Muslim99Muslim99
← Tafsir library

9. At-Tawba

The Repentance · Medinan · 129 ayahs

سُورَةُ التَّوۡبَةِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 91–100 of 129

91

لَّيْسَ عَلَى ٱلضُّعَفَآءِ وَلَا عَلَى ٱلْمَرْضَىٰ وَلَا عَلَى ٱلَّذِينَ لَا يَجِدُونَ مَا يُنفِقُونَ حَرَجٌ إِذَا نَصَحُوا۟ لِلَّهِ وَرَسُولِهِۦ ۚ مَا عَلَى ٱلْمُحْسِنِينَ مِن سَبِيلٍۢ ۚ وَٱللَّهُ غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ

لاوازو نه‌خۆش و ئه‌وانه‌ش که خه‌رجییان ده‌ست ناکه‌وێت، هیچ گوناهو گله‌ییه‌کیان له‌سه‌ر نیه (له به‌شداری نه‌کردنی غه‌زادا) کاتێک دڵسۆز بن بۆ خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی، له‌سه‌ر ئه‌و چاکه‌خواز و پاکانه هیچ جۆره گله‌یی و ڕه‌خنه‌یه‌ک نیه‌، خوای گه‌وره لێخۆش بووه و میهره‌بانیشه‌.

[ لَيْسَ عَلَى الضُّعَفَاءِ وَلَا عَلَى الْمَرْضَى وَلَا عَلَى الَّذِينَ لَا يَجِدُونَ مَا يُنْفِقُونَ حَرَجٌ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لاوازن وه‌كو ئافره‌ت و مناڵ و پیر، وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ وه‌كو شه‌ل و كوێر، یان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ فه‌قیرن هیچ شتێكیان نیه‌ كه‌ بیبه‌خشن بۆ غه‌زاو جیهاد كردن ئه‌مانه‌ تاوانیان له‌سه‌ر نیه‌ ئه‌گه‌ر دوایش بكه‌ون له‌ جیهاد كردن [ إِذَا نَصَحُوا لِلَّهِ وَرَسُولِهِ ] به‌ڵام به‌مه‌رجیك ئه‌گه‌ر ئامۆژگاری بكه‌ن بۆ خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - ئیمان به‌ خواو پێغه‌مبه‌ری خوا بێنن و - صلى الله عليه وسلم - ئیش به‌ شه‌ریعه‌تی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ن - صلى الله عليه وسلم - وه‌ ئامۆژگاری خه‌ڵكی بكه‌ن بۆ ده‌رچوون بۆ غه‌زا كردن له‌ پێناو خوای گه‌وره‌، وه‌ هاوكاری كافران نه‌كه‌ن [ مَا عَلَى الْمُحْسِنِينَ مِنْ سَبِيلٍ ] ئه‌م چاكه‌كارانه‌ كه‌ عوزریان هه‌یه‌ هیچ ڕێگایه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ سزایان بدات یان لۆمه‌یان بكات لۆمه‌و سزایان له‌سه‌ر نیه‌ [ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٩١) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر لێخۆشبوو به‌به‌زه‌ییه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌.

92

وَلَا عَلَى ٱلَّذِينَ إِذَا مَآ أَتَوْكَ لِتَحْمِلَهُمْ قُلْتَ لَآ أَجِدُ مَآ أَحْمِلُكُمْ عَلَيْهِ تَوَلَّوا۟ وَّأَعْيُنُهُمْ تَفِيضُ مِنَ ٱلدَّمْعِ حَزَنًا أَلَّا يَجِدُوا۟ مَا يُنفِقُونَ

هه‌روه‌ها گله‌یی و ڕه‌خنه نیه له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که دێن بۆ لای تۆ بۆ ئه‌وه‌ی وڵاخی سواریان بۆ په‌یدا بکه‌یت و بێن بۆ جیهاد، تۆش ده‌ڵێیت: هیچ شک نابه‌م تا بتانده‌مێ بۆ سواری (ئیتر به نائومێدی) گه‌ڕانه‌وه‌و چاویان فرمێسکی لێ ده‌ڕژا له خه‌فه‌تدا ئه‌سرینی لێ ده‌باری چونکه هیچ شک نابه‌ن بیبه‌خشن و خه‌رجی بکه‌ن (له پێناوی خوادا، چۆن له غه‌زا دواکه‌وتن)!!.

[ وَلَا عَلَى الَّذِينَ إِذَا مَا أَتَوْكَ لِتَحْمِلَهُمْ ] وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌یش سزایان له‌سه‌ر نیه‌ كاتێك كه‌ دێن بۆ لای تۆ ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - كه‌ حه‌وت كه‌س بوون له‌ ئه‌نصاریه‌كان كه‌ ئاژه‌ڵیان نه‌بوو سواری ببن و بۆ غه‌زا پێی بڕۆن [ قُلْتَ لَا أَجِدُ مَا أَحْمِلُكُمْ عَلَيْهِ ] تۆ پێت وتن هیچ شتێكم نیه‌ كه‌ بتوانم یارمه‌تیتان بده‌م و ئاژه‌ڵتان بده‌مێ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سواری بن و غه‌زای پێ بكه‌ن [ تَوَلَّوْا وَأَعْيُنُهُمْ تَفِيضُ مِنَ الدَّمْعِ حَزَنًا أَلَّا يَجِدُوا مَا يُنْفِقُونَ (٩٢) ] ئه‌وانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌و پشتیانهه‌ڵكردو فرمێسك به‌چاوه‌كانیاندا ئه‌هاته‌ خواره‌وه‌ له‌ غه‌م و خه‌فه‌تدا كه‌ شتێكیان نه‌بوو كه‌ خۆیان بیبه‌خشن یاخود تۆ بیانده‌یتێ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ غه‌زای پێ بكه‌ن.

93

۞ إِنَّمَا ٱلسَّبِيلُ عَلَى ٱلَّذِينَ يَسْتَـْٔذِنُونَكَ وَهُمْ أَغْنِيَآءُ ۚ رَضُوا۟ بِأَن يَكُونُوا۟ مَعَ ٱلْخَوَالِفِ وَطَبَعَ ٱللَّهُ عَلَىٰ قُلُوبِهِمْ فَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ

به‌ڵکو ته‌نها گله‌یی و ڕه‌خنه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌یه که مۆڵه‌تت لێ ده‌خوازن و خۆ ده‌دزنه‌وه‌، له کاتێکدا که ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ست ڕۆیشتوویشن، ڕازین له‌گه‌ڵ پیره ژنان و په‌ککه‌وتواندابن و بمێننه‌وه‌، خوایش مۆری ناوه به‌سه‌ر دڵیاندا، بۆیه ئه‌وانه نازانن (خێر له چیدایه‌).

[ إِنَّمَا السَّبِيلُ عَلَى الَّذِينَ يَسْتَأْذِنُونَكَ وَهُمْ أَغْنِيَاءُ ] ڕێگای سزادان و لۆمه‌كردن ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ داوای ئیزن له‌ تۆ ئه‌كه‌ن كه‌ ئیزنیان بده‌ی بۆ ئه‌وه‌ی دوابكه‌ون له‌ غه‌زاكردن له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن [ رَضُوا بِأَنْ يَكُونُوا مَعَ الْخَوَالِفِ ] خۆیان ڕازی بوونه‌ له‌گه‌ڵ دواكه‌وتوه‌كاندا دابنیشن له‌ ئافره‌تان و پیرو په‌ككه‌وته‌كان [ وَطَبَعَ اللَّهُ عَلَى قُلُوبِهِمْ فَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ (٩٣) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ مۆری له‌سه‌ر دڵیان داوه‌ ئه‌مانه‌ نازانن چ شتێك سوودی بۆیان هه‌یه‌ تا ئه‌نجامی بده‌ن.

94

يَعْتَذِرُونَ إِلَيْكُمْ إِذَا رَجَعْتُمْ إِلَيْهِمْ ۚ قُل لَّا تَعْتَذِرُوا۟ لَن نُّؤْمِنَ لَكُمْ قَدْ نَبَّأَنَا ٱللَّهُ مِنْ أَخْبَارِكُمْ ۚ وَسَيَرَى ٱللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُۥ ثُمَّ تُرَدُّونَ إِلَىٰ عَٰلِمِ ٱلْغَيْبِ وَٱلشَّهَٰدَةِ فَيُنَبِّئُكُم بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ

کاتێک ئێوه له غه‌زا ده‌گه‌ڕێنه‌وه دووڕووه‌کان دێن بۆ لاتان و داوای لێ بووردنتان لێ ده‌که‌ن!! پێیان بڵێ: داوای لێ بووردن مه‌که‌ن، هه‌رگیز باوه‌ڕتان پێناکه‌ین، خوایش ئاگاداری کردووین له هه‌موو هه‌واڵ و هه‌ڵس و که‌وت و گوفتار و نیه‌تێکتان، له ئاینده‌دا خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی کارو کرده‌وه‌تان ده‌بینن (له‌سه‌ر کوفر ده‌مێننه‌وه یاخود په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌؟)، پاشان ده‌برێنه‌وه بۆ لای ئه‌و زاته‌ی که زانا و ئاگای په‌نهان و ئاشکرایه‌، ئینجا ئاگادارتان ده‌کاته‌وه به‌و کارو کرده‌وه‌یه‌ی که ده‌یکه‌ن.

[ يَعْتَذِرُونَ إِلَيْكُمْ إِذَا رَجَعْتُمْ إِلَيْهِمْ ] كاتێكیش كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌ مونافیقان دێن عوزرتان بۆ دێننه‌وه‌ [ قُلْ لَا تَعْتَذِرُوا لَنْ نُؤْمِنَ لَكُمْ ] ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - پێیان بڵێ: عوزر مه‌هێننه‌وه‌ باوه‌ڕتان پێ ناكه‌ین [ قَدْ نَبَّأَنَا اللَّهُ مِنْ أَخْبَارِكُمْ ] به‌ دڵنیایی خوای گه‌وره‌ هه‌واڵی ئێوه‌ی پێ ڕاگه‌یاندووم وه‌حی بۆ دابه‌زاندووم [ وَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ ] له‌ داهاتووشدا خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - كرده‌وه‌تان ئه‌بینن ئایا ته‌وبه‌ ئه‌كه‌ن یان به‌رده‌وام ئه‌بن [ ثُمَّ تُرَدُّونَ إِلَى عَالِمِ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ (٩٤) ] پاشان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای خوای گه‌وره‌ كه‌ زانای نهێنی و ئاشكراكانه‌و هه‌موو شتێك ئه‌زانێ، وه‌ هه‌واڵتان پێ ئه‌دات سه‌باره‌ت به‌و كرده‌وانه‌ی كه‌ كردوتانه‌ وه‌ سزاتان ئه‌دات له‌سه‌رى.

95

سَيَحْلِفُونَ بِٱللَّهِ لَكُمْ إِذَا ٱنقَلَبْتُمْ إِلَيْهِمْ لِتُعْرِضُوا۟ عَنْهُمْ ۖ فَأَعْرِضُوا۟ عَنْهُمْ ۖ إِنَّهُمْ رِجْسٌۭ ۖ وَمَأْوَىٰهُمْ جَهَنَّمُ جَزَآءًۢ بِمَا كَانُوا۟ يَكْسِبُونَ

که ئێوه گه‌ڕانه‌وه (له غه‌زا) بۆ لایان سوێندتان بۆ ده‌خۆن به خوا بۆ ئه‌وه‌ی وازیان لێ بهێنن و سه‌رزه‌نشتیان نه‌که‌ن، جا ئێوه‌ش وازیان لێ بهێنن و پشتیان تێبکه‌ن، چونکه به‌ڕاستی ئه‌وانه (دڵ و ده‌روون) پیسن، شوێن و جێگه‌یان دۆزه‌خه له پاداشتی ئه‌و کارو کرده‌وه‌ی که ده‌یانکرد.

[ سَيَحْلِفُونَ بِاللَّهِ لَكُمْ إِذَا انْقَلَبْتُمْ إِلَيْهِمْ ] كاتێك كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - له‌ غه‌زاى ته‌بوك گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ دواكه‌وتبوون هاتن و بیانویان ده‌هێنایه‌وه‌و سوێندیان ده‌خوارد كه‌ هه‌شتاو چه‌ند كه‌سێك بوون، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - رووكه‌شیه‌كه‌ى لێ وه‌رگرتن و به‌یعه‌تى پێدان و داواى لێخۆشبوونى بۆ كردن و نهێنیشیانى به‌ خواى گه‌وره‌ سپارد، خواى گه‌وره‌ ئه‌م دوو ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند (٩٥-٩٦)، ئه‌وان سوێندتان بۆ ئه‌خۆن به‌ خوای گه‌وره‌ كاتێك كه‌ له‌ غه‌زاكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لایان [ لِتُعْرِضُوا عَنْهُمْ فَأَعْرِضُوا عَنْهُمْ إِنَّهُمْ رِجْسٌ ] بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پشتیان تێ بكه‌ن و لۆمه‌یان نه‌كه‌ن ئێوه‌ پشتیان تێ بكه‌ن و وازیان لێ بێنن وه‌كو بێنرخى و بێڕێزى، چونكه‌ ئه‌مانه‌ نیه‌ت و بیروباوه‌ڕو كرده‌وه‌یان پیسه‌ [ وَمَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ جَزَاءً بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ (٩٥) ] وه‌ شوێنی ئه‌وان ئاگری دۆزه‌خه‌ به‌هۆی ئه‌و كرده‌وه‌ خراپانه‌ی كه‌ كردیان وه‌ له‌ غه‌زا دواكه‌وتن وه‌ نیفاقیان هه‌بوو.

96

يَحْلِفُونَ لَكُمْ لِتَرْضَوْا۟ عَنْهُمْ ۖ فَإِن تَرْضَوْا۟ عَنْهُمْ فَإِنَّ ٱللَّهَ لَا يَرْضَىٰ عَنِ ٱلْقَوْمِ ٱلْفَٰسِقِينَ

هه‌ر سوێندتان بۆ ده‌خۆن تا لێیان ڕازی بن و چاوپۆشییان لێبکه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر ئێوه ڕازی بن لێیان، ئه‌وه بێگومان خوا له که‌سانی له ئایین ده‌رچوو ڕازی نابێت.

[ يَحْلِفُونَ لَكُمْ لِتَرْضَوْا عَنْهُمْ ] وه‌ سوێندیشتان بۆ ئه‌خۆن تا ئێوه‌ لێیان ڕازی بن [ فَإِنْ تَرْضَوْا عَنْهُمْ فَإِنَّ اللَّهَ لَا يَرْضَى عَنِ الْقَوْمِ الْفَاسِقِينَ (٩٦) ] وه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش لێیان ڕازی بن خوای گه‌وره‌ له‌ كه‌سانێكی فاسق و له‌ڕێ ده‌رچوو ڕازی نابێت.

97

ٱلْأَعْرَابُ أَشَدُّ كُفْرًۭا وَنِفَاقًۭا وَأَجْدَرُ أَلَّا يَعْلَمُوا۟ حُدُودَ مَآ أَنزَلَ ٱللَّهُ عَلَىٰ رَسُولِهِۦ ۗ وَٱللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌۭ

زۆربه‌ی عه‌ره‌به کۆچه‌ری و دێهاتی و بیابان نشینه‌کان (له عه‌ره‌به شارنشینه‌کان) دڵ ڕه‌قترن له باره‌ی کوفرو دووڕووییه‌وه (چونکه دوورن له سه‌رچاوه‌کانی زانست و مه‌ده‌نیه‌ته‌وه‌)، شایسته‌ترن ئه‌و سنوورانه نه‌زانن که‌: خوا ناردوویه‌تیه خواره‌وه بۆ پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی (ده‌رباره‌ی حه‌ڵاڵ و حه‌رام) خوای گه‌وره‌ش زانا و دانایه (به به‌نده‌کانی).

[ الْأَعْرَابُ أَشَدُّ كُفْرًا وَنِفَاقًا ] ئه‌عرابیه‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ دوور له‌ شارن و ده‌شتنشینن ئه‌مانه‌ كوفرو نیفاقیان سه‌ختتره‌ چونكه‌ دڵڕه‌قترو توندترو دوورترن له‌وه‌ی كه‌ كه‌لامی خوای گه‌وره‌ ببیستن، هه‌ر بۆیه‌ خواى گه‌وره‌ سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌رانى له‌ شار ناردووه‌و ئه‌عرابى نه‌بوونه‌ [ وَأَجْدَرُ أَلَّا يَعْلَمُوا حُدُودَ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ عَلَى رَسُولِهِ ] وه‌ له‌ پێشترن له‌وه‌ی كه‌ سنووری خوای گه‌وره‌ نه‌زانن له‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ دایبه‌زاندووه‌ بۆ سه‌ر پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى - صلى الله عليه وسلم - له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوورن له‌ شارو شوێنی دابه‌زینی وه‌حیه‌وه‌ [ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (٩٧) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر زاناو كاربه‌جێیه‌.

98

وَمِنَ ٱلْأَعْرَابِ مَن يَتَّخِذُ مَا يُنفِقُ مَغْرَمًۭا وَيَتَرَبَّصُ بِكُمُ ٱلدَّوَآئِرَ ۚ عَلَيْهِمْ دَآئِرَةُ ٱلسَّوْءِ ۗ وَٱللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌۭ

هه‌ر له‌و عه‌ره‌به بیابان نشینانه‌، که‌سانێک هه‌یه که ئه‌وه‌ی ده‌یبه‌خشێت به‌سه‌رانه و غه‌رامه‌ی ده‌زانێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌که‌ن چه‌نده‌ها به‌ڵاو ناخۆشی بێته سه‌رتان، یاخوا مه‌ینه‌تی خراپ به‌سه‌ر ئه‌واندا بێت، خوایش هه‌میشه بیسه‌ره (به گوفتاریان)، زانایه (به نیه‌تیان).

[ وَمِنَ الْأَعْرَابِ مَنْ يَتَّخِذُ مَا يُنْفِقُ مَغْرَمًا ] وه‌ له‌ ناو ده‌شتنشینیشدا ئه‌وانه‌ی كه‌ مونافیقن هه‌یانه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌یبه‌خشێ له‌ پێناو خواى گه‌وره‌ وا ئه‌زانێ غه‌رامه‌ كراوه‌و به‌زۆر لێی سه‌ندراوه‌ چونكه‌ ته‌نها بۆ ڕیای بووه‌ [ وَيَتَرَبَّصُ بِكُمُ الدَّوَائِرَ ] وه‌ چاوه‌ڕێیه‌ كه‌ ئێوه‌ تێكبشكێن و توشى رووداو و به‌ڵا ببن [ عَلَيْهِمْ دَائِرَةُ السَّوْءِ ] خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رمووێ: ئه‌و شته‌ی كه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕێن بۆ موسڵمانان به‌سه‌ر خۆیاندا ئه‌شكێته‌وه‌ له‌ دۆڕاندن و سزاو به‌ڵا [ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ (٩٨) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر بیسه‌رو زانایه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌یڵێن و ئه‌وه‌ی كه‌ شاردوویانه‌ته‌وه‌.

99

وَمِنَ ٱلْأَعْرَابِ مَن يُؤْمِنُ بِٱللَّهِ وَٱلْيَوْمِ ٱلْءَاخِرِ وَيَتَّخِذُ مَا يُنفِقُ قُرُبَٰتٍ عِندَ ٱللَّهِ وَصَلَوَٰتِ ٱلرَّسُولِ ۚ أَلَآ إِنَّهَا قُرْبَةٌۭ لَّهُمْ ۚ سَيُدْخِلُهُمُ ٱللَّهُ فِى رَحْمَتِهِۦٓ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ

له‌و عه‌ره‌به بیابان نشینانه که‌سانی تریان هه‌یه‌که ئیمان و باوه‌ڕ به‌خواو به‌ڕۆژی دوایی ئه‌هێنن و ئه‌وه‌ی خه‌رجی ده‌که‌ن و ده‌یبه‌خشن به‌چه‌نده‌ها هه‌نگاوی نزیک بوونه‌وه‌ی لای خوای داده‌نێن و بۆ ئه‌وه‌ی به‌هره‌مه‌ند بن له چه‌نده‌ها دۆعای خێری پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم)، - ئاگاداربن- به‌ڕاستی ئه‌و به‌خشینه‌یان مایه‌ی سه‌رفرازی و نزیک بوونه‌وه‌یانه له خواوه‌، سه‌رئه‌نجام خوا ده‌یانخاته ژێر سایه‌ی ڕه‌حمه‌تیه‌وه‌، به‌ڕاستی لێخۆشبوو میهره‌بانه‌.

[ وَمِنَ الْأَعْرَابِ مَنْ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ] وه‌ له‌ناو ده‌شتنشینه‌كان جۆرێكی تریان هه‌یه‌ كه‌ ئیمانیان به‌ خواو به‌ ڕۆژی دوایی هه‌یه‌ [ وَيَتَّخِذُ مَا يُنْفِقُ قُرُبَاتٍ عِنْدَ اللَّهِ وَصَلَوَاتِ الرَّسُولِ ] وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌یبه‌خشێ به‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌یبه‌خشێ خۆی له‌ خوای گه‌وره‌ پێ نزیك بكاته‌وه‌، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - دوعایان بۆ بكات [ أَلَا إِنَّهَا قُرْبَةٌ لَهُمْ ] به‌ڵێ وایه‌ به‌ به‌خشینه‌كانیان و به‌ دوعای پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - له‌ خوای گه‌وره‌ نزیك ئه‌بنه‌وه‌ [ سَيُدْخِلُهُمُ اللَّهُ فِي رَحْمَتِهِ ] وه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌یانخاته‌ ناو ڕه‌حم و سۆزو به‌زه‌یی خۆیه‌وه‌ [ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (٩٩) ] به‌ڕاستى خوای گه‌وره‌ زۆر لێخۆشبوو به‌به‌زه‌ییه‌.

100

وَٱلسَّٰبِقُونَ ٱلْأَوَّلُونَ مِنَ ٱلْمُهَٰجِرِينَ وَٱلْأَنصَارِ وَٱلَّذِينَ ٱتَّبَعُوهُم بِإِحْسَٰنٍۢ رَّضِىَ ٱللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا۟ عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّٰتٍۢ تَجْرِى تَحْتَهَا ٱلْأَنْهَٰرُ خَٰلِدِينَ فِيهَآ أَبَدًۭا ۚ ذَٰلِكَ ٱلْفَوْزُ ٱلْعَظِيمُ

خوای میهره‌بان له‌وانه‌ی که پێشکه‌وتن و یه‌که‌م که‌س بوون له ئیسلام بوون و خزمه‌ت کردنی ئیسلامدا له‌کاروانی کۆچبه‌ران و پشتیوانان و ئه‌وانه‌ی که به ڕێکوپێکی شوێنیان که‌وتوون، ڕازی بووه‌و ئه‌وانیش له‌و ڕازی بوون، باخه‌کانی به‌هه‌شتی بۆ ئاماده کردوون که چه‌نده‌ها ڕووبار به به‌رده‌م کۆشکه‌کانی و به‌ژێر دره‌خته‌کانیدا ده‌ڕوات، هاوڕێ له‌گه‌ڵ نه‌مریدا بۆ هه‌میشه‌یش تیایدا ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌و سه‌رئه‌نجامه سه‌ر که‌وتنێکی زۆر گه‌وره‌یه‌.

{خوا لە موهاجیرو ئەنصارو شوێنكەوتوانیان رازییە}

[ وَالسَّابِقُونَ الْأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنْصَارِ ] پێشه‌نگه‌ سه‌ره‌تاكان له‌ كۆچكه‌ره‌كان و پشتیوانان ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ حوده‌یبیه‌ به‌شدارى به‌یعه‌ى ریزوانیان كردووه‌، یان ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - نوێژیان كردووه‌ رووه‌و هه‌ردوو قیبله‌كه‌ [ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُمْ بِإِحْسَانٍ ] وه‌ ئه‌وانه‌یش كه‌ له‌ دوای ئه‌وان هاتوونه‌و شوێنیان كه‌وتوونه‌ به‌ چاكه‌ [ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ ] خوای گه‌وره‌ لێیان ڕازی بووه‌ (ئیتر چۆن ده‌بێت توانج و جوێن و قسه‌ى ناشیرین به‌صه‌حابه‌ بوترێت كه‌ خواى گه‌وره‌ لێیان رازى بووه‌، وه‌ به‌هه‌شتى بۆیان ئاماده‌كردووه‌؟!) [ وَرَضُوا عَنْهُ ] وه‌ ئه‌وانیش به‌و نیعمه‌ت و فه‌زڵه‌ی خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیوون ڕازین [ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ] وه‌ خوای گه‌وره‌ باخ و باخاتی له‌ به‌هه‌شتدا بۆ ئاماده‌ كردوون كه‌ جۆگه‌له‌ ئاو به‌ژێر داره‌كان و ماڵه‌كانیاندا ئه‌ڕوات و به‌نه‌مری و به‌هه‌میشه‌یی تیایدا ئه‌مێننه‌وه‌ (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا به‌هه‌شت دروستكراوه‌و ئاماده‌كراوه‌) [ ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ (١٠٠) ] ئا ئه‌مه‌ بردنه‌وه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌.

At-Tawba 9:100Listen in Qur'an →

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.