Muslim99Muslim99
← Tafsir library

7. Al-A'raaf

The Heights · Meccan · 206 ayahs

سُورَةُ الأَعۡرَافِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 141–150 of 206

141

وَإِذْ أَنجَيْنَٰكُم مِّنْ ءَالِ فِرْعَوْنَ يَسُومُونَكُمْ سُوٓءَ ٱلْعَذَابِ ۖ يُقَتِّلُونَ أَبْنَآءَكُمْ وَيَسْتَحْيُونَ نِسَآءَكُمْ ۚ وَفِى ذَٰلِكُم بَلَآءٌۭ مِّن رَّبِّكُمْ عَظِيمٌۭ

یادی ئه‌و کاته‌ش بکه‌ن که ڕزگارمان کردن له دارو ده‌سته‌ی فیرعه‌ون کاتێک که ناسۆرترین ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌دان، به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانه زۆرینه‌ی کوڕه‌کانی ئێوه‌یان ده‌کوشت وئافره‌ته‌کانی ئێوه‌شیان ده‌هێشته‌وه (بۆ که‌نیزه‌کی)، له‌وه‌شدا به‌ڵاو تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره هه‌یه بۆتان له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه (بۆچی زوو فه‌رامۆشتان کرد).

[ وَإِذْ أَنْجَيْنَاكُمْ مِنْ آلِ فِرْعَوْنَ يَسُومُونَكُمْ سُوءَ الْعَذَابِ ] خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رمووێ: وه‌ ئێوه‌مان ڕزگار كرد له‌ ده‌ستی فیرعه‌ون كه‌ سه‌ختترین سزایان به‌ ئێوه‌ ئه‌چه‌شت تا له‌گه‌ڵ سزاكاندا ڕاهاتبوون [ يُقَتِّلُونَ أَبْنَاءَكُمْ ] كه‌ كوڕانتانیان به‌ خراپترین شێواز ئه‌كوشت [ وَيَسْتَحْيُونَ نِسَاءَكُمْ ] وه‌ ئافره‌تانیان ئه‌هێشته‌وه‌ بۆ خزمه‌تكاری [ وَفِي ذَلِكُمْ بَلَاءٌ مِنْ رَبِّكُمْ عَظِيمٌ (١٤١) ] وه‌ له‌م ڕزگار كردنه‌ كه‌ خوا ڕزگاری كردن تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ خوای گه‌وره‌ ئێوه‌ی پێ تاقی ئه‌كاته‌وه‌ تا چه‌ندێ شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن.

Al-A'raaf 7:141Listen in Qur'an →
142

۞ وَوَٰعَدْنَا مُوسَىٰ ثَلَٰثِينَ لَيْلَةًۭ وَأَتْمَمْنَٰهَا بِعَشْرٍۢ فَتَمَّ مِيقَٰتُ رَبِّهِۦٓ أَرْبَعِينَ لَيْلَةًۭ ۚ وَقَالَ مُوسَىٰ لِأَخِيهِ هَٰرُونَ ٱخْلُفْنِى فِى قَوْمِى وَأَصْلِحْ وَلَا تَتَّبِعْ سَبِيلَ ٱلْمُفْسِدِينَ

به‌ڵێنی سی شه‌ومان به موسادا (که خواپه‌رستی تێدا بکات، تا ئاماده بێت بۆ وه‌رگرتنی ته‌ورات) و به ده شه‌وی تر ماوه‌که‌مان ته‌واوکرد، ئینجا کاتی گفتوگۆی موسا له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاریدا ته‌واو بوو که گه‌یشته چل شه‌و، موسا (پێش ڕۆیشتنی بۆ کێوی طور) به هارونی برای وت: ئیتر تۆ له جیاتی من به له‌ناو قه‌وم و عه‌شره‌تمدا ده‌وری چاکسازی ببینه و نه‌که‌یت شوێن ڕێبازی ئه‌وانه بکه‌ویت که چێنه‌ری تۆوی خراپه‌ن.

[ وَوَاعَدْنَا مُوسَى ثَلَاثِينَ لَيْلَةً وَأَتْمَمْنَاهَا بِعَشْرٍ ] خوای گه‌وره‌ به‌ڵێنی به‌ موسا دا - صلی الله علیه وسلم - كه‌ سی شه‌و بێته‌ سه‌ر كێوی (طور) له‌وێ قسه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كات، پاشان خوای گه‌وره‌ ده‌ ڕۆژی تری زیاد كرد بوو به‌ چل [ فَتَمَّ مِيقَاتُ رَبِّهِ أَرْبَعِينَ لَيْلَةً ] مه‌وعیدی خوای گه‌وره‌ بوو به‌ چل شه‌وی ته‌واو [ وَقَالَ مُوسَى لِأَخِيهِ هَارُونَ اخْلُفْنِي فِي قَوْمِي وَأَصْلِحْ ] موسى به‌هارونی برای فه‌رموو (صه‌ڵات و سه‌لامی خوای گه‌وره‌یان لێ بێت) ببه‌ جێنشینی من له‌ناو به‌نی ئیسرائیلدا له‌ناو ئه‌و قه‌ومه‌دا وه‌ چاكسازی بكه‌ له‌ناویانداو كاروباریان به‌ڕێوه‌به‌ره‌ [ وَلَا تَتَّبِعْ سَبِيلَ الْمُفْسِدِينَ (١٤٢) ] به‌ڵام شوێنی ڕێبازو ڕێچكه‌ی ئاشووبگێڕان و خراپه‌كاران نه‌كه‌وی، (ئه‌مه‌ وه‌كو یادخستنه‌وه‌ بوو).

Al-A'raaf 7:142Listen in Qur'an →
143

وَلَمَّا جَآءَ مُوسَىٰ لِمِيقَٰتِنَا وَكَلَّمَهُۥ رَبُّهُۥ قَالَ رَبِّ أَرِنِىٓ أَنظُرْ إِلَيْكَ ۚ قَالَ لَن تَرَىٰنِى وَلَٰكِنِ ٱنظُرْ إِلَى ٱلْجَبَلِ فَإِنِ ٱسْتَقَرَّ مَكَانَهُۥ فَسَوْفَ تَرَىٰنِى ۚ فَلَمَّا تَجَلَّىٰ رَبُّهُۥ لِلْجَبَلِ جَعَلَهُۥ دَكًّۭا وَخَرَّ مُوسَىٰ صَعِقًۭا ۚ فَلَمَّآ أَفَاقَ قَالَ سُبْحَٰنَكَ تُبْتُ إِلَيْكَ وَأَنَا۠ أَوَّلُ ٱلْمُؤْمِنِينَ

جا کاتێک موسا هات بۆ کات و شوێنی دیاریکراومان و په‌روه‌ردگاریشی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا (دیاره له حاڵه‌تێکی ڕۆحی و ده‌روونی زۆر به‌رزدا بووه‌، که‌وتۆته جیهانێکی زۆر سه‌یرو خۆشه‌وه که قه‌ڵه‌م ناتوانێت باسی بکات و زمان ناتوانێت وه‌سفی بکات، ئاخر ناحه‌قی نیه‌، په‌روه‌ردگاری ئه‌م بوونه‌وه‌ره گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌نده‌یه‌کی خۆیدا ئه‌نجام بدات، با پێغه‌مبه‌ریش بێت، بۆیه له خۆشیدا هاته گفت و) وتی: (تو خوا، خوایه گیان، ئه‌ی په‌روه‌ردگاری ئازیزم) خۆتم نیشان بده تا تێر ته‌ماشات بکه‌م، خوای گه‌وره‌ش فه‌رمووی: هه‌رگیز (له دنیادا) نامبینیت (بۆ دڵنیاکردنی له‌وه‌ی که به‌رگه‌ی ته‌جه‌لای زاتی په‌روه‌ردگار ناگرێت) پێی فه‌رموو: به‌ڵام (ئه‌گه‌ر هه‌ر حه‌ز ده‌که‌یت) سه‌یری ئه‌و چیایه بکه‌، جا ئه‌گه‌ر مایه‌وه له جێگه‌ی خۆیدا ئه‌وا له‌وه‌ودوا تۆش من ده‌بینیت، جا کاتێک په‌روه‌ردگاری خۆی نیشانی کێوه‌که‌داو ته‌جه‌لای کرد، کێوه‌که‌ی سووتاند و ورد و خاشی کرد، موساش که‌وت و له هۆش خۆی چوو، ئینجا کاتێک هاته‌وه هۆش خۆی (زانی داخوازیه‌که‌ی زۆر گه‌وره بووه‌) وتی: ستایش و بێگه‌ردی و که‌ماڵ هه‌ر سایشته‌ی تۆیه‌، من په‌شیمانم له داخوازیه‌که‌م و گه‌ڕامه‌وه بۆ لای تۆ و من یه‌که‌م که‌سم له ئیمانداران.

{موسا پێغەمبەر – صلی الله علیه وسلم - داوای بینینی خوای گەورە دەكات لە دونیادا!}

[ وَلَمَّا جَاءَ مُوسَى لِمِيقَاتِنَا ] وه‌ كاتێك كه‌ موسى - صلی الله علیه وسلم - هات بۆ مه‌وعیدی دیاریكراوی له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكات [ وَكَلَّمَهُ رَبُّهُ ] وه‌ په‌روه‌ردگار قسه‌ی له‌گه‌ڵ موسادا كرد به‌بێ واسیته‌ موسا - صلی الله علیه وسلم - قسه‌ی خوای گه‌وره‌ی بیست، (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ خواى گه‌وره‌ قسه‌ ده‌كات و سیفه‌تى قسه‌ كردنى هه‌یه‌) [ قَالَ رَبِّ أَرِنِي أَنْظُرْ إِلَيْكَ ] كاتێك كه‌ موسى - صلی الله علیه وسلم - گوێی له‌ قسه‌ی خوای گه‌وره‌ بوو ئه‌مجا تامه‌زرۆی بینینی خوای گه‌وره‌ بوو، بۆیه‌ فه‌رمووی: ئه‌ی په‌روه‌ردگار ڕێگام بده‌ با بتبینم [ قَالَ لَنْ تَرَانِي ] خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی: ئه‌ی موسى - صلی الله علیه وسلم - له‌ دونیادا تۆ ناتوانی من ببینی، (به‌ڵام فه‌رمووده‌كان موته‌واتیرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ باوه‌ڕداران له‌ قیامه‌ت و به‌هه‌شتدا خوای گه‌وره‌ ئه‌بینن) [ وَلَكِنِ انْظُرْ إِلَى الْجَبَلِ فَإِنِ اسْتَقَرَّ مَكَانَهُ فَسَوْفَ تَرَانِي ] خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی: به‌ڵام ته‌ماشای ئه‌و شاخه‌ بكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ جێی خۆیدا مایه‌وه‌ ئه‌وه‌ تۆیش ئه‌توانی من ببینی [ فَلَمَّا تَجَلَّى رَبُّهُ لِلْجَبَلِ ] كاتێك كه‌ په‌روه‌ردگار خۆی ده‌رخست بۆ شاخه‌كه‌ [ جَعَلَهُ دَكًّا ] شاخه‌كه‌ وردو خاش بوو، بوو به‌ خۆڵ [ وَخَرَّ مُوسَى صَعِقًا ] وه‌ موساش - صلی الله علیه وسلم - له‌هۆش خۆی چوو [ فَلَمَّا أَفَاقَ قَالَ سُبْحَانَكَ ] وه‌ كاتێك هاته‌وه‌ هۆش خۆی وتی: ئه‌ی په‌روه‌ردگار پاك و مونه‌ززه‌هی بۆ تۆ له‌وه‌ی كه‌ داوا بكه‌م له‌ دونیادا تۆ ببینم [ تُبْتُ إِلَيْكَ ] من ته‌وبه‌ ئه‌كه‌م و بۆ لای تۆ ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌و جارێكی تر داواى بینینى تۆ ناكه‌م له‌ دونیادا [ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُؤْمِنِينَ (١٤٣) ] وه‌ من یه‌كه‌م باوه‌ڕدارم له‌ به‌نى ئیسرائیلدا، یان من یه‌كه‌م باوه‌ڕدارم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ كه‌س تا رۆژى قیامه‌ت له‌ دونیادا ناتبینێت.

Al-A'raaf 7:143Listen in Qur'an →
144

قَالَ يَٰمُوسَىٰٓ إِنِّى ٱصْطَفَيْتُكَ عَلَى ٱلنَّاسِ بِرِسَٰلَٰتِى وَبِكَلَٰمِى فَخُذْ مَآ ءَاتَيْتُكَ وَكُن مِّنَ ٱلشَّٰكِرِينَ

(خوای گه‌وره‌) فه‌رمووی: ئه‌ی موسا به‌ڕاستی من تۆم هه‌ڵبژاردوه له‌ناو خه‌ڵکیدا به‌هۆی په‌یامه‌کانمه‌وه و گفتوگۆکردنیشم له‌گه‌ڵ تۆدا، جا هه‌رچیه‌کم پێبه‌خشیوویت به توندو تۆڵی بیگره‌و په‌یڕه‌وی بکه‌و ڕای بگه‌یه‌نه و هه‌میشه و به‌رده‌وام له سوپاسگوزاران به‌.

[ قَالَ يَا مُوسَى إِنِّي اصْطَفَيْتُكَ عَلَى النَّاسِ بِرِسَالَاتِي وَبِكَلَامِي ] خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی: ئه‌ی موسى - صلی الله علیه وسلم - من تۆم هه‌ڵبژاردووه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكى سه‌رده‌مى خۆتدا به‌وه‌ی كه‌ په‌یامی خۆم بۆت ناردووه‌، وه‌ ڕاسته‌وخۆ قسه‌م له‌گه‌ڵدا كردووى به‌بێ واسیته‌ [ فَخُذْ مَا آتَيْتُكَ وَكُنْ مِنَ الشَّاكِرِينَ (١٤٤) ] ئه‌وه‌ی كه‌ پێم به‌خشیویت به‌جوانی وه‌ری بگره‌، وه‌ له‌و كه‌سانه‌ به‌ كه‌ شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م نیعمه‌تانه.

Al-A'raaf 7:144Listen in Qur'an →
145

وَكَتَبْنَا لَهُۥ فِى ٱلْأَلْوَاحِ مِن كُلِّ شَىْءٍۢ مَّوْعِظَةًۭ وَتَفْصِيلًۭا لِّكُلِّ شَىْءٍۢ فَخُذْهَا بِقُوَّةٍۢ وَأْمُرْ قَوْمَكَ يَأْخُذُوا۟ بِأَحْسَنِهَا ۚ سَأُو۟رِيكُمْ دَارَ ٱلْفَٰسِقِينَ

له تابلۆکانی (ته‌وراتیشدا) له هه‌موو بابه‌تێکمان بۆ تۆمار کردبوو، ئامۆژگاری تێرو ته‌واو (بۆ هه‌موو چالاکیه‌کانی ژیان)، هه‌روه‌ها ڕوون کردنه‌وه بۆ هه‌موو شتێک و هه‌موو بابه‌تێک، که‌وابوو ئه‌ی موسا: به‌توندی بیانگره و په‌یڕه‌ویان بکه‌و فه‌رمان به قه‌ومه‌که‌شت بده‌: که به‌جوانترین شێوه وه‌ریان بگرن و په‌یڕه‌ویان بکه‌ن، له ئاینده‌دا خانووبه‌ره و شوێنی تاوانبارو له سنوور ده‌رچوانتان نیشان ده‌ده‌م (چۆن وێرانی ده‌که‌ین).

[ وَكَتَبْنَا لَهُ فِي الْأَلْوَاحِ مِنْ كُلِّ شَيْءٍ ] وه‌ له‌و له‌وحانه‌دا له‌ ته‌وراتدا هه‌موو شتێكمان بۆ نووسیوه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێویستی بێ له‌گه‌ڵ به‌نی ئیسرائیل بۆ دین و دونیایان [ مَوْعِظَةً وَتَفْصِيلًا لِكُلِّ شَيْءٍ ] كه‌ پڕ بووه‌ له‌ په‌ندو ئامۆژگاری وه‌ به‌درێژی ئه‌حكامه‌كانی تیا باسكراوه‌ بۆ هه‌موو شتێ [ فَخُذْهَا بِقُوَّةٍ ] به‌هێزو به‌جوانی و به‌جددی وه‌ری بگره‌و كاری پێ بكه‌ [ وَأْمُرْ قَوْمَكَ يَأْخُذُوا بِأَحْسَنِهَا ] وه‌ فه‌رمان بكه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ت كامه‌ی كه‌ ئه‌جرو پاداشتی زیاترو چاكتره‌ ئه‌وانه‌ له‌ پێشتر وه‌ربگرن [ سَأُرِيكُمْ دَارَ الْفَاسِقِينَ (١٤٥) ] وه‌ شوێنی كافرانیشتان پێ نیشان ئه‌ده‌م كه‌ چۆن خوای گه‌وره‌ له‌ناوی بردوون به‌هۆی كوفریانه‌وه‌.

Al-A'raaf 7:145Listen in Qur'an →
146

سَأَصْرِفُ عَنْ ءَايَٰتِىَ ٱلَّذِينَ يَتَكَبَّرُونَ فِى ٱلْأَرْضِ بِغَيْرِ ٱلْحَقِّ وَإِن يَرَوْا۟ كُلَّ ءَايَةٍۢ لَّا يُؤْمِنُوا۟ بِهَا وَإِن يَرَوْا۟ سَبِيلَ ٱلرُّشْدِ لَا يَتَّخِذُوهُ سَبِيلًۭا وَإِن يَرَوْا۟ سَبِيلَ ٱلْغَىِّ يَتَّخِذُوهُ سَبِيلًۭا ۚ ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمْ كَذَّبُوا۟ بِـَٔايَٰتِنَا وَكَانُوا۟ عَنْهَا غَٰفِلِينَ

ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌ناحه‌ق فیز ده‌که‌ن له زه‌ویداو خۆیان به‌گه‌وره‌تر ده‌نوێنن (له خه‌ڵکی)، له‌مه‌ودوا ڕووی دڵیان وه‌رده‌چه‌رخێنم له تێگه‌یشتنی ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانم، خۆ ئه‌وانه ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ڵگه و نیشانه‌یه‌ک ببینن ئه‌وه باوه‌ڕی پێناکه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕێبازی به‌رژه‌وه‌ندی دنیاو قیامه‌ت ببینن ئه‌وه نایگرنه‌به‌ر، خۆ ئه‌گه‌ر ڕێبازی ئاره‌زوو په‌رستی و گومڕایی ببینن، ئه‌وه ده‌یگرنه به‌رو په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه چونکه به‌ڕاستی ئه‌وان بڕوایان به‌ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه نه‌بوو لێیان بێئاگا بوون.

[ سَأَصْرِفُ عَنْ آيَاتِيَ الَّذِينَ يَتَكَبَّرُونَ فِي الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقِّ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا به‌ناحه‌ق خۆیان به‌گه‌وره‌ زانیوه‌ قه‌ده‌غه‌ی ئه‌وه‌یان لێ ئه‌كه‌م كه‌ له‌ ئایه‌ته‌كانی من تێبگه‌ن، (بۆیه‌ شه‌رمن و خۆبه‌گه‌وره‌زان فێرى زانست و زانیارى نابن) [ وَإِنْ يَرَوْا كُلَّ آيَةٍ لَا يُؤْمِنُوا بِهَا ] وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئایه‌ت و نیشانه‌یه‌ك به‌ڕوونی و ئاشكراش ببینن ئیمانی پێ ناهێنن [ وَإِنْ يَرَوْا سَبِيلَ الرُّشْدِ لَا يَتَّخِذُوهُ سَبِيلًا ] وه‌ ئه‌گه‌ر ڕێگای ڕاست و رزگاریش ببینن نایگرنه‌به‌رو نایكه‌نه‌ ڕێگای خۆیان [ وَإِنْ يَرَوْا سَبِيلَ الْغَيِّ يَتَّخِذُوهُ سَبِيلًا ] وه‌ ئه‌گه‌ر ڕێگای چه‌وت و خراپه‌ ببینن ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن به‌ڕێگای خۆیان و ئه‌یگرنه‌ به‌ر [ ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ كَذَّبُوا بِآيَاتِنَا وَكَانُوا عَنْهَا غَافِلِينَ (١٤٦) ] چونكه‌ ئه‌وان ئایه‌ته‌كانی ئێمه‌یان به‌درۆزانی وه‌ ئه‌وان بێ ئاگابوون لێی.

Al-A'raaf 7:146Listen in Qur'an →
147

وَٱلَّذِينَ كَذَّبُوا۟ بِـَٔايَٰتِنَا وَلِقَآءِ ٱلْءَاخِرَةِ حَبِطَتْ أَعْمَٰلُهُمْ ۚ هَلْ يُجْزَوْنَ إِلَّا مَا كَانُوا۟ يَعْمَلُونَ

جا ئه‌وانه‌ی که ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه و به یه‌کگه‌یشنه‌وه‌یان له دوارۆژدا به‌درۆزانی، ئه‌وانه هه‌موو کاروکرده‌وه‌کانیان پووچ و بێ نرخ و بێ سوود بوو، ئایا پاداشتی هیچ شتێکیان ده‌درێته‌وه جگه له‌وه‌ی که ده‌یانکرد؟!

[ وَالَّذِينَ كَذَّبُوا بِآيَاتِنَا وَلِقَاءِ الْآخِرَةِ ] وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئایه‌ته‌كانی ئێمه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕۆژی قیامه‌تیان به‌درۆزانی وه‌ باوه‌ڕیان پێی نه‌كرد [ حَبِطَتْ أَعْمَالُهُمْ ] ئا ئه‌مانه‌ كرده‌وه‌كانیان به‌تاڵ ئه‌بێته‌وه‌ [ هَلْ يُجْزَوْنَ إِلَّا مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (١٤٧) ] ئایا چاوه‌ڕێی چ شتێكن و چ سزایه‌كیان ئه‌درێته‌وه‌ ته‌نها كرده‌وه‌ی خۆیان نه‌بێ واته‌: خوای گه‌وره‌ سته‌میان لێ ناكات.

Al-A'raaf 7:147Listen in Qur'an →
148

وَٱتَّخَذَ قَوْمُ مُوسَىٰ مِنۢ بَعْدِهِۦ مِنْ حُلِيِّهِمْ عِجْلًۭا جَسَدًۭا لَّهُۥ خُوَارٌ ۚ أَلَمْ يَرَوْا۟ أَنَّهُۥ لَا يُكَلِّمُهُمْ وَلَا يَهْدِيهِمْ سَبِيلًا ۘ ٱتَّخَذُوهُ وَكَانُوا۟ ظَٰلِمِينَ

جا له دوای چوونی موسا (بۆ کێوی طور) قه‌ومه‌که‌ی په‌یکه‌ری گوێره‌که‌یه‌کیان له خشڵه‌کانیان دروست کرد، که بۆڕه‌یه‌کی هه‌بوو!! ئایا ئه‌وان نه‌یانزانی که ئه‌وه به‌ڕاستی قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکات و ڕێنمووییان ناکات بۆ هیچ ڕێیه‌ک، (سه‌یره له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو که‌م و کووڕیانه‌شدا) کردیان به‌خوای خۆیان، ئه‌وانه سته‌مکار بوون.

{ لە غیابی موسا پێغەمبەر – صلی الله علیه وسلم - سامیری گوێرەكە دروست دەكات‌و بەنی ئیسرائیل دەیپەرستن!}

[ وَاتَّخَذَ قَوْمُ مُوسَى مِنْ بَعْدِهِ مِنْ حُلِيِّهِمْ عِجْلًا جَسَدًا لَهُ خُوَارٌ ] له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ موسى - صلی الله علیه وسلم - ڕۆیشت بۆ كێوی (طور) بۆ قسه‌ كردن له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌ (سامیری) كه‌سێكی ناودار بوو له‌ناو به‌نی ئیسرائیلدا ئه‌و خشڵ و زێڕانه‌ی كه‌ پێیان بوو له‌وه‌ گوێره‌كه‌یه‌كى بۆ دروست كردن كه‌ لاشه‌ی هه‌بوو وه‌ ده‌نگی لێوه‌ ئه‌هات و ئه‌یبۆڕاند [ أَلَمْ يَرَوْا أَنَّهُ لَا يُكَلِّمُهُمْ ] به‌ڵام خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رمووێ: ئایا نابینن ئه‌مه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ خوا بوایه‌ ئه‌بوایه‌ قسه‌ی بكردایه‌و خوا ئه‌بێ قسه‌ بكات و سیفه‌تى قسه‌ كردنى هه‌یه‌ [ وَلَا يَهْدِيهِمْ سَبِيلًا اتَّخَذُوهُ ] وه‌ هیچ ڕێگایه‌كی باشیان نیشان نادات كه‌ بیگرنه‌ به‌ر [ وَكَانُوا ظَالِمِينَ (١٤٨) ] وه‌ ئه‌مانه‌ كه‌سانێكی سته‌مكار بوون چونكه‌ ئه‌و گوێره‌كه‌یان په‌رست.

Al-A'raaf 7:148Listen in Qur'an →
149

وَلَمَّا سُقِطَ فِىٓ أَيْدِيهِمْ وَرَأَوْا۟ أَنَّهُمْ قَدْ ضَلُّوا۟ قَالُوا۟ لَئِن لَّمْ يَرْحَمْنَا رَبُّنَا وَيَغْفِرْ لَنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ ٱلْخَٰسِرِينَ

کاتێکیش که له ده‌ستیان چوو و په‌شیمان بوونه‌وه و (ڕاستییان بۆ ده‌رکه‌وت و گوێره‌که بوو به په‌ند له‌به‌ر چاویان) زانیان و دڵنیا بوون که به‌ڕاستی گومڕا بوون و وتیان: سوێند به خوا ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارمان به‌زه‌یی پیاماندا نه‌یه‌ته‌وه و لێمان خۆش نه‌بێت، ئه‌وه به‌ڕاستی له زه‌ره‌رمه‌ندانین.

[ وَلَمَّا سُقِطَ فِي أَيْدِيهِمْ ] وه‌ كاتێك كه‌ شته‌كه‌ له‌ده‌ستیان به‌ر بۆوه‌، واته‌: په‌شیمان بوونه‌وه‌ لێی و شته‌كه‌ له‌ده‌ستیان ڕوویدا ئه‌ویش له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی موسى - صلی الله علیه وسلم - له‌ دوای چل شه‌وه‌كه‌ [ وَرَأَوْا أَنَّهُمْ قَدْ ضَلُّوا ] وه‌ زانیان كه‌ گومڕا بوونه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و گوێره‌كه‌یان په‌رستووه‌ [ قَالُوا لَئِنْ لَمْ يَرْحَمْنَا رَبُّنَا وَيَغْفِرْ لَنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ (١٤٩) ] وتیان: ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگار ڕه‌حممان لێ نه‌كات وه‌ لێمان خۆش نه‌بێ ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ زه‌ره‌رمه‌ندان ئه‌بین له‌ دونیاو قیامه‌تدا.

Al-A'raaf 7:149Listen in Qur'an →
150

وَلَمَّا رَجَعَ مُوسَىٰٓ إِلَىٰ قَوْمِهِۦ غَضْبَٰنَ أَسِفًۭا قَالَ بِئْسَمَا خَلَفْتُمُونِى مِنۢ بَعْدِىٓ ۖ أَعَجِلْتُمْ أَمْرَ رَبِّكُمْ ۖ وَأَلْقَى ٱلْأَلْوَاحَ وَأَخَذَ بِرَأْسِ أَخِيهِ يَجُرُّهُۥٓ إِلَيْهِ ۚ قَالَ ٱبْنَ أُمَّ إِنَّ ٱلْقَوْمَ ٱسْتَضْعَفُونِى وَكَادُوا۟ يَقْتُلُونَنِى فَلَا تُشْمِتْ بِىَ ٱلْأَعْدَآءَ وَلَا تَجْعَلْنِى مَعَ ٱلْقَوْمِ ٱلظَّٰلِمِينَ

جا کاتێک موسا گه‌ڕایه‌وه بۆ لای قه‌ومه‌که‌ی (زانی بووی خه‌ریکی گوێره‌که په‌رستین) زۆر به‌توڕه‌یی و په‌ستی و غه‌مباریه‌وه وتی: به‌ڕاستی دوای ڕۆشتنی من جێنشینیه‌کی خراپی منتان کرد، ئه‌وه په‌له‌تان کرد له واده‌ی په‌روه‌ردگارتاندا؟ (ئیتر له‌داخی ئه‌و لادان و سه‌رگه‌ردانیه‌) تابلۆکانی (ته‌ورات)ی فڕێداو په‌لاماری قژی (هاروون)ی برای داو ڕای کێشا بۆ لای خۆی، (هاروون) وتی: کوڕی دایکم (خه‌تای من نه‌بوو، من زۆر هه‌وڵمدا به‌ڵام بێ سوود بوو) به ڕاستی ئه‌و خه‌ڵکه زۆریان بۆ هێنام و هێزیان لێسه‌ندم، خه‌ریک بوو بشمکوژن (کاکه گیان) که‌وابوو دوژمنانم پێ شاد مه‌که و له‌گه‌ڵ قه‌ومی سته‌مکاردا حسابم بۆ مه‌که‌.

[ وَلَمَّا رَجَعَ مُوسَى إِلَى قَوْمِهِ غَضْبَانَ أَسِفًا ] وه‌ كاتێك كه‌ موسى - صلی الله علیه وسلم - گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لای قه‌ومه‌كه‌ی وه‌ كه‌ بینی گوێلكیان په‌رستووه‌ زۆر تووڕه‌ بوو (أَسِفًا) واته‌: تووڕه‌بوونێكی سه‌ختتر له‌ غه‌زه‌ب [ قَالَ بِئْسَمَا خَلَفْتُمُونِي مِنْ بَعْدِي ] فه‌رمووى خراپترین كارتان له‌ دوای من كرد كه‌ گوێلكتان په‌رست [ أَعَجِلْتُمْ أَمْرَ رَبِّكُمْ ] ئایا په‌له‌تان كردو چاوه‌ڕێی ئه‌و مه‌وعیده‌ی خوای گه‌وره‌تان نه‌كرد كه‌ چل شه‌وه‌كه‌ بوو [ وَأَلْقَى الْأَلْوَاحَ ] موسى - صلی الله علیه وسلم - ئه‌و له‌وحانه‌ی كه‌ ته‌وراتی تیا نووسرا بوو له‌ تووڕه‌ییدا فڕێی دا [ وَأَخَذَ بِرَأْسِ أَخِيهِ يَجُرُّهُ إِلَيْهِ ] وه‌ كردی به‌ قژی هارونی برایداو - صلی الله علیه وسلم - ڕای كێشا بۆ لای خۆی، وه‌ له‌ ئایه‌تی تردا كردى به‌ قژو ڕیشیدا [ قَالَ ابْنَ أُمَّ ] هارونیش - صلی الله علیه وسلم - وتی: ئه‌ی كوڕی دایكم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایكی موسڵمان بوو، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌حم و سۆزی ڕاكێشێ [ إِنَّ الْقَوْمَ اسْتَضْعَفُونِي ] به‌ڕاستی ئه‌م قه‌ومه‌ منیان لاواز كرد وه‌ توانای ئه‌وانم نه‌بوو [ وَكَادُوا يَقْتُلُونَنِي ] وه‌ نزیك بوو بمكوژن [ فَلَا تُشْمِتْ بِيَ الْأَعْدَاءَ ] تۆ دوژمنم پێ دڵخۆش مه‌كه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئاوام لێ ئه‌كه‌ی [ وَلَا تَجْعَلْنِي مَعَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ (١٥٠) ] وه‌ من مه‌كه‌ره‌ ناو ئه‌و كه‌سه‌ زاڵمانه‌ی كه‌ گوێلكیان په‌رستووه‌ خۆ من وه‌كو ئه‌وانم نه‌كردووه.

Al-A'raaf 7:150Listen in Qur'an →

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.