Muslim99Muslim99
← Tafsir library

10. Yunus

Jonas · Meccan · 109 ayahs

سُورَةُ يُونُسَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 11–20 of 109

11

۞ وَلَوْ يُعَجِّلُ ٱللَّهُ لِلنَّاسِ ٱلشَّرَّ ٱسْتِعْجَالَهُم بِٱلْخَيْرِ لَقُضِىَ إِلَيْهِمْ أَجَلُهُمْ ۖ فَنَذَرُ ٱلَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَآءَنَا فِى طُغْيَٰنِهِمْ يَعْمَهُونَ

ئه‌گه‌ر خوا خه‌ڵکی تووشی شه‌ڕو ناخۆشی به‌زوویی بکردایه (له‌سه‌ر داخوازی خۆیان کاتێک ته‌نگه‌تاو ده‌بن) هه‌روه‌کو چۆن بۆ داخوازی خێر په‌له‌یانه‌، ئه‌وه هه‌ر هه‌موویان کۆتایی به‌ژیانیان ده‌هێنرا (به‌ڵام خوای گه‌وره واناکات، به‌ڵکو ده‌فه‌رموێت) جا ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مانین ئاماده‌ی به‌رده‌م باره‌گای ئێمه‌ببنه‌وه (باوه‌ڕیان پێی نیه‌)، ماوه‌یه‌ک وازیان لێده‌هێنین تا له‌سته‌میاندا ڕۆبچن و سه‌رگه‌ردان بن.

خۆ ئەگەر خوای گەورەش پەلەی بکردایە و نزای شەڕی مرۆڤەکانی گیرا بکردایە لەکاتی توڕەبوون لە خۆیان و ماڵ و منداڵ و سەروەت و سامانیان، ھەروەک چۆن نزای خێریان گیرا دەکات ئاوایش نزای شەڕی گیرا بکردنایە ئەوە خوای گەورە لە ناوی دەبردن، بەڵام خوا بەو جۆرە ناکات و مۆڵەتیان دەدات و واز دەھێنێت لەوانەی کە چاوەڕوانی گەڕانەوە نین بۆ لای خوا - چونکە لەسزای خوا ناترسن و ئومێدی پاداشت و زیندووبوونەوەیان نییە - خوای گەورە وازیان لێدەھێنێت بۆ ئەوەی لە نێو سەرکەشی و سەرگەردانی و دوودڵی و دڵەڕاوکی لەبەرامبەر ڕۆژی دوایی بمێننەوە.

12

وَإِذَا مَسَّ ٱلْإِنسَٰنَ ٱلضُّرُّ دَعَانَا لِجَنۢبِهِۦٓ أَوْ قَاعِدًا أَوْ قَآئِمًۭا فَلَمَّا كَشَفْنَا عَنْهُ ضُرَّهُۥ مَرَّ كَأَن لَّمْ يَدْعُنَآ إِلَىٰ ضُرٍّۢ مَّسَّهُۥ ۚ كَذَٰلِكَ زُيِّنَ لِلْمُسْرِفِينَ مَا كَانُوا۟ يَعْمَلُونَ

کاتێکیش ئاده‌میزاد (ئه‌وانه‌یان که‌باوه‌ڕ له‌ده‌روونیاندا به‌چاکی دانه‌مه‌زراوه‌) زیان و ناخۆشیه‌کی تووش بێت، ئه‌وه هاناو هاوار بۆ ئێمه ده‌هێنێت بۆ لابردنی، له‌کاتی ڕاکشاندا، یان به‌دانیشتنه‌وه‌، یان به‌پێوه‌بێت، جا کاتێک زه‌ره‌ر و زیانه‌که‌ی لێ دوور ده‌خه‌ینه‌وه‌و ده‌که‌وێته‌وه باری ئاسایی، هه‌روا ده‌ڕوات به‌ڕێدا و بارودۆخی ئه‌وسای فه‌رامۆش ده‌کات، هه‌روه‌ک ڕۆژێ له‌ڕۆژان هاواری له ئێمه نه‌کردبێت و ل ه‌ئێمه نه‌پاڕابێته‌وه تا ناخۆشی و زیانێک که‌تووشیبووه لێی دوور بخه‌ینه‌وه‌، ئا به‌و شێوه‌یه بۆ له‌سنوور ده‌رچووان ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که‌ده‌یانکرد ڕازێنراوه‌ته‌وه‌.

کاتێک مرۆڤی بێباوەڕ و گوناھبار تووشی زەرەرو زیانێک یان نەخۆشی و ناڕەحەتیەک دەبێت، بەزەلیلی و کۆزڵیەوە بەھەموو شێوەیەک ھانا و ھاوارمان بۆ دەبات لەسەر تەنیشت یان بەڕاکشاوی یان بە پێوە یان بەدانیشتنەوە، بە ئومێدی ئەوەی خوای گەورە ئەو گرفت و زەرەر و زیانەی لەسەر ھەڵبگرێت و لای ببات، جا کاتێکیش نزا و پاڕانەوەکەیمان گیرا کرد، وە ناڕەحەتی و زیانەکەمان لەسەر لابرد، وا بەردەوام دەبێت لەسەر گوناھ و تاوان و خراپەکاری وەک ئەوەی ھەرگیز نزای نەکردبێت و نەپاڕابێتەوە بۆ لابردنی زیانێک دووچاری بوو بوو ، ھەر ئابەو جۆرەی کە دونیامان ڕازاندەوە بۆ ئەم لەخوا یاخی و پشتھەڵکەرە لە دینی خوا تاوەکو بەردەوام بێت لەسەر گومڕایی و خراپەکاری، ھەر بەو شێوەیەش کار وکردەوەی لە سنوور دەرچووەکان لە بێباوەڕی و گوناھ و تاوان بۆیان دەڕازێنینەوە تاوەکو بێئاگابن لەشوکر و سوپاسی خوای گەورە.

13

وَلَقَدْ أَهْلَكْنَا ٱلْقُرُونَ مِن قَبْلِكُمْ لَمَّا ظَلَمُوا۟ ۙ وَجَآءَتْهُمْ رُسُلُهُم بِٱلْبَيِّنَٰتِ وَمَا كَانُوا۟ لِيُؤْمِنُوا۟ ۚ كَذَٰلِكَ نَجْزِى ٱلْقَوْمَ ٱلْمُجْرِمِينَ

سوێند به‌خوا بێگومان ئێمه له‌سه‌ده‌کانی پێش ئێوه‌دا خه‌ڵکێکی زۆرمان له‌ناو بردووه کاتێک سته‌میان کردووه‌و ڕۆچوون تیایدا، له‌کاتێکیشدا پێغه‌مبه‌ره‌کانیان به‌به‌ڵگه‌ی زۆره‌وه بۆ هات و (په‌یامی خوایان پێ ڕاگه‌یاندن) وه‌نه‌بوو باوه‌ڕیشیان پێبهێنن، (ئێمه‌ش تۆڵه‌مان لێسه‌ندن) ئا به‌و شێوه‌یه تۆڵه له‌قه‌وم و گه‌لانی تاوانبار ده‌که‌ینه‌وه.

- ئەی بتپەرست و موشریکینە - بێگومان ئوممەت و گەلانی پێش ئێوەمان لەناو برد و تیاچوون، ئەویش بەھۆی ئەوەی پێغەمبەرانی خوایان بەدرۆزانی و باوەڕیان پێ نەکردن و گوناهـ و تاوانیان ئەنجامدا، وە پێغەمبەرانی خوای گەورە بە بەڵگەی ڕوون و ئاشکراوە ھاتن بۆ لایان کە بەڵگە بوون لەسەر ڕاستگۆیی ئەوەی کە لە لایەن خوای گەورەوە بۆیان ھێنابوون، کەچی باوەڕیان پێ نەھێنان و لەسەر باوەڕ بە خوا دانەمەزران، چونکە ئەوان ئامادە نەبوون باوەڕیان پێ بھێنن، ئەوە بوو خوای گەورەش سوک و ڕسوای کردن و سەرکەوتووی نەکردن، ئێمە ھەر بەو شێوەیەی کە سزای ئوممەتانی ستەمکارمان دا، سزای ھاوشێوەکانیشان دەدەین لەھەموو کات و شوێنێکدا.

14

ثُمَّ جَعَلْنَٰكُمْ خَلَٰٓئِفَ فِى ٱلْأَرْضِ مِنۢ بَعْدِهِمْ لِنَنظُرَ كَيْفَ تَعْمَلُونَ

پاشان ئێمه ئێوه‌مان کرده جێنشین له‌زه‌ویدا له‌دوای له‌ناوبردنی ئه‌وان، تا ببینین ئێوه چی ده‌که‌ن و چۆن ده‌که‌ن!

- ئەی خەڵکینە - پاش ئەو گەل و ئوممەتانەی کە بە ھۆی بێباوەڕییانەوە لەناومان بردن ئێوەمان کردە جێگرەوە و جێنشینی ئەوان لەسەر زەوی، تاوەکو ببینین ئێوەیش چی ئەنجام دەدەن و چۆن ڕەفتار دەکەن؟ ئایا کاری خێر و چاکە ئەنجام دەدەن تاوەکو پاداشتی لەسەر وەربگرن، یاخود گوناھ و تاوان دەکەن و سزا و تۆڵەکەی وەربگرنەوە.

15

وَإِذَا تُتْلَىٰ عَلَيْهِمْ ءَايَاتُنَا بَيِّنَٰتٍۢ ۙ قَالَ ٱلَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَآءَنَا ٱئْتِ بِقُرْءَانٍ غَيْرِ هَٰذَآ أَوْ بَدِّلْهُ ۚ قُلْ مَا يَكُونُ لِىٓ أَنْ أُبَدِّلَهُۥ مِن تِلْقَآئِ نَفْسِىٓ ۖ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَىٰٓ إِلَىَّ ۖ إِنِّىٓ أَخَافُ إِنْ عَصَيْتُ رَبِّى عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍۢ

کاتێکیش ئایه‌ته‌کانی ئێمه که ڕوون و ئاشکرایه به‌سه‌ریاندا بخوێنرێته‌وه‌، ئه‌وه ئه‌وانه‌ی که به‌ته‌مانین ئاماده‌ی به‌رده‌م باره‌گای ئێمه ببن ده‌ڵێن: قورئانێکی جگه له‌مه بهێنه‌و بیخوێنه‌ره‌وه‌، یان بیگۆڕه (به‌شێوه‌یه‌کی تر)، تۆیش ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: من بۆم نیه له‌خۆمه‌وه ئه‌وه بیگۆڕم، من شوێنی هیچ شتێک ناکه‌وم جگه ئه‌وه نه‌بێت که به‌وه‌حی پێم ده‌گات، به‌ڕاستی من ده‌ترسم ئه‌گه‌ر یاخی بم له په‌روه‌ردگارم و نا فه‌رمانی بکه‌م گیرۆده‌ی سزایه‌کی سه‌ختی ڕۆژێکی زۆر گه‌وره‌ببم.

ھەرکاتێک ئایەتە ڕوون و ئاشکراکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنرێتەوە کە بەڵگەن لەسەر یەکخواپەرستی، ئەوانەی باوەڕیان بە زیندووبونەوە نییە، وە بە ھیوای پاداشت نین و لە تۆڵە و سزای خوایش ناترسن، دەڵێن: - ئەی موحەممەد - قورئانێکی ترمان بو بھێنە جگە لەم قورئانەی کە تانە و تەشەر و سوکایەتی دەکات بە پەرستنی بتەکانمان، یان بیگۆڕە بە شتێکی تر کە ھەندێکی بسرێتەوە یان ھەر ھەمووی بەجۆرێک لەگەڵ ئارەزووەکانماندا پێک بێتەوە ، تۆیش - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: من بۆم نییە بیگۆڕم، وە ناشتوانم شتێکی تر جگە لە قورئانتان بۆ بھێنم، بەڵکو تەنھا خوای گەورە (جل جلالە) ئەگەر بیەوێت شتێکی لێ دەگۆڕێت، منیش تەنھا شوێنی ئەوە دەکەوم کەخوای گەورە وەحی و نیگای بۆ کردووم، من دەترسم لە سزای ڕۆژێکی زۆر گەورە، سزای ڕۆژی قیامەت ، ئەگەر سەرپێچی خوا بکەم بەوەی وەڵامی داواکاریەکانتان بدەمەوە.

16

قُل لَّوْ شَآءَ ٱللَّهُ مَا تَلَوْتُهُۥ عَلَيْكُمْ وَلَآ أَدْرَىٰكُم بِهِۦ ۖ فَقَدْ لَبِثْتُ فِيكُمْ عُمُرًۭا مِّن قَبْلِهِۦٓ ۚ أَفَلَا تَعْقِلُونَ

پێیان بڵێ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم) ئه‌گه‌ر خوا بیویستایه ئه‌وه قورئانم به‌سه‌ردا نه‌ده‌خوێنده‌وه‌، خوایش ئاگاداری نه‌ده‌کردن پێی، چونکه به‌ڕاستی ئاشکرایه که‌من ته‌مه‌نێکی دوورو درێژم له‌ناوتاندا به‌سه‌ر بردووه پێش هاتنی قورئان (بێ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک له‌م قورئانه بزانم) که‌واته بۆچی عه‌قڵ وبیرو هۆشتان ناخه‌نه‌کار (که‌سێکی نه‌خوێنده‌وار تا ته‌مه‌نی چل ساڵی هیچ نه‌ڵێت، به‌مه‌رجێک ناو بانگی ده‌رکرد بێت به‌ڕاستگۆیی و ئه‌مینداری، که‌چی له‌و ته‌مه‌نه به‌دواوه ئه‌م قورئانه ڕێک و پێکه ڕابگه‌یه‌نێت، ئایا ڕه‌وا نیه هه‌ر که‌س ده‌یبیستێت خێرا بڕوا بهێنێت به‌نێره‌ری قورئان و ئه‌و که‌سه‌ش که‌بۆی ڕه‌وانه‌کراوه‌؟)

-ئەی پێغەمبەر - بڵێ: ئەگەر خوای گەورە ویستی لەسەر نەبوایە ئەو قورئانەیشی بۆم خوێندنەوە بۆتانم نەدەخوێندەوە، وە پێم ڕانەدەگەیاندن، وە ئەگەر ویستی ئەوی لەسەر نەبوایە ئەوا لەسەر زاری منەوە بە قورئان ئاگاداری نەدەکردنەوە، من ماوەیەکی دوور و درێژ کە چل ساڵ بوو- لەناوتاندا مامەوە، نەمدەتوانی بخوێنمەوە و بنوسم، وە ھیچ کاتێکیش ئەم داوایەم لێتان نەبوو، وە نەگەڕاویشم بە شوێنیدا، ئیتر بۆچی ژیر نابن، و تێبگەن ئەوەی بۆم ھێناون لەلایەن خوای گەورەوەیە، وە ھیچ کاری بەمنەوە نییە؟!

17

فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ ٱفْتَرَىٰ عَلَى ٱللَّهِ كَذِبًا أَوْ كَذَّبَ بِـَٔايَٰتِهِۦٓ ۚ إِنَّهُۥ لَا يُفْلِحُ ٱلْمُجْرِمُونَ

جا کێ له‌وه سته‌مکارتره که درۆ به ده‌م خواوه هه‌ڵده‌به‌ستێت، یاخود ئایاته‌کانی به درۆ بزانێت و بڕوای پێی نه‌بێت، به‌ڕاستی تاوانباران سه‌رفراز نابن.

ھیچ کەس ھێندەی ئەو کەسە ستەمکارتر نییە کە درۆ و دەلەسە بۆ خوا ھەڵبەستێ و بە ناوی خوای گەورەوە قسە بکات، ئیتر من چۆن دەتوانم قورئان بگۆڕم و درۆ بۆ خوا ھەڵبەستم؟! بێگومان ئەوانەی سنورەکانی خوا دەبەزێنن بەوەی درۆی بۆ ھەڵدەبەستن و بە ناوی ئەوەوە درۆ دەکەن ھەرگیز سەرفراز نابن و داواکاریەکانیان نایەتەدی.

18

وَيَعْبُدُونَ مِن دُونِ ٱللَّهِ مَا لَا يَضُرُّهُمْ وَلَا يَنفَعُهُمْ وَيَقُولُونَ هَٰٓؤُلَآءِ شُفَعَٰٓؤُنَا عِندَ ٱللَّهِ ۚ قُلْ أَتُنَبِّـُٔونَ ٱللَّهَ بِمَا لَا يَعْلَمُ فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَلَا فِى ٱلْأَرْضِ ۚ سُبْحَٰنَهُۥ وَتَعَٰلَىٰ عَمَّا يُشْرِكُونَ

(بێ باوه‌ڕان وخوانه‌ناسان) شتێک ده‌په‌رستن له‌جیاتی خوا نه زیانیان پێده‌گه‌یه‌نێت نه قازانج، ده‌شڵێن: ئا ئه‌و بت و شتانه تکا کارمانن لای خوا، پێیان بڵێ ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم): باشه ئایا ئێوه خوا ئاگادار ده‌که‌نه‌وه به‌شتێک که له‌ئاسمانه‌کان و له‌زه‌ویدا هه‌بێت و خوا نه‌یزانێت؟! پاک و بێگه‌رده‌و به‌رزو بڵنده‌و دووره له‌وه‌ی که‌نه‌فامان ده‌یکه‌ن به‌هاوه‌ڵی.

موشریک و بتپەرستەکان جگە لە خوای گەورە پەرستن و عیبادەتی شتانێک دەکەن نە زیانیان لێ لادەدەن وە نەسودیشیان پێ دەگەیەنن، چونکە پەرستراوی بەھەق ئەگەر ویست بکات دەتوانێت زیان و سوود بەکەسانی تر بگەیەنێت، ئەوان لەبارەی ئەو بتانەی کردونیان بەخوا و پەرستراوی خۆیان دەڵێن: ئەوان لای خوا تکامان بۆ دەکەن و خوا بەھۆی تاوان و گوناھەکانمانەوە سزامان نادات، تۆیش - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: ئایا ئێوە ھەواڵ بە خوای گەورەی زانا دەدەن کە ھاوەڵ و شەریکی ھەیە؟ لە کاتێکدا ئەو شک نابات لە ئاسمانەکان و زەویدا کەسێک هەبێت شەریک وھاوەڵی ئەو بێت، وە کەسیش نییە بتوانێت تکا بکات بەبێ مۆڵەتی ئەو، خوای گەورە زۆر پاک و بیگەرد و بەرزترە لەوەی موشریک و بتپەرستەکان بە درۆ و بە ناھەقی بۆی ھەڵدەبەستن.

19

وَمَا كَانَ ٱلنَّاسُ إِلَّآ أُمَّةًۭ وَٰحِدَةًۭ فَٱخْتَلَفُوا۟ ۚ وَلَوْلَا كَلِمَةٌۭ سَبَقَتْ مِن رَّبِّكَ لَقُضِىَ بَيْنَهُمْ فِيمَا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ

خه‌ڵکی له‌سه‌ره‌تای په‌یدا بوونیاندا به‌ش به‌ش نه‌بوون به‌ڵکو ته‌نها یه‌ک پارچه‌بوون، یه‌ک ئاین بوون، یه‌ک بیرو باوه‌ڕ بوون، جا که (زه‌مان تێپه‌ڕی و زۆر بوون و له‌سه‌رچاوه‌ی نووری پێغه‌مبه‌رایه‌تی دوورکه‌وتنه‌وه‌) ناکۆکی و جیاوازی له‌نێوانیاندا په‌یدا بوو به‌ش به‌ش بوون، خۆ ئه‌گه‌ر بڕیارداده‌ی پێشتر له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه نه‌بوایه‌، ئه‌وه دادپه‌روه‌ری هه‌ر له‌دنیادا له‌نێوانیاندا ئه‌نجامده‌درا، (حه‌ق و ڕاستی ڕوون ده‌کرایه‌وه‌) له‌و شتانه‌دا که‌کێشه‌و جیاوازی تێدا ده‌که‌ن.

لە سەرەتای ژیانەوە ھەموو خەڵکی یەک ئاینیان ھەبوو، موسڵمان و یەکخواپەرست بوون، بەڵام دواتر لە نێو خۆیاندا جیاوازی کەوتە نێوانیان و ناکۆکبوون و لەیەکترازان، بەناردنی پێغەمبەران ھەندێکیان بە باوەڕداری مانەوە، وە ھەندێکی تریان بێباوەڕ بوون، ئەگەر پێشتر بڕیارێک لەلایەن پەروەردگارتەوە دەرنەچوایە کە ئەو لەسەر ئەو جیاوازی و ناکۆکییە لە دونیادا ھیچ حوكم و بڕیارێک دەرنەکات لە نێوانیاندا، بەڵکو لەڕۆژی قیامەتدا حوکم و بڕیاریان لەسەر دەردەکات، ئەگەر لەبەر ئەوە نەبوایە ئەوا ھەر لە دونیادا لەسەر جیاوازی و ناکۆکی نێوانیان بڕیاری لەسەر دەردەکردن، ئەو ساتە ھیدایەتدراو و ڕێنوماییکراو لە گومڕا و سەرلێشێواو دەردەکەوت و ڕوون دەبوویەوە.

20

وَيَقُولُونَ لَوْلَآ أُنزِلَ عَلَيْهِ ءَايَةٌۭ مِّن رَّبِّهِۦ ۖ فَقُلْ إِنَّمَا ٱلْغَيْبُ لِلَّهِ فَٱنتَظِرُوٓا۟ إِنِّى مَعَكُم مِّنَ ٱلْمُنتَظِرِينَ

(هه‌روه‌ها بێ باوه‌ڕان) ده‌ڵێن: بۆ موعجیزه‌و به‌ڵگه‌یه‌ک دانه‌به‌زێنرایه سه‌ری له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریه‌وه، ئه‌وه له‌وه‌ڵامیاندا بڵێ: به‌ڕاستی موعجیزه‌و نهێنی و شاراوه‌کان ته‌نها به‌ده‌ست خوایه‌، جا ئێوه چاوه‌ڕوانی بکه‌ن، بێگومان منیش له‌گه‌ڵتاندا له‌چاوه‌ڕوانانم.

بتپەرست و موشریکەکان دەڵێن: ئایا نەدەکرا لەلایەن پەروەردگارییەوە بەڵگە و موعجیزەیەک داببەزیایە بۆ موحەممەد شاھیدی ڕاستی بۆ بدایە؟ تۆیش - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: دابەزینی بەڵگە و نیشانە و موعجیزە عیلم و زانینی غەیبە و تایبەتە بە خوای گەورە، دەی چاوەڕوان بن، منیش لەگەڵ ئێوە چاوەڕوانم کە ئەو بەڵگە و نیشانە و موعجیزە ھەست پێکراوەی داوای دەکەن ببینین، چونکە من ھیچ شتێکم بەدەست نییە.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.