Muslim99Muslim99
← Tafsir library

13. Ar-Ra'd

The Thunder · Medinan · 43 ayahs

سُورَةُ الرَّعۡدِ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 11–20 of 43

11

لَهُۥ مُعَقِّبَٰتٌۭ مِّنۢ بَيْنِ يَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِۦ يَحْفَظُونَهُۥ مِنْ أَمْرِ ٱللَّهِ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا۟ مَا بِأَنفُسِهِمْ ۗ وَإِذَآ أَرَادَ ٱللَّهُ بِقَوْمٍۢ سُوٓءًۭا فَلَا مَرَدَّ لَهُۥ ۚ وَمَا لَهُم مِّن دُونِهِۦ مِن وَالٍ

بۆ خوا هه‌یه فریشته‌ی بێ شومار که به نۆره به‌دوای یه‌کدا دێن تا چاودێری ئاده‌میزاد بکه‌ن له به‌رو پشت و له هه‌موو لایه‌که‌وه بیپارێزن به فه‌رمانی خوا، بێگومان خوا بارودۆخی هیچ قه‌وم و گه‌لێك ناگۆڕێت (له خۆشیه‌وه بۆ ناخۆشی، یان له زه‌لیلیه‌وه بۆ سه‌ربه‌رزی، یان له گرانیه‌وه بۆ هه‌رزانی)هه‌تا ئه‌وان ئه‌وه‌ی به خۆیان ده‌کرێت نه‌یگۆڕن و نه‌یکه‌ن، کاتێکیش خوا بیه‌وێت به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر هه‌ر میلله‌تێکدا بهێنێت (له ده‌رئه‌نجامی سه‌رکه‌شی و یاخی بوونیان)، ئه‌وه هیچ هێزێك ناتوانێت به‌ری بگرێت، هیچ که‌سیش ناتوانێت جگه له خوا فریایان بکه‌وێت و ڕزگاریان بکات.

پەروەردگار (سبحانە وتعالی) کۆمەڵێک فریشتەی ھەن لە پاش وپێشی ئادەمیزادەوە بەدوای یەکدا دێن، ھەندێکیان بە شەو دێن وھەندێکی تریان بە ڕۆژ، بە فەرمانی خوای گەورە پارێزگاری لێ دەکەن لە چوار چێوەی ئەو قەدەرەی خوای گەورە لەسەری نووسیوە و ڕێگری کردووە لێی، ھەرچی گوفتار وکرداریانە دەینوسن، بێگومان خوای گەورە ھیچ گۆڕانکاریەک بەسەر ھیچ گەل و ھۆزێکدا ناھێنێت لە حاڵێکی باش و نایابەوە بۆ حاڵ و گوزەرانێکی ناخۆش و دژوار ھەتاوەکو ئەو گەل و ھۆزە خۆیان ناشکور نەبوبن بە نازو نیعمەتەکانی خوا، خۆ ئەگەر خوای گەورە بیەوێت ھەر گەل وھۆزێک لەناو ببات ھیچ کەسێک ناتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم ویست وئیرادەی ئەودا، - ئەی خەڵکینە - جگە لە خوای گەورە ھیچ پشتیوان وسەرپەرشتیکارێکتان نییە کاروبارەکانتان بۆ بەرێوە ببات، کەوابوو ڕوو بکەنە خوا و ھانای بۆ بەرن تاوەکو ئەو بەڵاو موسیبەتەی دووچاری بوون لە سەرتانی ھەڵگرێت.

12

هُوَ ٱلَّذِى يُرِيكُمُ ٱلْبَرْقَ خَوْفًۭا وَطَمَعًۭا وَيُنشِئُ ٱلسَّحَابَ ٱلثِّقَالَ

خوا ئه‌و زاته‌یه که هه‌وره بروسکه‌تان نیشان ده‌دات، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ترسدا (به‌هۆی ڕووناکی به‌هێزو ده‌نگی سامناکی، که ده‌وریان هه‌یه له به‌پێز کردنی خاکی زه‌وی و ته‌قاندنه‌وه‌ی تۆوه‌کاندا) هه‌روه‌ها ئومێد و هیوا به‌خشیشه (به ساڵێکی پڕ به‌ره‌که‌ت)، هه‌ر ئه‌و زاته هه‌وری قورس و سه‌نگین و ئاودار به‌دی ده‌هێنێت.

- ئەی خەڵکینە - ھەر ئەو زاتەیە کە ھەورە بروسکەتان نیشان دەدات، ترس وھیواتان بە ھۆیەوە بۆ کۆ دەکاتەوە، دەترسن لە دەنگ و بروسکەکەی کە بتانسوتێنێت، وە ئومێدیشتان ھەیە لەگەڵیدا بارانتان بۆ ببارێنێت، ھەر زاتی بەرزی اللەیە ھەوری پڕ لە ئاوی زۆرتان بۆ پێک دەەھێنێت و بارانی خوڕەم و لێزەمەتان بۆ دەبارێنێت.

13

وَيُسَبِّحُ ٱلرَّعْدُ بِحَمْدِهِۦ وَٱلْمَلَٰٓئِكَةُ مِنْ خِيفَتِهِۦ وَيُرْسِلُ ٱلصَّوَٰعِقَ فَيُصِيبُ بِهَا مَن يَشَآءُ وَهُمْ يُجَٰدِلُونَ فِى ٱللَّهِ وَهُوَ شَدِيدُ ٱلْمِحَالِ

هه‌وره تریشقه (به‌ده‌نگی گه‌وره و سامناكی) ته‌سبیحات و سوپاس و ستایشی (به‌دیهێنه‌ری ده‌کات) و فریشته‌کانیش له ترسی ئه‌و زاته (سه‌ر گه‌رمی ته‌سبیحات و ستایش و سوپاسگوزارین)، هه‌روه‌ها (جاری وا هه‌یه‌) هه‌وره بروسکه ده‌نێرێت و ده‌یماڵێت به‌که‌سێکدا که خوا ویستی له‌سه‌ره و ڕۆژی ته‌واو بووه (جا له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو به‌ڵگه‌و نیشانه به‌هێزه‌دا) ئه‌وانه هه‌ر له ده‌مه‌ده‌مێ و مشتومڕدان ده‌رباره‌ی خوا (دوور له بنه‌مای زانستی) له‌کاتێکدا ئه‌و زاته ده‌سه‌ڵاتی زۆر به‌هیزه‌و تۆڵه‌سه‌ندنی (له خوانه‌ناسان) توندو تیژه‌.

ھەورە بروسکە تەسبیحات و ستایشی پەروەردگاری دەکات و پاک و بێگەردی بۆ دەنوێنێت، وە فریشتەکانیش لەبەر ترس و بیمی دەسەڵاتی بێ سنووری ئەو تەسبیحات و ستایشی دەکەن وپاکو بێگەردی بۆ دەنوێنن، وە ھەر ئەویشە ھەورە تریشقەی لەناوبەر دەنێرێت ئەمجا ئەگەر ویستی لەھەرکەسێک و لەھەر دروستکراوێکی بدات و بیسوتێنێت دەیسوتێنێت و لەناوی دەبات، لەگەڵ ئەو ھەموو بەڵگە و نیشانانە لەسەر دەسەڵاتی خوای گەورە کەچی ھێشتا بێباوەڕان سەرگەرمی دەمەقاڵێن لەسەر تاکو و تەنھایی زاتی پیرۆزی ئەو، بێگومان خوای گەورە زۆر بەھێز و توندە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە سەرپێچی فەرمانەکانی دەکەن.

14

لَهُۥ دَعْوَةُ ٱلْحَقِّ ۖ وَٱلَّذِينَ يَدْعُونَ مِن دُونِهِۦ لَا يَسْتَجِيبُونَ لَهُم بِشَىْءٍ إِلَّا كَبَٰسِطِ كَفَّيْهِ إِلَى ٱلْمَآءِ لِيَبْلُغَ فَاهُ وَمَا هُوَ بِبَٰلِغِهِۦ ۚ وَمَا دُعَآءُ ٱلْكَٰفِرِينَ إِلَّا فِى ضَلَٰلٍۢ

هه‌ر بۆ خوایه بانگه‌وازی حه‌ق و ڕاستی، (به‌ڵام) ئه‌وانه‌ی هاناو هاوار بۆ که‌سێکی تر ده‌به‌ن جگه له‌و زاته‌، هاوار لێکراوان به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌هانایانه‌وه نایه‌ن و وه‌ڵامیان ناده‌نه‌وه‌، مه‌گه‌ر وه‌کو که‌سێك (تینووی بێت له دووره‌وه‌) ده‌سته‌کانی درێژه بکات بۆ ئاو تا بیگه‌یه‌نێته ده‌می، که‌چی بێسووده‌و ناگاته ده‌می، بێگومان دوعا نزای بێ باوه‌ڕان ته‌نها له‌ناو تاریکی و گومڕایدایه و هیچی تر نی یه‌.

بانگەوازی ھەق و ڕاست و دروست کە بریتیە لە بانگەوازکردن بۆ یەکخواپەرستی تەنھا ھەر بۆ ئەوە، وە ھیچ کەسێکی تری تێدا بەشدار نییە، وە نموونەی ئەو بتانەی کە بتپەرست وموشریکەکان ھانا و ھاواری بۆ دەبەن و وەڵامی ھیچ داوا و پرسیارێکیشیان نادەنەوە، وەک نموونەی ئەو کەسە تینوە وایە کە لە دوورەوە دەستی بۆ ئاو درێژ کردبێت تاوەکو بگاتە دەمی وتینوێتی بشکێنێت، دیارە بەو شێوەیە دەست درێژکردن بۆ ئاو تینوێتی ناشکێنێت، بێگومان ھانا و ھاواری بێباوەڕانیش لەو بتانە تەنھا گومڕایی وسەرلێشێواوی و دوورییە لەڕاستی، چونکە ئەو بتانە نەدەتوانن سودێکیان پێ بگەیەنن، وە نە زیانێکیشیان لێ دوور ببخەنەوە.

15

وَلِلَّهِ يَسْجُدُ مَن فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ طَوْعًۭا وَكَرْهًۭا وَظِلَٰلُهُم بِٱلْغُدُوِّ وَٱلْءَاصَالِ ۩

هه‌رچی له ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا هه‌یه‌، له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیی خۆیان بێ یان به ناچاریی سوژده بۆ خوای به‌دیهێنه‌ر ده‌به‌ن هاوڕێ له‌گه‌ڵ سێبه‌ره‌کانیاندا له به‌ره‌به‌یان و ده‌مه‌و ئێواراندا.

ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە بیانەوێت یان نەیانەوێت ملکەچی خوای گەورەن و سوژدەی بۆ دەبەن، لەمەشدا باوەڕدار و بێباوەڕ وەک یەکن، تەنھا جیاوازیان ئەوەیە باوەڕداران بە ئارەزووی خۆیان ملکەچی پەروەردگایانن و بە ویستی خۆیان سوژدەی بۆ دەبەن، بەڵام بێباوەڕان بێ پێخۆش بوون و ویستی خۆیان ملکەچی خوا دەبن، چونکە فیترەتیان ئەوەیان پێ دەڵێت بە ناچاری ملکەچی ئەو بن، ھەروەھا ئەو دروستکراوانەیش کەسێبەریان ھەیە لەسەرەتای ڕۆژ و کۆتاییەوە ملکەچی فەرمانی ئەون و ناتوانن لێی لابدەن.

16

قُلْ مَن رَّبُّ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ قُلِ ٱللَّهُ ۚ قُلْ أَفَٱتَّخَذْتُم مِّن دُونِهِۦٓ أَوْلِيَآءَ لَا يَمْلِكُونَ لِأَنفُسِهِمْ نَفْعًۭا وَلَا ضَرًّۭا ۚ قُلْ هَلْ يَسْتَوِى ٱلْأَعْمَىٰ وَٱلْبَصِيرُ أَمْ هَلْ تَسْتَوِى ٱلظُّلُمَٰتُ وَٱلنُّورُ ۗ أَمْ جَعَلُوا۟ لِلَّهِ شُرَكَآءَ خَلَقُوا۟ كَخَلْقِهِۦ فَتَشَٰبَهَ ٱلْخَلْقُ عَلَيْهِمْ ۚ قُلِ ٱللَّهُ خَٰلِقُ كُلِّ شَىْءٍۢ وَهُوَ ٱلْوَٰحِدُ ٱلْقَهَّٰرُ

(ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم به خوانه‌ناسان) بڵێ: کێ په‌روه‌ردگاری ئاسمانه‌کان و زه‌ویه‌؟ (ئه‌گه‌ر ئه‌وان بێ ده‌نگ بوون) تۆ بڵێ: الله په‌روه‌ردگاریانه‌، (چونکه ئه‌وانه که‌ڕ کوێرو ڵاڵن له‌وانه‌یه دان به‌و ڕاستیه‌دا نه‌نێن) پاشان پێیان بڵێ: ئایا ڕه‌وایه جگه له‌و خوایه پشت به شتانی تر ببه‌ستن و بیانکه‌نه پشتیوان و خۆشه‌ویست، که ئه‌وانه ته‌نانه‌ت بۆ خۆشییان قازانج و زه‌ره‌ریان به‌ده‌ست نیه‌؟! هه‌روه‌ها بڵێ: باشه ئاخر کوێر و چاوساغ وه‌ك یه‌کن؟! تاریکی و ڕووناکی چوونیه‌کن؟! (دیاره خوانه‌ناسی و بێ دینی کوێری و تاریکیه‌، ئیمان و باوه‌ڕو خواناسیش چاو ساغی و ڕووناکیه‌)، به‌ڵکو چه‌ند هاوبه‌شێکیان داناوه بۆ خوا، که‌شتیان دروستکردووه وه‌ك دروستکراوه‌کانی خواو جا دروستکراوه‌که‌یان لێ شێواوه‌، پێیان بڵێ: الله به‌دیهێنه‌رو دروستکاری هه‌موو شتێکه و ئه‌وزاته تاکوته‌نهاو به‌ده‌سه‌ڵات و به‌هێزو به توانایه‌.

- ئەی پێغەمبەری خوا - بەو بێباوەڕانە بڵێ کە لەگەڵ خوای گەورە شتێکی تر دەپەرستن: کێ بەدیھێنەر و پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوییە، وە کێ ھەڵسوڕێنەر و بەڕێوەبەریانە؟ - ئەی پێغەمبەر - تۆ بڵێ ھەر خوای گەورە بەدیھێنەر و بەڕێوەبەریانە، ئێوەیش دان بەمەدا دەنێن، - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئایا جگە لە خوای گەورە کەسێکی تر دەکەنە پشتیوانی خۆتان کە توانای ھیچ شتێکیان نییە، ئەوانە ناتوانن سوودێک بە خۆیان بگەیەنن، یان زیانێک لەخۆیان دوور بخەنەوە، ئیتر چۆن دەتوانن کارێکی لەو شێوەیە بۆ غەیری خۆیان بکەن؟! - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئایا ئەو بێباوەڕەی کە دڵی کوێرە وھیچ حاڵی نابێت، وەک ئەو باوەڕدارە دڵ زیندووە وایە کە شوێن ڕێنومایی پەروەدگار کەوتووە؟! وە ئایا بێباوەڕی کەپارچەیەکە لەشەوە زەنگ و تاریکی، وەک نوور و ڕوناکی باوەڕ وایە؟ ئایا بەلای ئێوەوە وەک یەک و یەکسانن؟! یان ئەوانەی ئەوان کردویانن بە شەریک وھاوەڵی خوا بەلایانەوە وایە وەک خوای گەورە دروستکەر و بەدیھێنەرن؟ بەمەش لێیان تێکچوو بێت و لێیان شێوا بێت و چەواشە بووبن، وایان زانی بێت ئەوانەی خوای گەورە بەدیھێناون و دروستی کردوون خواکانی خۆیان دروستیان کردوون و بە دیانھێناون؟ - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: تەنھا خوای گەورە اللە (جل جلالە) بەدیھێنەر و دروستکەری ھەموو شتێکە، وە ھیچ شەریک و ھاوەڵێکیشی نییە لەمەدا، تەنھا ئەو شایستەی پەرستنە بە تاک و تەنھا، وئەو گەردنکەچکاری هەموو شتێکە.

17

أَنزَلَ مِنَ ٱلسَّمَآءِ مَآءًۭ فَسَالَتْ أَوْدِيَةٌۢ بِقَدَرِهَا فَٱحْتَمَلَ ٱلسَّيْلُ زَبَدًۭا رَّابِيًۭا ۚ وَمِمَّا يُوقِدُونَ عَلَيْهِ فِى ٱلنَّارِ ٱبْتِغَآءَ حِلْيَةٍ أَوْ مَتَٰعٍۢ زَبَدٌۭ مِّثْلُهُۥ ۚ كَذَٰلِكَ يَضْرِبُ ٱللَّهُ ٱلْحَقَّ وَٱلْبَٰطِلَ ۚ فَأَمَّا ٱلزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَآءًۭ ۖ وَأَمَّا مَا يَنفَعُ ٱلنَّاسَ فَيَمْكُثُ فِى ٱلْأَرْضِ ۚ كَذَٰلِكَ يَضْرِبُ ٱللَّهُ ٱلْأَمْثَالَ

هه‌ر ئه‌و زاته له ئاسمانه‌وه بارانی باراندووه‌، به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌و دۆڵ و نشێوه به‌هۆی ئه‌و بارانه پڕ ده‌بن (ئینجا لافاوێك دروست ده‌بێت)، ئه‌و لافاوه که‌ف و کوڵی به‌رز هه‌ڵگرتووه‌، (ئه‌مه نموونه‌ی یه‌که‌می حه‌ق و ناحه‌قه‌، بۆ نمونه‌ی دووه‌م ده‌فه‌رمووێت) هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ڕووی ئه‌و کانزایانه‌ی که ئاگری تێبه‌رده‌ده‌ن و ده‌یتوێننه‌وه به‌ئاگر بۆ دروستکردنی خشڵ وه‌کو (ئاڵتوون و زیوو پلاتین) یاخود بۆ پێویستی تر (وه‌کو ئاسن و مس و قوڕقوشم) که‌ف و کوڵ دروست ده‌بێت وه‌ك که‌ف و کوڵی سه‌ر ئاوه‌که‌، ئا به‌و شێوه‌یه خوا نموونه ده‌هێنێته‌وه بۆ حه‌ق و ناحه‌ق، بۆ ڕاست و ناڕاست، جا ئه‌وه‌ی که‌ف و کوڵه وبێسوود و بێ که‌ڵکه ده‌ڕوات و ده‌پوکێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که سوود به‌خش و به‌که‌ڵکه بۆ خه‌ڵکی له‌سه‌ر زه‌ویدا هه‌ر ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه‌، ئا به‌و شێوه‌یه خوا نموونه جۆراوجۆره‌کان ده‌هێنێته‌وه‌، (دیاره که به‌تاڵ و ناحه‌قی که‌ف و کوڵن و ته‌مه‌ن کۆتان، حه‌ق و ‎ڕاستیش ئاوه پاکه‌که‌یه‌و و کانزا به‌سووده‌کانن ده‌مێننه‌وه له زه‌ویدا).

خوای گەورە بۆ لەناوچوونی ناھەق و باتڵ، وە مانەوەی ھەق و ڕاستی، نموونە بە ئاوی باران دەھێنێتەوە کە لە ئاسمانەوە دەبارێت و شیو و دۆڵەکان ھەریەكەیان بە ئەندازەی گەورەی و بچوکی خۆی پڕ ئاو کرد، جا ئەو لافاوە پووش و پەڵاش و کەفێکی زۆری بەسەر ئاوەکەوە لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرت، لەپاشان ئاوەکە بەڕوونی دەرکەوت و پووش و پەڵاشەکەی لێ جیا بوویەوە، ھەروەھا نموونەیەکەی تر بۆ مانەوەی (ھەق و ڕاستی) و دوابڕاوی (باتڵ و ناھەق) بەو کانزا گران بەھا و بەنرخانە دەھێنێتەوە کە لەسەر ئاگر دەتوێنرێنەوە، بەمەبەستی پوختە و پاڵفتەکردن و بەدەستھێنانی کەرەستەی جوان و خشڵی خۆڕازاندنەوە، خوای گەورە بۆ مانەوەی ھەق و ڕاستی و لەناوچوونی باتڵ و ناھەقی ئەم دوو نموونە دەھێنێتەوە، باتڵ و ناھەقی وەک پوش و پەڵاش و کەفی سەر ئاو، وە ئەو ژەنگ و ژار و پیسیەی کە لە کانزا بەنرخە کە جیا دەبێتەوە وایە، ھەق و ڕاستیش وەک ئەو ئاوە ڕوون و پاک و خاوێنە وایە کە خەڵکی دواتر لێی دەخۆنەوە و دار و درەخت و بەروبوم و لەوەڕگای پێ سەوز دەبێت، وە وەک ئەو کانزا پاڵفتەیەش وایە کە خاوێن و پاکژ دەکرێتەوە و خەڵکی سوودی لێ دەبینن، جا خوای گەورە ھەروەک ئەم نموونانەی بۆ ھێناونەتەوە، بەھەمان شێوە نمونەی تر دەھێنێتەوە تاوەکو ھەق و ڕاستی لە باتڵ گومڕایی بۆ خەڵکی ڕوون بێتەوە.

18

لِلَّذِينَ ٱسْتَجَابُوا۟ لِرَبِّهِمُ ٱلْحُسْنَىٰ ۚ وَٱلَّذِينَ لَمْ يَسْتَجِيبُوا۟ لَهُۥ لَوْ أَنَّ لَهُم مَّا فِى ٱلْأَرْضِ جَمِيعًۭا وَمِثْلَهُۥ مَعَهُۥ لَٱفْتَدَوْا۟ بِهِۦٓ ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ لَهُمْ سُوٓءُ ٱلْحِسَابِ وَمَأْوَىٰهُمْ جَهَنَّمُ ۖ وَبِئْسَ ٱلْمِهَادُ

(هه‌ڵویستی ئه‌و خه‌ڵکه له به‌رامبه‌ر با‌نگه‌وازی په‌روه‌ردگاریانه‌وه دوو جۆره‌) بۆ ئه‌وانه‌ی که به‌ده‌م بانگه‌وازی په‌روه‌ردگاریانه‌وه چوون، هه‌موو خۆشی و شادی و کامه‌رانی و ئاسووده‌ییه‌کان بۆ ئاماده‌یه‌، ئه‌وانه‌ش که به‌ده‌م بانگه‌وازه‌که‌یه‌وه نه‌چوون، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی خاوه‌نی هه‌ر هه‌موو شتێك بن له زه‌ویداو ئه‌وه‌نده‌ی تریشی له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌وه ده‌یانکرده قوربانی خۆیان، له پێناوی ڕزگاری خۆیاندا ده‌یانبه‌خشی، (چونکه‌) ئا ئه‌و جۆره که‌سانه به خراپترین شێوه حسابیان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، سه‌رئه‌نجامیش، جێگه‌یان دۆزه‌خه‌، ئای که شوێنێکی خراپه‌.

ئەو باوەڕدارانەی کە وەڵامی پەروەردگاریان دایەوە، کاتێک بانگی کردن بۆ یەکخواپەرستی و تاعەت وگوێڕایەڵی خۆی، پەروەردگار لە ڕۆژی دواییدا پاداشتی باشتر وچاکتری بۆ ئامادە کردوون، ئەویش بەھەشتی نەبڕاوەی ھەتا ھەتاییە، وە بێباوەڕانیش کە وەڵامی بانگەوازی خوایان بۆ یەکخواپەرستی وگوێڕایەڵیکردنی نەدایەوە، ئەگەر ھەرچی لە زەویدا ھەیە لە سەروەت وسامان وماڵی دونیا ھی ئەوان بێت، ھێندەی تریشی لەگەڵدا بێت دەیبەخشن بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لە سزای دۆزەخ، بەڵام لێیان قبوڵ ناکرێت، جا ئەوانەی وەڵامی بانگەوازەکەی خوایان نەدایەوە لەسەر تەواوی خراپە وتاوانەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، وە جێگا و مەئوایشیان ئاگری دۆزەخە و دەبێتە ڕایەخیش بۆیان، ئای چی جێگا و ڕایەخێکی خراپە ئاگری دۆزەخ بۆ ئەوان.

19

۞ أَفَمَن يَعْلَمُ أَنَّمَآ أُنزِلَ إِلَيْكَ مِن رَّبِّكَ ٱلْحَقُّ كَمَنْ هُوَ أَعْمَىٰٓ ۚ إِنَّمَا يَتَذَكَّرُ أُو۟لُوا۟ ٱلْأَلْبَٰبِ

جا ئایا ئه‌و که‌سه‌ی که دڵنیایه و ده‌زانێت بێگومان ئه‌م قورئانه‌ی که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه بۆت دابه‌زێنراوه حه‌ق و ڕاسته‌قینه‌یه‌، وه‌کو ئه‌و که‌سه وایه که کوێره له ئاستیدا؟، به‌ڕاستی هه‌ر خاوه‌ن بیرو هۆشه‌کان له‌ڕاستی تێده‌گه‌ن و تێده‌فکرن.....

- ئەی پێغەمبەر - ئایا یەکسان و چوون یەکە ئەو کەسەی دەزانێت ئەوەی خوای گەورە بۆ تۆی دابەزاندووە ھەق و ڕاستە و ھیچ گومان و دوودڵی تێدا نییە، کەسێکی باوەڕدارە و وەڵامی پەروەردگار دەداتەوە، ئایا وەک ئەو کەسە وایە لە ئاست ھەق و ڕاستی خۆی کوێر دەکات و باوەڕ ناھێنێت و وەڵامی بانگەوازی خوا ناداتەوە، بێگومان خاوەن بیروھۆش و عەقڵە ساغەکان پەند و ئامۆژگاری لەمە وەردەگرن.

20

ٱلَّذِينَ يُوفُونَ بِعَهْدِ ٱللَّهِ وَلَا يَنقُضُونَ ٱلْمِيثَٰقَ

ئه‌و که‌سانه‌ن وه‌فا ده‌که‌ن و به‌ئه‌مه‌کن له به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یمانه‌وه که هه‌یانه له‌گه‌ڵ خوای په‌روه‌ردگارداو، ئه‌و په‌یمانه‌ش ناشکێن و به‌ڵێن هه‌ڵناوه‌شێننه‌وه‌....

ئەوانەی کە وەڵامی بانگەوازەکەی خوایان دایەوە، ئەوانە ئەو کەسانەن کە وەفا دەکەن بەو پەیمانەی بە خوایان داوە، یان ئەو پەیمانەی بە خەڵکییان داوە، وە ئەو پەیمانە دووپاتکراوەیش بە خوایان داوە یان بەخەڵکیان داوە ھەڵی ناوەشێننەوە.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.