Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 51–60 of 111

51

قَالَ مَا خَطْبُكُنَّ إِذْ رَٰوَدتُّنَّ يُوسُفَ عَن نَّفْسِهِۦ ۚ قُلْنَ حَٰشَ لِلَّهِ مَا عَلِمْنَا عَلَيْهِ مِن سُوٓءٍۢ ۚ قَالَتِ ٱمْرَأَتُ ٱلْعَزِيزِ ٱلْـَٰٔنَ حَصْحَصَ ٱلْحَقُّ أَنَا۠ رَٰوَدتُّهُۥ عَن نَّفْسِهِۦ وَإِنَّهُۥ لَمِنَ ٱلصَّٰدِقِينَ

(پاشا ئه‌و ئافره‌تانه‌ی هه‌موو کۆکرده‌وه‌) پێی وتن: ئه‌وکاره گرنگه‌تان چی بوو کاتێك که‌وا ئێوه ویستتان یوسف له خشته به‌رن (ئایا ئه‌و هیچ تاوانێکی هه‌بوو؟) هه‌موو وتیان: په‌نا به‌خوا (ئێمه بوختانی بۆ بکه‌ین) ئێمه هیچ جۆره هه‌ڵه‌و ناشرینیه‌کمان لێ نه‌دیووه و نه‌زانیووه‌، (ژنه‌که‌ی عه‌زیزی میسر) وتی: ئا ئێسته ئیتر ڕاستی ڕوون و ئاشکرابوو (دان به‌ڕاستیدا ده‌نێم)، خه‌تای من بوو ده‌مویست له خشته‌ی به‌رم و به‌ڕاستی یوسف یه‌کێکه له ڕاستگۆیان.

پاشاکە کاتێک قسەی لەگەڵ ئافرەتەکان کرد و وتی: حاڵی ئێوە چۆن بوو کاتێک یوسفتان فریودا بۆ ئەوەى داوێن پیسی لەگەڵ ئێوە بکات، ئافرەتەکان لە وەڵامی پاشاکە وتیان: پەنا بە خوا لەوەى یوسف تۆمەتبار بێت والله ئێمە هیچ خراپەیەکمان لێ نەبینیوە، لەو کاتەدا ژنەکەى عەزیزی میسر بە دانپێدانان لەسەر ئەوەى کردی وتی: ئێستا هەق و ڕاستی دەرکەوت من هەوڵمدا لە خشتەری بەرم و ئەو لە ڕاستگۆیانە سەبارەت بەوەى باسیکرد لە بێ تاوان بوونی لەوەى من تۆمەتم بۆ هەڵواسیبوو.

52

ذَٰلِكَ لِيَعْلَمَ أَنِّى لَمْ أَخُنْهُ بِٱلْغَيْبِ وَأَنَّ ٱللَّهَ لَا يَهْدِى كَيْدَ ٱلْخَآئِنِينَ

(ئینجا یوسف) وتی: ئه‌وه (بۆیه وام کرد) تا (پاشا) چاك بزانێت و دڵنیابێت به‌ڕاستی من له نهێنیشدا خیانه‌تم لێ نه‌کردووه‌، بێگومانیش خوا فێڵ و ته‌ڵه‌ی خیانه‌تکاران به‌ئه‌نجام ناگه‌یه‌نێت. (یاخود ژنه‌که وتی): تا یوسف دڵنیابێت که له نهێنیداو (ئێسته ئه‌و لێره نی یه‌) خیانه‌تی لێ ناکه‌م و بوختانی بۆ هه‌ڵنابه‌ستم، چونکه (بۆم ده‌رکه‌وتووه‌) که خوا فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی خیانه‌تکاران به ئه‌نجام ناگه‌یه‌نێت

ژنەکەی عەزیز وتی: ئەم داننانەم بەتاوانەکەمدا بۆ ئەوە بوو تاوەکو یوسف بزانێت کە ئەوە من بووم ویستم ئەو لەخشتە بەرم و تووشی تاوانی بکەم، وە ئەویش ڕاستگۆیە، وە بێگومان لەو کاتەی ئەو لێرە نەبووە بوھتانی ترم بۆ نەکردووە، وە بەراستی لەوەیشی کە ڕوویدا ئەوەم بۆ ڕوون بوویەوە کە خوای گەورە خیانەت و فرت وفێڵێ ناپاکان سەرکەوتوو ناکات.

53

۞ وَمَآ أُبَرِّئُ نَفْسِىٓ ۚ إِنَّ ٱلنَّفْسَ لَأَمَّارَةٌۢ بِٱلسُّوٓءِ إِلَّا مَا رَحِمَ رَبِّىٓ ۚ إِنَّ رَبِّى غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ

(ده‌شێت یوسف یان ژنه‌که‌ی عه‌زیزی میسر وتبێتی) منیش نه‌فسی خۆم به‌ری ناکه‌م، چونکه به‌ڕاستی نه‌فس (ئه‌گه‌ر به نووری خواناسی ئاوه‌دان نه‌بێت) زۆر فه‌رمانده‌ره به‌گوناهو هه‌ڵه‌و تاوان، مه‌گه‌ر نه‌فسێك که په‌روه‌ردگارم میهره‌بانی پێ کردبێت، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارم لێ خۆشبوو میهره‌بانه‌.

ژنەکەی عەزیزی میسر درێژەی دا بەقسەکانی و وتی: من دەروونی خۆم پاک ناکەمەوە لە ویستی ئەنجامدانی تاوان و خراپەکردن، وە من نامەوێت تەزکیەی دەروونی خۆم بکەم، چونکە دەروونی مرۆڤ وادروست بووە ھەمیشە فەرمان بە گوناھ و تاوان بکات، چونکە مەیلی ئەوە دەکات پێی خۆشە، وە زۆر ناڕەحەتە بە لایەوە جڵەوی بگێڕرێت و ڕێگری لێ بکرێت، مەگەر کەسێک پەروەردگارم خۆی ڕەحمی پێ بکات و لە پیلان و فرت وفێڵی بیپارێزێت، بێگومان پەروەردگارم لێبوردەیە بۆ ئەو بەندانەی خۆی کە تەوبە دەکەن لە گوناھ و تاوان، وە زۆریش بەڕەحم و میھرەبانە بەرامبەریان.

54

وَقَالَ ٱلْمَلِكُ ٱئْتُونِى بِهِۦٓ أَسْتَخْلِصْهُ لِنَفْسِى ۖ فَلَمَّا كَلَّمَهُۥ قَالَ إِنَّكَ ٱلْيَوْمَ لَدَيْنَا مَكِينٌ أَمِينٌۭ

(ئه‌وسا پاشا که ڕاستیه‌کانی به ته‌واویی بۆ ده‌رکه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی تر یوسفی لا به‌ڕێزو به‌نرخ بوو بۆیه‌) فه‌رمانیدا وتی: ئاده‌ی بچن بۆم بهێنن، ئه‌و (لاوه پاکه ژیره زانایه‌) تایبه‌تی ده‌که‌م بۆخۆم و له نزیکانی من بێت، جا کاتێك (هێنایان) و پاشا قسه‌ی له‌گه‌ڵ کرد، وتی: ئه‌مڕۆ ئیتر به‌ڕاستی تۆ لای ئێمه خاوه‌نی پله‌و جێگه‌ی متمانه و باوه‌ڕی.

ئەمجا پاشاکە کاتێک بێ تاوانی یوسف و زانایی و دانایی ئەوی بۆ ڕوون بوویەوە بە دەست و پێوەندەکەی وت: بڕۆن بۆم بھێنن بۆ ئەوەی بیکەم بە ھاوڕێ و ھاودەمی تایبەتی خۆم، جا کاتێک یوسف ھات بۆ لای و قسەی لەگەڵ کرد و دواندی و ژیری و دانایی و زانایی ئەوەی بۆ ڕوون بوویەوە پێی وت: ئەی یوسف بێگومان ئیتر تۆ لەمرۆ بەدواوە خاوەنی پلە و پایە و جێی متمانەی ئێمەیت، وە ھەرچیت لەبارەوە وتراوە لە ڕێزی تۆ کەم ناکاتەوە.

55

قَالَ ٱجْعَلْنِى عَلَىٰ خَزَآئِنِ ٱلْأَرْضِ ۖ إِنِّى حَفِيظٌ عَلِيمٌۭ

یوسف وتی: پێم باشه بمکه‌یت به‌لێپرسراو به‌سه‌ر گه‌نجینه‌کان و سامانی سه‌ر زه‌وی ئه‌م وڵاته‌، (میسر) به‌ڕاستی من پارێزه‌رێکی زانام (له‌خۆم ڕاده‌بینم که شت بپارێزم و زاناشم که چۆن ده‌یپارێزم).

یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) بە پاشای وت: بمکە بە کاربەدەستی خەزێنەی ماڵ و سامان و قوتی سەر زەوی میسر، بێگومان من خەزنەدارێکی دەست پاک و چاودێرێکی زانا و بەئاگام بۆ ئەو کارەی پێم دەسپێریت.

56

وَكَذَٰلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِى ٱلْأَرْضِ يَتَبَوَّأُ مِنْهَا حَيْثُ يَشَآءُ ۚ نُصِيبُ بِرَحْمَتِنَا مَن نَّشَآءُ ۖ وَلَا نُضِيعُ أَجْرَ ٱلْمُحْسِنِينَ

(خوا ده‌فه‌رموێت) ئا به‌و شێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتمان دا به یوسف و جێگیر وپایه‌دارمان کرد له خاکی میسردا، هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌کی ده‌ویست له‌و وڵاته‌دا ده‌ستی ده‌که‌وت بۆی ساز ده‌بوو، هه‌ر که‌سێك، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك بمانه‌وێت به‌هره‌وه‌ری ده‌که‌ین له ڕه‌حمه‌ت و به‌خششه‌کانمان و پاداشتی چاکه‌کاران به‌زایه ناده‌ین.

ھەروەک منەتمان کرد بەسەر یوسفدا بەوەی بێگوناھیمان سەلماند و لە زیندان ھێنامانە دەرەوە، ھەر بەوشێوەیە دوای ئەو تەنگانە و ناخۆشییە لەسەر زەوی خاکی میسر پلە و پایە و دەسەڵاتمان پێ بەخشی، لەھەر جێگایەک خۆی ویستی دادەنیشێت و جێگیر دەبێت، وە کێمان بوێت لە بەندەکانمان لە دونیادا دەیخەینە بەر بەزەیی و میھرەبانی خۆمان، وە بەھیچ شێوەیەک پاداشتی چاکەخوازانیش ون ناکەین، بەڵکو بەتێر و تەسەلی و بێ کەموکورتی پاداشتیان دەدەینەوە.

57

وَلَأَجْرُ ٱلْءَاخِرَةِ خَيْرٌۭ لِّلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ وَكَانُوا۟ يَتَّقُونَ

بێگومان پاداشتی ئه‌و جیهان (له به‌هه‌شتی به‌ریندا) چاکتره بۆ ئه‌وانه‌ی که ئیمان و باوه‌ڕیان هێناوه و خۆیان ده‌پاڕاست.

ئەوەی باسکرا پاداشتی دونیا بوو، وە ئەو پاداشتەی کە خوای گەورە لە ڕۆژی دواییدا ئامادەی کردووە بۆ باوەڕداران و خواناسان، ئەوانەی فەرمانەکانی بەجێ دەھێنن و دوور دەکەونەوە لە سەرپێچییەکانی، باشتر و خاسترە لە ھەموو پاداشت و خێر وبێرێکی دونیا.

58

وَجَآءَ إِخْوَةُ يُوسُفَ فَدَخَلُوا۟ عَلَيْهِ فَعَرَفَهُمْ وَهُمْ لَهُۥ مُنكِرُونَ

(ساڵانی گرانی هاته پێشه‌وه‌) براکانی یوسف (هاتن بۆ میسر) جا چوونه دیوانی، ئه‌و ئه‌وانی ناسێوه‌، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌میان نه‌ناسێوه (چونکه پۆشاکی وه‌زیری له به‌ردا بوو، هه‌رگیز شتی وایان چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرد).

دوای ئەوەی قات وقڕی و گرانی لە سەر زەوی کەنعان پەیدا بوو، براکانی یوسف بە مەبەستی بەدەستھێنان و کڕینی کەل وپەل و پێداویستی و زەخیرە ، بەرەو سەر زەوی میسر کەوتنەڕی و چوونە لای یوسف، یوسف ئەوانی ناسیەوە و زانی براکانی خۆیەتی، بەڵام ئەوان یوسفیان نەناسیەوە لەبەر ئەو ماوە زۆرەی تێپەڕی بوو، وە ڕوخسار و شکڵیشی گۆڕابوو، چونکە کاتێک خستیانە ناو بیرەکەوە مناڵێک بوو.

59

وَلَمَّا جَهَّزَهُم بِجَهَازِهِمْ قَالَ ٱئْتُونِى بِأَخٍۢ لَّكُم مِّنْ أَبِيكُمْ ۚ أَلَا تَرَوْنَ أَنِّىٓ أُوفِى ٱلْكَيْلَ وَأَنَا۠ خَيْرُ ٱلْمُنزِلِينَ

(ئه‌ویش ڕێزی گرتن و دواندنی و پێی ده‌رخستن که برایه‌کی باوکییان هه‌یه و نه‌یانهێناوه له‌به‌ئه‌وه‌) له کاتێکدا ڕێکی خستن و بارگه و بنه‌ی بۆ پێچانه‌وه وتی: (من حه‌ز ده‌که‌م) برایه‌کی باوکیتان هه‌یه بۆم بهێنن، ئایا نابینن به‌ڕاستی من چۆن کێشانه و پێوانه‌م تێرو ته‌واوه و، چۆن ڕێز له میوان ده‌گرم (یارمه‌تی هه‌ژاران ده‌ده‌م).

جا کاتێک ئەوەی داوایان کردبوو لە پیتاک و خۆراک پێیدان و بۆی ئامادەکردن، دوای ئەوەی براکانی بۆیان باسکرد کە برایەکی تریان ھەیە لە باوکیانەوە و لای ئەو جێیان ھێشتووە، پێی وتن: ئەمجارە برا باوکییەکەشتان لەگەڵ خۆتان بھێنن با باری وشترێک زیاترتان بدەمێ، ئایا ئێوە نابینن من بەتێر و تەسەلی و بێ کەموکورتی پێوانە و بارتان دەدەمێ، وە چاکترین میوانداریشم کردن، یوسف ئەمەی پێ وتن تاوەکو ھانیان بدات کە بۆ جاری داھاتوو براکەی تریشیان بھێنن.

60

فَإِن لَّمْ تَأْتُونِى بِهِۦ فَلَا كَيْلَ لَكُمْ عِندِى وَلَا تَقْرَبُونِ

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و برایه‌تانم بۆ نه‌هێنن، ئه‌وه ئیتر هیچ موعامه‌له و کێشانه و پێوانه‌ی ئیوه لای من نی یه و نزیکم مه‌که‌ونه‌وه‌.

ئەگەر ھاتوو ئەوتان نەھێنا ئەوا ڕوون دەبێتەوە کە ئێوە درۆ دەکەن و برای ترتان نییە، ئەو کاتە منیش ھیچتان بۆ پێوانە ناکەم و ھیچتان نادەمێ، وە نزیک بە وڵاتیشم نەکەون، ویستی بەم قسانە بیانترسێنێت ئەگەر براکەی تریان نەھێنن ئیتر نەیەنەوە میسر بۆ پیتاک و خۆراک بردن.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.