Muslim99Muslim99
← Tafsir library

11. Hud

Hud · Meccan · 123 ayahs

سُورَةُ هُودٍ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 101–110 of 123

101

وَمَا ظَلَمْنَٰهُمْ وَلَٰكِن ظَلَمُوٓا۟ أَنفُسَهُمْ ۖ فَمَآ أَغْنَتْ عَنْهُمْ ءَالِهَتُهُمُ ٱلَّتِى يَدْعُونَ مِن دُونِ ٱللَّهِ مِن شَىْءٍۢ لَّمَّا جَآءَ أَمْرُ رَبِّكَ ۖ وَمَا زَادُوهُمْ غَيْرَ تَتْبِيبٍۢ

ئێمه سته‌ممان لێنه‌کردن و به‌ڵکو هه‌ر خۆیان سته‌میان له خۆیان کرد، ئه‌وسا ئه‌و په‌رستراوانه‌یان که له‌جیاتی خوا هاواریان لێ ده‌کردن، فریای هیچ شتێکیان نه‌که‌وتن کاتێك فه‌رمانی په‌روه‌ردگاری تۆ هات، هیچیان بۆ زیاد نه‌کردن جگه له تیاچوون نه‌بێت.

[ وَمَا ظَلَمْنَاهُمْ وَلَكِنْ ظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ ] وه‌ ئێمه‌ سته‌ممان لێ نه‌كردوون به‌ڵام ئه‌وان خۆیان زوڵم و سته‌میان له‌ نه‌فسی خۆیان كرد به‌ كوفرو تاوان [ فَمَا أَغْنَتْ عَنْهُمْ آلِهَتُهُمُ الَّتِي يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ شَيْءٍ لَمَّا جَاءَ أَمْرُ رَبِّكَ ] وه‌ ئه‌و خوایانه‌ی كه‌ لێیان ئه‌پاڕانه‌وه‌و هاواریان پێیان ئه‌كردو ئه‌یانپه‌رستن له‌ غه‌یری خوای گه‌وره‌ هیچ سوودێكیان پێ نه‌گه‌یاندن كاتێك كه‌ سزای خوای گه‌وره‌ هات [ وَمَا زَادُوهُمْ غَيْرَ تَتْبِيبٍ (١٠١) ] وه‌ هیچ شتێكیان بۆ زیاد نه‌كردن ته‌نها به‌هیلاك چوون و زه‌ره‌رمه‌ندی نه‌بێت.

102

وَكَذَٰلِكَ أَخْذُ رَبِّكَ إِذَآ أَخَذَ ٱلْقُرَىٰ وَهِىَ ظَٰلِمَةٌ ۚ إِنَّ أَخْذَهُۥٓ أَلِيمٌۭ شَدِيدٌ

ئا به‌و شوێوه‌یه‌ش تۆڵه‌سه‌ندنی په‌روه‌ردگاری تۆ، کاتێك تۆڵه ده‌سێنێت له خه‌ڵکی شارو دێهاته‌کان له‌حاڵێکدا که یاخی و سته‌م پیشه بوون، به‌ڕاستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌که‌ی زۆر به‌ئێش و به‌هێزو توونده‌.

[ وَكَذَلِكَ أَخْذُ رَبِّكَ إِذَا أَخَذَ الْقُرَى وَهِيَ ظَالِمَةٌ إِنَّ أَخْذَهُ أَلِيمٌ شَدِيدٌ (١٠٢) ] پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووى: خواى گه‌وره‌ مۆڵه‌ت به‌ سته‌مكار ده‌دات به‌ڵام كه‌ بیباته‌وه‌و سزاى بدات رزگارى نابێت پاشان ئه‌م ئایه‌ته‌ى خوێنده‌وه‌: وه‌ بردنه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ به‌م شێوازه‌یه‌ كاتێك كه‌ دێ¬یه‌ك بباته‌وه‌ یان سزایان بدات كه‌ سته‌مكارو هاوبه‌شبڕیارده‌ر بن، به‌راستى بردنه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ زۆر به‌ئێش و ئازارو سه‌خته‌.

103

إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَءَايَةًۭ لِّمَنْ خَافَ عَذَابَ ٱلْءَاخِرَةِ ۚ ذَٰلِكَ يَوْمٌۭ مَّجْمُوعٌۭ لَّهُ ٱلنَّاسُ وَذَٰلِكَ يَوْمٌۭ مَّشْهُودٌۭ

بێگومان له‌و به‌سه‌رهاته‌دا نیشان و په‌ندو ئامۆژگاری هه‌یه بۆ که‌سێك له سزای ڕۆژی دوایی بترسێت، ئه‌وه ڕۆژێكه خه‌ڵکی بۆی کۆ ده‌کرێنه‌وه و ئه‌وه ڕۆژێکه خه‌ڵکی هه‌موو ئاماده کراون و هه‌مووان له‌به‌رچاون ده‌بن تیایدا.

[ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَةً لِمَنْ خَافَ عَذَابَ الْآخِرَةِ ] به‌ دڵنیایى ئه‌م له‌ناوبردنى كافران و رزگار كردنى باوه‌ڕدارانه‌ په‌ندو ئامۆژگاری تیایه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ له‌ سزای ڕۆژی دوایی بترسێت [ ذَلِكَ يَوْمٌ مَجْمُوعٌ لَهُ النَّاسُ ] كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژێكه‌ هه‌موو خه‌ڵكی سه‌ره‌تاكان و كۆتاییه‌كانى بۆ كۆ ئه‌كرێته‌وه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ [ وَذَلِكَ يَوْمٌ مَشْهُودٌ (١٠٣) ] وه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ ڕۆژی قیامه‌ته‌ هه‌موو خه‌ڵكى و فریشته‌كان و پێغه‌مبه‌ران ئه‌یبینن و ئاماده‌ی ئه‌بن.

104

وَمَا نُؤَخِّرُهُۥٓ إِلَّا لِأَجَلٍۢ مَّعْدُودٍۢ

ئێمه به‌رپابوونی ئه‌و ڕۆژه دواناخه‌ین مه‌گه‌ر بۆ کاتێکی که‌م و سنووردار نه‌بێت.

[ وَمَا نُؤَخِّرُهُ إِلَّا لِأَجَلٍ مَعْدُودٍ (١٠٤) ] وه‌ ئه‌و رۆژه‌ دوا ناخه‌ین مه‌گه‌ر بۆ كاتی دیاریكراوی خۆی.

105

يَوْمَ يَأْتِ لَا تَكَلَّمُ نَفْسٌ إِلَّا بِإِذْنِهِۦ ۚ فَمِنْهُمْ شَقِىٌّۭ وَسَعِيدٌۭ

ئه‌و ڕۆژه‌ی که ئه‌و ڕووداوه پێش دێت مه‌گه‌ر خوای گه‌وره مۆڵه‌ت بدات، ئه‌گینا که‌س بۆی نیه قسه بکات، ئه‌وسا خه‌ڵکه‌که ده‌بنه دوو کۆمه‌ڵ، کۆمه‌ڵێك به‌دبه‌خت و چاره‌ڕه‌ش، کۆمه‌ڵێکیش به‌خته‌وه‌رو کامه‌ران.

[ يَوْمَ يَأْتِ لَا تَكَلَّمُ نَفْسٌ إِلَّا بِإِذْنِهِ ] له‌و ڕۆژه‌دا هیچ كه‌سێك ناتوانێ قسه‌ بكات و عوزر بێنێته‌وه‌، یان شه‌فاعه‌ت بكات ئیلا به‌ ئیزنی خوای گه‌وره‌ نه‌بێ [ فَمِنْهُمْ شَقِيٌّ وَسَعِيدٌ (١٠٥) ] خه‌ڵكی دابه‌ش ئه‌بنه‌ دوو كۆمه‌ڵ هه‌یانه‌ ئه‌هلی دۆزه‌خه‌و به‌دبه‌خته‌، وه‌ هه‌یشیانه‌ ئه‌هلی به‌هه‌شته‌و به‌خته‌وه‌ره‌.

106

فَأَمَّا ٱلَّذِينَ شَقُوا۟ فَفِى ٱلنَّارِ لَهُمْ فِيهَا زَفِيرٌۭ وَشَهِيقٌ

جا ئه‌وانه‌ی به‌دبه‌خت و چاره ڕه‌ش بوون، ئه‌وه له‌ناو ئاگردان، هه‌ناسه هه‌ڵمژین و هه‌ناسه دانه‌وه‌یان زۆر سه‌خت و دژواره‌.

[ فَأَمَّا الَّذِينَ شَقُوا فَفِي النَّارِ ] وه‌ كافران و به‌دبه‌ختان و تاوانبارانن ئه‌چنه‌ ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌ [ لَهُمْ فِيهَا زَفِيرٌ وَشَهِيقٌ (١٠٦) ] كه‌ ده‌نگی هه‌ناسه‌یان دێت له‌ قوڕگیان كاتێك كه‌ ده‌ریئه‌كه‌ن، وه‌ كاتێك كه‌ وه‌ریئه‌گرن له‌ سینگیاندا له‌ سه‌ختی ئێش و ئازاردا.

107

خَٰلِدِينَ فِيهَا مَا دَامَتِ ٱلسَّمَٰوَٰتُ وَٱلْأَرْضُ إِلَّا مَا شَآءَ رَبُّكَ ۚ إِنَّ رَبَّكَ فَعَّالٌۭ لِّمَا يُرِيدُ

بۆ هه‌میشه‌ش تیایدا ده‌میننه‌وه تا ئاسمانه‌کان و زه‌وی هه‌بێت (که ئه‌ویش بۆ هه‌تاهه‌تایی دروست کراوه له قیامه‌تدا) و مه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارت ویستی (گۆڕانکاری) هه‌بێت، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارت کارایه بۆ هه‌رشتێك بیه‌وێت.

[ خَالِدِينَ فِيهَا مَا دَامَتِ السَّمَاوَاتُ وَالْأَرْضُ ] له‌ ئاگری دۆزه‌خدا ئه‌مێننه‌وه‌ تا ئاسمانه‌كان و زه‌وی بمێنێته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست پێی ئاسمان و زه‌وی ڕۆژی قیامه‌ته‌و بۆ هه‌میشه‌یی ئه‌مێنێته‌وه‌ نه‌ك ئاسمان و زه‌وی دونیا [ إِلَّا مَا شَاءَ رَبُّكَ ] مه‌گه‌ر كه‌سانێك كه‌ خوای گه‌وره‌ ویستی لێ بێت له‌ ئاگری دۆزه‌خ ده‌ریان بكات كه‌ تاوانبارانی ئه‌هلی ته‌وحیدن له‌ باوه‌ڕداران به‌ شه‌فاعه‌تى پێغه‌مبه‌ران و فریشته‌كان و شه‌هیدان و باوه‌ڕداران و منداڵى موسڵمانان [ إِنَّ رَبَّكَ فَعَّالٌ لِمَا يُرِيدُ (١٠٧) ] به‌راستى په‌روه‌ردگارت هه‌ر شتێكی بوێت له‌ دونیاو قیامه‌تداو ویستی له‌ هه‌ر شتێك بێت ئه‌نجامی ئه‌دات و كه‌س نیه‌ ڕێگری لێ بكات.

108

۞ وَأَمَّا ٱلَّذِينَ سُعِدُوا۟ فَفِى ٱلْجَنَّةِ خَٰلِدِينَ فِيهَا مَا دَامَتِ ٱلسَّمَٰوَٰتُ وَٱلْأَرْضُ إِلَّا مَا شَآءَ رَبُّكَ ۖ عَطَآءً غَيْرَ مَجْذُوذٍۢ

ئه‌وانه‌ش که کامه‌ران و به‌ختیار کراون ئه‌وه له به‌هه‌شتدان، بۆ هه‌تاهه‌تایی تیایدا ده‌مێننه‌وه هه‌تا ئاسمانه‌کان و زه‌وی هه‌بێت (که ئه‌ویش بۆ هه‌تاهه‌تایی دروست کراوه له قیامه‌تدا) و مه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارت ویستی (گۆرانکاری) هه‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌خششێکه هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت.

[ وَأَمَّا الَّذِينَ سُعِدُوا ] به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌خته‌وه‌ر بوونه‌ به‌ ئیمان و كرده‌وه‌ی چاك له‌ دونیادا [ فَفِي الْجَنَّةِ خَالِدِينَ فِيهَا ] ئه‌وانه‌ ئه‌خرێنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌و به‌ نه‌مری و هه‌میشه‌یى تیایدا ئه‌مێننه‌وه‌ [ مَا دَامَتِ السَّمَاوَاتُ وَالْأَرْضُ ] تا ئاسمانه‌كان و زه‌وی قیامه‌ت بمێننه‌وه‌ [ إِلَّا مَا شَاءَ رَبُّكَ ] مه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ ویستی لێ بێت، واته‌: ئه‌وانه‌ی كه‌ دره‌نگتر له‌ قه‌بره‌كانیان ده‌رئه‌چن یان له‌ ساحه‌ی مه‌حشه‌ر دوائه‌كه‌ون یان له‌ دۆزه‌خن پێش ئه‌وه‌ی بچنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ [ عَطَاءً غَيْرَ مَجْذُوذٍ (١٠٨) ] كه‌ ئه‌میش به‌خشینێكه‌ خوای گه‌وره‌ پێیان ئه‌به‌خشێ به‌بێ بڕین و كۆتایی نایات.

109

فَلَا تَكُ فِى مِرْيَةٍۢ مِّمَّا يَعْبُدُ هَٰٓؤُلَآءِ ۚ مَا يَعْبُدُونَ إِلَّا كَمَا يَعْبُدُ ءَابَآؤُهُم مِّن قَبْلُ ۚ وَإِنَّا لَمُوَفُّوهُمْ نَصِيبَهُمْ غَيْرَ مَنقُوصٍۢ

جا هیج له گوماندا مه‌به له پووچه‌ڵی و بێ سوودی ئه‌وه‌ی ئه‌و بێ بڕوایانه ده‌یپه‌رستن و شوێنی که‌وتوون، ئه‌وه‌ی ده‌یپه‌رستن هیچ نیه جگه وێنه‌ی ئه‌وه نه‌بێت که باوو باپیریان پێشتر ده‌یانپه‌رست، بێگومان ئێمه‌ش به‌تێرو ته‌واو بێ که‌م و کوڕی پاداشتی کارو کرده‌وه‌یان ده‌ده‌ینه‌وه‌.

[ فَلَا تَكُ فِي مِرْيَةٍ مِمَّا يَعْبُدُ هَؤُلَاءِ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - تۆ له‌ گوماندا مه‌به‌ له‌ پووچه‌ڵی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ بت په‌رستانه‌ ئه‌یپه‌رستن له‌ غه‌یری خوا [ مَا يَعْبُدُونَ إِلَّا كَمَا يَعْبُدُ آبَاؤُهُمْ مِنْ قَبْلُ ] ئه‌مانیش هیچ شتێك ناپه‌رستن ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێ كه‌ باوك و باپیرانیان ئه‌یانپه‌رست و شوێن ئه‌وان كه‌وتوونه‌ و لاسایی ئه‌وان ئه‌كه‌نه‌وه‌ به‌ كوێرانه‌ نه‌ك به‌ عه‌قڵ و به‌ڵگه‌ [ وَإِنَّا لَمُوَفُّوهُمْ نَصِيبَهُمْ غَيْرَ مَنْقُوصٍ (١٠٩) ] وه‌ ئێمه‌ سزای خۆیان پێ ئه‌به‌خشین به‌ته‌واوی هیچ شتێكیش له‌ سزایان كه‌م ناكه‌ین.

110

وَلَقَدْ ءَاتَيْنَا مُوسَى ٱلْكِتَٰبَ فَٱخْتُلِفَ فِيهِ ۚ وَلَوْلَا كَلِمَةٌۭ سَبَقَتْ مِن رَّبِّكَ لَقُضِىَ بَيْنَهُمْ ۚ وَإِنَّهُمْ لَفِى شَكٍّۢ مِّنْهُ مُرِيبٍۢ

سوێند به‌خوا به‌ڕاستی ئێمه به‌رنامه‌مان به موسا به‌خشی، که‌چی جیاوازی تێدا دروست کرا، جا له‌به‌رئه‌وه نه‌بوایه که خوای تۆ بڕیاریداوه (دادگاییان دوا بخات) هه‌ر ئێسته دادگایی ده‌کردن و تۆڵه‌ی لێ ده‌سه‌ندن، که‌چی به‌ڕاستی ئه‌و بێ بڕوایانه هه‌ر له‌گوماندان لێی و خه‌ڵکیش تووشی گومان ده‌که‌ن.

[ وَلَقَدْ آتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ فَاخْتُلِفَ فِيهِ ] وه‌ ئێمه‌ كتابمان به‌ موسا - صلی الله علیه وسلم - به‌خشی كه‌ ته‌ورات بوو وه‌ خه‌ڵكى ئیختیلاف و جیاوازی كه‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌ هه‌بوو ئیمانى پێهێنا، وه‌ هه‌بوو كوفرى پێكرد [ وَلَوْلَا كَلِمَةٌ سَبَقَتْ مِنْ رَبِّكَ لَقُضِيَ بَيْنَهُمْ ] وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ نه‌بوایه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه‌ كه‌ پێشتر هاتبوو كه‌ سزایان پێش ناخرێت تا كاتى دیاریكراوى خۆیان، یان تا به‌ڵگه‌یان به‌سه‌ردا جێگیر نه‌كرێت ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ بڕیاری له‌ نێوانیاندا ئه‌داو كافرانى له‌ناو ده‌بردو موسڵمانانى رزگار ده‌كرد [ وَإِنَّهُمْ لَفِي شَكٍّ مِنْهُ مُرِيبٍ (١١٠) ] به‌ڵام ئه‌وان له‌ گومان و دوودڵیدان.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.