Muslim99Muslim99
← Tafsir library

11. Hud

Hud · Meccan · 123 ayahs

سُورَةُ هُودٍ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 81–90 of 123

81

قَالُوا۟ يَٰلُوطُ إِنَّا رُسُلُ رَبِّكَ لَن يَصِلُوٓا۟ إِلَيْكَ ۖ فَأَسْرِ بِأَهْلِكَ بِقِطْعٍۢ مِّنَ ٱلَّيْلِ وَلَا يَلْتَفِتْ مِنكُمْ أَحَدٌ إِلَّا ٱمْرَأَتَكَ ۖ إِنَّهُۥ مُصِيبُهَا مَآ أَصَابَهُمْ ۚ إِنَّ مَوْعِدَهُمُ ٱلصُّبْحُ ۚ أَلَيْسَ ٱلصُّبْحُ بِقَرِيبٍۢ

میوانه‌کان وتیان: ئه‌ی لوط به‌ڕاستی ئێمه فریشته‌ی نێرراوی په‌روه‌ردگاری تۆین، ئه‌و تاوانبارانه هه‌رگیز ناگه‌نه لات (تابتوانن ده‌ستدرێژی بکه‌نه سه‌ر ئێمه‌) و جا تۆ خاوو خێزانت له‌به‌شێکی شه‌ودا ده‌ربکه‌و که‌س له ئێوه لانه‌کاته‌وه و ئاوڕ نه‌داته‌وه‌، جگه هاوسه‌ره‌که‌ت (که لاساره‌و به‌گوێت ناکات) چونکه به‌ڕاستی ئه‌و سزایه‌ی که تاوانبارانی گرتۆته‌وه ئه‌ویش ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڕاستی کاتی سزاکه‌شیان له به‌ره‌به‌یاندایه‌، ئایا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مشه‌و نزیك نیه‌؟!

[ قَالُوا يَا لُوطُ إِنَّا رُسُلُ رَبِّكَ ] ئه‌و كاته‌ فریشته‌كان هاتنه‌ وه‌ڵام وتیان: ئه‌ی لوط - صلی الله علیه وسلم - ئێمه‌ فریشته‌و نێردراوی خوای گه‌وره‌ین، (لوط - صلی الله علیه وسلم - غه‌یبى نه‌زانى و تا فریشته‌كان خۆیان نه‌ناساند نه‌یناسین ئه‌ى ئیتر خه‌ڵكى تر چۆن غه‌یب ده‌زانن؟!) [ لَنْ يَصِلُوا إِلَيْكَ ] ئه‌وان توانای ئه‌وه‌یان نیه‌ بگه‌ن به‌ تۆ و ده‌ستدرێژی بكه‌ن، جبریل ده‌رچووه‌ ده‌ره‌وه‌و باڵى كێشا به‌ ده‌موچاویانداو كوێری كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ [ فَأَسْرِ بِأَهْلِكَ ] (أَهْلِكَ) واته‌: ئه‌و موسڵمانانه‌ی له‌گه‌ڵتان له‌م دێ یه‌ به‌ شه‌و ده‌ریان بكه‌ [ بِقِطْعٍ مِنَ اللَّيْلِ ] له‌ به‌شێك له‌شه‌ودا له‌ كۆتایی شه‌ودا ده‌ریان بكه‌ [ وَلَا يَلْتَفِتْ مِنْكُمْ أَحَدٌ ] وه‌ كاتێك كه‌ ڕۆیشتن كه‌س ئاوڕ نه‌داته‌ دواوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ ئێمه‌ی بۆ سزای ئه‌و قه‌ومه‌ ناردووه‌و سزایان ده‌ده‌ین [ إِلَّا امْرَأَتَكَ ] ته‌نها خێزانه‌كه‌ت نه‌بێ با ئه‌ویش له‌ناو كافراندا بمێنێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ویش كافرو بێباوه‌ڕ بوو وه‌ هانی قه‌ومه‌كه‌ی ئه‌داو پێی ئه‌ووتن كه‌ میوانمان هاتووه‌ [ إِنَّهُ مُصِيبُهَا مَا أَصَابَهُمْ ] ئه‌و سزایه‌ی تووشی قه‌ومه‌كه‌ت ده‌بێت خێزانه‌كه‌یشت ده‌گریته‌وه‌ [ إِنَّ مَوْعِدَهُمُ الصُّبْحُ ] به‌ دڵنیایی كاتی له‌ناوبردنى ئه‌وان به‌ره‌به‌یانه‌ [ أَلَيْسَ الصُّبْحُ بِقَرِيبٍ (٨١) ] به‌ڕاستی به‌ره‌به‌یان نزیكه‌ كاتێك ئه‌زانی دێت و سزایان ئه‌ده‌ین.

82

فَلَمَّا جَآءَ أَمْرُنَا جَعَلْنَا عَٰلِيَهَا سَافِلَهَا وَأَمْطَرْنَا عَلَيْهَا حِجَارَةًۭ مِّن سِجِّيلٍۢ مَّنضُودٍۢ

جا کاتێك فه‌رمانی ئێمه بۆ تیاچوونیان هات، شارۆچکه‌که‌یانمان ژێره و ژوور کرد و به قوڕی سووره‌وه کراوی وه‌ك به‌رد، چین له‌سه‌ر چین به‌رد بارانمان کرد.

{خوای گەورە سزای قەومە بەدڕەوشتەكەی داو لە ناوی بردن}

[ فَلَمَّا جَاءَ أَمْرُنَا ] كاتێك سزای خوای گه‌وره‌یان بۆ هات له‌ خۆركه‌وتندا [ جَعَلْنَا عَالِيَهَا سَافِلَهَا ] ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌رز بوون نزممان كردنه‌وه‌، واته‌: ئه‌و دێ یه‌یان هه‌ڵكه‌ندو بردیانه‌ ئاسمان و به‌ریاندایه‌ خواره‌وه‌و ژێرو ژووریان كردن [ وَأَمْطَرْنَا عَلَيْهَا حِجَارَةً مِنْ سِجِّيلٍ مَنْضُودٍ (٨٢) ] وه‌ له‌ بانیشه‌وه‌ به‌رد بارانمان كردن به‌ خشتی سووره‌وه‌كراوى گه‌وره‌ (مَنْضُودٍ)یش واته‌: یه‌ك له‌ دوای یه‌ك.

83

مُّسَوَّمَةً عِندَ رَبِّكَ ۖ وَمَا هِىَ مِنَ ٱلظَّٰلِمِينَ بِبَعِيدٍۢ

هه‌موو ئه‌و به‌ردانه دیاری کراو بوون، له لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه (که بدات به‌سه‌ر ته‌وقه سه‌ری کێدا) ئه‌م کاره‌سات و ئه‌م به‌رد بارانه‌ش وه‌نه‌بێت زۆر دوور بێت له سته‌مکارانه‌وه (له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، کاتێك ڕۆده‌چن له تاوانکاریدا).

[ مُسَوَّمَةً عِنْدَ رَبِّكَ ] هه‌مووی نیشانكرا بوو له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌و ناوی هه‌موویانی پێوه‌بوو، هه‌ربه‌رده‌و ناوى ئه‌و كه‌سه‌ى له‌سه‌ر بوو كه‌ لێى ده‌دا [ وَمَا هِيَ مِنَ الظَّالِمِينَ بِبَعِيدٍ (٨٣) ] وه‌ ئه‌م سزایه‌ش له‌ زاڵمان و سته‌مكاران دوور نیه‌، واته‌: هه‌ر قه‌ومێك ئه‌م پیشه‌ خراپه‌ ئه‌نجام بده‌ن نزیكه‌ خوای گه‌وره‌ هه‌مان سزایان بداته‌وه‌، یاخود قه‌ومی لوط دوور نین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نێوان شام و مه‌دینه‌دان و خه‌ڵكی مه‌ككه‌ خۆتان به‌سه‌ریاندا تێ ئه‌په‌ڕن.

84

۞ وَإِلَىٰ مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًۭا ۚ قَالَ يَٰقَوْمِ ٱعْبُدُوا۟ ٱللَّهَ مَا لَكُم مِّنْ إِلَٰهٍ غَيْرُهُۥ ۖ وَلَا تَنقُصُوا۟ ٱلْمِكْيَالَ وَٱلْمِيزَانَ ۚ إِنِّىٓ أَرَىٰكُم بِخَيْرٍۢ وَإِنِّىٓ أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍۢ مُّحِيطٍۢ

بۆ لای خه‌ڵکی مه‌دیه‌نیش براو که‌سی خۆتان (شوعه‌یب) مان به پێغه‌مبه‌رێتی ڕه‌وانه‌کرد، ئه‌ویش وتی: ئه‌ی خزمه‌کانم به‌ندایه‌تی خوا بکه‌ن، هیچ خوایه‌کی ترتان نیه جگه له‌و، هه‌روه‌ها که‌م و کووڕیش مه‌که‌ن له پێوانه‌و کێشاندا، به‌ڕاستی من به‌چاك ده‌تانبینم و ڕزق و ڕۆزیتان باشه‌و له خۆشیدان، بێگومان من ده‌ترسم ئه‌گه‌ر له فه‌رمانی خوا ده‌رچن ئێوه تووشی سزای ڕۆژیك ببن که گه‌مارۆتان بدات و لێی ڕزگار نه‌بن.

{بەسەرهاتی شوعەیب پێغەمبەر – صلی الله علیه وسلم - و قەومەكەی}

[ وَإِلَى مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًا ] بۆ لای قه‌ومی مه‌دیه‌ن كه‌ له‌ نێوان حیجازو شام نیشته‌جێ بوون شوعه‌یب پێغه‌مبه‌رمان نارد - صلی الله علیه وسلم - كه‌ ئه‌میش له‌ خۆیان بووه‌ [ قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ ] ئه‌میش وتی: ئه‌ی قه‌ومی خۆم به‌تاك و ته‌نها عیباده‌تی خوای گه‌وره‌ بكه‌ن و خوا بپه‌رستن و شه‌ریك بۆ خوا دامه‌نێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ زاتی پیرۆزی الله هیچ په‌رستراوێكی ترى حه‌قتان نیه‌ شایه‌نی په‌رستن بێت [ وَلَا تَنْقُصُوا الْمِكْيَالَ وَالْمِيزَانَ ] وه‌ پێوانه‌و كێشانه‌تان كه‌م مه‌كه‌ن به‌جوانی و ته‌واوی به‌خه‌ڵكی بده‌ن [ إِنِّي أَرَاكُمْ بِخَيْرٍ ] وه‌ من ئه‌بینم كه‌ ئێوه‌ خوای گه‌وره‌ ڕزق و ڕۆزیه‌كی فراوان و زۆری پێ به‌خشیون [ وَإِنِّي أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ مُحِيطٍ (٨٤) ] من له‌وه‌ ئه‌ترسێم ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كارانه‌ به‌رده‌وام بن خوای گه‌وره‌ سزایه‌كتان بدات له‌ ڕۆژێكدا كه‌ سزای خوای گه‌وره‌ ده‌ورتان بدات و شوێنی ڕاكردن و په‌ناتان نه‌بێ بۆی ڕا بكه‌ن.

85

وَيَٰقَوْمِ أَوْفُوا۟ ٱلْمِكْيَالَ وَٱلْمِيزَانَ بِٱلْقِسْطِ ۖ وَلَا تَبْخَسُوا۟ ٱلنَّاسَ أَشْيَآءَهُمْ وَلَا تَعْثَوْا۟ فِى ٱلْأَرْضِ مُفْسِدِينَ

ئه‌ی قه‌وم و خزمه‌کانم، با پێوان و کێشانتان تێرو ته‌واوبێت و به دادپه‌روه‌رانه ئه‌نجامی بده‌ن، شتومه‌کی خه‌ڵکی که‌م نرخ مه‌که‌ن و (فێڵیان لێ مه‌که‌ن) و خراپه‌کاری مه‌که‌ن له زه‌ویدا و تۆوی خراپه مه‌چێنن.

[ وَيَا قَوْمِ أَوْفُوا الْمِكْيَالَ وَالْمِيزَانَ بِالْقِسْطِ ] وه‌ ئه‌ی قه‌ومی خۆم كێشانه‌و پێوانه‌تان با به‌ دادپه‌روه‌ری بێت و نوقستانی مه‌كه‌ن و فێڵی تیا مه‌كه‌ن [ وَلَا تَبْخَسُوا النَّاسَ أَشْيَاءَهُمْ ] وه‌ كه‌ شتومه‌ك به‌خه‌ڵكی ئه‌ده‌ن به‌ كه‌می پێیان مه‌ده‌ن [ وَلَا تَعْثَوْا فِي الْأَرْضِ مُفْسِدِينَ (٨٥) ] وه‌ له‌سه‌ر زه‌ویشدا ئاشووب مه‌نێنه‌وه‌و ئاشووب بڵاو مه‌كه‌نه‌وه‌و رێگرى و چه‌ته‌یى مه‌كه‌ن (كه‌ پیشه‌یان بووه‌).

86

بَقِيَّتُ ٱللَّهِ خَيْرٌۭ لَّكُمْ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ ۚ وَمَآ أَنَا۠ عَلَيْكُم بِحَفِيظٍۢ

ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره بۆتان ده‌هێڵێته‌وه له قازانج و حه‌ڵالی کردووه بۆتان، ئه‌وه چاکتره له زۆرێکی حه‌رام، ئه‌گه‌ر ئێوه ئیماندار بن، منیش لێپرسراو نیم به‌رامبه‌ر ئێوه (به‌ڵکو حه‌ق و ڕاستیتان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نم).

[ بَقِيَّتُ اللَّهِ خَيْرٌ لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ ] ئه‌وه‌ی كه‌ به‌حه‌ڵاڵی خوای گه‌وره‌ پێتان ئه‌به‌خشێ و بۆتان ئه‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ باشتره‌ بۆتان له‌و حه‌رام و فێڵه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕدارن [ وَمَا أَنَا عَلَيْكُمْ بِحَفِيظٍ (٨٦) ] وه‌ من پارێزه‌ر نیم به‌سه‌رتانه‌وه‌و چاودێریتان بكه‌م به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ چاودێریتان ده‌كات و موحاسه‌به‌تان ده‌كات له‌به‌ر خوا ئه‌مه‌ بكه‌ن.

87

قَالُوا۟ يَٰشُعَيْبُ أَصَلَوٰتُكَ تَأْمُرُكَ أَن نَّتْرُكَ مَا يَعْبُدُ ءَابَآؤُنَآ أَوْ أَن نَّفْعَلَ فِىٓ أَمْوَٰلِنَا مَا نَشَٰٓؤُا۟ ۖ إِنَّكَ لَأَنتَ ٱلْحَلِيمُ ٱلرَّشِيدُ

خه‌ڵکه‌که وتیان: ئه‌ی شوعه‌یب، ئایا نوێژه‌که‌ت فه‌رمانت پێده‌کات که ئێمه واز بهێنین له‌وه‌ی باوو باپیرانمان په‌رستوویانن، یاخود له ماڵ و سامانماندا به‌ئاره‌زووی خۆمان چیمان بوێت بیکه‌ین و به‌ڕاستی تۆ زۆرهێمن و خاوه‌ن ژیریت؟! (وادیاره گا‌ڵته‌یان پێکردووه‌، یان قه‌ناعه‌تیان به‌ژیری و له‌سه‌رخۆیی بووه و سه‌ریان سوڕماوه له‌وه‌ی که ده‌یه‌وێت له داب و نه‌ریتی باوو باپیران ده‌ربچێت).

[ قَالُوا يَا شُعَيْبُ أَصَلَاتُكَ تَأْمُرُكَ أَنْ نَتْرُكَ مَا يَعْبُدُ آبَاؤُنَا أَوْ أَنْ نَفْعَلَ فِي أَمْوَالِنَا مَا نَشَاءُ ] به‌ سوكایه‌تى و گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ وتیان: ئه‌ی شوعه‌یب ئایا نوێژ كردنه‌كانته‌ فه‌رمانت پێ ده‌كات كه‌ واز بێنین له‌ په‌رستنی ئه‌و خوایانه‌ی كه‌ باوك و باپیرانمان ئه‌یانپه‌رست، یاخود له‌ ماڵی خۆماندا به‌ ویستی خۆمان كڕین و فرۆشتن نه‌كه‌ین واته‌: فێڵی تیا نه‌كه‌ین و زیادو كه‌می لێ نه‌كه‌ین [ إِنَّكَ لَأَنْتَ الْحَلِيمُ الرَّشِيدُ (٨٧) ] به‌ سووكایه‌تی و گاڵته‌ پێكردنه‌وه‌ ئه‌یانووت: به‌ڕاستی تۆ كه‌سێكی زۆر نه‌رمونیانی وه‌ سزای به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ناده‌ی، وه‌ له‌سه‌ر ڕێگای ڕاستی هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌یانزانی له‌ حه‌قیقه‌ت و ڕاستیشدا هه‌روابووه‌.

88

قَالَ يَٰقَوْمِ أَرَءَيْتُمْ إِن كُنتُ عَلَىٰ بَيِّنَةٍۢ مِّن رَّبِّى وَرَزَقَنِى مِنْهُ رِزْقًا حَسَنًۭا ۚ وَمَآ أُرِيدُ أَنْ أُخَالِفَكُمْ إِلَىٰ مَآ أَنْهَىٰكُمْ عَنْهُ ۚ إِنْ أُرِيدُ إِلَّا ٱلْإِصْلَٰحَ مَا ٱسْتَطَعْتُ ۚ وَمَا تَوْفِيقِىٓ إِلَّا بِٱللَّهِ ۚ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ

شوعه‌یت وتی: ئه‌ی قه‌وم و خزمه‌کانم هه‌واڵم بده‌نێ ئه‌گه‌ر منتان بینی و بۆتان ده‌رکه‌وت که له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی ڕێك و ڕۆشنم له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارمه‌وه و هه‌ر له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه ڕزق و ڕۆزی جوان و باشی داومه‌تێ، منیش نامه‌وێت قه‌ده‌غه‌ی شتێکتان لێ بکه‌م، که‌چی خۆم وه‌ك ئێوه نه‌که‌م (چی به ئێوه بگه‌یه‌نم خۆم له پێشدا ئه‌نجامی ده‌ده‌م) من هیچم ناوێت ته‌نها چاکسازی نه‌بێت، به‌گوێره‌ی توانام، ڕێکخستنی کارم به‌ده‌ستی که‌س نیه به‌ده‌ستی خوا نه‌بێت، پشت و په‌نام هه‌ر به‌و به‌ستووه و هه‌ر بۆ لای ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.

[ قَالَ يَا قَوْمِ أَرَأَيْتُمْ إِنْ كُنْتُ عَلَى بَيِّنَةٍ مِنْ رَبِّي ] شوعه‌یب پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی: ئه‌ی قه‌ومی خۆم هه‌واڵم پێ بده‌ن كه‌ من له‌سه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرام له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ [ وَرَزَقَنِي مِنْهُ رِزْقًا حَسَنًا ] وه‌ ڕزق و ڕۆزی و ماڵێكی زۆرو باش و حه‌ڵاڵى پێ به‌خشیووم، یان پێغه‌مبه‌رایه‌ت و حیكمه‌تی پێ به‌خشیووم [ وَمَا أُرِيدُ أَنْ أُخَالِفَكُمْ إِلَى مَا أَنْهَاكُمْ عَنْهُ ] وه‌ من نامه‌وێ پێچه‌وانه‌ی ئێوه‌ بكه‌م و شتێك له‌ ئێوه‌ قه‌ده‌غه‌ بكه‌م و خۆم بیكه‌م [ إِنْ أُرِيدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ ] به‌ڵكو من ته‌نها مه‌به‌ستم چاكسازیه‌و چاكسازیم ده‌وێت چه‌ندێك له‌ توانامدا بێت [ وَمَا تَوْفِيقِي إِلَّا بِاللَّهِ ] وه‌ ڕێنمایی و هیدایه‌تی من ته‌نها له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌یه‌ [ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ (٨٨) ] كاره‌كانم هه‌مووی به‌و سپاردووه‌و ته‌وه‌كولم له‌سه‌ر ئه‌وه‌، وه‌ هه‌ر بۆ لای خوای گه‌وره‌ش ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌.

89

وَيَٰقَوْمِ لَا يَجْرِمَنَّكُمْ شِقَاقِىٓ أَن يُصِيبَكُم مِّثْلُ مَآ أَصَابَ قَوْمَ نُوحٍ أَوْ قَوْمَ هُودٍ أَوْ قَوْمَ صَٰلِحٍۢ ۚ وَمَا قَوْمُ لُوطٍۢ مِّنكُم بِبَعِيدٍۢ

ئه‌ی قه‌وم و خزمانم ناکۆکی و دژایه‌تیتان له‌گه‌ڵ مندا، واتان لێ ناکات (ئه‌و ئایین و بیرو باوه‌ڕه‌ی هێناومه له‌لایه‌ن خواوه به‌درۆی بزانن و) جا ئه‌و کاته ئه‌وه‌ی تووشی هۆزی نوح و هود و صالح بوو تووشی ئێوه‌ش ببێت، خۆ هۆزی لوط لێتانه‌وه زۆر دوور نیه‌.

[ وَيَا قَوْمِ لَا يَجْرِمَنَّكُمْ شِقَاقِي ] وه‌ ئه‌ی قه‌ومی خۆم با ڕق لێبوونتان له‌ من واتان لێ نه‌كات كه‌ من به‌درۆ بزانن و ئیمانم پێ نه‌هێنن [ أَنْ يُصِيبَكُمْ مِثْلُ مَا أَصَابَ قَوْمَ نُوحٍ أَوْ قَوْمَ هُودٍ أَوْ قَوْمَ صَالِحٍ ] چونكه‌ ئه‌و سزایه‌ی كه‌ تووشی قه‌ومی نوح و هود و صاڵح بوو تووشی ئێوه‌ش ده‌بێت و خوای گه‌وره‌ سزاتان ده‌دات [ وَمَا قَوْمُ لُوطٍ مِنْكُمْ بِبَعِيدٍ (٨٩) ] وه‌ قه‌ومی لوطيش سه‌رده‌میان یان شوێنیان له‌ ئێوه‌وه‌ دوور نیه‌، بترسێن كه‌ خوای گه‌وره‌ سزای ئێوه‌ش بدات.

90

وَٱسْتَغْفِرُوا۟ رَبَّكُمْ ثُمَّ تُوبُوٓا۟ إِلَيْهِ ۚ إِنَّ رَبِّى رَحِيمٌۭ وَدُودٌۭ

داوای لێخۆشبوونیش له په‌روه‌ردگارتان بکه‌ن و واز بهێنن له تاوان و خراپه‌کاری و پاشان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای خوا، بیگومان په‌روه‌ردگاری من زۆر به‌به‌زه‌یی و میهره‌بانه‌، زۆر به‌سۆز و دلۆڤانه‌.

[ وَاسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ ] وه‌ ئێوه‌ داوای لێخۆشبوون له‌ په‌روه‌ردگارتان بكه‌ن له‌ تاوانه‌كانى رابردووتان [ ثُمَّ تُوبُوا إِلَيْهِ ] پاشان بۆ لای خوای گه‌وره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌و ته‌وبه‌ بكه‌ن و له‌ داهاتوودا مه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر تاوان [ إِنَّ رَبِّي رَحِيمٌ وَدُودٌ (٩٠) ] به‌راستى په‌روه‌ردگاری من زۆر به‌ڕه‌حم و سۆزو به‌زه‌ییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌وبه‌ ئه‌كه‌ن، وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌وبه‌ ئه‌كه‌ن خۆشه‌ویستى خوای گه‌وره‌ن و خۆشی ئه‌وێن.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.