Muslim99Muslim99
← Tafsir library

9. At-Tawba

The Repentance · Medinan · 129 ayahs

سُورَةُ التَّوۡبَةِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 11–20 of 129

11

فَإِن تَابُوا۟ وَأَقَامُوا۟ ٱلصَّلَوٰةَ وَءَاتَوُا۟ ٱلزَّكَوٰةَ فَإِخْوَٰنُكُمْ فِى ٱلدِّينِ ۗ وَنُفَصِّلُ ٱلْءَايَٰتِ لِقَوْمٍۢ يَعْلَمُونَ

جا ئه‌گه‌ر ته‌وبه بکه‌ن و په‌شیمانی ده‌ربڕن و نوێژه‌کانیان ئه‌نجام بده‌ن و زه‌کات له ماڵ و سامانیان ده‌رکه‌ن، ئه‌وه برای دینی ئێوه‌ن، ئێمه‌یش ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کان ڕوون ده‌که‌ینه‌وه بۆ که‌سانێک که ده‌یزانن.

[ فَإِنْ تَابُوا ] دیسان خوای گه‌وره‌ ده‌رگای ته‌وبه‌یان لێ ئه‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌یان كرد له‌ شیرك و كوفریان [ وَأَقَامُوا الصَّلَاةَ وَآتَوُا الزَّكَاةَ ] وه‌ نوێژه‌كانیان كردو زه‌كاتی ماڵه‌كانیاندا [ فَإِخْوَانُكُمْ فِي الدِّينِ ] ئه‌وا ئه‌بن به‌ براتان له‌ دینداو وه‌ك ئێوه‌ موسڵمانن [ وَنُفَصِّلُ الْآيَاتِ لِقَوْمٍ يَعْلَمُونَ (١١) ] به‌م شێوازه‌ ئایه‌ته‌كانی خۆمان ڕوون ئه‌كه‌ینه‌وه‌ درێژه‌ی پێ ئه‌ده‌ین بۆ كه‌سانێك كه‌ زانیاریان هه‌بێ.

12

وَإِن نَّكَثُوٓا۟ أَيْمَٰنَهُم مِّنۢ بَعْدِ عَهْدِهِمْ وَطَعَنُوا۟ فِى دِينِكُمْ فَقَٰتِلُوٓا۟ أَئِمَّةَ ٱلْكُفْرِ ۙ إِنَّهُمْ لَآ أَيْمَٰنَ لَهُمْ لَعَلَّهُمْ يَنتَهُونَ

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه په‌یمانه‌کانیان بشکێنن له‌دوای به‌ستنی و گاڵته‌و تانه‌وته‌شه‌ریان له ئاین و به‌رنامه‌که‌تان ده‌دا، ئه‌وه بجه‌نگن دژی سه‌رانی کوفر، به‌ڕاستی ئه‌وان هیچ په‌یمانێکیان نیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی کۆڵ بده‌ن و واز له بێ باوه‌ڕی خۆیان بهێنن.

[ وَإِنْ نَكَثُوا أَيْمَانَهُمْ مِنْ بَعْدِ عَهْدِهِمْ ] ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ دوای عه‌هدو په‌یمانه‌كه‌ عه‌هدو په‌یمانیان شكاند [ وَطَعَنُوا فِي دِينِكُمْ ] وه‌ تانه‌و ته‌شه‌ریان له‌ دینه‌كه‌ی ئێوه‌ دا [ فَقَاتِلُوا أَئِمَّةَ الْكُفْرِ ] ئه‌وه‌ پێشه‌وایان و سه‌ركرده‌كانی كوفر بكوژن [ إِنَّهُمْ لَا أَيْمَانَ لَهُمْ ] ئه‌وان هیچ به‌ڵێنێكیان نیه‌ به‌ڵكو هه‌موو په‌یمانێكیان شكاندووه‌ [ لَعَلَّهُمْ يَنْتَهُونَ (١٢) ] به‌ڵكو كۆتاییان پێ بێت و له‌ناوبچن، یان ده‌ست له‌ كوفر هه‌ڵبگرن و واز له‌ كوفر بێنن و موسڵمان بن.

13

أَلَا تُقَٰتِلُونَ قَوْمًۭا نَّكَثُوٓا۟ أَيْمَٰنَهُمْ وَهَمُّوا۟ بِإِخْرَاجِ ٱلرَّسُولِ وَهُم بَدَءُوكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ ۚ أَتَخْشَوْنَهُمْ ۚ فَٱللَّهُ أَحَقُّ أَن تَخْشَوْهُ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ

باشه‌، ئایا ئێوه ناجه‌نگن دژی که‌سانێک که به‌ڵێن و په‌یمانه‌کانیان هه‌ڵوه‌شاندوه و هه‌وڵیشیاندا که پێغه‌مبه‌ر ده‌رکه‌ن له شاری (مه‌ککه‌) و هه‌ر ئه‌وانیش یه‌که‌مجار ده‌ستیان کرد به دژایه‌تیتان، ئایا له‌وان ده‌ترسن؟ جا خۆ هه‌ر خوا شایسته‌یه که لێی بترسن ئه‌گه‌ر ئێوه ئیماندارن.

{كافران دەسپێشخەرن لە جەنگ‌و كوشتاردا}

[ أَلَا تُقَاتِلُونَ قَوْمًا نَكَثُوا أَيْمَانَهُمْ ] ئایا ئێوه‌ ئه‌ی موسڵمانان كوشتاری كه‌سانێك ناكه‌ن كه‌ به‌ڵێنی خۆیان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ [ وَهَمُّوا بِإِخْرَاجِ الرَّسُولِ ] وه‌ ویستیان پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - ده‌ربكه‌ن وه‌ك چۆن له‌ مه‌ككه‌ پێغه‌مبه‌ری خوایان - صلى الله عليه وسلم - ده‌ركرد [ وَهُمْ بَدَءُوكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ ] وه‌ یه‌كه‌مجار ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌ر بوون له‌ كوشتاری ئێوه‌دا له‌ (به‌در) كه‌ زانیان كاروانه‌كه‌یشیان رزگارى بووه‌ هه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ تا شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا كردن، وه‌ له‌ پاش رێككه‌وتننامه‌ى (حوده‌یبیه‌)یش هه‌ر ئه‌وان په‌یمانیان شكاندو له‌گه‌ڵ (به‌نى به‌كر)ى هاوپه‌یمانیان كوشتارى (خوزاعه‌)ى هاوپه‌یمانى پێغه‌مبه‌ری خوایان- صلى الله عليه وسلم - كرد [ أَتَخْشَوْنَهُمْ فَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَوْهُ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ (١٣) ] ئایا لێیان ئه‌ترسێن؟ خوای گه‌وره‌ شایه‌نتره‌ كه‌ لێی بترسێن، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕدارن له‌وان مه‌ترسێن چونكه‌ سوودو زیان ته‌نها به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه‌و به‌ده‌ست ئه‌وان نیه‌.

14

قَٰتِلُوهُمْ يُعَذِّبْهُمُ ٱللَّهُ بِأَيْدِيكُمْ وَيُخْزِهِمْ وَيَنصُرْكُمْ عَلَيْهِمْ وَيَشْفِ صُدُورَ قَوْمٍۢ مُّؤْمِنِينَ

(ئه‌ی ئیمانداران) بجه‌نگن دژی بێ باوه‌ڕان، ئه‌وه خوایه که به‌ده‌ستی ئێوه سزایان ده‌دات و سه‌رشۆڕو خه‌جاڵه‌تیان ده‌کات و ئێوه به‌سه‌ریاندا سه‌ر ده‌خات سینه‌ی گرۆی ئیماندارانیش گوشادو ئاسووده ده‌کات و دڵ و ده‌روونیان ساڕێژ ده‌کات (چونکه کاتی خۆی کافره‌کانی مه‌ککه زۆر ئازارو ئه‌شکه‌نجه‌ی ئیماندارانیان ده‌داو بێ به‌زه‌ییانه هه‌ندێکیان لێ شه‌هید کردن).

[ قَاتِلُوهُمْ يُعَذِّبْهُمُ اللَّهُ بِأَيْدِيكُمْ وَيُخْزِهِمْ ] كوشتاری كافران بكه‌ن خوای گه‌وره‌ سزایان ئه‌دات له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌ به‌كوشتن، وه‌ سه‌رشۆڕیان ئه‌كات به‌دیل گرتن [ وَيَنْصُرْكُمْ عَلَيْهِمْ وَيَشْفِ صُدُورَ قَوْمٍ مُؤْمِنِينَ (١٤) ] وه‌ ئێوه‌ سه‌رئه‌خات به‌سه‌ریاندا، وه‌ شیفای دڵی باوه‌ڕدارانیش ئه‌دات به‌وه‌ی كه‌ زاڵ ئه‌بن و سه‌رئه‌كه‌ون به‌سه‌ر كافراندا.

15

وَيُذْهِبْ غَيْظَ قُلُوبِهِمْ ۗ وَيَتُوبُ ٱللَّهُ عَلَىٰ مَن يَشَآءُ ۗ وَٱللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ

هه‌رچی ئازارو کینه‌ش هه‌یه له‌دڵی ئیمانداراندا لای ببات و نه‌یهێڵێت، خوای گه‌وره‌ش ته‌وبه‌و په‌شیمانی له‌و که‌سه وه‌رده‌گرێت که خۆی ده‌یه‌وێت و (شایسته‌یه‌)، خوای گه‌وره زاناو دانایه‌.

[ وَيُذْهِبْ غَيْظَ قُلُوبِهِمْ ] وه‌ ڕق و كینه‌و غه‌م و په‌ژاره‌ی دڵی موسڵمانانیش ناهێلێ كه‌ له‌ كافران تووڕه‌بوون چونكه‌ به‌ڵێنیان شكاند [ وَيَتُوبُ اللَّهُ عَلَى مَنْ يَشَاءُ ] وه‌ خوای گه‌وره‌ خۆش ده‌بێت له‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ ویستی لێ بێت وه‌ك ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ فه‌تحی مه‌ككه‌ موسڵمان بوون [ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (١٥) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر زاناو كاربه‌جێیه‌.

16

أَمْ حَسِبْتُمْ أَن تُتْرَكُوا۟ وَلَمَّا يَعْلَمِ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ جَٰهَدُوا۟ مِنكُمْ وَلَمْ يَتَّخِذُوا۟ مِن دُونِ ٱللَّهِ وَلَا رَسُولِهِۦ وَلَا ٱلْمُؤْمِنِينَ وَلِيجَةًۭ ۚ وَٱللَّهُ خَبِيرٌۢ بِمَا تَعْمَلُونَ

(ئه‌ی ئیمانداران) ئایا پێتان وابوو و واتان ده‌زانی هه‌روا وازتان لێده‌هێنرێت (بێ تاقیکردنه‌وه‌) له‌کاتێکدا هێشتا خوا ده‌ری نه‌خستووه ئه‌وانه‌ی جیهادیان کردووه‌و تێکۆشاون له ئێوه‌و جگه‌له خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی و ئیمانداران که‌سانی تریان نه‌کردووه به‌جێی متمانه‌و ڕازو نهێنی خۆیان، خوایش هه‌میشه ئاگاداره به هه‌موو ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن (به‌ڵام ده‌یه‌وێت هه‌موو ڕاستیه‌کان ده‌رکه‌ون و بێنه‌روو).

[ أَمْ حَسِبْتُمْ أَنْ تُتْرَكُوا وَلَمَّا يَعْلَمِ اللَّهُ الَّذِينَ جَاهَدُوا مِنْكُمْ ] ئایا وا حساب ئه‌كه‌ن و گومان ده‌به‌ن كه‌ خوای گه‌وره‌ وازتان لێ بێنێ و تاقیتان نه‌كاته‌وه‌ تا خوای گه‌وره‌ نه‌زانێ كێ له‌ پێناو خوای گه‌وره‌ جیهادی كردووه‌ به‌ ئیخلاص و دڵسۆزیه‌وه‌ [ وَلَمْ يَتَّخِذُوا مِنْ دُونِ اللَّهِ وَلَا رَسُولِهِ وَلَا الْمُؤْمِنِينَ وَلِيجَةً ] وه‌ جگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌و له‌ پێغه‌مبه‌ری خواو - صلى الله عليه وسلم - له‌ باوه‌ڕداران كه‌سی تریان نه‌كردووه‌ به‌ دۆستی خۆیان وه‌ نهێنی خۆیان یان موسڵمانیان لا دابنێن [ وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ (١٦) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر زانایه‌ به‌ كرده‌وه‌كانی ئێوه‌، وه‌ زانیاریه‌كی وردی هه‌یه‌.

17

مَا كَانَ لِلْمُشْرِكِينَ أَن يَعْمُرُوا۟ مَسَٰجِدَ ٱللَّهِ شَٰهِدِينَ عَلَىٰٓ أَنفُسِهِم بِٱلْكُفْرِ ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ حَبِطَتْ أَعْمَٰلُهُمْ وَفِى ٱلنَّارِ هُمْ خَٰلِدُونَ

شیاو وشایسته نه‌بووه بۆ موشریک و هاوه‌ڵگه‌ران که مزگه‌وته‌کانی خوا ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه‌، له‌کاتێکدا خۆیان شایه‌تن له‌سه‌ر خۆیان که بێ باوه‌ڕن، ئه‌وانه هه‌موو کارو کرده‌وه‌کانیان بێ نرخه و پووچه‌ڵ بۆته‌وه‌، ئه‌وان له‌ناو ئاگری دۆزه‌خدا (له ژیانی کوله مه‌رگیدا) به‌رده‌وامن.

{كێ‌ ماڵی خوا ئاوەدان دەكاتەوە؟}

[ مَا كَانَ لِلْمُشْرِكِينَ أَنْ يَعْمُرُوا مَسَاجِدَ اللَّهِ شَاهِدِينَ عَلَى أَنْفُسِهِمْ بِالْكُفْرِ ] بۆ موشریكان نیه‌ كه‌عبه‌ی پیرۆزى ماڵی خوای گه‌وره‌ ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ خۆیشیان شایه‌تن له‌سه‌ر نه‌فسی خۆیان به‌ كوفر، وه‌ ئه‌زانن كه‌ كوفر به‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن و بت ئه‌په‌رستن [ أُولَئِكَ حَبِطَتْ أَعْمَالُهُمْ ] ئا ئه‌م كافرانه‌ كرده‌وه‌كانیان به‌تاڵ ئه‌بێته‌وه‌و سوودی بۆیان نیه‌، ئه‌و كرده‌وانه‌ی كه‌ شانازی پێوه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ ئه‌ڵێن: ئێمه‌ ماڵی خوای گه‌وره‌ ئاوه‌دان ئه‌كه‌ینه‌وه‌و خزمه‌تی ئه‌كه‌ین [ وَفِي النَّارِ هُمْ خَالِدُونَ (١٧) ] وه‌ به‌ نه‌مرى و هه‌میشه‌یی له‌ ئاگری دۆزه‌خدا ئه‌مێننه‌وه‌.

18

إِنَّمَا يَعْمُرُ مَسَٰجِدَ ٱللَّهِ مَنْ ءَامَنَ بِٱللَّهِ وَٱلْيَوْمِ ٱلْءَاخِرِ وَأَقَامَ ٱلصَّلَوٰةَ وَءَاتَى ٱلزَّكَوٰةَ وَلَمْ يَخْشَ إِلَّا ٱللَّهَ ۖ فَعَسَىٰٓ أُو۟لَٰٓئِكَ أَن يَكُونُوا۟ مِنَ ٱلْمُهْتَدِينَ

به‌ڕاستی ته‌نها ئه‌و که‌سه (به‌دڵ و به‌گیان) مزگه‌وته‌کانی خوا ئاوه‌دان ده‌کاته‌وه (به خواپه‌رستی و نوێکردنه‌وه‌ی) که باوه‌ڕی پته‌وی به‌خواو به‌رۆژی دوایی هێناوه و نوێژه‌کانی به‌چاکی ئه‌نجام داوه‌و زه‌کاتیشی (له ماڵ و سامانی) ده‌رکردووه و له که‌سیش نه‌ترساوه جگه له خوای باڵاده‌ست، جا ئومێده ئه‌و جۆره که‌سانه له ڕیزی ڕێنموویی کراواندا بن.

[ إِنَّمَا يَعْمُرُ مَسَاجِدَ اللَّهِ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ] ته‌نها كه‌سانێك ماڵی خوای گه‌وره‌ ئاوه‌دان ئه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كه‌عبه‌ی پیرۆزو مزگه‌وته‌كانی تر كه‌ ئیمانیان به‌خوای گه‌وره‌و به‌ ڕۆژی دوایی هه‌یه‌ [ وَأَقَامَ الصَّلَاةَ وَآتَى الزَّكَاةَ ] وه‌ نوێژه‌كانیان ئه‌كه‌ن وه‌ زه‌كاتی ماڵیان ئه‌ده‌ن [ وَلَمْ يَخْشَ إِلَّا اللَّهَ ] وه‌ له‌ هیچ كه‌سێك ناترسێن جگه‌ له‌ الله نه‌بێت [ فَعَسَى أُولَئِكَ أَنْ يَكُونُوا مِنَ الْمُهْتَدِينَ (١٨) ] ئا ئه‌مانه‌ به‌دڵنیایی كه‌سانێكن كه‌ خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تی داون، (عَسَى) له‌ قورئانى پیرۆزدا له‌ لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه‌ به‌ ماناى دڵنیایى و واجب بوون دێت، واته‌: ئه‌و شته‌ به‌ دڵنیایى روو ده‌دات.

19

۞ أَجَعَلْتُمْ سِقَايَةَ ٱلْحَآجِّ وَعِمَارَةَ ٱلْمَسْجِدِ ٱلْحَرَامِ كَمَنْ ءَامَنَ بِٱللَّهِ وَٱلْيَوْمِ ٱلْءَاخِرِ وَجَٰهَدَ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ ۚ لَا يَسْتَوُۥنَ عِندَ ٱللَّهِ ۗ وَٱللَّهُ لَا يَهْدِى ٱلْقَوْمَ ٱلظَّٰلِمِينَ

ئایا ئێوه به‌ڕه‌واو دروستان دانا ئاوبه‌خشین به‌حاجیان و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی مزگه‌وتی حه‌رام (که‌عبه‌)، وه‌ک ئه‌و که‌سه وابێت که باوه‌ڕی پته‌وی به‌خواو به‌رۆژی دوایی هێناوه‌و تێکۆشاوه له پێناوی ڕێبازی خوادا؟ ئه‌و دوو ده‌سته‌یه وه‌ک یه‌کنین و له‌یه‌ک ئاستدا نین لای خوا، خوای گه‌وره‌ش هیدایه‌ت و ڕێنموویی قه‌ومی سته‌مکار نادات.

[ أَجَعَلْتُمْ سِقَايَةَ الْحَاجِّ وَعِمَارَةَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ كَمَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَجَاهَدَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ] (نوعمانى كوڕى به‌شیر) ده‌فه‌رمێت: من له‌ لاى مینبه‌ره‌كه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - بووم پیاوێك وتى: ئه‌گه‌ر له‌ پاش ئیسلامه‌تى ته‌نها ئاوى حاجیان بده‌م ئیتر گوێ ناده‌م و به‌لامه‌وه‌ ئاساییه‌و به‌سمه‌، یه‌كێكى تر وتى: ئه‌گه‌ر له‌ پاش ئیسلامه‌تى ته‌نها مزگه‌وتى حه‌رام ئاوه‌دان بكه‌مه‌وه‌ ئیتر گوێ ناده‌م و به‌لامه‌وه‌ ئاساییه‌و به‌سمه‌، یه‌كێكى تر وتى جیهاد كردن له‌ پێناو خوا له‌وانه‌ى وتتان باشتره‌، ئیمامى عومه‌ر به‌رهه‌ڵستى كردن و فه‌رمووى: ده‌نگتان له‌ لاى مینبه‌رى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - به‌رز مه‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ رۆژى هه‌ینییه‌ با نوێژ بكه‌ین ده‌چمه‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - پرسیارتان بۆ ده‌كه‌م، خواى گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر (ئیمامى عه‌بباس) دابه‌زى كه‌ له‌ غه‌زاى به‌در به‌ دیل گیراوتى: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ پێشمان كه‌وتوون به‌ ئیمان هێنان و كۆچ كردن و جیهاد كردن ئه‌وا ئێمه‌یش مزگه‌وتى حه‌راممان ئاوه‌دان ده‌كرده‌وه‌و ئاوى حاجیانمان ده‌دا و دیلمان ئازاد ده‌كرد، واته‌: موشریكان شانازیان به‌سه‌ر موسڵمانانه‌وه‌ ئه‌كرد به‌ خزمه‌ت كردنی كه‌عبه‌، خوای گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاندو فه‌رمووی: ئایا ئێوه‌ كه‌ ئاوی حاجیانی ماڵی خوا ئه‌ده‌ن وه‌ (مسجد الحرام) ئاوه‌دان ئه‌كه‌نه‌وه‌ وه‌كو كه‌سانێك وان كه‌ ئیمانیان به‌خوای گه‌وره‌و به‌ڕۆژی دوایی هێنا بێت، وه‌ جیهادیان كردبێت له‌ پێناو خوای گه‌وره‌ واته‌: موسڵمانان [ لَا يَسْتَوُونَ عِنْدَ اللَّهِ ] ئه‌مانه‌ لای خوای گه‌وره‌ یه‌كسان نین كه‌سێك كافره‌و ئاو به‌حاجی ئه‌دات و مزگه‌وت ئاوه‌دان ئه‌كاته‌وه‌ یه‌كسان نیه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه‌ ئیمانی به‌خواو به‌ڕۆژی دوایی هه‌بێت و جیهاد ئه‌كات له‌ پێناو خوای گه‌وره‌ [ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ (١٩) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تی ئه‌و كه‌سه‌ سته‌مكارانه‌ نادات، واته‌: موشریكان.

20

ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ وَهَاجَرُوا۟ وَجَٰهَدُوا۟ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ بِأَمْوَٰلِهِمْ وَأَنفُسِهِمْ أَعْظَمُ دَرَجَةً عِندَ ٱللَّهِ ۚ وَأُو۟لَٰٓئِكَ هُمُ ٱلْفَآئِزُونَ

ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه و کۆچیان کردووه و جیهادو هه‌وڵ و کۆششیان ئه‌نجامداوه له پێناوی ڕێبازو ڕه‌زامه‌ندیی خوادا به ماڵیان و به‌گیانیان، پله‌پایه‌و پاداشتیان لای خوا بێ سنوور و گه‌وره‌تره‌، ئا ئه‌وانه‌ش که باسکران هه‌ر ئه‌وانه سه‌رفرازو به‌خته‌وه‌رن...

[ الَّذِينَ آمَنُوا وَهَاجَرُوا ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیمانیان هێناوه‌و كۆچیان كردووه‌و ماڵی خۆیان به‌جێ هێشتووه‌ له‌ پێناو خوای گه‌وره‌ [ وَجَاهَدُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ بِأَمْوَالِهِمْ وَأَنْفُسِهِمْ أَعْظَمُ دَرَجَةً عِنْدَ اللَّهِ ] وه‌ جیهادیان كردووه‌ له‌ پێناو خوای گه‌وره‌ به‌ماڵ و نه‌فسیان ئه‌مانه‌ پله‌و پایه‌یان لای خوای گه‌وره‌ یه‌كجار گه‌وره‌تره‌ [ وَأُولَئِكَ هُمُ الْفَائِزُونَ (٢٠) ] وه‌ هه‌ر ئه‌مانه‌ش له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا براوه‌ن و خوای گه‌وره‌ سه‌ریان ئه‌خات و ئه‌یانخاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.