Muslim99Muslim99
← Tafsir library

9. At-Tawba

The Repentance · Medinan · 129 ayahs

سُورَةُ التَّوۡبَةِ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 1–10 of 129

1

بَرَآءَةٌۭ مِّنَ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦٓ إِلَى ٱلَّذِينَ عَٰهَدتُّم مِّنَ ٱلْمُشْرِكِينَ

ئه‌مه به‌ری بوونێکی گه‌وره و گرنگه له‌لایه‌ن خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌یه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی که په‌یمانتان له‌گه‌ڵدا به‌ستبوون له هاوه‌ڵگه‌ران (واته پسان و نه‌مانی ئه‌و په‌یمانانه‌یه که له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵگه‌راندا به‌ستراوه‌، چونکه ئه‌وان ده‌ست پێشخه‌ر بوون له شکاندنی په‌یمانه‌که‌دا).

- ئەی موسڵمانان - ئەمە دەستبەردار بوون و بەرائەتی خوا و پێغەمبەرەکەیەتی، وە ڕاگەیاندنی کۆتایی پێھاتنی ئەو پەیمان و بەڵێننامانەیە کە لە گەڵ بتپەرست و موشریکەکان داوتانە لە نیوە دوورگەی عەرەب.

2

فَسِيحُوا۟ فِى ٱلْأَرْضِ أَرْبَعَةَ أَشْهُرٍۢ وَٱعْلَمُوٓا۟ أَنَّكُمْ غَيْرُ مُعْجِزِى ٱللَّهِ ۙ وَأَنَّ ٱللَّهَ مُخْزِى ٱلْكَٰفِرِينَ

جا که‌واته ئه‌ی هاوه‌ڵگه‌ران بۆتان هه‌یه چوار مانگ به‌سه‌ر زه‌ویدا بگه‌ڕێن (تا شوێنێک بۆ نیشته‌جێ بوونی خۆتان ده‌دۆزنه‌وه‌)، بشزانن به‌ڕاستی ئێوه ده‌سه‌وسانکه‌ری خوا نین و له ده‌ست ئه‌و ده‌رناچن، به‌ڕاستیش خوای گه‌وره ڕیسواکه‌ری بێ باوه‌ڕانه‌.

- ئەی بتپەرست و موشریکینە- بۆ ماوەی چوار مانگ بە ئاسودەیی و بێ ترس بەسەر زەویدا بگەڕێن، دوای ئەو چوار مانگە ئیتر ھیچ پەیمان و بەڵێنێک لەگەڵتان نامێنێت، وە دڵنیابن کە ئێوە ناتوانن لە تۆڵە و سزای خوای گەورە قوتارتان ببێت ئەگەر ھاتوو بەردەوام بن لەسەر بێباوەڕی بەخوای گەورە، وە دڵنیابن بەڕاستی خوای گەورە بێباوەڕان سەرشۆڕ و زەلیل دەکات بە کوشتن یان بەدیل گرتن بێت لە دونیا، وە بەخستنە ناو ئاگری دۆزەخ لە ڕۆژی دواییدا، ئەم بەرائەت و دەستبەردار بوونە بۆ ئەوانەیە کە پەیمان و بەڵێنەکانیان شکاندووە، یان ئەوانەی کە پەیمانەکەیان ڕەھایە و کاتی بۆ دیاری نەکراوە، بەڵام ئەوانەی کە پەیمانەکەیان بۆ کاتێکی دیاری کراوە هەرچەندە زیاتر بێت لە چوار مانگ، ئەوا پەیمانەکەیان ئەو کاتە تەواو دەبێت کە لە پەیمانەکەدا دیاریکراوە.

3

وَأَذَٰنٌۭ مِّنَ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦٓ إِلَى ٱلنَّاسِ يَوْمَ ٱلْحَجِّ ٱلْأَكْبَرِ أَنَّ ٱللَّهَ بَرِىٓءٌۭ مِّنَ ٱلْمُشْرِكِينَ ۙ وَرَسُولُهُۥ ۚ فَإِن تُبْتُمْ فَهُوَ خَيْرٌۭ لَّكُمْ ۖ وَإِن تَوَلَّيْتُمْ فَٱعْلَمُوٓا۟ أَنَّكُمْ غَيْرُ مُعْجِزِى ٱللَّهِ ۗ وَبَشِّرِ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ بِعَذَابٍ أَلِيمٍ

ئه‌مه‌ش بانگه‌وازو ڕاگه‌یاندنێکه له‌لایه‌ن خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌یه‌وه بۆ هه‌موو خه‌ڵکی، له ڕۆژی حه‌جی گه‌وره‌دا که‌: به‌ڕاستی خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی به‌رین له موشریک و هاوه‌ڵگه‌ران، جا ئه‌گه‌ر ئێوه ته‌وبه بکه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه له بێ باوه‌ڕی ئه‌وه چاکتره بۆتان، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر یاخی بن و پشت هه‌ڵکه‌ن، ئه‌وه چاک بزانن به‌ڕاستی ئێوه ده‌سه‌وسانکه‌ری خوا نین و له ده‌سه‌ڵاتی ده‌رناچن و مژده بده به‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕ بوون، به‌سزایه‌کی پڕ ئێش و ئازار!!...

ئەمە ئاگادارکردنەوەیە لە خواوە، وە ئاگادار کردنەوەیشە لە پێغەمبەرەکەیەوە بۆ تەواوی خەڵکی لە ڕۆژی سەربڕیندا (ڕۆژی جەژنی قوربان) کە بەڕاستی خوای گەورە و پێغەمبەرەکەی بەرین لە موشریکەکان، ئەگەر ھاتوو تەوبەتان کرد و گەڕانەوە لە شیرک و ھاوەڵ بڕیاردان بۆ خوا ئەوا بێگومان ئەوە چاکترە بۆتان، خۆ ئەگەر تەوبەتان نەکرد و پشتتان ھەڵکرد ئەوا دڵنیابن کە ڕزگارتان نابێت لە دەستی خوا و قوتارتان نابێت لە سزای ئەو، - ئەی پێغەمبەر - تۆیش ھەواڵ بدە بەوانەی کە باوەڕیان نییە بە خوا و پێغەمبەرەکەی کە سزایەکی بەسۆی بەئازار چاوەڕاوانیان دەکات

4

إِلَّا ٱلَّذِينَ عَٰهَدتُّم مِّنَ ٱلْمُشْرِكِينَ ثُمَّ لَمْ يَنقُصُوكُمْ شَيْـًۭٔا وَلَمْ يُظَٰهِرُوا۟ عَلَيْكُمْ أَحَدًۭا فَأَتِمُّوٓا۟ إِلَيْهِمْ عَهْدَهُمْ إِلَىٰ مُدَّتِهِمْ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلْمُتَّقِينَ

به‌ڵام ئه‌و هاوه‌ڵگه‌رانه‌ی که په‌یمانتان له‌گه‌ڵیاندا به‌ستووه‌، پاشان پابه‌ندی په‌یمانه‌که بوون و هیچیان لێ که‌م نه‌کردووه و یارمه‌تی که‌سیشیان نه‌داوه دژتان، ئه‌وه ئێوه په‌یمانه‌که‌یان بۆ به‌رنه سه‌رو ته‌واوی بکه‌ن، تا کاتی دیاری کراویان، چونکه به‌ڕاستی خوا پارێزکارانی خۆش ده‌وێت.

لەگەڵ ھەموو بتپەرست و موشریکەکان پەیمان ھەڵبوەشێنەوە، ئەوانەیان نەبێت بە وەفا بوون لەگەڵ پەیمانەکەیان و ھەڵیان نەوەشاندووەتەوە، ئەو حوکمەی پێشووتر باسمان کرد ئەمان ناگرێتەوە، بۆیە ئێوەیش بە وەفا بن بەو پەیمانەی لەگەڵیاندا بەستووتانە تا ماوەکەی تەواو دەبێت، بێگومان خوای گەورە کەسانی خواناسی خۆش دەوێت، ئەوانەی فەرمانەکانی بەجێ دەھێنن، یەکێک لەفەرمانەکانیش وەفاکردنە بە پەیمان و بەڵێنەوە ، وە دوور دەکەونەوە لە ڕێگریەکانی، یەکێک لەوانەیش خوای گەورە ڕێگری لێ کردووە خیانەت کردنە لە پەیمان و بەڵێن.

5

فَإِذَا ٱنسَلَخَ ٱلْأَشْهُرُ ٱلْحُرُمُ فَٱقْتُلُوا۟ ٱلْمُشْرِكِينَ حَيْثُ وَجَدتُّمُوهُمْ وَخُذُوهُمْ وَٱحْصُرُوهُمْ وَٱقْعُدُوا۟ لَهُمْ كُلَّ مَرْصَدٍۢ ۚ فَإِن تَابُوا۟ وَأَقَامُوا۟ ٱلصَّلَوٰةَ وَءَاتَوُا۟ ٱلزَّكَوٰةَ فَخَلُّوا۟ سَبِيلَهُمْ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ

جا کاتێک مانگه حه‌رامه‌کان به‌سه‌رچوون (که بریتیه له‌: ذوالقعدة، ذوالحجة، محرم، ڕجب) ئه‌وه هاوه‌ڵگه‌رانی په‌یمان شکێن بکوژن له‌هه‌ر کوێ ده‌ستان لێیان گیر بوو، یاخود به‌دیل بیانگرن، سنوور دانێن بۆ چالاکیان، هه‌روه‌ها که‌مین و بۆسه‌یان له هه‌موو شوێنێکی له‌باردا بۆ دانێن، جا ئه‌گه‌ر (پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستی ئێوه‌یان بگاتێ) ته‌وبه‌یان کردو وازیان هێنا له‌و کاره‌یان و نوێژیان کردو زه‌کاتیاندا، ئه‌وه وازیان لێبهێنن و ڕێیان بۆ چۆڵ بکه‌ن، چونکه به‌ڕاستی خوا لێخۆشبوو دلۆڤانه (ئه‌گه‌ر ڕاست بکه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر به ڕاستیشیان نه‌بێت ئێوه حسابی ڕواڵه‌ت بکه‌ن).

کاتێک مانگە حەرام و خاوەن ڕێزەکان کۆتاییان ھات، ئەو مانگانەی کە دوژمنەکانی خۆتان تێدا ئەمین کردووە کە لە گەڵیاندا نەجەنگن و خراپەتان بۆیان نەبێت، جاکاتێک ئەو مانگانە تەواو بوون ئیتر ھەر کاتێک گەیشتن بە بتپەرست و موشریکەکان بیانکوژن و بە دیل بیانگرن و گەمارۆیان بدەن لە ماڵ و جێگا و قەڵاکانی خۆیاندا، وە لەسەر ڕێگاکانیان بۆیان دانیشن، ئەگەر ھاتوو تەوبەیان کرد و گەڕانەوە بۆ لای خوا و وازیان ھێنا لە شیرک و ھاوەڵ بڕیاردان، وە نوێژەکانیان کرد و زەکاتی ماڵ و سامانیان دەرکرد، ئەوا دەبنە براتان لە ئاینی ئیسلامدا، ئەو کات واز بھێنن لە جەنگ و کوشتاریان، بێگومان خوای گەورە لێبوردەیە بەرامبەر ئەو بەندانەی کە تەوبە دەکەن، وە زۆریش میھرەبانە بۆیان.

6

وَإِنْ أَحَدٌۭ مِّنَ ٱلْمُشْرِكِينَ ٱسْتَجَارَكَ فَأَجِرْهُ حَتَّىٰ يَسْمَعَ كَلَٰمَ ٱللَّهِ ثُمَّ أَبْلِغْهُ مَأْمَنَهُۥ ۚ ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمْ قَوْمٌۭ لَّا يَعْلَمُونَ

خۆ ئه‌گه‌ر که‌سێک له هاوه‌ڵگه‌ران داوای په‌نای لێ کردیت (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار)، ئه‌وه تۆیش په‌نای بده هه‌تا گوێی له فه‌رمووده‌که‌ی خوا (قورئان) ده‌بێت، پاشان بیگه‌یه‌نه به‌و شوێنه‌ی ده‌یه‌وێت و (ماڵ و گیان و ژیانی) تیایدا پارێزراوه‌، ئه‌م میهره‌بانیه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌وانه که‌سانێکن نازانن (خواناسی چیه‌).

ئەگەر ھاتوو یەکێک لە بتپەرست و موشریکەکان کە خوێن و ماڵ و سامانیان حەڵاڵە بۆ موسڵمانان، ھاتنە نێوتانەوە و داوای پەنا و جیواری لێکردن - ئەی پێغەمبەری خوا- ، ئەوا پەنای بدە و بڕۆ بەدەم داواکەیەوە تاوەکو قورئان ببیستێ، پاشان بیگەیەنەرەوە جێگایەک کە ھێمن و ئاسوودە بێت، چونکە ئەوانە گەلێکن ڕاستی و ھەقیقەتی ئەم ئاینە نازانن، ئەگەر ھاتوو لە ڕێگای بیستنی قورئانەوە تێگەیشتن لە ڕاستی ئیسلام لەوە پێدەچێت ھیدایەت بکرێن و باوەڕ بھێنن.

7

كَيْفَ يَكُونُ لِلْمُشْرِكِينَ عَهْدٌ عِندَ ٱللَّهِ وَعِندَ رَسُولِهِۦٓ إِلَّا ٱلَّذِينَ عَٰهَدتُّمْ عِندَ ٱلْمَسْجِدِ ٱلْحَرَامِ ۖ فَمَا ٱسْتَقَٰمُوا۟ لَكُمْ فَٱسْتَقِيمُوا۟ لَهُمْ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلْمُتَّقِينَ

چۆن په‌یمان ده‌بێت بۆ هاوه‌ڵگه‌ران (ئه‌وانه‌ی که چه‌نده‌ها جار په‌یمان ده‌شکێنن)، لای خواو لای پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی (په‌یمان نابێت)؟! جگه له‌وانه‌ی که له پاڵ مزگه‌وتی حه‌رام و (که‌عبه‌دا) په‌یمانتان (له‌گه‌ڵیاندا مۆرکرد) هه‌تا ئه‌وان پابه‌ند و ڕاست و دروست بن له‌سه‌ر په‌یمانه‌که‌یان به‌رامبه‌ر ئێوه‌وه‌، ئه‌وه ئێوه‌ش پابه‌ندو ڕاست و ڕه‌وان بن بۆیان، چونکه به‌ڕاستی خوا پارێزکارانی خۆش ده‌وێت.

نابێت پەیمان و ئەمان بۆ بتپەرست و موشریکەکان ھەبێت لای خوا و لای پێغەمبەرەکەی، جگە پەیمان و ئەمانی ئەو بتپەرست و موشريکانە نەبێت کە ئێوەی موسڵمان لای مزگەوتی حەرام لە گەڵتان بەستن لە ڕیکەوتنی حودەیبیەدا، تا ئەو کاتەی ئەوان لەسەر پەیمان و بەڵێنی خۆیان بەردەوام دەبن و نایشکێنن، ئێوەیش لەسەری بەردەوام بن و مەیشکێنن، بیگومان خوای گەورە بەندە خواناسەکانی خۆش دەوێت، ئەوانەی فەرمانەکانی خوا بەجێ دەھێنن و دوور دەکەونەوە لە ڕێگرییەکانی.

8

كَيْفَ وَإِن يَظْهَرُوا۟ عَلَيْكُمْ لَا يَرْقُبُوا۟ فِيكُمْ إِلًّۭا وَلَا ذِمَّةًۭ ۚ يُرْضُونَكُم بِأَفْوَٰهِهِمْ وَتَأْبَىٰ قُلُوبُهُمْ وَأَكْثَرُهُمْ فَٰسِقُونَ

چۆن (پابه‌ندی په‌یمان ده‌بن له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا، کاری چاک له‌وانه ناوه‌شێته‌وه‌) خۆ ئه‌گه‌ر له کاتێکدا ده‌ستیان به‌سه‌رتاندا بڕوات ئه‌وه هیچ سنوورێک ناپارێزن، نه‌خزمایه‌تی ده‌فامن، نه‌په‌یمان، به‌ده‌م و زاریان ڕازیتان ده‌که‌ن، دڵه‌کانیشیان دژو بێزارن له‌وه‌ی که به‌ده‌م ده‌یڵێن (دژی ڕاگرتنی په‌یمانه‌کانیانن) زۆربه‌شیان له سنوور ده‌رچوون و په‌یمان شکێنن.

چۆن پەیمان و ئەمانیان دەبێت لە كاتێكدا ئەوان دوژمنی ئێوەن، ئەگەر دەسەڵاتیان ھەبێت بەسەرتاندا نە ڕەچاوی خوا و نە ڕەچاوی خزمایەتی دەکەن، (وە نەڕەچاوی ئەو پەیمان وبەڵێنەیش کەلەگەڵتان بەستووتانە؟) بەڵکو بەتوندترین سزایش سزاتان دەدەن، بە زمان و گوفتاری ساف و لووسیان ڕازیتان دەکەن، بەڵام دڵ و زمانیان یەك نییە، بە ھیچ شێوەیەک پابەندی ئەوە نابن کە دەیڵێن، وە زۆربەشیان بەشکاندنی پەیمان وبەڵێنەکانیان لەتاعەت وگوێرایەڵی خوای گەورە دەرچوون.

9

ٱشْتَرَوْا۟ بِـَٔايَٰتِ ٱللَّهِ ثَمَنًۭا قَلِيلًۭا فَصَدُّوا۟ عَن سَبِيلِهِۦٓ ۚ إِنَّهُمْ سَآءَ مَا كَانُوا۟ يَعْمَلُونَ

(هاوه‌ڵگه‌ران نرخیان بۆ ئایه‌ته‌کانی خوای گه‌وره دانه‌ناوه‌) ئه‌وانه به ئایه‌ته‌کانی خوا پاره‌و ده‌ستمایه‌یه‌کی که‌می دنیایان کڕی و گۆڕیانه‌وه (ئایه‌ته‌کانی خوایان گۆڕیه‌وه به‌نرخێکی که‌م و هه‌رزان) و ئینجا پشتیان هه‌ڵکرد له ڕێگه‌ی خوا، ڕێگری خه‌ڵکیشیان لێ ده‌کرد، به‌ڕاستی ئه‌و (خوا نه‌ناسانه‌) ناپه‌سه‌ند بوو ئه‌و کارو کرده‌وه‌یه‌ی که ده‌یانکردو ئه‌نجامیان ده‌دا.

ئایەتەکانی خوایان گۆڕیەوە، ئەو ئایەتانەی کە باس لە وەفا دەکەن بە پەیمان و بەڵێنەکانەوە بە بەھایەکی کەم و بێنرخی دونیا، بۆ تێرکردنی ھەوا و ئارەزووەکانیان، وە بەرھەڵستی خۆیان و خەڵکیشیان کرد لە شوێنکەوتنی ھەق و ڕاستی، وە پشتیان تێکرد، وە بوونە هۆی ئەوەی جگە لە خۆیانیش پشتی تێبكەن ، بەڕاستی بەوەی ئەنجامیاندا کارێکی زۆر خراپیان کرد.

10

لَا يَرْقُبُونَ فِى مُؤْمِنٍ إِلًّۭا وَلَا ذِمَّةًۭ ۚ وَأُو۟لَٰٓئِكَ هُمُ ٱلْمُعْتَدُونَ

ئه‌وانه ده‌رباره‌ی هیچ ئیماندارێک سنووری خزمایه‌تی و په‌یمان ڕه‌چاو ناکه‌ن و ناپارێزن، هه‌ر ئا ئه‌وانه‌شن ده‌ستدرێژکاران.

ئەوانە لەبەر ئەو ھەمووە ڕق و کینەیەی ھەیانە بەرامبەر باوەڕداران ڕەچاوی حەقی خوا و حەقی خزمایەتی و پەیمان و بەڵێن ناکەن، ئەوانە دەستدرێژکار و پەیمان شکێنن، وە سنورەکانی خوایان بەزاندووە، چونکە دوژمنایەتی خوا دەکەن و ستەم لە خۆیان و خەڵکیش دەکەن.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.