Muslim99Muslim99
← Tafsir library

6. Al-An'aam

The Cattle · Meccan · 165 ayahs

سُورَةُ الأَنۡعَامِ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 111–120 of 165

111

۞ وَلَوْ أَنَّنَا نَزَّلْنَآ إِلَيْهِمُ ٱلْمَلَٰٓئِكَةَ وَكَلَّمَهُمُ ٱلْمَوْتَىٰ وَحَشَرْنَا عَلَيْهِمْ كُلَّ شَىْءٍۢ قُبُلًۭا مَّا كَانُوا۟ لِيُؤْمِنُوٓا۟ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَهُمْ يَجْهَلُونَ

خۆ ئه‌گه‌ر (داخوازی هاوه‌ڵگه‌رانمان جێبه‌جێ بکردایه‌) و به‌ڕاستی ئێمه فریشته‌مان دابه‌زاندانایه بۆ لایان و مردووه‌کان قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بکردنایه‌، هه‌موو شتێکیشمان له‌به‌ر ده‌میاندا کۆ بکردایه‌ته‌وه‌، نه‌ده‌بوون به‌بڕوادار و بڕوایان نه‌ده‌هێنا، مه‌گه‌ر خوا بیه‌وێت، به‌ڵام زۆربه‌یان نافامن و نازانن (بیر ناکه‌نه‌وه و تێنافکرن، هه‌تا ئه‌مڕۆش گا په‌رست، شه‌یتان په‌رست و، بت په‌رستان هه‌ر ماون، هه‌یانه خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌رزیشن، به‌ڵام له ڕووی ئاینداریه‌وه له‌وپه‌ڕی دواکه‌وتن و کۆنه‌په‌رستیدان).

[ وَلَوْ أَنَّنَا نَزَّلْنَا إِلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةَ ] ئه‌گه‌ر ئێمه‌ مه‌لائیكه‌تیان بۆ داببه‌زێنین تا به‌چاوی خۆیان مه‌لائیكه‌تی خوای گه‌وره‌ ببینن و هه‌واڵى راستێتى پێغه‌مبه‌ریان- صلى الله عليه وسلم - بداتآ [ وَكَلَّمَهُمُ الْمَوْتَى ] وه‌ مردوویان بۆ زیندوو بكه‌ینه‌وه‌و خۆیان قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و ئه‌وانیش هه‌واڵى راستێتى پێغه‌مبه‌ریان- صلى الله عليه وسلم - بده‌نێ [ وَحَشَرْنَا عَلَيْهِمْ كُلَّ شَيْءٍ قُبُلًا ] وه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ داوای ئه‌كه‌ن هه‌موو شتێكیان بۆ كۆ بكه‌ینه‌وه‌ رووبه‌ڕووی خۆیان، یان ئومه‌تان كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ بێن و هه‌واڵى راستێتى پێغه‌مبه‌ریان- صلى الله عليه وسلم - بده‌نێ [ مَا كَانُوا لِيُؤْمِنُوا إِلَّا أَنْ يَشَاءَ اللَّهُ ] ئه‌مانه‌ ئیمان ناهێنن مه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ خۆی ویستی لێ بێت بۆیه‌ ئه‌ی محمد- صلى الله عليه وسلم - بایه‌خیان پێ مه‌ده‌ وه‌ خه‌فه‌ت مه‌خۆ له‌وه‌ی كه‌ ئیمان ناهێنن [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَهُمْ يَجْهَلُونَ (١١١) ] به‌ڵام زۆربه‌یان جاهیل و نه‌زانن.

Al-An'aam 6:111Listen in Qur'an →
112

وَكَذَٰلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِىٍّ عَدُوًّۭا شَيَٰطِينَ ٱلْإِنسِ وَٱلْجِنِّ يُوحِى بَعْضُهُمْ إِلَىٰ بَعْضٍۢ زُخْرُفَ ٱلْقَوْلِ غُرُورًۭا ۚ وَلَوْ شَآءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ ۖ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ

هه‌ر به‌و شێوه‌یه (کێشمه کێشی ئیمانداران و خوانه‌ناسان به‌رده‌وامه‌) جا بۆ هه‌موو پێغه‌مبه‌رێک (بۆ ئیماندارانیش) دوژمنێکمان له شه‌یتانه‌کانی ئاده‌میزاد و په‌ری سازاندوه‌، که به‌رده‌وام قسه‌ی زل و ڕازاوه ده‌ده‌ن به‌گوێی یه‌کداو (خۆیان و خه‌ڵکی) پێ سه‌رگه‌ردان و گومڕا ده‌که‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارت بیویستایه (نه‌یانده‌توانی) شتی وابکه‌ن، ده وازیان لێ بهێنه له‌گه‌ڵ ئه‌و درۆو ده‌له‌سه‌یه‌ی که هه‌ڵی ده‌به‌ستن (بۆ کوێ ده‌چن، له ده‌ست سزای خوایی ڕزگار نابن).

{سەرجەم پێغەمبەران دوژمنیان هەبووە}

[ وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا ] به‌م شێوازه‌ بۆ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران ئێمه‌ دوژمنمان داناوه‌ كه‌ دوژمنیان هه‌بووه‌ له‌ كافران كه‌ دژایه‌تیان كردوون بۆیه‌ ئه‌ی محمد- صلى الله عليه وسلم - به‌ڵاته‌وه‌ ئاسایى بێت [ شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ ] دوژمنه‌كانیان له‌ شه‌یتانی مرۆڤ (فاڵچی و جادووگه‌رو سه‌رانی كافران) و شه‌یتانی جنین ئه‌مانه‌ دوژمنی پێغه‌مبه‌ران بوونه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ شه‌یتانه‌ جنیه‌كان وه‌سوه‌سه‌ ئه‌خه‌نه‌ دڵی شه‌یتانه‌ مرۆڤه‌كانه‌وه‌، وه‌حی لێره‌ واته‌: وه‌سوه‌سه‌ [ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا ] قسه‌كانیان بۆ ئه‌ڕازێننه‌وه‌و بۆیان جوان ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پێی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێن و له‌ خشته‌یان ئه‌به‌ن [ وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ ] ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ ویستی لێ بوایه‌ ئیشی وایان نه‌ئه‌كرد [ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ (١١٢) ] تۆ لێیان بگه‌ڕێ و وازیان لێ بێنه‌ چی بوهتان و درۆ هه‌ڵبه‌ستنێك ئه‌كه‌ن با بیكه‌ن زه‌ره‌رو زیانی ته‌نها بۆ خۆیانه‌

Al-An'aam 6:112Listen in Qur'an →
113

وَلِتَصْغَىٰٓ إِلَيْهِ أَفْـِٔدَةُ ٱلَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِٱلْءَاخِرَةِ وَلِيَرْضَوْهُ وَلِيَقْتَرِفُوا۟ مَا هُم مُّقْتَرِفُونَ

(هه‌روه‌ها به‌و قسه جوان و بریقه‌دارانه ئه‌یاندا به‌گوێی یه‌کدا) بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌قیامه‌ت نیه دڵی بده‌نێ و پێی ڕازی بن و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وتاوانانه بکه‌ن که ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌یکه‌ن.

[ وَلِتَصْغَى إِلَيْهِ أَفْئِدَةُ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ وَلِيَرْضَوْهُ ] وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ ئیمانیان به‌ ڕۆژی دوایی نیه‌و دڵیان به‌ڵای ئه‌واندا لار ئه‌بێته‌وه‌ وه‌ گوێیان بۆ ئه‌گرن وه‌ به‌و گوێ گرتنه‌ بۆ خۆیان ڕازی ئه‌بن و پێیان خۆشه‌ [ وَلِيَقْتَرِفُوا مَا هُمْ مُقْتَرِفُونَ (١١٣) ] وه‌ هه‌ر تاوانێك كه‌ ئه‌یانه‌وێ با ئه‌نجامی بده‌ن ته‌نها خۆیان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن.

Al-An'aam 6:113Listen in Qur'an →
114

أَفَغَيْرَ ٱللَّهِ أَبْتَغِى حَكَمًۭا وَهُوَ ٱلَّذِىٓ أَنزَلَ إِلَيْكُمُ ٱلْكِتَٰبَ مُفَصَّلًۭا ۚ وَٱلَّذِينَ ءَاتَيْنَٰهُمُ ٱلْكِتَٰبَ يَعْلَمُونَ أَنَّهُۥ مُنَزَّلٌۭ مِّن رَّبِّكَ بِٱلْحَقِّ ۖ فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ ٱلْمُمْتَرِينَ

ئایا ڕه‌وایه (بۆ منی پێغه‌مبه‌ر، بۆ منی ئیماندار) جگه له خوا که‌سێکی تر بکه‌مه حه‌که‌م و دادوه‌ر، له‌کاتێکدا ئه‌و زاته کتێبی پیرۆزی خۆی که (قورئانه‌) بۆ دابه‌زاندوون که هه‌موو دروست و نادروستێکی تیادا جیاکردۆته‌وه‌، ئه‌وانه‌ش که کتێبی (ئاسمانیمان) پێداون (له گاورو جوو) چاک ده‌زانن به‌ڕاستی ئه‌و قورئانه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه به‌ڕاست و ڕه‌وا دابه‌زێنراوه‌، که‌وابوو ئیتر تۆ هه‌رگیز مه‌چۆره ڕیزی گوماندارو دوو دڵانه‌وه‌.

{ئەهلی كتاب دەزانن قورئان حەقە}

[ أَفَغَيْرَ اللَّهِ أَبْتَغِي حَكَمًا ] كاتێ داوایان له‌ پێغه‌مبه‌ر كرد- صلى الله عليه وسلم - حه‌كه‌م و ناوبژیوان و دادوه‌رێك بخاته‌ نێوان خۆی و كافرانه‌وه‌، خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی: پێیان بڵێ ئایا له‌ غه‌یری خوای گه‌وره‌ ئه‌تانه‌وێ من كه‌سێكی تر بكه‌م به‌ حه‌كه‌م و دادوه‌ر له‌ كاتێكدا دادوه‌رترین دادوه‌ر خوای گه‌وره‌یه‌ [ وَهُوَ الَّذِي أَنْزَلَ إِلَيْكُمُ الْكِتَابَ مُفَصَّلًا ] وه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌و كتابه‌ی به‌درێژی و ڕوونكراوی بۆ ئێوه‌ دابه‌زاندووه‌ [ وَالَّذِينَ آتَيْنَاهُمُ الْكِتَابَ يَعْلَمُونَ أَنَّهُ مُنَزَّلٌ مِنْ رَبِّكَ بِالْحَقِّ ] وه‌ ئه‌وانه‌یشی كه‌ كتابمان پێ به‌خشیون له‌ ئه‌هلی كتاب له‌ جوله‌كه‌و گاور ئه‌زانن كه‌ قورئان له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ دابه‌زیوه‌ به‌حه‌ق چونكه‌ له‌ كتابه‌كانیاندا ئه‌م موژده‌یه‌ دراوه‌ [ فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ الْمُمْتَرِينَ (١١٤) ] وه‌ تۆ له‌و كه‌سانه‌ مه‌به‌ كه‌ گومانت هه‌بێ

Al-An'aam 6:114Listen in Qur'an →
115

وَتَمَّتْ كَلِمَتُ رَبِّكَ صِدْقًۭا وَعَدْلًۭا ۚ لَّا مُبَدِّلَ لِكَلِمَٰتِهِۦ ۚ وَهُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلْعَلِيمُ

فه‌رمان و فه‌رمووده‌کانی په‌روه‌ردگارت (ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم) له‌وپه‌ڕی ڕاستی و دادپه‌روه‌ریدا به‌ئه‌نجام گه‌یشتووه‌، هه‌رگیز شتێک نیه بیانگۆرێت، هه‌ر ئه‌ویش بیسه‌ره به‌گوفتاری هه‌مووان، زانایه به‌هه‌موو نهێنی و ئاشکرایه‌ک.

[ وَتَمَّتْ كَلِمَتُ رَبِّكَ صِدْقًا وَعَدْلًا ] وه‌ وشه‌و وه‌عدو به‌ڵێنی خوای گه‌وره‌ هه‌مووی ته‌واو و ڕاست بوو، هه‌واڵه‌كانی له‌وپه‌ڕی ڕاستگۆییدایه‌، وه‌ ئه‌حكامه‌كانیشی له‌وپه‌ڕی دادوه‌ریدایه‌ [ لَا مُبَدِّلَ لِكَلِمَاتِهِ ] وه‌ هیچ گۆڕانێك به‌سه‌ر وشه‌و بڕیارو حوكمی خوای گه‌وره‌دا نایات [ وَهُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (١١٥) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر بیسه‌ره‌ به‌ وته‌كانتان، وه‌ زۆر زانایه‌ به‌ كرده‌وه‌كانتان

Al-An'aam 6:115Listen in Qur'an →
116

وَإِن تُطِعْ أَكْثَرَ مَن فِى ٱلْأَرْضِ يُضِلُّوكَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ ۚ إِن يَتَّبِعُونَ إِلَّا ٱلظَّنَّ وَإِنْ هُمْ إِلَّا يَخْرُصُونَ

خۆ ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ردارو ملکه‌چی زۆربه‌ی خه‌ڵکی سه‌رزه‌وی بیت ئه‌وه له ڕێبازی خوا وێڵت ده‌که‌ن، چونکه شوێنی هیچ شتێک ناکه‌ون جگه له گومان و ته‌نها گۆتره‌کاری ده‌که‌ن.

[ وَإِنْ تُطِعْ أَكْثَرَ مَنْ فِي الْأَرْضِ يُضِلُّوكَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ] ئه‌ی محمد- صلى الله عليه وسلم - ئه‌گه‌ر تۆ گوێڕایه‌ڵی زۆربه‌ی خه‌ڵكی سه‌ر زه‌وی بكه‌ی ئه‌وه‌ گومڕات ئه‌كه‌ن و له‌ ڕێگای ڕاست لات ئه‌ده‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌یان شوێنى هه‌واو ئاره‌زووی خۆیان ئه‌كه‌ون، (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ نابێت له‌ خراپه‌و تاواندا شوێن خه‌ڵكى بكه‌وێت و له‌ لۆمه‌ى لۆمه‌كاران بترسیت، به‌ڵكو ده‌بێت ته‌نها شوێن به‌ڵگه‌ بكه‌ویت) [ إِنْ يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ ] وه‌ ئه‌وان له‌ گومڕاییدان و له‌سه‌ر یه‌قین نین به‌ڵكو ته‌نها شوێنی گومان ئه‌كه‌ون [ وَإِنْ هُمْ إِلَّا يَخْرُصُونَ (١١٦) ] وه‌ ته‌نها خه‌مڵاندن و ته‌قدیر كردنه‌و هیچ حه‌قیقه‌ت و یه‌قینێكیان نیه‌

Al-An'aam 6:116Listen in Qur'an →
117

إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ مَن يَضِلُّ عَن سَبِيلِهِۦ ۖ وَهُوَ أَعْلَمُ بِٱلْمُهْتَدِينَ

به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری تۆ چاک زانایه به‌وه‌ی که‌: کێ له ئاین و ڕێبازی ئه‌و وێڵ و گومڕا ده‌بێت و هه‌ر خوایش زانایه به‌وانه‌ی که هیدایه‌ت و ڕێنموویی وه‌رگرن.

[ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ مَنْ يَضِلُّ عَنْ سَبِيلِهِ ] خوای گه‌وره‌ خۆی زاناتره‌ كێ گومڕا ئه‌بێ و له‌ڕێگای ڕاستی خوا لائه‌دات [ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ (١١٧) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ خۆی زاناتره‌ به‌وانه‌ی كه‌ هیدایه‌ت وه‌رئه‌گرن.

Al-An'aam 6:117Listen in Qur'an →
118

فَكُلُوا۟ مِمَّا ذُكِرَ ٱسْمُ ٱللَّهِ عَلَيْهِ إِن كُنتُم بِـَٔايَٰتِهِۦ مُؤْمِنِينَ

جا بخۆن له‌و زینده‌وه‌ره سه‌ر بڕاوانه‌ی که ناوی خوا له‌کاتی سه‌ربڕینیاندا براوه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕتان به‌رێنموونی و ئایه‌ته‌کانی خوا هه‌یه (بسم الله‌، الله اکبر، پێویسته له‌کاتی سه‌ربڕینی ماڵاتدا بوترێت).

{حەڵاڵێتی ئەو سەربڕاوانەی كە ناوی خوایان لەسەر هێنراوە}

[ فَكُلُوا مِمَّا ذُكِرَ اسْمُ اللَّهِ عَلَيْهِ إِنْ كُنْتُمْ بِآيَاتِهِ مُؤْمِنِينَ (١١٨) ] ئه‌و سه‌ربڕاوانه‌ی ناوی خوای گه‌وره‌ی لێ هێنراوه‌ بیخۆن و له‌سه‌ر خۆتانی حه‌رام مه‌كه‌ن، شتێك كه‌ خوا حه‌ڵاڵی كردووه‌ حه‌رامی مه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕدارن به‌ ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌

Al-An'aam 6:118Listen in Qur'an →
119

وَمَا لَكُمْ أَلَّا تَأْكُلُوا۟ مِمَّا ذُكِرَ ٱسْمُ ٱللَّهِ عَلَيْهِ وَقَدْ فَصَّلَ لَكُم مَّا حَرَّمَ عَلَيْكُمْ إِلَّا مَا ٱضْطُرِرْتُمْ إِلَيْهِ ۗ وَإِنَّ كَثِيرًۭا لَّيُضِلُّونَ بِأَهْوَآئِهِم بِغَيْرِ عِلْمٍ ۗ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِٱلْمُعْتَدِينَ

به‌ڵگه‌تان چیه که (له گۆشتی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌) ناخۆن که ناوی خوا براوه له سه‌ریان (له‌کاتی سه‌ر بڕینیاندا) له‌کاتێکدا به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی حه‌رام کراوه له سه‌رتان خوا بۆی جیا کردونه‌ته‌وه مه‌گه‌ر ناچار بکرێن بۆی، به‌ڕاستی زۆربه‌یان خه‌ڵکی سه‌رگه‌ردان و گومڕا ده‌که‌ن به‌هۆی ئاره‌زووه‌کانیانه‌وه نه‌ک به‌هۆی زانسته‌وه (هه‌ر له‌خۆیانه‌وه شت حه‌رام ده‌که‌ن) بێگومان په‌روه‌ردگارت خۆی چاک ئه‌و که‌سانه ده‌ناسێت که ده‌ست درێژکارن و خۆشیان و خه‌ڵکیش له سنوور ده‌ترازێنن.

[ وَمَا لَكُمْ أَلَّا تَأْكُلُوا مِمَّا ذُكِرَ اسْمُ اللَّهِ عَلَيْهِ ] ئه‌وه‌ چیتانه‌ بۆ خواردنێك ناخۆن كه‌ ناوی خوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هێنراوه‌ له‌ كاتى سه‌ربڕیندا؟ چی ڕێگری ئێوه‌ ئه‌كات كه‌ بیخۆن؟ [ وَقَدْ فَصَّلَ لَكُمْ مَا حَرَّمَ عَلَيْكُمْ ] له‌ كاتێك ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردبوو له‌سه‌رتان هه‌مووی به‌درێژی بۆ باسكردن [ إِلَّا مَا اضْطُرِرْتُمْ إِلَيْهِ ] ته‌نها له‌ كاتی ناچاریدا ئه‌وه‌ی كه‌ حه‌رامیشه‌ بۆتان حه‌ڵاڵ ئه‌بێ [ وَإِنَّ كَثِيرًا لَيُضِلُّونَ بِأَهْوَائِهِمْ بِغَيْرِ عِلْمٍ ] وه‌ به‌ دڵنیایی زۆرێك له‌ كافران به‌هه‌واو ئاره‌زووی خۆیان خه‌ڵكى گومڕا ئه‌كه‌ن، (كه‌ باسمان كرد هه‌ندێك له‌و ئاژه‌ڵانه‌ خۆیان له‌سه‌ر خۆیان حه‌رامی ئه‌كه‌ن و نایخۆن) [ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِالْمُعْتَدِينَ (١١٩) ] وه‌ به‌ دڵنیایی خوای گه‌وره‌ خۆى زاناتره‌ به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سنووری خوای گه‌وره‌ ئه‌به‌زێنن و ده‌ستدرێژی ئه‌كه‌ن

Al-An'aam 6:119Listen in Qur'an →
120

وَذَرُوا۟ ظَٰهِرَ ٱلْإِثْمِ وَبَاطِنَهُۥٓ ۚ إِنَّ ٱلَّذِينَ يَكْسِبُونَ ٱلْإِثْمَ سَيُجْزَوْنَ بِمَا كَانُوا۟ يَقْتَرِفُونَ

(ئه‌ی گرۆی ئیمانداران) واز بهێنن له هه‌موو گوناهو هه‌ڵه‌یه‌کی ئاشکراو نادیار (له‌و گوناهانه به دووربن که به‌دڵ و ده‌روون ده‌کرێت، هه‌روه‌ها له‌وانه‌ش که به‌ده‌م و ده‌ست و ئه‌ندامه‌کان ده‌کرێت) به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی گوناهو تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ئاینده‌دا سزاو تۆڵه‌ی گوناهو تاوانه‌کانیان یه‌خه‌یان پێ ده‌گرێت.

[ وَذَرُوا ظَاهِرَ الْإِثْمِ وَبَاطِنَهُ ] وه‌ ئێوه‌ ده‌ستهه‌ڵگرن و واز بێنن له‌ تاوان ئه‌وه‌ی كه‌ ئاشكرایه‌و به‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌ش ئه‌یكه‌ن، وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ نهێنیه‌ له‌ دڵتاندایه‌ [ إِنَّ الَّذِينَ يَكْسِبُونَ الْإِثْمَ ] ئه‌وانه‌ی كه‌ تاوان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن وه‌ تاوان ئه‌كه‌ن و به‌ده‌ستی دێنن [ سَيُجْزَوْنَ بِمَا كَانُوا يَقْتَرِفُونَ (١٢٠) ] ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایی سزای ئه‌و تاوانه‌ی خۆیان وه‌رئه‌گرن.

Al-An'aam 6:120Listen in Qur'an →

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.