Muslim99Muslim99
← Tafsir library

3. Aal-i-Imraan

The Family of Imraan · Medinan · 200 ayahs

سُورَةُ آلِ عِمۡرَانَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 121–130 of 200

121

وَإِذْ غَدَوْتَ مِنْ أَهْلِكَ تُبَوِّئُ ٱلْمُؤْمِنِينَ مَقَٰعِدَ لِلْقِتَالِ ۗ وَٱللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ

(لێره‌وه قورئان له غه‌زای ئوحود ده‌دوێت: یادی ئیمانداران بخه‌ره‌وه‌) کاتێک به‌یانی زوو له ماڵ ده‌رچوویت، شوێنی جه‌نگت بۆ ئیمانداران دیاری کرد (تیر ئه‌ندازانی له‌سه‌ر گرده‌که دامه‌زراندو فه‌رمووی پێیان: ئێمه سه‌رکه‌وتوو بووین، یان شکستمان هێنا، ئێوه شوێنی خۆتان به‌جێ مه‌هێڵن) و شوێنی تریشی بۆ ئه‌وانی تر دیاری کرد، خوای گه‌وره‌ش بیسه‌ره‌، (به‌گوفتارتان) زانایه (به بیرو بۆچوونتان)...

ئەی پێغەمبەر ئەو کاتە وەبیر خۆت بھێنەوە کاتێک لەسەرەتای ڕۆژەوە لە شاری مەدینە چویتە دەرەوە بەرەو ئوحود بۆ جەنگ لەگەڵ بێباوەڕەکانی مەککە، پێگە وجێگەی باوەڕدارەکانت بۆ جەنگ ھەڵبژارد، شوێنی تاکە تاکەی ئەوانت لەو جەنگەدا دیار کرد، وە خوای گەورە بیسەری ووتە و گوفتارتانە، وە زانایشە بە کار وکردەوەتان.

Aal-i-Imraan 3:121Listen in Qur'an →
122

إِذْ هَمَّت طَّآئِفَتَانِ مِنكُمْ أَن تَفْشَلَا وَٱللَّهُ وَلِيُّهُمَا ۗ وَعَلَى ٱللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ ٱلْمُؤْمِنُونَ

ئه‌وسا خه‌ریکبوو دوو ده‌سته له ئێوه په‌شیمان بنه‌وه‌و (له نیوه‌ی ڕێ بگه‌ڕێنه‌وه‌)، به‌ڵام خوا یارو یاوه‌ریان بوو (دڵیانی ده‌مه‌زراند له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رداری) ده‌با ئیمانداران هه‌ر پشت به خوا ببه‌ستن.

ئەی پێغەمبەر وەبیر خۆت بھێنەرەوە کاتێک دوو دەستە لە باوەڕدارانی بەنی سەلەمەو بەنی حاریسە کاتێک ھەستیان بەلاوازی کرد خەریک بوو بگەرێنەوە وجێت بھێڵن کاتێک کە دووڕوەکان گەڕانەوە وتۆیان بەجێھێڵا، خوای گەورە سەرخەری ئەوانە بوو بەھانایانەوە ھات وسەرەنجام سەریخستن ونەیھێشت وورەیان بڕوخێت وجێگیری کردن لەسەر جەنگ وجیھاد کردن لەگەڵ بێباوەڕاندا، جا لەبەر ئەوە با باوەڕداران لەھەموو حاڵەتێکدا تەنھا پشت وپەنایان خوای گەورە بێت.

Aal-i-Imraan 3:122Listen in Qur'an →
123

وَلَقَدْ نَصَرَكُمُ ٱللَّهُ بِبَدْرٍۢ وَأَنتُمْ أَذِلَّةٌۭ ۖ فَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ

بێگومان خوا له غه‌زای به‌دردا سه‌رکه‌وتوی کردن، هه‌رچه‌نده ئێوه (له ژماره و چه‌کدا) لاوازو که‌م بوون، ده‌ی که‌واته له خوا بترسن، بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسگوزار بن.

بێگومان خوای گەورە لەجەنگی بەدردا ئێوەی سەرخست بەسەر بێباوەڕاندا لەکاتێکدا ئێوە لاواز وبێدەسەڵات بوون، ئەویش لەبەر کەمی ژمارە وچەک وچۆڵتان، جا لەبەر ئەوە لەخوا بترسن، تاوەکو بتوانن سوپاس وشوکری ناز ونیعمەتەکانی بکەن.

Aal-i-Imraan 3:123Listen in Qur'an →
124

إِذْ تَقُولُ لِلْمُؤْمِنِينَ أَلَن يَكْفِيَكُمْ أَن يُمِدَّكُمْ رَبُّكُم بِثَلَٰثَةِ ءَالَٰفٍۢ مِّنَ ٱلْمَلَٰٓئِكَةِ مُنزَلِينَ

(یادیان بهێنه‌) کاتێک به ئیماندارانت ده‌وت: ئایا ئه‌وه‌نده به‌س نیه که په‌روه‌ردگارتان به سێ هه‌زار فریشته کۆمه‌کتان بکات و دایانبه‌زێنێت؟!

ئەی پێغەمبەر وەبیر خۆت بھێنەرەوە کاتێک لەجەنگی بەدردا بۆ دڵدامەزراندن وجێگیرکردنی باوەڕداران دوای ئەوەی بیستبویان کە بێباوەڕەکان یارمەتیان بۆ دێت، بە باوەڕدارانت ووت: ئایا ئەوەندەتان بەس نیە کە پەروەردگارتان لەلایەن خۆیەوە سێ ھەزار فریشتە بنێرێتە خوارەوە بۆ یارمەتیدانتان؟

Aal-i-Imraan 3:124Listen in Qur'an →
125

بَلَىٰٓ ۚ إِن تَصْبِرُوا۟ وَتَتَّقُوا۟ وَيَأْتُوكُم مِّن فَوْرِهِمْ هَٰذَا يُمْدِدْكُمْ رَبُّكُم بِخَمْسَةِ ءَالَٰفٍۢ مِّنَ ٱلْمَلَٰٓئِكَةِ مُسَوِّمِينَ

به‌ڵێ ئه‌گه‌ر خۆڕاگر بن و پارێزکار بن هه‌ر ئێستا دێن بۆ لاتان و په‌روه‌ردگارتان پێنج هه‌زار فریشته‌ی نیشانه‌دارتان بۆ ڕه‌وانه ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌کیتان بکه‌ن.

بەڵی ئەوەیان بەسە، بەشێوەیەکی تر مژدەتان لێ بێت کە خوای گەورە یارمەتدەرتانە، ئەگەر ھاتوو ئارامتان گرت لەسەر جەنگاندن لەگەڵیان، وە لەخوای گەورە ترسان، لەم کاتەدا یارمەتی وکۆمەکی ھات بۆ دوژمنەکانتان و پەلاماریاندان، ئەوا بێگومان پەروەردگارتان بە پێنج ھەزار فریشتە کە خۆیان و ئەسپەکانیشیان دیار وناسراو بوون کۆمەکتان دەکات.

Aal-i-Imraan 3:125Listen in Qur'an →
126

وَمَا جَعَلَهُ ٱللَّهُ إِلَّا بُشْرَىٰ لَكُمْ وَلِتَطْمَئِنَّ قُلُوبُكُم بِهِۦ ۗ وَمَا ٱلنَّصْرُ إِلَّا مِنْ عِندِ ٱللَّهِ ٱلْعَزِيزِ ٱلْحَكِيمِ

جا ئه‌و (هاوکاری) فریشتانه له‌لایه‌ن خواوه ته‌نها مژده‌یه‌ک بوو بۆ ئێوه‌، تادڵه‌کانتان پێی دامه‌زراوتر بێت، ئه‌گینا سه‌رکه‌وتن ته‌نها له‌لایه‌ن خوای باڵاده‌ست و داناوه‌یه‌و هه‌ر ئه‌و ده‌یبه‌خشێت.

ئەم یارمەتیدان وکۆمەکی کردنە بە فریشتەکان تەنھا خوای گەورە وەک ھەواڵێکی خۆش پێی ڕاگەیاندنن تاوەکو دڵ ئارام بن ونەترسن، وە ئەگینا لەڕاستیدا سەرکەوتن تەنھا بەم ھۆکارە ڕواڵەتیانە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو لەڕاستیدا سەرکەوتن تەنھا لەلایەن خوای بەدەسەڵاتەوەیە کە ھیچ شتێک ناتوانێت سەرکەوێت بەسەریدا، ئەو خوایەی کە زۆر کاربەجێ ودانایشە لە ئەندازەگیری و شەریعەت ویاسادانانیشدا.

Aal-i-Imraan 3:126Listen in Qur'an →
127

لِيَقْطَعَ طَرَفًۭا مِّنَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓا۟ أَوْ يَكْبِتَهُمْ فَيَنقَلِبُوا۟ خَآئِبِينَ

(ئه‌و یاریده‌ی فریشتانه‌) له‌به‌رئه‌وه بوو که‌: لایه‌ک له هێزی کافره‌کان دابڕێت، تا سه‌رکوت و نابووتیان بکات و ئه‌وسا به نائومێدیی و خه‌جاڵه‌تییه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه‌.

ئەم سەرکەوتنەی کە خوای گەورە لەجەنگی بەدردا دەستەبەری کرد بۆتان، وویستی بەکوشتنیان دەستەیەک لە بێباوەڕان لەناو ببات، وە دەستەیەکی تریشیان سوک وڕسوا بکات، وە بەو ژێر کەوتنەیان دوچاری داخ وخەفەتیان بکات، تاوەکو بە تێکشکاوی و زەلیلیەوە بگەڕێنەوە بۆ مەککە.

Aal-i-Imraan 3:127Listen in Qur'an →
128

لَيْسَ لَكَ مِنَ ٱلْأَمْرِ شَىْءٌ أَوْ يَتُوبَ عَلَيْهِمْ أَوْ يُعَذِّبَهُمْ فَإِنَّهُمْ ظَٰلِمُونَ

بێگومان تۆ هیچ شتێکت له کاروباری به‌نده‌کان به‌ده‌ست نیه (به‌ڵکو هه‌مووشت به‌ده‌ست خوا خۆیه‌تی) ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌و په‌شیمانیان لێ وه‌ربگرێت، یان سزاو ئازاریان بدات، (سه‌ربه‌سته‌)، چونکه ئه‌وانه سته‌مکارن.

دوای ئەو شکستەی دوچاری موسڵمانان بویەوە لە جەنگی ئوحوددا پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) نزای کرد لە سەرکردەی بێباوەرانی مەککە کەخوای گەورە لەناویان ببات، خوای گەورە پێی فەرموو: تۆ ھیچ کارێکی ئەوانت بەدەست نیە وکارت پێیانەوە نەبێت، بەڵکو کاری ئەوان لای خوایە، بۆیە ئارام بگرە تا ئەو کاتەی خوای گەورە کاری نێوانتان یەکلایی دەکاتەوە، یان یارمەتیان دەدات و تەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆلای خوای گەورە وموسڵمان دەبن، یان بەردەوام دەبن لەسەر بێباوەڕی خۆیان، ئەو کاتە پەروەردگار سزایان دەدات چونکە بێگومان ئەوان ستەمکارن وشایستەی ئەو سزایەن.

Aal-i-Imraan 3:128Listen in Qur'an →
129

وَلِلَّهِ مَا فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِى ٱلْأَرْضِ ۚ يَغْفِرُ لِمَن يَشَآءُ وَيُعَذِّبُ مَن يَشَآءُ ۚ وَٱللَّهُ غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ

هه‌رچی له ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا هه‌یه خوای گه‌وره خاوه‌نیانه‌، له هه‌ر که‌س بیه‌وێت خۆش ده‌بێت و (چاو پۆشی زۆره‌)، هه‌رکه‌سیش (شایسته‌ی سزابێت) سزای ده‌دات، خوای گه‌وره‌ش لێخۆشبوو میهره‌بانه‌.

ئەوەی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە لە دروستکراوەکان و لە بەڕێوبەردنیان ھەر ھەمووی موڵکی خوای گەورەیە، بەڕەحمەت ومیھرەبانی خۆی بۆ ھەر کەسێکی بوێت لەبەندەکانی لەگوناھەکانی خۆش دەبێت، وە بە دادگەری خۆیشی بۆ ھەر کەسێکی بوێت لە بەندەکانی سزای دەدات، خوای گەورە زۆر لێبوردەیە لەو بەندانەی کە تەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆلای، وە زۆریش بە بەزەییە بەرامبەریان.

Aal-i-Imraan 3:129Listen in Qur'an →
130

يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ لَا تَأْكُلُوا۟ ٱلرِّبَوٰٓا۟ أَضْعَٰفًۭا مُّضَٰعَفَةًۭ ۖ وَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ

(ئه‌م ئایه‌ته تێکهه‌ڵکێشی باسی غه‌زای ئوحود کراوه بۆ ئه‌وه‌ی بسه‌لمێت که ئه‌م ئاینه هه‌موو چه‌مکه‌کانی ژیان ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه ڕوو به‌ئیمانداران ده‌فه‌رموێت): ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه سوو به‌چه‌ند قات وچه‌ند به‌رامبه‌ر مه‌خۆن (ئه‌مه‌ش قۆناغێک بوو له حه‌رامکردنی یه‌کجاریی)، له خوا بترسن، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفراز بن.

ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە و شوێن پێغەمبەرەکەی کەوتون، دوور بکەونەوە لەسوو خواردن و سوو وەرگرتن بە چەند قات لەسەرمایەکەی خۆتان کە داوتانە بەقەرزدا، ھەروەک چۆن خەڵکی سەردەمی نەفامی دەیانکرد، جا لەبەر ئەوە لەخوا بترسن وفەرمانەکانی بەجێ بھێنن و لەڕێگریەکانی دوور بکەونەوە، تاوەکو ئەوەی داوای دەکەن لە خێر وچاکەی دونیا و دواڕۆژ خوای گەورە پێتانی ببەخشێت.

Aal-i-Imraan 3:130Listen in Qur'an →

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.