Muslim99Muslim99
← Tafsir library

8. Al-Anfaal

The Spoils of War · Medinan · 75 ayahs

سُورَةُ الأَنفَالِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 1–10 of 75

بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ

1

يَسْـَٔلُونَكَ عَنِ ٱلْأَنفَالِ ۖ قُلِ ٱلْأَنفَالُ لِلَّهِ وَٱلرَّسُولِ ۖ فَٱتَّقُوا۟ ٱللَّهَ وَأَصْلِحُوا۟ ذَاتَ بَيْنِكُمْ ۖ وَأَطِيعُوا۟ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥٓ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ

(ئه‌ی محمد(صلى الله عليه وسلم) پرسیارت لێ ده‌که‌ن ده‌رباره‌ی ده‌سکه‌وته‌کان، تۆ بڵێ: هه‌موو ده‌سکه‌وته‌کان هی خواو پێغه‌مبه‌رن (هه‌ر ئه‌وان بۆیان هه‌یه بڕیاری چۆنیه‌تی دابه‌ش کردنی بده‌ن)، که‌واته له خوا بترسن و چاکسازی نێوانی خۆتان بکه‌ن (مه‌یه‌ڵن له‌سه‌ر ته‌ماعی دنیا نێوانتان بشێوێت) و فه‌رمانبه‌رداری خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی بن، ئه‌گه‌ر ئێوه ئیماندارن.

سووره‌تی (ئه‌نفال)

سووره‌تێكى مه‌ده‌نى یه‌و (٧٥) ئایه‌ته‌

(ئیبنو عه‌بباس) ده‌فه‌رمێت له‌ (به‌در) دابه‌زى

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

[ يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْأَنْفَالِ ] ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - پرسیارت لێ ئه‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نفال، (ئه‌نفال) واته‌: ئه‌و غه‌نیمه‌ت و ماڵانه‌ی كافران كه‌ له‌ جه‌نگدا ده‌ستی موسڵمانان ئه‌كه‌وێت [ قُلِ الْأَنْفَالُ لِلَّهِ وَالرَّسُولِ ] ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - پێیان بڵێ: ئه‌و غه‌نیمه‌ت و ماڵه‌ی كافران كه‌ ده‌ستی موسڵمانان ئه‌كه‌وێ ئه‌مه‌ خوای گه‌وره‌ بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌دات وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - به‌ فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ بڕیارى له‌سه‌ر ئه‌دات [ فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَصْلِحُوا ذَاتَ بَيْنِكُمْ ] ئێوه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن وه‌ ئیصڵاحی نێوانتان بكه‌ن، دوای غه‌زای به‌در ئه‌م ئایه‌ته‌ دابه‌زی كه‌ موسڵمانان سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كافرانی قوڕه‌یشدا كۆمه‌ڵێك له‌ موسڵمانان ده‌وری پێغه‌مبه‌ری خوایان دابوو - صلى الله عليه وسلم - ده‌یانپاراست، وه‌ كۆمه‌ڵێكیش دوای كافران كه‌وتن و ڕاویاننان، كۆمه‌ڵێكیش غه‌نیمه‌یان كۆ كرده‌وه‌ ئه‌وانه‌ی غه‌نیمه‌یان كۆ كرده‌وه‌ وتیان: ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ ئێمه‌یه‌ ئێمه‌ كۆمان كردۆته‌وه‌، ئه‌وانی تر وتیان: نه‌خێر ئێمه‌ش دوایان كه‌وتین ئێمه‌ ڕاومان نان، ئه‌وانی تریش وتیان: ئێمه‌ پێغه‌مبه‌ری خوامان پاراست - صلى الله عليه وسلم - هه‌موومان به‌شدارین تیایدا، خوای گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند، وه‌ (سه‌عدى كوڕى مالك) ده‌فه‌رمێت: له‌ غه‌زاى به‌در شمشێرێكم ده‌ست كه‌وت هێنام بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - وتم پێمى ببه‌خشه‌، ئه‌ویش فه‌رمووى: بیكه‌ره‌وه‌ شوێنى خۆى نه‌ هی منه‌ نه‌ هی تۆیه‌، دووجار واى فه‌رموو، وتم له‌وانه‌یه‌ ئه‌م شمشێره‌ بدرێت به‌ كه‌سێك وه‌كو من شه‌ڕى پێ نه‌كات، پێغه‌مبه‌رى خوا - صلى الله عليه وسلم - هات بۆ لام و فه‌رمووى: پێشتر وام وت به‌ڵام ئێستا موڵكى منه‌و بۆ تۆ، خواى گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند، كه‌ خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - بڕیار ئه‌ده‌ن كه‌ ئه‌و غه‌نیمه‌تانه‌ بۆ كێیه‌، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ به‌شداریان كردووه‌ بۆ هه‌موویانه‌و له‌ نێوان هه‌موویاندا دابه‌ش كرا، ئێوه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن وه‌ ئیصڵاحی نێوانتان بكه‌ن [ وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ (١) ] وه‌ گوێڕایه‌ڵی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕدارن، غه‌نیمه‌ت یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندێتیه‌كانى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - بۆ خۆى و ئوممه‌ته‌كه‌ى حه‌ڵاڵ كراوه‌ و بۆ ئوممه‌ته‌كانى تر حه‌ڵاڵ نه‌بووه‌.

2

إِنَّمَا ٱلْمُؤْمِنُونَ ٱلَّذِينَ إِذَا ذُكِرَ ٱللَّهُ وَجِلَتْ قُلُوبُهُمْ وَإِذَا تُلِيَتْ عَلَيْهِمْ ءَايَٰتُهُۥ زَادَتْهُمْ إِيمَٰنًۭا وَعَلَىٰ رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ

بێگومان ئیماندارانی ڕاسته‌قینه ته‌نها ئه‌وانه‌ن: (یه‌که‌م) که کاتێک ناوی خوا برا، ئه‌وه دڵه‌کانیان ده‌ترسێت و ده‌هه‌ژێت، (دووهه‌م) کاتێکیش ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه‌یان به‌سه‌ردا بخوێنرێته‌وه‌، ئه‌وه ئیمان و باوه‌ڕیان زیاد ده‌کات، (سێهه‌م) (له هه‌موو کارو بارێکیشیاندا) هه‌ر پشت به په‌روه‌ردگاری خۆیان ده‌به‌ستن...

{هەندێك لە سیفاتی باوەڕداران}

[ إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ إِذَا ذُكِرَ اللَّهُ وَجِلَتْ قُلُوبُهُمْ ] ئیمانداری ڕاسته‌قینه‌ ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ن كاتێك كه‌ یادی خوای گه‌وره‌یان له‌لا ئه‌كرێت و ناوى خواى گه‌وره‌یان لا دێنیت دڵیان ده‌ترسێت و دێته‌ له‌رزین، وه‌ كاتێك بیه‌وێت تاوان بكات پێى بڵێیت: له‌ خوا بترسه‌، دڵى ده‌ترسێت و دێته‌ له‌رزین [ وَإِذَا تُلِيَتْ عَلَيْهِمْ آيَاتُهُ زَادَتْهُمْ إِيمَانًا ] وه‌ كاتێك كه‌ ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا ئه‌خوێندرێته‌وه‌ ئیمانیان پێی زیاد ئه‌كات، (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئیمان زیاد ده‌كات و كه‌م ده‌كات) [ وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ (٢) ] وه‌ ته‌نها پشت به‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌به‌ستن و كاره‌كانیان ته‌نها به‌خوای گه‌وره‌ ئه‌سپێرن.

3

ٱلَّذِينَ يُقِيمُونَ ٱلصَّلَوٰةَ وَمِمَّا رَزَقْنَٰهُمْ يُنفِقُونَ

(چواره‌م) ئه‌وانه‌ن که نوێژه‌کانیان به‌چاکی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، (پێنجه‌م) هه‌ندێک له‌و ڕزق و ڕۆزیه‌ی پێمانداون، ده‌به‌خشن و سه‌رفی ده‌که‌ن...

[ الَّذِينَ يُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنْفِقُونَ (٣) ] وه‌ نوێژه‌كانیان له‌ كاتى خۆیدا ده‌كه‌ن به‌ مه‌رج و روكن و واجبات و خشوعه‌وه‌، وه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێمان به‌خشیوون هه‌ندێكی له‌ پێناو خوای گه‌وره‌دا ئه‌به‌خشن، كه‌ زه‌كات و سه‌رجه‌م مافه‌كانى تر ده‌گرێته‌وه‌.

4

أُو۟لَٰٓئِكَ هُمُ ٱلْمُؤْمِنُونَ حَقًّۭا ۚ لَّهُمْ دَرَجَٰتٌ عِندَ رَبِّهِمْ وَمَغْفِرَةٌۭ وَرِزْقٌۭ كَرِيمٌۭ

ئا ئه‌وانه هه‌ر خۆیان ئیماندارانی ڕاسته‌قینه‌ن، چه‌نده‌ها پله‌وپایه‌ی به‌رزیان بۆ هه‌یه لای په‌روه‌ردگاریان و لێخۆش بوون و ڕزق و ڕۆزی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ ڕێزدا.

[ أُولَئِكَ هُمُ الْمُؤْمِنُونَ حَقًّا ] ئا ئه‌م كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌م سیفه‌تانه‌یان تیابێ ئه‌مانه‌ باوه‌ڕداری ڕاسته‌قینه‌ن و ئیمانیان دامه‌زراو و ته‌واوه‌ [ لَهُمْ دَرَجَاتٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ ] له‌لای په‌روه‌ردگاریش له‌ به‌هه‌شتدا پله‌وپایه‌ى به‌رزیان هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی ئیمانه‌كه‌یان هه‌مووی له‌ یه‌ك ئاستدا نین، چونكه‌ به‌هه‌شت سه‌د پله‌یه‌ [ وَمَغْفِرَةٌ وَرِزْقٌ كَرِيمٌ (٤) ] وه‌ لێخۆشبوونیان بۆ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌ بۆ تاوانه‌كانیان، وه‌ ڕزق و ڕۆزیه‌كی فراوان و به‌ڕێزیان پێ ئه‌به‌خشێ.

5

كَمَآ أَخْرَجَكَ رَبُّكَ مِنۢ بَيْتِكَ بِٱلْحَقِّ وَإِنَّ فَرِيقًۭا مِّنَ ٱلْمُؤْمِنِينَ لَكَٰرِهُونَ

(شێوه‌ی دابه‌ش کردنی ده‌سکه‌وته‌کانی غه‌زای به‌در هه‌ندێ موسڵمان پێی دڵگران بوون) وه‌ک چۆن په‌روه‌ردگارت به حه‌ق و ڕاستی له نێو ماڵه‌که‌ت ده‌ری هێنایت له‌کاتێکدا به‌ڕاستی کۆمه‌ڵێک له بڕواداران پێی دڵگران بوون.

{چەند دیمەنێك لە غەزای بەدر}

[ كَمَا أَخْرَجَكَ رَبُّكَ مِنْ بَيْتِكَ بِالْحَقِّ وَإِنَّ فَرِيقًا مِنَ الْمُؤْمِنِينَ لَكَارِهُونَ (٥) ] ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - هه‌روه‌كو چۆن په‌روه‌ردگارت له‌ ماڵی خۆت ده‌ریكردیت بۆ غه‌زاى به‌در به‌ حه‌ق، كه‌ ئیشی خوای گه‌وره‌ هه‌مووی حه‌قه‌ به‌ڵام كۆمه‌ڵێك له‌ باوه‌ڕداران پێیان ناخۆش بوو كه‌ ده‌رچن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ك و ئامێره‌كانی جه‌نگیان وه‌كو پێویست پێ نه‌بوو.

6

يُجَٰدِلُونَكَ فِى ٱلْحَقِّ بَعْدَمَا تَبَيَّنَ كَأَنَّمَا يُسَاقُونَ إِلَى ٱلْمَوْتِ وَهُمْ يَنظُرُونَ

ئه‌و کۆمه‌ڵه ئیمانداره موجاده‌له‌ت له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن له شتی ڕاست و دروستدا، دوای ڕوون بونه‌وه‌ی (جه‌نگیان پێ ناخۆشه‌) وه‌ک بدرێنه به‌ر بۆ مردن له‌کاتێکدا به‌چاوی خۆیان هۆکاری مه‌رگ ببینن.

[ يُجَادِلُونَكَ فِي الْحَقِّ بَعْدَمَا تَبَيَّنَ ] ئه‌ی محمد - صلى الله عليه وسلم - كۆمه‌ڵێك له‌ باوه‌ڕداران مشتومڕو ده‌مه‌قاڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌و كوشتاره‌ كه‌ حه‌قه‌و خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێ كردووه‌، به‌ڵام دواتر كه‌ بۆیان ده‌ركه‌وت فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یه‌ پێى رازى بوون، پێشتر له‌به‌ر ئه‌وه‌یان بوو كه‌ ژماره‌مان كه‌مه‌ وه‌ ئامێره‌كانی جه‌نگمان كه‌م پێیه‌ [ كَأَنَّمَا يُسَاقُونَ إِلَى الْمَوْتِ وَهُمْ يَنْظُرُونَ (٦) ] وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ره‌و مردن ڕابكێشرێن و خۆیان ته‌ماشا بكه‌ن، واته‌: بێ ئومێد بوون له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رئه‌كه‌ون و چاوه‌ڕێی تێكشكاندن و كوژران بوون.

7

وَإِذْ يَعِدُكُمُ ٱللَّهُ إِحْدَى ٱلطَّآئِفَتَيْنِ أَنَّهَا لَكُمْ وَتَوَدُّونَ أَنَّ غَيْرَ ذَاتِ ٱلشَّوْكَةِ تَكُونُ لَكُمْ وَيُرِيدُ ٱللَّهُ أَن يُحِقَّ ٱلْحَقَّ بِكَلِمَٰتِهِۦ وَيَقْطَعَ دَابِرَ ٱلْكَٰفِرِينَ

یادی ئه‌و کاته بکه‌نه‌وه خوا به‌ڵێنی پێدابوون که یه‌کێک له‌و دوو ده‌سته‌یه به‌ڕاستی بۆ ئێوه ده‌بێت (یان کاروانه‌که یان سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر له‌شکره‌که‌دا) ئێوه‌ش به‌ڕاستی ئاواته خوازن و حه‌ز ده‌که‌ن کاروانه بێ چه‌ک و ئاسانه‌که بۆ ئێوه بێت، خوایش ده‌یه‌وێت حه‌ق و ڕاستی به‌فه‌رمانه‌کانی خۆی بچه‌سپێنێت و کافرانیش بنه‌بڕ بکات و ڕیشه‌که‌نیان بکات...

[ وَإِذْ يَعِدُكُمُ اللَّهُ إِحْدَى الطَّائِفَتَيْنِ أَنَّهَا لَكُمْ ] كاتێك په‌روه‌ردگار به‌ڵێنی پێدان به‌ یه‌كێك له‌و دوو كۆمه‌ڵه‌: یاخود كاروانه‌كه‌ی (ئه‌بو سوفیان)، یاخود شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ كافران و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ریانداو ده‌ستكه‌وتنی غه‌نیمه‌ته‌كانیان كه‌ یه‌كێك له‌م دووانه‌ بۆ ئێوه‌یه‌ [ وَتَوَدُّونَ أَنَّ غَيْرَ ذَاتِ الشَّوْكَةِ تَكُونُ لَكُمْ ] به‌ڵام ئێوه‌ ئاواته‌خواز بوون و پێتان خۆش بوو كه‌ به‌بێ شه‌ڕو جه‌نگ كاروانه‌كه‌ی (ئه‌بو سوفیان)تان ده‌ست بكه‌وێ [ وَيُرِيدُ اللَّهُ أَنْ يُحِقَّ الْحَقَّ بِكَلِمَاتِهِ ] به‌ڵام خوای گه‌وره‌ ئه‌یه‌وێ حه‌ق جێگیر بكات و سه‌ربخات به‌ وشه‌كانی خۆی وه‌ ئێوه‌ سه‌ربخات به‌سه‌ر كافراندا [ وَيَقْطَعَ دَابِرَ الْكَافِرِينَ (٧) ] وه‌ دوای كافران ببڕێته‌وه‌ وه‌ ڕیشه‌كێشیان بكات.

8

لِيُحِقَّ ٱلْحَقَّ وَيُبْطِلَ ٱلْبَٰطِلَ وَلَوْ كَرِهَ ٱلْمُجْرِمُونَ

بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ق و ڕاستی بچه‌سپێنێت و به‌تاڵ و ناحه‌قیش پووچ بکاته‌وه و له‌ناوی ببات، هه‌رچه‌نده تاوانبارو تاوانکاران پێیان ناخۆشه‌.

[ لِيُحِقَّ الْحَقَّ ] بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ق جێگیرو دامه‌زراو و به‌رزو بڵند بێ [ وَيُبْطِلَ الْبَاطِلَ ] وه‌ باتڵیش پووچه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاوه‌و به‌تاڵ بێت و كۆتایی پێ بێت [ وَلَوْ كَرِهَ الْمُجْرِمُونَ (٨) ] با تاوانباران و موشریكان له‌ قوڕه‌یش و غه‌یری ئه‌وان پێیان ناخۆش بێت ئه‌مه‌ بڕیاری خوای گه‌وره‌یه‌.

9

إِذْ تَسْتَغِيثُونَ رَبَّكُمْ فَٱسْتَجَابَ لَكُمْ أَنِّى مُمِدُّكُم بِأَلْفٍۢ مِّنَ ٱلْمَلَٰٓئِكَةِ مُرْدِفِينَ

یادی ئه‌وکاته بکه‌نه‌وه که‌له په‌روه‌ردگارتان ده‌پاڕانه‌وه و داوای یارمه‌تیتان لێ ده‌کرد، خوایش خێرا هات به هاناتانه‌وه و فه‌رمووی به‌ڕاستی من به‌هه‌زار فریشته‌ی تر یارمه‌تی و کۆمه‌کیتان ده‌که‌م به‌شوێن ئه‌وانی تردا.

{ تەنها داوای فریاكەوتن لە خوا بكەن فریاتان دەكەوێت}

[ إِذْ تَسْتَغِيثُونَ رَبَّكُمْ فَاسْتَجَابَ لَكُمْ ] پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - كه‌ ته‌ماشاى هاوه‌ڵانى كرد سێ سه‌دو چوارده‌ كه‌سن و ته‌ماشاى كافرانى كرد زیاد له‌ هه‌زار كه‌سن ڕووی كرده‌ قیبله‌و ده‌سته‌كانی به‌رز كرده‌وه‌و دوعای له‌ خوای گه‌وره‌ كردو فه‌رمووى: ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ پێت داوم بۆم جێبه‌جێ بكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ له‌ناوچێ له‌ ئه‌هلی ئیسلام جارێكی تر له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی كه‌س نامێنێت تۆ بپه‌رستێ، تا عاباكه‌ى له‌سه‌ر شانى به‌ربووه‌وه‌و ئه‌بو به‌كر هه‌ڵیگرته‌وه‌و له‌ دواوه‌ باوه‌شى پیاكردو وتى: ئه‌ى پێغه‌مبه‌ری خوا - صلى الله عليه وسلم - به‌سه‌ داوا كردنت خواى گه‌وره‌ به‌ڵێنه‌كه‌ت بۆ جێبه‌جێ ده‌كات، خواى گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاندو فه‌رمووى: كاتێك كه‌ ئێوه‌ داوای فریاكه‌وتن له‌ په‌روه‌ردگارتان ئه‌كه‌ن كه‌ په‌روه‌ردگار بێته‌ هاناتانه‌وه‌و فریاتان بكه‌وێ ئه‌وا په‌روه‌ردگار وه‌ڵامی دانه‌وه‌ [ أَنِّي مُمِدُّكُمْ بِأَلْفٍ مِنَ الْمَلَائِكَةِ مُرْدِفِينَ (٩) ] ئه‌وه‌ من پشتیوانیتان ئه‌كه‌م به‌ هه‌زار مه‌لائیكه‌ت یه‌ك له‌ دوای یه‌ك دێن كه‌ كوشتاری كافره‌كان ئه‌كه‌ن له‌گه‌ڵتاندا، بۆیه‌ كافران تێكشكان و حه‌فتایان لێ كوژراو حه‌فتایان لێ به‌ دیل گیرا.

10

وَمَا جَعَلَهُ ٱللَّهُ إِلَّا بُشْرَىٰ وَلِتَطْمَئِنَّ بِهِۦ قُلُوبُكُمْ ۚ وَمَا ٱلنَّصْرُ إِلَّا مِنْ عِندِ ٱللَّهِ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ

ئه‌م یارمه‌تیه‌ش جگه‌له مژده‌یه‌کی خوایی شتێکی تر نه‌بوو، تا دڵه‌کانیشتان ئارام بگرێت و دڵنیابن به‌و یارمه‌تیه‌، ئه‌گینا سه‌رکه‌وتن ته‌نها له لایه‌ن خواوه نه‌بێت نیه‌، چونکه به‌ڕاستی هه‌ر خوا خۆی باڵاده‌ست و دانایه‌.

[ وَمَا جَعَلَهُ اللَّهُ إِلَّا بُشْرَى ] وه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌م پشتیوانیه‌ى ئێوه‌ی كرد به‌م فریشتانه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها مژده‌ی سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ ئێوه‌ [ وَلِتَطْمَئِنَّ بِهِ قُلُوبُكُمْ ] وه‌ تا دڵیشتان پێی ئارام بێت [ وَمَا النَّصْرُ إِلَّا مِنْ عِنْدِ اللَّهِ ] وه‌ سه‌ركه‌وتنیش نیه‌ ته‌نها له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ نه‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و مه‌لائیكه‌تانه‌ش نیه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆ ئێوه‌ی ناردووه‌ [ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ (١٠) ] به‌ڕاستی خوای گه‌وره‌ زۆر باڵاده‌ست و زاڵ و كاربه‌جێیه‌.

Al-Anfaal 8:10Listen in Qur'an →

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.