Muslim99Muslim99
← Tafsir library

14. Ibrahim

Abraham · Meccan · 52 ayahs

سُورَةُ إِبۡرَاهِيمَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 41–50 of 52

41

رَبَّنَا ٱغْفِرْ لِى وَلِوَٰلِدَىَّ وَلِلْمُؤْمِنِينَ يَوْمَ يَقُومُ ٱلْحِسَابُ

په‌روه‌ردگارا، له‌خۆم و دایک و باوکم و ئیمانداران خۆش ببه‌، له‌و ڕۆژه‌دا که لێپرسینه‌وه به‌رپا ده‌بێت.

[ رَبَّنَا اغْفِرْ لِي وَلِوَالِدَيَّ ] ئه‌ی په‌روه‌ردگار له‌ خۆم و دایك و باوكم خۆشبه‌، (كاتێك ئه‌م دوعایه‌ی كرد نه‌یزانی باوكى له‌سه‌ر كوفر ئه‌مرێت) [ وَلِلْمُؤْمِنِينَ يَوْمَ يَقُومُ الْحِسَابُ (٤١) ] وه‌ له‌ باوه‌ڕداران خۆشبه‌ له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ خه‌ڵكی هه‌ڵئه‌ستنه‌وه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ساحه‌ی مه‌حشه‌ردا.

42

وَلَا تَحْسَبَنَّ ٱللَّهَ غَٰفِلًا عَمَّا يَعْمَلُ ٱلظَّٰلِمُونَ ۚ إِنَّمَا يُؤَخِّرُهُمْ لِيَوْمٍۢ تَشْخَصُ فِيهِ ٱلْأَبْصَٰرُ

(ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم) واگومان مه‌به که خوا بێ ئاگایه له‌و کاروکرده‌وه‌یه‌ی سته‌مکاران ده‌یکه‌ن، به‌ڕاستی خوا سزاکه‌یان دوا ده‌خات بۆ ڕۆژیك که چاوه‌کانیان تیایدا ئه‌بڵه‌ق ده‌بن (جاری وایش هه‌یه هه‌ر له دنیادا سته‌مکاران ڕیسوا ده‌کات و تۆڵه‌یان لێده‌سێنێت).

[ وَلَا تَحْسَبَنَّ اللَّهَ غَافِلًا عَمَّا يَعْمَلُ الظَّالِمُونَ ] وا حیساب نه‌كه‌ن كه‌ خوای گه‌وره‌ بێئاگا بێت له‌وه‌ی كه‌ زاڵمان و سته‌مكاران ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن [ إِنَّمَا يُؤَخِّرُهُمْ لِيَوْمٍ تَشْخَصُ فِيهِ الْأَبْصَارُ (٤٢) ] به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ سزایان نادات وه‌ دوای ئه‌خات بۆ ڕۆژێك كه‌ چاوه‌كان به‌رز ئه‌بێته‌وه‌ وه‌ نانوقێنرێت و ئه‌بڵه‌ق ئه‌بێت له‌ سه‌ختی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌یبینێ له‌ ڕۆژی قیامه‌تداو سه‌رسام ئه‌بن.

43

مُهْطِعِينَ مُقْنِعِى رُءُوسِهِمْ لَا يَرْتَدُّ إِلَيْهِمْ طَرْفُهُمْ ۖ وَأَفْـِٔدَتُهُمْ هَوَآءٌۭ

به په‌له و شپرزه‌ییه‌وه دێن، سه‌ریان به‌رز کردۆته‌وه و له ترس و سامناکی ئه‌و ڕۆژه‌دا چاویان ناتروکێت، دڵه ڕاوکێیانه‌و دڵ و ده‌روونیان به‌تاڵه و هیچ حاڵی نین.

[ مُهْطِعِينَ ] وه‌ به‌خێرایی ئه‌ڕۆن به‌ره‌و ساحه‌ی مه‌حشه‌ر [ مُقْنِعِي رُءُوسِهِمْ ] سه‌ریان به‌رز كردۆته‌وه‌و ته‌ماشای یه‌كتری ناكه‌ن [ لَا يَرْتَدُّ إِلَيْهِمْ طَرْفُهُمْ ] وه‌ چاویان بۆ لایان ناگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ر سه‌یری پێش خۆیان ئه‌كه‌ن و نایتروكێنن له‌ ترسى ئه‌و سزایانه‌ى كه‌ توشیان ده‌بێت [ وَأَفْئِدَتُهُمْ هَوَاءٌ (٤٣) ] وه‌ دڵیشیان خاڵییه‌و هیچ شتێكی تیا نه‌ماوه‌و وێرانه‌ له‌به‌ر سه‌ختی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌یبینن، یاخود شوێنى دڵیان خاڵیه‌ چونكه‌ له‌ ترسا دڵیان ده‌رچووه‌ لاى گه‌روویانه‌.

44

وَأَنذِرِ ٱلنَّاسَ يَوْمَ يَأْتِيهِمُ ٱلْعَذَابُ فَيَقُولُ ٱلَّذِينَ ظَلَمُوا۟ رَبَّنَآ أَخِّرْنَآ إِلَىٰٓ أَجَلٍۢ قَرِيبٍۢ نُّجِبْ دَعْوَتَكَ وَنَتَّبِعِ ٱلرُّسُلَ ۗ أَوَلَمْ تَكُونُوٓا۟ أَقْسَمْتُم مِّن قَبْلُ مَا لَكُم مِّن زَوَالٍۢ

ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم خه‌ڵك بترسێنه و بێداریان بکه‌ره‌وه له‌و ڕۆژه‌ی که سزاو ئازار یه‌خه‌یان پێ ده‌گرێت، جا ئه‌وانه‌ی که سته‌میان کردووه ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگارا بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م و نزیك مۆڵه‌تمان بدا (بمانگێڕه‌وه بۆ دنیا) تا به ده‌م بانگه‌وازه‌که‌ته‌وه بچین و شوێنی پێغه‌مبه‌ران بکه‌ین، (به‌ڵام تازه کار له‌کار ترازاوه‌و گه‌ڕانه‌وه ئه‌سته‌مه‌، بۆیه پێیان ده‌وترێت) مه‌گه‌ر کاتی خۆی سوێندتان نه‌ده‌خوارد که دنیا به‌رده‌وامه‌و ئێوه تیاچونتان نابێت؟!.

[ وَأَنْذِرِ النَّاسَ يَوْمَ يَأْتِيهِمُ الْعَذَابُ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئاگاداری خه‌ڵكی بكه‌وه‌ له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ سزایان بۆ دێت وه‌ بیانترسێنه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌ت [ فَيَقُولُ الَّذِينَ ظَلَمُوا رَبَّنَا أَخِّرْنَا إِلَى أَجَلٍ قَرِيبٍ نُجِبْ دَعْوَتَكَ وَنَتَّبِعِ الرُّسُلَ ] كه‌ كافران ئه‌ڵێن: ئه‌ی په‌روه‌ردگار مۆڵه‌تمان بده‌رێ وه‌ ته‌مه‌نمان درێژ بكه‌ ئه‌گه‌ر بۆ كاتێكی نزیكیش بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دونیا تا وه‌ڵامی بانگه‌وازی تۆ بده‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌ران وه‌ شوێن پێغه‌مبه‌رانت بكه‌وین [ أَوَلَمْ تَكُونُوا أَقْسَمْتُمْ مِنْ قَبْلُ مَا لَكُمْ مِنْ زَوَالٍ (٤٤) ] خوای گه‌وره‌ش وه‌كو سه‌رزه‌نشت كردن پێیان ئه‌فه‌رمووێ: ئایا ئێوه‌ نه‌بوون كه‌ سوێندتان ئه‌خوارد كه‌ ئێوه‌ له‌ناو ناچن و بۆ هه‌میشه‌یی له‌ دونیا ئه‌ژین و قیامه‌ت و زیندووبوونه‌وه‌ نیه‌.

45

وَسَكَنتُمْ فِى مَسَٰكِنِ ٱلَّذِينَ ظَلَمُوٓا۟ أَنفُسَهُمْ وَتَبَيَّنَ لَكُمْ كَيْفَ فَعَلْنَا بِهِمْ وَضَرَبْنَا لَكُمُ ٱلْأَمْثَالَ

ئێوه کاتی خۆیشی نیشته‌جێ بوون له ماڵ و حاڵ و شوێنی ئه‌وانه‌دا که سته‌میان له خۆیان کردو (ڕێگه‌ی ئیمان و خواناسیان نه‌گرت) بۆتان ده‌رکه‌وت که چیمان پێکردن و چیمان به‌سه‌ر هێنان و نموونه و باسی زۆرمان بۆ هێناونه‌ته‌وه (ده‌رباره‌ی سه‌رئه‌نجامیان).

[ وَسَكَنْتُمْ فِي مَسَاكِنِ الَّذِينَ ظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ ] وه‌ ئێوه‌ جێگیر بوون له‌ شوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زوڵمیان له‌ خۆیان كرد به‌كوفرو تاوان، واته‌: قه‌ومی ثهمودو عادو ئه‌وانه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ناوی بردن ئێوه‌ش له‌وێ ژیان بۆ په‌ندو عیبره‌تتان وه‌رنه‌گرت [ وَتَبَيَّنَ لَكُمْ كَيْفَ فَعَلْنَا بِهِمْ ] وه‌ بینیشتان كه‌ ئێمه‌ چیمان به‌وان كردو چۆن له‌ ناومان بردن و سزامان دان به‌هۆی كوفرو تاوانیانه‌وه‌ [ وَضَرَبْنَا لَكُمُ الْأَمْثَالَ (٤٥) ] وه‌ چه‌نده‌ها نموونه‌مان بۆ هێنانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئیمان بێنن.

46

وَقَدْ مَكَرُوا۟ مَكْرَهُمْ وَعِندَ ٱللَّهِ مَكْرُهُمْ وَإِن كَانَ مَكْرُهُمْ لِتَزُولَ مِنْهُ ٱلْجِبَالُ

بێگومان (خوانه‌ناسان) پیلان و ته‌ڵه‌که‌ی خۆیانیان گێڕا، فێڵ و فڕی زۆریان کرد، به‌ڵام هه‌موو پیلان و فێڵیان لای خوا ئاشکراو دیاره (به‌سه‌ر خۆیاندا ده‌شکێته‌وه‌) هه‌رچه‌نده پیلان و فێڵیان کێوه‌کانیش له بن بهێنێت.

[ وَقَدْ مَكَرُوا مَكْرَهُمْ ] وه‌ ئه‌وان ئه‌و حه‌قه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌و نه‌خشه‌و فێڵی خۆیان كرد [ وَعِنْدَ اللَّهِ مَكْرُهُمْ ] وه‌نه‌خشه‌و فێڵیان له‌لای خوای گه‌وره‌ بوو [ وَإِنْ كَانَ مَكْرُهُمْ لِتَزُولَ مِنْهُ الْجِبَالُ (٤٦) ] هه‌ر چه‌نده‌ نه‌خشه‌و فێڵیان ئه‌وه‌نده‌ سه‌خت بوو كه‌ نزیك بوو شاخه‌كان له‌جێی خۆی لابه‌رێ و هه‌ڵبكۆڵێ به‌ڵام خوای گه‌وره‌ به‌تاڵی كرده‌وه‌و دینه‌كه‌ی خۆی سه‌رخست، یاخود خۆ نه‌خشه‌و پیلان و فێڵیان ئه‌وه‌نده‌ قورس نه‌بوو تا شاخه‌كان له‌ جێی خۆی هه‌ڵكه‌نێ و لای به‌رێ خۆ ئه‌گه‌ر وایش بوایه‌ هه‌ر خوای گه‌وره‌ به‌تاڵی ئه‌كرده‌وه‌و پێغه‌مبه‌ران و شوێكه‌وتووان و دینه‌كه‌ی خۆی سه‌رئه‌خست.

47

فَلَا تَحْسَبَنَّ ٱللَّهَ مُخْلِفَ وَعْدِهِۦ رُسُلَهُۥٓ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ عَزِيزٌۭ ذُو ٱنتِقَامٍۢ

که‌واته‌، وا حساب مه‌که (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم، ئه‌ی ئیماندار) خوای گه‌وره به‌ڵێنی خۆی بۆ پێغه‌مبه‌ران ناباته سه‌ر (به سه‌رخستن و مانه‌وه‌ی به‌رنامه‌یان له دنیاداو سه‌رفرازی هه‌میشه‌ییان له به‌هه‌شتی به‌ریندا) چونکه به‌ڕاستی خوا باڵاده‌سته و خاوه‌نی تۆڵه‌یه (له سته‌مکارو خوانه‌ناسان).

[ فَلَا تَحْسَبَنَّ اللَّهَ مُخْلِفَ وَعْدِهِ رُسُلَهُ ] وه‌ وادامه‌نێن و وامه‌زانن كه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌و وه‌عدو به‌ڵێنه‌ی به‌ پێغه‌مبه‌رانی داوه‌ نایباته‌ سه‌ر كه‌ فه‌رمووی: ئێمه‌ پێغه‌مبه‌ران سه‌ر ئه‌خه‌ین [ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ ذُو انْتِقَامٍ (٤٧) ] به‌دڵنیایى خوای گه‌وره‌ زۆر به‌عیززه‌ت و باڵاده‌سته‌و تۆڵه‌ له‌ دوژمنانی ئه‌سه‌نێت.

48

يَوْمَ تُبَدَّلُ ٱلْأَرْضُ غَيْرَ ٱلْأَرْضِ وَٱلسَّمَٰوَٰتُ ۖ وَبَرَزُوا۟ لِلَّهِ ٱلْوَٰحِدِ ٱلْقَهَّارِ

له ڕۆژێکدا که ئه‌م زه‌ویه ده‌گۆڕێت به زه‌ویه‌کی ترو هه‌روه‌ها ئاسمانه‌کانیش ده‌گۆڕێن به شێوه‌و شێوازێکی ترو هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه ده‌رده‌که‌ون و ئاماده‌ن له به‌رده‌م دادگای خوای تاك و ته‌نهاو به‌ده‌سه‌ڵات و خه‌شیمگیر له کافران.

[ يَوْمَ تُبَدَّلُ الْأَرْضُ غَيْرَ الْأَرْضِ وَالسَّمَاوَاتُ ] له‌ ڕۆژی قیامه‌ت ئه‌و زه‌ویه‌ ئه‌گۆڕێ به‌ زه‌ویه‌كی تر، وه‌ ئاسمانه‌كانیش ئه‌گۆڕێن، یاخود وتراوه‌: شێوازی ئه‌گۆڕێ، عائیشه‌ پرسیارى له‌ پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - كرد ئه‌ى خه‌ڵكى له‌و رۆژه‌دا له‌ كوێن؟ فه‌رمووى: له‌سه‌ر پردى صیراتن [ وَبَرَزُوا لِلَّهِ الْوَاحِدِ الْقَهَّارِ (٤٨) ] وه‌ هه‌موو خه‌ڵكی له‌ قه‌بره‌كان ده‌رئه‌چن و ده‌رئه‌كه‌ون بۆ خوایه‌ك كه‌ تاك و ته‌نهاو باڵاده‌سته‌.

49

وَتَرَى ٱلْمُجْرِمِينَ يَوْمَئِذٍۢ مُّقَرَّنِينَ فِى ٱلْأَصْفَادِ

له‌و ڕۆژه‌دا تاوانباران و گوناهکاران ده‌بینێت کۆت و زنجیر کراوه‌ته ده‌ست و پێ و گه‌ردنیان و به‌یه‌که‌وه به‌ستراون.

[ وَتَرَى الْمُجْرِمِينَ يَوْمَئِذٍ مُقَرَّنِينَ فِي الْأَصْفَادِ (٤٩) ] له‌و ڕۆژه‌دا تاوانباران و كافران ئه‌بینی كه‌ كۆت و زنجیر كراون و به‌ستراونه‌ته‌وه‌، یاخود له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا كۆت و زنجیر كراون.

50

سَرَابِيلُهُم مِّن قَطِرَانٍۢ وَتَغْشَىٰ وُجُوهَهُمُ ٱلنَّارُ

کراسه‌کانیان له قه‌ترانه (که ما‌دده‌یه‌کی ڕه‌شی بۆن ناخۆشه و به‌خێرایش ده‌سووتێت) و بڵێسه‌ی ئاگریش ڕووخساریانی داپۆشیوه (زۆر له سه‌غڵه‌تیدان).

[ سَرَابِيلُهُمْ مِنْ قَطِرَانٍ ] وه‌ جل و به‌رگ و پۆشاكیان له‌ مسی تواوه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زوو ئاگر ئه‌گرێ و بۆنی ناخۆشه‌ [ وَتَغْشَى وُجُوهَهُمُ النَّارُ (٥٠) ] وه‌ ئاگریش هه‌موو ده‌م و چاو و ڕوویان ئه‌گرێته‌وه‌و به‌رز ئه‌بێته‌وه‌ پیایاندا، بۆیه‌ ده‌م و چاو و ڕوویان باسكراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێزترین شوێنی مرۆڤه‌ وه‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی تیایه‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.