Muslim99Muslim99
← Tafsir library

3. Aal-i-Imraan

The Family of Imraan · Medinan · 200 ayahs

سُورَةُ آلِ عِمۡرَانَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 151–160 of 200

151

سَنُلْقِى فِى قُلُوبِ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ ٱلرُّعْبَ بِمَآ أَشْرَكُوا۟ بِٱللَّهِ مَا لَمْ يُنَزِّلْ بِهِۦ سُلْطَٰنًۭا ۖ وَمَأْوَىٰهُمُ ٱلنَّارُ ۚ وَبِئْسَ مَثْوَى ٱلظَّٰلِمِينَ

(ئه‌ی گرۆی ئیمانداران دڵنیابن) که له‌مه‌ودوا ئێمه‌: ترس و بیم فڕێ ده‌ده‌ینه دڵی ئه‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی شه‌ریک و هاوه‌ڵیان بۆ خوا بڕیارداوه بێ ئه‌وه‌ی خوا هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی پێدابن (بۆ دانانی هاوه‌ڵگه‌ری)، ئه‌وانه سه‌ره‌نجامی گه‌ڕانه‌وه‌یان ئاگری دۆزه‌خه که چه‌ند ناخۆش و خراپه جێگه‌ی سته‌مکاران.

بێگومان ترس و بیم دەخەینە دڵێ ئەوانەی باوەڕیان نیە بە خوای گەورە، تاوایان لێدێت کە ناتوانن لەبەرامبەرتاندا خۆیان ڕابگرن بۆ جەنگ لەگەڵتاندا، ئەویش بەھۆی ئەوەی لەگەڵ خوای گەورە خوایەکی تریشیان بە ھەواو وئارەزووی خۆیان داناوە، بەبێ ئەوەی ھیچ بەلگەیەکیان ھەبێت، وە بێگومان ئەو جێگایەشی کە دەگەڕێنەوە بۆی ئاگری دۆزەخە، کە خراپترین جێگا و مەئوای ستەمکارانە.

Aal-i-Imraan 3:151Listen in Qur'an →
152

وَلَقَدْ صَدَقَكُمُ ٱللَّهُ وَعْدَهُۥٓ إِذْ تَحُسُّونَهُم بِإِذْنِهِۦ ۖ حَتَّىٰٓ إِذَا فَشِلْتُمْ وَتَنَٰزَعْتُمْ فِى ٱلْأَمْرِ وَعَصَيْتُم مِّنۢ بَعْدِ مَآ أَرَىٰكُم مَّا تُحِبُّونَ ۚ مِنكُم مَّن يُرِيدُ ٱلدُّنْيَا وَمِنكُم مَّن يُرِيدُ ٱلْءَاخِرَةَ ۚ ثُمَّ صَرَفَكُمْ عَنْهُمْ لِيَبْتَلِيَكُمْ ۖ وَلَقَدْ عَفَا عَنكُمْ ۗ وَٱللَّهُ ذُو فَضْلٍ عَلَى ٱلْمُؤْمِنِينَ

سوێند بێت، خوا به‌ڵێنی خۆی بۆ ئێوه به‌ڕاستی برده‌سه‌ر (له‌سه‌ره‌تای جه‌نگی ئوحود)دا، هه‌ر به‌مۆڵه‌ت و یارمه‌تی ئه‌و، (دوژمنانتان) به‌گیر هێناو تێکتان شکاندن، هه‌تا ئه‌وکاته‌ی که ساردیی ڕووی تێکردن و بوو به کێشه‌تان له‌سه‌ر هه‌ندێک شت و یاخی بوون (له فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) سه‌نگه‌رتان چۆڵ کرد) دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێک شتی نیشاندان که حه‌زتان لێده‌کرد، هه‌تانه دنیای ده‌وێت و هه‌تانه قیامه‌تی مه‌به‌سته‌، له‌وه‌ودوا ده‌ستی ئێوه‌ی کۆتاکرد (له دوژمنان) تا تاقیتان بکاته‌وه‌، سوێند بێت، به‌ڕاستی خوا چاوپۆشی لێکردن و لێتان خۆشبوو و خوا فه‌زڵ و ڕێزی هه‌یه بۆ ئیمانداران.

ئەو پەیمان و بەڵێنەی کە خوای گەورە پێی دابوون لە ڕۆژی ئوحوددا بەجێی ھێنا و سەری خستن بەسەر دوژمنەکانتاندا، کاتێک ئێوە بەیارمەتی خوا بە توندی لەگەڵیان جەنگان، تا ئەو کاتەی ئێوە تووشی سستی و لاوازی بوون و خۆتان ڕانەگرت لەبەرامبەر ئەو فەرمانەی کە پێغەمبەری خوا پێی کردبوون، وە جیاوازی کەوتە نێوانتانەوە کە ئایا لەجێگا و شوێنەکانی خۆتان بمێننەوە یان بەجێی بھێڵن و بچن بۆ کۆکردنەوەی غەنیمە و دەستکەوتەکانی شەڕ، ئەوە بوو سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەرتان کرد کە فەرمانی پێکردبوون بەھەموو شێوەیەک لەجێگای خۆتان بمێننەوە، ئەمەش دوای ئەو سەرکەوتنەی بەسەر دوژمنەکانتاندا کە حەزتان پێی بوو خوای گەورە پێی پیشاندان، بەڵام ھەندێکتان حەزی بە دەستکەوتەکانی دونیا ھەبوو، ئەویش ئەوانە بوون کە شوێن و جێگاکانی خۆیان بەجێھێڵا، وە ھەندێکی تریشتان پاداشتی دواڕۆژیان ویست، ئەویش ئەوانەتان بوون کە گوێڕایەڵی فەرمانەکەی پێغەمبەر بوون و شوێن و جێگاکانی خۆیان بەجێ نەھێڵا و چۆڵیان نەکرد، پاشان ئەوە بوو خوای گەورە داینە دەست ئەوان و ئەوانی سەرخست بەسەرتاندا، بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، بۆ ئەوەی باوەڕداری خۆڕاگر لەسەر بەڵا و ناڕەحەتییەکان بەدیار بکەوێت لەو باوەڕدارەی کە ھەڵخلیسکا و دەرونی لاواز بوو، بەڵام خوای گەورە لەو سەرپێچییەی کە کردتان لەبەرامبەر فەرمانی پێغەمبەرەکەی لێتان خۆش بوو، چونکە خوای گەورە خاوەنی فەزڵی گەورەیە بەسەر باوەڕدارانەوە کاتێک ڕێنوێنی کردوون بۆ سەر ئیمان و باوەڕ، وە لەتاوان و گوناھەکانتان خۆش بوو، وە لەسەر ئەو ناخۆشی و ناڕەحەتیانەش دووچارتان بوو پاداشتی خێری دانەوە.

Aal-i-Imraan 3:152Listen in Qur'an →
153

۞ إِذْ تُصْعِدُونَ وَلَا تَلْوُۥنَ عَلَىٰٓ أَحَدٍۢ وَٱلرَّسُولُ يَدْعُوكُمْ فِىٓ أُخْرَىٰكُمْ فَأَثَٰبَكُمْ غَمًّۢا بِغَمٍّۢ لِّكَيْلَا تَحْزَنُوا۟ عَلَىٰ مَا فَاتَكُمْ وَلَا مَآ أَصَٰبَكُمْ ۗ وَٱللَّهُ خَبِيرٌۢ بِمَا تَعْمَلُونَ

ئیتر ئه‌وه‌بوو که (به‌گیرهاتن و کشانه‌وه و شپرزه و په‌رت و بڵاوبوون) خۆتان هه‌ڵده‌گێڕا به‌کێوی ئوحود و ده‌ورو به‌ریداو ئاوڕتان له که‌س نه‌ده‌دایه‌وه‌، له‌کاتێکدا پێغه‌مبه‌ریش به‌دواتاندا بانگی ده‌کردن له لاکه‌ی تره‌وه‌: (ئه‌ی به‌نده‌کانی خوا بگه‌ڕێنه‌وه و ڕامه‌که‌ن)، جا ئه‌وه‌بوو ئێوه خه‌م و خه‌فه‌تتان کرده دڵی پێغه‌مبه‌ره‌وه (به نافه‌رمانیتان خوای گه‌وره‌ش) خه‌م و په‌ژاره‌ی کرده دڵی ئێوه‌وه (به‌ده‌نگو باسی بریندار بوونی پێغه‌مبه‌رو شه‌هید بوونی) تاوه‌کو خه‌فه‌ت نه‌خۆن بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ستتان چووه و ئه‌وه‌ش که خوا تووشی کردوون و به‌سه‌ری هێنان (دیاره هاوه‌ڵان پێغه‌مبه‌ریان له‌خۆیان و له هه‌موو شت لاخۆشه‌ویستتر بووه‌) خواش ئاگاداره له‌و کاروکرده‌وانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

ئەی باوەڕداران وەبیر خۆتان بھێننەوە کاتێک لەبەرامبەر دوژمنەکانتان ھەڵھاتن وبەکێوی ئوحوددا سەرکەوتن لەترسی دوژمنەکانتان، ئەویش لەبەر ئەوەی تووشی شکست بوون لەدەرەنجامی سەرپێچی فەرمانەکەی پێغەمبەری خوا، بەشێوەیەک شکا بوون کەستان ئاوڕی لەکەسی تر نەدەدایەوە، لەکاتێکدا پێغەمبەری خوا لە دواتانەوە لەنێوان ئێوە وبێباوەڕەکاندا بانگی دەکردن و دەیفەرموو: ئەی بەندەکانی خوا بۆلای من، جا لەبەر ئەوەی کە خەم وخەفەتان خستە دڵی پیغەمبەرەوە، خوای گەورە پاداشتی خەم وخەفەت وئێش و ئازاری خستە دڵتانەوە، بەوەی سەرکەوتن و کۆکردنەوەی دەستکەوتەکانی شەڕتان لەکیس چوو، وە بەوەش کە لەنێوتاندا بڵاو بوویەوە کە پێغەمبەری خوا کوژراوە، خوای گەورە ئەمەی دابەزاند بۆتان تاوەکو چیتر خەم وخەفەت نەخۆن لە لەدەستچوونی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی شەڕ، وە لەوەش دووچاری بوو بن لە کوشتن و بڕیندار بوون، دوای ئەوەی کە زانیتان کە پێغەمبەری خوا نەکوژراوە و زیندووە، ئیتر ھەرچی بەڵا و ناڕەحەتی و ئێش وئازار ھەبوو لاتان ئاسان بوو، خوای گەورە زۆر شارەزایە بەوەی ئەنجامی دەدەن، وه ھیچ شتێکی لەناو دڵەکانتان لا نھێنی وشاراوە نیە و ئاگادارە بەھەمووی، وە ئاگادارە بەوەشی بە ئەندامەکانی لاشەتان ئەنجامی دەدەن.

Aal-i-Imraan 3:153Listen in Qur'an →
154

ثُمَّ أَنزَلَ عَلَيْكُم مِّنۢ بَعْدِ ٱلْغَمِّ أَمَنَةًۭ نُّعَاسًۭا يَغْشَىٰ طَآئِفَةًۭ مِّنكُمْ ۖ وَطَآئِفَةٌۭ قَدْ أَهَمَّتْهُمْ أَنفُسُهُمْ يَظُنُّونَ بِٱللَّهِ غَيْرَ ٱلْحَقِّ ظَنَّ ٱلْجَٰهِلِيَّةِ ۖ يَقُولُونَ هَل لَّنَا مِنَ ٱلْأَمْرِ مِن شَىْءٍۢ ۗ قُلْ إِنَّ ٱلْأَمْرَ كُلَّهُۥ لِلَّهِ ۗ يُخْفُونَ فِىٓ أَنفُسِهِم مَّا لَا يُبْدُونَ لَكَ ۖ يَقُولُونَ لَوْ كَانَ لَنَا مِنَ ٱلْأَمْرِ شَىْءٌۭ مَّا قُتِلْنَا هَٰهُنَا ۗ قُل لَّوْ كُنتُمْ فِى بُيُوتِكُمْ لَبَرَزَ ٱلَّذِينَ كُتِبَ عَلَيْهِمُ ٱلْقَتْلُ إِلَىٰ مَضَاجِعِهِمْ ۖ وَلِيَبْتَلِىَ ٱللَّهُ مَا فِى صُدُورِكُمْ وَلِيُمَحِّصَ مَا فِى قُلُوبِكُمْ ۗ وَٱللَّهُ عَلِيمٌۢ بِذَاتِ ٱلصُّدُورِ

پاشان، دوای ئه‌و غه‌م و په‌ژارایه ئارامیی و هێمنیی به‌سه‌ردا دابه‌زاندن که وه‌نه‌وزێک بوو ده‌سته‌یه‌کتانی داگرتبوو، ده‌سته‌یه‌کی تریش به‌ڕاستی خه‌می خۆیان بوو، گومانی ناڕه‌وایان ده‌برد به‌خوای گه‌وره به گومانی نه‌فامانه‌، ده‌یانوت: ئایا ئێمه له‌م کاره‌دا (له به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتن) هیچ شتێکمان هه‌یه‌؟! (ئه‌وپشتیوانه‌ی که‌خوا به‌ڵێنی پێدابووین بۆ نه‌هات؟!) ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: بێگومان هه‌موو شتێک به‌ده‌ست خوایه‌، ئه‌وانه هه‌ندێک شت ده‌شارنه‌وه له ده‌روونی خۆیاندا و بۆ تۆی ده‌رناخه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر (به‌ڵێنی سه‌رکه‌وتن ڕاست بوایه‌) ئێمه شتێکمان به‌ده‌ست بوایه ئالێره‌دا نه‌ده‌کوژراین!! پێیان بڵێ: ئه‌گه‌ر له‌ماڵی خۆشتاندا بوونایه‌، ئه‌وانه‌ی که بڕیاره بکوژرانایه‌، ده‌بوا هه‌روایان به‌سه‌ر بهاتایه‌و له شوێنی کوژرانیاندا ڕاکشانایه بێگومان خوا ئه‌م شتانه‌تان به‌سه‌ر ده‌هێنێت تا ئه‌وه‌ی له ده‌روونتاندا هه‌یه تاقی بکاته‌وه و چی له‌دڵه‌کانتاندا هه‌یه خاوێنی بکاته‌وه و حه‌قیقه‌تی ده‌ربخات، ئه‌و خوایه‌ش زانایه به‌وه‌ی که له ناخی سینه‌کاندا حه‌شار دراوه‌.

پاش ئەو ئێش وئازار و خەم وخەفەتە خوای گەورە دڵئارامی و متمانەی دابەزاندە سەرتان، دەستەیەکتان ئەوانەیان کە باوەڕ ومتمانەی تەواویان بە بەڵێنەکانی خوای گەورە ھەبوو وەنەوز وسوکە خەوێکیان لێکەوت تا ووچانێک بدەن وبحەوێنەوە، وە دەستەیەکی ترتان کە ئارامی و وەنەوز وخەویان لێ نەکەوت، کە دووڕوەکانن ئەوانەی ھیچ خەفەتێکیان نەبوو جگە لە سەلامەتی گیانی خۆیان نەبێت، ئەوانە لەدڵەڕاوکێ و ترس وبیمدان، ھەمیشە گومانی خراپ بەخوای گەورە دەبەن، لەوەی خوای گەورە پێغەمبەرەکەی سەرناخات و پاڵپشتی وکۆمەکی بەندەکانی نیە، ھەروەک گومانی کەسانی سەردەمی نەفامی کە بەشێوەیەکی شایستە ڕێزی خوایان نەدەگرت، ئەو دوو ڕووانە لەبەر ئەوە نەزان بوون بەخوای گەورە دەیانووت: ئێمە لەدەرچوونمان بۆ کوشت وکوشتار ھیچ شتێکمان بەدەست نیە وھیچ پرسێکمان پێ نەکراوە، ئەگەر بەدەستی ئێمە بوایە دەرنەدەچووین بۆ کوشت وکوشتار، جا ئەی پێغەمبەری خوا لەوەڵامی ئەواندا بڵێ: ھەرچی فەرمان ھەیە ھەر ھەمووی بۆ خوای گەورەیە، ئەو ھەرچیەکی بوێت تەقدیر وئەندازەگیری بۆ دەکات، وە ھەرچۆنێکیشی بوێت بەو شێوەیە حوکم وبڕیار دەدات، بۆیە ھەر ئەو بوو بڕیاری چوونە دەرەوەی لە مەدینە دان، ئەمجا ئەو دوو ڕوانە دوو دڵی وگومانە خراپەکانیان دەشارنەوە و بۆ تۆی ئاشکرا ناکەن، ئەوان دەڵێن: ئەگەر لە چوونە دەرەوەماندا ڕایەکمان وەربگیرایە لێرەدا دووچاری ئەم کوشت وکوشتارە نەدەبوینەوە، ئەی پێغەمبەر لەوەڵامیاتدا بڵێ: ئەگەر بھاتایە لەماڵەکانی خۆیشتان بماینایەتەوە، دوور لە مەیدانی جەنگ وکوشتاریش ئەوا ئەوانەتان کە خوای گەورە نووسی بووی کە بکوژرێت ھەر دەردەچوو بۆ ئەو جێگایەی کە دیاری کرابوو لێی بکوژرێت، بێگومان خوای گەورە ئەوەشی نەنوسیووە تەنھا بۆ ئەوە نەبێت کە دڵ ودەروونتان تاقی بکاتەوە و دەربکەوێت چی لە نیەت ومەبەستاندا ھەیە، بۆ ئەوەش باوەڕ و دوو ڕووی لێک جودا ببنەوە، وە خوای گەورە ئاگاداری ئەوەیە لە دڵ ودەروونی بەندەکانیدا ھەیە، وە ھیچ شتێکیشی لاشاراوە نیە.

Aal-i-Imraan 3:154Listen in Qur'an →
155

إِنَّ ٱلَّذِينَ تَوَلَّوْا۟ مِنكُمْ يَوْمَ ٱلْتَقَى ٱلْجَمْعَانِ إِنَّمَا ٱسْتَزَلَّهُمُ ٱلشَّيْطَٰنُ بِبَعْضِ مَا كَسَبُوا۟ ۖ وَلَقَدْ عَفَا ٱللَّهُ عَنْهُمْ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ غَفُورٌ حَلِيمٌۭ

بێگومان ئه‌وانه‌ی پشتیان هه‌ڵکرد (له جه‌نگی ئوحود) له ڕۆژی به‌یه‌کگه‌یشتنی هه‌ردوو ئۆردوو (ئۆردووی ئیمانداران و ئۆردووی بێ باوه‌ڕان)، ئه‌وانه ته‌نها شه‌یتان تووشی هه‌ڵه‌ی کردن له خشته‌ی بردن به‌هۆی هه‌ندێک گوناهه‌وه که ئه‌نجامیان دابوو، به‌ڕاستی خوا لێیان خۆشبوو چونکه بێگومان خوا لێخۆشبووه (له گوناهه‌که‌تان) و ئارامگرو خۆڕاگره (زوو تۆڵه له یاخی بوان ناسێنێت).

ئەی موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم) ئەوانەتان لە ڕۆژی ڕووبەڕوبونەوەی ھەردوو دەستەی باوەڕداران و بێباوەڕاندا لە غەزای ئوحود تووشی شکست بوون و ھەڵھاتن و پشتیان ھەڵکرد، بێگومان لەبەر ئەوە بوو کە شەیتان ھەڵی خلیسکاندن و تووشی ئەو ھەڵەیەی کردن بەھۆی ئەو تاوان و گوناھانەی کە کردبوویان فەرمانی پێغەمبەری خوایان شکاند، خوای گەورەش بەفەزڵ ومیھرەبانی خۆی لێیان خۆش بوو، وە چاوپۆشی لێکردن، بێگومان لێبوردەیە بەرامبەر ئەو کەسانەی تەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆلای، وە زۆریش ئارام ولەسەر خۆیە وھیچ پەلەی نیە لە سزادانی گوناھباران.

Aal-i-Imraan 3:155Listen in Qur'an →
156

يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ لَا تَكُونُوا۟ كَٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ وَقَالُوا۟ لِإِخْوَٰنِهِمْ إِذَا ضَرَبُوا۟ فِى ٱلْأَرْضِ أَوْ كَانُوا۟ غُزًّۭى لَّوْ كَانُوا۟ عِندَنَا مَا مَاتُوا۟ وَمَا قُتِلُوا۟ لِيَجْعَلَ ٱللَّهُ ذَٰلِكَ حَسْرَةًۭ فِى قُلُوبِهِمْ ۗ وَٱللَّهُ يُحْىِۦ وَيُمِيتُ ۗ وَٱللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌۭ

ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه وه‌کو ئه‌وانه مه‌بن که بێ باوه‌ڕ بوون، له‌کاتی سه‌فه‌ر به‌سه‌ر زه‌ویدا، یاخود کاتی جه‌نگ، به‌برایانی (هاوبیریان) ده‌وت: ئه‌گه‌ر لای ئێمه بوونایه نه ده‌مردن، نه ده‌کوژران!! بۆ ئه‌وه‌ی خوا ئه‌وه بکاته خه‌فه‌ت و ناخۆشی له دڵیاندا، خۆ هه‌ر خوا ژیان به‌خشه و مرێنه‌ره‌، خوا بینایه به‌و کارو کرده‌وانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە وە شوێن پێغەمبەرەکەی کەوتوون، وەک ئەو بێباوەڕانە مەبن (وەک دوو ڕووەکان) کاتێک خزم وکەسوکاریان بچوونایە بۆ سەفەر کردن بۆ کار وکاسپی وپەیداکردنی ڕزق وڕۆزی، یان بۆ جەنگ وجیھاد وە لەوێ بمردبان، پێیان دەووتن: ئەگەر بھاتایە لای ئێمە بونایە یان نەچوونایەتە دەرەوە وغەزا کردن ئەوا نەدەمردن و نەدەکوژران، خوای گەورە ئەم بیروباوەڕەی خستبووە دڵیانەوە تاوەکو زیاتر تووشی داخ و خەم وخەفەت ببن، بێگومان تەنھا خوای گەورە بە ویست وئیرادەی خۆی خەڵکی دەمرێنێت ودەیانژێنێت، وە نە دانیشتنیان لەماڵەوە ڕێگر دەبێت، وە نە چوونە دەرەوەشیان پەلە دەکات لەو قەدەرەی خوا دیاری کردووە، خوای گەورە بینەرە بەوەی ئەنجامی دەدەن، وە ھیچ شتێک لە کاروکردەوەتان شاراوە نیە لای، وە لەسەر ھەر ھەموویشی پاداشتان دەداتەوە.

Aal-i-Imraan 3:156Listen in Qur'an →
157

وَلَئِن قُتِلْتُمْ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ أَوْ مُتُّمْ لَمَغْفِرَةٌۭ مِّنَ ٱللَّهِ وَرَحْمَةٌ خَيْرٌۭ مِّمَّا يَجْمَعُونَ

خۆ ئه‌گه‌ر بکوژرێن له پێناوی خوادا یاخود بمرن، لێخۆش بوون له‌لایه‌ن خواوه هاوڕێ له‌گه‌ڵ ڕه‌حمه‌ت، چاکتره له‌وه‌ی که خه‌ڵکی کۆی ده‌که‌نه‌وه‌.

ئەی باوەڕداران ئەگەر لەڕێگای خوا بکوژرێن، یاخود بمرن، ئەوا بێگومان خوای گەورە بە لێبوردنی گەورە لێتان دەبورێت، وە بەڕەحم ومیھرەبانی خۆیشی ڕەحمتان پێدەکات، بێگومان ئەمە لەوەی لەدونیادا ھەیە باشتر وچاکترە بۆتان لەوەی کە کۆتان کردوەتەوە لەماڵ وسەروەت وسامانی دونیا کە سەرەنجامی تیاچوون ونەمانە.

Aal-i-Imraan 3:157Listen in Qur'an →
158

وَلَئِن مُّتُّمْ أَوْ قُتِلْتُمْ لَإِلَى ٱللَّهِ تُحْشَرُونَ

سوێند بێت ئه‌گه‌ر بمرن یان بکوژرێن هه‌ر بۆ لای خوا کۆ ده‌کرێنه‌وه‌.

دڵنیابن ھەرچۆنێک بمرن ولەسەر ھەر حاڵەتێک بمرن، یان بکوژرێن، ئەوا ھەر ھەمووتان ھەر بۆلای خوا دەگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی پاداشتی کار وکردەوەی ھەمووتان بداتەوە.

Aal-i-Imraan 3:158Listen in Qur'an →
159

فَبِمَا رَحْمَةٍۢ مِّنَ ٱللَّهِ لِنتَ لَهُمْ ۖ وَلَوْ كُنتَ فَظًّا غَلِيظَ ٱلْقَلْبِ لَٱنفَضُّوا۟ مِنْ حَوْلِكَ ۖ فَٱعْفُ عَنْهُمْ وَٱسْتَغْفِرْ لَهُمْ وَشَاوِرْهُمْ فِى ٱلْأَمْرِ ۖ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى ٱللَّهِ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلْمُتَوَكِّلِينَ

که‌وابوو (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) به‌‌هۆی ڕه‌حمه‌تی خواوه‌یه تۆ نه‌رم و هێمن بویت له‌گه‌ڵیاندا، خۆ ئه‌گه‌ر توڕه‌و قسه ڕه‌ق و بێ به‌زه‌یی بوویتایه‌، ئه‌وه هه‌موو له ده‌ورت بڵاوه‌یان ده‌کرد، که‌واته چاوپۆشیان لێبکه و لێیان ببوره‌و داوای لێخۆش بوونیان بۆ بکه‌، له کارو پێشهاتدا پرس و ڕایان پێ بکه‌، (دوای مه‌شوره‌ت و پرس و ڕا) ئه‌گه‌ر بڕیارتدا (کارێک ئه‌نجام بده‌یت، ئه‌نجامی بده‌و) پشت به‌خوا ببه‌سته‌، چونکه به‌ڕاستی خوا ئه‌وانه‌ی خۆشده‌وێت که پشتی پێده‌به‌ستن.

ئەی پێغەمبەر بەھۆی میھرەبان وڕەحمەتی گەورەی خواوەیە کە تۆ نەرم ونیان بویت لەگەڵ ھاوەڵەکانتدا، ئەگەر بھاتایە لە کردار وگوفتارتدا توند و دڵ ڕەق بویتایە ئەوا ئەوان دەوریان چۆڵ دەکردیت، بۆیە لە کەمتەرخەمیەکانیان بەرامبەر خۆت چاوپۆشیان لێ بکە، وە داوای لێخۆش بوونیان بۆ بکە، وە لەو بابەتانەیش کە پێویستی بە ڕاوێژ ھەیە ڕاوێژیان پێ بکە، جا پاش ڕاوێژ کردن کاتێک بۆ ڕایەک ڵێبڕایت بۆ ئەنجامدانی کارەکەت پشت بەخوای گەورە ببەستە وکارەکەت ئەنجام بدە، بێگومان خوای گەورە ئەو کەسانەی خۆش دەوێت کە تەنھا پشت بەو دەبەستن، وە سەرکەوتوویان دەکات و پشتیان دەگرێت.

Aal-i-Imraan 3:159Listen in Qur'an →
160

إِن يَنصُرْكُمُ ٱللَّهُ فَلَا غَالِبَ لَكُمْ ۖ وَإِن يَخْذُلْكُمْ فَمَن ذَا ٱلَّذِى يَنصُرُكُم مِّنۢ بَعْدِهِۦ ۗ وَعَلَى ٱللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ ٱلْمُؤْمِنُونَ

ئه‌گه‌ر خوا سه‌رکه‌وتنتان پێ ببه‌خشێت ئه‌وه هیچ که‌س ناتوانێت سه‌رکه‌وێت به‌سه‌رتاندا، خۆ ئه‌گه‌ر پشتتان به‌ربدات، ئه‌وه کێ هه‌یه دوای ئه‌و کۆمه‌کتان بکات و سه‌رتان بخات، ده با ئه‌وانه‌ی ئیماندارن هه‌ر پشت به‌خوا ببه‌ستن.

بێگومان ئەگەر خوای گەورە یارمەتی دان وسەری خستن ئەوا ھیچ کەسێکی ناتوانێت بەسەرتاندا زاڵ ببێت، ئەگەر بێتۆ ھەموو خەڵکی سەر زەویش کۆ ببنەوە لەسەرتان، خۆ ئەگەر ھاتوو سەری نەخستن و وازی لێھێنان وتەسلیمی دەستی خۆتانی کردنەوە ئەوا ھیچ کەسێک ناتوانێت سەرتان بخات ویارمەتیتان بدات، چونکە سەرکەوتن تەنھا بەدەستی ئەوە، بۆیە با باوەڕداران تەنھا پشت وپەنایان ھەر خوای گەورە بێت، وە پشت بەھیچ کەسێکی تر نەبەستن.

Aal-i-Imraan 3:160Listen in Qur'an →

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.