Muslim99Muslim99
← Tafsir library

14. Ibrahim

Abraham · Meccan · 52 ayahs

سُورَةُ إِبۡرَاهِيمَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 1–10 of 52

بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ

1

الٓر ۚ كِتَٰبٌ أَنزَلْنَٰهُ إِلَيْكَ لِتُخْرِجَ ٱلنَّاسَ مِنَ ٱلظُّلُمَٰتِ إِلَى ٱلنُّورِ بِإِذْنِ رَبِّهِمْ إِلَىٰ صِرَٰطِ ٱلْعَزِيزِ ٱلْحَمِيدِ

سه‌رنجی سه‌ره‌تای سوره‌تی (البقرة) بده‌، ئه‌م قورئانه کتێبێکه دامانبه‌زاندووه بۆت ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم تا خه‌ڵکی له تاریکیه‌کانی (بێ باوه‌ڕی و نه‌زانی و سه‌رلێشێواوی) ده‌ربهێنێت، به‌ره‌و نوورو ڕێبازی ڕۆشنایی ئیمان، به‌ویستی په‌روه‌ردگاریان، تا ده‌گه‌نه ڕێبازی ڕاستی خوای باڵاده‌ست و شایسته‌ی سوپاسگوزاری.

سووره‌تی (ئيبراهيم - صلی الله علیه وسلم -)

سووره‌تێكى مه‌ككيیه‌و (٥٢) ئایه‌ته‌

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

[ الر ] سه‌باره‌ت به‌و پیتانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌ندێك له‌ سووره‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزه‌وه‌ هاتوون له‌ سووره‌تی (به‌قه‌ره‌)دا باسمان كرد [ كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ إِلَيْكَ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئه‌م قورئانه‌ پیرۆزه‌ كتابێكه‌ بۆ تۆمان دابه‌زاندووه‌ [ لِتُخْرِجَ النَّاسَ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ بِإِذْنِ رَبِّهِمْ إِلَى صِرَاطِ الْعَزِيزِ الْحَمِيدِ (١) ] تا به‌و قورئانه‌ پیرۆزه‌ خه‌ڵكی له‌ تاریكیه‌كانی كوفرو شیرك و نه‌زانی و گومڕایی ده‌ربكه‌ی بۆ ڕووناكی ئیمان و ئیسلام و هیدایه‌ت و زانیاری به‌ ئیزنی په‌روه‌ردگاریان بۆ ڕێگای خوای گه‌وره‌ى زۆر به‌ده‌سه‌ڵاتى سوپاسكراوه‌.

2

ٱللَّهِ ٱلَّذِى لَهُۥ مَا فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِى ٱلْأَرْضِ ۗ وَوَيْلٌۭ لِّلْكَٰفِرِينَ مِنْ عَذَابٍۢ شَدِيدٍ

ئه‌و خوایه‌ی که هه‌رچی له ئاسمانه‌کان و هه‌رچی له زه‌ویدا هه‌یه هه‌ر ئه‌و خاوه‌نیانه‌، هاوار و ئاهو نا‌ڵه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که بێ باوه‌ڕن له سزایه‌کی زۆر توندو تیژ....

[ اللَّهِ الَّذِي لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ ] الله ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ موڵكی ئاسمانه‌كان و زه‌وی هه‌یه‌ [ وَوَيْلٌ لِلْكَافِرِينَ مِنْ عَذَابٍ شَدِيدٍ (٢) ] وه‌ سزاو تیاچوون بۆ كافران له‌ سزای سه‌ختی خوای گه‌وره‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌ت كه‌ بۆی داناون، یاخود وه‌یل دۆڵێكه‌ له‌ دۆزه‌خ.

3

ٱلَّذِينَ يَسْتَحِبُّونَ ٱلْحَيَوٰةَ ٱلدُّنْيَا عَلَى ٱلْءَاخِرَةِ وَيَصُدُّونَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ وَيَبْغُونَهَا عِوَجًا ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ فِى ضَلَٰلٍۭ بَعِيدٍۢ

ئه‌وانه‌ی که ژیانی دنیایان له به نرخترو خۆشه‌ویستره له ژیانی جیهانی دوایی، هه‌میشه به‌ربه‌ست ده‌خه‌نه به‌ر ڕێبازی خواو ده‌یانه‌وێت له ڕێڕه‌وی خۆی ده‌ربچێت و بترازێت، (یاخود په‌سه‌نده لایان، به‌ڵام به‌مه‌رجێك له خزمه‌ت پلان و نه‌خشه‌ی ئه‌واندا بێت) ئا ئه‌وانه له گومڕاییه‌کی قووڵ و بێ سه‌رو بندا سه‌رگه‌ردانن و ده‌مێننه‌وه‌.

[ الَّذِينَ يَسْتَحِبُّونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا عَلَى الْآخِرَةِ ] ئه‌و كافرانه‌ى كه‌ ژیانی دونیای كه‌م و فه‌وتاویان له‌لا خۆشه‌ویسته‌و هه‌ڵیئه‌بژێرن به‌سه‌ر ژیانی دواڕۆژدا كه‌ هه‌میشه‌یی و نه‌بڕاوه‌یه‌ [ وَيَصُدُّونَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ] وه‌ ڕێگری خه‌ڵكی ئه‌كه‌ن له‌ دینی خوای گه‌وره‌ [ وَيَبْغُونَهَا عِوَجًا ] وه‌ ئه‌یانه‌وێ دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ گێڕو خوار بكه‌ن بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامی خۆیان [ أُولَئِكَ فِي ضَلَالٍ بَعِيدٍ (٣) ] ئا ئه‌مانه‌ له‌ گومڕاییه‌كی زۆر دووردان.

4

وَمَآ أَرْسَلْنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِۦ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ ۖ فَيُضِلُّ ٱللَّهُ مَن يَشَآءُ وَيَهْدِى مَن يَشَآءُ ۚ وَهُوَ ٱلْعَزِيزُ ٱلْحَكِيمُ

ئێمه هیچ فرستادیه‌کمان ڕه‌وانه نه‌کردووه ته‌نها به‌زمانی قه‌ومه‌که‌ی نه‌بێت، (یه‌کێك بووه له خۆیان و به زمانی ئه‌وان دواوه‌) تا هه‌موو شتێکیان بۆ ڕوون بکاته‌وه‌، ئینجا خوای گه‌وره ئه‌و که‌سه‌ی گومڕا کردووه که وستوویه‌تی (چونکه گوێی بۆ با‌نگه‌وازی حه‌ق نه‌گرتووه‌)، ئه‌وه‌ش که وستویه‌تی هیدایه‌تی داوه (په‌روه‌ردگار پاڵپشتی ژیرو هۆشمه‌ندانه‌)، ئه‌و زاته‌ش باڵا ده‌سته (ویستی ئه‌و له سه‌روو هه‌موو ویسته‌کانه‌وه‌یه‌)، دانایه و (ده‌زانێت کێ شایسته‌ی ئه‌و ڕه‌حمه‌ته به‌نرخه‌یه‌).

{ پێغەمبەران بە زمانی قەومەكانیان نێردراون}

[ وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ رَسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ ] وه‌ ئێمه‌ هیچ پێغه‌مبه‌رێكمان نه‌ناردووه‌ ئیلا به‌ زمانی قه‌ومه‌كه‌ی خۆی نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی لێی تێ بگه‌ن تا دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌یان بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه‌ [ فَيُضِلُّ اللَّهُ مَنْ يَشَاءُ وَيَهْدِي مَنْ يَشَاءُ ] خوای گه‌وره‌ به‌ ویستى خۆى هه‌ر كه‌سێك گومڕا ئه‌كات كه‌ شایه‌نی هیدایه‌ت نه‌بێت، وه‌ به‌ ویستى خۆى هیدایه‌تی هه‌ر كه‌سێك ئه‌دات كه‌ شایه‌نی هیدایه‌ت بێت و رێگاى هیدایه‌ت بگرێت [ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (٤) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر به‌ عیززه‌ت و كاربه‌جێیه‌.

5

وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا مُوسَىٰ بِـَٔايَٰتِنَآ أَنْ أَخْرِجْ قَوْمَكَ مِنَ ٱلظُّلُمَٰتِ إِلَى ٱلنُّورِ وَذَكِّرْهُم بِأَيَّىٰمِ ٱللَّهِ ۚ إِنَّ فِى ذَٰلِكَ لَءَايَٰتٍۢ لِّكُلِّ صَبَّارٍۢ شَكُورٍۢ

سوێند به‌خوا به‌ڕاستی ئێمه موسامان ڕه‌وانه کرد، هاوڕێ له‌گه‌ڵ موعجیزه‌ی زۆردا (فه‌رمانما پێدا) که قه‌وم و عه‌شیرتت له تاریکیه‌کان ڕزگار بکه‌و به‌ره‌و نوورو ڕووناکی بیانبه‌، ڕۆژه‌کانی خوایان بهێنه‌ره‌وه یاد (ئه‌و ڕۆژانه‌ی که تۆڵه‌ی له بێ باوه‌ڕان سه‌ند و ئیماندارانی سه‌رسه‌خت)، بێگومان ئا له‌و به‌سه‌رهاتانه‌دا به‌ڵگه و نیشانه‌ی زۆر هه‌ن، بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که زۆر خۆگرن (له‌کاتی ته‌نگانه‌دا)، زۆر سوپاسگوزاریشن (له‌کاتی خۆشیدا).

[ وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا مُوسَى بِآيَاتِنَا ] به‌ دڵنیایی ئێمه‌ موسامان - صلی الله علیه وسلم - ناردو نۆ موعجیزه‌مان پێ به‌خشی [ أَنْ أَخْرِجْ قَوْمَكَ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ ] كه‌ به‌نی ئیسرائیلى قه‌ومت ده‌ربكه‌ له‌ تاریكیه‌كانی كوفرو شیرك و نه‌زانی بۆ ڕووناكی ئیمان و ئیسلام و هیدایه‌ت [ وَذَكِّرْهُمْ بِأَيَّامِ اللَّهِ ] وه‌ سزاكانی خوای گه‌وره‌یان یاد بخه‌ره‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر قه‌ومه‌كانی تری وه‌كو نوح و عادو ثهمود دا هێناوێتی، یاخود نیعمه‌ته‌كانى خواى گه‌وره‌یان یاد بخه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ى فیرعه‌ون رزگارى كردن و ده‌ریاكه‌ى بۆ له‌ت كردن و به‌ هه‌ور سێبه‌رى بۆ كردن و گه‌زۆو سوێسكه‌ى بۆ دابه‌زاندن وه‌ چه‌نده‌ها نیعمه‌تى تر [ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِكُلِّ صَبَّارٍ شَكُورٍ (٥) ] به‌ دڵنیایی ئه‌م یادخستنه‌وانه‌ نیشانه‌یه‌ له‌سه‌ر تاك و ته‌نهایى و گه‌وره‌یی و تواناو ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك كه‌ زۆر ئارامگر بێ له‌كاتى ناخۆشى، وه‌ زۆر شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره‌ بكات له‌سه‌ر نازو نیعمه‌ته‌كانی.

6

وَإِذْ قَالَ مُوسَىٰ لِقَوْمِهِ ٱذْكُرُوا۟ نِعْمَةَ ٱللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ أَنجَىٰكُم مِّنْ ءَالِ فِرْعَوْنَ يَسُومُونَكُمْ سُوٓءَ ٱلْعَذَابِ وَيُذَبِّحُونَ أَبْنَآءَكُمْ وَيَسْتَحْيُونَ نِسَآءَكُمْ ۚ وَفِى ذَٰلِكُم بَلَآءٌۭ مِّن رَّبِّكُمْ عَظِيمٌۭ

(یادیان بهێنه‌ره‌وه‌) کاتێك موسا به قه‌ومه‌که‌ی وت: یادی نازو نیعمه‌ته‌کانی خوا بکه‌نه‌وه له‌سه‌رتان، کاتێك له دارو ده‌سته‌ی فیرعه‌ون ڕزگاری کردن که به‌ناخۆشترین شێوه سزای ده‌دات، کوڕانی ئێوه‌یان سه‌ر ده‌بڕی و ئافره‌تانی ئێوه‌یان ده‌هێشته‌وه (بۆ کاره‌که‌ری)، بێگومان ئا له‌و پێشهاتانه‌دا به‌ڵاو تاقی کردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه بۆتان ساز درابوو.

[ وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِقَوْمِهِ اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ ] وه‌ كاتێك موسا - صلی الله علیه وسلم - به‌ قه‌ومه‌كه‌ی خۆی فه‌رموو ئێوه‌ یادی نیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌سه‌رتان [ إِذْ أَنْجَاكُمْ مِنْ آلِ فِرْعَوْنَ ] كاتێك كه‌ ڕزگارى كردن له‌ فیرعه‌ون و داروده‌سته‌كه‌ی و ئه‌وانی غه‌رق كرد له‌ناو ئاوه‌كه‌ [ يَسُومُونَكُمْ سُوءَ الْعَذَابِ ] كه‌ ئه‌وان سه‌ختترین سزایان پێتان ئه‌چه‌شت وه‌ ئێوه‌یان كردبوو به‌ كۆیله‌و كاری سه‌ختیان پێ ئه‌كردن [ وَيُذَبِّحُونَ أَبْنَاءَكُمْ ] وه‌ كوڕانتانیان سه‌رئه‌بڕی [ وَيَسْتَحْيُونَ نِسَاءَكُمْ ] وه‌ئافره‌تانیشیان ئه‌هێشته‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردن و سووكایه‌تی پێ كردن [ وَفِي ذَلِكُمْ بَلَاءٌ مِنْ رَبِّكُمْ عَظِيمٌ (٦) ] وه‌له‌م شتانه‌شدا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ كه‌ تاقیتان ئه‌كاته‌وه‌.

7

وَإِذْ تَأَذَّنَ رَبُّكُمْ لَئِن شَكَرْتُمْ لَأَزِيدَنَّكُمْ ۖ وَلَئِن كَفَرْتُمْ إِنَّ عَذَابِى لَشَدِيدٌۭ

له‌یادتان بێت که‌: په‌روه‌ردگارتان بڕیاری داوه‌، سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر سوپاسگوزارو شوکرانه بژێر بن، ڕزق و ڕۆزی و نازو نیعمه‌تتان به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێنم و زیادی ده‌که‌م، به‌ڵام: ئه‌گه‌ر ناشوکرو سوپاس ناپه‌زێڕ بن، به‌ڕاستی ئه‌و کاته ئیتر تۆڵه و سزای من زۆر به ئازار ده‌بێت.

{بە سوپاسگوزاری بەخششەكان زیاد دەكەن}

[ وَإِذْ تَأَذَّنَ رَبُّكُمْ لَئِنْ شَكَرْتُمْ لَأَزِيدَنَّكُمْ ] وه‌ په‌روه‌ردگارتان ڕایگه‌یاندووه‌، یان سوێندى خواردووه‌ ئه‌گه‌ر شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره‌ بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌تانه‌ی كه‌ پێی به‌خشیوون ئه‌وا منیش بۆتان زیاد ئه‌كه‌م [ وَلَئِنْ كَفَرْتُمْ إِنَّ عَذَابِي لَشَدِيدٌ (٧) ] وه‌ ئه‌گه‌ر كوفر بكه‌ن و شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره‌ نه‌كه‌ن ئه‌وه‌ به‌دڵنیایى سزای من زۆر سه‌خته.

8

وَقَالَ مُوسَىٰٓ إِن تَكْفُرُوٓا۟ أَنتُمْ وَمَن فِى ٱلْأَرْضِ جَمِيعًۭا فَإِنَّ ٱللَّهَ لَغَنِىٌّ حَمِيدٌ

موسا وتی: خه‌ڵکینه ئه‌گه‌ر ئێوه و هه‌موو دانیشتوانی سه‌ر زه‌وی به‌گشتی خوانه‌ناس و بێ باوه‌ڕ بن، ئه‌وه بێگومان هه‌ر خۆتان زه‌ره‌ر ده‌که‌ن، چونکه خوا هه‌ر خۆی بێ نیازه و شایسته‌ی سوپاسه‌.

[ وَقَالَ مُوسَى إِنْ تَكْفُرُوا أَنْتُمْ وَمَنْ فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا ] وه‌ موسى - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی: ئه‌گه‌ر ئێوه‌و هه‌رچی خه‌ڵكی سه‌ر ڕووی زه‌وی هه‌یه‌ هه‌مووتان كوفر بكه‌ن به‌ خوای گه‌وره‌ [ فَإِنَّ اللَّهَ لَغَنِيٌّ حَمِيدٌ (٨) ] ئه‌وا به‌دڵنیایى خوای گه‌وره‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندو بێ پێویسته‌و پێویستی به‌ سوپاس كردنى ئێوه‌ نیه‌، وه‌ سوپاسكراوه‌ له‌ زه‌وى و ئاسمانداو هه‌موو دروستكراوه‌كان سوپاسگوزاری خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن.

9

أَلَمْ يَأْتِكُمْ نَبَؤُا۟ ٱلَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ قَوْمِ نُوحٍۢ وَعَادٍۢ وَثَمُودَ ۛ وَٱلَّذِينَ مِنۢ بَعْدِهِمْ ۛ لَا يَعْلَمُهُمْ إِلَّا ٱللَّهُ ۚ جَآءَتْهُمْ رُسُلُهُم بِٱلْبَيِّنَٰتِ فَرَدُّوٓا۟ أَيْدِيَهُمْ فِىٓ أَفْوَٰهِهِمْ وَقَالُوٓا۟ إِنَّا كَفَرْنَا بِمَآ أُرْسِلْتُم بِهِۦ وَإِنَّا لَفِى شَكٍّۢ مِّمَّا تَدْعُونَنَآ إِلَيْهِ مُرِيبٍۢ

باشه‌، ئایا هه‌واڵی قه‌ومه پێشووه‌کانتان پێ نه‌گه‌شتووه‌، قه‌ومی (نوح و عاد و ثمود)، ئه‌وانه‌ش که له دوای ئه‌وان هاتوون، ته‌نها خوا نه‌بێت که‌س نازانێت چه‌نده بوون و چیان به‌سه‌ر هاتووه‌، ئه‌وانه فرستاده‌کانیان به به‌ڵگه‌ی زۆره‌وه هاتن دووپاتیان ده‌کرده‌وه که پێغه‌مبه‌ری په‌روه‌ردگارن، که‌چی خوانه‌ناسان یان به‌ده‌ستیان ئاماژه‌یان ده‌کرد بۆ پێغه‌مبه‌ران که بێده‌نگ بن، یاخود ده‌ستیان ده‌برد بۆ ده‌می خۆیان و (ده‌یانکرده فیکه و هۆسه و گاڵته‌جاڕی) و ده‌یانوت: بێگومان ئێمه باوه‌ڕمان به‌م په‌یام و به‌رنامه‌یه نیه که به ئێوه‌دا ڕه‌وانه کراوه‌، به‌ڕاستی ئێمه‌ش له دوو دڵیه‌کدان که خه‌ڵکیش ده‌خاته گومانه‌وه له‌وه‌ی که ئێوه به‌نگه‌وازی ئێمه‌ی بۆ ده‌که‌ن.

{گفتوگۆی نێوان پێغەمبەران‌و قەومەكانیان}

[ أَلَمْ يَأْتِكُمْ نَبَأُ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ ] ئایا هه‌واڵی ئوممه‌تانی پێش خۆتانتان بۆ نه‌هاتووه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ چی به‌سه‌ریان هێناوه‌ [ قَوْمِ نُوحٍ وَعَادٍ وَثَمُودَ وَالَّذِينَ مِنْ بَعْدِهِمْ لَا يَعْلَمُهُمْ إِلَّا اللَّهُ ] وه‌كو قه‌ومه‌كانی نوح و عادو ثهمودو ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌وانیش كه‌ ژماره‌یان خوا نه‌بێ كه‌سی تر نایزانێ وه‌ زانیاریان ته‌نها خوای گه‌وره‌ خۆی ئه‌یزانێ [ جَاءَتْهُمْ رُسُلُهُمْ بِالْبَيِّنَاتِ ] كه‌ پێغه‌مبه‌رانیان به‌ به‌ڵگه‌ی ڕوون و ئاشكراوه‌ هاتن بۆ لایان [ فَرَدُّوا أَيْدِيَهُمْ فِي أَفْوَاهِهِمْ ] به‌ڵام ئه‌وان ده‌ستیان كرده‌ ناو ده‌می خۆیان و ئه‌یانگه‌ست وه‌كو ڕق لێبوون و تووڕه‌ بوون له‌و دینه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ران هێناویانه‌، یاخود ده‌ستیان ده‌خسته‌ سه‌ر ده‌میان وه‌كو به‌ درۆزانینى پێغه‌مبه‌ران، وه‌ ئاماژه‌ بووه‌ بۆ بێده‌نگ بوون و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ى پێغه‌مبه‌ران، یاخود به‌ده‌ستیان ئاماژه‌یان بۆ ده‌می پێغه‌مبه‌ران ده‌كرد كه‌ بێده‌نگ بن له‌ بانگه‌واز كردنمان و قسه‌ی پێغه‌مبه‌رانیان ڕه‌ت ئه‌كرده‌وه‌ [ وَقَالُوا إِنَّا كَفَرْنَا بِمَا أُرْسِلْتُمْ بِهِ ] وه‌ پێیان وتن: ئێمه‌ كافرین به‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ی پێ نێردراون له‌ ئیمان و یه‌كخواپه‌رستى [ وَإِنَّا لَفِي شَكٍّ مِمَّا تَدْعُونَنَا إِلَيْهِ مُرِيبٍ (٩) ] وه‌ ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ بانگمان ئه‌كه‌ن بۆ لای له‌ یه‌كخواپه‌رستی وه‌ دوودڵین لێى.

10

۞ قَالَتْ رُسُلُهُمْ أَفِى ٱللَّهِ شَكٌّۭ فَاطِرِ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ ۖ يَدْعُوكُمْ لِيَغْفِرَ لَكُم مِّن ذُنُوبِكُمْ وَيُؤَخِّرَكُمْ إِلَىٰٓ أَجَلٍۢ مُّسَمًّۭى ۚ قَالُوٓا۟ إِنْ أَنتُمْ إِلَّا بَشَرٌۭ مِّثْلُنَا تُرِيدُونَ أَن تَصُدُّونَا عَمَّا كَانَ يَعْبُدُ ءَابَآؤُنَا فَأْتُونَا بِسُلْطَٰنٍۢ مُّبِينٍۢ

پێغه‌مبه‌رانیان وتیان: با‌شه‌، ئاخر گومان له چی ده‌که‌ن؟ ئایا له خوای په‌روه‌ردگاردا گومان هه‌یه‌؟! به‌دیهێنه‌ری ئاسمانه‌کان و زه‌وی؟! ئه‌و زاته بانگتان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی لێتان خۆش ببێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌و گوناهه‌کانتان چاوپۆشی بکات و مۆڵه‌تیشیتان ده‌دات تا کاتێکی دیاریکراو، که‌چی (خوا نه‌ناسان ڕوو به‌پێغه‌مبه‌ران) وتیان: ئێوه ته‌نها به‌شه‌رن وه‌کو ئێمه هیچی تر نین (له‌باتی سوپاسی خوا بکه‌ن که ئه‌وه‌نده ئاده‌میزاد ڕێزداره‌، نوێنه‌ر له خۆیان هه‌ڵده‌بژێرێت)، که‌چی ڕه‌خنه‌یان گرت و وتیان: ئێوه ده‌تانه‌وێت ڕێگرو دژ به‌وه بن که باو و باپیرانمان ده‌یانپه‌رست (ده‌ی ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن) به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرامان بۆ بهێنن و نیشانمان بده‌ن؟!

[ قَالَتْ رُسُلُهُمْ أَفِي اللَّهِ شَكٌّ فَاطِرِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] پێغه‌مبه‌رانیان پێیان وتن: ئایا دوودڵى و گومان هه‌یه‌ له‌ خوای گه‌وره‌دا كه‌ به‌دیهێنه‌رو دروستكاری ئاسمانه‌كان و زه‌ویه‌كانه‌ [ يَدْعُوكُمْ لِيَغْفِرَ لَكُمْ مِنْ ذُنُوبِكُمْ ] كه‌ بانگتان ئه‌كات بۆ ئیمان هێنان پێی وه‌ بۆ یه‌كخواپه‌رستى خوای گه‌وره‌ تا به‌هۆیه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانتان خۆش بێت [ وَيُؤَخِّرَكُمْ إِلَى أَجَلٍ مُسَمًّى ] وه‌ دواتان بخات تا كاتێكی دیاریكراو، واته‌: سزاتان نه‌دات وه‌ له‌ناوتان نه‌بات تا خۆتان كاتی مردنتان دێت [ قَالُوا إِنْ أَنْتُمْ إِلَّا بَشَرٌ مِثْلُنَا ] ئه‌مانیش وتیان: ئێوه‌ هیچ شتێك نین ته‌نها مرۆڤێكن وه‌كو ئێمه‌و فریشته‌ نین و ئه‌خۆن و ئه‌خۆنه‌وه‌ [ تُرِيدُونَ أَنْ تَصُدُّونَا عَمَّا كَانَ يَعْبُدُ آبَاؤُنَا ] ئێوه‌ ئه‌تانه‌وێ ڕێگریمان بكه‌ن له‌و په‌رستراوانه‌ی كه‌ باوك و باپیرانمان ئه‌یانپه‌رست [ فَأْتُونَا بِسُلْطَانٍ مُبِينٍ (١٠) ] ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌كه‌ن به‌ڵگه‌و موعجیزه‌یه‌كی ئاشكرامان بۆ بێنن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ بانگمان ئه‌كه‌ن بۆی.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.