Muslim99Muslim99
← Tafsir library

6. Al-An'aam

The Cattle · Meccan · 165 ayahs

سُورَةُ الأَنۡعَامِ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 51–60 of 165

51

وَأَنذِرْ بِهِ ٱلَّذِينَ يَخَافُونَ أَن يُحْشَرُوٓا۟ إِلَىٰ رَبِّهِمْ ۙ لَيْسَ لَهُم مِّن دُونِهِۦ وَلِىٌّۭ وَلَا شَفِيعٌۭ لَّعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ

که‌واته‌، به قورئان ئه‌وانه ئاگادارو هۆشیار بکه که ده‌ترسن کۆبکرێنه‌وه بۆ لای په‌روه‌ردگاریان، ئه‌وکاته که‌س نیه جگه له‌و په‌روه‌ردگاره پشتیوانییان لێبکات، که‌سیش نیه تکاکاریان بێت، (ئه‌و ئاگادار کردنه‌وه‌یه‌) بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌وان ته‌قواو پارێزکاری بکه‌ن و (له هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی خوادا بن).

ئەی پێغەمبەر تۆ بەم قورئانە ئەوانە بترسێنە کە دەترسێن ڕۆژێک پێش بێت لای پەروەردگاریان لەڕۆژی دوایی کۆبکرێنەوە، ئەوانە جگە خوای گەورە ھیچ کەسێک پشت وپەنایان نیە تاوەکو سوودیان پێ بگەیەنێت، وە کەسیش تکاکاریان نیە کە زیانیان لێ دوور بخاتەوە، بەڵکو ئەوانە لەم دونیایەدا لەخوا بترسن بەجێ بەجێکردنی فەرمانەکانی ودوور کەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکانی، ئەوانە ئەوانەن کە سوود لەقورئان وەردەگرن ولەمانا ومەبەستەکانی ڕادەمێنن.

Al-An'aam 6:51Listen in Qur'an →
52

وَلَا تَطْرُدِ ٱلَّذِينَ يَدْعُونَ رَبَّهُم بِٱلْغَدَوٰةِ وَٱلْعَشِىِّ يُرِيدُونَ وَجْهَهُۥ ۖ مَا عَلَيْكَ مِنْ حِسَابِهِم مِّن شَىْءٍۢ وَمَا مِنْ حِسَابِكَ عَلَيْهِم مِّن شَىْءٍۢ فَتَطْرُدَهُمْ فَتَكُونَ مِنَ ٱلظَّٰلِمِينَ

(ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار) نه‌که‌یت ئه‌وانه ده‌ربکه‌یت (له مزگه‌وت و کۆڕی خواناسین) که له به‌یانیان و ئێواراندا له په‌روه‌ردگاریان ده‌پاڕێنه‌وه و (ده‌یپه‌رستن) مه‌به‌ستیشیان ته‌نها ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وه‌، حساب و لێپرسینه‌وه‌ی هیچ شتێکی ئه‌وان له‌سه‌ر تۆ نیه و حساب و لێپرسینه‌وه‌ی هیچ شتێکی تۆیش له‌سه‌ر ئه‌وان نیه‌، ده‌رکردنی تۆ بۆ ئه‌و موسڵمانانه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی تۆ بچیته ڕیزی سته‌مکارانه‌وه‌.

ئەی پێغەمبەر ھەژاران ونەداران لە کۆڕ وکۆبونەوەکانت دوور مەخەرەوە، ئەوانەی کە ھەمیشە سەرگەرمی خواپەرستنن لەسەرەتا وکۆتایی ڕۆژەوە، وە دڵسۆز وموخلیسن بۆی لە عیبادەتەکاندا، دووریان مەخەرەوە بۆ ئەوەی گەورە موشریک وبتپەرستەکان لەخۆ نزیک بکەیتەوە، چونکە تۆ ھیچ کارت بەکاری ئەو ھەژارانەوە نیە، بەڵکو حیسابی ئەوان لای خوایە، وە ئەوانیش ھیچ کاریان بەکاری تۆوە نیە، بێگومان ئەگەر تۆ ئەوان لەکۆڕ وکۆبونەوەکانی خۆت دوور بخەیتەوە ئەوا ئیتر تۆ لەوانە دەبیت کە سنورەکانی خوات بەزاندووە ودەچیتە ڕیزی ستەمکارانەوە.

Al-An'aam 6:52Listen in Qur'an →
53

وَكَذَٰلِكَ فَتَنَّا بَعْضَهُم بِبَعْضٍۢ لِّيَقُولُوٓا۟ أَهَٰٓؤُلَآءِ مَنَّ ٱللَّهُ عَلَيْهِم مِّنۢ بَيْنِنَآ ۗ أَلَيْسَ ٱللَّهُ بِأَعْلَمَ بِٱلشَّٰكِرِينَ

ئێمه هه‌ر به‌و شێوه‌یه هه‌ندێکیان به هه‌ندێکیان تاقیده‌که‌ینه‌وه (کێشه بۆ یه‌کتر دروست ده‌که‌ن، ده‌بنه به‌ڵا بۆ یه‌کتر، یاخود هه‌ندێک هه‌ژار ده‌که‌ین و هه‌ندێک ده‌وڵه‌مه‌ند.. هتد) تا بێ بڕوایان بڵێن: ئایا ئائه‌وانه خوا ڕێزی لێناون له‌ناوماندا؟! (ئه‌و هه‌ژارو داماوانه که‌ی شایسته‌ی ئه‌وه‌ن خوا هه‌ڵیانبژێرێت و هیدایه‌تیان بدات) ئایا خوا زانا نیه به سوپاسگوزاران؟

ھەر بەو شێوەیە فەزڵی ھەندێکیانمان داوە بەسەر ھەندێکی تردا، بەشێوەیەکمان لێکردوون کە لەبەدەست ھێنانی بەش ونسیبیان لە ژیانی دونیا جیاوازبن، ھەندێکیانمان دەوڵەمەند کردووە وھەندێکی تریشیان ھەژار، بەو شێوەیە تاقیان دەکەینەوە تاوەکو ئەوانەی بێباوەڕە دەوڵەمەندەکان بە باوەڕدارە ھەژارەکانیان دەووت: ئایا خوای گەورە فەزڵی ئەو ھەژارە باوەڕدارانەی داوە بەسەر ئێمەدا بەباوەڕەکەیان، ئەگەر بھاتبایە ئەو باوەڕ بەخوا خێری تێدا بووایە ئەوان لەبەدەستھێنانی پێش ئێمە نەدەکەوتن، چونکە ئێمە شایستەتر بووین پێی، ئایا خوای گەورە زاناتر نیە بەوانەی کە سوپاس وشوکری ناز ونیعمەتەکانی دەکەن؟! خوای گەورە سەرکەوتویان دەکات لە باوەڕ وئیمان ھێنان، وە بێگومان ھەر ئەو زاتە زاناتر وشارەزاترە لەبێباوەڕان کە سووک وڕیسوایان دەکات وباوەڕ ناھێنن؟ بەڵێ بێگومان خوای گەورە لەوان زاناتر وشارەزاترە.

Al-An'aam 6:53Listen in Qur'an →
54

وَإِذَا جَآءَكَ ٱلَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِـَٔايَٰتِنَا فَقُلْ سَلَٰمٌ عَلَيْكُمْ ۖ كَتَبَ رَبُّكُمْ عَلَىٰ نَفْسِهِ ٱلرَّحْمَةَ ۖ أَنَّهُۥ مَنْ عَمِلَ مِنكُمْ سُوٓءًۢا بِجَهَٰلَةٍۢ ثُمَّ تَابَ مِنۢ بَعْدِهِۦ وَأَصْلَحَ فَأَنَّهُۥ غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ

کاتێک ئه‌و که‌سانه هاتن بۆ لات که ئیمان به‌ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه ده‌هێنن (تۆ ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم)، ئه‌ی ئیماندار) بڵێ: سڵاوتان لێ بێت (ئه‌م مژده‌یه‌شیان بده‌رێ) که‌: په‌روه‌ردگارتان فه‌رزی کردووه له‌سه‌ر خۆی (که له ئاقاری ئێوه‌دا) به‌ره‌حم ومیهره‌بان و دلۆڤان بێت، ئه‌گه‌ر که‌سێکتان به‌نه‌فامیی، به‌نه‌زانیی گوناهێکی کردو له‌وه‌ودوا ته‌وبه‌ی کردو په‌شیمان بۆوه و پاش ئه‌نجامدانی خراپه‌که و چاکسازی کرد، ئه‌وه با دڵنیابێت که په‌روه‌ردگار زۆر لێخۆشبوو و میهره‌بانه‌.

ئەوانە ھاتن بۆلات ئەوا لەبەر ڕیز وشکۆیان وەڵامی سەلامەکەیان بدەرەوە، وە موژدەی فراوانی ڕەحمەتی خوایان بدەرێ، چونکە خوای گەورە لەسەر خۆی پێویست کردووە پێویستیەک کە سەرچاوەکەی لەفەزڵی خۆیەوەیەتی نەک واجب بێت لەسەری، ھەرکەسێک لەئێوە بە گێلی ونەزانی گوناھێک بکات وە پاشان تەوبە بکات وبگەرێتەوە بۆلای خوای گەورە، وە کاروکردەوەکانی چاک بکات، بێگومان خوای گەورە لەو گوناھە خۆش دەبێت کە ئەنجامی داوە، وە خوای گەورە لێبوردەیە لەو بەندانەی کە تەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆلای، وە مھیرەبانە بەرامبەریان.

Al-An'aam 6:54Listen in Qur'an →
55

وَكَذَٰلِكَ نُفَصِّلُ ٱلْءَايَٰتِ وَلِتَسْتَبِينَ سَبِيلُ ٱلْمُجْرِمِينَ

هه‌ر به‌و شێوه‌یه که‌باسکرا به‌درێژیی (به‌ڵگه‌و نیشانه‌کان) ڕوون ده‌که‌ینه‌وه تا به‌جوانی و ئاشکرا، حه‌ق ڕوون بێته‌وه و ڕێبازی تاوانبار و خوانه‌ناسان ده‌ربکه‌وێت و بناسرێت.

ھەروەک باسکرا وە بۆمان ڕوون کردیتەوە، ھەر بەو شێوەیەش بەڵگەکانمان لەسەر کەسانی ناھەق وئەھلی باتڵ بۆ ڕوون دەکەینەوە، تاوەکو ڕێچکە وڕێبازی تاوانباران بۆ خەڵکی ڕوون بێتەوە لەبەر ئەوەی لێی دوور بکەونەوە وھۆشیاری بن نەوەک پێی ھەڵخەلەتێن.

Al-An'aam 6:55Listen in Qur'an →
56

قُلْ إِنِّى نُهِيتُ أَنْ أَعْبُدَ ٱلَّذِينَ تَدْعُونَ مِن دُونِ ٱللَّهِ ۚ قُل لَّآ أَتَّبِعُ أَهْوَآءَكُمْ ۙ قَدْ ضَلَلْتُ إِذًۭا وَمَآ أَنَا۠ مِنَ ٱلْمُهْتَدِينَ

(به‌بێ باوه‌ڕان) بڵێ: به‌ڕاستی من قه‌ده‌غه کراوم له په‌رستنی ئه‌وانه‌ی ئێوه ده‌یانپه‌رستن له غه‌یری خوا (هه‌روه‌ها) بڵێ: من شوێن ئاره‌زووه‌کانی ئێوه ناکه‌وم (ئه‌گه‌ر وابکه‌م)، ئه‌وه ئیتر بێگومان ئه‌و کاته من سه‌ر لێشێواو ده‌بم و هه‌رگیز له هیدایه‌ت دراوان نیم.

ئەی پێغەمبەر بڵێ: بێگومان من خوای گەورە قەدەغەی کردووم کە ھیچ شتێک لە غەیری خودا بپەرستم، وە پێیان بڵێ: من بەھیچ شێوەیەک شوێن ھەواو وئارەزوی ئێوە ناکەوم لەپەرستنی شتانێک غەیری خوا، من ئەگەر لەوەدا شوێن ھەواو ئارەزووی ئێوە کەوتم بێگومان من گومڕا بووم ولەڕێگای ھەق لامداوە وڕێنوێنی نەکراوم، ئەمەش درەنجامی ھەر کەسێکە کە شوێن ھەواو ئارەزووی خۆی بکەوێت بەبێ بەڵگەی ڕوون وئاشکرا لەلایەن خوای گەورەوە.

Al-An'aam 6:56Listen in Qur'an →
57

قُلْ إِنِّى عَلَىٰ بَيِّنَةٍۢ مِّن رَّبِّى وَكَذَّبْتُم بِهِۦ ۚ مَا عِندِى مَا تَسْتَعْجِلُونَ بِهِۦٓ ۚ إِنِ ٱلْحُكْمُ إِلَّا لِلَّهِ ۖ يَقُصُّ ٱلْحَقَّ ۖ وَهُوَ خَيْرُ ٱلْفَٰصِلِينَ

پێیان بڵێ: چونکه من زۆر دڵنیام و به به‌ڵگه‌وه په‌روه‌ردگارم (ده‌ناسم و ده‌یپه‌رستم) که‌چی (پێم سه‌یره‌) ئێوه باوه‌ڕتان پێی نیه‌، ئه‌وه‌ی ئێوه په‌له‌تانه بۆتان پێش بێت (له تۆڵه‌و سزای خوایی) به‌ده‌ست من نیه‌و لای من نیه‌، حوکم و فه‌رمانڕه‌وایی (هه‌مووشت) هه‌ر به‌ده‌ست خوایه‌، ئه‌و زاته ڕاستی و حه‌قیقه‌ته‌کان ده‌خاته ڕوو، چاکترین جیاکه‌ره‌وه‌شه (له نێوان حه‌ق و به‌تاڵدا).

ئەی پێغەمبەر بەو موشریک وبتپەرستانە بڵێ من لەسەر بەڵکەی ڕوون وئاشکرام کەلەلایەن پەروەردگارمەوەیە، نەک لە ھەواو ئارەزووەوە بێت، وە ئێوە ئەو بەڵگە ونیشانانەتان بەدرۆ دانا وباوەڕتان پێ نەھێنا، وە ئەو بەڵا وموسیبەت وبەڵگە ونیشانە نائاساییانەی کە ئێوە پەلەن بۆی وداوای دەکەن لای من نیە، بەڵکو بەدەست خوای گەورەیە، وە بزانن کە ھەموو حوکم وبڕیارێک لەنێویشیاندا ئەوەی داوای دەکەن ھەر تەنھا ھی خوایە، وە ھەر ئەویش ھەق وڕاستی دەڵێت وروونی دەکاتەوە وە پاکی وبێگەردی بۆ ئەو زاتە بەرز وبڵندە کە تەنھا ھەر ئەویشە بەباشترین شێوە ھەق وباتل ڕوون دەکاتەوە ولێکیان جودا دەکاتەوە.

Al-An'aam 6:57Listen in Qur'an →
58

قُل لَّوْ أَنَّ عِندِى مَا تَسْتَعْجِلُونَ بِهِۦ لَقُضِىَ ٱلْأَمْرُ بَيْنِى وَبَيْنَكُمْ ۗ وَٱللَّهُ أَعْلَمُ بِٱلظَّٰلِمِينَ

پێیان بڵێ: ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ئێوه په‌له‌تانه له پێشهاتنی (سزای خوایی) لای من بوایه و به‌ده‌ست من بوایه‌، ئه‌و کاته هه‌موو شت له نێوانماندا کۆتایی ده‌هات (ئێوه له‌ناو ده‌چوون)، خوایش هه‌میشه زانایه به سته‌مکاران.

ئەی پێغەمبەر بەوانە بڵێ: ئەگەر ئەوەی ئێوە پەلە دەکەن لەھاتنی لە دابەزینی سزا بۆتان بەدەست من بوایە ئەوا بۆم دادەبەزاندن، ئیتر ئەو کاتە کاری من وئێوە یەکلایی دەبوویەەوە، وە خوای گەورەش لەھەموو کەس زانا وشارەزاترە بە ستەمکاران، کە چەندێک مۆڵەتیان دەدات وە کەیش تۆڵەیان لێ دەسێنێتەوە.

Al-An'aam 6:58Listen in Qur'an →
59

۞ وَعِندَهُۥ مَفَاتِحُ ٱلْغَيْبِ لَا يَعْلَمُهَآ إِلَّا هُوَ ۚ وَيَعْلَمُ مَا فِى ٱلْبَرِّ وَٱلْبَحْرِ ۚ وَمَا تَسْقُطُ مِن وَرَقَةٍ إِلَّا يَعْلَمُهَا وَلَا حَبَّةٍۢ فِى ظُلُمَٰتِ ٱلْأَرْضِ وَلَا رَطْبٍۢ وَلَا يَابِسٍ إِلَّا فِى كِتَٰبٍۢ مُّبِينٍۢ

کلیلی هه‌موو شاراوه‌کان و زانینی هه‌موو نهێنیه‌کان به‌ده‌ست خوایه و هه‌ر لای ئه‌وه‌، که‌س نایانزانێت جگه له‌و زاته هه‌رچی له‌سه‌ر وشکانیه (له گیاندارو بێ گیان و گیاو دارو زینده‌وه‌رانی وردو درشت له‌سه‌ر زه‌وی و له توێی خاکدا) خوا پێی ده‌زانێت، هه‌روه‌ها هه‌رچی له ده‌ریاکانیشدا هه‌یه (له زینده‌وه‌ری هه‌مه‌جۆرو ماسی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌) ئاگای لێیه‌تی و هیچ گه‌ڵایه‌ک ناکه‌وێته خواره‌وه خوا پێی نه‌زانێت، هه‌روه‌ها ده‌نکێک یان تۆوێک له تاریکایه‌کانی زه‌ویدا نیه‌، ئه‌و ده‌نکه چ شێدار بێت یان وشک بێت، هیچ شتێک نیه له خوا په‌نهان بێت و له (لوح المحفوظ) دا، یاخود له دۆسیه و ده‌زگای تایبه‌تیدا تۆمار نه‌کرابێت.

کلیلی گشت خەزێنەی نھێنییەکان تەنھا لای خوای گەورەیە، ھیچ کەسێک غەیری ئەو نایانزانێت و ئاگاداریان نییە، وە ھەرچیش لە دروستکراوەکانە لە گیانداران و ڕووەک و بێ گیانەکانیش ئەوەی لە وشکانی و دەریاکاندا ھەیە ئەو ئاگاداریانە و پێیان دەزانێت، وە ھیچ گەڵایەکیش بەبێ ئاگاداری ئەو ناکەوێتە خوارەوە، وە ھەر دانەویڵە و تۆوێکیش ھەیە لە زەویدا بێت ھەرچی تەڕ و وشکیشە، گشتی ئەوانەی کە باسکران ھەر ھەمووی لە پەڕاو و پەرتووکە ئاشکراکەی (لوح المحفوظ) دا جێگیر کراوە.

Al-An'aam 6:59Listen in Qur'an →
60

وَهُوَ ٱلَّذِى يَتَوَفَّىٰكُم بِٱلَّيْلِ وَيَعْلَمُ مَا جَرَحْتُم بِٱلنَّهَارِ ثُمَّ يَبْعَثُكُمْ فِيهِ لِيُقْضَىٰٓ أَجَلٌۭ مُّسَمًّۭى ۖ ثُمَّ إِلَيْهِ مَرْجِعُكُمْ ثُمَّ يُنَبِّئُكُم بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ

هه‌ر ئه‌و زاته‌یه به‌شه‌و خه‌وتان لێ ده‌خات و ده‌تانمرێنێت (له‌م ساڵانه‌ی دوایدا زاناکان بۆیان ده‌رکه‌وتووه که خه‌و جۆره مردنێکه‌)، هه‌روه‌ها ده‌زانێت له ڕۆژیشدا چ کارو کرده‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام ده‌ده‌ن، (هه‌موو ڕۆژێک ژیانتان پێده‌به‌خشێت) و پاشان زیندووتان ده‌کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی واده‌ی دیاری کراو که (ڕۆژانی ته‌مه‌نتانه‌) ته‌واو بکرێت و (خه‌وێکی گه‌وره‌تان لێده‌که‌وێت) له‌وه‌ودوا گه‌ڕانه‌وه‌تان هه‌ر بۆ لای ئه‌و زاته‌یه‌، پاشان هه‌واڵی ئه‌و کارو کرده‌وانه‌تان پێڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌کاتی خۆی ئه‌نجامتان ده‌دا.

اللە تەعالا ھەر ئەو خوایەیە لەشەو ولەکاتی خەودا بەشێوەیەکی کاتی گیانتان دەکێشێت، وە ھەر ئەویشە دەزانێت لەڕۆژدا لەکاتی چوست وچالاکیتاندا چی کار وکردەوەیەک دەکەن، وە پاش گیان کێشانیشتان بەخەو لەشەودا جارێکی تر بەڕۆژ لەخەو بێدار وزیندووتان دەکاتەوە تاوەکو ھەستن بە ئەنجامدانی ئیش وکارەکانتان، تا ئەو کاتەی ئیتر ماوەی دیاریکراوی تەمەنی لای خوای گەورە کۆتایی دێت، پاشانیش دەتانمرێنێت وھەر بۆلای ئەویشە گەڕانەوەتان دوای زیندوو کردنەوەتان لەڕۆژی دواییدا، دواتریش ئاگادارتان دەکات لەوەی کردووتانە وئەنجامتانداوە لەژیانی دونیاتاندا، وە پاداشت وسزای کاروکردەوەکانیشتان دەداتەوە.

Al-An'aam 6:60Listen in Qur'an →

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.