Muslim99Muslim99
← Tafsir library

11. Hud

Hud · Meccan · 123 ayahs

سُورَةُ هُودٍ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 21–30 of 123

21

أُو۟لَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ خَسِرُوٓا۟ أَنفُسَهُمْ وَضَلَّ عَنْهُم مَّا كَانُوا۟ يَفْتَرُونَ

ئا ئه‌وانه ئه‌وانه‌ن که خۆیان فه‌وتاند و ئه‌و باس و درۆیانه‌ی که له دنیادا هه‌ڵیانده‌به‌ست لێیان ون بوو.

[ أُولَئِكَ الَّذِينَ خَسِرُوا أَنْفُسَهُمْ ] ئا ئه‌مانه‌ خۆیان دۆڕاند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عیباده‌تی غه‌یری خوای گه‌وره‌یان كردو چوونه‌ دۆزه‌خه‌وه‌ [ وَضَلَّ عَنْهُمْ مَا كَانُوا يَفْتَرُونَ (٢١) ] وه‌ ئه‌و بوهتان و درۆهه‌ڵبه‌ستنانه‌یش كه‌ كردیان و شه‌ریكیان بۆ خوا دانا هه‌ر هه‌مووی ئه‌ڕوات و ئه‌فه‌وتێ و له‌ قیامه‌تدا هیچی نابیننه‌وه‌ تا فریایان بكه‌وێ.

22

لَا جَرَمَ أَنَّهُمْ فِى ٱلْءَاخِرَةِ هُمُ ٱلْأَخْسَرُونَ

گومانی تێدا نیه که به‌ڕاستی ئه‌وانه له قیامه‌تدا زۆر خه‌ساره‌تمه‌ند و دۆڕاوترن.

[ لَا جَرَمَ أَنَّهُمْ فِي الْآخِرَةِ هُمُ الْأَخْسَرُونَ (٢٢) ] هیچ گومانی تیا نیه‌ كه‌ له‌ ڕۆژی دواییدا زه‌ره‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ن چونكه‌ به‌هه‌شتیان گۆڕیه‌وه‌ به‌ دۆزه‌خ.

23

إِنَّ ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ وَعَمِلُوا۟ ٱلصَّٰلِحَٰتِ وَأَخْبَتُوٓا۟ إِلَىٰ رَبِّهِمْ أُو۟لَٰٓئِكَ أَصْحَٰبُ ٱلْجَنَّةِ ۖ هُمْ فِيهَا خَٰلِدُونَ

به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی بڕوایان هێناوه به‌خواو ڕاستی به‌رنامه‌که‌ی، کرده‌وه چاکه‌کانیشیان ئه‌نجامداوه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ لای په‌روه‌ردگاریان و ملکه‌چ و دڵ ئارام بوون له به‌رامبه‌ر فه‌رمانه‌کانی، ئا ئه‌وانه خاوه‌ن و نیشته‌جێی به‌هه‌شتن و به هه‌تا هه‌تایی تیایدا ده‌مێننه‌وه‌.

[ إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیمانیان هێناوه‌و كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه‌، (كرده‌وه‌ی چاك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه‌ نه‌بێت، وه‌ ئیخلاص و دڵسۆزی بۆ خوای گه‌وره‌ هه‌بێت و بۆ ریاو رووبینى نه‌بێت) [ وَأَخْبَتُوا إِلَى رَبِّهِمْ ] وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ لای خوای گه‌وره‌و ملكه‌چی خوای گه‌وره‌ن [ أُولَئِكَ أَصْحَابُ الْجَنَّةِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (٢٣) ] ئه‌مانه‌ هاوه‌ڵی به‌هه‌شتن به‌ نه‌مری و هه‌میشه‌یی تێیدا ده‌مێننه‌وه‌.

24

۞ مَثَلُ ٱلْفَرِيقَيْنِ كَٱلْأَعْمَىٰ وَٱلْأَصَمِّ وَٱلْبَصِيرِ وَٱلسَّمِيعِ ۚ هَلْ يَسْتَوِيَانِ مَثَلًا ۚ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ

وێنه‌و ئه‌م دوو کۆمه‌ڵه (کۆمه‌ڵی ئیمانداران و کۆمه‌ڵی بێ باوه‌ڕان) وه‌ك کوێرو که‌ڕ، چاوساغ و بیسه‌ر وایه‌، ئایا ئه‌م دووانه وێنه‌یان وه‌ك یه‌که‌، ئه‌وه بۆ بیر ناکه‌نه‌وه‌؟!

[ مَثَلُ الْفَرِيقَيْنِ كَالْأَعْمَى وَالْأَصَمِّ ] نموونه‌ی ئه‌م دوو كۆمه‌ڵه‌: باوه‌ڕداران و بێباوه‌ڕان وه‌كو كوێرو لاڵ وان كه‌ كافران كوێرن له‌ ئاستی بینینی حه‌قدا وه‌ كه‌ڕن له‌ ئاستی بیستنی حه‌قدا [ وَالْبَصِيرِ وَالسَّمِيعِ ] وه‌ باوه‌ڕداران حه‌ق ده‌بینن و ئه‌بیستن [ هَلْ يَسْتَوِيَانِ مَثَلًا ] ئایا ئه‌م دوو كۆمه‌ڵه‌ یه‌كسانن [ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ (٢٤) ] ئایا بۆ بیر ناكه‌نه‌وه‌و په‌ندو ئامۆژگارى وه‌رناگرن و جیاكارى ناكه‌ن له‌ نێوانیاندا؟ نه‌خیر یه‌كسان نین جیاوازیه‌كی زۆر له‌ نێوان موسڵمان و كافردا هه‌یه‌ كه‌ موسڵمانان چاویشیان ئه‌بینێ و گوێشیان ئه‌بیستێ به‌ڵام ئه‌وان چاویان كوێره‌ له‌ ئاست بینینی حه‌ق وه‌ گوێشیان كه‌ڕه‌ له‌ ئاست بیستنی حه‌قدا.

25

وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَىٰ قَوْمِهِۦٓ إِنِّى لَكُمْ نَذِيرٌۭ مُّبِينٌ

سوێند به‌خوا به‌ڕاستی ئێمه نوحمان نارد بۆ لای قه‌وم و خزمه‌کانی، (پێی وتن) بێگومان من بۆ ئێوه داچڵه‌کێنه‌رێکی ئاشکرام (ئه‌گه‌ر له فه‌رمانی خوا ده‌رچن تووشی سزا ده‌بن، خۆ ئێوه باش من ده‌ناسن).

{ بەسەرهاتی نوح پێغەمبەر – صلی الله علیه وسلم – لەگەڵ قەومەكەی}

[ وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَى قَوْمِهِ ] به‌ دڵنیایی ئێمه‌ نوح پێغه‌مبه‌رمان - صلی الله علیه وسلم - نارد بۆ لای قه‌ومه‌كه‌ی خۆی، كه‌ یه‌كه‌م پێغه‌مبه‌ر بوو خواى گه‌وره‌ ناردى بۆ ناو بت په‌رستان [ إِنِّي لَكُمْ نَذِيرٌ مُبِينٌ (٢٥) ] كه‌ پێی فه‌رموون: من ترسێنه‌رێكی ئاشكرام بۆ ئێوه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ هاتوومه‌ ئه‌تانترسێنم به‌ سزای خوای گه‌وره‌ ئه‌گه‌ر ئیمانم پێ نه‌هێنن.

26

أَن لَّا تَعْبُدُوٓا۟ إِلَّا ٱللَّهَ ۖ إِنِّىٓ أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ أَلِيمٍۢ

که جگه له خوا (که‌س و هیچی تر) نه‌په‌رستن، چونکه من به‌ڕاستی ده‌ترسم سزای ڕۆژێکی به‌ئێش یه‌خه‌تان پێ بگرێت (هه‌مووتان له‌ناو بچن).

[ أَنْ لَا تَعْبُدُوا إِلَّا اللَّهَ ] كه‌ هیچ كه‌سێك نه‌په‌رستن له‌ غه‌یری خوای گه‌وره‌و به‌ تاك و ته‌نها خوا بپه‌رستن [ إِنِّي أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ أَلِيمٍ (٢٦) ] ئه‌گه‌ر ئیمان نه‌هێنن و به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر شه‌ریك دانان بۆ خواى گه‌وره‌ ئه‌وا من له‌ سزای ڕۆژێك ئه‌ترسێم له‌سه‌رتان كه‌ سزاكه‌ی زۆر به‌ ئێش و ئازاره‌ كه‌ ڕۆژی قیامه‌ته‌، یاخود ڕۆژی زریان و تۆفانه‌كه‌یه‌.

27

فَقَالَ ٱلْمَلَأُ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ مِن قَوْمِهِۦ مَا نَرَىٰكَ إِلَّا بَشَرًۭا مِّثْلَنَا وَمَا نَرَىٰكَ ٱتَّبَعَكَ إِلَّا ٱلَّذِينَ هُمْ أَرَاذِلُنَا بَادِىَ ٱلرَّأْىِ وَمَا نَرَىٰ لَكُمْ عَلَيْنَا مِن فَضْلٍۭ بَلْ نَظُنُّكُمْ كَٰذِبِينَ

جا ئه‌و ده‌سته ده‌سه‌ڵاتداره‌ی که بێ باوه‌ڕ بوون له هۆزی نوح وتیان: ئێمه تۆ ته‌نها وه‌ك یه‌کێك له خۆمان ده‌بینین و نابینین ئه‌وانه‌ی شوێنی تۆ که‌وتوون جگه له‌وانه‌ی که هه‌ژارو داماوه‌کانمانن و دووربین نین و ژیریان که‌‌مه و ساده‌ن، هه‌روه‌ها نابینین ئێوه هیچ شتێکی زیاترتان به‌سه‌ر ئێمه‌دا هه‌بێت، به‌ڵکو ئێمه وا گومان ده‌به‌ین ئێوه درۆزنن.

[ فَقَالَ الْمَلَأُ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ قَوْمِهِ مَا نَرَاكَ إِلَّا بَشَرًا مِثْلَنَا ] ده‌سه‌ڵاتداره‌ كافرو بێباوه‌ڕه‌كان له‌ قه‌ومی نوح وتیان: ئه‌ی نوح - صلی الله علیه وسلم - تۆش ته‌نها مرۆڤێكی وه‌كو ئێمه‌یت و نابینین هیچ جیاواز بیت له‌ ئێمه‌ [ وَمَا نَرَاكَ اتَّبَعَكَ إِلَّا الَّذِينَ هُمْ أَرَاذِلُنَا بَادِيَ الرَّأْيِ ] وه‌ نابینین هیچ كه‌سێك شوێن تۆ كه‌وتبێ له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و پیاوماقولان و گه‌وره‌كان ته‌نها فه‌قیرو هه‌ژاران نه‌بێ كه‌ ته‌نها بۆچوونێكی ساده‌یان هه‌یه‌و یه‌كسه‌ر شوێنت كه‌وتوون به‌ بێ بیركردنه‌وه‌ [ وَمَا نَرَى لَكُمْ عَلَيْنَا مِنْ فَضْلٍ ] وه‌ نابینین ئێوه‌ هیچ فه‌زڵێكتان به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌ هه‌بێ له‌ شتی دونیاییدا [ بَلْ نَظُنُّكُمْ كَاذِبِينَ (٢٧) ] به‌ڵكو گومان ئه‌به‌ین كه‌ ئێوه‌ درۆزن بن.

28

قَالَ يَٰقَوْمِ أَرَءَيْتُمْ إِن كُنتُ عَلَىٰ بَيِّنَةٍۢ مِّن رَّبِّى وَءَاتَىٰنِى رَحْمَةًۭ مِّنْ عِندِهِۦ فَعُمِّيَتْ عَلَيْكُمْ أَنُلْزِمُكُمُوهَا وَأَنتُمْ لَهَا كَٰرِهُونَ

نوح وتی: ئه‌ی خزمه‌کانم هه‌واڵم بده‌نێ: ئه‌گه‌ر من له‌سه‌ر ڕێگه‌و به‌رنامه‌یه‌کی ڕاست و دروستبم له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارمه‌وه و خێرو چاکه‌و به‌زه‌یی خۆی پێ به‌خشیبم له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئینجا ئه‌مانه له ئێوه ساراوه‌ته‌وه و نایبینن؟! ئایا به‌زۆر ئیمان له دڵتاندا دروست بکه‌ین و بتانخه‌ینه سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه‌، له‌کاتێکدا ئێوه لێی بێزارن و خوازیاری نین؟!!

[ قَالَ يَا قَوْمِ أَرَأَيْتُمْ إِنْ كُنْتُ عَلَى بَيِّنَةٍ مِنْ رَبِّي ] نوح - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی: ئه‌ی قه‌ومی خۆم هه‌واڵم پێ بده‌ن كه‌ من له‌سه‌ر به‌ڵگه‌ی ڕوون و ئاشكرام له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌و موعجیزه‌ی بۆ ناردووم و یه‌قینم هه‌یه‌ [ وَآتَانِي رَحْمَةً مِنْ عِنْدِهِ ] و له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ڕه‌حمه‌تێكی پێ به‌خشیوم كه‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تیه‌ [ فَعُمِّيَتْ عَلَيْكُمْ ] به‌ڵام له‌ ئێوه‌ شاراوه‌یه‌و ئه‌و شتانه‌ نایبینن و قه‌درى نازانن [ أَنُلْزِمُكُمُوهَا وَأَنْتُمْ لَهَا كَارِهُونَ (٢٨) ] ئایا ئێمه‌ ئه‌توانین به‌زۆر ئیمان بخه‌ینه‌ دڵی ئێوه‌وه‌ له‌ كاتێك كه‌ ئێوه‌ پێتان ناخۆشه‌؟ واته‌: ناتوانین به‌زۆر موسڵمانتان بكه‌ین.

29

وَيَٰقَوْمِ لَآ أَسْـَٔلُكُمْ عَلَيْهِ مَالًا ۖ إِنْ أَجْرِىَ إِلَّا عَلَى ٱللَّهِ ۚ وَمَآ أَنَا۠ بِطَارِدِ ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓا۟ ۚ إِنَّهُم مُّلَٰقُوا۟ رَبِّهِمْ وَلَٰكِنِّىٓ أَرَىٰكُمْ قَوْمًۭا تَجْهَلُونَ

ئه‌ی خزمه‌کانم (خۆ من) له بری ئه‌م بانگه‌واز و ئامۆژگاریانه‌م داوای هیچ ماڵ و خه‌رجیتان لێناکه‌م، کرێ و پاداشتم ته‌نها لای خوایه‌، من هه‌رگیز ئه‌وانه‌ی بڕوایان هێناوه له خۆم دوور ناخه‌مه‌وه و ده‌ریان ناکه‌م، چونکه بێگومان ئه‌وان ئه‌گهن به‌خوای خۆیان، حیسابیان لای خوایه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی من ئێوه ئه‌بینم هۆزێکن خۆتان گێل و نه‌فام ده‌که‌ن (به‌وه‌ی به که‌م سه‌یری ئیمانداوانی ده‌وری من ده‌که‌ن له‌به‌ر بێ که‌سی و هه‌ژاریان).

[ وَيَا قَوْمِ لَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مَالًا ] وه‌ ئه‌ی قه‌ومی خۆم كاتێك كه‌ من ئه‌ڵێم موسڵمان بن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ داوای پاره‌تان لێ ناكه‌م و بۆ ئه‌وه‌م نیه‌ كه‌ سه‌روه‌ت و سامانتان ببه‌م [ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى اللَّهِ ] به‌ڵكو پاداشتی من ته‌نها لای خوای گه‌وره‌یه‌ [ وَمَا أَنَا بِطَارِدِ الَّذِينَ آمَنُوا ] وه‌ من ناچم له‌سه‌ر داواى ئێوه‌ باوه‌ڕداران ده‌ربكه‌م و دووربخه‌مه‌وه‌ كه‌ فه‌قیرو هه‌ژارن [ إِنَّهُمْ مُلَاقُو رَبِّهِمْ ] ئه‌وان ئه‌گه‌ن به‌ خوای خۆیان و پاداشتیان ئه‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر ئیمان هێنانیان [ وَلَكِنِّي أَرَاكُمْ قَوْمًا تَجْهَلُونَ (٢٩) ] به‌ڵام من ئێوه‌ ئه‌بینم كه‌سانێكى زۆر نه‌زان و نه‌فامن كاتێك داوا ئه‌كه‌ن كه‌ ئه‌و فه‌قیرو هه‌ژاره‌ موسڵمانانه‌ دووربخه‌مه‌وه‌.

30

وَيَٰقَوْمِ مَن يَنصُرُنِى مِنَ ٱللَّهِ إِن طَرَدتُّهُمْ ۚ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ

ئه‌ی خزمه‌کانم کێ ئه‌توانێت یارمه‌تیم بدات به‌رامبه‌ر خوای گه‌وره (له سزای خوا بمپارێزێت) ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیماندارو دۆستانه‌ی خوا ده‌ربکه‌م و له خۆمیان دوور بخه‌مه‌وه و ئایا بیرناکه‌ناوه (که شتی وا ناشێت و دروست نیه بۆ که‌سێك خواناس بێت)؟

[ وَيَا قَوْمِ مَنْ يَنْصُرُنِي مِنَ اللَّهِ إِنْ طَرَدْتُهُمْ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ (٣٠) ] وه‌ ئه‌ی قه‌ومی خۆم ئه‌گه‌ر من ئه‌و فه‌قیرو هه‌ژاره‌ موسڵمانانه‌ ده‌ربكه‌م و دووریانبخه‌مه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ سزام ئه‌دات ئه‌و كاته‌ كێ هه‌یه‌ من بپارێزێ له‌ سزای خوای گه‌وره‌؟ ئه‌ی بۆ بیر ناكه‌نه‌وه‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.