Muslim99Muslim99
← Tafsir library

8. Al-Anfaal

The Spoils of War · Medinan · 75 ayahs

سُورَةُ الأَنفَالِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 41–50 of 75

41

۞ وَٱعْلَمُوٓا۟ أَنَّمَا غَنِمْتُم مِّن شَىْءٍۢ فَأَنَّ لِلَّهِ خُمُسَهُۥ وَلِلرَّسُولِ وَلِذِى ٱلْقُرْبَىٰ وَٱلْيَتَٰمَىٰ وَٱلْمَسَٰكِينِ وَٱبْنِ ٱلسَّبِيلِ إِن كُنتُمْ ءَامَنتُم بِٱللَّهِ وَمَآ أَنزَلْنَا عَلَىٰ عَبْدِنَا يَوْمَ ٱلْفُرْقَانِ يَوْمَ ٱلْتَقَى ٱلْجَمْعَانِ ۗ وَٱللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَىْءٍۢ قَدِيرٌ

(ئه‌ی ئیمانداران) ئاگاداربن و بزانن که‌: به‌ڕاستی هه‌رچیه‌کتان ده‌ستکه‌وت (له جه‌نگی بێ باوه‌ڕاندا) ئه‌وه بێگومان پێنج یه‌کی بۆ خواو پێغه‌مبه‌رو خزمانی نزیکی پێغه‌مبه‌رو هه‌تیوان و هه‌ژاران و ڕێبوارانه‌، (چوار به‌شه‌که‌ی تریشی بۆ موجاهیدانه که له‌و غه‌زایه‌دا به‌شدارییان کردووه‌) ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕتان هه‌یه به خواو به‌وه‌ی که دامانبه‌زاندوه بۆ سه‌ر به‌نده‌مان (محمد(صلى الله عليه وسلم) له ڕۆژی جیاکردنه‌وه‌که‌دا (که غه‌زای به‌دره‌) ئه‌و ڕۆژه‌ی که هه‌ردوو له‌شکر به‌ره‌نگاری یه‌ک بوون، خوایش به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا ده‌سه‌ڵاتداره‌...

{دابەش كردنی غەنیمە}

[ وَاعْلَمُوا أَنَّمَا غَنِمْتُمْ مِنْ شَيْءٍ فَأَنَّ لِلَّهِ خُمُسَهُ وَلِلرَّسُولِ وَلِذِي الْقُرْبَى ] وه‌ بزانن ئه‌ی موسڵمانان ئه‌و غه‌نیمه‌ت و ماڵه‌ی كافران كه‌ له‌ جه‌نگدا ده‌ستتان ئه‌كه‌وێ ئه‌وا ئه‌كرێته‌ پێنج به‌شه‌وه‌ له‌و پێنج به‌شه‌دا چوار به‌شی ئه‌درێته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شداری غه‌زاكه‌یان كردووه‌و ئه‌و به‌شه‌ى تریشى ده‌كرێته‌وه‌ پێنچ به‌ش و به‌شێكی بۆ خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ری خوایه‌و - صلى الله عليه وسلم - به‌شێكى بۆ خزمانی پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ - صلى الله عليه وسلم - كه‌ (به‌نو هاشم و به‌نو موته‌ڵیبه‌) له‌ جیاتى زه‌كات چونكه‌ زه‌كات وه‌رگرتن بۆ ئه‌وان حه‌رام بووه‌ [ وَالْيَتَامَى ] وه‌ به‌شێكى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ هه‌تیو و بێ باوكن [ وَالْمَسَاكِينِ ] وه‌ به‌شێكى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ فه‌قیرو هه‌ژارو نه‌دارن [ وَابْنِ السَّبِيلِ ] وه‌ به‌شێكى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕێبوارن و له‌ شارو وڵاتی خۆیان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌و پاره‌یان لێ بڕاوه‌، ئه‌و به‌شه‌ى بۆ خواى گه‌وره‌یه‌ بۆ كه‌عبه‌ خه‌رج ده‌كرێت، یاخود وتراوه‌ ناوى خواى گه‌وره‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ به‌ره‌كه‌ت باسكراوه‌و به‌شى خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - یه‌ك به‌شه‌، به‌ڵام ئێستا به‌شى خواو پێغه‌مبه‌ری خواو - صلى الله عليه وسلم - خزمانى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - دابه‌ش ده‌كرێته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌تیو هه‌ژارو رێبواراندا، یاخود له‌ به‌رژه‌وه‌ندى موسڵماناندا خه‌رج ده‌كرێت [ إِنْ كُنْتُمْ آمَنْتُمْ بِاللَّهِ ] ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئیمانتان به‌خوای گه‌وره‌ هه‌یه‌ [ وَمَا أَنْزَلْنَا عَلَى عَبْدِنَا ] وه‌ ئیمانتان به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ هه‌یه‌ كه‌ بۆ سه‌ر عه‌بدی خۆمان دامانبه‌زاند كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ - صلى الله عليه وسلم - له‌ جه‌نگی به‌درا له‌ مه‌لائیكه‌ت و سه‌ركه‌وتن و دابه‌ش كردنى غه‌نیمه‌ت و ئه‌و هه‌موو موعجیزانه‌ی كه‌ له‌وێ ڕوویدا [ يَوْمَ الْفُرْقَانِ ] ڕۆژی فورقان ڕۆژی جیا كردنه‌وه‌ی حه‌ق و باتڵ له‌ یه‌كتری كه‌ جه‌نگی به‌در بوو كه‌ حه‌ق و باتڵ لێك جیا بۆوه‌ [ يَوْمَ الْتَقَى الْجَمْعَانِ ] ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌كه‌: كۆمه‌ڵی موسڵمانان و كۆمه‌ڵى كافران به‌یه‌ك گه‌شتن وه‌ به‌یه‌كیاندادا كه‌ رۆژى جومعه‌ بوو حه‌ڤده‌ى ره‌مه‌زانى ساڵى دووى كۆچى [ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (٤١) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ تواناو ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا هه‌یه‌ هه‌روه‌كو چۆن موسڵمانانی سه‌رخست.

Al-Anfaal 8:41Listen in Qur'an →
42

إِذْ أَنتُم بِٱلْعُدْوَةِ ٱلدُّنْيَا وَهُم بِٱلْعُدْوَةِ ٱلْقُصْوَىٰ وَٱلرَّكْبُ أَسْفَلَ مِنكُمْ ۚ وَلَوْ تَوَاعَدتُّمْ لَٱخْتَلَفْتُمْ فِى ٱلْمِيعَٰدِ ۙ وَلَٰكِن لِّيَقْضِىَ ٱللَّهُ أَمْرًۭا كَانَ مَفْعُولًۭا لِّيَهْلِكَ مَنْ هَلَكَ عَنۢ بَيِّنَةٍۢ وَيَحْيَىٰ مَنْ حَىَّ عَنۢ بَيِّنَةٍۢ ۗ وَإِنَّ ٱللَّهَ لَسَمِيعٌ عَلِيمٌ

کاتێک ئێوه له دامێنی خواری شیوه‌که و نزیکتر بوون به مه‌دینه و ئه‌وانیش له سه‌ره‌وه‌ی شیوه‌که‌وه بوون و دوورتر له مه‌دینه‌، کاروانه‌که‌ش له‌خوارترتانه‌وه بوو، خۆ ئه‌گه‌ر بڕیارو به‌ڵێنتان بدایه به‌یه‌کتر بگه‌ن له‌وکات و شوێنه‌دا ئه‌وه دوو به‌ره‌کی له‌نێوانتاندا دروست ده‌بوو، به‌ڵام خوا ده‌یه‌وێت بارودۆخێک پێش بهێنێت که بڕیاری له‌سه‌ردراوه (که سه‌رکه‌وتنی موسوڵمانانه و شکستی بێ باوه‌ڕانه‌)، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو بچێت و به‌هانه‌ی نه‌مێنێت ئه‌وه‌ی که له زانستی خوادا له‌ناوچووه و بۆ ئه‌وه‌ی بژی له‌سه‌ر به‌رچاو ڕوونی و به‌ڵگه‌، ئه‌وه‌ی له زانستی خوادا ده‌ژی له‌سه‌ر دینداری (سه‌رئه‌نجامی شه‌ڕی به‌در بۆ ئه‌وه بوو تا باوه‌ڕو بێ باوه‌ڕی بۆ هه‌ردوولا ڕوون بێت)و بێگومان خوا بیسه‌رو زانایه‌.

{چەند دیمەنێكی تری غەزای بەدر}

[ إِذْ أَنْتُمْ بِالْعُدْوَةِ الدُّنْيَا ] ئه‌ی باوه‌ڕداران له‌ غه‌زای به‌دردا ئێوه‌ له‌ نزیكترین شوێنی دۆڵه‌كه‌دا بوون له‌ لاى مه‌دینه‌ [ وَهُمْ بِالْعُدْوَةِ الْقُصْوَى ] وه‌ كافرانیش له‌وپه‌ڕی لایه‌كه‌ی تره‌وه‌ بوون له‌لای مه‌ككه‌وه‌ [ وَالرَّكْبُ أَسْفَلَ مِنْكُمْ ] وه‌ كاروانه‌كه‌ی (ئه‌بو سوفیان)یش كه‌ ڕۆیشت له‌لای خواره‌وه‌تان بوو [ وَلَوْ تَوَاعَدْتُمْ ] ئه‌گه‌ر پێشتر وه‌عدێكتان هه‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ موشریكان به‌یه‌ك بگه‌ن له‌م شوێنه‌دا [ لَاخْتَلَفْتُمْ فِي الْمِيعَادِ ] ئه‌وه‌ ئێوه‌ دوا ئه‌كه‌وتن له‌ به‌ڵێنه‌كه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌تانووت شوێنه‌كه‌مان خراپه‌و ژماره‌مان كه‌مه‌و ژماره‌ى ئه‌وان زۆره‌ وه‌ تێكئه‌شكێین [ وَلَكِنْ لِيَقْضِيَ اللَّهُ أَمْرًا كَانَ مَفْعُولًا ] به‌ڵام خوای گه‌وره‌ كۆی كردنه‌وه‌ له‌م شوێنه‌ له‌گه‌ڵیاندا تا بڕیار بدات له‌سه‌ر كارێك كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دابوو ئه‌بوایه‌ هه‌ر ئه‌و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كافراندا ببوایه‌و موسڵمانان سه‌ركه‌وتنایاو كافران تێكبشكانایا [ لِيَهْلِكَ مَنْ هَلَكَ عَنْ بَيِّنَةٍ ] تا هه‌ر كه‌سێك ئه‌مرێ و تیا ئه‌چێ یان كوفر ده‌كات له‌سه‌ر به‌ڵگه‌ و چاوڕۆشنى بمرێ یان كوفر بكات و گومانى نه‌مێنێت [ وَيَحْيَى مَنْ حَيَّ عَنْ بَيِّنَةٍ ] وه‌ ئه‌وه‌یشی كه‌ ئه‌ژێت یان ئیمان دێنێت له‌سه‌ر به‌ڵگه‌و چاوڕۆشنی بژێ یان ئیمان بێنێت و گومانى نه‌مێنێت [ وَإِنَّ اللَّهَ لَسَمِيعٌ عَلِيمٌ (٤٢) ] وه‌ به‌راستى خوای گه‌وره‌ زۆر بیسه‌رو زانایه‌.

Al-Anfaal 8:42Listen in Qur'an →
43

إِذْ يُرِيكَهُمُ ٱللَّهُ فِى مَنَامِكَ قَلِيلًۭا ۖ وَلَوْ أَرَىٰكَهُمْ كَثِيرًۭا لَّفَشِلْتُمْ وَلَتَنَٰزَعْتُمْ فِى ٱلْأَمْرِ وَلَٰكِنَّ ٱللَّهَ سَلَّمَ ۗ إِنَّهُۥ عَلِيمٌۢ بِذَاتِ ٱلصُّدُورِ

کاتێک خوا ئه‌وانی له خه‌ونتدا به‌که‌م نیشان ئه‌دایت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانی به‌ژماره‌یه‌کی زۆر نیشانی بدایتایه ئه‌وه ئێوه لاواز ده‌بوون و تووشی نه‌هامه‌تی و کێشه ده‌بوون له باره‌ی جه‌نگ کردنه‌وه‌، به‌ڵام خوا به سه‌لامه‌تی و سه‌رکه‌وتوویی له‌و ترس و کێشه‌یه ڕزگاری کردن، چونکه به‌ڕاستی ئه‌و زاته زانایه به‌هه‌رچی له‌ناو دڵ و ده‌روون و سینه‌کاندا حه‌شار دراوه‌.

[ إِذْ يُرِيكَهُمُ اللَّهُ فِي مَنَامِكَ قَلِيلًا ] ئه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - خوای گه‌وره‌ كافرانت له‌ خه‌ودا نیشان ئه‌دات به‌كه‌می، پێغه‌مبه‌ر - صلى الله عليه وسلم - خه‌وی پێوه‌ بینین له‌ خه‌وا خوای گه‌وره‌ به‌كه‌می نیشانی دان وه‌ بۆ صه‌حابه‌ی گێڕایه‌وه‌ تا وره‌یان به‌رز بێته‌وه‌و دامه‌زراو بن [ وَلَوْ أَرَاكَهُمْ كَثِيرًا ] به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ خه‌ودا به‌زۆری نیشانی بدایتایه‌ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر - صلى الله عليه وسلم - [ لَفَشِلْتُمْ ] ئه‌و كاته‌ له‌وانه‌یه‌ فه‌شه‌لتان بهێنایه‌و بترسانایه‌ له‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان [ وَلَتَنَازَعْتُمْ فِي الْأَمْرِ ] وه‌ له‌وانه‌یه‌ كێشه‌ بكه‌وتایه‌ته‌ نێوانتان ئایا رووبه‌ڕوویان ببینه‌وه‌ یان نا [ وَلَكِنَّ اللَّهَ سَلَّمَ ] به‌ڵام خوای گه‌وره‌ پاراستنی له‌وه‌ی فه‌شه‌ل بێنن و تێكبشكێن و به‌كه‌مى نیشانى دان [ إِنَّهُ عَلِيمٌ بِذَاتِ الصُّدُورِ (٤٣) ] به‌راستى خوای گه‌وره‌ زۆر زانایه‌ به‌و دڵه‌ی كه‌ له‌ناو سینگدایه‌ وه‌ چی له‌ناو دڵدا هه‌یه.

Al-Anfaal 8:43Listen in Qur'an →
44

وَإِذْ يُرِيكُمُوهُمْ إِذِ ٱلْتَقَيْتُمْ فِىٓ أَعْيُنِكُمْ قَلِيلًۭا وَيُقَلِّلُكُمْ فِىٓ أَعْيُنِهِمْ لِيَقْضِىَ ٱللَّهُ أَمْرًۭا كَانَ مَفْعُولًۭا ۗ وَإِلَى ٱللَّهِ تُرْجَعُ ٱلْأُمُورُ

کاتێکیش به‌یه‌کگه‌یشتن له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا له‌به‌رچاوی ئێوه‌، خوا ئه‌وانی به‌که‌م نیشان ده‌دان و ژماره‌ی ئێوه‌شی له‌به‌رچاوی ئه‌وان به که‌م ده‌نواند، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌وه پێش بێت که خوا بڕیاری له‌سه‌رداوه‌، هه‌ر بۆ لای خوا سه‌ره‌نجامی هه‌موو کارو کرده‌وه‌یه‌ک ده‌گێردرێته‌وه‌.

[ وَإِذْ يُرِيكُمُوهُمْ إِذِ الْتَقَيْتُمْ فِي أَعْيُنِكُمْ قَلِيلًا ] وه‌ كاتێك كه‌ رووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌وانی له‌پێش چاوتان به‌كه‌می نیشاندان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ست به‌لاوازی نه‌كه‌ن و وره‌تان به‌رز بێت [ وَيُقَلِّلُكُمْ فِي أَعْيُنِهِمْ ] وه‌ ئێوه‌شی له‌به‌ر چاو ئه‌وان به‌كه‌می نیشان دا به‌ڵام دواتر كه‌ گه‌یشتن به‌یه‌ك خوای گه‌وره‌ موسڵمانانی له‌پێش چاو ئه‌وان زۆر كرد تا وره‌ی كافران بڕوخێنێ، وه‌ هه‌زار مه‌لائیكه‌تى بۆ دابه‌زاندن [ لِيَقْضِيَ اللَّهُ أَمْرًا كَانَ مَفْعُولًا ] تا خوای گه‌وره‌ كارێك بكات و بڕیارێك بدات كه‌ پێشتر بڕیاری له‌سه‌رداوه‌ كه‌ ئه‌بێ رووبه‌ڕووی یه‌كتری ببنه‌وه‌ [ وَإِلَى اللَّهِ تُرْجَعُ الْأُمُورُ (٤٤) ] وه‌ هه‌موو كاره‌كان ته‌نها بۆ لای خوای گه‌وره‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه.

Al-Anfaal 8:44Listen in Qur'an →
45

يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓا۟ إِذَا لَقِيتُمْ فِئَةًۭ فَٱثْبُتُوا۟ وَٱذْكُرُوا۟ ٱللَّهَ كَثِيرًۭا لَّعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ

ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه‌: کاتێک ده‌گه‌نه ده‌سته‌یه‌ک و ڕوو به ڕووتان ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه ده‌بێت خۆڕاگربن و سه‌نگه‌ر چۆڵ نه‌که‌ن و زۆر یادی خوا بکه‌ن و لێی بپاڕێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه سه‌رفرازو سه‌رکه‌وتوو بن...

[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا لَقِيتُمْ فِئَةً فَاثْبُتُوا ] ئه‌ی باوه‌ڕداران ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی هه‌ر كۆمه‌ڵێك له‌ موشریكان بوونه‌وه‌ ئه‌وا جێگیرو دامه‌زراو بن و ڕاناكه‌ن [ وَاذْكُرُوا اللَّهَ كَثِيرًا لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ (٤٥) ] وه‌ زۆر زیكرو یادی خوای گه‌وره‌ بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆكارێكه‌ بۆ دامه‌زراوی به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ سه‌رفرازو سه‌ركه‌وتووتان بكات (له‌كاتى جه‌نگ و ترس و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كافران خواى گه‌وره‌ فه‌رمان ده‌كات به‌ زیكر كردنى زۆر ئه‌ى ئه‌گه‌ر له‌ كاتى ئارامى و ئاسایش و شێنه‌یى بێت ئه‌وه‌ زیاتر).

Al-Anfaal 8:45Listen in Qur'an →
46

وَأَطِيعُوا۟ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥ وَلَا تَنَٰزَعُوا۟ فَتَفْشَلُوا۟ وَتَذْهَبَ رِيحُكُمْ ۖ وَٱصْبِرُوٓا۟ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ مَعَ ٱلصَّٰبِرِينَ

گوێڕایه‌ڵی خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌شی بکه‌ن له هه‌موو کردارو گوفتارێکداو ئاشووب و ئاژاوه مه‌گێڕن و مه‌چن به‌گژ یه‌کدا، خۆ ئه‌گه‌ر بچن به‌گژ یه‌کداو یه‌کتر بشکێنن، ئه‌وه شکست و لاوازی ڕووتان تێده‌کات و هه‌یبه‌ت و شکۆداری و ده‌سه‌ڵاتتان له‌به‌ین ده‌چێت و ده‌بێت خۆگرو نه‌فس درێژ بن (هه‌م له مه‌یدانی جه‌نگدا، هه‌م له‌ناو یه‌کتردا) چونکه به‌ڕاستی خوا یارو یاوه‌ری خۆگرو ئارامگرانه‌.

{كێشەو دووبەرەكی هۆكاری تێكشكانە}

[ وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ ] وه‌ گوێڕایه‌ڵی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ن - صلى الله عليه وسلم - (چونكه‌ سه‌رپێچى خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - هۆكاره‌ بۆ سه‌رنه‌كه‌وتن و تێكشكان له‌ به‌رامبه‌ر دوژمنان) [ وَلَا تَنَازَعُوا فَتَفْشَلُوا وَتَذْهَبَ رِيحُكُمْ ] وه‌ كێشه‌و ناكۆكى له‌ نێوانتاندا نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌بێته‌ هۆی فه‌شه‌ل و دۆڕاندنتان وه‌ هێزو قوه‌ت و سه‌ركه‌وتنتان ئه‌ڕوات و نامێنێت [ وَاصْبِرُوا إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ (٤٦) ] وه‌ ئارام بگرن به‌راستى خوای گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ ئارامگراندایه‌و پشتیوانیان ئه‌كات و سه‌ریان ئه‌خات و یارمه‌تیان ئه‌دات.

Al-Anfaal 8:46Listen in Qur'an →
47

وَلَا تَكُونُوا۟ كَٱلَّذِينَ خَرَجُوا۟ مِن دِيَٰرِهِم بَطَرًۭا وَرِئَآءَ ٱلنَّاسِ وَيَصُدُّونَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ ۚ وَٱللَّهُ بِمَا يَعْمَلُونَ مُحِيطٌۭ

نه‌که‌ن وه‌ک ئه‌و جۆره که‌سانه بن که له وڵات و شوێنی خۆیان ده‌رچوون له‌به‌ر که‌ش و فش کردن و خۆ نواندن له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک و ده‌یانه‌وێت کۆسپ بخه‌نه به‌رده‌م ڕێبازو ئاینی خوا، له‌کاتێکدا که خوای گه‌وره‌ش به‌ئاگایه به سه‌ره‌تاو سه‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌و کاروکرده‌وانه‌ی که ده‌یکه‌ن.

[ وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ خَرَجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ بَطَرًا وَرِئَاءَ النَّاسِ ] وه‌ ئێوه‌ وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ مه‌بن كه‌ له‌ ماڵی خۆیان ده‌رچوون به‌فه‌خرو شانازی كردن و خۆبه‌گه‌وره‌زانینه‌وه‌ وه‌ بۆ ڕووبینی و ڕیای خه‌ڵكى ده‌رچوون، كه‌ مه‌به‌ست پێی قوڕه‌یش بوو كاتێك كه‌ له‌ غه‌زای به‌درا ده‌رچوون بۆ ئه‌وه‌ی كاروانه‌كه‌یان بپارێزن هه‌رچه‌نده‌ زانیشیان كه‌ كاروانه‌كه‌یان گه‌یشتۆته‌وه‌ مه‌دینه‌ وتیان: ئه‌بێ هه‌ر بڕۆینه‌ به‌درو لابده‌ین وه‌ ئافره‌تیان له‌گه‌ڵدا بوو تا گۆرانیمان بۆ بڵێن وه‌ مۆسیقامان بۆ لێ بده‌ن له‌وێ مه‌ی بخۆینه‌وه‌و حوشتر سه‌رببڕین ئه‌و كاته‌ ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ تا عه‌ره‌ب بزانێ كه‌ ئێمه‌ ئاوا ڕۆیشتووینه‌ته‌ ئه‌وێ تا باسمان بكه‌ن و لێمان بترسێن [ وَيَصُدُّونَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ] وه‌ ئه‌وان ڕێگریان ئه‌كرد له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی دینی خوای گه‌وره‌ له‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكى موسڵمان بێت [ وَاللَّهُ بِمَا يَعْمَلُونَ مُحِيطٌ (٤٧) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زانیاری فراوانی هه‌یه‌و زانیاری خوای گه‌وره‌ ده‌وری هه‌موو دروستكراوه‌كانی داوه‌.

Al-Anfaal 8:47Listen in Qur'an →
48

وَإِذْ زَيَّنَ لَهُمُ ٱلشَّيْطَٰنُ أَعْمَٰلَهُمْ وَقَالَ لَا غَالِبَ لَكُمُ ٱلْيَوْمَ مِنَ ٱلنَّاسِ وَإِنِّى جَارٌۭ لَّكُمْ ۖ فَلَمَّا تَرَآءَتِ ٱلْفِئَتَانِ نَكَصَ عَلَىٰ عَقِبَيْهِ وَقَالَ إِنِّى بَرِىٓءٌۭ مِّنكُمْ إِنِّىٓ أَرَىٰ مَا لَا تَرَوْنَ إِنِّىٓ أَخَافُ ٱللَّهَ ۚ وَٱللَّهُ شَدِيدُ ٱلْعِقَابِ

کاتێکیش شه‌یتان (به‌وه‌سوه‌سه و خه‌یاڵ) هه‌موو کرده‌وه ناپه‌سه‌ندو ناڕه‌واکانی بۆ ڕازاندنه‌وه‌، وتی: ئه‌مڕۆ هیچ که‌س ده‌ره‌قه‌تی ئێوه نایه‌ت و دڵنیابن منیش پشت و په‌نام بۆ ئێوه‌، جا کاتێک ئه‌و دوو له‌شکره یه‌کتریان بینی، ده‌ستبه‌جێ شه‌یتان پاشه‌و پاش گه‌ڕایه‌وه‌و وتی: به‌ڕاستی من به‌ریم له ئێوه‌! چونکه به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم ئێوه نایبینن، (دیاره که شه‌یتان بینیوویه‌تی چۆن فریشته ده‌سته ده‌سته داده‌به‌زن بۆ یارمه‌تی ئیمانداران، بۆیه له ترسا وتی): بێگومان من له خوا ده‌ترسم، خوایش زۆر سه‌خت و به زه‌بره له تۆڵه‌دا.

[ وَإِذْ زَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ أَعْمَالَهُمْ ] وه‌ كاتێك كه‌ شه‌یتان كرده‌وه‌كانی بۆ ڕازاندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بڕۆن كوشتاری موسڵمانان بكه‌ن وه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی (سوراقه‌ى كوڕى مالیك) هاته‌ ناویان [ وَقَالَ لَا غَالِبَ لَكُمُ الْيَوْمَ مِنَ النَّاسِ ] وتی: ئه‌مڕۆ هیچ كه‌سێك نیه‌ بتوانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر ئێوه‌دا [ وَإِنِّي جَارٌ لَكُمْ ] وه‌ من دراوسێی ئێوه‌م، واته‌: په‌ناتان ئه‌ده‌م وه‌ به‌رگریتان لێ ئه‌كه‌م و ئه‌تانپارێزم له‌ دوژمنه‌كه‌تان [ فَلَمَّا تَرَاءَتِ الْفِئَتَانِ ] وه‌ كاتێك كه‌ هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌كه‌ موسڵمانان و موشریكان بۆ یه‌ك ده‌ركه‌وتن [ نَكَصَ عَلَى عَقِبَيْهِ ] شه‌یتان پاشگه‌ز بوه‌وه‌و پشتاو پشت گه‌ڕایه‌وه‌ [ وَقَالَ إِنِّي بَرِيءٌ مِنْكُمْ إِنِّي أَرَى مَا لَا تَرَوْنَ ] وه‌ وتی: من به‌ریم له‌ ئێوه‌ به‌ڕائه‌تی له‌ كافران كردو وتی: ئه‌وه‌ی كه‌ من ئه‌یبینم ئێوه‌ نایبینن، كاتێك نیشانه‌كانی سه‌ركه‌وتنی بینی بۆ موسڵمانان، وه‌ كاتێك كه‌ جبریلی بینی له‌گه‌ڵ مه‌لائیكه‌تدا [ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ ] وه‌ وتى: من له‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌ترسێم نه‌وه‌كو له‌لایه‌ن مه‌لائیكه‌ته‌وه‌ تووشی شتێكم بكات [ وَاللَّهُ شَدِيدُ الْعِقَابِ (٤٨) ] وه‌ سزای خوای گه‌وره‌ زۆر سه‌خته‌.

Al-Anfaal 8:48Listen in Qur'an →
49

إِذْ يَقُولُ ٱلْمُنَٰفِقُونَ وَٱلَّذِينَ فِى قُلُوبِهِم مَّرَضٌ غَرَّ هَٰٓؤُلَآءِ دِينُهُمْ ۗ وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى ٱللَّهِ فَإِنَّ ٱللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌۭ

کاتێک دووڕووه‌کان و ئه‌وانه‌ی له دڵیاندا نه‌خۆشی (بێ ئیمانی) تیا جێگیر بوو (به ئیماندارانیان) ده‌وت: ئا ئه‌وانه ئاینه‌که‌یان له خۆبایی کردوون (ئه‌گینا به‌و ژماره که‌مه‌وه چۆن خۆیان ده‌گرن)، (خوایش ده‌فه‌رمووێت) ئه‌وه‌ی پشت به‌خوا ببه‌ستێت، ئه‌وه به‌ڕاستی خوا باڵاده‌ست و دانایه‌.

إِذْ يَقُولُ الْمُنَافِقُونَ وَالَّذِينَ فِي قُلُوبِهِمْ مَرَضٌ] كاتێك كه‌ مونافیقان ئه‌وانه‌ی كه‌ ئیمانیان ئاشكرا كردبوو كوفریان شاردبۆوه‌ وه‌ ئه‌وانه‌یشى كه‌ نه‌خۆشی گومان له‌ دڵیاندا بوو مونافیق نه‌بوون به‌ڵام تازه‌ موسڵمان ببوون هێشتا گومانیان هه‌بوو له‌ مه‌ككه‌ بوون و له‌گه‌ڵ كافران ده‌رچوون كه‌ بینیان موسڵمانان كه‌من ئه‌یانووت: [ غَرَّ هَؤُلَاءِ دِينُهُمْ ] موسڵمانان دینه‌كه‌یان مه‌غروری كردوون و له‌خۆیان بایی بوون [ وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَإِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (٤٩) ] خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رمووێ: وه‌ هه‌ر كه‌سێك پشت به‌خوای گه‌وره‌ ببه‌ستێت و كاره‌كانی به‌ خوای گه‌وره‌ بسپێرێت ئه‌وا سه‌ری ئه‌خات و زه‌لیلی ناكات، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر زاڵ و باڵاده‌ست و به‌عیززه‌ت و كاربه‌جێیه‌.

Al-Anfaal 8:49Listen in Qur'an →
50

وَلَوْ تَرَىٰٓ إِذْ يَتَوَفَّى ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ ۙ ٱلْمَلَٰٓئِكَةُ يَضْرِبُونَ وُجُوهَهُمْ وَأَدْبَٰرَهُمْ وَذُوقُوا۟ عَذَابَ ٱلْحَرِيقِ

ئه‌گه‌ر ده‌تبینی کاتێک فریشته‌کان گیانی ئه‌وانه‌یان ده‌کێشا که بێ باوه‌ڕ بوون! که ده‌یانکێشا به‌ده‌م و چاو و پشتیاندا و (ڕاپێچیان ده‌کردن بۆ دۆزه‌خ و، پێیان ده‌وتن): ده بچێژن سزایه‌کی سوتێنه‌ر...

[ وَلَوْ تَرَى إِذْ يَتَوَفَّى الَّذِينَ كَفَرُوا الْمَلَائِكَةُ يَضْرِبُونَ وُجُوهَهُمْ وَأَدْبَارَهُمْ ] ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - كاتێك ببینی كه‌ مه‌لائیكه‌ت گیانی كافران ئه‌كێشێ له‌ جه‌نگی به‌در كه‌ ئه‌یانكوژن له‌ ده‌موچاو و سمتیان ئه‌ده‌ن، كه‌ كافران له‌ غه‌زاى به‌در روویان له‌ موسڵمانان بكردایا فریشته‌ به‌ شمشێر له‌ روویان ده‌دان، وه‌ ئه‌گه‌ر پشتیان هه‌ڵكردایا له‌ دوایانه‌وه‌ لێیان ده‌دان، یاخود فریشته‌ی گیانكێشان (ملك الموت) ببینی كه‌ گیانى كافران ئه‌كێشێت به‌ گشتى ئه‌وا دیمه‌نێكی زۆر گه‌وره‌و سه‌رسوڕهێنه‌رو ترسناك ئه‌بینی كاتێك كه‌ ڕوحی كافران ئه‌كێشن وه‌ له‌و كاته‌دا له‌ ده‌موچاو و دواوه‌یان ده‌ده‌ن، وه‌ پێیان ئه‌ڵێن: [ وَذُوقُوا عَذَابَ الْحَرِيقِ (٥٠) ] بچێژن سزایه‌كی سووتێنه‌ر كه‌ ئه‌یانخه‌نه‌ ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌.

Al-Anfaal 8:50Listen in Qur'an →

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.