Muslim99Muslim99
← Tafsir library

3. Aal-i-Imraan

The Family of Imraan · Medinan · 200 ayahs

سُورَةُ آلِ عِمۡرَانَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 91–100 of 200

91

إِنَّ ٱلَّذِينَ كَفَرُوا۟ وَمَاتُوا۟ وَهُمْ كُفَّارٌۭ فَلَن يُقْبَلَ مِنْ أَحَدِهِم مِّلْءُ ٱلْأَرْضِ ذَهَبًۭا وَلَوِ ٱفْتَدَىٰ بِهِۦٓ ۗ أُو۟لَٰٓئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌۭ وَمَا لَهُم مِّن نَّٰصِرِينَ

به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون و به‌بێ باوه‌ڕیی مردوون، (ئه‌گه‌ر) هه‌ر‌یه‌که‌یان بتوانێت پڕ به‌پڕی زه‌وی ئاڵتون بهێنێت و بیکات به‌فیدیه‌ی خۆی هه‌رگیز لێی وه‌رناگیرێت، ئه‌وانه سزای به ئێش و ئازار بۆیان ئاماده‌یه و که‌سیش نی یه پشتیوانییان لێ بکات و فریایان بکه‌وێت.

[ إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا وَمَاتُوا وَهُمْ كُفَّارٌ ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كافر بوونه‌ وه‌ به‌كافری مردوونه‌ [ فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْ أَحَدِهِمْ مِلْءُ الْأَرْضِ ذَهَبًا وَلَوِ افْتَدَى بِهِ ] ئه‌گه‌ر به‌ پڕایی زه‌وی ئاڵتوونی هه‌بێ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا بیبه‌خشێ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خۆی پێ بكڕێته‌وه‌و خۆی پێ ڕزگار بكات له‌ ئاگری دۆزه‌خ لێی قبووڵ ناكرێ و لێی وه‌رناگیرێ [ أُولَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ ] ئه‌مانه‌ سزایه‌كی زۆر به‌ئێش و ئازاریان بۆ هه‌یه‌ [ وَمَا لَهُمْ مِنْ نَاصِرِينَ (٩١) ] وه‌ هیچ كه‌سێكیش نیه‌ كه‌ ڕزگاریان بكات و سه‌ریان بخات و له‌ سزای خوای گه‌وره‌ ده‌ربازیان بكات .

Aal-i-Imraan 3:91Listen in Qur'an →
92

لَن تَنَالُوا۟ ٱلْبِرَّ حَتَّىٰ تُنفِقُوا۟ مِمَّا تُحِبُّونَ ۚ وَمَا تُنفِقُوا۟ مِن شَىْءٍۢ فَإِنَّ ٱللَّهَ بِهِۦ عَلِيمٌۭ

ئێوه هه‌رگیز ناگه‌نه پله‌ی چاکیی و چاکه‌کاری هه‌تا له‌و شتانه‌ی که خۆشتان ده‌وێت نه‌به‌خشن، هه‌ر شتێکیش ببه‌خشن ئه‌وه خوا ئاگاو زانایه پێی (لێی ون نابێت و بێ پاداشت نابێت).

[ لَنْ تَنَالُوا الْبِرَّ حَتَّى تُنْفِقُوا مِمَّا تُحِبُّونَ ] به‌هه‌شت، یان چاكه‌ى ته‌واو به‌ده‌ست ناهێنن و ناگه‌ن به‌ پله‌ی چاكه‌كاران تا ئه‌وه‌ی خۆتان له‌لاتان خۆشه‌ویسته‌ نه‌یبه‌خشن له‌ پێناو خوای گه‌وره‌ [ وَمَا تُنْفِقُوا مِنْ شَيْءٍ فَإِنَّ اللَّهَ بِهِ عَلِيمٌ (٩٢) ] وه‌هه‌ر شتێكیش كه‌ ئێوه‌ بیبه‌خشن له‌پێناو خوای گه‌وره‌ ئه‌وه‌ به‌دڵنیایى خوای گه‌وره‌ زۆر زانایه‌ پێی و پاداشتان ئه‌داته‌وه‌ له‌سه‌ری، وه‌كو (ابو طلحة) كه‌ خۆشه‌ویستترین ماڵى لاى (بیره‌حا) بوو كه‌ باخێك خورما بوو كه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ دابه‌زى له‌ پێناو خواى گه‌وره‌دا به‌خشى، وه‌ ئیمامى عومه‌ر باشترین ماڵى باخێك بوو له‌ خه‌یبه‌ر كردى به‌ وه‌قف بۆ موسڵمانان له‌رێى خوا .

Aal-i-Imraan 3:92Listen in Qur'an →
93

۞ كُلُّ ٱلطَّعَامِ كَانَ حِلًّۭا لِّبَنِىٓ إِسْرَٰٓءِيلَ إِلَّا مَا حَرَّمَ إِسْرَٰٓءِيلُ عَلَىٰ نَفْسِهِۦ مِن قَبْلِ أَن تُنَزَّلَ ٱلتَّوْرَىٰةُ ۗ قُلْ فَأْتُوا۟ بِٱلتَّوْرَىٰةِ فَٱتْلُوهَآ إِن كُنتُمْ صَٰدِقِينَ

هه‌رچی خۆراک هه‌یه بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل حه‌ڵاڵ بوو مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که یه‌عقوب خۆی له‌سه‌ر خۆی حه‌رام کردبوو پێش ناردنی ته‌ورات، پێیان بڵێ: ده ئێوه ته‌ورات بهێنن و بیخوێننه‌وه ئه‌گه‌ر ڕاستگۆن (دیاره‌که جوله‌که هه‌ر له خۆیانه‌وه ده‌مبازی ده‌که‌ن و قسه ڕێکده‌خه‌ن و شت حه‌رامده‌که‌ن).

[ كُلُّ الطَّعَامِ كَانَ حِلًّا لِبَنِي إِسْرَائِيلَ إِلَّا مَا حَرَّمَ إِسْرَائِيلُ عَلَى نَفْسِهِ ] هه‌موو خواردنێك بۆ به‌نو ئیسرائیل حه‌ڵاڵ بوو ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ئیسرائیل واته‌: یه‌عقوب - صلی الله علیه وسلم - خۆی له‌سه‌ر خۆی حه‌رامی كرد كه‌ گۆشت و شیری حوشتری له‌سه‌ر خۆی حه‌رام كرد، یاخود هه‌موو گۆشتێكی له‌سه‌ر خۆی حه‌رام كردووه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ماری تیابێ، یه‌عقوب - صلی الله علیه وسلم - نه‌خۆش كه‌وت نه‌زرى كرد كه‌ خواى گه‌وره‌ شیفاى بدات ئه‌م شتانه‌ له‌سه‌ر خۆى حه‌رام بكات كه‌ له‌ شه‌ریعه‌تى ئه‌وان دروست بووه‌ [ مِنْ قَبْلِ أَنْ تُنَزَّلَ التَّوْرَاةُ ] ئه‌م شتانه‌ پێش ئه‌وه‌ی ته‌ورات دابه‌زێ هه‌مووی حه‌ڵاڵ بووه‌ [ قُلْ فَأْتُوا بِالتَّوْرَاةِ فَاتْلُوهَا إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ (٩٣) ] ئه‌ى محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ده‌ی وه‌رن ته‌ورات بێنن و بیخوێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕاستگۆن ده‌بینن ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌یڵێن هه‌مووى تێدایه‌ .

Aal-i-Imraan 3:93Listen in Qur'an →
94

فَمَنِ ٱفْتَرَىٰ عَلَى ٱللَّهِ ٱلْكَذِبَ مِنۢ بَعْدِ ذَٰلِكَ فَأُو۟لَٰٓئِكَ هُمُ ٱلظَّٰلِمُونَ

جائیتر دوای ئه‌و هه‌موو ڕوونکردنه‌وانه ئه‌وه‌ی به‌ده‌م خواوه درۆ هه‌ڵده‌به‌ستێت، ئائه‌وانه هه‌ر سته‌مکارن.

[ فَمَنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ مِنْ بَعْدِ ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ (٩٤) ] هه‌ر كه‌سێ درۆ بۆ خوای گه‌وره‌ هه‌ڵبه‌ستێ له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌ورات بێنن و بیخوێننه‌وه‌ ئه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ زاڵم و سته‌مكارن .

Aal-i-Imraan 3:94Listen in Qur'an →
95

قُلْ صَدَقَ ٱللَّهُ ۗ فَٱتَّبِعُوا۟ مِلَّةَ إِبْرَٰهِيمَ حَنِيفًۭا وَمَا كَانَ مِنَ ٱلْمُشْرِكِينَ

(ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) پێیان) بڵێ: خوای گه‌وره له هه‌موو فه‌رمایشته‌کانیدا ڕاستی فه‌رمووه‌، که‌واته شوێنی ئاین و به‌رنامه‌ی ئیبراهیم بکه‌ون که پاکو دروست و فه‌رمانبه‌رداره و ئه‌و هه‌رگیز له موشریک و هاوه‌ڵگه‌ران نه‌بووه‌.

[ قُلْ صَدَقَ اللَّهُ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: خوای گه‌وره‌ ڕاستی فه‌رمووه‌ [ فَاتَّبِعُوا مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا ] ئێوه‌ شوێنی دینی ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - بكه‌ون به‌پاكی له‌ شیرك لاده‌ن بۆ سه‌ر ته‌وحید [ وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ (٩٥) ] وه‌ ئیبراهیم - صلی الله علیه وسلم - له‌ هاوبه‌شبڕیارده‌ران نه‌بووه‌ به‌ڵكو یه‌كخواپه‌رست بووه‌.

Aal-i-Imraan 3:95Listen in Qur'an →
96

إِنَّ أَوَّلَ بَيْتٍۢ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِى بِبَكَّةَ مُبَارَكًۭا وَهُدًۭى لِّلْعَٰلَمِينَ

به‌ڕاستی یه‌که‌م خانه و ماڵ و مه‌نزڵگه‌یه‌ک که بۆ خه‌ڵکی دانرا له‌سه‌ر زه‌وی (بۆ خواپه‌رستی) ئه‌وه‌یه له مه‌ککه‌دایه‌، که پیرۆزه و هیدایه‌ت و ڕێنموویی به‌خشه بۆ هه‌موو خه‌ڵکی جیهان.

{ یەكەم ماڵ خوداپەرستی تێدا كرابێت مەككە بووە}

[ إِنَّ أَوَّلَ بَيْتٍ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِي بِبَكَّةَ ] به‌دڵنیایى یه‌كه‌م ماڵێك كه‌ بۆ خوداپه‌رستى خه‌ڵكى دروست كرابێ له‌سه‌ر ڕووی زه‌ویدا (به‌ككه‌) بووه‌ واته‌: مه‌ككه‌ [ مُبَارَكًا وَهُدًى لِلْعَالَمِينَ (٩٦) ] كه‌ شوێنێكی پڕ خێرو به‌ره‌كه‌ت بووه‌ وه‌ هیدایه‌تیشه‌ بۆ هه‌موو جیهان ڕووی تێ ئه‌كه‌ن بۆ ته‌وحیدی خوای گه‌وره‌، باشترین و چاكترین و خۆشه‌ویستترین زه‌ویه‌ لاى خواى گه‌وره.

Aal-i-Imraan 3:96Listen in Qur'an →
97

فِيهِ ءَايَٰتٌۢ بَيِّنَٰتٌۭ مَّقَامُ إِبْرَٰهِيمَ ۖ وَمَن دَخَلَهُۥ كَانَ ءَامِنًۭا ۗ وَلِلَّهِ عَلَى ٱلنَّاسِ حِجُّ ٱلْبَيْتِ مَنِ ٱسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًۭا ۚ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ ٱللَّهَ غَنِىٌّ عَنِ ٱلْعَٰلَمِينَ

له‌و ماڵه‌دا (که‌عبه‌) نیشانه‌و به‌ڵگه‌ی زۆر و ئاشکرا هه‌یه‌، که یه‌کێکیان شوێنی تایبه‌تی خواپه‌رستیی ئیبراهیمه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی بچێته ناوی پێویسته ئه‌مین و ئاسوده‌بێت، له هه‌موو ده‌ستدرێژیه‌ک، جا خوای گه‌وره‌ش بڕیاریداوه له‌سه‌ر خه‌ڵکی حه‌ج و سه‌ردانی (بیت الحرام) بکه‌ن به ته‌نها ئه‌وانه‌ی که توانای (دارایی و ته‌ندروستیان) هه‌یه‌، جا ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕی نه‌هێناوه‌، ئه‌وه با بزانێت به‌ڕاستی خوا بێ نیازه له هه‌موو خه‌ڵکان (پێویستی به چاکه و په‌رستنی که‌س نیه‌).

‌ [ فِيهِ آيَاتٌ بَيِّنَاتٌ مَقَامُ إِبْرَاهِيمَ ] كۆمه‌ڵێ نیشانه‌ی ڕوون و ئاشكراو دروشمه‌كانی خوا له‌وێ هه‌یه‌ وه‌كو صه‌فاو مه‌روه‌ وه‌ شوێنی راوه‌ستانى ئیبراهیمیشى لێیه‌ كه‌ دیواره‌كه‌ی كه‌عبه‌ى دروست كرد چووه‌ سه‌ر ئه‌و به‌ردانه‌ [ وَمَنْ دَخَلَهُ كَانَ آمِنًا ] وه‌ هه‌ر كه‌سێ بچێته‌ ناو كه‌عبه‌ی پیرۆز ئه‌وه‌ ترسی نابێ وه‌ ئه‌مین ئه‌بێ [ وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا ] حه‌قی خوای گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر به‌نده‌كانی كه‌ له‌ ته‌مندا جارێك حه‌جی ماڵی خوای گه‌وره‌ بكه‌ن هه‌ر كه‌سێ توانای هه‌بێ توانای لاشه‌و جه‌سته‌ و پاره‌، وه‌ ڕێگا ئه‌من و ئاسایش بێ [ وَمَنْ كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ (٩٧) ] وه‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ كوفر بكات واته‌: حه‌ج نه‌كات و باوه‌ڕی به‌ حه‌ج نه‌بێ ئه‌وا خوای گه‌وره‌ بێپێویسته‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌و پێویستی به‌ هیچ كه‌س نیه‌ له‌ جیهان، به‌م ئایه‌ته‌ حه‌ج فه‌رز بوو.

Aal-i-Imraan 3:97Listen in Qur'an →
98

قُلْ يَٰٓأَهْلَ ٱلْكِتَٰبِ لِمَ تَكْفُرُونَ بِـَٔايَٰتِ ٱللَّهِ وَٱللَّهُ شَهِيدٌ عَلَىٰ مَا تَعْمَلُونَ

ئه‌ی پیغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) به خاوه‌نانی کتێب بڵێ: بۆچی ئێوه باوه‌ڕ ناکه‌ن به ئایه‌ته‌کانی خوا، خۆ خوا شایه‌ته له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

{جولەكەو گاور رێگری لە دینی خوا دەكەن}

[ قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لِمَ تَكْفُرُونَ بِآيَاتِ اللَّهِ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بفه‌رمه‌: ئه‌ی ئه‌هلی كتاب بۆ كوفر ئه‌كه‌ن به‌ ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ [ وَاللَّهُ شَهِيدٌ عَلَى مَا تَعْمَلُونَ (٩٨) ] وه‌خوای گه‌وره‌ شایه‌ته‌و ئاگاداره‌ به‌سه‌رتانه‌وه‌ به‌و كرده‌وه‌ كوفریانه‌ی كه‌ ئێوه‌ ئه‌یكه‌ن .

Aal-i-Imraan 3:98Listen in Qur'an →
99

قُلْ يَٰٓأَهْلَ ٱلْكِتَٰبِ لِمَ تَصُدُّونَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ مَنْ ءَامَنَ تَبْغُونَهَا عِوَجًۭا وَأَنتُمْ شُهَدَآءُ ۗ وَمَا ٱللَّهُ بِغَٰفِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ

(هه‌روه‌ها) بڵێ: ئه‌ی خاوه‌نانی کتێب بۆ ڕێده‌گرن له بڵاو بوونه‌وه‌ی ئایینی خواو ده‌تانه‌وێت ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی هێناوه ڕێبازی دینداری به چه‌وتی بگرێت؟ له‌کاتێکدا خۆتان شایه‌تن و چاک ده‌زانن (ئه‌وه ڕاست نی یه و چه‌وته‌) دڵنیاش بن که خوا غافڵ و بێ ئاگا نیه له‌و شتانه‌ی که ده‌یکه‌ن.

[ قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لِمَ تَصُدُّونَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ] دیسان ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئه‌ی ئه‌هلی كتاب ئه‌ی جووله‌كه‌و گاور بۆ ڕێگری ئه‌كه‌ن له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی دینی خوای گه‌وره‌و نه‌خشه‌و پیلان دائه‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك موسڵمان نه‌بێ [ مَنْ آمَنَ تَبْغُونَهَا عِوَجًا ] ئه‌وه‌ی كه‌ ئیمان دێنێ ئێوه‌ ئه‌تانه‌وێ ڕێگای خوای گه‌وره‌ گێڕو خوار بكه‌نه‌وه‌و سه‌ر له‌ خه‌ڵكی بشێوێنن [ وَأَنْتُمْ شُهَدَاءُ ] له‌ كاتێكدا ئێوه‌ خۆتان شایه‌تن و ئه‌زانن كه‌ دینى خواى گه‌وره‌ حه‌قه‌ [ وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ (٩٩) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ بێئاگا نیه‌ له‌و كرده‌وه‌ خراپانه‌ی كه‌ ئێوه‌ ئه‌یكه‌ن وه‌ سزاتان ده‌داته‌وه‌ له‌سه‌رى .

Aal-i-Imraan 3:99Listen in Qur'an →
100

يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓا۟ إِن تُطِيعُوا۟ فَرِيقًۭا مِّنَ ٱلَّذِينَ أُوتُوا۟ ٱلْكِتَٰبَ يَرُدُّوكُم بَعْدَ إِيمَٰنِكُمْ كَٰفِرِينَ

ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی هه‌ندێک له‌وانه ببن که کتێبی (ئاسمانییان) پێدراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی که ئێوه باوه‌ڕتان هێناوه‌، ده‌تانگێڕنه‌وه سه‌ر ڕێبازی کوفرو بێ باوه‌ڕی.

[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تُطِيعُوا فَرِيقًا مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ ] ئه‌ی باوه‌ڕداران ئه‌گه‌ر بێتوو ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵی كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌هلی كتاب بكه‌ن و به‌قسه‌یان بكه‌ن [ يَرُدُّوكُمْ بَعْدَ إِيمَانِكُمْ كَافِرِينَ (١٠٠) ] ئه‌وه‌ ئه‌وان له‌ دوای ئیمان هێنان پاشگه‌زتان ئه‌كه‌نه‌وه‌و كافرتان ئه‌كه‌نه‌وه‌ .

Aal-i-Imraan 3:100Listen in Qur'an →

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.