Muslim99Muslim99
← Tafsir library

9. At-Tawba

The Repentance · Medinan · 129 ayahs

سُورَةُ التَّوۡبَةِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 41–50 of 129

41

ٱنفِرُوا۟ خِفَافًۭا وَثِقَالًۭا وَجَٰهِدُوا۟ بِأَمْوَٰلِكُمْ وَأَنفُسِكُمْ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ ۚ ذَٰلِكُمْ خَيْرٌۭ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ

(ئه‌ی ئیمانداران هه‌ر کاتێک داواکران بۆ غه‌زا له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تیه‌کی متمانه پێکراوه‌وه‌): ئێوه به‌چه‌کی سووک و سه‌نگین و به‌سواره و پیاده‌تانه‌وه ڕاپه‌ڕن و ئاماده‌بن و جیهاد و تێکۆشان بکه‌ن به‌ماڵ و سامان و گیانتان له پێناوی خوادا، ئه‌وه چاکتره بۆتان ئه‌گه‌ر ئێوه بزانن و تێبگه‌ن.

[ انْفِرُوا خِفَافًا وَثِقَالًا ] ئێوه‌ هه‌مووتان ده‌رچن بۆ جیهاد كردن له‌ پێناو خواى گه‌وره‌ به‌ چوست و چالاك و ته‌مبه‌ڵه‌وه‌، به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌ژاره‌وه‌، به‌گه‌نج و پیره‌وه‌، به‌ پیاده‌و سوارچاكه‌وه‌، به‌ منداڵدارو بێمنداڵه‌وه‌، به‌ خێزاندارو بێخێزانه‌وه‌، به‌ سه‌رقاڵ و ده‌ست به‌تاڵه‌وه‌، هه‌ر هه‌موتان ده‌رچن كاتێك كه‌ جیهادو غه‌زا كردن فه‌رزی عه‌ین بێت، (ئه‌بو ته‌ڵحه‌) (خواى لێ رازى بێت) سوره‌تى ته‌وبه‌ى خوێنده‌وه‌ تا گه‌یشته‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ كوڕه‌كانى فه‌رموو: خواى گه‌وره‌ داواى ده‌رچونمان لێ ده‌كات بۆ غه‌زا به‌پیرو گه‌نجه‌وه‌ ئاماده‌م بكه‌ن بۆ غه‌زا، وتیان ره‌حمه‌تى خوات لێ بێت له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - غه‌زات كرد تا وه‌فاتى كرد، وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بو به‌كر تا وه‌فاتى كرد، وه‌ له‌گه‌ڵ عومه‌ر تا وه‌فاتى كرد، ئێمه‌ له‌ جیاتى تۆ ده‌ڕۆین، رازى نه‌بوو خۆى رۆیشت كوشتارى كرد تا كوژرا له‌ناو كه‌شتى وه‌فاتى كرد هیچ دوورگه‌یه‌كیان ده‌ست نه‌كه‌وت بینێژن تا پاش نۆ رۆژ هیچ لاشه‌ى تێك نه‌چوو پاشان ناشتیان [ وَجَاهِدُوا بِأَمْوَالِكُمْ وَأَنْفُسِكُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ] وه‌ جیهاد بكه‌ن به‌ ماڵ و نه‌فستان له‌ پێناو خوای گه‌وره‌دا [ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ (٤١) ] ئه‌م جیهاد كردنه‌ بۆ ئێوه‌ باشتره‌ له‌وه‌ی كه‌ دانیشن و كه‌مته‌رخه‌می تیادا بكه‌ن ئه‌گه‌ر بزانن.

42

لَوْ كَانَ عَرَضًۭا قَرِيبًۭا وَسَفَرًۭا قَاصِدًۭا لَّٱتَّبَعُوكَ وَلَٰكِنۢ بَعُدَتْ عَلَيْهِمُ ٱلشُّقَّةُ ۚ وَسَيَحْلِفُونَ بِٱللَّهِ لَوِ ٱسْتَطَعْنَا لَخَرَجْنَا مَعَكُمْ يُهْلِكُونَ أَنفُسَهُمْ وَٱللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّهُمْ لَكَٰذِبُونَ

ئه‌گه‌ر (غه‌زای ته‌بووک) ده‌ستکه‌وتێکی ئاسان و نزیک بوایه‌، یا سه‌فه‌رێکی مامناوه‌ندی بوایه‌، ئه‌وه دووڕووه‌کان شوێنت ده‌که‌وتن، به‌ڵام ڕێگه‌ی دوورو پڕ مه‌ینه‌ت بۆ ئه‌وان زه‌حمه‌ته‌، (جا له‌وه‌ودوا دێن) و سوێند به‌زاتی خوا ده‌خۆن و ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر بمانتوانیایه ئه‌وه له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ده‌رده‌چووین و ده‌هاتین بۆ غه‌زا، ئه‌وانه به‌و ڕه‌فتارو درۆیانه‌یان، خۆیان تیاده‌به‌ن، خوایش ده‌زانێت به‌ڕاستی ئه‌وانه درۆزنن.

{هەندێك لە سیفاتی مونافیقان}

[ لَوْ كَانَ عَرَضًا قَرِيبًا وَسَفَرًا قَاصِدًا لَاتَّبَعُوكَ ] ئه‌و جیهاده‌ی كه‌ بانگ ئه‌كرێن بۆی ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و غه‌نیمه‌و سه‌فه‌رێكى نزیك بوایه‌ ئه‌وا ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - مونافیقان شوێنت ئه‌كه‌وتن و دواناكه‌وتن [ وَلَكِنْ بَعُدَتْ عَلَيْهِمُ الشُّقَّةُ ] به‌ڵام سه‌فه‌ره‌كه‌ كه‌ غه‌زای ته‌بووك بوو دوور بوو له‌سه‌ریان وه‌ تووشی مه‌شه‌قه‌ت و نارحه‌تى ئه‌بوون بۆیه‌ دواكه‌وتن [ وَسَيَحْلِفُونَ بِاللَّهِ لَوِ اسْتَطَعْنَا لَخَرَجْنَا مَعَكُمْ ] وه‌ مونافیقان سوێند ئه‌خۆن به‌خوای گه‌وره‌ ئه‌گه‌ر توانامان هه‌بوایه‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵتاندا ده‌رئه‌چووین بۆ جیهاد [ يُهْلِكُونَ أَنْفُسَهُمْ ] به‌ دواكه‌وتنیان له‌ جیهاد وه‌ به‌م سوێنه‌ درۆیینانه‌ خۆیان به‌هیلاك ئه‌ده‌ن و له‌ناو ئه‌ده‌ن [ وَاللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّهُمْ لَكَاذِبُونَ (٤٢) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌زانێ كه‌ ئه‌وان درۆ ئه‌كه‌ن و ئه‌م سوێنانه‌ی كه‌ ئه‌یخۆن سوێندی درۆیه‌.

43

عَفَا ٱللَّهُ عَنكَ لِمَ أَذِنتَ لَهُمْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَكَ ٱلَّذِينَ صَدَقُوا۟ وَتَعْلَمَ ٱلْكَٰذِبِينَ

خوا لێت خۆش بێت (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)! بۆ مۆڵه‌تت دانێ (نه‌ده‌بوایه مۆڵه‌تیان بده‌یتێ) هه‌تا به‌چاکی بۆت ده‌ربکه‌وێت، کێ ڕاسته و باوه‌ڕ دامه‌زراوه‌، کێش درۆزن و دوورووه‌.

[ عَفَا اللَّهُ عَنْكَ لِمَ أَذِنْتَ لَهُمْ ] ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌و مونافیقانه‌ دابه‌زى كه‌ داواى ئیزنیان كرد نه‌چن بۆ غه‌زا كه‌ ئیزن بدرانایا یان نا هه‌ر نه‌ده‌ڕۆیشتن، خوای گه‌وره‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر - صلى الله عليه وسلم - ئه‌فه‌رمووێ خوا لێت ببورێت و عه‌فوت بكات بۆچی ئیزنی مونافیقانتدا كاتێك كه‌ داوایان كرد نه‌یه‌ن بۆ غه‌زاكه‌ [ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكَ الَّذِينَ صَدَقُوا وَتَعْلَمَ الْكَاذِبِينَ (٤٣) ] تا بۆت ده‌ركه‌وێت كامیان ڕاستگۆیه‌و عوزری هه‌یه‌، وه‌ كامیان درۆ ئه‌كات و عوزری شه‌رعی نیه‌ له‌ دواكه‌وتن له‌ غه‌زادا.

44

لَا يَسْتَـْٔذِنُكَ ٱلَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِٱللَّهِ وَٱلْيَوْمِ ٱلْءَاخِرِ أَن يُجَٰهِدُوا۟ بِأَمْوَٰلِهِمْ وَأَنفُسِهِمْ ۗ وَٱللَّهُ عَلِيمٌۢ بِٱلْمُتَّقِينَ

(به‌ڵام) ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌خواو به ڕۆژی دوایی هه‌یه مۆڵه‌تت لێ ناخوازن (خۆ نادزنه‌وه له جیهادو له غه‌زا)، چونکه ئاماده‌ن ماڵ و سامان و گیانیان به‌خت بکه‌ن له پێناوی خوادا، خوایش زانایه به خاوه‌ن ته‌قواو پارێزکاران.

[ لَا يَسْتَأْذِنُكَ الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ أَنْ يُجَاهِدُوا بِأَمْوَالِهِمْ وَأَنْفُسِهِمْ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ باوه‌ڕیان به‌خواو ڕۆژی دوایی هه‌یه‌ داوای ئیزن و ڕوخسه‌تت لێ ناكه‌ن كه‌ ئیزنیان بده‌یت و نه‌یه‌ن بۆ جیهادو جیهاد بكه‌ن به‌ماڵ و به‌ نه‌فسی خۆیان به‌ڵكو ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌كه‌ن له‌و شته‌دا [ وَاللَّهُ عَلِيمٌ بِالْمُتَّقِينَ (٤٤) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ خۆی زۆر زانایه‌ به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن.

45

إِنَّمَا يَسْتَـْٔذِنُكَ ٱلَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِٱللَّهِ وَٱلْيَوْمِ ٱلْءَاخِرِ وَٱرْتَابَتْ قُلُوبُهُمْ فَهُمْ فِى رَيْبِهِمْ يَتَرَدَّدُونَ

(به‌ڵکو) به‌ڕاستی ته‌نها ئه‌وانه مۆڵه‌تت لێ ده‌خوازن که باوه‌ڕ به‌خواو به ڕۆژی دوایی ناهێنن، ئه‌وانه هه‌میشه دوودڵن و دڵه ڕاوکێیانه‌، به‌رده‌وام له گومانی خۆیاندا سه‌رگه‌ردان و وێڵن و دێن و ده‌ڕۆن.

[ إِنَّمَا يَسْتَأْذِنُكَ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ] به‌ڵكو به‌ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ داوای ئیزن له‌ تۆ ئه‌كه‌ن كه‌ نه‌یه‌ن بۆ جیهادو دوابكه‌ون كه‌ باوه‌ڕیان به‌خواو به‌ڕۆژی دوایی نیه‌ واته‌: مونافیقان [ وَارْتَابَتْ قُلُوبُهُمْ ] وه‌ دڵیشیان پڕه‌ له‌ گومان [ فَهُمْ فِي رَيْبِهِمْ يَتَرَدَّدُونَ (٤٥) ] وه‌ ئه‌وان له‌ گومانی خۆیاندا دوودڵ و سه‌رلێشێواون و هیچ عوزرێكیشیان نیه‌و داوای ڕوخسه‌ت ئه‌كه‌ن.

46

۞ وَلَوْ أَرَادُوا۟ ٱلْخُرُوجَ لَأَعَدُّوا۟ لَهُۥ عُدَّةًۭ وَلَٰكِن كَرِهَ ٱللَّهُ ٱنۢبِعَاثَهُمْ فَثَبَّطَهُمْ وَقِيلَ ٱقْعُدُوا۟ مَعَ ٱلْقَٰعِدِينَ

ئه‌گه‌ر ئه‌و دووڕووانه بیانویستایه ده‌رچن (بۆ غه‌زا) ئه‌وه خۆیان بۆ ئاماده ده‌کرد، به‌ڵام خوا چالاکی نواندن و ده‌رچوونی ئه‌وانی نه‌ویست (چونکه دڵ و ده‌روون نه‌خۆش بوون)، له‌به‌ر ئه‌وه سستی کردن و له‌شی قورس کردن پێیان وترا: دانیشن بۆ خۆتان له‌گه‌ڵ پیرو مناڵ و په‌ککه‌وته‌کاندا.

[ وَلَوْ أَرَادُوا الْخُرُوجَ لَأَعَدُّوا لَهُ عُدَّةً ] ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ بوونایه‌و بیانوویستایه‌ له‌گه‌ڵ موسڵماناندا ده‌رچن بۆ جیهاد ئه‌وا ئامێرو كه‌ره‌سته‌كانی جه‌نگیان ئاماده‌ ئه‌كردو خۆیان ئاماده‌ ئه‌كرد بۆ غه‌زاكردن، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر له‌ حه‌قیقه‌تدا نه‌یانوویستووه‌ ده‌رچن [ وَلَكِنْ كَرِهَ اللَّهُ انْبِعَاثَهُمْ ] به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ش پێی ناخۆش بوو كه‌ ئه‌وان ده‌رچن له‌گه‌ڵ موسڵماناندا بۆ غه‌زاكردن [ فَثَبَّطَهُمْ ] بۆیه‌ دوایخستن و داینیشاندن كه‌ نه‌یه‌ن و ده‌رنه‌چن بۆ غه‌زاو جیهاد له‌گه‌ڵ موسڵماناندا [ وَقِيلَ اقْعُدُوا مَعَ الْقَاعِدِينَ (٤٦) ] وه‌ پێیان وترا دانیشن له‌گه‌ڵ دانیشتوواندا ئه‌وانه‌ی كه‌ عوزریان هه‌یه‌ وه‌كو پیرو ئافره‌ت و منداڵ و كوێرو شه‌ل و په‌ككه‌وته‌.

47

لَوْ خَرَجُوا۟ فِيكُم مَّا زَادُوكُمْ إِلَّا خَبَالًۭا وَلَأَوْضَعُوا۟ خِلَٰلَكُمْ يَبْغُونَكُمُ ٱلْفِتْنَةَ وَفِيكُمْ سَمَّٰعُونَ لَهُمْ ۗ وَٱللَّهُ عَلِيمٌۢ بِٱلظَّٰلِمِينَ

ئه‌وانه ئه‌گه‌ر ده‌رچوونایه و له‌ناوتاندا بوونایه هیچیان بۆ ئێوه زیاد نه‌ده‌کرد بێجگه له سستی نه‌بێت (له ئاشووب و گێره شێوێنی زیاتریان له ده‌ست نه‌ده‌هات) و ده‌ستیان ده‌کرد به چرپ و چاپ له‌ناوتاندا و ده‌گه‌ران بۆ دۆزینه‌وه‌ی که‌لێنێک، به‌ئاواتی ئاشووب هه‌ڵگیرساندن له نێوانتاندا، که‌سانێکیش هه‌ن له‌نێو ئێوه‌دا، گوێیان بۆ ده‌گرن، خوایش چاک ئاگاداره به کاروکرده‌وه‌ی سته‌مکاران.

[ لَوْ خَرَجُوا فِيكُمْ مَا زَادُوكُمْ إِلَّا خَبَالًا ] ئه‌گه‌ر ئه‌م مونافیقانه‌ له‌گه‌ڵیشتاندا ده‌رچن بۆ غه‌زاكردن ئه‌وا هیچ شتێكتان بۆ زیاد ناكه‌ن ته‌نها ئاشووبنانه‌وه‌و ئاژاوه‌گێڕان نه‌بێت له‌ نێوانتاندا چونكه‌ ترسنۆكن [ وَلَأَوْضَعُوا خِلَالَكُمْ ] وه‌ نێوانیشتان تێكئه‌ده‌ن به‌ درۆ هه‌ڵئه‌به‌ستن و بوهتان كردن و دووزمانی كردن له‌ نێوانتاندا [ يَبْغُونَكُمُ الْفِتْنَةَ ] هه‌میشه‌ ئه‌یانه‌وێ فیتنه‌و ئاشووب له‌ نێوانتاندا بنێنه‌وه‌ [ وَفِيكُمْ سَمَّاعُونَ لَهُمْ ] وه‌ له‌ناو ئێوه‌ی صه‌حابه‌ش كه‌سانێك هه‌یه‌ كه‌ گوێیان بۆ ئه‌گرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانێ ئه‌مانه‌ مونافیقن و نایانناسێت [ وَاللَّهُ عَلِيمٌ بِالظَّالِمِينَ (٤٧) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر زانایه‌ به‌ سته‌مكاران ئه‌وه‌ی كه‌ ئاوا زوڵم ئه‌كات و ئاژاوه‌ له‌ نێوان موسڵماناندا ئه‌نێته‌وه‌.

48

لَقَدِ ٱبْتَغَوُا۟ ٱلْفِتْنَةَ مِن قَبْلُ وَقَلَّبُوا۟ لَكَ ٱلْأُمُورَ حَتَّىٰ جَآءَ ٱلْحَقُّ وَظَهَرَ أَمْرُ ٱللَّهِ وَهُمْ كَٰرِهُونَ

سوێند به خوا (ئه‌و دووڕووانه‌) پێشتریش هه‌وڵیان داوه فیتنه و ئاشووب (له نێوان ئیمانداراندا) به‌رپا بکه‌ن و چه‌نده‌ها فه‌رمان و نه‌خشه‌یان گۆڕی بۆ ئه‌وه‌ی فێڵت لێ بکه‌ن و وره‌ت بڕوخێنن، هه‌تا خوا کردی حه‌ق هات و سه‌رکه‌وت و دینی خوا پایه‌دار بوو، له‌کاتێکدا ئه‌وان هه‌میشه سه‌غڵه‌تن (به پایه‌داری ئیسلام).

[ لَقَدِ ابْتَغَوُا الْفِتْنَةَ مِنْ قَبْلُ ] ئه‌مان پێش ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ئه‌م غه‌زایه‌ش ده‌رچن له‌ هاتنى پێغه‌مبه‌ری خوا- صلى الله عليه وسلم - بۆ مه‌دینه‌ هه‌ر حاڵیان وابووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ویستوویانه‌ ئاژاوه‌و فیتنه‌ له‌ نێوان موسڵماناندا بنێنه‌وه‌و كێشه‌ له‌ نێوانیاندا دروست بكه‌ن [ وَقَلَّبُوا لَكَ الْأُمُورَ ] وه‌ كاره‌كانیان لێت هه‌ڵگه‌ڕاندۆته‌وه‌ [ حَتَّى جَاءَ الْحَقُّ ] تا له‌ لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ حه‌ق هات، واته‌: سه‌ركه‌وتن كه‌ سه‌ری خستن و پشتیوانی كردن [ وَظَهَرَ أَمْرُ اللَّهِ ] وه‌ دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ ده‌ركه‌وت و ئاشكراو به‌عیززه‌ت بوو [ وَهُمْ كَارِهُونَ (٤٨) ] وه‌ مونافیقان ئه‌م شته‌یان پێ ناخۆش بوو.

49

وَمِنْهُم مَّن يَقُولُ ٱئْذَن لِّى وَلَا تَفْتِنِّىٓ ۚ أَلَا فِى ٱلْفِتْنَةِ سَقَطُوا۟ ۗ وَإِنَّ جَهَنَّمَ لَمُحِيطَةٌۢ بِٱلْكَٰفِرِينَ

(له‌و دووڕووه بێ چاوو ڕووانه‌) که‌سانێک هه‌ن که ده‌ڵێن: مۆڵه‌تم بده‌و تووشی گوناهو سه‌رپێچیم مه‌که‌!! (به‌بیانووی ئه‌وه‌ی له غه‌زادا، له‌وانه‌یه تووشی گوناهو هه‌ڵه ببێت!!) له حاڵێکدا ئه‌و جۆره که‌سانه با چاک بزانن که له گوناهو تاواندا ڕۆچوون، بێگومان دۆزه‌خیش گه‌مارۆی بێ باوه‌ڕانی داوه و (ڕزگاربوونیان ئه‌سته‌مه‌).

[ وَمِنْهُمْ مَنْ يَقُولُ ائْذَنْ لِي وَلَا تَفْتِنِّي ] وه‌ له‌ناو مونافیقانیشدا كه‌سى وا هه‌یه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - ئه‌ڵێ: ئیزنم بده‌ با نه‌یه‌م له‌گه‌ڵتاندا بۆ جیهادو تووشی فیتنه‌م مه‌كه‌، كاتێك كه‌ چوون بۆ غه‌زای ته‌بووك یه‌كێكیان كه‌ (جه‌ددى كوڕى قه‌یس) بوو وتی: من ئه‌گه‌ر ئافره‌تی ڕۆمه‌كان ببینم ئافره‌تیان زۆر جوانه‌ خۆم بۆ ناگیرێ و تووشی فیتنه‌ ئه‌بم بۆیه‌ ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - ئیزنم بده‌ با نه‌یه‌م [ أَلَا فِي الْفِتْنَةِ سَقَطُوا ] خواى گه‌وره‌ فه‌رمووى: ئایا نازانن ئه‌وان خۆیان كه‌وتوونه‌ته‌ ناو فیتنه‌وه‌و له‌ناو فیتنه‌دا ڕۆچوونه‌ ئه‌م عوزره‌ پووچه‌ڵه‌ چیه‌ ئه‌یهێننه‌وه‌ [ وَإِنَّ جَهَنَّمَ لَمُحِيطَةٌ بِالْكَافِرِينَ (٤٩) ] وه‌ دۆزه‌خیش ده‌وری كافرانی داوه‌و شوێنى ده‌رباز بوونیان نیه‌و خوای گه‌وره‌ هه‌موویان له‌ دۆزه‌خدا كۆ ده‌كاته‌وه‌.

50

إِن تُصِبْكَ حَسَنَةٌۭ تَسُؤْهُمْ ۖ وَإِن تُصِبْكَ مُصِيبَةٌۭ يَقُولُوا۟ قَدْ أَخَذْنَآ أَمْرَنَا مِن قَبْلُ وَيَتَوَلَّوا۟ وَّهُمْ فَرِحُونَ

(ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ئه‌گه‌ر خێرو چاکه‌یه‌کت تووش بێت، ئه‌وه ئه‌وان پێی دڵته‌نگ و سه‌غڵه‌ت ده‌بن، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڵاو ناخۆشیه‌کت تووش بێت ئه‌وه ده‌ڵێن: ئێمه پێشتر ده‌ستی خۆمانمان وه‌شاند (باشمان کرد نه‌چووین بۆ جه‌نگ، پێشبینی ئه‌مه‌مان ده‌کرد)، ئه‌وسا پشت هه‌ڵده‌که‌ن له کاتێکدا ئه‌وان دڵخۆش و شادمانن!...

[ إِنْ تُصِبْكَ حَسَنَةٌ تَسُؤْهُمْ ] ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ تووشی خێرو چاكه‌یه‌كت بكات له‌ سه‌ركه‌وتن و غه‌نیمه‌ت ده‌ست كه‌وتن ئه‌وان پێیان ناخۆشه‌و خه‌فه‌تبار ئه‌بن [ وَإِنْ تُصِبْكَ مُصِيبَةٌ ] وه‌ ئه‌گه‌ر تووشی به‌ڵاو موسیبه‌تێك ببیت له‌ جه‌نگێكدا تێكبشكێیت [ يَقُولُوا قَدْ أَخَذْنَا أَمْرَنَا مِنْ قَبْلُ ] ئه‌ڵێن: ئێمه‌ كاری خۆمان كردو پێشتر حسابی خۆمان كردو له‌گه‌ڵیاندا ده‌رنه‌چووین نه‌ك وه‌كو ئه‌وان تووشی ئه‌و به‌ڵاو موسیبه‌ته‌ ببین [ وَيَتَوَلَّوْا وَهُمْ فَرِحُونَ (٥٠) ] وه‌ پشت هه‌ڵئه‌كه‌ن و ئه‌وان دڵخۆشن به‌وه‌ی كه‌ موسڵمانان تێكشكاون و خۆیان پارێزراو بوونه‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.