Muslim99Muslim99
← Tafsir library

10. Yunus

Jonas · Meccan · 109 ayahs

سُورَةُ يُونُسَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 31–40 of 109

31

قُلْ مَن يَرْزُقُكُم مِّنَ ٱلسَّمَآءِ وَٱلْأَرْضِ أَمَّن يَمْلِكُ ٱلسَّمْعَ وَٱلْأَبْصَٰرَ وَمَن يُخْرِجُ ٱلْحَىَّ مِنَ ٱلْمَيِّتِ وَيُخْرِجُ ٱلْمَيِّتَ مِنَ ٱلْحَىِّ وَمَن يُدَبِّرُ ٱلْأَمْرَ ۚ فَسَيَقُولُونَ ٱللَّهُ ۚ فَقُلْ أَفَلَا تَتَّقُونَ

(ئه‌ی پێعه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم پێیان بڵێ): کێ هه‌یه له‌ئاسمانه‌وه (به‌هۆی تیشکی خۆرو بارانه‌وه‌) و له‌زه‌ویه‌وه (به‌هۆی خاک و ئاوو هه‌واوه‌) ڕزق و ڕۆزیتان بۆ فه‌راهه‌م بهێنێت و پێتان ببه‌خشێت، ئه‌ی کێ هه‌یه‌خاوه‌نی ده‌زگاکانی بیستن و بینین بێت (توانای بیستن و بینینیان پێ ببه‌خشێت) ئه‌ی کێ زیندوو له‌مردوو ده‌رده‌هێنێت و مردوو له‌زیندوو ده‌رده‌هێنێت، هه‌رواها کێ‌یه که‌هه‌موو کارو فرمانه‌کان جێبه‌جێ ده‌کات و گۆڕانکاریان به‌سه‌ردا ده‌هێنێت (له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌وه‌) خه‌ڵکی ده‌ڵێن: الله‌، خوا (هه‌موو ئه‌و کارانه‌و زیاتریش زۆر به‌ئاسانی ئه‌نجام ده‌دات له‌ڕێگه‌ی یاساو به‌رنامه‌یه‌که‌وه‌که‌هه‌ر خۆی دایڕشتووه‌)، که‌واته‌پێیان بڵێ: ئایا ناترسن له‌سه‌ره‌نجامی یاخی بوونتان، ئایا ناترسن له‌خه‌شم و قینی خوا؟!

- ئەی پێغەمبەر - تۆ بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ: ئەوە کێیە بە باران بارین لە ئاسمانەوە، وە بەڕووەک و دانەوێڵە و کانزا و بەروبومەکانی لە زەوییەوە ڕزق و ڕۆزی ئێوە دەدات؟ وە ئەوە کێیە زیندوو لە مردوو دەردەھێنێت، وەک ئەوەی مرۆڤی لە دڵۆپە ئاوێکی بێ گیان دروست کردووە، وە باڵندەیەکی لە ھێلکەیەک بەدیھێناوە، وە ئەوە کێیە مردوو لە زیندوو دەردەھێنێت، وەک ئەوەی نوتفە و دڵۆپە ئاوێکی بێ گیان لەگیاندارێک بەدی دەھێنێت، وە ھێلکەیەک لەباڵندەیەک دروست دەکات؟ وە ئەوە کێیە زۆر بە وردی کاروباری ئەم بوونەوەرە لە ئاسمانەکان و زەوی و ئەو مەخلوقات و دروستکراوانەی کە لە سەرینی بەرێوە دەبات؟ ئەو بتپەرست و بێباوەڕانە وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن: بکەر و ئەنجامدەری ھەموو ئەوانە تەنھا اللە یە، تۆیش پێیان بڵێ: ئایا پێشتر ئەوەتان نەدەزانی، وە بۆ لە خوا نەدەترسان، فەرمانەکانی بەجێ بھێنن و دوور بکەنەوە لەو شتانەی ڕێگری لێ کردبوون ؟

32

فَذَٰلِكُمُ ٱللَّهُ رَبُّكُمُ ٱلْحَقُّ ۖ فَمَاذَا بَعْدَ ٱلْحَقِّ إِلَّا ٱلضَّلَٰلُ ۖ فَأَنَّىٰ تُصْرَفُونَ

جا هه‌ر ئه‌و زاته‌یه په‌روه‌ردگاری ڕاست و دروستتان، (باشه‌) دوای حه‌ق و ڕاستی چی هه‌یه جگه له‌گومڕایی و سه‌ر گه‌ردانی؟ (ئیتر ئێوه بۆ بیرناکه‌نه‌وه‌) چۆن لاده‌درێن (له‌ڕێبازی حه‌قه‌وه بۆ ڕێبازی به‌تاڵ)؟!

- ئەی خەڵکینە - ئەو خوا بە دەسەڵاتەیە پەروەردگاری ئێوە، دروستکەر و بەدیھێنەری ڕاستەقینەی ئێوەیە، وە بەرێوەبەر و ھەڵسوڕێنەری کاروبارەکانتانە، ئیتر باشە بەدەر لە گومڕایی و سەرلێشێواوی پاش ھەق و ڕاستی کە ھەر پەرستنی خوای گەورەیە چیترێکی تر ھەیە. ئایا ئیتر بۆچی لەم ھەقە ڕوون و ئاشکرایە لادەدەن و گومڕا دەبن؟ وە بۆچی ژیری و ھۆشتان ناخەنە کار لەبەرامبەر ئەم ھەقە ڕوون و ئاشکرایانەدا ؟

33

كَذَٰلِكَ حَقَّتْ كَلِمَتُ رَبِّكَ عَلَى ٱلَّذِينَ فَسَقُوٓا۟ أَنَّهُمْ لَا يُؤْمِنُونَ

ئا به‌و شێوه‌یه (چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌دا هه‌ر تاوانبارن و سه‌ر که‌شی ده‌که‌ن) بڕیاری په‌روه‌ردگارت له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی که له‌سنوور ده‌رچوون بڕاوه‌ته‌وه‌، که ئه‌وانه به‌ڕاستی هه‌ر ئیمان و باوه‌ڕناهێنن.

ھەروەک چۆن پەروەردگاریەتی ڕاستەقینە بۆ اللە تەعالا چەسپا و جێگیر بوو، بەو جۆرە وشە و بڕیاری خوای گەورە جێ بەجێ بوو بەسەر ئەوانەی لەسنووری خوا دەرچوون، وە حوکمی ئەو بەڕاست گەڕا.

34

قُلْ هَلْ مِن شُرَكَآئِكُم مَّن يَبْدَؤُا۟ ٱلْخَلْقَ ثُمَّ يُعِيدُهُۥ ۚ قُلِ ٱللَّهُ يَبْدَؤُا۟ ٱلْخَلْقَ ثُمَّ يُعِيدُهُۥ ۖ فَأَنَّىٰ تُؤْفَكُونَ

(ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: باشه ئایا له‌و شتانه‌ی که ئێوه له‌جیاتی خوا (ده‌یپه‌رستن) که‌سێک هه‌یه که بتوانێت شتێک دروست بکات له‌سه‌ره‌تاوه‌، یان ئه‌گه‌ر دروستی کردوو دوایی نه‌ما، ئایا ده‌توانێت سه‌ر له‌نوێ بیهێنێته‌وه کایه‌؟! ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) تۆ بڵێ: هه‌ر خوا، الله‌، هه‌ر ئه‌و ده‌توانێت له‌سه‌ره‌تاو نه‌بوونه‌وه خه‌ڵکی و هه‌موو شت دروست بکات و پاشان دوای مردن و نه‌مان دووباره‌ی بکاته‌ه‌وه‌، که‌وابوو چۆن لائه‌درێن له‌حه‌ق به‌هۆی درۆو پڕوپاگه‌نده‌وه‌؟!

- ئەی پێغەمبەری خوا - بەو بت پەرست و موشریکانە بڵێ: ئایا لە نێوان ئەو ھاوبەشانەی کە جگە لەخوا دەیانپەرستن کەسیان دەتوانن سەرەتا شتێک بەدی بھێنێت بەبێ ئەوەی پێشتر بوونی ھەبووبێت، وە پاش مردنیشی زیندووی بکاتەوە؟ پێیان بڵێ: ئەوە خوای گەورەیە کە دەتوانێت لەسەرەتاوە شتێک بە بێ ئەوەی پێشتر بوونی ھەبووبێت بەدی بھێنێت، وە دوای مردنیشی زیندووی بکاتەوە، ئایا ئیتر - ئەی بتپەرست و موشرکینە - بۆچی لە ھەق و ڕاستی لادەدەن و بەرەو ناھەقی و باتڵ ڕوو دەنێن؟

35

قُلْ هَلْ مِن شُرَكَآئِكُم مَّن يَهْدِىٓ إِلَى ٱلْحَقِّ ۚ قُلِ ٱللَّهُ يَهْدِى لِلْحَقِّ ۗ أَفَمَن يَهْدِىٓ إِلَى ٱلْحَقِّ أَحَقُّ أَن يُتَّبَعَ أَمَّن لَّا يَهِدِّىٓ إِلَّآ أَن يُهْدَىٰ ۖ فَمَا لَكُمْ كَيْفَ تَحْكُمُونَ

هه‌روه‌ها پێیان بڵێ: ئایا که‌سێک یان شتێک هه‌یه له په‌رستراوه‌کانتان، هیدایه‌ت و ڕێنموویی بکات بۆ ڕێبازی حه‌ق و ڕاستی (بێگومان نه‌خێر) ده‌ی پێیان بڵێ: خوا ڕێنموویی بۆ حه‌ق و ڕاستی ده‌کات، جا ئایا که‌سێک ڕێنموویی بکات بۆ حه‌ق و ڕاستی شایسته‌تره که‌په‌یڕه‌وی بکرێ یان که‌سێک ڕێنمووی وه‌رناگرێت مه‌گه‌ر ڕێنموویی بکرێ؟ ئه‌وه چیتانه چۆن بڕیاری وا ده‌ده‌ن؟ فه‌رمانی وا ده‌رده‌که‌ن.؟

وە - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئایا لە نێوان ئەو ھاوبەشانەی کەجگە لەخوا دەیانپەرستن کەسی وایان تێدایە بتوانێت ڕێنومایی خەڵکی بکات بۆ ھەق و ڕاستی؟ پێیان بڵێ: ئەوە تەنھا خوای تاکانەیە ڕێنومایی خەڵکی دەکات بۆ لای ھەق و ڕاستی، ئایا ئەو کەسەی کە بتوانێت ڕێنومایی خەڵکی بکات بۆ لای ھەق و ڕاستی و بانگیان بکات بۆی شیاوتر نییە شوێنی بکەویت و پەیڕەوی لە فەرمانەکانی بکەیت، لەو پەرستراوانەی کە ئێوە دەیانپەرستن کە ناتوانن ڕێنمونی خۆشیان بکەن مەگەر ڕێیان نیشان بدرێت، ئیتر ئێوە چیتانە چۆن بڕیاری واناھەق دەدەن، بەوەی وادەزانن ئەوانە ھاوەڵ و شەریکی خوان لە بڕیارداندا؟ پاکوبێگەردی بۆ خوای گەورە لەوەی بۆی ھەڵدەبەستن.

36

وَمَا يَتَّبِعُ أَكْثَرُهُمْ إِلَّا ظَنًّا ۚ إِنَّ ٱلظَّنَّ لَا يُغْنِى مِنَ ٱلْحَقِّ شَيْـًٔا ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمٌۢ بِمَا يَفْعَلُونَ

زۆر به‌یان شوێنی هیچ شتێک ناکه‌ون ته‌نها گومان نه‌بێت، به‌ڕاستی گومانیش هیچ سوودێک به‌خاوه‌نه‌که‌ی ناگه‌یه‌نێت له‌باره‌ی حه‌ق و ڕاستیه‌وه‌، به‌ڕاستی خوا زانایه به‌هه‌موو ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که‌ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

زۆربەی ئەوانەی ھاوبەش بۆ خوا دادەنێن شوێن ھیچ نەکەوتون گومان نەبێت، شوێن شتێک کەوتوون زانیاریان نییە لەبارەیانەوە، وە دیارە گومان و دوودڵیش جێگای دڵنیایی و زانیاری ناگرێتەوە، بەڕاستی خوای گەورە ئاگادارە بەوەی ئەنجامی دەدەن، وە ھیچ شتێکی لە کاروکردەوەی ئەوان لا نھێنی و شاراوە نییە، وە تۆڵەی ھەموو کارەکانیشیان لێ دەسێنێتەوە.

37

وَمَا كَانَ هَٰذَا ٱلْقُرْءَانُ أَن يُفْتَرَىٰ مِن دُونِ ٱللَّهِ وَلَٰكِن تَصْدِيقَ ٱلَّذِى بَيْنَ يَدَيْهِ وَتَفْصِيلَ ٱلْكِتَٰبِ لَا رَيْبَ فِيهِ مِن رَّبِّ ٱلْعَٰلَمِينَ

وه‌نه‌بێت ئه‌م قورئانه له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه داڕێژرا بێت و هه‌ڵبه‌سترا بێت جگه له‌خوا، به‌ڵکو ڕاستی و ڕه‌وانی کتێبه ئاسمانیه‌کانی پێش خۆشی دووپات ده‌کاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕوونکه‌ره‌وه‌ی بیرو باوه‌ڕو ئه‌رکه‌کانه‌، به‌ڕاستی هیچ گومان له‌وه‌دا نیه که ئه‌م قورئانه‌له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاری هه‌موو جیهانه‌وه ڕه‌وانه‌کراوه‌.

ناگونجێت ئەم قورئانە بە درۆ و دەلەسە ھەڵبەستراو بێت و لە لایەن خواوە نەبێت، وە بدرێتە پاڵ غەیری خوا، چونکە خەڵکی ناتوانن ھاوشێوەی قورئان بھێنن، بەڵکو ھی خوایە و بەڕاستدانەری پەرتووک و نامە ئاسمانییەکانی پێش خۆیەتی، وە ڕوونکەرەوەی ئەو ئەحکامانەیە کە بە گشتگیری ھاتوون، وە ھیچ گومانێکی تیا نییە کە ئەم قورئانە لەلایەن پەروەردگاری جیھانیانەوەیە.

38

أَمْ يَقُولُونَ ٱفْتَرَىٰهُ ۖ قُلْ فَأْتُوا۟ بِسُورَةٍۢ مِّثْلِهِۦ وَٱدْعُوا۟ مَنِ ٱسْتَطَعْتُم مِّن دُونِ ٱللَّهِ إِن كُنتُمْ صَٰدِقِينَ

به‌ڵکو (له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌ڵگانه‌دا) ئه‌وانه ده‌ڵێن که محمد (صلی الله علیه وسلم) قورئانی هه‌ڵبه‌ستووه‌، بڵێ: ده‌ئێوه‌ش سووره‌تێک وه‌ک سووره‌ته‌کانی داڕێژن و بیهێنن، داوا بکه‌ن له‌هه‌ر که‌سێکی تر که ده‌توانن جگه له‌خوا (که‌یارمه‌تیتان بدات) درێغی مه‌که‌ن ئه‌گه‌ر ڕاستگۆن.

یان ئەو بتپەرست و موشریکانە دەڵێن: موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) خۆی ئەم قورئانەی ھەڵبەستووە و داویەتییە پاڵ خوا، تۆیش - ئەی پێغەمبەر - لە وەڵامیاندا پێیان بڵێ: ئەگەر من خۆم ئەم قورئانەم داناوە و بە ناو خواوە ھەڵیدەبەستم، خۆ منیش وەک ئێوە مرۆڤم دەی ئەگەر ڕاست دەکەن تەنھا سورەتێک ھاوشێوەی قورئان بھێنن، وە ھەر کەسێکیش جگە لە خوا دەتوانن بانگی بکەن لە خەڵکی و خواکانتان تاوەکو پتشگیر و پشتیوانتان بن ئەگەر ڕاستگۆن لەوەی بانگەشەی دەکەن گوایە قورئان بە ناو خواوە ھەڵبەستراوە و درۆو دەلەسەیە، بێگومان بن کە ناتوانن و دەسەڵاتی ئەوەتان نییە، لەکاتێکدا ئێوە خاوەنی زمان و ڕەوانبێژین، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم قورئانە لەلایەن خوای گەورەوە ھاتووە و دابەزێنراوە.

39

بَلْ كَذَّبُوا۟ بِمَا لَمْ يُحِيطُوا۟ بِعِلْمِهِۦ وَلَمَّا يَأْتِهِمْ تَأْوِيلُهُۥ ۚ كَذَٰلِكَ كَذَّبَ ٱلَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ ۖ فَٱنظُرْ كَيْفَ كَانَ عَٰقِبَةُ ٱلظَّٰلِمِينَ

به‌ڵکو سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو به‌ڵگانه ئه‌وانه بڕوایان به‌قورئان نه‌کردووه که‌هیچ شتێکیان نه‌زانیووه ده‌رباره‌ی، هێشتا بۆیان نه‌هاتووه سه‌رئه‌نجامی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که به‌ڵێنی پێداون، هه‌ر به‌و شێوه‌یه ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌مان به‌رنامه‌ی خوایان به‌درۆزانی و بڕوایان پێی نه‌بوو، ده‌ته‌ماشا بکه‌و سه‌رنج بده بزانه سه‌رئه‌نجامی سته‌مکاران چۆن بووه‌.

درۆیان کرد و نەیانتوانی وەڵامی ئەم تەحەدا و دەمکوتکردنە بدەنەوە، بەڵکو پەلەیان کرد لە بەدرۆزانینی قورئان پێش ئەوەی لێی تێبگەن و بیری لێ بکەنەوە، وە پێش ئەوەی ئەو سزایەی کە پێی ترسێنراون بۆیان دابەزێت، وە زۆریش نزیکە ئەو سزایەیان بۆ بێت، ھاوشێوەی ئەم باوەڕنەکردن و بەدرۆزانینە ئوممەتانی پیشووتریش ئەنجامیاندا لەگەڵ پەیام و پێغەمبەرەکانی خۆیاندا، بۆیە سزای خوایان بۆ دابەزی، کەواتە - ئەی پێغەمبەر - تێرامێنە و بیر بکەرەوە بزانە سەرەنجامی ستەمکارانی ئوممەتانی پێشووتر چۆن بووە، بێگومان خوای گەورە لەناوی بردن و سزای بەسەردا باراندن.

40

وَمِنْهُم مَّن يُؤْمِنُ بِهِۦ وَمِنْهُم مَّن لَّا يُؤْمِنُ بِهِۦ ۚ وَرَبُّكَ أَعْلَمُ بِٱلْمُفْسِدِينَ

له‌و خه‌ڵکه‌دا که‌سانێک هه‌ن ئیمان و باوه‌ڕ به‌قورئان ئه‌هێنن و هه‌شیانه ئیمان و باوه‌ڕی پێناهێنێت، په‌روه‌ردگاری تۆیش هه‌میشه ئاگاداره به‌وانه‌ی که‌تۆوی خراپه ده‌چێنن.

ھەیشە لەناو ئەو بتپەرست و موشریکانەدا پێش مردن باوەڕ بە قورئان دەھێنێت، وە ھەیشیانە لەبەر ملھوڕی و خۆبەزلزانینیان ھەتا دەمرێت باوەڕی پێ ناھێنێت، - ئەی پێغەمبەر - پەروەردگارت زاناترە بەوانەی لەسەر کوفر و بێباوەڕی خۆیان سوورن و ملکەچی ھەق و ڕاستی نابن، وە ھەر ئەویش تۆڵەی کارە خراپەکانیان لێ دەسێنێت.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.