Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 21–30 of 111

21

وَقَالَ ٱلَّذِى ٱشْتَرَىٰهُ مِن مِّصْرَ لِٱمْرَأَتِهِۦٓ أَكْرِمِى مَثْوَىٰهُ عَسَىٰٓ أَن يَنفَعَنَآ أَوْ نَتَّخِذَهُۥ وَلَدًۭا ۚ وَكَذَٰلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِى ٱلْأَرْضِ وَلِنُعَلِّمَهُۥ مِن تَأْوِيلِ ٱلْأَحَادِيثِ ۚ وَٱللَّهُ غَالِبٌ عَلَىٰٓ أَمْرِهِۦ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ

جا ئه‌و که‌سه‌ی یوسفی کڕی له میسر، به هاوسه‌ره‌که‌ی وت: ڕێز بگره له شوێن وجێگه‌ی ئه‌م لاوه‌، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی سوودمان پێبگه‌یه‌نێت، یان بیکه‌ینه کوڕی خۆمان، ئا به‌و شێوه‌یه یوسفمان جێگیرکرد له زه‌ویدا و پایه‌دارمان کرد، بۆ ئه‌وه‌ش فێری بکه‌ین چۆن خه‌و لێک بداته‌وه و ڕووداوه‌کانی چوار ده‌وری وه‌ك خۆی تێبگات، خوای گه‌وره زاڵه به‌سه‌ر کارو فه‌رمانه‌کانی خۆیدا، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی به‌مه نازانن.

ئەو كەسەی لە میسر لە بازاڕی كۆیلە فرۆشەكان یوسفی كڕی بە ژنەكەی وت: بەچاكی لەگەڵیدا هەڵسوكەوت بكە و ڕێزی بگرە و شوێن و ڕێگەی شیاوی بۆ دابنێ، بەڵكو ئەو ماوەیەی كە لەگەڵماندایە سوودێكی هەبێت بۆمان و كەڵكی لێوەربگرین، یاخود بیكەین بە مناڵی خۆمان، هەروەك چۆن یوسفمان ڕزگار كرد لە كوشتن و لە ناو بیرەكە دەرمان هێنا، وە دڵ و دەروون و سۆز و خۆشەویستی عەزیزی میسرمان بۆ لا ڕاكێشا، لە میسریش جێگیرمان كرد و دەسەڵاتمان پێدا، وە بۆ ئەوەی فێری لێكدانەوەی خەونیشی بكەین تاوەكو شارەزای چارەسەركردنی گرفتەكانیش ببێت، وە خوای گەورە بەسەر كارەكانی خۆیدا زاڵ و بەدسەڵاتە، هەر فەرمانێك بكات جێ بەجێ دەبێت، هیچ كەسێك و هیچ شتێك نییە ڕێگری لێ بكات، بەڵام زۆربەی خەڵكی بێباوەڕن و ئاگاداری ئەمە نین.

22

وَلَمَّا بَلَغَ أَشُدَّهُۥٓ ءَاتَيْنَٰهُ حُكْمًۭا وَعِلْمًۭا ۚ وَكَذَٰلِكَ نَجْزِى ٱلْمُحْسِنِينَ

کاتێکیش که یوسف پێگه‌یشت و گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی توند و تۆڵی (له ڕووی لاشه‌و ژیریی یه‌وه‌) و ئێمه‌ش پله‌ی فه‌رمانڕه‌وایی دانایی و زانیاری شاره‌زایی باشمان پێبه‌خشی، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش پاداشتی چاکه‌کاران ده‌ده‌ینه‌وه‌.

جا كاتێك یوسف پێگەیشت و لاشە و جەستەی بەهێز بوو و كامڵ بوو، پلەی پێغەمبەرێتی و زانست و زانیاریمان پێ بەخشی، هەر بەو شێوەیەی كە پاداشتی یوسفمان دایەوە پاداشتی هەموو چاكەكارانیش دەدەینەوە لە عیبادەت و خواپەرستیەكانیاندا.

23

وَرَٰوَدَتْهُ ٱلَّتِى هُوَ فِى بَيْتِهَا عَن نَّفْسِهِۦ وَغَلَّقَتِ ٱلْأَبْوَٰبَ وَقَالَتْ هَيْتَ لَكَ ۚ قَالَ مَعَاذَ ٱللَّهِ ۖ إِنَّهُۥ رَبِّىٓ أَحْسَنَ مَثْوَاىَ ۖ إِنَّهُۥ لَا يُفْلِحُ ٱلظَّٰلِمُونَ

جا ئه‌و ئافره‌ته‌ی که یوسف له ماڵیدا بوو هه‌وڵیدا یوسف له خشته ببات و دڵی ڕابکێشێت بۆ لای خۆی، هه‌موو ده‌رگاکانیشی داخست و وتی: وه‌ره پێشه‌وه و خۆت ئاماده بکه‌، یوسف وتی: پانا ده‌گرم به خوا کاری واناکه‌م، چونکه په‌روه‌ردگارم ده‌رووی لێ کردوومه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها مێرده‌که‌شت چاك ڕه‌فتارر بووه له‌گه‌ڵمدا (چۆن خیانه‌تی لێ ده‌که‌م) و چونکه من دڵنیام سته‌مکاران سه‌رفراز نابن.

ژنەکەی عەزیزی میسر بە نەرم و نیانی و بە فروفێڵ داوای کاری خراپە و جووت بوونی لە یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) کرد، ھەر بەو نیازەوە تەواوی دەرگاکانی کۆشکی داخست تاوەکو بە تەواوی دڵنیا بێت کە لایان چۆڵە، وە بە یوسفی وت: خێراکە وەرە بۆ لام، من بۆ تۆ خۆم ئامادە کردووە، یوسفیش لە وەڵامیدا وتی: من پەنا دەگرم بە خوا لەوەی کە تۆ منی بۆ بانگ دەکەیت، چونکە گەورەم زۆر چاک بووە لە گەڵم و ڕێزی منی زۆر گرتووە، بۆیە منیش ھەرگیز خیانەتی لێناکەم، وە ئەگەر خیانەتی لێ بکەم ئەوە من لە ستەمکارانم، وە بەڕاستی خوای گەورەش ستەمکاران سەرکەوتوو سەفراز ناکات.

24

وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِۦ ۖ وَهَمَّ بِهَا لَوْلَآ أَن رَّءَا بُرْهَٰنَ رَبِّهِۦ ۚ كَذَٰلِكَ لِنَصْرِفَ عَنْهُ ٱلسُّوٓءَ وَٱلْفَحْشَآءَ ۚ إِنَّهُۥ مِنْ عِبَادِنَا ٱلْمُخْلَصِينَ

سوێند به‌خوا بێگومان ژنه‌که په‌لاماری یوسفیداو ویستی لێی بدات، یوسفیش نیازی لێدانی هه‌بوو ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی خوایی نه‌زانیایه (که سه‌رئه‌نجامی لێدانه‌که‌ی به‌خراپ به‌سه‌ریدا ده‌شکێته‌وه‌)و ئا به‌و شێوه‌یه‌مان کرد (بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی گوناهو تاوان و خراپه‌یه لێی دوور ده‌خه‌ینه‌وه‌) و به‌ڕاستی ئه‌و له به‌نده هه‌ڵبژارده وپاکه‌کانی ئێمه‌یه‌.

بێگومان ژنەکەی عەزیزی میسر زۆر حەزی لەوە بوو کاری خراپە لە گەڵ یوسف بکات، خۆ ئەگەر بەڵگە و نیشانەکانی خوای گەورەی نەدیبایە کە بوون بەڕێگر لە بەردەمیدا نزیک بوو یوسفیش دووچاری کاری خراپە ببوایە، بێگومان ئەو بەڵگە و نیشانانەمان پیشاندا تاوەکو ئەو کارە خراپەی لەسەر لابەرین و دووری بخەینەوە لە زینا و خیانەت و داوێن پیسی، بێگومان یوسف لە بەندە ھەڵبژێرراوەکانی ئێمە بوو بۆ ھەڵگرتنی پەیام و ئەرکی قورسی پێغەمبەرێتی.

25

وَٱسْتَبَقَا ٱلْبَابَ وَقَدَّتْ قَمِيصَهُۥ مِن دُبُرٍۢ وَأَلْفَيَا سَيِّدَهَا لَدَا ٱلْبَابِ ۚ قَالَتْ مَا جَزَآءُ مَنْ أَرَادَ بِأَهْلِكَ سُوٓءًا إِلَّآ أَن يُسْجَنَ أَوْ عَذَابٌ أَلِيمٌۭ

سه‌رئه‌نجام هه‌ردووکیان پێشبڕکێیان کرد بۆ ده‌رگاکه (یوسف بۆ کردنه‌وه و ئه‌ویش بۆ داخستن) ژنه‌که توانی ده‌ستی له کراسه‌که‌ی گیر بکات و له پشته‌وه دڕاندی، ئه‌وسا هه‌ردووکیان له به‌رده‌می ده‌رگاکه‌دا تووشی مێرده‌که‌ی هاتن، خیرا هاته قسه‌و ویستی یوسف تاوانبار بکات بۆیه وتی: باشه ئاخۆ سزای ئه‌و که‌سه چییه که وستبیتی خراپه له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌تدا بکات، جگه له‌وه‌ی به‌نده بکرێت یان سزایه‌کی به‌ئێش بدرێت.

سەرەنجام ھەردووکیان ڕایان کرد بەرەو لای دەرگاکە: یوسف بۆ خۆ ڕزگار کردن لە داوێن پیسی، وە ژنەکەی عەزیزی میسریش بە دوای یوسفدا ڕایکرد تاوەکو نەھێڵێت بچێتە دەرەوە و پێی بگات و ئارەزووی خۆی تێر بکات، ئەوە بوو لە پشتەوە کراسەکەی یوسفی ڕاکیشا و دڕاندی، ئەوە بوو ھەردووکیان لای دەرگاکە تووشی مێردی ژنەکە بوون، خێرا ژنەکەی عەزیزی میسر بە فڕوفێڵی ژنانە دەستی خۆی پێشخست و بە مێردەکەی وت: سزای ئەو کەسەی کە نیاز و مەبەستی خراپی ھەبووە بەرامبەر بە ژنەکەت تەنھا زیندانی کردنە، یان سزایەکی بە ئازاری بدرێت.

26

قَالَ هِىَ رَٰوَدَتْنِى عَن نَّفْسِى ۚ وَشَهِدَ شَاهِدٌۭ مِّنْ أَهْلِهَآ إِن كَانَ قَمِيصُهُۥ قُدَّ مِن قُبُلٍۢ فَصَدَقَتْ وَهُوَ مِنَ ٱلْكَٰذِبِينَ

یوسف وتی: (نه‌خێر وانیه‌) ئه‌و ویستی له خشته‌م به‌رێت، یه‌کێك له خزمانی ژنه‌که (که‌گوێی له به‌سه‌رهاته‌که بوو، دیار بووکه پیاوێکی زیره‌ك و دنیا دیده بوو) شایه‌تیداو وتی: ئه‌گه‌ر کراسه‌که‌ی یوسف له پێشه‌‌وه دڕابێت ئه‌وه ژنه‌که ڕاست ده‌کات و ئه‌و کاته یوسف یه‌کێکه له درۆزنان.

یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) وتی: ئەو بوو داوای کاری خراپ و داوێن پیسی لە من کرد، بەڵام من ئەو کارەم نەویست لێی، ئەوە بوو شاهیدێكی لە خزمانی خۆی شاھیدیدا و وتی: ئەگەر کراسەکەی یوسف لە پێشەوە دڕابێت ئەوە بەڵگە و نیشانەی ئەوەیە کە ژنەکەی عەزیزی میسر ڕاست دەکات، چونکە ئەوە دەگەیەنێت ئەو ژنە بەرگری لە خۆی کردووە، وە یوسف درۆ دەکات.

27

وَإِن كَانَ قَمِيصُهُۥ قُدَّ مِن دُبُرٍۢ فَكَذَبَتْ وَهُوَ مِنَ ٱلصَّٰدِقِينَ

خۆ ئه‌گه‌ر کراسه‌که‌ی له پشته‌وه دڕابێت ژنه‌که درۆ ده‌کات و یوسف یه‌کێکه له ڕاستگۆیان.

خۆ ئەگەر کراسەکەشی لە دواوە دڕابێ ئەوە بەڵگە و نیشانەی ئەوەیە یوسف ڕاست دەکات، چونکە ئەوە دەگەیەنێت کە ژنەکە ویستویەتی پەلاماری یوسف بدات، وە یوسفیش ھەڵھاتووە و ڕایکردووە لێی، وە ژنەکەی عەزیزی میسر درۆ دەکات.

28

فَلَمَّا رَءَا قَمِيصَهُۥ قُدَّ مِن دُبُرٍۢ قَالَ إِنَّهُۥ مِن كَيْدِكُنَّ ۖ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٌۭ

کاتێك مێرده‌که‌ی بینی کراسه‌که‌ی یوسف له پشته‌وه دڕاوه‌، به ژنه‌که‌ی وت: به‌ڕاستی ئه‌مه پیلان و نه‌خشه‌ی خۆتانه‌، بێگومان فێڵ و ته‌ڵه‌که و نه‌خشه و پیلانی ئێوه زۆر گه‌وره‌یه (له‌م جۆره شتانه‌دا).

جا کاتێک عەزیزی میسر بینی کە کراسەکەی یوسف لە پشتەوە دڕاوە و دڵنیا بوویەوە لە ڕاستگۆیی یوسف، وتی: ئەو درۆ و بوھتانەی کە ھەڵتبەستووە بۆ یوسف ھەر لە پیلان و فرت وفێڵی ئێوەی ژنانە، بەڕاستی فرت وفێڵی ئێوەی ژنان زۆر گەورەیە.

29

يُوسُفُ أَعْرِضْ عَنْ هَٰذَا ۚ وَٱسْتَغْفِرِى لِذَنۢبِكِ ۖ إِنَّكِ كُنتِ مِنَ ٱلْخَاطِـِٔينَ

ئینجا ڕووی کرده یوسف وتی: ئه‌ی یوسف، ئه‌م باسه فه‌رامۆش بکه و گوێی مه‌ده‌رێ، تۆش داوای لێخۆشبوون و لێبوردن بکه له هه‌ڵه و تاوانه‌که‌ت چونکه به‌ڕاستی تۆ له گوناهباران و به‌هه‌ڵه‌چواندایت.

وە ڕووی کردە یوسف و پێی وت: ئەی یوسف تۆیش ئەم ڕووداوە پەردە پۆش بکە و لای کەس باسی مەکە، وە تۆیش ئەی ژن داوای لێبوردن بۆ گوناھەکەت بکە، چونکە بەڕاستی بە ھۆی ئەوەی ویستووتە کە یوسف بۆ خۆت ڕام بھێنیت لە گوناھکارانیت.

30

۞ وَقَالَ نِسْوَةٌۭ فِى ٱلْمَدِينَةِ ٱمْرَأَتُ ٱلْعَزِيزِ تُرَٰوِدُ فَتَىٰهَا عَن نَّفْسِهِۦ ۖ قَدْ شَغَفَهَا حُبًّا ۖ إِنَّا لَنَرَىٰهَا فِى ضَلَٰلٍۢ مُّبِينٍۢ

پاشان ژنانێك له ئافره‌تانی ناو شار ئه‌م ده‌نگ و باسه‌یان بیست بۆیه وتیشیان: سه‌یره‌! ژنه‌که‌ی عه‌زیزی میسر ده‌یه‌وێت به‌نه‌رم و نیانی سه‌رنجی لاوه‌که‌ی خۆی ڕابکێشێت بۆلای خۆی، به‌ڕاستی ئه‌وینداریه‌که‌ی بۆی هه‌موو په‌ره‌کانی دڵی داگیرکردووه‌، بێگومان ئێمه ئه‌و ژنه سه‌رگه‌ردانێکی ئاشکرادا ده‌بینین.

ھەواڵی ئەم ڕووداوە بە نێو شاردا بڵاو بوویەوە، دەستەیەک لە ژنان بە تانە و تەشەردان و لۆمە کردنی ئەو ژنە وتیان: سەیرە ژنەکەی عەزیزی میسر دڵی داوە بە کۆیلەکەی خۆی و بانگی کردووە بۆ کاری خراپە! بەشێوەیەک خۆشەویستی یوسف چووەتە ناو پەردەی دڵیەوە، بێگومان ئێمە بەھۆی ئەو کارەیەوە ئەو ژنە لە سەرگەردانییەکی ئاشکرادا دەبینین.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.