Muslim99Muslim99
← Tafsir library

9. At-Tawba

The Repentance · Medinan · 129 ayahs

سُورَةُ التَّوۡبَةِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 111–120 of 129

111

۞ إِنَّ ٱللَّهَ ٱشْتَرَىٰ مِنَ ٱلْمُؤْمِنِينَ أَنفُسَهُمْ وَأَمْوَٰلَهُم بِأَنَّ لَهُمُ ٱلْجَنَّةَ ۚ يُقَٰتِلُونَ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ فَيَقْتُلُونَ وَيُقْتَلُونَ ۖ وَعْدًا عَلَيْهِ حَقًّۭا فِى ٱلتَّوْرَىٰةِ وَٱلْإِنجِيلِ وَٱلْقُرْءَانِ ۚ وَمَنْ أَوْفَىٰ بِعَهْدِهِۦ مِنَ ٱللَّهِ ۚ فَٱسْتَبْشِرُوا۟ بِبَيْعِكُمُ ٱلَّذِى بَايَعْتُم بِهِۦ ۚ وَذَٰلِكَ هُوَ ٱلْفَوْزُ ٱلْعَظِيمُ

به‌ڕاستی خوا، گیان و ماڵی له ئیمانداران کڕیوه به‌وه‌ی که به‌هه‌شت بۆ ئه‌وانه‌و به‌شیانه (به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارێکی به‌خشنده‌یه‌، هه‌ر خۆی به‌خشێنه‌ری گیان و ماڵ و سامانه‌، که‌چی ئاوا مامه‌ڵه ده‌کات له‌گه‌ڵ ئیماندارانداو نرخێکی نه‌بڕاوه‌، نرخێکی زۆر گه‌وره‌ی بۆ بڕیارداوه‌، کاتێک له پێناوی ئه‌ودا ده‌یبه‌خشن) ئه‌وانه ده‌جه‌نگن له پێناوی ئاینی خوادا، دوژمنانی ئاینی خوا ده‌کوژن (له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا)، یان ده‌کوژرێن و (شه‌هید ده‌کرێن)، ئه‌و پاداشت و به‌ڵێنه به‌ڕاستی له‌سه‌ر خوایه و باس کراوه له ته‌ورات و ئینجیل و قورئاندا، جا کێ هه‌یه به قه‌ده‌ر خوا به‌وه‌فاو به‌ئه‌مه‌ک بێت بۆ جێ به‌جێکردنی به‌ڵێنه‌کانی، که‌واته زۆر دڵخۆش و کامه‌ران بن به‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی که ئه‌نجامتانداوه و به‌و فرۆشتن و کڕینه‌ی که له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون، بێگومان هه‌ر ئه‌وه‌شه سه‌رفرازی و سه‌رکه‌وتنی نه‌بڕاوه و بێ سنوور.

[ إِنَّ اللَّهَ اشْتَرَى مِنَ الْمُؤْمِنِينَ أَنْفُسَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ بِأَنَّ لَهُمُ الْجَنَّةَ ] (عبدالله¬ى كوڕى ره‌وواحه‌) له‌شه‌وى (به‌یعه‌ى عه‌قه‌به‌)دا به‌ پێغه‌مبه‌ری خواى - صلى الله عليه وسلم - فه‌رموو: مه‌رجى خواى گه‌وره‌و خۆت چیه‌؟ فه‌رمووى: (مه‌رجى خواى گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بیپه‌رستن و شه‌ریكى بۆ دانه‌نێن، وه‌ مه‌رجى خۆمیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بمپارێزن چۆن خۆتان و ماڵ و منداڵتان ده‌پارێزن)، وتیان: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان جێبه‌جێ كرد چیمان بۆ هه‌یه‌؟ فه‌رمووى: (به‌هه‌شت)، وتیان: بازرگانیه‌كى قازانجكردوو براوه‌یه‌، خواى گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: خوای گه‌وره‌ نه‌فس و ماڵی له‌ باوه‌ڕداران كڕیوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا به‌هه‌شتی پێ به‌خشیون [ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَيَقْتُلُونَ وَيُقْتَلُونَ وَعْدًا عَلَيْهِ حَقًّا فِي التَّوْرَاةِ وَالْإِنْجِيلِ وَالْقُرْآنِ ] ئه‌مانه‌ كوشتار ئه‌كه‌ن له‌ پێناو خوای گه‌وره‌دا یان كافران ئه‌كوژن و سه‌ركه‌وتوو ده‌بن یان ئه‌كوژرێن له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ ده‌چنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌ڵێنێكه‌و خوای گه‌وره‌ داویه‌تی و حه‌قه‌و ئه‌یباته‌ سه‌رو له‌ ته‌ورات و ئینجیل و قورئانیشدا ئه‌م شته‌ی باس كردووه‌ [ وَمَنْ أَوْفَى بِعَهْدِهِ مِنَ اللَّهِ ] وه‌ كێ هه‌یه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ زیاتر وه‌عدو به‌ڵێنی خۆی بباته‌ سه‌ر، واته‌: كه‌س نیه‌ [ فَاسْتَبْشِرُوا بِبَيْعِكُمُ الَّذِي بَايَعْتُمْ بِهِ ] موژده‌ بێت له‌و كڕین و فرۆشتنه‌ی كه‌ كردتان له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌داو دڵتان به‌م كڕین و فرۆشتنه‌ خۆش بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی براوه‌ن تیایدا [ وَذَلِكَ هُوَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ (١١١) ] ئا ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین بردنه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنه‌.

At-Tawba 9:111Listen in Qur'an →
112

ٱلتَّٰٓئِبُونَ ٱلْعَٰبِدُونَ ٱلْحَٰمِدُونَ ٱلسَّٰٓئِحُونَ ٱلرَّٰكِعُونَ ٱلسَّٰجِدُونَ ٱلْءَامِرُونَ بِٱلْمَعْرُوفِ وَٱلنَّاهُونَ عَنِ ٱلْمُنكَرِ وَٱلْحَٰفِظُونَ لِحُدُودِ ٱللَّهِ ۗ وَبَشِّرِ ٱلْمُؤْمِنِينَ

(جا ئه‌وانه‌ی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه ده‌که‌ن پێشتر به‌م سیفه‌ته پیرۆزانه خۆیان ڕازاندۆته‌وه‌): ته‌وبه‌کارن و له‌هه‌ڵه‌کانیان په‌شیمانن، خواپه‌رستن (له هه‌موو هه‌ڵس و که‌وتیاندا)، سوپاسگوزارن (له‌سه‌ر هه‌‌موو نازو نیعمه‌تێک)، گه‌ڕۆکن (له‌سه‌ر زه‌ویدا، ئه‌ندێشه‌و بیرو هۆش به‌کارده‌هێنن بۆ بیر کردنه‌وه له بونه‌وه‌رو ده‌وروبه‌ر)، سوژده‌به‌رو کڕنوشبه‌رو نوێژ خوێنن، فه‌رمانده‌رن به‌هه‌موو چاکه‌یه‌ک، قه‌ده‌غه‌ی خراپه‌و هه‌موو نادروستیه‌ک ده‌که‌ن و پارێزه‌رن بۆ سنووره‌کانی خواو قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانی، ئینجا مژده بده به‌ئیمانداران (ئه‌وانه‌ی ئه‌و سیفاتانه له خۆیاندا ده‌هێننه دی).

[ التَّائِبُونَ الْعَابِدُونَ الْحَامِدُونَ السَّائِحُونَ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌وبه‌ ئه‌كه‌ن و له‌ تاوان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌، وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ تاك و ته‌نها عیباده‌تی خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن، وه‌ ئه‌وانه‌ی حه‌مدو سه‌ناو ستایشی خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن له‌ كاتی خۆشی و ناخۆشی، وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ڕۆژوون، یاخود ئه‌وانه‌ی جیهاد ئه‌كه‌ن له‌ پێناو خوای گه‌وره‌ [ الرَّاكِعُونَ السَّاجِدُونَ ] وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ كاتی نوێژدا له‌ ڕكوع و له‌ كڕنوشدان [ الْآمِرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَالنَّاهُونَ عَنِ الْمُنْكَرِ ] وه‌ ئه‌وانه‌ی فه‌رمان به‌ چاكه‌ ئه‌كه‌ن و ڕێگری له‌ خراپه‌ ئه‌كه‌ن [ وَالْحَافِظُونَ لِحُدُودِ اللَّهِ ] وه‌ ئه‌وانه‌ی سنووری خوای گه‌وره‌ ئه‌پارێزن و نایبه‌زێنن و فه‌رمانه‌كانى خوا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن [ وَبَشِّرِ الْمُؤْمِنِينَ (١١٢) ] وه‌موژده‌ بده‌ به‌و ئیماندارانه‌ی كه‌ ئه‌م وه‌سفانه‌یان تیایه‌.

At-Tawba 9:112Listen in Qur'an →
113

مَا كَانَ لِلنَّبِىِّ وَٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓا۟ أَن يَسْتَغْفِرُوا۟ لِلْمُشْرِكِينَ وَلَوْ كَانُوٓا۟ أُو۟لِى قُرْبَىٰ مِنۢ بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُمْ أَصْحَٰبُ ٱلْجَحِيمِ

بۆ پێغه‌مبه‌رو ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان هێناوه‌، ڕه‌وا نیه داوای لێ خۆشبوون بۆ موشریک و هاوه‌ڵگه‌ڕان بکه‌ن هه‌ر چه‌نده ئه‌وانه خزمی نزیکیش بن، دوای ئه‌وه‌ی که بۆیان ڕوون بۆته‌وه که به‌ڕاستی ئه‌وانه نیشته‌جێی دۆزه‌خن (به‌هۆی بێ دینی و تاوان و گوناهیانه‌وه‌).

{نابێت داوای لێخۆشبوون بۆ هاوبەشبڕیاردەران بكرێت}

[ مَا كَانَ لِلنَّبِيِّ وَالَّذِينَ آمَنُوا أَنْ يَسْتَغْفِرُوا لِلْمُشْرِكِينَ وَلَوْ كَانُوا أُولِي قُرْبَى مِنْ بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُمْ أَصْحَابُ الْجَحِيمِ (١١٣) ] ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - دابه‌زی كاتێك كه‌ (ئه‌بو تاڵیب)ی مامه‌ی له‌سه‌ره‌مه‌رگدا بوو پێی وت: (ئه‌ی مامه‌ بڵێ: لا إله‌ إلا الله به‌م وشه‌یه‌ شایه‌تیت بۆ ده‌ده‌م لاى خواى گه‌وره‌)، (ئه‌بوجه‌هل و عبدالله¬ی كوڕی ئه‌بی ئومه‌ییه‌) له‌وێ بوون ئه‌یانوت: له‌ دینه‌كه‌ی باوك و باپیرانت واز نه‌هێنی، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - به‌رده‌وام پێى ده‌وت (بڵێ: لا إله الا الله)، ئه‌وانیش ده‌یانوت واز له‌ دینى (عبدالمطلب) نه‌هێنى، تا (ئه‌بو تاڵب) دوا قسه‌ى وتى ئه‌و له‌سه‌ر دینى (عبدالمطلب) ه‌، وه‌ ره‌تى كرده‌وه‌ بڵێت: لا إله الا الله، وه‌ له‌سه‌ر كوفر مرد، پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - فه‌رمووى: سوێند به‌ خواى گه‌وره‌ داوای لێخۆشبوونت بۆ ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر رێگرى نه‌كرێم له‌ لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه‌، خوای گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند كه‌ نابێ پێغه‌مبه‌ری خواو - صلى الله عليه وسلم - باوه‌ڕداران داوای لێخۆشبوون بۆ موشریكان بكه‌ن ئه‌گه‌ر خزمی نزیكیشیان بێت دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دڵنیا بوون ئه‌مه‌ دۆزه‌خییه‌و كه‌ به‌چاوى خۆت ئه‌بینی له‌سه‌ر كوفرو شیرك ئه‌مرێ، هاوه‌ڵان داواى لێخۆشبوونیان بۆ خزمه‌ مردووه‌ موشریكه‌كانیان ده‌كرد تا ئه‌م ئایه‌ته‌ دابه‌زى، كه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ دابه‌زى وازیان هێنا [ وَمَا كَانَ اسْتِغْفَارُ إِبْرَاهِيمَ لِأَبِيهِ إِلَّا عَنْ مَوْعِدَةٍ وَعَدَهَا إِيَّاهُ ] وه‌ كاتێ ئیبراهیم - صلى الله عليه وسلم - داوای لێخۆشبوونی بۆ باوكی كرد ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ هێشتا بۆی ده‌رنه‌كه‌وتبوو كه‌ باوكی دۆزه‌خییه‌ [ فَلَمَّا تَبَيَّنَ لَهُ أَنَّهُ عَدُوٌّ لِلَّهِ تَبَرَّأَ مِنْهُ ] به‌ڵام كاتێك كه‌ بۆی ده‌ركه‌وت باوكی دوژمنی خوایه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ڕائه‌تی لێ كردو خۆی لێ دوور خسته‌وه‌ [ إِنَّ إِبْرَاهِيمَ لَأَوَّاهٌ حَلِيمٌ (١١٤) ] به‌راستى ئیبراهیم - صلى الله عليه وسلم - زۆر ملكه‌چ بوو بۆ فه‌رمانی خوای گه‌وره‌، وه‌ زۆر به‌به‌زه‌یى بووه‌، وه‌ زۆر دوعاى كردووه‌، وه‌ زۆر له‌سه‌رخۆو لێخۆشبوو لێبوورده‌ بووه‌.

At-Tawba 9:113Listen in Qur'an →
114

وَمَا كَانَ ٱسْتِغْفَارُ إِبْرَٰهِيمَ لِأَبِيهِ إِلَّا عَن مَّوْعِدَةٍۢ وَعَدَهَآ إِيَّاهُ فَلَمَّا تَبَيَّنَ لَهُۥٓ أَنَّهُۥ عَدُوٌّۭ لِّلَّهِ تَبَرَّأَ مِنْهُ ۚ إِنَّ إِبْرَٰهِيمَ لَأَوَّٰهٌ حَلِيمٌۭ

جا دوای لێخۆش بوونی ئیبراهیم بۆ باوکی له‌به‌ر به‌ڵێنێک بوو که پێی دابوو، کاتێک بۆی ده‌ر‌که‌وت به‌ڕاستی باوکی دووژمنی خوایه‌، ئیتر خۆی لێ به‌ری کرد، به‌ڕاستی ئیبراهیم زۆر به‌سۆزو دڵ نه‌رم بوو و زۆر خاوه‌ن حیلم بوو.

[ وَمَا كَانَ اسْتِغْفَارُ إِبْرَاهِيمَ لِأَبِيهِ إِلَّا عَنْ مَوْعِدَةٍ وَعَدَهَا إِيَّاهُ ] وه‌ كاتێ ئیبراهیم - صلى الله عليه وسلم - داوای لێخۆشبوونی بۆ باوكی كرد ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ هێشتا بۆی ده‌رنه‌كه‌وتبوو كه‌ باوكی دۆزه‌خییه‌ [ فَلَمَّا تَبَيَّنَ لَهُ أَنَّهُ عَدُوٌّ لِلَّهِ تَبَرَّأَ مِنْهُ ] به‌ڵام كاتێك كه‌ بۆی ده‌ركه‌وت باوكی دوژمنی خوایه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ڕائه‌تی لێ كردو خۆی لێ دوور خسته‌وه‌ [ إِنَّ إِبْرَاهِيمَ لَأَوَّاهٌ حَلِيمٌ (١١٤) ] به‌راستى ئیبراهیم - صلى الله عليه وسلم - زۆر ملكه‌چ بوو بۆ فه‌رمانی خوای گه‌وره‌، وه‌ زۆر به‌به‌زه‌یى بووه‌، وه‌ زۆر دوعاى كردووه‌، وه‌ زۆر له‌سه‌رخۆو لێخۆشبوو لێبوورده‌ بووه‌.

At-Tawba 9:114Listen in Qur'an →
115

وَمَا كَانَ ٱللَّهُ لِيُضِلَّ قَوْمًۢا بَعْدَ إِذْ هَدَىٰهُمْ حَتَّىٰ يُبَيِّنَ لَهُم مَّا يَتَّقُونَ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ بِكُلِّ شَىْءٍ عَلِيمٌ

هه‌رگیز خوا که‌سانێک گومڕا ناکات دوای ئه‌وه‌ی که هیدایه‌تی داون، هه‌تا بۆیان ڕوون نه‌کاته‌وه که ده‌بێت له‌چی خۆیان بپارێزن، به‌ڕاستی خوا به هه‌موو شتێک زانایه‌.

[ وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيُضِلَّ قَوْمًا بَعْدَ إِذْ هَدَاهُمْ حَتَّى يُبَيِّنَ لَهُمْ مَا يَتَّقُونَ ] وه‌ خوای گه‌وره‌ هیچ كه‌سانێك گومڕا ناكات له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هیدایه‌تی دان و ڕێی ڕاستی نیشان دان تا ئه‌و شته‌یان بۆ ڕوون نه‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆیانی پێ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه‌ ناو گومڕاییه‌وه‌ [ إِنَّ اللَّهَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ (١١٥) ] به‌راستى خوای گه‌وره‌ زۆر زانایه‌ به‌ هه‌موو شتێك.

At-Tawba 9:115Listen in Qur'an →
116

إِنَّ ٱللَّهَ لَهُۥ مُلْكُ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ ۖ يُحْىِۦ وَيُمِيتُ ۚ وَمَا لَكُم مِّن دُونِ ٱللَّهِ مِن وَلِىٍّۢ وَلَا نَصِيرٍۢ

به‌ڕاستی هه‌ر بۆ خوایه خاوه‌نداریه‌تی ئاسمانه‌کان و زه‌وی، ئه‌و خوایه ژیان ده‌به‌خشێت و مردنیش پێش ده‌هێنێت، هه‌رگیز جگه له خوا که‌ستان ده‌ست ناکه‌وێت که یارو یاوه‌رتان بێت و پشتیوانیتان لێ بکات.

[ إِنَّ اللَّهَ لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ يُحْيِي وَيُمِيتُ ] به‌راستى خوای گه‌وره‌ موڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌یه‌و ژیان و مردن ته‌نها به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه‌ [ وَمَا لَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ وَلِيٍّ وَلَا نَصِيرٍ (١١٦) ] وه‌ جگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ ئێوه‌ هیچ دۆست و پشتیوان و سه‌رخه‌رو یارمه‌تیده‌رێكتان نیه‌.

At-Tawba 9:116Listen in Qur'an →
117

لَّقَد تَّابَ ٱللَّهُ عَلَى ٱلنَّبِىِّ وَٱلْمُهَٰجِرِينَ وَٱلْأَنصَارِ ٱلَّذِينَ ٱتَّبَعُوهُ فِى سَاعَةِ ٱلْعُسْرَةِ مِنۢ بَعْدِ مَا كَادَ يَزِيغُ قُلُوبُ فَرِيقٍۢ مِّنْهُمْ ثُمَّ تَابَ عَلَيْهِمْ ۚ إِنَّهُۥ بِهِمْ رَءُوفٌۭ رَّحِيمٌۭ

سوێند به‌خوا به‌ڕاستی خوا ته‌وبه‌ی قبوڵ کرد له پێغه‌مبه‌رو کۆچبه‌ران و پشتیوانان، ئه‌وانه‌ی که شوێنی پێغه‌مبه‌ر که‌وتن له‌کاتی سه‌غڵه‌تی و ته‌نگانه‌دا (له غه‌زای ته‌بووکدا)، دوای ئه‌وه‌ی که خه‌ریک بوو دڵی ده‌سته‌یه‌کیان له خشته بچێت و (بێزاری ده‌ربڕێت)، له‌وه‌ودوا ته‌وبه‌و په‌شیمانی ئه‌وانیشی قبوڵ کرد، چونکه به‌ڕاستی ئه‌و په‌روه‌ردگاره به‌سۆزو میهره‌بانه له‌گه‌ڵیاندا.

[ لَقَدْ تَابَ اللَّهُ عَلَى النَّبِيِّ وَالْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنْصَارِ ] خوای گه‌وره‌ له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - خۆشبوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر ئیزنی مونافیقانی دا كه‌ دواكه‌ون و نه‌یه‌ن بۆ غه‌زا، یاخود له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داوای لێخۆشبوونی بۆ (ئه‌بو تاڵیب)ی مامه‌ی كرد، وه‌ له‌ موهاجیرو ئه‌نصاره‌كان خۆش بوو له‌ هه‌ر تاوانێك كه‌ كردبێتیان [ الَّذِينَ اتَّبَعُوهُ فِي سَاعَةِ الْعُسْرَةِ ] ئه‌وانه‌ی كه‌ شوێن پێغه‌مبه‌ری خوا كه‌وتن - صلى الله عليه وسلم - له‌ غه‌زای (ته‌بووك)دا له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا كه‌ كاتێكی یه‌كجار گه‌رم بوو، وه‌ خواردنیان زۆر كه‌م پێبوو تا خورمایه‌كیان ده‌كرده‌ دوو له‌ته‌وه‌ بۆ دووكه‌س، وه‌ ئاو نه‌بوو زۆر تینوو بوون، وه‌ دوژمن زۆر به‌هێز بوو [ مِنْ بَعْدِ مَا كَادَ يَزِيغُ قُلُوبُ فَرِيقٍ مِنْهُمْ ] كه‌ نزیك بوو دڵی هه‌ندێك له‌ موسڵمانان بگۆڕێت به‌وه‌ی كه‌ دوابكه‌ون له‌ غه‌زاكه‌دا [ ثُمَّ تَابَ عَلَيْهِمْ ] پاشان خوای گه‌وره‌ له‌وانیش خۆشبوو [ إِنَّهُ بِهِمْ رَءُوفٌ رَحِيمٌ (١١٧) ] به‌راستى خوای گه‌وره‌ زۆر به‌ڕه‌ئفه‌ت و ڕه‌حمه‌ت و سۆزو به‌زه‌یی و میهره‌بانه‌ له‌گه‌ڵیان.

At-Tawba 9:117Listen in Qur'an →
118

وَعَلَى ٱلثَّلَٰثَةِ ٱلَّذِينَ خُلِّفُوا۟ حَتَّىٰٓ إِذَا ضَاقَتْ عَلَيْهِمُ ٱلْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ وَضَاقَتْ عَلَيْهِمْ أَنفُسُهُمْ وَظَنُّوٓا۟ أَن لَّا مَلْجَأَ مِنَ ٱللَّهِ إِلَّآ إِلَيْهِ ثُمَّ تَابَ عَلَيْهِمْ لِيَتُوبُوٓا۟ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ هُوَ ٱلتَّوَّابُ ٱلرَّحِيمُ

هه‌روه‌ها ته‌وبه‌ی ئه‌و سێ که‌سه‌شی وه‌رگرت که (له غه‌زای ته‌بووک) دواخران دوای ئه‌وه‌ی که زه‌وی چه‌نده فراوانه لێیان ته‌نگ بۆوه‌، خۆیشیان له خۆیان بێزار بوون، دڵنیاش بوون که هیج په‌نایه‌ک نیه (له‌خه‌شم و قینی خوا بیانپارێزێت) جگه له‌وه‌ی خۆیان بده‌نه په‌نای ئه‌و زاته‌، پاشان ته‌وبه‌ی لێ‌وه‌رگرتن، تا ته‌وبه بکه‌ن، به‌ڕاستی هه‌ر خوا ته‌وبه وه‌رگرو میهره‌بانه‌. (له غه‌زای ته‌بووکدا سیان له هاوه‌ڵان بێ هیچ بیانوویه‌ک خۆیان دواخست که بریتی بوون له {که‌عبی کوڕی مالیک} و {مه‌راره‌ی کوڕی ڕه‌بیع} و {هیلالی کوڕی ئومه‌ییه‌}، کاتێک پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم گه‌ڕایه‌وه‌، دووڕووه‌کان ده‌هاتن و هه‌ریه‌ک به بیانویه‌ک پاکانه‌یان ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و سێ ئیمانداره هیچ بیانویه‌کیان نه‌بوو، دانیان به‌هه‌ڵه‌ی خۆیاندا نا، پێغه‌مبه‌ریش صلی الله علیه وسلم فه‌رمانیدا که‌که‌س قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کات و ده‌بێت نه‌چن به‌لای خێزانه‌کانیاندا، ئه‌م ته‌مێ کردنه‌ش، په‌نجا شه‌و‌ی خایاند.

{سێ‌ كەسە دواكەوتووەكە لە غەزای (تەبوك)}

[ وَعَلَى الثَّلَاثَةِ الَّذِينَ خُلِّفُوا ] وه‌ سه‌باره‌ت به‌و سێ كه‌سه‌ باوه‌ڕداره‌ى له‌و غه‌زایه‌ دواكه‌وتن به‌بێ ئه‌وه‌ی عوزری شه‌رعیان هه‌بێ وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ عوزری درۆیینه‌ بێننه‌وه‌و ڕاستگۆبوون كه‌ (كه‌عبی كوڕی مالیك و هیلالی كوڕی ئومه‌ییه‌و موڕاره‌ی كوڕی ڕه‌بیع) بوو كه‌ هه‌رسێكیان ئه‌نصاری بوون ئه‌وانه‌ی كه‌ كاره‌كه‌یان دواخرا په‌نجا ڕۆژ خوای گه‌وره‌ هێشتیانیه‌وه‌ دوای په‌نجا ڕۆژ خوای گه‌وره‌ لێیان خۆشبوو [ حَتَّى إِذَا ضَاقَتْ عَلَيْهِمُ الْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ ] ئه‌و په‌نجا ڕۆژه‌ ئه‌و زه‌ویه‌ فراوانه‌یان له‌سه‌ر ته‌سك ببۆوه‌ [ وَضَاقَتْ عَلَيْهِمْ أَنْفُسُهُمْ ] وه‌ دڵیان ته‌سك و ته‌نگ بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌س قسه‌ی له‌گه‌ڵیاندا نه‌ئه‌كردو كه‌س سه‌لامی لێیان نه‌ئه‌كردو كه‌س سه‌لامیانی نه‌ئه‌سه‌نده‌وه‌و هه‌جر كرابوون له‌لایه‌ن پێغه‌مبه‌ری خواو - صلى الله عليه وسلم - موسڵمانانه‌وه‌ [ وَظَنُّوا أَنْ لَا مَلْجَأَ مِنَ اللَّهِ إِلَّا إِلَيْهِ ] وه‌ زانیان كه‌ هیچ په‌نایه‌ك نیه‌ په‌نای بۆ به‌رن ئیلا بۆ لای خوای گه‌وره‌ نه‌بێ [ ثُمَّ تَابَ عَلَيْهِمْ ] وه‌ داوای لێخۆشبوونیان له‌ خوا كرد وه‌ ڕاستگۆ بوون له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - خوای گه‌وره‌ له‌ دوای په‌نجا ڕۆژ لێیان خۆشبوو [ لِيَتُوبُوا ] به‌وه‌ی كه‌ ته‌وبه‌كه‌یان قبووڵ بكات وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دواتر دامه‌زراو بن له‌سه‌ر ته‌وبه‌كه‌یان [ إِنَّ اللَّهَ هُوَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ (١١٨) ] به‌راستى خوای گه‌وره‌ زۆر ته‌وبه‌ قبووڵ ئه‌كات له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بۆ لای خوا ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌، وه‌ زۆر به‌ڕه‌حم و به‌زه‌ییه‌

At-Tawba 9:118Listen in Qur'an →
119

يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ ٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ وَكُونُوا۟ مَعَ ٱلصَّٰدِقِينَ

ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه له‌خوا بترسن و پارێزکار بن، هه‌وڵ بده‌ن هه‌میشه له‌گه‌ك ڕاستگۆیان و ڕاستاندا بن.

[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ ] ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن [ وَكُونُوا مَعَ الصَّادِقِينَ (١١٩) ] وه‌ له‌گه‌ڵ ڕاستگۆیاندا بن، واته‌ له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خواو - صلى الله عليه وسلم - هاوه‌ڵان بن.

At-Tawba 9:119Listen in Qur'an →
120

مَا كَانَ لِأَهْلِ ٱلْمَدِينَةِ وَمَنْ حَوْلَهُم مِّنَ ٱلْأَعْرَابِ أَن يَتَخَلَّفُوا۟ عَن رَّسُولِ ٱللَّهِ وَلَا يَرْغَبُوا۟ بِأَنفُسِهِمْ عَن نَّفْسِهِۦ ۚ ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمْ لَا يُصِيبُهُمْ ظَمَأٌۭ وَلَا نَصَبٌۭ وَلَا مَخْمَصَةٌۭ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ وَلَا يَطَـُٔونَ مَوْطِئًۭا يَغِيظُ ٱلْكُفَّارَ وَلَا يَنَالُونَ مِنْ عَدُوٍّۢ نَّيْلًا إِلَّا كُتِبَ لَهُم بِهِۦ عَمَلٌۭ صَٰلِحٌ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ ٱلْمُحْسِنِينَ

ڕه‌وا نه‌بوو بۆ دانیشتوانی مه‌دینه و بیابان نشینانی ده‌وروبه‌ری دوا بکه‌ون (له جیهاد و غه‌زا) له خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم و خۆیان خۆشتر بوێت له‌و، چونکه ئه‌وه به‌ڕاستی هیچ تینوویه‌تی و ماندوو بوون و برسێتیه‌کیان تووش نه‌ده‌هات له‌پێناوی خوادا (به‌زایه بچێت) و نه‌ده‌چوونه هیچ شوێنێک و پێیان نه‌ده‌خسته هیچ جێیه‌ک بێ باوه‌ڕان پێی سه‌غڵه‌ت بن و ده‌ستیان له هیچ دوژمنێک نه‌ده‌وه‌شان، که نه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌کارو کرده‌وه‌یه‌کی چاک بۆیان تۆمار نه‌کرێت، به‌ڕاستی خوا پاداشتی چاکه‌کاران به زایه نادات.

{پاداشتی موجاهیدان}

[ مَا كَانَ لِأَهْلِ الْمَدِينَةِ وَمَنْ حَوْلَهُمْ مِنَ الْأَعْرَابِ أَنْ يَتَخَلَّفُوا عَنْ رَسُولِ اللَّهِ ] خەڵكی مەدینەو ئەوانەی دەوروپشتیان لە ئەعرابیەكان وەكو (موزەینەو جوهەینەو ئەشجەع) ئەوانە بۆیان نیە دوا بكەون لە پێغەمبەری خوا - صلی الله علیه وسلم - [ وَلَا يَرْغَبُوا بِأَنْفُسِهِمْ عَنْ نَفْسِهِ ] وە نابێ خۆیان دووربخەنەوە لە پێغەمبەری خوا - صلی الله علیه وسلم - خۆیان بپارێزن و پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - بە تەنها بڕوات بەڵكو ئەبێ لەگەڵیدا بڕۆن [ ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ لَا يُصِيبُهُمْ ظَمَأٌ وَلَا نَصَبٌ وَلَا مَخْمَصَةٌ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ] ئەمانەی كە لەگەڵ پێغەمبەری خوا - صلی الله علیه وسلم - دەرئەچن بۆ غەزا تووشی هیچ تینووێتی‌و ماندوویەتی‌و برسێتییەك نابن لە پێناو خوای گەورەدا [ وَلَا يَطَئُونَ مَوْطِئًا يَغِيظُ الْكُفَّارَ ] وە هیچ هەنگاوێك هەڵنانێن و پێ ناخەنە شوێنێك كە كافران پێیان ناخۆش بێت‌و بیانترسێنێت [ وَلَا يَنَالُونَ مِنْ عَدُوٍّ نَيْلًا ] وە زاڵ نابن بەسەر دوژمناندا بە كوشتنیان یان بە گرتنیان یان بە تێكشكاندنیان یان بە غەنیمەت وەرگرتن لێیان [ إِلَّا كُتِبَ لَهُمْ بِهِ عَمَلٌ صَالِحٌ ] ئیلا هەر یەكێك لەمانە بە ئەجرو پاداشت و كردەوەی چاك بۆیان ئەنووسرێ و خوای گەورە پاداشتیان ئەداتەوە [ إِنَّ اللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ (١٢٠) ] بەراستی خوای گەورە پاداشتی چاكەكاران نافەوتێنێ.

At-Tawba 9:120Listen in Qur'an →

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.