Muslim99Muslim99
← Tafsir library

2. Al-Baqara

The Cow · Medinan · 286 ayahs

سُورَةُ البَقَرَةِ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 241–250 of 286

241

وَلِلْمُطَلَّقَٰتِ مَتَٰعٌۢ بِٱلْمَعْرُوفِ ۖ حَقًّا عَلَى ٱلْمُتَّقِينَ

بۆ ژنانی ته‌ڵاقدراو بڕێک سامان و پاره پێویسته له‌سه‌ر پیاوانی له خواترس و پارێزکار.

ئەو ژنانەی کە تەڵاقدراون دەبێت جلوبەرگ وخەرجی وئەندازەیەک لە ماڵ وسامانیان بۆ دیاری بکرێت وەک قەرەبوو کردنەوەی دڵ ودرەوونی شکاویان کە بە تەڵاقدانەکەیان دووچاریان بووە، ئەویش بەشێوەیەکی گونجاو کە ڕەچاوی حاڵو گوزەرانی پیاوەکەش بکرێت لە بوون و نەبوونی دەسەڵاتی، ئەم حوکمەش مافێکی جێگیر ونەگۆڕە لەسەر ئەوانەی لەخوا دەترسن بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە یاساغکراوەکانی.

Al-Baqara 2:241Listen in Qur'an →
242

كَذَٰلِكَ يُبَيِّنُ ٱللَّهُ لَكُمْ ءَايَٰتِهِۦ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ

ئا به‌و شێوه‌یه خوا فه‌رمانه‌کانی خۆیتان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه (ده‌رباره‌ی مافی ژنان) بۆ ئه‌وه‌ی ژیربن و بیرو هۆشتان بخه‌نه‌کار.

ئەی باوەڕداران نمونەی ئەوانەی کە پێشووتر خوای گەورە لە بەڵگە ونیشانە وئایەتەکانی خۆی لە سنوور وحوکمەکانی ڕوونی کردەوە بۆتان بۆ ئەوەیە بەڵکو لێی وورد ببنەوە وکاری پێ بکەن، تاوەکو خێری وچاکەی دونیا ودواڕۆژی پێی بەدەست بھێنن.

Al-Baqara 2:242Listen in Qur'an →
243

۞ أَلَمْ تَرَ إِلَى ٱلَّذِينَ خَرَجُوا۟ مِن دِيَٰرِهِمْ وَهُمْ أُلُوفٌ حَذَرَ ٱلْمَوْتِ فَقَالَ لَهُمُ ٱللَّهُ مُوتُوا۟ ثُمَّ أَحْيَٰهُمْ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ لَذُو فَضْلٍ عَلَى ٱلنَّاسِ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يَشْكُرُونَ

ئایا نه‌تبیستووه و نه‌تڕوانیوه‌ته ئه‌وانه‌ی له ترسی مردن له ماڵ و شوێنه‌واریان ده‌رچوون، له‌کاتێکدا که هه‌زاره‌ها که‌سیش بوون، (ترسان له به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دوژمن)، خوایش فه‌رمووی پێیان: بمرن! (دوای ئه‌وه‌ی مردن) پاشان زیندووی کردنه‌وه (تا بزانن ڕاکردن و خۆشاردنه‌وه له جیهادو به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دوژمن مانای ڕزگار بوون له مردن نیه‌)، به‌ڕاستی خوا خاوه‌نی چاکه‌و به‌خشش و فه‌زڵی زۆره به‌سه‌ر خه‌ڵکییه‌وه (چاوپۆشی له که‌م ته‌رخه‌مییان ده‌کات و مۆڵه‌تیان ده‌دات)، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی خه‌ڵکی سوپاسی خوا ناکه‌ن و سپڵه‌ن.

ئایا ئەی پێغەمبەر ھەواڵی ئەوانەت پێ نەگەیشتووە لە ترسی مردن وتووش بوون بە نەخۆشی تاعون لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە، ئەوان ژمارەیەکی زۆر بوون، دەستە وکۆمەڵیک بوون لە نەوەکانی ئیسرائیل، خوای گەورەش پێی فەرموون: بمرن، ئەوانیش مردن، پاشان جارێکی تر خوای گەورە زیندووی کردنەوە، تاوەکو بۆیان ڕوون بکاتەوە کە ھەموو فەرمانێک بەدەستی خۆیەتی، و ئەوان ھیچ سوود وزیانێکیان بۆ خۆشیان بەدەست نیە، بێگومان خوای گەورە زۆر بەخشندە و خاوەن فەزڵە بەسەر خەڵکیەوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی سوپاس وشوکری خوا ناکەن لەسەر ناز ونیعمەتەکانی.

Al-Baqara 2:243Listen in Qur'an →
244

وَقَٰتِلُوا۟ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ وَٱعْلَمُوٓا۟ أَنَّ ٱللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌۭ

که‌واته ئیتر مه‌ترسن و) له ڕێگه‌ی خوادا بجه‌نگن، چاک بزانن و دڵنیابن به‌ڕاستی خوا بیسه‌رو زانایه (به هه‌موو گفتوگۆو هه‌وڵ و کۆشش و چالاکی و جیهادو خه‌باتتان).

ئەی باوەڕداران لە پێناو سەرخستنی ئیسلام و بەرزکردنەوەی ووشەی یەکخواپەرستی (لا إلە إلا اللە) لەگەڵ دوژمنەکانی خوادا بجەنگن، وە بزانن کە بێگومان خوای گەورە بیسەری گوفتارەکانتانە، و زانایە بە نیەت وکاروکردەوەتان، وە پاداشت و سزایشتان لەسەری دەداتەوە.

Al-Baqara 2:244Listen in Qur'an →
245

مَّن ذَا ٱلَّذِى يُقْرِضُ ٱللَّهَ قَرْضًا حَسَنًۭا فَيُضَٰعِفَهُۥ لَهُۥٓ أَضْعَافًۭا كَثِيرَةًۭ ۚ وَٱللَّهُ يَقْبِضُ وَيَبْصُۜطُ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ

کێیه ئه‌و که‌سه قه‌رز ده‌دات به‌خوای په‌روه‌ردگار به قه‌رزێکی چاک (به‌خشراوه‌که له ماڵی حه‌ڵاڵ و بێ منه‌ت و نازدار بێت)، خوایش به‌و هۆیه‌وه بۆی چه‌ند به‌رامبه‌ر ده‌کات و پاداشتی بێ سنووری پێ ده‌به‌خشێت، (به‌ڕاستی خوایه‌کی به‌ڕێزو دلۆڤانمان هه‌یه‌، جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و سه‌رنجه ئه‌و شێوازه‌ی که هانی ئیماندارانی پێ ده‌دات، بۆ به‌خشین به یه‌کترو بۆ به‌خشین بۆ ڕزگاری گرۆی ئاده‌میزاد)، خوایش ڕزق و ڕۆزیی و ده‌رامه‌ت ده‌گرێته‌وه و فراوانی ده‌کات (به حیکمه‌ت و ویستی خۆی) هه‌ر بۆ لای ئه‌و زاته‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

کێ ھەیە قەرز بدات بەخوای گەورە، ماڵو سامانی خۆی لە ڕێگای خوادا ببەخشێت بە نیەتێکی چاک و دەرونێکی خاوێنەوە، تاوەکو لە ڕۆژی دواییدا بەچەند قاتێکی زۆر بە سوودی بگەڕێتەوە، خوای گەورە ڕزق وڕۆزی ولەش ساغی لەخەڵکی دەگرێتەوە، وە ھەموویشی فراوان دەکات بە حیکمەت و دادپەروەری خۆی، وە لە دواڕۆژیشدا ھەر تەنھا بۆلای ئەو دەگەڕێنەوە، تاوەکو پاداشت وسزای کاروکردەوەتان بداتەوە.

Al-Baqara 2:245Listen in Qur'an →
246

أَلَمْ تَرَ إِلَى ٱلْمَلَإِ مِنۢ بَنِىٓ إِسْرَٰٓءِيلَ مِنۢ بَعْدِ مُوسَىٰٓ إِذْ قَالُوا۟ لِنَبِىٍّۢ لَّهُمُ ٱبْعَثْ لَنَا مَلِكًۭا نُّقَٰتِلْ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ ۖ قَالَ هَلْ عَسَيْتُمْ إِن كُتِبَ عَلَيْكُمُ ٱلْقِتَالُ أَلَّا تُقَٰتِلُوا۟ ۖ قَالُوا۟ وَمَا لَنَآ أَلَّا نُقَٰتِلَ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ وَقَدْ أُخْرِجْنَا مِن دِيَٰرِنَا وَأَبْنَآئِنَا ۖ فَلَمَّا كُتِبَ عَلَيْهِمُ ٱلْقِتَالُ تَوَلَّوْا۟ إِلَّا قَلِيلًۭا مِّنْهُمْ ۗ وَٱللَّهُ عَلِيمٌۢ بِٱلظَّٰلِمِينَ

ئایا نه‌تبیستووه و نه‌تڕوانیوه‌ته به‌سه‌رهاتی ده‌سته‌یه‌ک له گه‌وره پیاوانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل له دوای موسا له‌کاتێکدا به پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی خۆیانیان وت: پاشایه‌ک، سه‌رکرده‌یه‌کمان بۆ دیاری بکه و بینێره تا له پێناوی خوادا بجه‌نگین، پێغه‌مبه‌ره‌که وتی: باشه‌؛ ئه‌ی ئه‌گه‌ر جه‌نگتان له‌سه‌ر بڕیاردراو خه‌ریک بوو یه‌خه‌تان بگرێت و په‌شیمان بوونه‌وه و نه‌جه‌نگان؟ (له وه‌ڵامدا) وتیان: چیمانه که له پێناوی خوادا نه‌جه‌نگین، له کاتێکیشدا ئه‌وه‌ته ده‌ربه‌ده‌رکراوین و له ماڵ و منداڵ و وڵاتمان بووین، که‌چی کاتێک جه‌نگیان له‌سه‌ر بڕیاردا، ته‌نها که‌مێکیان نه‌بێت ئه‌وانی تر هه‌موویان پشتیان هه‌ڵکردو په‌شیمان بوونه‌وه‌، خوایش زاناو به‌ئاگایه به سته‌مکاران.

ئەی پێغەمبەر نەتزانیوە وھەواڵی پیاوماقوڵانی نەوەکانی ئیسرائیلیان لەدوای موسی (سەلامی خوای لێ بێت) پێنەداویت، کاتێک بە پێغەمبەرەکەی خۆیانیان ووت: پاشایەک دیاری بکە بۆمان تاوەکو لەگەڵیدا لە پێناوی خوا بجەنگێین، پێغەمبەرەکەشیان پێی ووتن: پێدەچێت ئەگەر خوای گەورە جەنگاندنی لەسەر فەرز کردن ئێوە لە پێناو خوادا نەجەنگێن؟ ئەوانیش ووتیان جا چی شتێک ھەیە ببێتە ڕێگر لەبەردەمان کە لە پێناو خوا نەجەنگێین لەگەڵ ئەوەشدا ھۆکاریش ھەبێت وداوای ئەوەمان لێ بکات؟ وەک دەبینیت دوژمنەکانمان لە زێدی باوباپیرانی خۆمان وەدەریان ناوین و کوڕوکاڵیان بە دیل گرتووین، بەڵێ دەجەنگێین تاوەکو نیشتمان و زێدی باوباپیرانمان دەگەڕێنینەوە و دیل وبەند کراوەکانیشمان ئازاد دەکەین، جا کاتێک خوای گەورە جەنگی لەسەر فەرز کردن پشتیان ھەڵکرد وەفایان نەبوو بۆ ئەو بەڵێنانەی کە دابویان کەمێکیان نەبێت، خوای گەورەش زانایە بەو کەسانەی کە پشت ھەڵدەکەن لە فەرمانی خوا، وە وەفایان نیە به بەڵێنەکانی، وە پاداشت وسزاشیان لەسەری دەداتەوە.

Al-Baqara 2:246Listen in Qur'an →
247

وَقَالَ لَهُمْ نَبِيُّهُمْ إِنَّ ٱللَّهَ قَدْ بَعَثَ لَكُمْ طَالُوتَ مَلِكًۭا ۚ قَالُوٓا۟ أَنَّىٰ يَكُونُ لَهُ ٱلْمُلْكُ عَلَيْنَا وَنَحْنُ أَحَقُّ بِٱلْمُلْكِ مِنْهُ وَلَمْ يُؤْتَ سَعَةًۭ مِّنَ ٱلْمَالِ ۚ قَالَ إِنَّ ٱللَّهَ ٱصْطَفَىٰهُ عَلَيْكُمْ وَزَادَهُۥ بَسْطَةًۭ فِى ٱلْعِلْمِ وَٱلْجِسْمِ ۖ وَٱللَّهُ يُؤْتِى مُلْكَهُۥ مَن يَشَآءُ ۚ وَٱللَّهُ وَٰسِعٌ عَلِيمٌۭ

ئینجا پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان (به‌وانه‌ی که ئاماده‌ی جه‌نگ بوون) وتی: ئه‌وه ئیتر خوا به ڕاستی بڕیاری داوه‌و طالوطی ڕه‌وانه کردووه که پاشا و سه‌رکرده‌تان بێت، که‌چی (هه‌ندێکیان) وتیان: چۆن ئه‌و ببێته سه‌رکرده به‌سه‌رمانه‌و، ئێمه شایسته‌ترین به سه‌رکرده‌یی له‌و، ئه‌و ماڵ و سامانێکی زۆری نیه‌! (جووله‌که هه‌میشه ماڵ و سامان ده‌که‌نه پێوه‌ر له هه‌موو شتێکدا)، (پێغه‌مبه‌ره‌که له وه‌ڵامیاندا) وتی: به‌ڕاستی خوا (طالوط)ی هه‌ڵبژاردووه و په‌سه‌ندی کردووه به‌سه‌رتانداو زانست و زانیاری زۆرو لاشه‌یه‌کی به‌هێزو گه‌وره‌شی داوه‌تێ، خوای گه‌وره‌ش پاشایه‌تی ده‌به‌خشێت به هه‌ر که‌س که بیه‌وێت و (شایسته بێت) و خوا فراوانگیرو زانایه‌.

پێغەمبەرەکەیان پێی فەرموون: خوای گەورە بڕیاری داوە طالوت بکاتە پاشا وکاربەدەستان تاوەکو لەژێر بەیداخ و سەرکردایەتی ئەو لە پێناو خوای گەورە بجەنگن، ئەوە بوو پیاو ماقوڵەکانی بەنو ئیسرائیل بەسەر سوڕمان وڕازی نەبوونەوە ووتیان: چۆن دەکرێت طالوت ببێتە پاشا وپێشەوای ئێمە لەکاتێکدا ئێمە لەو لە پێشترین بۆ ئەو کارە؟ چونکە طالوت لە کوڕ ونەوەی پاشاکان نیە و ماڵو سامانێکی زۆری وەھایشی نییە کە بتوانێت پێی بجەنگێت؟ پێغەمبەرەکەیان پێی فەرموون: بێگومان ئەوە خوای گەورە بۆی دەستنیشان کردوون، وە زانست وزانیارییەکی فراوان وھێزێکی جەستەی زۆریشی پێ بەخشیووە، خوای گەورە ئەگەر بیەوێت موڵک وپاشایەتی بە دانای وحیکمەتی دەدات بە ھەر کەسێک کە خۆی بیەوێت، بێگومان فەزڵی خوای گەورە فراوانە وە دەیبەخشێت بەھەرکەسێک کە خۆی بیەوێت، وە چاکیش دەزانێت چی کەسانێک لە دروستکراوەکانی شایستەی ئەو فەزڵەن.

Al-Baqara 2:247Listen in Qur'an →
248

وَقَالَ لَهُمْ نَبِيُّهُمْ إِنَّ ءَايَةَ مُلْكِهِۦٓ أَن يَأْتِيَكُمُ ٱلتَّابُوتُ فِيهِ سَكِينَةٌۭ مِّن رَّبِّكُمْ وَبَقِيَّةٌۭ مِّمَّا تَرَكَ ءَالُ مُوسَىٰ وَءَالُ هَٰرُونَ تَحْمِلُهُ ٱلْمَلَٰٓئِكَةُ ۚ إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَءَايَةًۭ لَّكُمْ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ

ئه‌وسا پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان پێی وتن: به‌ڕاستی نیشانه‌ی پاشایه‌تی طالوط ئه‌وه‌یه‌: سندووقه‌که‌تان بۆ دێته‌وه‌و، ئاسووده‌یی و ئارامی تێدایه له لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێک پاشماوه‌ی به‌نرخ و که‌لپوری تێدایه له‌وه‌ی که بنه‌ماڵه‌ی موسا و بنه‌ماڵه‌ی هاروون به‌جێیان هێشتووه‌و له‌کاتێکدا که فریشته هه‌ڵیده‌گرن و ده‌یهێننه‌وه بۆتان، به‌ڕاستی هه‌ر له‌وه‌دا به‌ڵگه‌و نیشانه‌ی ته‌واو هه‌یه بۆتان ئه‌گه‌ر باوه‌ڕدارن.

پێغەمبەرەکەیان پێی فەرموون: نیشانەی ڕاستگۆی دەستنیشانکردنی طالوت وەک پاشا وکاربەدەستان، ئەوەیە کە خوای گەورە سندوق وتابوتە زەوتکراوەکەتان بۆ دەگەڕێنێتەوە، کە دڵنیابوون وئارامی لەگەڵ بوو بۆتان لەلایەن پەروەردگارتانەوە -ئەو سندوقە پیرۆز بوو لای بەنو ئیسرائیل- پاشماوە وکەلەپووری ئەوەی کە شوێنکەوتە وکەسوکاری موسی وھارون بەجێیان ھێشتبوو تێیدا بوو، وەک گۆچانەکەی موسی وھەندێک لەو تەختانەی کە تەوراتی لەسەر نوسرابوەوە، بێگومان لەوەدا نیشانە وبەڵگە ھەیە کە خوای گەورە بۆی ڕوون کردنەوە ئەگەر ئێوە بڕوادارێکی ڕاستەقینە بن.

Al-Baqara 2:248Listen in Qur'an →
249

فَلَمَّا فَصَلَ طَالُوتُ بِٱلْجُنُودِ قَالَ إِنَّ ٱللَّهَ مُبْتَلِيكُم بِنَهَرٍۢ فَمَن شَرِبَ مِنْهُ فَلَيْسَ مِنِّى وَمَن لَّمْ يَطْعَمْهُ فَإِنَّهُۥ مِنِّىٓ إِلَّا مَنِ ٱغْتَرَفَ غُرْفَةًۢ بِيَدِهِۦ ۚ فَشَرِبُوا۟ مِنْهُ إِلَّا قَلِيلًۭا مِّنْهُمْ ۚ فَلَمَّا جَاوَزَهُۥ هُوَ وَٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ مَعَهُۥ قَالُوا۟ لَا طَاقَةَ لَنَا ٱلْيَوْمَ بِجَالُوتَ وَجُنُودِهِۦ ۚ قَالَ ٱلَّذِينَ يَظُنُّونَ أَنَّهُم مُّلَٰقُوا۟ ٱللَّهِ كَم مِّن فِئَةٍۢ قَلِيلَةٍ غَلَبَتْ فِئَةًۭ كَثِيرَةًۢ بِإِذْنِ ٱللَّهِ ۗ وَٱللَّهُ مَعَ ٱلصَّٰبِرِينَ

ئینجا له‌کاتێکدا طالوط سه‌ربازانی جیاکرده‌وه‌و پێی وتن (وا ئێمه ده‌ڕۆین)، بێگومان خوا (له ڕێ گوزه‌رماندا) تاقیتان ده‌کاته‌وه به ڕووبارێک (دوای ماندوو بوون و تینوویه‌تی)، جا ئه‌وه‌ی لێی بخواته‌وه (ئه‌وه سه‌ربازی) من نیه و (بگه‌ڕێته‌وه‌) و ئه‌وه‌ی ئه‌یچێژێت یان ته‌نها لوێچێک به‌ده‌ستی خۆی بخواته‌وه ئه‌وه به‌ڕاستی سه‌ربازی منه و (ده‌په‌ڕێته‌وه‌و ده‌ڕۆین، جا له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕوون کردنه‌وه‌یه‌شدا) زۆربه‌یان (له ئاوی ڕووباره‌که‌یان) خوارده‌وه‌، که‌مێکیان نه‌بێت، جا کاتێک لێی په‌ڕینه‌وه خۆی و ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێنابوو له‌گه‌ڵیدا (هه‌ندێکیان) وتیان: ئه‌مڕۆ (زه‌حمه‌ته به‌م ژماره که‌مه‌وه‌) ده‌ره‌قه‌تی جالوط و سه‌ربازانی بێین، (به‌ڵام) ئه‌وانه‌ی دڵنیا بوون به خزمه‌تی په‌روه‌ردگاریان ده‌گه‌ن وتیان: (مه‌ترسن) چونکه چه‌نده‌ها جار ده‌سته‌ی که‌م، زاڵ بوون به‌سه‌ر ده‌سته‌ی زۆردا به‌فه‌رمانی خواو خوا یارو یاوه‌ری خۆگرو ئارامگرانه‌.

جا کاتێک طالوت سەربازەکانی لە شارەکە بردە دەرەوە پێی ووتن: بێگومان خوای گەورە دەیەوێت بەڕووبارەکە تاقی بکاتەوە، ھەرکەسێک لێی بخواتەوە ئەوا لەسەر ڕێبازی من نیە وبەکەڵکی ئەوە نایەت لەم سوپایەی مندا بێت وھاوشانی من بجەنگێت، وە ھەرکەسێکیش ھیچی لێ نەخواردەوە ئەوا لەسەر ڕێبازی منە وبەکەڵکی ئەوە دێت ھاوشانی من بجەنگێت، مەگەر کەسێک نەبێت ناچار بێت وبە ئەندازەی لاگوێل ولامشتێکی لێ ھەڵبگۆزێت ولێی بخواتەوە، ئەوە بوو سەربازەکان ھەموویان لە ئاوی ڕووبارەکەیان خواردەوە کەمێکیان نەبێت لەگەڵ ئەوەی زۆریش تینویان بوو بەڵام ئارامیان گرت ولێیان نەخواردەوە، جا کاتێک طالوت وئەو بڕوادارانەی کە لەگەڵیدا بوو لە ڕووبارەکە پەڕینەوە، ھەندێک لە سەربازەکان ووتیان: ئەمڕۆ ئیمە ناتوانين لەگەڵ جالوت و سەربازەکانیدا بجەنگێین، بەڵام ئەوانەیان یەقینیان ھەبوو لەڕۆژی دواییدا دەگەنە لیقای خوای گەورە ووتیان: بەیارمەتی خوای گەورە دەستە وکۆمەڵێکی کەمی بڕوادار سەردەکەون بەسەر دەستە وکۆمەڵێکی زۆری بێ باوەڕدا، گرنگ لە سەرکەوتندا بە باوەڕ وئیمانە نەک بە زۆری ژمارە، بێگومان خوای گەورە ھەمیشە لەگەڵ بەندە بە ئارام وخۆڕاگرەکانیدا و پشتگیریان دەکات وسەریان دەخات بەسەر دوژمنەکانیاندا.

Al-Baqara 2:249Listen in Qur'an →
250

وَلَمَّا بَرَزُوا۟ لِجَالُوتَ وَجُنُودِهِۦ قَالُوا۟ رَبَّنَآ أَفْرِغْ عَلَيْنَا صَبْرًۭا وَثَبِّتْ أَقْدَامَنَا وَٱنصُرْنَا عَلَى ٱلْقَوْمِ ٱلْكَٰفِرِينَ

کاتێک له به‌رامبه‌ر جالوط و سه‌ربازانیه‌وه وه‌ستان (نزایان کردو) وتیان: په‌روه‌ردگارا خۆگری و ئارامگریمان پێ ببه‌خشه‌، (دڵ و ده‌روون و) پێکانمان دامه‌زراو بکه و سه‌رمان بخه به‌سه‌ر قه‌وم و هۆزی بێباوه‌ڕاندا.

کاتێک سوپاکەی طالوت ڕووبەڕووی جالوت وسوپاکەی بوونەوە، دەستیان کرد بە نزا وپاڕانەوە لای خوای گەورە وووتیان: ئەی پەروەردگارمان ئارامی وخۆڕاگریمان بەسەر دڵەکانماندا بڕژە وپێکانمان لەگۆڕەپانی جەنگدا دامەزراو بکە تاوەکو ھەڵنەیەین و لەبەرامبەر دوژمەنکانماندا شکست نەھێنین، بە ھێزی خۆت پشتگیرمانبە وسەرمان بخە بەسەر گەلی بێباوەڕاندا.

Al-Baqara 2:250Listen in Qur'an →

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.