Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 81–90 of 111

81

ٱرْجِعُوٓا۟ إِلَىٰٓ أَبِيكُمْ فَقُولُوا۟ يَٰٓأَبَانَآ إِنَّ ٱبْنَكَ سَرَقَ وَمَا شَهِدْنَآ إِلَّا بِمَا عَلِمْنَا وَمَا كُنَّا لِلْغَيْبِ حَٰفِظِينَ

بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای باوکتان و پێ بڵێن: ئه‌ی باوکی به‌ڕێزمان، بێگومان کوڕه‌که‌ت دزی کردوو ئێمه ئاگامان لێ نه‌بووه‌، جگه له‌وه‌ی که زانیومانه‌، ئێمه له شاراوه و نهێنیه‌کان شاره‌زا نین (نازانین ئه‌و کوڕه بۆ وای کرد).

برا گەورەکەیان وتی: بگەڕێنەوە بۆ لای باوکتان و پێی بڵێن: کوڕەکەت دزی کردووە، لە سزای ئەو کارەیشیدا عەزیزی میسر کردوویەتی بە بەندە و کۆیلەی خۆی، شاھیدیشمان لەسەر ئەمە نەداوە تا ئەو کاتەی بەچاوی خۆمان بینیمان کە پێوانەکەی پاشایان لە کوڵوبار و کەلوپەلەکەی ئەودا دەرھێنا، وە ئێمەیش نەماندەزانی ئەو دزی دەکات، چونکە ئەگەر بمانزانیایە ئەو دزی دەکات ئەوا ھەرگیز پەیمانمان پێ نەدەدای کە ئەوت بۆ دەگێڕینەوە.

82

وَسْـَٔلِ ٱلْقَرْيَةَ ٱلَّتِى كُنَّا فِيهَا وَٱلْعِيرَ ٱلَّتِىٓ أَقْبَلْنَا فِيهَا ۖ وَإِنَّا لَصَٰدِقُونَ

(حه‌ز ده‌که‌یت، له خه‌ڵکی) ئه‌و شاره‌ش بپرسه که ئێمه‌ی لێ بووین، له‌و کاروانه‌ش بپرسه که ئێمه‌ی تێدا بووین و پیکه‌وه هاتینه‌وه ئێمه به‌دڵنیایه‌وه ڕاست ده‌ڵێن و ڕاستگۆشین.

پاش ئەوەی کوڕەکان گەڕانەوە لای باوکیان، پێیان وت: - ئەی باوکە - بۆ ئەوەی دڵنیا بیتەوە لەوەی کە ڕاست دەکەین بڕۆ بپرسە لە خەڵکی میسر، وە بپرسە لە کاروانچیەکانی ناو ئەو کاروانەی کە ئێمە لەگەڵیاندا بووین بزانە ئایا ئەوانیش ھەر ئەوەت بۆ ناگێڕنەوە کە ئێمە بۆمان گێڕایتەوە؟ وە بێگومانیشبە سەبارەت بەو ھەواڵە، ئێمە ڕاست دەکەین کە ئەو دزی کردووە.

83

قَالَ بَلْ سَوَّلَتْ لَكُمْ أَنفُسُكُمْ أَمْرًۭا ۖ فَصَبْرٌۭ جَمِيلٌ ۖ عَسَى ٱللَّهُ أَن يَأْتِيَنِى بِهِمْ جَمِيعًا ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلْعَلِيمُ ٱلْحَكِيمُ

(کاتێك کوڕه‌کان گه‌یشتنه‌وه لای باوکیان و به‌سه‌رهاته‌که‌یان بۆ گێڕایه‌وه‌) وتی: (وانیه‌) به‌ڵکو دیسانه‌وه خۆتان پیلانێکی ترتان ڕێك خستووه‌، جا چارم نیه خۆگریه‌کی جوان نه‌بێت، ئومێده په‌روه‌ردگار هه‌موویانم بۆ بهێنێته‌وه و به‌هه‌موویان شاد ببم، به‌ڕاستی ئه‌و زاته زاناو دانایه‌.

باوکی پێی وتن: ئەوەی باسی دەکەن ھیچی وانیە و کوڕی من دزی نەکردووە، بەڵکو ئەوە دەروونی نەگریسی خۆتانە ئەو کارەی لاڕازاندونەتەوە و فڕوفێلتان لێ کردووە، ھەروەکو پێشتر فڕوفێڵتان لە یوسف کرد، ئارام دەگرم بە ئارامگرتنێکی جوان (ھیچ شتێک ناڵێم خوای گەورە پێی ناخۆش بێت) وە تەنھا سکاڵای خۆیشم بۆ لای خوا دەبەم، بەڵکو خوای گەورە ھەموویانم (یوسف و براکەی و برا گەورەکەشیان) پێکەوە بۆ بگێڕێتەوە، خوای گەورەش زانا و ئاگادارە بە حاڵ و گوزەرانم، دانا و کاربەجێیە لە بەرێوەبردن و فەرمانەکانیدا.

84

وَتَوَلَّىٰ عَنْهُمْ وَقَالَ يَٰٓأَسَفَىٰ عَلَىٰ يُوسُفَ وَٱبْيَضَّتْ عَيْنَاهُ مِنَ ٱلْحُزْنِ فَهُوَ كَظِيمٌۭ

(ئه‌وسا چووه که‌نارێکه‌وه‌) و لێیان دوور که‌وته‌وه‌و (به‌ده‌م هه‌ناسه‌ی ساردو ئه‌سرینه‌وه‌) وتی: ئه‌ی داخم بۆ یوسفی نازدار، (له دڵم ده‌رناچێت یوسفی جوان خاس و خوا ناسم ئه‌وه‌نده گریاو فرمێسکی هه‌ڵوه‌ران)، چاوه‌کانی سپی هه‌ڵگه‌ڕاو ئاوی سپی تێزاو بینینی نه‌ما له ئاخ و داخ و خه‌فه‌ت و ئێشدا، هه‌ر خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی ده‌خوارده‌وه‌.

باوکیان پشتی تێکردن و لێیان دوورکەوتەوە، وە پێی وتن: ئای داخ و خەم و خەفەتم بۆ یوسف، جا لەداخ و خەم و خەفەت و گریانی زۆری ئاوی سپی ھات بەسەر ڕەشێنە و بیل بیلەی چاوەکانیدا و کوێر بوو، لەدوای ئەوە بێدەنگ دادەنیشت و خەم و خەفەتەکانی لەناخی خۆیدا دەشاردەوە و ھەر چاوەڕوانی ئەوە بوو خوای گەورە ھەموویانی پێکەوە بۆ بگێڕێتەوە و دەرووی خێری لێ بکاتەوە.

85

قَالُوا۟ تَٱللَّهِ تَفْتَؤُا۟ تَذْكُرُ يُوسُفَ حَتَّىٰ تَكُونَ حَرَضًا أَوْ تَكُونَ مِنَ ٱلْهَٰلِكِينَ

(کوڕه‌کان به‌زه‌ییان به باوکیاندا هاته‌وه‌و) وتیان: سوێند به خوا تۆ هه‌ر واز ناهێنیت یادی یوسف ده‌که‌یت و ناوی ده‌به‌یت تا وات لێ دێت په‌کت ده‌که‌وێت یاخود تیا له تیاچوون ده‌بیت.

براکانی یوسف بە باوکیان وت: بەخوا ھەمیشە تۆ یوسفت لە بیرە و لەبیرت ناچێتەوە، ھێندە خەم و خەفەتی بۆ دەخۆی تاوەکو نەخۆشیەکەت زۆرت بۆ دەھێنێت و توند دەبێت لەسەرت، یان لەکۆتاییەوە دەتکوژێت و لەناوت دەبات.

86

قَالَ إِنَّمَآ أَشْكُوا۟ بَثِّى وَحُزْنِىٓ إِلَى ٱللَّهِ وَأَعْلَمُ مِنَ ٱللَّهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ

(له وه‌ڵامیاندا) وتی: به‌ڕاستی من باسی سکاڵا و غه‌م و په‌ژاره‌م هه‌ر بۆ لای خوا ده‌به‌م، ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم له لایه‌ن خواوه (له نه‌خشه و حیکمه‌ته‌کانی، له پێشهات و ڕووداوه‌کاندا) ئێوه نایزانن.

باوکی پێی وتن: لە بەرامبەر ئەو ھەموو خەم و خەفت و داخ و پەژارەدا من تەنھا سکاڵای خۆم لای خوای گەورە دەکەم، وە ئەوەی منیش دەیزانم لە لوتف و ڕەحم و میھرەبانی خوای گەورە لەوەی دێت بەدەم ھاوار و سکاڵای لێقەوماوانەوە ئێوە نایزانن و ئاگادار نین پێی (مەبەستی ئەوەیە خوای گەورە دێت بەدەم ھاوار و نزا و سکاڵاکانیەوە و یوسف و براکەی و برا گەورەکەشی دەگێڕێتەوە).

87

يَٰبَنِىَّ ٱذْهَبُوا۟ فَتَحَسَّسُوا۟ مِن يُوسُفَ وَأَخِيهِ وَلَا تَا۟يْـَٔسُوا۟ مِن رَّوْحِ ٱللَّهِ ۖ إِنَّهُۥ لَا يَا۟يْـَٔسُ مِن رَّوْحِ ٱللَّهِ إِلَّا ٱلْقَوْمُ ٱلْكَٰفِرُونَ

(دوای چه‌ند ڕۆژێك یه‌عقوب فه‌رمانیدا به‌کوڕه‌کانی) و وتی: کوڕه‌کانم بچنه‌وه و گوێ هه‌ڵخه‌ن بۆ یوسف و براکه‌ی، له سۆزو میهره‌بانی خوایش نائومێد مه‌بن، چونکه به‌ڕاستی که‌س نائومێد نابێت له سۆزو میهره‌بانی خوا جگه له که‌سانی خوانه‌ناس و بێ باوه‌ڕ.

باوکی پێی وتن: ئەی کوڕەکانم بڕۆن سۆراخ و ھەواڵێکی یوسف و براکەی بزانن وە بێ ھیوا مەبن لە ڕەحم و بەزەیی خوای گەورە کە دەرووی خێر لە بەندەکانی دەکاتەوە، چونکە تەنھا بێباوەڕان بێ ھیوا دەبن لە ڕەحم و بەزەیی خوا و کردنەوەی دەرگای خێر لێیان، لەبەر ئەوەی بێ ئاگان لە دەسەڵات و قودرەتی خوا و فەزڵە نھێنی و شاراوەکانی بەسەر بەندەکانیەوە.

88

فَلَمَّا دَخَلُوا۟ عَلَيْهِ قَالُوا۟ يَٰٓأَيُّهَا ٱلْعَزِيزُ مَسَّنَا وَأَهْلَنَا ٱلضُّرُّ وَجِئْنَا بِبِضَٰعَةٍۢ مُّزْجَىٰةٍۢ فَأَوْفِ لَنَا ٱلْكَيْلَ وَتَصَدَّقْ عَلَيْنَآ ۖ إِنَّ ٱللَّهَ يَجْزِى ٱلْمُتَصَدِّقِينَ

کاتێك (گه‌شتنه میسر) و چوونه باره‌گای یوسف وتیان: جه‌نابی پاشا ئێمه و که‌س و کارمان نه‌هاتی و گرانی و کوێره‌وه‌ریی زۆرمان تووش هاتووه وکه‌ل و په‌لێکی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ و بێ نرخیشمان هێناوه‌، که‌واته چیمان پێویسته بۆمان بپێوه و خێریشمان پێ بکه‌، بێگومان خوا پاداشتی خێر خوازان ده‌داته‌وه‌.

فەرمانەکەی باوکیان بەجێ ھێنا، ڕۆشتن و گەڕان بەدوای یوسف و براکەیدا، جا کاتێک چوونە لای یوسف پێیان وت: ئەی عەزیزی میسر بەڕاستی خۆمان و بنەماڵەکەمان دووچاری قات و قڕی و گرانی و برسێتی بوینەتەوە، وە دراوێکی کەمیشمان لەگەڵ خۆمان ھێناوە، تۆیش وەک جارانی تر پێوانەکەمان بۆ پڕ بکە و لە فەزڵ و خێروبێری خۆتیش کەمێک زیاترمان بدەرێ، یان چاوپۆشی بکە لەکەمی دراوەکەمان، بێگومان خوای گەورە پاداشتی چاکەکاران بەباشی دەداتەوە.

89

قَالَ هَلْ عَلِمْتُم مَّا فَعَلْتُم بِيُوسُفَ وَأَخِيهِ إِذْ أَنتُمْ جَٰهِلُونَ

(ئینجا یوسف زانی کاتی ئه‌وه هاتووه که خۆی بناسێنێت بۆیه‌) وتی: ئایا زانیتان و له بیرتانه چیتان کرد به یوسف و به‌براکه‌ی کاتێك ئێوه نه‌فام بوون و ترسی خواتان له دڵدا نه‌بوو؟

یوسف کاتێک گوێی لە وتەکانیان بوو، دڵی نەرم بوو و بەزەیی پێیاندا ھاتەوە و خۆی پێ ناساندن و پێی وتن: ئایا دەزانن ئێوە چیتان کرد بە یوسف و براکەی؟ ئەو کاتەی ئێوە بێ ئاگا بوون لەسەرەنجامی ئەو کارەی ئەنجامتان دەدا بەرامبەریان.

90

قَالُوٓا۟ أَءِنَّكَ لَأَنتَ يُوسُفُ ۖ قَالَ أَنَا۠ يُوسُفُ وَهَٰذَآ أَخِى ۖ قَدْ مَنَّ ٱللَّهُ عَلَيْنَآ ۖ إِنَّهُۥ مَن يَتَّقِ وَيَصْبِرْ فَإِنَّ ٱللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ ٱلْمُحْسِنِينَ

(هه‌موو به‌سه‌رسوڕمانه‌وه چاویان ئه‌بڵه‌ق بوو سه‌رنجیان داو) وتیان: ئایا به‌ڕاست، بۆچی تۆ یوسفیت؟! وتی: به‌ڵێ، من یوسفم و ئه‌مه‌ش (بنیامین) ی برامه، به‌ڕاستی خوای میهره‌بان ڕێزی لێناوین و به‌هره‌مه‌ندی کردووین، بێگومان ئه‌وه‌ی خۆپارێز بێت له گوناهو خۆگر بێت (له به‌رامبه‌ر پێشهاته‌کانه‌وه‌، خوای گه‌وره ده‌رووی لێ ده‌کاته‌وه‌) ئه‌وه به‌ڕاستی خوا پاداشتی چاکه‌کاران و چاکه‌خوازان به‌زایه نادات.

تووشی شۆک بوون و ھەواڵێکی کتوپڕ بوو بۆیان: بۆیە وتیان: ئایا تۆ یوسفیت؟ یوسف لە وەڵامیاندا وتی: بەڵێ من یوسفم و ئەوەیش لە گەڵمدا دەیبینن براکەمە (بنیامین)، خوای گەورە فەزڵ و چاکەی لەگەڵ کردین و ڕزگاری کردین لەو حاڵەی تێیدا بووین، ھەرکەسێک لە خوا بترسێت و فەرمانەکانی جێ بەجێ بکات و دوور بکەوێتەوە لە ڕێگرییەکانی و ئارام بگرێت لەسەر ناڕەحەتییەکان ئەوە لە چاکەکارانە و بێگومان خوای گەورەش پاداشتی چاکەکاران ون ناکات بەڵکو بۆیان دەپارێزێت.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.