ پێناو ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌دا نه‌بێت) [ وَمَا تُنْفِقُوا مِنْ خَيْرٍ يُوَفَّ إِلَيْكُمْ وَأَنْتُمْ لَا تُظْلَمُونَ (٢٧٢) ] وه‌ هیچ خێرێك نیه‌ كه‌ بیبه‌خشن ئیلا خوای گه‌وره‌ ئه‌جرو پاداشتتان ده‌داته‌وه‌ به‌ چه‌ند قاتێك وه‌ ئێوه‌ سته‌متان لێ ناكرێ.

Al-Baqara 2:272Listen in Qur'an →
273

لِلْفُقَرَآءِ ٱلَّذِينَ أُحْصِرُوا۟ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ لَا يَسْتَطِيعُونَ ضَرْبًۭا فِى ٱلْأَرْضِ يَحْسَبُهُمُ ٱلْجَاهِلُ أَغْنِيَآءَ مِنَ ٱلتَّعَفُّفِ تَعْرِفُهُم بِسِيمَٰهُمْ لَا يَسْـَٔلُونَ ٱلنَّاسَ إِلْحَافًۭا ۗ وَمَا تُنفِقُوا۟ مِنْ خَيْرٍۢ فَإِنَّ ٱللَّهَ بِهِۦ عَلِيمٌ

(ئه‌و جۆره به‌خشینانه پێشکه‌ش بکه‌ن) به‌و هه‌ژارانه‌ی له پێناوی خوادا لێبڕاون و ناتوانن بگه‌ڕێن به زه‌ویدا و بازرگانی و کاسبی بکه‌ن (به‌هۆی خه‌ریک بوونیان به‌گه‌یاندنی په‌یامی خوا)، ئه‌وه‌ی نه‌یانناسێت، (ئه‌و هه‌ژارانه ئه‌وه‌نده که‌سایه‌تی خۆیان ڕاده‌گرن و نه‌فس به‌رزن)، واده‌زانێت ده‌وڵه‌مه‌ندن، تۆ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) (یا ئه‌ی ئیماندار) به ڕه‌نگ و ڕوخسارو سیمایاندا ده‌یانناسیت، داواناکه‌ن له خه‌ڵکی به‌زۆر شتی لێبسه‌نن و ڕووگیریان بکه‌ن، هه‌ر خێرێک ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وه بێگومان خوا زانایه پێی.

[ لِلْفُقَرَاءِ الَّذِينَ أُحْصِرُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ ] به‌تایبه‌تی صه‌ده‌قات و خێرتان بده‌ن به‌و فه‌قیرو هه‌ژارانه‌ی كه‌ گه‌مارۆ دراون له‌ پێناو خوای گه‌وره‌دا به‌غه‌زا كردن و جیهاد كردن [ لَا يَسْتَطِيعُونَ ضَرْبًا فِي الْأَرْضِ ] كه‌ به‌هۆی غه‌زا كردنه‌وه‌ ناتوانن كاسبی و بازرگانی و كشتوكاڵ بكه‌ن یان به‌هۆی هیجره‌ت كردنه‌وه‌ [ يَحْسَبُهُمُ الْجَاهِلُ أَغْنِيَاءَ مِنَ التَّعَفُّفِ ] ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یانناسێ وا ئه‌زانێ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خۆیان زۆر پاك ڕائه‌گرن وه‌ فه‌قیری و هه‌ژاری خۆیان ده‌رناخه‌ن [ تَعْرِفُهُمْ بِسِيمَاهُمْ ] به‌ڵام كاتێك كه‌ بیانبینی به‌ نیشانه‌كانیان ئه‌یانناسی كه‌ چه‌ندێ لاوازی و فه‌قیری و هه‌ژاریان پێوه‌ دیاره‌ [ لَا يَسْأَلُونَ النَّاسَ إِلْحَافًا ] ئه‌مانه‌ نه‌ك هه‌ر ئیلحاح له‌ خه‌ڵكی ناكه‌ن به‌ڵكو داوایش ناكه‌ن [ وَمَا تُنْفِقُوا مِنْ خَيْرٍ فَإِنَّ اللَّهَ بِهِ عَلِيمٌ (٢٧٣) ] وه‌ ئێوه‌ هیچ خێرێك نیه‌ كه‌ بیبه‌خشن ئیلا خوای گه‌وره‌ پێی زانایه‌و ئاگای لێ یه‌و ئه‌جرو پاداشتان ئه‌داته‌وه‌ له‌سه‌ری.

Al-Baqara 2:273Listen in Qur'an →
274

ٱلَّذِينَ يُنفِقُونَ أَمْوَٰلَهُم بِٱلَّيْلِ وَٱلنَّهَارِ سِرًّۭا وَعَلَانِيَةًۭ فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِندَ رَبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ

ئه‌وانه‌ی ماڵ و سامانیان ده‌به‌خشن، به‌شه‌و و به ڕۆژ، به نهێنی و به ئاشکرا، ئا ئه‌وانه هه‌ر پاداشتیان لای په‌روه‌ردگاریانه‌، ترس و بیمیان له‌سه‌ر نییه و ئه‌وان خه‌فه‌تبار نابن (له ڕۆژی قیامه‌ت و لێپرسینه‌وه‌دا).

[ الَّذِينَ يُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ بِاللَّيْلِ وَالنَّهَارِ سِرًّا وَعَلَانِيَةً ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ماڵی خۆیان ئه‌به‌خشن به‌ شه‌و و به‌ڕۆژ، به‌ نهێنی و به‌ ئاشكرا، پێویستی كرد به‌ نهێنی، وه‌ پێویستی كرد به‌ ئاشكرا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی چاویان لێ بكات، وه‌نه‌فه‌قه‌ی ماڵ و منداڵی خۆتیش ده‌گرێته‌وه‌ [ فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِنْدَ رَبِّهِمْ ] ئه‌مانه‌ ئه‌جرو پاداشتی خۆیان هه‌یه‌ لای خوای گه‌وره‌ [ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ ] وه‌ كه‌ مردن ترسیان له‌سه‌ر نیه‌ بۆ داهاتوویان [ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ (٢٧٤) ] وه‌ خه‌فه‌ت ناخۆن له‌ ڕابردوویان له‌ دونیادا، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ باشتریان پێ ده‌به‌خشێت.

Al-Baqara 2:274Listen in Qur'an →
275

ٱلَّذِينَ يَأْكُلُونَ ٱلرِّبَوٰا۟ لَا يَقُومُونَ إِلَّا كَمَا يَقُومُ ٱلَّذِى يَتَخَبَّطُهُ ٱلشَّيْطَٰنُ مِنَ ٱلْمَسِّ ۚ ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمْ قَالُوٓا۟ إِنَّمَا ٱلْبَيْعُ مِثْلُ ٱلرِّبَوٰا۟ ۗ وَأَحَلَّ ٱللَّهُ ٱلْبَيْعَ وَحَرَّمَ ٱلرِّبَوٰا۟ ۚ فَمَن جَآءَهُۥ مَوْعِظَةٌۭ مِّن رَّبِّهِۦ فَٱنتَهَىٰ فَلَهُۥ مَا سَلَفَ وَأَمْرُهُۥٓ إِلَى ٱللَّهِ ۖ وَمَنْ عَادَ فَأُو۟لَٰٓئِكَ أَصْحَٰبُ ٱلنَّارِ ۖ هُمْ فِيهَا خَٰلِدُونَ

ئه‌وانه‌ی سوو ده‌خۆن، هه‌ڵسوکه‌وت ناکه‌ن و ڕاست نابنه‌وه (له گۆڕدا) مه‌گه‌ر وه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی که شه‌یتان ده‌ستی لێوه‌شاندبێت (هه‌ر له دنیادا سروشتی نین، له قیامه‌تیشدا وه‌ک شێت ده‌بن) چونکه ئه‌وانه ده‌ڵێن: کڕین و فرۆشتن وه‌ک سوو وایه (له حاڵێکدا): خوا کڕین و فرۆشتنی حه‌ڵال کردوه‌و سووی حه‌رام کردووه‌، جا ئه‌وه‌ی ئامۆژگاری په‌روه‌ردگاری پێگه‌یشت و وازی هێنا، ئه‌وه‌ی ده‌ستی که‌وتووه‌، بۆ خۆی، کاری (له لێ پرسینه‌وه‌شی) ده‌که‌وێته‌لای خوا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌ست بکاته‌وه‌به‌سوو خۆریی، ئا ئه‌وانه جێنشینی ناو ئاگری دۆزه‌خن و ژیانی هه‌میشه‌یی تیادا ده‌به‌نه‌سه‌ر.

{سزای سوو خۆر}

[ الَّذِينَ يَأْكُلُونَ الرِّبَا لَا يَقُومُونَ إِلَّا كَمَا يَقُومُ الَّذِي يَتَخَبَّطُهُ الشَّيْطَانُ مِنَ الْمَسِّ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕیبا ئه‌خۆن له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا هه‌ڵناسنه‌وه‌و زیندوو ناكرێنه‌وه‌ ئیلا وه‌كو كه‌سێك نه‌بێ كه‌ شه‌یتان ده‌ستی لێ وه‌شاندبێ و تووشی صه‌رع و په‌ركه‌م و فێ بووبێت، چۆن بێ ئاگایه‌ ئه‌وانیش ئاوا به‌و شێوازه‌ له‌ ساحه‌ی مه‌حشه‌ردا زیندوو ئه‌كرێنه‌وه‌ (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ جنی ده‌چێته‌ له‌شی مرۆڤه‌وه‌ و توشی صه‌رع و په‌ركه‌م و فێ ده‌بێت) [ ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ قَالُوا إِنَّمَا الْبَيْعُ مِثْلُ الرِّبَا ] چونكه‌ ئه‌مان له‌ دونیادا وتیان: كڕین و فرۆشتنیش وه‌كو ڕیبایه‌و جیاوازی نیه‌و هه‌ردووكی یه‌كسانه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش ره‌خنه‌ گرتن و نارازی بوون بوو به‌ شه‌رع [ وَأَحَلَّ اللَّهُ الْبَيْعَ وَحَرَّمَ الرِّبَا ] له‌ كاتێكدا كه‌ جیاوازیان هه‌یه‌ خوای گه‌وره‌ كڕین و فرۆشتنی حه‌ڵاڵ كردووه‌ به‌ڵام ڕیبای حه‌رام كردووه‌ ئیتر ئێوه‌ چۆن ئه‌ڵێن: كڕین و فرۆشتن و ڕیبا فه‌رق و جیاوازیان نیه‌ [ فَمَنْ جَاءَهُ مَوْعِظَةٌ مِنْ رَبِّهِ فَانْتَهَى ] جا هه‌ر كه‌سێك ئامۆژگاریه‌كی له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ هات كه‌ ڕیبا حه‌رامه‌ وه‌ ده‌ستی لێ هه‌ڵگرت و وازی لێ هێنا و فه‌رمانی خوای جێبه‌جێ كرد [ فَلَهُ مَا سَلَفَ ] ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر به‌ ڕیبا وه‌ری گرتووه‌ لۆمه‌ ناكرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش حه‌رام بوونی ڕیبا ده‌ستی كه‌وتووه‌ [ وَأَمْرُهُ إِلَى اللَّهِ ] وه‌ كاریشی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای خوای گه‌وره‌ به‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ لێی خۆش بێت [ وَمَنْ عَادَ فَأُولَئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (٢٧٥) ] به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ زانی ڕیبا حه‌رامه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕیبا خواردن ئه‌وانه‌ هاوه‌ڵ و ئه‌هلی دۆزه‌خن و ئه‌وان به‌ نه‌مری تیایدا ئه‌مێننه‌وه‌ (به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌حه‌ڵاڵی نه‌زانن ئه‌وه‌ به‌ هه‌میشه‌یی له‌ ئاگری دۆزه‌خدا نامێننه‌وه‌و ده‌رده‌كرێن ئه‌گه‌ر شه‌ریكیان بۆ خوا دانه‌نابێت).

Al-Baqara 2:275Listen in Qur'an →
276

يَمْحَقُ ٱللَّهُ ٱلرِّبَوٰا۟ وَيُرْبِى ٱلصَّدَقَٰتِ ۗ وَٱللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ كَفَّارٍ أَثِيمٍ

خوا، سوو، ته‌فروتونا ده‌کات و به‌ره‌که‌تی لێ هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام پاداشتی خێر و سامان به‌خشین بره‌و پێ ده‌دات و به‌ره‌که‌تی تێ ده‌خات بێگومان خوا هیج کافرێکی تاوانباری خۆشناوێت.

[ يَمْحَقُ اللَّهُ الرِّبَا ] خوای گه‌وره‌ ڕیبا له‌ناو ئه‌بات و به‌ره‌كه‌تی ناهێلێت هه‌ر چه‌ندێك زۆر بێت بێخێره‌ [ وَيُرْبِي الصَّدَقَاتِ ] به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ صه‌ده‌قه‌و خێر بكات خوای گه‌وره‌ به‌ره‌كه‌تی تێ ئه‌كات وه‌ گه‌شه‌و نمای پێ ئه‌كات له‌ ئه‌جرو پاداشتدا [ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ كَفَّارٍ أَثِيمٍ (٢٧٦) ] به‌ڕاستی خوای گه‌وره‌ كه‌سانێكی خۆش ناوێ كه‌ زۆر كافر بن وه‌ زۆر تاوانبار بن.

Al-Baqara 2:276Listen in Qur'an →
277

إِنَّ ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ وَعَمِلُوا۟ ٱلصَّٰلِحَٰتِ وَأَقَامُوا۟ ٱلصَّلَوٰةَ وَءَاتَوُا۟ ٱلزَّكَوٰةَ لَهُمْ أَجْرُهُمْ عِندَ رَبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ

به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان هێناوه و کرده‌وه چاکه‌کانیان ئه‌نجامداوه و نوێژه‌کانیان به‌چاکی به‌جێهێناوه و زه‌کاتیان داوه‌، ته‌نها پاداشتیان لای په‌روه‌ردگاریانه‌، ئه‌وسا نه ترس و بیمیان له‌سه‌ره‌، نه‌غه‌م و په‌ژاره ده‌یان گرێته‌وه‌.

[ إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَأَقَامُوا الصَّلَاةَ وَآتَوُا الزَّكَاةَ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیمانیان هێناوه‌ وه‌ كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه‌ وه‌ نوێژه‌كانیان ئه‌نجام داوه‌ وه‌ زه‌كاتی ماڵیان داوه‌ [ لَهُمْ أَجْرُهُمْ عِنْدَ رَبِّهِمْ ] ئه‌مانه‌ ئه‌جرو پاداشتی خۆیان هه‌یه‌ لای خوای گه‌وره‌ [ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ ] وه‌ هیچ ترسێكیان له‌سه‌ر نیه‌ بۆ داهاتوویان كاتێك كه‌ ئه‌مرن [ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ (٢٧٧) ] وه‌ خه‌فه‌تیش ناخۆن له‌ ڕابردوویان له‌ دونیادا چونكه‌ خوای گه‌وره‌ باشتریان ده‌داتێ.

Al-Baqara 2:277Listen in Qur'an →
278

يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ ٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ وَذَرُوا۟ مَا بَقِىَ مِنَ ٱلرِّبَوٰٓا۟ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ

ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، پارێزکارو خواناس بن و واز له پاشماوه‌ی سوو بهێنن ئه‌گه‌ر ئیماندارن.

[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَذَرُوا مَا بَقِيَ مِنَ الرِّبَا إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ (٢٧٨) ] ئه‌ی باوه‌ڕداران ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن وه‌ ئه‌گه‌ر شتێك له‌ ڕیباتان له‌ ده‌ستدا ماوه‌ یان له‌سه‌ر خه‌ڵكی ماوه‌ ئه‌وه‌ وازی لێ بێنن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئیمانداری حه‌قیقی و ڕاسته‌قینه‌ن و فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

Al-Baqara 2:278Listen in Qur'an →
279

فَإِن لَّمْ تَفْعَلُوا۟ فَأْذَنُوا۟ بِحَرْبٍۢ مِّنَ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ ۖ وَإِن تُبْتُمْ فَلَكُمْ رُءُوسُ أَمْوَٰلِكُمْ لَا تَظْلِمُونَ وَلَا تُظْلَمُونَ

خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن، ئه‌وه جه‌نگ له‌گه‌ڵ خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌یدا ڕابگه‌یه‌نن (که سه‌رئه‌نجامه‌که‌ی زۆر سامناکه‌)، خۆ ئه‌گه‌ر ته‌وبه بکه‌ن و (له سوو خۆری واز بهێنن) ئه‌وه ته‌نها سه‌رمایه‌کانتان بۆ هه‌یه وه‌ری بگرنه‌وه‌، نه سته‌م ده‌که‌ن (له قه‌رزاره‌کان) نه سته‌متان لێ ده‌کرێت.

[ فَإِنْ لَمْ تَفْعَلُوا فَأْذَنُوا بِحَرْبٍ مِنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ ] ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌مرتان پێ ئه‌كات جێبه‌جێتان نه‌كرد وه‌ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ڕیبا ئه‌وه‌ جه‌نگێك رابگه‌یه‌نن له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صلی الله علیه وسلم واته‌: ئیمام و پێشه‌وای موسڵمانان ئه‌بێ ئیعلانی جه‌نگیان له‌ به‌رامبه‌ردا بكات [ وَإِنْ تُبْتُمْ فَلَكُمْ رُءُوسُ أَمْوَالِكُمْ ] به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ته‌وبه‌تان كرد ئه‌وه‌ ده‌ستمایه‌ی خۆتان بۆ خۆتانه‌ [ لَا تَظْلِمُونَ ] زوڵم له‌ كه‌س ناكه‌ن له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیشتان له‌گه‌ڵیان كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ زیاده‌ و ڕیبایان لێ بسه‌نن [ وَلَا تُظْلَمُونَ (٢٧٩) ] وه‌ ئێوه‌ش زوڵمتان لێ ناكرێ به‌وه‌ی كه‌ ده‌ستمایه‌كه‌یشتان له‌ناو بده‌ن، نه‌خێر ده‌ستمایه‌ی خۆتان بۆ خۆتان ئه‌مێنێته‌وه‌.

Al-Baqara 2:279Listen in Qur'an →
280

وَإِن كَانَ ذُو عُسْرَةٍۢ فَنَظِرَةٌ إِلَىٰ مَيْسَرَةٍۢ ۚ وَأَن تَصَدَّقُوا۟ خَيْرٌۭ لَّكُمْ ۖ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ

خۆ ئه‌گه‌ر قه‌رزاره‌که نه‌دار بوو، ئه‌وه مۆڵه‌تی بدرێ تا ده‌رووی لێ ده‌کرێته‌وه و ده‌یبێت، خێر کردنتان به قه‌رزاره‌که و ئازاد کردنی و به‌خشینی، چاکتره بۆتان ئه‌گه‌ر ئێوه بزانن (چه‌نده پاداشتی خوایی بێ سنووره‌).

[ وَإِنْ كَانَ ذُو عُسْرَةٍ ] وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ قه‌رزی كردووه‌ پاره‌ی نه‌بوو بیداته‌وه‌ [ فَنَظِرَةٌ إِلَى مَيْسَرَةٍ ] ئه‌وا ئێوه‌ چاوه‌ڕێی بكه‌ن و مۆڵه‌تی بده‌ن و زیاده‌ی مه‌خه‌نه‌ سه‌ر و ڕیبای لێ مه‌سه‌نن تا كاتێك كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆی ئاسان ئه‌كات [ وَأَنْ تَصَدَّقُوا خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ (٢٨٠) ] وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ قه‌رزتان پێی داوه‌ هه‌ر لێی خۆش بوون له‌به‌ر خوای گه‌وره‌ وه‌ قه‌رزه‌كه‌ی له‌سه‌ر لاده‌ن ئه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ باشتره‌ بۆ قیامه‌تتان، وه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌جرو پاداشتی زۆرتان ده‌داته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بزانن، وه‌ ده‌تانخاته‌ ژێر سێبه‌ری عه‌رشی خۆیه‌وه‌، وه‌دواتریش ده‌تانخاته‌ به‌هه‌شته‌وه.

Al-Baqara 2:280Listen in Qur'an →

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.