Muslim99Muslim99
← Tafsir library

13. Ar-Ra'd

The Thunder · Medinan · 43 ayahs

سُورَةُ الرَّعۡدِ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 1–10 of 43

بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ

1

الٓمٓر ۚ تِلْكَ ءَايَٰتُ ٱلْكِتَٰبِ ۗ وَٱلَّذِىٓ أُنزِلَ إِلَيْكَ مِن رَّبِّكَ ٱلْحَقُّ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يُؤْمِنُونَ

سه‌رنجی سه‌ره‌تای سووره‌تی (البقرة) بده‌، ئه‌وه‌ی له‌م کتێبه‌دا هه‌یه ئایاته‌کانی قورئانی پیرۆزه و ئه‌وه‌ی که له سه‌رانسه‌ری ئه‌م قورئانه‌دا بۆ تۆ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله‌علیه وسلم دابه‌زێنراوه له لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه‌، ڕاستی و حه‌قیقه‌ته‌، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی باوه‌ڕ ناهێنن.

﴿الٓمٓـرۚ﴾ پێشووتر قسەو گفتوگۆ کرا لەسەر تەفسیر و لێکدانەوەی ھاوشێوەی ئەم ئایەتانە لەسەرەتای سورەتی (البقرة) ، - ئەی پێغەمبەری خوا - ئەم ئایەتە بەرز و پیرۆزانە لەم سورەتە، وە ئەو قورئانەش کە خوای گەورە دایبەزاندووە بۆ سەرت ھەر ھەمووی ئەو ڕاستیانەن کە گومان و دوودڵیان تێدا نییە، وە ھیچ گومانێکیشی تێدا نییە کە لەلایەن خوای گەورەوە ھاتووە، بەڵام زۆربەی خەڵکی لەبەر سەرسەختی و خۆبەزل زانینیان باوەڕی پێ ناکەن.

2

ٱللَّهُ ٱلَّذِى رَفَعَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ بِغَيْرِ عَمَدٍۢ تَرَوْنَهَا ۖ ثُمَّ ٱسْتَوَىٰ عَلَى ٱلْعَرْشِ ۖ وَسَخَّرَ ٱلشَّمْسَ وَٱلْقَمَرَ ۖ كُلٌّۭ يَجْرِى لِأَجَلٍۢ مُّسَمًّۭى ۚ يُدَبِّرُ ٱلْأَمْرَ يُفَصِّلُ ٱلْءَايَٰتِ لَعَلَّكُم بِلِقَآءِ رَبِّكُمْ تُوقِنُونَ

خوا ئه‌و زاته‌یه که به‌چاوی خۆتان ده‌بینن چۆن ئاسمانه‌کانی به‌بێ کۆڵه‌که و ستوون به‌رز کردۆته‌وه و ڕایگرتووه‌، له‌وه‌ودوا له‌سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی وه‌ستاوه (ئه‌ڵبه‌ته چونیه‌تی وه‌ستان و ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی و گه‌لێ شتی له‌و بابه‌تانه له ڕاده‌ی بۆچوونی ئێمه به‌ده‌ره‌، ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌یان له پێشه‌وا مه‌لیك پرسیووه‌، له وه‌ڵامدا وتوویه‌تی: وه‌ستانه‌که حه‌قیقه‌تی هه‌یه‌، چونیه‌تیه‌که‌ی شاراوه‌یه‌، پرسیارکردن ده‌رباره‌ی بیدعه‌یه‌، باوه‌ڕ بوون پێی واجبه‌)، خۆرو مانگیشی ڕام هێناوه‌، هه‌ر یه‌که‌یان له چه‌رخ و خۆلی خۆیدا بێ وچان تا ماوه‌یه‌کی دیاریکراو ده‌سوڕێنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و زاته کاروباری جیهان هه‌ر هه‌مووی به‌ڕێ ده‌کات و ڕێکی ده‌خات، هه‌روه‌ها ئایه‌ته‌کانی قورئان به‌وردی و دوورو درێژی ده‌خاته به‌رچاو بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابن له به خزمه‌ت گه‌یشتن و ئاماده بوونی به‌رده‌م دادگای په‌روه‌ردگارتان (بۆ لێپرسینه‌وه‌).

(اللە) خوای گەورە ئەو زاتەیە کە ئاسمانەکانی بەرز دروستکردووە و بەبێ ھیچ دینگە و کۆڵەکەیەک کە تۆ بیبینیت ڕایگرتوون، پاشان بڵند و بەرز بوویەوە بۆ سەر عەرش بەو شێوەی کە لایەق و شایستەی زاتی بەرز و پیرۆزی ئەو بێت، بەبێ ئەوەی چۆنیەتیەکەی بزانین و بیچوێنین بەدروستکراوەکانی خۆی، وە خۆر و مانگی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤەکان و دروستکراوەکانی تری دروست و ڕامکردووە، وە ھەریەکەشیان تا ئەو کاتەی کە لە عیلمی خوای گەورە بۆیان دیاریکراوە لە خولگەی خۆیاندا دێن و دەچن، خوای گەورە بە ویستی خۆی و بەو شێوەیەی دەیەوێت زۆر بە وردی کاروباری ئاسمانەکان و زەوی ھەڵدەسوڕێنێت، ئەو ئایەت و نیشانانەی کە بەڵگەن لەسەر دەسەڵاتی زاتی بەرز و بڵندی خۆی بۆ مرۆڤەکان ڕوون دەکاتەوە بە ئومێدی ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە لیقا و گەیشتنەوە بەپەروەردگارتان لە ڕۆژی قیامەت، جا کەوابێت بە کاروکردەوەی چاک خۆتانی بۆ ئامادە بکەن.

3

وَهُوَ ٱلَّذِى مَدَّ ٱلْأَرْضَ وَجَعَلَ فِيهَا رَوَٰسِىَ وَأَنْهَٰرًۭا ۖ وَمِن كُلِّ ٱلثَّمَرَٰتِ جَعَلَ فِيهَا زَوْجَيْنِ ٱثْنَيْنِ ۖ يُغْشِى ٱلَّيْلَ ٱلنَّهَارَ ۚ إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَءَايَٰتٍۢ لِّقَوْمٍۢ يَتَفَكَّرُونَ

هه‌ر ئه‌و زاته‌شه که زه‌وی پان و به‌رین کردوه و (هه‌رچه‌نده له شێوه‌ی گۆدایه‌)، که‌ژو چیاو ڕووباری زۆری تێدا دابین کردووه‌، له هه‌موو به‌رو بوومێك جووتی فه‌راهه‌م هێناوه له هه‌ردوو جۆره‌، شه‌وی والێکردووه که ڕۆژ داپۆشێت، به‌ڕاستی ئا له‌و شتانه‌دا به‌ڵگه و نیشانه‌ی زۆر هه‌ن بۆ که‌سانێك بیربکه‌نه‌وه‌.

خوای گەورە ئەو زاتەیە کە زەوی بۆ ڕاخستوون، وە چیا و شاخە جێگیرەکانی تێدا دروستکردووە تاوەکو نەجوڵێت و ژیان لە خەڵکی تێک نەچێت، وە لە ھەموو جۆرە میوە و بەروبومێک دوو جووتی تێدا دروستکردووە، وەک چۆن لە گیاندارەکاندا نێر و مێی دوستکردووە، وە بە تاریکی شەو ڕۆژ دادەپۆشی لەپاش ڕووناک بوونەوەی تاریکی دەکات، ئەوەی باسکرا بەڵگە و نیشانەی گەورە و مەزنن بۆ گەل و ھۆز و کەسانێک بیر بکەنەوە لە دروستکراوەکانی خوای گەورە، وە لێی ڕابمێنن، چونکە ئەو کەسانە سوود لەو بەڵگە و نیشانانە دەبینن.

4

وَفِى ٱلْأَرْضِ قِطَعٌۭ مُّتَجَٰوِرَٰتٌۭ وَجَنَّٰتٌۭ مِّنْ أَعْنَٰبٍۢ وَزَرْعٌۭ وَنَخِيلٌۭ صِنْوَانٌۭ وَغَيْرُ صِنْوَانٍۢ يُسْقَىٰ بِمَآءٍۢ وَٰحِدٍۢ وَنُفَضِّلُ بَعْضَهَا عَلَىٰ بَعْضٍۢ فِى ٱلْأُكُلِ ۚ إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَءَايَٰتٍۢ لِّقَوْمٍۢ يَعْقِلُونَ

له‌سه‌ر ڕووکاری زه‌وی پارچه‌ی جۆراوجۆر هه‌یه له پاڵ یه‌کدا (که کارکردیان هه‌یه له‌سه‌ر چۆنێتی و به‌رهه‌می ڕووه‌ك، جگه له‌وه‌ی جیاوازیان نیشانه‌ن بۆ کانزا جۆراو جۆره‌کان)، هه‌ره‌ها باخی ڕه‌زی ترێ، کشتوکاڵی هه‌مه جۆر له دانه‌وێڵه و بێستانه‌کاندا، دارخورمای یه‌ك قه‌دو دوو قه‌د، هه‌موو ئه‌مانه به‌یه‌ك ئاو ئاودێر ده‌کرێن و له یه‌ك جۆر ئاو ده‌خۆنه‌وه (به‌ڵام سه‌وئه‌نجام ئه‌و هه‌موو به‌روبومه جیاوازه له قه‌باره‌و تام و بۆن و ڕه‌نگ و شێوازدا، په‌یدا ده‌بن) و هه‌ندێکیانمان له هه‌ندێکی تر بۆ خۆراکی ئاده‌میزاد نازدارتر و په‌سه‌ندتر کردووه‌، به‌ڕاستی ئا له‌و شتانه‌شدا به‌ڵگه و نیشانه‌ی زۆر هه‌ن بۆ که‌سانێك عه‌قڵ و ژیری خۆیان بخه‌نه‌کار.

لە زەویدا چەندین پارچە زەوی لە پاڵ یەکدا ھەن، وە چەندین باخ و بێستان لە ترێ و دارخورما، کە ھەندێکیان پەلەکانی لەسەر یەک ڕەگ کۆبونەتەوە، وە ھەندێکی تریشیان ڕەگ و قەدەکانیان جیاوازن لە یەکتری، ئەم باخ و بێستانە بە یەک جۆر ئاو ئاودەدرێن، لەگەڵ ئەوەی لەیەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە بەڵام فەزڵ و ڕێزی ھەندێکمان لەتام و چێژ و سوود و قازانج وەرگرتن داوە بەسەر ھەندێکی تریاندا، بێگومان لەوەی کە باسکرا بەڵگە و نیشانە گەلێک ھەن بۆ ئەوانەی کە بە وردی بیر دەکەنەوە و تێڕادەمێنن، چونکە ئەو کەسانە پەند و عیبرەتی لێ وەردەگرن.

5

۞ وَإِن تَعْجَبْ فَعَجَبٌۭ قَوْلُهُمْ أَءِذَا كُنَّا تُرَٰبًا أَءِنَّا لَفِى خَلْقٍۢ جَدِيدٍ ۗ أُو۟لَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ بِرَبِّهِمْ ۖ وَأُو۟لَٰٓئِكَ ٱلْأَغْلَٰلُ فِىٓ أَعْنَاقِهِمْ ۖ وَأُو۟لَٰٓئِكَ أَصْحَٰبُ ٱلنَّارِ ۖ هُمْ فِيهَا خَٰلِدُونَ

خۆ ئه‌گه‌ر تۆ به‌شتێك سه‌رسام بیت و پێت سه‌یربێت، ئه‌وه قسه‌ی بێ باوه‌ڕان جێگه‌ی سه‌رسامییه که ده‌ڵێن: ئایا کاتێك بووینه‌وه به خاك و خۆڵ، سه‌رله‌نوێ ئایا زیندوو ده‌کرێینه‌وه‌و دروست ده‌بینه‌وه‌؟ ئا ئه‌وانه (که ئه‌و قسه‌یه ده‌که‌ن) ئه‌وانه‌ن که بێ باوه‌ڕ بوون به په‌روه‌ردگاریان، ئا ئه‌وانه زنجیره‌کان له گه‌ردنیاندان و ئه‌وانه نیشته‌جێی ناو ئاگری دۆزه‌خن و هه‌میشه ده‌بێ تیایدا بمێنه‌وه‌.

- ئەی پێغەمبەر - ئەگەر سەرت لەشتێک سووڕ بمێنێت شایستەترین شت ئەوەیە سەرت لە کاری ئەو بێباوەڕانە سووڕ بمێنێت کە باوەڕیان بەزیندووبوونەوە نییە و بەڵگەش دەھێننەوە بۆ ئینکاری کردنی و دەڵێن: ئەگەر ئێمە مردین و بووین بەگڵ و ئێسکی کۆن و ڕزیو ئایا جارێکی تر زیندوو دەکرێینەوە؟! ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە زیندوو بوونەوەی پاش مردن نییە هەر ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە پەروەردگاریان نییە، وە باوەڕیان بە ھێز و دەسەڵاتی ئەو نییە کە مردوو زیندوو بکاتەوە، ئەوانە لە ڕۆژی قیامەتدا کۆت و بەندی ئاگرین دەکرێتە گەردنیان، ئەوانە ھاوڕێ و ھاودەمی ئاگرن و بەھەمیشەیی و ھەتا ھەتایی تێیدا دەمێننەوە و لەناو ناچن، وە بەھیچ شێوەیەکیش سزایان لەسەر ھەڵناگیرێت.

6

وَيَسْتَعْجِلُونَكَ بِٱلسَّيِّئَةِ قَبْلَ ٱلْحَسَنَةِ وَقَدْ خَلَتْ مِن قَبْلِهِمُ ٱلْمَثُلَٰتُ ۗ وَإِنَّ رَبَّكَ لَذُو مَغْفِرَةٍۢ لِّلنَّاسِ عَلَىٰ ظُلْمِهِمْ ۖ وَإِنَّ رَبَّكَ لَشَدِيدُ ٱلْعِقَابِ

(لارو وێری خوانه‌ناسان گه‌یشتۆته ڕاده‌یه‌ك که‌): په‌له‌ت لێده‌که‌ن له پێشهاتنی به‌ڵاو ناخۆشی پێش ئه‌وه‌ی داوای چاکه و خۆشی بکه‌ن، له‌کاتێکدا بێگومان له پێشینانه‌وه نموونه‌ی تیاچوون و ڕیسوا بوونی خوانه‌ناسان تێپه‌ڕ بووه‌، بێگومان په‌روه‌ردگاری تۆ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم)خاوه‌نی چاوپۆشی و لێخۆشبوونه بۆ خه‌ڵکی، سه‌ره‌ڕای سته‌میان (ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای ئیمان و خواناسی)، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری تۆ زۆر تۆڵه سێنه‌رێکی به‌هێزه (له‌و که‌سانه‌ی که دژایه‌تی به‌رنامه به نرخه‌که‌ی ده‌که‌ن.

- ئەی پێغەمبەری خوا - بتپەرست و موشریکەکان پەلەی ئەوەت لێ دەکەن کە سزای خوایان بۆ دابەزێت، پێش ئەوەی ئەو ناز و نیعمەتانەی کە خوای گەورە تەقدیری کردووە بۆیان تەواو و کامڵ ببێت، بێگومان پێش ئەوان کەسانێکی تر لە ئوممەتەکانی پێشین کە پەیامی خوایان بە درۆ زانی سزا دران، کەواتە ئیتر چۆن پەند و عیبرەتیان لێ وەرنەگرت؟ - ئەی پێغەمبەر - لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ڕۆچوون لەناو زوڵم و ستەمدا بێگومان پەروەردگارت چاوپۆشیان لێ دەکات و مۆڵەتیان دەدات و پەلە ناکات لە سزادانیان تاوەکو تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای، وە بێگومان پەروەردگارت سزا و تۆڵەی زۆر توندە بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەر بێباوەڕی خۆیان سوور و بەردەوامن ئەگەر تەوبە نەکەن.

7

وَيَقُولُ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ لَوْلَآ أُنزِلَ عَلَيْهِ ءَايَةٌۭ مِّن رَّبِّهِۦٓ ۗ إِنَّمَآ أَنتَ مُنذِرٌۭ ۖ وَلِكُلِّ قَوْمٍ هَادٍ

ئه‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕ بوون ده‌ڵێن: ئه‌وه بۆ به‌ڵگه‌و نیشانه‌یه‌ك له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریه‌وه دانه‌به‌زێنرایه سه‌ری (که پێغه‌مبه‌ری خوایه‌) بێگومان، ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم) تۆ ته‌نها ترسێنه‌رو بێدارکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌یت، بۆ هه‌ر میلله‌تێك پێغه‌مبه‌رو چاوساغ و ڕێپیشانده‌رێك هه‌یه‌.

ئەوانەی بێباوەڕن بە خوای گەورە ڕۆچوون لەسەرکەشی و عینادی کردن لەگەڵ پێغەمبەری خوا و پێی دەڵێن: بۆچی موعجیزە و نیشانەیەکی وەک موعجیزە و نیشانەکانی موسا و عیسا نایەتە خوارەوە بۆ موحەممەد، - ئەی پێغەمبەر - ئەمە بە دەست تۆ نییە بەڵکو تۆ تەنھا ترسێنەری خەڵکیت بە سزای خوای گەورە، وە جگە ئەو بەڵگە و نیشانانەی کەخوای گەورە پێی داویت ھیچ نیشانەیەکی ترت لا نییە، وە بۆ ھەموو گەل و نەتەوەیەکیش پێغەمبەرێک ڕەوانە کراوە تاوەکو ڕێنوماییان بکات بۆ سەر ڕێگای ڕاست.

8

ٱللَّهُ يَعْلَمُ مَا تَحْمِلُ كُلُّ أُنثَىٰ وَمَا تَغِيضُ ٱلْأَرْحَامُ وَمَا تَزْدَادُ ۖ وَكُلُّ شَىْءٍ عِندَهُۥ بِمِقْدَارٍ

خوا چاك ده‌زانێت به‌وه‌ی هه‌موو مێینه‌یه‌ك چی له سکیدا هه‌ڵگرتووه (نێره یان مێ، ته‌واوه‌، یان ناته‌واو، ڕه‌نگی ڕووخساری، قه‌باره‌ی.... تد) هه‌روه‌ها ده‌زانێت به‌وه‌ش که ده‌پوکێته‌وه‌و له‌بار ده‌چێت و به‌وه‌ش که زیاد ده‌کات و گه‌وره ده‌بێت، هه‌موو شتێك لای ئه‌و زاته به‌ئه‌ندازه و پێوانه‌یه‌.

خوای گەورە دەزانێت ھەموو مێینەیەک چی لە سکیدایە و ئاگاداری ھەموو شتێکیەتی، وە دەزانێت مناڵدان چی لێ زیاد و کەم دەبێت، یان تەندروستی چۆنە و دووچاری چی نەخۆشیەک دەبێتەوە، وە ھەموو شتێک لای خوای گەورە بە ئەندازەگیریەکی زۆر وردە کە ھیچی لێ زیاد یان کەم ناکرێت.

9

عَٰلِمُ ٱلْغَيْبِ وَٱلشَّهَٰدَةِ ٱلْكَبِيرُ ٱلْمُتَعَالِ

ئه‌و زاته زانای نهێنی و شاراوه‌کانه هه‌روه‌ها زانای ئاشکراو بینراوه‌کانیشه‌، زاتێکی زۆر گه‌وره‌و به‌شکۆو بڵندو پایه‌داره.

چونکە خوای گەورە زانا و ئاگادارە بە تەواوی ئەو کاروبار و شتانەی کە نادیارن لای حەواس و ھەستی دروستکراوەکان بە تایبەت لای مرۆڤەکان، وە زانا و ئاگاداریشە بە تەواوی ئەو شتانەیشی کە ھەستەوەرەکانی ئەوان درکی دەکەن، خوای گەورە مەزن و بڵندە لە سیفات و ناو و کاروکردارەکانیدا ، وە بەزات و سیفاتی بەرز و بڵندیشە بەسەر ھەموو بەدێھێنراوەکانیدا.

10

سَوَآءٌۭ مِّنكُم مَّنْ أَسَرَّ ٱلْقَوْلَ وَمَن جَهَرَ بِهِۦ وَمَنْ هُوَ مُسْتَخْفٍۭ بِٱلَّيْلِ وَسَارِبٌۢ بِٱلنَّهَارِ

چونیه‌که لای ئه‌و زاته‌، ئه‌گه‌ر که‌سێکتان قسه بشارێته‌وه‌، یان بیڵێت و ئاشکرای بکات، هه‌روه‌ها ئاگاداری ئه‌و که‌سه‌یه که له تاریکی شه‌ودا خۆی ده‌شارێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش که به‌ڕۆژدا ده‌ڕواو ئاشکراو دیاره‌.

ھەر ئەویش زانا و ئاگادارە بەو شتانەی نھێنی و نادیارن، - ئەی خەڵکینە - چون یەکە لای ئەو ئەگەر کەسێک لە ئێوە بە نھێنی وتەیەک بڵێت یان ئاشکرای بکات، ھەروەھا لای خوای گەورە وەک یەکە کەسێک لە تاریکی شەو و دوور لە چاوی خەڵکی کارێک بکات، یاخود بە ڕۆژی ڕووناک و بە ئاشکرا ئەنجامی بدات، خوای گەورە زانا و ئاگادارە پێی ھیچ جیاوازیەکی نییە لای ئەو.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.