Muslim99Muslim99
← Tafsir library

11. Hud

Hud · Meccan · 123 ayahs

سُورَةُ هُودٍ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 1–10 of 123

بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ

1

الٓر ۚ كِتَٰبٌ أُحْكِمَتْ ءَايَٰتُهُۥ ثُمَّ فُصِّلَتْ مِن لَّدُنْ حَكِيمٍ خَبِيرٍ

(الر) له‌سه‌ره‌تای سوره‌تی (البقرة) ڕاڤه کراوه‌. ئه‌مه کتێب و په‌یامێکه (له‌و پیتانه پێکهاتووه‌) که ئایه‌ت و یاساکانی به‌شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست پێکه‌وه په‌یوه‌ست کراون و جۆشدراون، پاشان درێژه‌یان پێدراوه و ڕوون کراونه‌ته‌وه له‌لایه‌ن زاتێکه‌وه که داناو به ئاگاو لێزانه‌.

﴿الٓر﴾ پێشتر و لە سەرەتای سورەتی (البقرة) و ھاوشێوەکانی تەفسیر و لێکدانەوە بۆ ئەم جۆرە ئایەتانە کراوە، قورئانی پیرۆز پەرتووکێکە ئایەتەکانی لە ڕووی ڕێکخستن و واتا و ماناوە زۆر ڕوون و ئاشکران، وە ھیچ کەموکورتییەکی تێدا نییە، پاشان ھەموو باسەکانی لە حەڵاڵ و حەرام و فەرمان و ڕێگری کردن و ترساندن و موژدەدان و چیرۆکەکانی ناوی و زۆری شتی تریش بە درێژی تێدا باسکراوە و ڕوونکراونەتەوە، بێگومان ئەم قورئانە لە لایەن خوایەکی دانا و کاربەجێوە نێرراوە، دانا و کاربەجێ لە بەرێوەبردنی کارو فەرمان و داڕشتنی شەریعەتەکەی، وە زۆریش ئاگادار و شارەزای حاڵی بەندەکانیەتی، وە دەزانێت چی شتێک بۆیان باش و گونجاوە.

2

أَلَّا تَعْبُدُوٓا۟ إِلَّا ٱللَّهَ ۚ إِنَّنِى لَكُم مِّنْهُ نَذِيرٌۭ وَبَشِيرٌۭ

(گرنگترین په‌یامی ئه‌وه‌یه‌‌) که‌: جگه له خوا که‌س مه‌په‌رستن، به‌ڕاستی من (واته محمد صلی الله علیه وسلم) له‌لایه‌ن خواوه ترسێنه‌رو مژده‌ده‌رم بۆتان.

ناوەڕۆکی ئەم ئایەتانەی کە دابەزیووە بۆ سەر موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) ئەوەیە: ڕێگری دەکات لە بەندەکانی کە ھیچ شتێکی تر لەگەڵ خوای گەورەدا بپەرسترێت، وە - ئەی خەڵکینە - باش بزانن کە من دەتانترسێنم بە سزای سەختی خوای گەورە ئەگەر ھاتوو بێباوەڕ ببن و سەرپێچی فەرمانەکانی بکەن، وە موژدەیشتان دەدەمێ بە پاداشتی نەبڕاوەی ئەو ئەگەر ھاتوو باوەڕتان پێ ھێنا و بە شەریعەتەکەی ئەو ھەڵسوکەوتتان کرد.

3

وَأَنِ ٱسْتَغْفِرُوا۟ رَبَّكُمْ ثُمَّ تُوبُوٓا۟ إِلَيْهِ يُمَتِّعْكُم مَّتَٰعًا حَسَنًا إِلَىٰٓ أَجَلٍۢ مُّسَمًّۭى وَيُؤْتِ كُلَّ ذِى فَضْلٍۢ فَضْلَهُۥ ۖ وَإِن تَوَلَّوْا۟ فَإِنِّىٓ أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍۢ كَبِيرٍ

هه‌روه‌ها (خه‌ڵکینه‌)! داوای لێخۆشبوون له په‌روه‌ردگارتان بکه‌ن، له‌وه‌ودوا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای، ئه‌وکاته به‌چاکی ده‌تانژێنێت به‌ژیانێکی چاک، تا کاتێکی دیاریکراو، هه‌روه‌ها پاداشتی هه‌موو خاوه‌ن چاکه‌یه‌ک به‌زیاده‌وه ده‌داته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر (ئێوه‌) پشت هه‌ڵکه‌ن و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی خوا نه‌بن، ئه‌وه به‌ڕاستی من ده‌ترسم که سزای ڕۆژێکی گه‌وره و سه‌خت یه‌خه‌تان پێ بگرێت (که ڕۆژی قیامه‌ته‌، یان ئه‌و ڕۆژه‌ی خوای گه‌وره له ناوتان ده‌بات).

- ئەی خەڵکینە - داوای لێخۆشبوونی گوناھەکانتان لە پەروەردگارتان بکەن، وە پاشان بگەڕێنەوە بۆ لای و پەشیمانی دەرببڕن لەسەر ئەو کەمتەرخەمیانەی کردوتانە، ئەو کاتە خوای گەورەش بۆ کاتێکی دیاریکراو بە بەختەوەری و ژیانێکی خۆش لە دونیادا دەتانژێنێت، وە ھەر کەسێک خاوەنی فەزڵ بێت بە تاعەت و گوێڕاڵی و کاروکردەوەی چاکە ئەوا خوای گەورە بە فەزڵی خۆی پاداشتی تەواوی دەداتەوە، بەڵام ئەگەر باوەڕتان نەھێنا بەوەی لە لایەن پەروەردگارمەوە بۆم ھاتووە و پشتتان تێکرد، ئەوا من دەترسێم کە سزای ڕۆژێکی زۆر گەورە بتانگرێتەوە کە سزای ڕۆژی قیامەتە.

4

إِلَى ٱللَّهِ مَرْجِعُكُمْ ۖ وَهُوَ عَلَىٰ كُلِّ شَىْءٍۢ قَدِيرٌ

گه‌ڕانه‌وه‌تان هه‌ر بۆ لای خوایه‌، هه‌ر ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه‌.

- ئەی خەڵکینە - لە ڕۆژی قیامەتدا گەڕانەوەتان تەنھا بۆ لای خوای گەورەیە، پاکوبێگەردی بۆ ئەو، بە دەسەڵاتە بەسەر ھەموو شتێکدا، ھیچ شتێک دەسەوسانی ناکات، دەسەوسان و بێدەسەڵات نییە لە زیندووکردنەوە و موحاسەبەکردن و لێپرسینەوەتان لە دوای مردن و کۆبوونەوە و ھاتنە دەر لە گۆڕەکانتان.

5

أَلَآ إِنَّهُمْ يَثْنُونَ صُدُورَهُمْ لِيَسْتَخْفُوا۟ مِنْهُ ۚ أَلَا حِينَ يَسْتَغْشُونَ ثِيَابَهُمْ يَعْلَمُ مَا يُسِرُّونَ وَمَا يُعْلِنُونَ ۚ إِنَّهُۥ عَلِيمٌۢ بِذَاتِ ٱلصُّدُورِ

ئاگاداربن به‌ڕاستی ئه‌و (خوانه‌ناسانه‌) خۆیان داده‌نه‌وێنن، بۆ ئه‌وه‌ی (به‌خه‌یاڵی خۆیان) به‌وه خۆیان له‌خوای گه‌وره یان له پێغه‌مبه‌ر بشارنه‌وه‌، ئاگاداربن که خوا ئاگای لێیانه کاتێک ده‌چنه ناو جێگه‌وه و خۆیان داده‌پۆشن، هه‌روه‌ها ده‌زانێت چی ده‌شارنه‌وه و چی ئاشکرا ده‌که‌ن (له کردارو گوفتارو نیه‌تیان) چونکه به‌ڕاستی ئه‌و خوایه زانایه به‌وه‌ی له دڵ و ده‌روون و سینه‌کاندا حه‌شار دراوه‌.

چاک بزانن کە ئەو بێباوەڕ و بتپەرستانە سەر و سینگی خۆیان خوار دەکەن و سرتە سرت دەکەن بە گومانی خۆیان گوایە خوای گەورە نایانبینێت و ئاگاداری ئەوە نییە لە دڵ و دەروونیان لەشک و گومان و دوودڵی شاردویانەتەوە، بۆ ئەوەی بە پۆشاکەکانیان سەر و ڕومەتی خۆیان داپۆشن، بێگومان خوای گەورە ئاگاداری نھێنی و ئاشکرای ئەوانە، بەڕاستی خوای گەورە زانایە بەوەی لە دڵ و دەروونیان دەیشارنەوە.

6

۞ وَمَا مِن دَآبَّةٍۢ فِى ٱلْأَرْضِ إِلَّا عَلَى ٱللَّهِ رِزْقُهَا وَيَعْلَمُ مُسْتَقَرَّهَا وَمُسْتَوْدَعَهَا ۚ كُلٌّۭ فِى كِتَٰبٍۢ مُّبِينٍۢ

هیچ زینده‌وه‌رێك نیه له‌م زه‌ویه‌دا ڕزق و ڕۆزیه‌که‌ی له‌سه‌ر خوا نه‌بێت و ئاگاداره به‌شوێنی حه‌وانه‌وه و شوێنی ده‌رچوونیان، هه‌موو شتێك تۆماره له دۆسیه‌ی ئاشکرادا له (لوح المحفوظ) دا.

ھیچ دروستکراوێکی خوای گەورە نییە کە بەسەر ڕووی زەویدا بگەڕێت و بڕوات ئیللا خوای گەورە بە فەزڵ و کەرەمی خۆی ڕزق و ڕۆزی و ژیان و گوزەرانی بۆ دابین کردووە، وە شوێنی نیشتەجێ بوونیان لەسەر زەویدا دەزانێت، وە ئەو شوێنەیش دەزانێت کەلێی دەمرن، ھەموو ئەم شتانە لە گیانلەبەران و ڕزق و ڕۆزی و جێگای مانەوە و مردنیان لە پەرتووکێکی ئاشکرادا تۆمار کراوە کە (لوح المحفوظ) ـە.

7

وَهُوَ ٱلَّذِى خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضَ فِى سِتَّةِ أَيَّامٍۢ وَكَانَ عَرْشُهُۥ عَلَى ٱلْمَآءِ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًۭا ۗ وَلَئِن قُلْتَ إِنَّكُم مَّبْعُوثُونَ مِنۢ بَعْدِ ٱلْمَوْتِ لَيَقُولَنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓا۟ إِنْ هَٰذَآ إِلَّا سِحْرٌۭ مُّبِينٌۭ

ئه‌و خوایه زاتێکه ئاسمانه‌کان و زه‌وی له ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژدا دروستکرد، ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی (که دروستکراوێکی زۆر گه‌وره و شکۆمه‌نده‌) له‌سه‌ر ئاو بوو، تا تاقیتان بکاته‌وه که کێتان کاری چاکتر ئه‌نجام ده‌دات (فه‌رمانبه‌ردارێکی چاکه‌) و سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر بڵێت به‌ڕاستی ئێوه زیندوو ده‌کرێنه‌وه دوای مردن، بێگومان ئه‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕ بوون ده‌ڵێن: ئه‌م قسه و باسه هیچ نیه‌، ته‌نها جادوویه‌کی ئاشکرایه‌.

خوای گەورە ئەو خوایەیە کە ئاسمانەکان و زەوی بەو گەورەییەی خۆیان و ئەوەیشی تێیاندا ھەیە لە ماوەی شەش ڕۆژدا دروستکردووە، وە عەرشی خوای گەورە پێش دروستکردنی ئاسمانەکان و زەوی لەسەر ئاو بوو، بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە و بزانێت کامتان کاروکردەوەی چاکتر دەکات و جێگای ڕەزامەندی خوایە، وە کامیشتان کاروکردەوەی خراپتر دەکات و دەبێت بە مایەی توڕەبوونی خوا، تاوەکو ھەموو کەسێک پاداشت و تۆڵەی شیاوی خۆی وەربگرێت، - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر پێیان بڵێیت ئێوە لە پاش مردن بە دڵنیایی زیندوو دەکرێنەوە بۆ ئەوەی خوای گەورە لێپرسینەوەتان لەگەڵدا بکات لەسەر تەواوی کاروکردەوەکانتان، ئەوا بێگومان ئەوانەی بێباوەڕ بوون بە خوای گەورە و ڕۆژی زیندووبونەوە دەیانووت: ئەو قورئانەی کە دەیخوێنیتەوە جادوویەکی ڕوون و ئاشکرایە و تەواو نادروست و ناڕەوایە.

8

وَلَئِنْ أَخَّرْنَا عَنْهُمُ ٱلْعَذَابَ إِلَىٰٓ أُمَّةٍۢ مَّعْدُودَةٍۢ لَّيَقُولُنَّ مَا يَحْبِسُهُۥٓ ۗ أَلَا يَوْمَ يَأْتِيهِمْ لَيْسَ مَصْرُوفًا عَنْهُمْ وَحَاقَ بِهِم مَّا كَانُوا۟ بِهِۦ يَسْتَهْزِءُونَ

سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر سزادانیان دوا بخه‌ین تا چه‌ند کاتێکی دیاریکراو، ئه‌وه بێگومان (به گاڵته‌وه‌) ده‌ڵێن: چی ئه‌و سزایه‌ی به‌ند کردووه و دوای خستووه و کوا بۆ پێش نایه‌ت؟ ئاگاداربن! ئه‌و ڕۆژه‌ی یه‌خه‌یان پێده‌گرێت که‌سیان لێی ده‌رباز ناکرێت و له‌کۆڵیان نابێته‌وه‌، ئه‌و سزایه‌ش که ئه‌وان گا‌ڵته‌یان پێده‌کرد، ده‌یانگرێته‌وه‌.

ئەگەر بێتو ئێمە سزای ئەو بتپەرست و موشریكانە لە ژیانی دونیا بۆ ماوەیەکی کەمیش دوابخەین ئەوا بێگومان گاڵتە دەکەن و پەلە لە ھاتنی دەکەن و دەڵێن: ئەوە دەبێت چی شتێک سزاکەمانی دواخستبێت؟ ھوشیاربن ئەو سزایەی کە شایستە و شایانی ئەوانە کاتێکی بۆ دیاریکراوە لای خوای گەورە، ئەو ڕۆژەی کە ھات بۆیان ھیچ کەسێک و ھیچ شتێک ناتوانێت لەسەریان لایبدات، وە ئەو سزایەی ئەوان گاڵتە و پەلەیان لێدەکرد ئەیانگرێتەوە و دووچاریان دەبێت.

9

وَلَئِنْ أَذَقْنَا ٱلْإِنسَٰنَ مِنَّا رَحْمَةًۭ ثُمَّ نَزَعْنَٰهَا مِنْهُ إِنَّهُۥ لَيَـُٔوسٌۭ كَفُورٌۭ

سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر خێر و خۆشی و ئاسووده‌ییه‌کمان به ئاده‌میزاد بچێژین، له‌وه‌ودوا (بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی) لێی بسێنینه‌وه‌، ئه‌وه به‌ڕاستی ده‌بینیت ئه‌و که‌سه نائومێدو بێ هیوا و سوپاس ناپه‌زێره و قسه‌و گوفتاری بۆنی بێ باوه‌ڕی و خوانه‌ناسی لێ دێت.

ئەگەر ھاتوو بە فەزڵ و میھرەبانی خۆمان ناز و نیعمەتێکمان وەک ناز و نیعمەتی لەش ساغی و دەوڵەمەندی بەخشی بە مرۆڤ، پاشان ئەو ناز و نیعمەتەمان لێ سەندەوە ئەوا بە دڵنیایی نائومید دەبێت لە ڕەحمەتی خوای گەورە، وە زۆر ناشکور و کوفری نیعمەتەکانی دەکات، ھەموو ئەو ناز و نیعمەتانەی لە بیر دەچێتەوە کە پێی درابوو.

10

وَلَئِنْ أَذَقْنَٰهُ نَعْمَآءَ بَعْدَ ضَرَّآءَ مَسَّتْهُ لَيَقُولَنَّ ذَهَبَ ٱلسَّيِّـَٔاتُ عَنِّىٓ ۚ إِنَّهُۥ لَفَرِحٌۭ فَخُورٌ

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دوای ئه ته‌نگانه و ناخۆشیه‌ی که تووشی بوو، نازو نیعمه‌تی پێ بچێژین، ئه‌وه بێگومان ده‌ڵێت: ئیتر هه‌رچی هه‌ژاری و ناخۆشیه له کۆڵم بۆته‌وه و به‌سه‌ر چووه‌، چونکه به‌ڕاستی زۆر خۆشحاڵه و شانازی به‌خۆیه‌وه ده‌کات و له خۆی بایی ده‌بێت (وا ده‌زانێت هه‌روا ژیانی به‌رده‌وام ده‌بێت).

وە خۆ ئەگەر دوای ئەو تەنگانە و ناڕەحەتی و نەخۆشی و ھەژارییە لەش ساغی و ڕزق و ڕۆزیمان پێ بەخشی ئەوا بە لووتبەرزییەکەوە دەڵێت: تازە ئیتر ناڕەحەتی و ناخۆشییەکانم لەسەر ھەڵگیرا و کاتی بەسەرچوو، وە جارێکی تریش تووشم نابێتەوە و سوپاس و شوکری خوای لەسەر ناکات، بێگومان بەو حاڵەی زۆر خۆشحاڵە و شانازی دەکات، وە بەو ناز و نیعمەتانەی کە خوا پێی داوە خۆی زۆر بەسەر خەڵکیدا ھەڵدەکێشێت.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.