Muslim99Muslim99
← Tafsir library

11. Hud

Hud · Meccan · 123 ayahs

سُورَةُ هُودٍ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 91–100 of 123

91

قَالُوا۟ يَٰشُعَيْبُ مَا نَفْقَهُ كَثِيرًۭا مِّمَّا تَقُولُ وَإِنَّا لَنَرَىٰكَ فِينَا ضَعِيفًۭا ۖ وَلَوْلَا رَهْطُكَ لَرَجَمْنَٰكَ ۖ وَمَآ أَنتَ عَلَيْنَا بِعَزِيزٍۢ

خزمانی ناله‌با‌ر وتیان: ئه‌ی شوعه‌یب، ئێمه تێناگه‌ین له زۆربه‌ی ئه‌و باسانه‌ی که تۆ ده‌یڵێیت، ئێمه‌ش به‌ڕاستی تۆ به‌لاواز ده‌بینین له‌ناو خۆماندا (واده‌زانین ناتوانیت به‌ره‌نگاری ئه‌م هه‌موو خه‌ڵکه بکه‌یت، ئه‌مه‌ی تۆ باسی ده‌که‌یت پێویستی به‌هێزو توانایه‌کی زۆر هه‌یه‌) و خۆ ئه‌گه‌ر خزمه‌کانت نه‌بوایه به‌رد بارانمان ده‌کردیت، وه‌نه‌بێت تۆ هیچ تواناو ده‌سه‌ڵاتێکت هه‌بێت به‌سه‌رماندا.

[ قَالُوا يَا شُعَيْبُ مَا نَفْقَهُ كَثِيرًا مِمَّا تَقُولُ ] وتیان: ئه‌ی شوعه‌یب ئێمه‌ تێناگه‌ین له‌ زۆرێك له‌و هه‌واڵ و شتانه‌ی كه‌ تۆ باسی ئه‌كه‌یت له‌ باسی زیندوو بوونه‌وه‌و قیامه‌ت (هه‌رچه‌نده‌ شوعه‌یب پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - به‌ وتاربێژى پێغه‌مبه‌ران ناسرابووه‌ له‌به‌ر ره‌وانبێژى و زمانپاراوى) [ وَإِنَّا لَنَرَاكَ فِينَا ضَعِيفًا ] وه‌ ئێمه‌ تۆ ئه‌بینین كه‌ له‌ناو ئێمه‌دا لاوازو بێده‌سه‌ڵاتی و ته‌نهایت، وه‌ وتراوه‌ نابینا بووه‌ [ وَلَوْلَا رَهْطُكَ لَرَجَمْنَاكَ ] وه‌ ئه‌گه‌ر عه‌شیره‌ت و هۆزه‌كه‌ت نه‌بوایه‌ ئێستا به‌ردبارانمان ئه‌كردیت [ وَمَا أَنْتَ عَلَيْنَا بِعَزِيزٍ (٩١) ] وه‌ تۆ له‌لای ئێمه‌ عیززه‌ت و ده‌سه‌ڵاتت نیه‌.

92

قَالَ يَٰقَوْمِ أَرَهْطِىٓ أَعَزُّ عَلَيْكُم مِّنَ ٱللَّهِ وَٱتَّخَذْتُمُوهُ وَرَآءَكُمْ ظِهْرِيًّا ۖ إِنَّ رَبِّى بِمَا تَعْمَلُونَ مُحِيطٌۭ

شوعه‌یب وتی: ئه‌ی هۆزو خزمانم ئایا که‌س و کارم به‌لای ئێوه‌وه به تواناو ده‌سه‌ڵاتدارتره له خوا؟! له‌کاتێکدا ئه‌و زاته‌تان فه‌رامۆش کردووه و گوێ ناده‌ن به فه‌رمانه‌کانی، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارم ئاگاداره به‌وه‌ی ئێوه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

[ قَالَ يَا قَوْمِ أَرَهْطِي أَعَزُّ عَلَيْكُمْ مِنَ اللَّهِ ] شوعه‌یب پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی: ئه‌ی قه‌ومی خۆم ئایا عه‌شیره‌ت و هۆزه‌كه‌م به‌لاتانه‌وه‌ گرنگترو به‌عیززه‌تتره‌ له‌ خوای گه‌وره‌ [ وَاتَّخَذْتُمُوهُ وَرَاءَكُمْ ظِهْرِيًّا ] وه‌ خوای گه‌وره‌تان له‌ پشتی خۆتان داناوه‌و گرنگی پێ ناده‌ن و به‌گه‌وره‌ى نازانن [ إِنَّ رَبِّي بِمَا تَعْمَلُونَ مُحِيطٌ (٩٢) ] به‌راستى په‌روه‌ردگارم زۆر زانایه‌ به‌و كرده‌وانه‌ی كه‌ ئێوه‌ ئه‌یكه‌ن، وه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌وری داوه‌و ئاگاداره‌و سزاتان ئه‌دات له‌سه‌ری.

93

وَيَٰقَوْمِ ٱعْمَلُوا۟ عَلَىٰ مَكَانَتِكُمْ إِنِّى عَٰمِلٌۭ ۖ سَوْفَ تَعْلَمُونَ مَن يَأْتِيهِ عَذَابٌۭ يُخْزِيهِ وَمَنْ هُوَ كَٰذِبٌۭ ۖ وَٱرْتَقِبُوٓا۟ إِنِّى مَعَكُمْ رَقِيبٌۭ

ئه‌ی هۆزو خزمانم ئێوه کاری خۆتان بکه‌ن چه‌نده تواناتان هه‌یه‌، منیش کاری خۆم له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی خۆم ئه‌نجام ده‌ده‌م، له‌مه‌ولا ده‌رده‌که‌وێت و دازانن کێ سزای بۆ دێت و سه‌رشۆڕی ده‌کات، کێش درۆزنه‌، ئێوه چاوه‌رێ بن به‌ڕاستی منیش له‌گه‌ڵتاندا چاوه‌ڕێم.

[ وَيَا قَوْمِ اعْمَلُوا عَلَى مَكَانَتِكُمْ إِنِّي عَامِلٌ ] دوای ئه‌وه‌ كه‌ بینی به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كوفریان و بێئومێد بوو لێیان فه‌رمووی: ئه‌ی قه‌ومی خۆم به‌رده‌وام بن له‌ شوێنی خۆتان و له‌سه‌ر رێبازو كوفرى خۆتان كار بكه‌ن منیش به‌ته‌نها عیباده‌تی خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌م [ سَوْفَ تَعْلَمُونَ مَنْ يَأْتِيهِ عَذَابٌ يُخْزِيهِ ] له‌ داهاتوودا ئه‌زانن كه‌ كێیه‌ سزای بۆ دێت و خوای گه‌وره‌ سه‌رشۆڕو ڕیسوای ئه‌كات [ وَمَنْ هُوَ كَاذِبٌ ] وه‌ ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ كێ درۆزنه‌ [ وَارْتَقِبُوا إِنِّي مَعَكُمْ رَقِيبٌ (٩٣) ] وه‌ چاوه‌ڕێ بن منیش له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا چاوه‌ڕێ ئه‌كه‌م بزانین خوای گه‌وره‌ سزای كێ ئه‌دات.

94

وَلَمَّا جَآءَ أَمْرُنَا نَجَّيْنَا شُعَيْبًۭا وَٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ مَعَهُۥ بِرَحْمَةٍۢ مِّنَّا وَأَخَذَتِ ٱلَّذِينَ ظَلَمُوا۟ ٱلصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُوا۟ فِى دِيَٰرِهِمْ جَٰثِمِينَ

کاتێکیش فه‌رمانی ئێمه هات بۆ تیاچوونیان، شوعه‌یب و ئه‌وانه‌ی بڕوایان هێنابوو له‌گه‌ڵیدا به‌هۆی به‌زه‌یی و لوطفی خۆمان ڕزگارمان کردن و ده‌نگ و نرکه‌ی تیاچوون تاوانکارو بێ بڕواکانی گرته‌وه و جا هه‌موویان له شوێن و جێگه‌ی خۆیاندا تیاچوون و به‌چۆکدا هاتن له به‌ره‌به‌یاندا.

{خوای گەورە سزای قەومی شوعەیب پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم -دەدات ‌و لەناویان دەبات}

[ وَلَمَّا جَاءَ أَمْرُنَا ] كاتێك كه‌ سزای ئێمه‌ دابه‌زی بۆیان [ نَجَّيْنَا شُعَيْبًا وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَهُ بِرَحْمَةٍ مِنَّا ] شوعه‌یب پێغه‌مبه‌رو - صلی الله علیه وسلم - ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ى له‌گه‌ڵیدا بوون ڕزگارمان كردن به‌ ڕه‌حمه‌تی خۆمان [ وَأَخَذَتِ الَّذِينَ ظَلَمُوا الصَّيْحَةُ ] به‌ڵام سته‌مكاران ئه‌وانه‌ی كه‌ كوفریان ئه‌كرد صه‌یحه‌و ده‌نگێك هات و ڕوحی له‌ لاشه‌یان ده‌ركرد [ فَأَصْبَحُوا فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ (٩٤) ] له‌ناو شوێن و ماڵى خۆیاندا نووسان به‌ زه‌ویه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ و ده‌م و چاویان و جووڵه‌یان نه‌ماو هه‌موویان مردن.

95

كَأَن لَّمْ يَغْنَوْا۟ فِيهَآ ۗ أَلَا بُعْدًۭا لِّمَدْيَنَ كَمَا بَعِدَتْ ثَمُودُ

هه‌روه‌ک له‌وێ نه‌ژیابن، ئاگاداربن، ده‌ك مه‌دیه‌ن له‌وه‌ولاتر بچێت هه‌روه‌ك ثمود له‌وه‌ولاتر چوو.

[ كَأَنْ لَمْ يَغْنَوْا فِيهَا ] وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر له‌و شوێنه‌ هه‌ر نه‌ژیابێتن [ أَلَا بُعْدًا لِمَدْيَنَ كَمَا بَعِدَتْ ثَمُودُ (٩٥) ] ده‌ى قه‌ومی مه‌دیه‌نیش دوور كه‌ونه‌وه‌ له‌ ڕه‌حمه‌تی خواو تیاچن هه‌روه‌كو چۆن قه‌وی ثهمودیش دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ڕه‌حمه‌تی خواو تیاچوون.

96

وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا مُوسَىٰ بِـَٔايَٰتِنَا وَسُلْطَٰنٍۢ مُّبِينٍ

سوێندیش بێت بێگومان موسا پێغه‌مبه‌رمان نارد به‌چه‌نده‌ها به‌ڵگه و فه‌رمانی دروسته‌وه‌، هاوڕێ له‌گه‌ڵ مه‌عجیزه و شتی سه‌رسوڕهێنه‌ری ئاشکرادا...

[ وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا مُوسَى بِآيَاتِنَا وَسُلْطَانٍ مُبِينٍ (٩٦) ] وه‌ موسامان - صلی الله علیه وسلم - نارد بۆ لای فیرعه‌ون به‌ ته‌ورات و كۆمه‌ڵێك موعجیزه‌وه‌ كه‌ ئه‌و نۆ موعجیزه‌یه‌ بوو كه‌ خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشی.

97

إِلَىٰ فِرْعَوْنَ وَمَلَإِي۟هِۦ فَٱتَّبَعُوٓا۟ أَمْرَ فِرْعَوْنَ ۖ وَمَآ أَمْرُ فِرْعَوْنَ بِرَشِيدٍۢ

بۆ لای فیرعه‌ون و دارو ده‌سته‌ی، که‌چی خه‌ڵکه‌که شوێن فه‌رمانی فیرعه‌ون که‌وتن، له‌کاتێکیشدا که کارو فه‌رمانی فیرعه‌ون هه‌رگیز ڕاست و دروست و ژیرانه نه‌بوو (به‌ڵکو سته‌مکار بوو خۆی به‌خوا ده‌دایه قه‌ڵه‌م)!...

[ إِلَى فِرْعَوْنَ وَمَلَئِهِ فَاتَّبَعُوا أَمْرَ فِرْعَوْنَ ] ناردمان بۆ لای فیرعه‌ون و ده‌سه‌ڵاتدارانی كه‌ خه‌ڵكی شوێنی ڕێگاو ڕێبازی فیرعه‌ون كه‌وتن [ وَمَا أَمْرُ فِرْعَوْنَ بِرَشِيدٍ (٩٧) ] له‌ كاتێكدا ڕێگاو ڕێبازی فیرعه‌ون ڕێگایه‌كی ڕاست و هیدایه‌ت نه‌بوو به‌ڵكو گومڕایی و كوفرو نه‌زانى بوو.

98

يَقْدُمُ قَوْمَهُۥ يَوْمَ ٱلْقِيَٰمَةِ فَأَوْرَدَهُمُ ٱلنَّارَ ۖ وَبِئْسَ ٱلْوِرْدُ ٱلْمَوْرُودُ

له ڕۆژی قیامه‌تیشدا فیرعه‌ون پێش قه‌وم و شوێنکه‌وتووانی ده‌که‌وێت و ئینجا ده‌یانباته ناو ئاگری دۆزه‌خ، ئای چه‌ند خراپه ئه‌و چوونه ژووره‌وه‌یه و ئه‌و شوێنه‌ی ده‌چنه ناوی.

[ يَقْدُمُ قَوْمَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَأَوْرَدَهُمُ النَّارَ وَبِئْسَ الْوِرْدُ الْمَوْرُودُ (٩٨) ] له‌ ڕۆژی قیامه‌تیش پێش قه‌ومه‌كه‌ی ئه‌كه‌وێ بۆ ناو ئاگری دۆزه‌خ تا ئه‌یانباته‌ سه‌ر ئاگر كه‌ به‌ڕاستی خراپترین بردنه‌سه‌ره‌ له‌ جیاتی بیانباته‌ سه‌ر ئاو ئه‌یانباته‌ سه‌ر ئاگرو ئه‌سووتێن.

99

وَأُتْبِعُوا۟ فِى هَٰذِهِۦ لَعْنَةًۭ وَيَوْمَ ٱلْقِيَٰمَةِ ۚ بِئْسَ ٱلرِّفْدُ ٱلْمَرْفُودُ

ئه‌وانه له‌م دنیادا نه‌فرین و ده‌نگوباسی خراپ شوێنیشیان خرا، له ڕۆژی قیامه‌تیشدا، (به‌شیان هه‌ر دووریه له‌ره‌حم و به‌زه‌یی خوا) و ئای چه‌ند خراپه ئه‌و به‌خشینه‌ی پێیان به‌خشراوه‌.

[ وَأُتْبِعُوا فِي هَذِهِ لَعْنَةً وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ ] وه‌ له‌ دونیادا نه‌فره‌تیان لێ كراو دوورخرانه‌وه‌ له‌ ڕه‌حمه‌تی خوا، وه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تیشدا به‌هه‌مان شێوه‌ نه‌فره‌تیان لێ ده‌كرێت [ بِئْسَ الرِّفْدُ الْمَرْفُودُ (٩٩) ] كه‌ خراپترین بردنه‌ سه‌ره‌ بۆ ئاگرى دۆزه‌خ، یاخود خراپترین شته‌ كه‌ نه‌فره‌تى دونیاو قیامه‌ت و سزا كۆبێته‌وه‌ له‌سه‌ریان.

100

ذَٰلِكَ مِنْ أَنۢبَآءِ ٱلْقُرَىٰ نَقُصُّهُۥ عَلَيْكَ ۖ مِنْهَا قَآئِمٌۭ وَحَصِيدٌۭ

ئه‌وه‌ی که باسکرا هه‌ندێك بوو له هه‌واڵی خه‌ڵکی ئه‌و شارو شارۆچکانه‌، بۆت ده‌گێڕینه‌وه‌، هه‌ندێك له‌و شارو دێهاتانه ماون و هه‌ندێکی تری به‌ته‌واوی وێران بوون.

[ ذَلِكَ مِنْ أَنْبَاءِ الْقُرَى نَقُصُّهُ عَلَيْكَ ] ئه‌مه‌ هه‌واڵی شارو دێیه‌كانه‌ ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - كه‌ بۆ تۆی ئه‌گێڕینه‌وه‌ [ مِنْهَا قَائِمٌ وَحَصِيدٌ (١٠٠) ] كه‌ هێشتا له‌و شارو دێیانه‌ هه‌یه‌ ماوه‌، وه‌ هه‌یشیانه‌ وێران بووه‌و ڕووخاوه‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.