Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 71–80 of 111

71

قَالُوا۟ وَأَقْبَلُوا۟ عَلَيْهِم مَّاذَا تَفْقِدُونَ

ئه‌وانیش به‌په‌له گه‌ڕانه‌وه و هاتن به‌ره‌و ڕوویان وتیان: چی دیار نیه‌؟ چیتان لێ ون بووه‌؟

براکانی یوسف بەرەو لای بانگكەرەکە و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ڕۆیشتن پێیان وتن: چیتان لێ ون بووە و دزی چیتان لێکراوە تاوەکو تۆمەتبارمان دەکەن بە دزی؟

72

قَالُوا۟ نَفْقِدُ صُوَاعَ ٱلْمَلِكِ وَلِمَن جَآءَ بِهِۦ حِمْلُ بَعِيرٍۢ وَأَنَا۠ بِهِۦ زَعِيمٌۭ

پاساوانه‌کان وتیان: جامولکه و ده‌فری پاشامان لێ ون بووه‌و بۆی ده‌گه‌ڕێن، هه‌ر که‌سێك هێنای باری وشترێکی بۆ هه‌یه (لێپرسراوه‌که‌یان وتی): من ده‌بمه زامنی ئه‌و به‌ڵینه‌.

بانگکەرەکە و ئەوانەی لە گەڵیدا بوون وتیان: ئەو دەفرەی پاشامان لێ ون بووە و دزراوە کە خواردنی پێ دەپێوا بۆ خەڵکی، جا ھەرکەسێک ئەو پێوانەیە بھێنێتەوە ئەوە باری وشترێک خواردنی پێ خەڵات دەکرێت، بانگكەرەکەیش وتی: منیش زامن و کەفیلی ئەو بارە وشترەم.

73

قَالُوا۟ تَٱللَّهِ لَقَدْ عَلِمْتُم مَّا جِئْنَا لِنُفْسِدَ فِى ٱلْأَرْضِ وَمَا كُنَّا سَٰرِقِينَ

کوڕه‌کان وتیان: سوێند به خوا، به‌ڕاستی ئێوه چاك ده‌زانن که ئێمه بۆ ئه‌وه نه‌هاتووین فه‌سادو خراپه له زه‌ویدا بکه‌ین و ئێمه دزنین.

براکانی یوسف وتیان: سوێند بێت بە خوای گەورە ئێوە چاک ئاگاداری پاکی و بەرائەتی ئێمەن، وە ھەروەک حاڵی ئێمەتان بینیوە ئێمە بۆ ئەوە نەھاتوینەتە میسر کە خراپەکاری بکەین و سیفەتی ئێمەیش ئەوە نییە کە دزی بکەین.

74

قَالُوا۟ فَمَا جَزَٰٓؤُهُۥٓ إِن كُنتُمْ كَٰذِبِينَ

پاسه‌وانه‌کان وتیان: ئه‌گه‌ر (ده‌رکه‌وت) ئێوه درۆزن بوون، که‌وابوو پاداشتی ئه‌ودزه چیه‌؟

بانگكەرەکە و ھاوڕێکانی وتیان: باشە تۆڵەی ئەو کەسە چی بێت ئەگەر ھاتوو کەسێک لە ئێوە دزییەکەی کردبێت، وە دەرکەوت ئێوە کەسانێکی درۆزنن لەوەی کە بانگەشەی پاکی و بەرائەتی خۆتان دەکەن؟

75

قَالُوا۟ جَزَٰٓؤُهُۥ مَن وُجِدَ فِى رَحْلِهِۦ فَهُوَ جَزَٰٓؤُهُۥ ۚ كَذَٰلِكَ نَجْزِى ٱلظَّٰلِمِينَ

کوڕه‌کان وتیان: پاداشته‌که‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌فره دزراوه‌که له‌باره‌که‌یدا ده‌دۆزرێته‌وه‌، ئه‌وه پاداشته‌که‌یه‌تی (که بریتیه له‌وه‌ی بارمته بێت لای خاوه‌نی شته دزراوه‌که‌)، ئێمه ئا به‌و شێوه‌یه تۆڵه له سته‌مکاران ده‌سێنین.

براکانی یوسف پێیان وتن: تۆڵەی کەسی دزیکەر لای ئێمە ئەوەیە ھەرکەسێک شتی دزراوی لا دۆزرایەوە ئەوا دەبێتە کۆیلەی ئەو کەسەی دزیەکەی لێکراوە، بەم شێوەیە ئێمە کەسی دز دەکەین بە کۆیلە لە تۆڵەی ئەو دزییەی کردویەتی.

76

فَبَدَأَ بِأَوْعِيَتِهِمْ قَبْلَ وِعَآءِ أَخِيهِ ثُمَّ ٱسْتَخْرَجَهَا مِن وِعَآءِ أَخِيهِ ۚ كَذَٰلِكَ كِدْنَا لِيُوسُفَ ۖ مَا كَانَ لِيَأْخُذَ أَخَاهُ فِى دِينِ ٱلْمَلِكِ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ ۚ نَرْفَعُ دَرَجَٰتٍۢ مَّن نَّشَآءُ ۗ وَفَوْقَ كُلِّ ذِى عِلْمٍ عَلِيمٌۭ

ئینجا یوسف خۆی ده‌ستی کرد به‌گه‌ڕان به‌باره‌کاندا پێش ئه‌وه‌ی باری بنیامینی برای بپشکنێت، له‌وه‌ودوا له‌باری براکه‌یدا ده‌ری هێنا، ئا به‌و شێوه‌یه یوسفمان فێری نه‌خشه‌ی گلدانه‌وه‌ی براکه‌ی کرد، نه‌ده‌بوو به‌ده‌ستووری پاشا براکه‌ی گل بداته‌وه‌، مه‌گه‌ر ویستی خوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بێت، به‌و شێوه‌یه چه‌نده‌ها جار پله‌و پاییه‌ی هه‌ر که‌س که بمانه‌وێت به‌رزو بڵند ده‌که‌ینه‌وه و له سه‌روو هه‌موو خاوه‌ن زانست و زانیارێکه‌وه زانا و شاره‌زاتر هه‌یه‌.

ئەوە بوو براکانی یوسفیان گەڕاندەوە لای یوسف بۆ ئەوەی کەل و پەل و بار و کۆڵەکانیان بپشکنن، سەرەتا دەستیان کرد بە پشکنینی بارو کەل و پەلی براکانی تری پێش پشکنینی برا دایک و باوکییەکەی، تاوەکو فێڵەکەیان ئاشکرا نەبێت، پاشان لە کۆتاییەوە بار و کەلوپەلی براکەی تریان پشکنی و پێوانەکەی پاشایان لە بارەکەیدا دەرھێنا، ئابەم شێوەیە ئەم پیلانەمان بۆ یوسف ئاسانکرد تاوەکو پێوانەکە بخاتە باری براکەیەوە، ھەروەک چۆن ئەو پیلانەشمان بۆ ئاسانکرد کە بە یاسا و سزای وڵاتی خۆیان سزای دز بدرێت و بکرێتە کۆیلە لای کەسی دزی لێکراو، ئەم کارە سەری نەدەگرت ئەگەر بھاتایە بە سزای پاشای میسر سزای کەسی دز بدرایە، چونکە لە یاسای سزادانی پاشای میسردا کەسی دز لێی دەدرا و غەرامە دەکرا، بەڵام ویستی خوای گەورە وابوو کە پەیڕەوی لە شەریعەتی براکانی یوسف بکرێت کە بریتی بوو لە بەکۆیلە کردنی کەسی دزیکەر، مەگەر خوای گەورە وا ویست بکات بۆیە براکانی یوسف تەسلیمی بڕیارەکەی یوسف بوون، یوسفیش براکەی لای خۆی گلدایەوە، دیارە ئەگەر بمانەوێت پلە و پایەی ھەرکەسێک لە دونیادا بەرز بکەینەوە بەرزی دەکەینەوە و دەیگەیەنینە جێگای شیاوی خۆی، ھەروەک پلە و پایەی یوسفمان بەرز کردەوە، وە لەسەروو ھەموو زانایەکەوە زاناتر ھەیە، وە لەسەروو زانستی ھەموو خەڵکیەوە زانست و زانیاری خوای گەورە ھەیە کە ئاگاداری ھەموو شتێکە.

77

۞ قَالُوٓا۟ إِن يَسْرِقْ فَقَدْ سَرَقَ أَخٌۭ لَّهُۥ مِن قَبْلُ ۚ فَأَسَرَّهَا يُوسُفُ فِى نَفْسِهِۦ وَلَمْ يُبْدِهَا لَهُمْ ۚ قَالَ أَنتُمْ شَرٌّۭ مَّكَانًۭا ۖ وَٱللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا تَصِفُونَ

براکانی وتیان: ئه‌گه‌ر ئه‌و دزی بکات، ئه‌وه براکه‌شی بێگومان دزی کردووه له‌مه‌وپێش، ئینجا یوسف ئه‌و قسه ناڕه‌واو تۆمه‌ته ناقۆڵایه‌ی له‌دڵی خۆیدا هێشته‌وه و نه‌یخسته ڕوو بۆ ئه‌وان، وتی: ئێوه له که‌سانێکی باش ناچن، جا خوا خۆی له هه‌موو که‌س زاناتره به‌وه‌ی که ده‌یڵێن و باسی ده‌که‌ن.

براکانی یوسف وتیان: ئەگەر ئەوە دزی کردبێت جێگای سەرسوڕمان نییە، چونکە ئەمە برایەکی دایک و باوکی تری ھەبوو وەک ئەمە دزی کرد، مەبەستیان یوسف بوو (سەلامی خوای لێ بێت)، یوسفیش لەگەڵ ئەوەی ئەم بوھتان و قسەیەی ئەوان زۆر ئازاریدا، بەڵام خۆی گرت و ئاشکرای نەکرد و ئەوەی لە دڵیدا بوو شاردیەوە، وە لە دڵی خۆیدا پێی وتن: ئەوەی ئێوەی لەسەرە لە حەسودی و خراپەکاری لە چاو ئەو کەسەی باسی دەکەن خراپترین پلە و پایەتان ھەیە، وە خوای گەورەش زاناترە و ئاگادارە بەو قسە و بوھتانەی کە بۆی دەکەن.

78

قَالُوا۟ يَٰٓأَيُّهَا ٱلْعَزِيزُ إِنَّ لَهُۥٓ أَبًۭا شَيْخًۭا كَبِيرًۭا فَخُذْ أَحَدَنَا مَكَانَهُۥٓ ۖ إِنَّا نَرَىٰكَ مِنَ ٱلْمُحْسِنِينَ

براکانی وتیان: جه‌نابی پاشا، به‌ڕاستی ئه‌م کوڕه باوکێکی پیری به‌ساڵاچووی هه‌یه‌، که‌واته یه‌کێك له ئێمه له‌جیاتی ئه‌و گل بده‌ره‌وه‌، چونکه بێگومان ئێمه تۆ به پیاو چاك و چاکه‌خواز ده‌زانین.

ئەمجا براکانی یوسف پاڕانەوە لە یوسف و پێیان وت: ئەی عەزیزی میسر، ئەم برایەمان باوکێکی پیری بەساڵاچووی ھەیە کە زۆری خۆش دەوێت و ناتوانێت لێی دوور بێت، جا لەبری ئەو یەکێک لە ئێمە لای خۆت بھێڵەوە، بەڕاستی ئێمە تۆ لەو کەسانە دەبینین کە ھەڵسوکەوتت لەگەڵ ئێمە و کەسانی تر باشە، کەوابوو ئەو چاکەیەمان لەگەڵ بکە و یەکێک لە ئێمە لەبری ئەو بھێڵەرەوە.

79

قَالَ مَعَاذَ ٱللَّهِ أَن نَّأْخُذَ إِلَّا مَن وَجَدْنَا مَتَٰعَنَا عِندَهُۥٓ إِنَّآ إِذًۭا لَّظَٰلِمُونَ

یوسف وتی: په‌نا به‌خوا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی وا بکه‌ین ته‌نها ئه‌و که‌سه گل ئه‌ده‌ینه‌وه که شتومه‌که‌کانمان له‌لای دۆزیوه‌ته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌ین، ئه‌وه ئیتر ئێمه به‌ڕاستی سته‌مکارین.

یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) وتی: پەنا دەگرم بە خوای گەورە ستەم لە کەسێکی بێتاوان بکەین بە تاوان و گوناھی کەسێکی تری ستەمکار، کەسێک دەستگیر بکەین کە پێوانەکەی پاشامان لەناو کەلوپەلی ئەودا نەدۆزیوەتەوە، ئەگەر ھاتوو شتێکی وامان کرد ئەوا بێگومان ئێمە لەستەمکارانین، کەسی بێتاوان سزا بدەین و کەسی تاوانبار واز لێ بھێنین.

80

فَلَمَّا ٱسْتَيْـَٔسُوا۟ مِنْهُ خَلَصُوا۟ نَجِيًّۭا ۖ قَالَ كَبِيرُهُمْ أَلَمْ تَعْلَمُوٓا۟ أَنَّ أَبَاكُمْ قَدْ أَخَذَ عَلَيْكُم مَّوْثِقًۭا مِّنَ ٱللَّهِ وَمِن قَبْلُ مَا فَرَّطتُمْ فِى يُوسُفَ ۖ فَلَنْ أَبْرَحَ ٱلْأَرْضَ حَتَّىٰ يَأْذَنَ لِىٓ أَبِىٓ أَوْ يَحْكُمَ ٱللَّهُ لِى ۖ وَهُوَ خَيْرُ ٱلْحَٰكِمِينَ

ئینجا کاتێك که نائومێد بوون له پاشا، له که‌نارێکه‌وه بۆ خۆیان ده‌ستیان کرد به‌چپه‌و ڕا گۆڕینه‌وه گه‌وره‌که‌یان وتی: باشه‌، ئه‌ی نه‌تان زانی که بێگومان باوکتان به‌ڕاستی په‌یمانێکی لێ وه‌رگرتوون و خوایشی کردووه به شایه‌ت به‌سه‌رتانه‌وه‌، پێشتریش ئاشکرایه که چیتان کرد به یوسف و پیلانتان گێڕا دژی، ئیتر من هه‌رگیز ئه‌م سه‌ر زه‌مین و وڵاته به‌جێ ناهێڵم هه‌تا باوکم مۆڵه‌تم ده‌دات، یاخود خوا فه‌رمانێك بدات له قازانجم بێت، ئه‌و زاته‌ش چاکترینی دادوه‌رانه.

جا کاتێک کوڕەکانی یەعقوب نائومێد بوون لەبەدەمەوە ھاتنی داواکەیان لەلایەن یوسفەوە، لە خەڵکی جودا بوونەوە تاوەکو لە نێو خۆیاندا پرس و ڕاوێژێک بکەن بۆ ئەوەی بزانن چێ بکەن، برا گەورەکەیان وتی: وە بیرتان دەھێنمەوە باوکتان پەیمان و بەڵێنی دڵنیاکەری لێ وەرگرتن کە کوڕەکەی بۆ بگێڕنەوە، وە گەرنا دووچاری سزایەک دەبن لەلایەن خواوە کە دەسەڵاتی ئەوەتان نەبێت خۆتانی لێ بپارێزن، وە پێشتریش کەمتەرخەمیتان کرد لە پاراستنی یوسف و ئەو پەیمانەی دابوتان بە باوکتان کە ئاگاداری لە یوسف بکەن و وەفاتان پێ نەکرد و(وباوکمان دووچاری خەم وخەفەت کرد) من خاکی میسر بەجێ ناھێڵم و ناگەرێمەوە لای باوکم ھەتاوەکو ئەو ڕازی نەبێت بەگەڕانەوەم، یان خوای گەورە بڕیارێکی نوێم بۆ دەدا و بتوانم براکەم وەربگرمەوە، وە خوای گەورەش باشترین کەسە بڕیار بدات، وە لە ھەموو کەسێکیش دادگەرترە، وە ھەموو بڕیارەکانیشی بەھەق و دادگەرانەیە.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.