Muslim99Muslim99
← Tafsir library

10. Yunus

Jonas · Meccan · 109 ayahs

سُورَةُ يُونُسَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 91–100 of 109

91

ءَآلْـَٰٔنَ وَقَدْ عَصَيْتَ قَبْلُ وَكُنتَ مِنَ ٱلْمُفْسِدِينَ

(ئه‌وسا پێی وترا) ئایا ئێسته‌، (باوه‌ڕ ده‌هێنیت!) له‌کاتێکدا به‌ڕاستی پێشتر یاخی بوویت و له ڕیزی ئه‌وانه‌دا بوویت که تۆوی خراپه‌یان ده‌چاند؟!

ئایا ئێستا کە بێ ھیوا بوویت لە ژیان باوەڕ دەھێنێت؟ خۆ بێگومان تۆ - ئەی فیرعەون - پێش ئەوەی سزای خوا دابەزێت سەرپێچیت کرد و یاخی بوویت لە خوای گەورە، وە ڕێگریت دەکرد لە ڕیبازەکەی، وە لە ڕیزی خەڵکە خراپەکار و ئاشوبگێرەکە بویت.

92

فَٱلْيَوْمَ نُنَجِّيكَ بِبَدَنِكَ لِتَكُونَ لِمَنْ خَلْفَكَ ءَايَةًۭ ۚ وَإِنَّ كَثِيرًۭا مِّنَ ٱلنَّاسِ عَنْ ءَايَٰتِنَا لَغَٰفِلُونَ

ئه‌مڕۆ ئیتر لاشه‌ی تۆ ڕزگار ده‌که‌ین تا ببێته موعجیزه و په‌ند و ئامۆژگاری بۆ ئه‌وانه‌ی دوایتۆ دێن (دیاره خوای گه‌وره پاڕاستویه‌تی له‌وه‌ی که ماسی بیخوات، شه‌پۆلی ده‌ریا گه‌یاندیه که‌نار، تا ئه‌وانه‌ی که به‌خوایان ده‌زانی به‌چاوی خۆیان ببینن که فیرعه‌ون ئاده‌میزادێکه وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه و ببێته په‌ند، بۆ هه‌موو پاشاو زۆرداره‌کانی سه‌ر زه‌وی که ئه‌وه سه‌رئه‌نجامی مسۆگه‌ری هه‌موویانه‌)، به‌ڵام به‌ڕاستی زۆربه‌ی خه‌ڵکی له ئایه‌ت و موعجیزه‌کانی ئێمه غافڵ و بێئاگان.

ئەمڕۆ لاشەی تۆ لە دەریا دەردەھێنین و لە تیاچوون ئەیپارێزین، وە دەیخەینە سەر شوێنێکی بەرز بۆ ئەوەی ببیتە پەندو ئامۆژگاری بۆ کەسانی ستەمکاری دوای خۆت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە خەڵکی بێ ئاگا و غافڵن لە دەسەڵات و بەڵگە و نیشانەکانی ئێمە و بیری لێ ناکەنەوە (ئەوە بوو خوای گەورە لاشەی بێ گیانی فیرعەونی لە دەریا فڕێدایە دەرەوە بۆ جێگایەکی بەرز تاوەکو ھەموو بەنو ئیسرائیل بیبین و دڵنیا بن لەوەی فیرعەون مردووە و خوا نەبوو، وەک پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرد).

93

وَلَقَدْ بَوَّأْنَا بَنِىٓ إِسْرَٰٓءِيلَ مُبَوَّأَ صِدْقٍۢ وَرَزَقْنَٰهُم مِّنَ ٱلطَّيِّبَٰتِ فَمَا ٱخْتَلَفُوا۟ حَتَّىٰ جَآءَهُمُ ٱلْعِلْمُ ۚ إِنَّ رَبَّكَ يَقْضِى بَيْنَهُمْ يَوْمَ ٱلْقِيَٰمَةِ فِيمَا كَانُوا۟ فِيهِ يَخْتَلِفُونَ

(له‌وه‌ودوا) ئێمه ده‌روومان له نه‌وه‌ی ئیسرائیل کرده‌وه و شوێن و جێگه‌و ڕێگه‌ی خۆشمان پێبه‌خشین و له چه‌نده‌ها ڕزق و ڕۆزی چاک به‌هره‌وه‌رمان کردن، جا ئه‌وان جیاوازی و ناکۆکیان نه‌بوو هه‌تا زانست و زانیاری ته‌واویان بۆ هات (که‌چی ئه‌وان دینی خوا که هۆی یه‌کبوون و یه‌کگرتووییه کردیانه هۆی دووبه‌ره‌کی و جیاوازی هه‌رچه‌نده زانست و زانیاریشیان له‌و باره‌یه‌وه هه‌بوو)، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری تۆ (ئه‌ی محمد صلی اله علیه وسلم) داوه‌ی ده‌کات له نێوانیاندا له ڕۆژی قیامه‌تدا له‌وکێشه‌و شتانه‌دا که ئه‌وان جیاوازی و ناکۆکی تێدا ده‌که‌ن.

بێگومان بەنو ئسرائیلمان لە جێگایەکی چاک و شیاو و پیرۆز لە وڵاتی شام جێگیر کرد، وە لە ھەموو خواردنێکی پاک و حەڵاڵ ڕزق و ڕۆزیماندان، وە جیاوازیش نەکەوتە نێوانیان لەسەر ئاینەکەیان تا ئەو کاتەی قورئان ھات، لە قورئاندا ڕاستی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە تەوراتەکەی ئەواندا زۆر بە وردی باسی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) کراوە، جا کاتێک ئینکاری ئەوەیان کرد خاک و نیشتمانیان لێ سەنرایەوە، - ئەی پێغەمبەر - بە دڵنیایی پەروەردگارت لە ڕۆژی قيامەت بڕیار دەدات لە نێوانیاندا ئەو شتانەی کە جیاوازی کەوتبوە نێوانیان، کێیان لەسەر ھەق بوون پاداشتیان دەداتەوە، وە کامیشیان لەسەر باتڵ و ناھەق بووە تۆڵەی لێ دەسێنێت بە شێوەیەک شایستەی ھەر کامیان بێت.

94

فَإِن كُنتَ فِى شَكٍّۢ مِّمَّآ أَنزَلْنَآ إِلَيْكَ فَسْـَٔلِ ٱلَّذِينَ يَقْرَءُونَ ٱلْكِتَٰبَ مِن قَبْلِكَ ۚ لَقَدْ جَآءَكَ ٱلْحَقُّ مِن رَّبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ ٱلْمُمْتَرِينَ

جا ئه‌گه‌ر تۆ (ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی که بۆمان دابه‌زاندوویت له‌باره‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیله‌وه له شک و گوماندایت، ئه‌وه پرسیار بکه له‌و که‌سانه‌ی که پێش تۆ له ته‌ورات شاره‌زان و ده‌یخوێننه‌وه‌، سوێند به‌خوا به‌ڕاستی حه‌ق و ڕاستیت له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه بۆ هاتووه‌، که‌وابوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک گومانت نه‌بێت و مه‌چۆره ڕیزی گوماندارانه‌وه‌.

- ئەی پێغەمبەر - ئەگەر گومان و دوو دڵیت لە بەرامبەر ھەقیقەتی ئەو قورئانەی بۆمان دابەزاندوویت، ئەوا بۆ دڵنیایی پرسیار بکە لەو جولەکانەی کە باوەڕیان ھێناوە، ئەوانەی کە شارەزای تەوراتن، وە لەو گاور و نەصرانیانەی کە ئینجیلیان خوێندوەتەوە، ئەو کاتە دەبینیت و ھەواڵت پێ دەدەن ئەوەی بۆت دابەزیوە ھەق و ڕاستە، چونکە لە پەڕاو و پەرتووکەکانی ئەواندا زۆر بە وردی سیفاتی پێغەمبەری خوا باسکراوە، بێگومان لە لایەن پەروەردگارتەوە ھەق و ڕاستیەکت بۆ ھاتووە کە ھیچ گومان و دوو دڵی تێدا نیيە، لەبەر ئەوە لەو کەسانە مەبە کە گومانیان ھەیە.

95

وَلَا تَكُونَنَّ مِنَ ٱلَّذِينَ كَذَّبُوا۟ بِـَٔايَٰتِ ٱللَّهِ فَتَكُونَ مِنَ ٱلْخَٰسِرِينَ

(هه‌روه‌ها) نه‌که‌یت بچیته ڕیزی که‌سانێکه‌وه که باوه‌ڕیان به موعجیزه و نیشانه‌کانی (ده‌سه‌ڵاتدارێتی) خوا نی‌یه‌، چونکه ئه‌گه‌ر وابیت، ده‌چیته ڕیزی خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندانه‌وه‌.

ھەرگیز لەوانەیش مەبە کە بەڵگە و نیشانەکانی خوایان بە درۆ خستەوە، بەوەش بچیتە ڕیزی خەسارۆمەندانەوە، ئەوانەی بەھۆی کوفر و بێباوەڕیيەوە خۆیان زایە کرد، ھەموو ئەم ھۆشداریدانە بۆ ئەوەیە خوای گەورە بیسەلمێنێت کە گومان و دوو دڵێ کارێکی زۆر مەترسیدارە، (چونکە دەزانین پێغەمبەری خوا گوناهـ ناکات و مەعسومە لەوەی ئایەت و بەڵگە و نیشانەکانی خوا بە درۆ بزانێت، بەڵکو ئەو ھۆشداریدانە ھەموو بۆ خەڵکی ترە).

96

إِنَّ ٱلَّذِينَ حَقَّتْ عَلَيْهِمْ كَلِمَتُ رَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ

به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که وه‌ک فیرعه‌ون و دارو ده‌سته‌ی سته‌مکارو تاوانبارو گوناهکارن، بڕیارداده‌ی په‌روه‌ردگارت له‌سه‌ریان چه‌سپا، ئه‌وانه‌: باوه‌ڕ ناهێنن.

بێگومان ئەوانەی کە بڕیاری پەروەردگاریان بەسەردا چەسپا کە دەبێت بە بێباوەڕی بمرن لەبەر ئەوەی تا مردن سوور بوون لەسەری، خوای گەورە دەزانێت ئەوانە ھەرگیز باوەڕ ناھێنن.

97

وَلَوْ جَآءَتْهُمْ كُلُّ ءَايَةٍ حَتَّىٰ يَرَوُا۟ ٱلْعَذَابَ ٱلْأَلِيمَ

ئه‌گه‌ر چی هه‌رچی به‌ڵگه‌و موعجیزه هه‌یه بۆیان پێش بێت، ئه‌وانه هه‌ر باوه‌ڕ ناهێنن هه‌تا سزای به‌ئێش و ئازار ده‌بینن.

ئەگەر چی ھەموو ئایەت و بەڵگە شەرعی و کەونیيەکان ھەیە بۆیان بێت تاوەکو بەچاوی خۆیان سزای بە ئازار ببینن، بۆ ئەوەی باوەڕ بھێنن، باوەڕ ناھێنن لە کاتێکدا ئەگەر باوەڕیش بھێنن ھیچ سودێکی نیيە بۆیان، وەک باوەڕ ھێنانەکەی فیرعەون کاتێک زانی دەستی بەھیچ شتێک ناگات و ئیتر ڕزگار بوونی نیيە ئەوجا باوەڕی ھێنا.

98

فَلَوْلَا كَانَتْ قَرْيَةٌ ءَامَنَتْ فَنَفَعَهَآ إِيمَٰنُهَآ إِلَّا قَوْمَ يُونُسَ لَمَّآ ءَامَنُوا۟ كَشَفْنَا عَنْهُمْ عَذَابَ ٱلْخِزْىِ فِى ٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا وَمَتَّعْنَٰهُمْ إِلَىٰ حِينٍۢ

جا ده‌بوایه خه‌ڵکی ئه‌و شارو شارۆچکانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان لێکرابوو باوه‌ڕیان بهێنایه و باوه‌ڕه‌که‌یان سوود به‌خش بوایه بۆیان، به‌ڵام باوه‌ڕی هیچ کامیان سوودی پێنه‌گه‌یاندن جگه له قه‌ومی یونس (علیه السلام) نه‌بێت کاتێک که باوه‌ڕیان هێنا سزای سه‌رشۆڕیمان له ژیانی دنیادا له‌سه‌ر هه‌ڵگرتن و تا ماوه‌یه‌ک له نازو نیعمه‌ت به‌هره‌وه‌رمان کردن.

خەڵکی ھیچ گوندێگ لەو گوندانەی کە پێغەمبەرەکانمان بۆ ڕەوانە کردن پێش بینینی سزای پەروەردگار باوەڕیان نەھێنا، باوەڕێک پێش ئەوەی سزای خوایی بێت بۆیان باوەڕ بھێنن و سوودی ھەبیت بۆیان، تەنھا گەلەکەی یونس (سەلامی خوای لێ بێت) نەبێت، باوەڕیان ساغ و دروست و ڕاستگۆییانەیان ھێنا بۆیە ئێمەیش ھەر لە دونیادا سزای زەلیلی و ڕسوایمان لەسەر ھەڵگرتن، وە تا ماوەیەکی دریارکراوی تریش لەسەر زەوی ژیان و گوزەرانمان پێبەخشین.

99

وَلَوْ شَآءَ رَبُّكَ لَءَامَنَ مَن فِى ٱلْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا ۚ أَفَأَنتَ تُكْرِهُ ٱلنَّاسَ حَتَّىٰ يَكُونُوا۟ مُؤْمِنِينَ

خۆ ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارت بیویستایه (ده‌یتوانی به‌زۆرو به‌ناچاری) هه‌ر هه‌موو دانیشتوانی سه‌ر زه‌وی باوه‌ڕ بهێنن (به‌ڵام په‌روه‌ردگاری مه‌زن ڕێزی بۆ ئاده‌میزاد داناوه و سه‌رپشکی کردووه‌)، جا ئایا تۆ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم، ئه‌ی ئیماندار) ئه‌ته‌وێ زۆر له‌خه‌ڵکی بکه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بڕواداربن؟!

- ئەی پێغەمبەر - ئەگەر پەروەردگارت بیویستایە کە ھەموو خەڵکی سەر زەوی باوەڕ بھێنن ئەوا باوەڕیان دەھێنا، بەڵام لەبەر حیکەمەتێک کە خۆی دەیزانێت نەیویست ئەوە ببێت، تاوەکو خەڵکی تاقی بکاتەوە، ئەو بە عەدل و دادگەری خۆی ھەرکەسێکی بوێت گومڕای دەکات، وە بەفەزڵ و چاکەی خۆیشی ھەرکەسێکی بوێت ھیدایەتی دەدات و ڕێنوێنی دەکات، ئەی پێغەمبەری خوا ئایا تۆ دەتەوێت بە زۆر باوەڕ بە خەڵکی بھێنیت، تەوفیق و سەرفرازی باوەڕھێنانی ئەوان تەنھا بەدەستی خوای گەورەیە.

100

وَمَا كَانَ لِنَفْسٍ أَن تُؤْمِنَ إِلَّا بِإِذْنِ ٱللَّهِ ۚ وَيَجْعَلُ ٱلرِّجْسَ عَلَى ٱلَّذِينَ لَا يَعْقِلُونَ

هیچ که‌س بۆی نیه باوه‌ڕ بهێنێت (هه‌تا هه‌وڵ نه‌دات و خۆی ماندوو نه‌کات و بیر نه‌کاته‌وه و) ویستی خوایشی له‌سه‌ر نه‌بێت و سزای (توند و ڕیسواکه‌ر) ده‌خاته سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که عه‌قڵ و ژیری به‌کار ناهێنن.

وە ھیچ کەسیک بۆ خۆی باوەڕ ناھێنێت مەگەر بە ئیزن و مۆڵەت و ویستی خوا نەبێت، بۆیە تۆ ھیچ داخ و مەراق مەخۆ بۆ ئەوانەی باوەڕ ناھێنن، خوای گەورە سزا و سەرشۆڕی دەدات بەسەر بەو کەسانەی کە بەڵگە و نیشانە و فەرمان و ڕێگرییەکانی خوای گەورە ھەست پێ ناکەن و نایانەوێت لێی تێ بگەن و حاڵی بن لێی.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.