Muslim99Muslim99
← Tafsir library

14. Ibrahim

Abraham · Meccan · 52 ayahs

سُورَةُ إِبۡرَاهِيمَ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 31–40 of 52

31

قُل لِّعِبَادِىَ ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ يُقِيمُوا۟ ٱلصَّلَوٰةَ وَيُنفِقُوا۟ مِمَّا رَزَقْنَٰهُمْ سِرًّۭا وَعَلَانِيَةًۭ مِّن قَبْلِ أَن يَأْتِىَ يَوْمٌۭ لَّا بَيْعٌۭ فِيهِ وَلَا خِلَٰلٌ

(ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم) به‌و به‌ندانه‌م که باوه‌ڕیان هێناوه بڵێ: با نوێژه‌کانیان به چاکی ئه‌نجام بده‌ن و له‌و ڕزق و ڕۆزیه‌ی که پێمان به‌خشیوون ببه‌خشن به‌نهێنی (بۆ ئه‌وه‌ی ڕیاو ڕووپامایی تێکه‌ڵ نه‌بێت) و به‌ئاشکرا (بۆ هاندانی که‌سانی تر)، پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژێك بێت نه کڕینی تیادایه‌، نه‌فرۆشتن (تا به‌هۆی پاره‌و سامانه‌وه خۆتان ده‌رباز بکه‌ن) نه دۆستایه‌تیشی تێدایه (تا دۆستان و هاوه‌ڵان هه‌وڵێك بده‌ن).

- ئەی پێغەمبەری خوا - بەبەندە باوەڕدارەکانم بڵێ: ئەی باوەڕدارینە نوێژەکانتان بە جوانترین شێوە ئەنجام بدەن، وە لەو ماڵ و سەروەت و سامانەی کە خوای گەورە ڕۆزی داون بەخشینە واجب و سوننەتەکانی لێ ببەخشن بە نھێنی و ئاشکرا، بە نھێنی ببەخشن ئەگەر ترسان تووشی ڕیا ببن، یان بە ئاشکرا تاوەکو خەڵکی چاوتان لێ بکەن و ئەوانیش لە پێناو خوا ببەخشن، پێش ئەوەی ڕۆژێک بێت کە نە فرۆشتن و نە دۆستایەتی تێدا نییە، ئەگەر ھەوڵی ئەوە بدەن و بیانەوێت بریتی و فدیە بدەن بۆ ئەوەی لە سزای دۆزەخ ڕزگاریان ببێت، یان بە ھۆی دۆستایەتی و ھاوڕێیەتیەوە بیانەوێت ھاوڕێیەکیان تکایان بۆ بکات.

32

ٱللَّهُ ٱلَّذِى خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضَ وَأَنزَلَ مِنَ ٱلسَّمَآءِ مَآءًۭ فَأَخْرَجَ بِهِۦ مِنَ ٱلثَّمَرَٰتِ رِزْقًۭا لَّكُمْ ۖ وَسَخَّرَ لَكُمُ ٱلْفُلْكَ لِتَجْرِىَ فِى ٱلْبَحْرِ بِأَمْرِهِۦ ۖ وَسَخَّرَ لَكُمُ ٱلْأَنْهَٰرَ

خوا ئه‌و زاته‌یه که ئاسمانه‌کان و زه‌وی به‌دیهێناوه‌، له ئاسمانه‌وه بارانی باراندووه به‌هۆیه‌وه به‌روبوومی له‌ناخی زه‌وی بۆ ئێوه ده‌رهێناوه‌، هه‌روه‌ها که‌شتی له ده‌ریادا بۆ ئێوه بار هێناوه تا فه‌رمانی ئه‌و زاته بڕوات (به‌سه‌ریه‌وه‌، هه‌ر خوایه به‌دیهێنه‌ری ئه‌و ماده سه‌ره‌تاییانه‌ی که که‌شتی لێ دروست ده‌کرێت، هه‌ر ئه‌وزاته‌یه به‌دیهێنه‌ری وزه‌و ئاوو هه‌وا... هتد)، هه‌روه‌ها ڕووباره‌کانیشی بۆ ڕام کردوون (که جۆره‌ها سوودیان هه‌یه بۆتان).

خوای گەورە (اللە) ئەو زاتەیە کە ئاسمانەکان و زەوی لە نەبوونەوە بەدیھێناوە، وە لە ئاسمانەکانیشەوە بارانی باراندووە، ھەر بە ئاوی ئەو بارانە گەلێک میوەی جیاجیا و ھەمە چەشنەی بۆ ڕواندوون تاوەکو ببێتە ڕزق و ڕۆزی بۆتان، - ئەی خەڵکینە - وە کەشتیەکانیشی بۆ ڕام و ملکەچ و ژێربار کردوون تا بە فەرمانی ئەو لە دەریادا بە پێی ئەو ئەندازەگیریەی خۆی دیاری کردووە بێن و بڕۆن، وە ڕووبارەکانیشی بۆ ڕام و ملکەچ کردووە بۆ ئەوەی لە ئاوی زوڵاڵی بخۆنەوە، وە ئاوی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵ و کشتوکاڵیشتانی پێ بدەن.

33

وَسَخَّرَ لَكُمُ ٱلشَّمْسَ وَٱلْقَمَرَ دَآئِبَيْنِ ۖ وَسَخَّرَ لَكُمُ ٱلَّيْلَ وَٱلنَّهَارَ

خۆرو مانگیشی بۆ ڕام هێناون که به‌رده‌وام له چه‌رخ و خولدان، شه‌و و ڕۆژیشی بۆ خزمه‌تگوزاری ئێوه ڕام هێنا.

وە ڕۆژ و مانگیشی بۆ ڕام و ملکەچ کردوون کە بەردەوام دێن و دەڕۆن، وە شەو ڕۆژیشی بۆ ڕام و ملکەچ کردوون کە بە دوای یەکدا دێن و دەڕۆن، شەوی کردووە بە مایەی پشوودان و حەسانەوەتان، وە ڕۆژیشی کردووە بە مایەی ژیان و چالاکیتان.

34

وَءَاتَىٰكُم مِّن كُلِّ مَا سَأَلْتُمُوهُ ۚ وَإِن تَعُدُّوا۟ نِعْمَتَ ٱللَّهِ لَا تُحْصُوهَآ ۗ إِنَّ ٱلْإِنسَٰنَ لَظَلُومٌۭ كَفَّارٌۭ

له‌هه‌رچی شتێك داواتان کردبێت و پێوستان بێت، پێی به‌خشیوون، خۆ ئه‌گه‌ر نازو نیعمه‌ت و به‌خششه‌کانی خوا ئاماژه بکه‌ن، ناتوانن بیانژمێرن (به‌ڵکو یه‌ك نیعمه‌ت ناژمێردرێت، ئه‌وه‌نده لق و پۆپی لێ ده‌بێته‌وه‌)، به‌ڕاستی زۆربه‌ی ئینسانه‌کان زۆر سته‌مکارو خوانه‌ناس و سپڵه‌ن.

ھەموو ئەو شتانەی داواتان کردووە و ئەوەیشی داواتان نەکردووە لە خوای گەورە ھەمووی پێ بەخشیوون، وە ئەگەر بێتۆ بتانەوێت ناز و نیعمەت و بەخششەکانی خوای گەورە بژمێرن لەبەر زۆریان ناتوانن بیانژمێرن، ئەوەی بۆی باسکردوون چەند نموونەیەکی کەمی ئەو نیعمەت و بەخششانەن، بێگومان مرۆڤ زۆر ستەم لە خۆی دەکات و زۆریش ناشکور و سپڵەیە بەرامبەر نیعمەتەکانی (اللە سبحانە و تعالی).

35

وَإِذْ قَالَ إِبْرَٰهِيمُ رَبِّ ٱجْعَلْ هَٰذَا ٱلْبَلَدَ ءَامِنًۭا وَٱجْنُبْنِى وَبَنِىَّ أَن نَّعْبُدَ ٱلْأَصْنَامَ

(به‌یاد بێنه‌) کاتێك ئیبراهیم نزای کردو وتی: په‌روه‌ردگارا، باڵی هێمنی و ئاسایش بکێشه به‌سه‌ر ئه‌م شارو وڵاته‌داو خۆم و نه‌وه‌کانیشم بپارێزه له‌وه‌ی که بته‌کان بپه‌ره‌ستین.

- ئەی پێغەمبەر - بۆ گەل و ھۆزەکەتی باس بکە کاتێک ئیبراھیم (سەلامی خوای لێ بێت) دوای ئەوەی ئیسماعیلی کوڕی و ھاجەرەی خێزانی لەناو شیوی مەککە نیشتەجێکرد، لە خوای گەورە پاڕایەوە و وتی: ئەی پەروەردگارم ئەم شارەی کە (مەککە) یە و ئیسماعیل و ھاجەری دایکیم لێ نیشتەجێ کردووە، بیکە بە شارێکی ھێمن و ئارام و ئاسایش، کە خوێنی تێدا نەڕێژرێت، وە ستەمیشی لەکەس تێدا نەکرێت، وە من و مناڵەکانیشم لە بتپەرستی بپارێزە.

36

رَبِّ إِنَّهُنَّ أَضْلَلْنَ كَثِيرًۭا مِّنَ ٱلنَّاسِ ۖ فَمَن تَبِعَنِى فَإِنَّهُۥ مِنِّى ۖ وَمَنْ عَصَانِى فَإِنَّكَ غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ

په‌روه‌ردگارا، به‌ڕاستی ئه‌و بتانه زۆر که‌سیان گومڕا کردو، زۆر خه‌ڵکیان سه‌رلێشێواو کرد، جا ئه‌وه‌ی شوێنی من بکه‌وێته و به‌گوێی من بکات، ئه‌وه بێگومان له په‌یڕه‌وانی منه‌، ئه‌وه‌ش که لێم یاخی ده‌بێت، ئه‌وه بێگومان تۆ زۆر لێخۆش بوو میهره‌بانیت.

ئەی پەروەردگارم بەڕاستی بتەکان بوونەتە مایەی گومڕاکردنی زۆرێک لە خەڵکی، چونکە ئەوان وا گومانیان دەبرد کە ئەو بتانە شەفاعەتیان بۆ دەکەن و دەبنە تکاکاریان، بەم ھۆیەشەوە لە ڕێگای ڕاست لایاندان و دووچاری خراپەیان کردن، وە لە بڕی خوا ئەوانیان دەپەرست، جا ھەرکەسێک لە یەکخواپەرستی و تاعەت و گوێڕایەڵی ئەو شوێن من بکەوێت بێگومان ئەوە لە کۆمەڵ و شوێنکەوتوانی منە، وە ھەر کەسێکیش سەرپێچی من بکات و شوێن من نەکەوێت لە یەکخواپەرستی و گوێڕایەڵی ئەو، ئەوا ئەی پەروەردگارم بێگومان تۆ زۆر لێبوردەی گوناھی ئەو گوناھکارانەی کە دەتەوێت لێیان ببوریت، وە زۆریش میھرەبان و بە بەزەییت بۆیان.

37

رَّبَّنَآ إِنِّىٓ أَسْكَنتُ مِن ذُرِّيَّتِى بِوَادٍ غَيْرِ ذِى زَرْعٍ عِندَ بَيْتِكَ ٱلْمُحَرَّمِ رَبَّنَا لِيُقِيمُوا۟ ٱلصَّلَوٰةَ فَٱجْعَلْ أَفْـِٔدَةًۭ مِّنَ ٱلنَّاسِ تَهْوِىٓ إِلَيْهِمْ وَٱرْزُقْهُم مِّنَ ٱلثَّمَرَٰتِ لَعَلَّهُمْ يَشْكُرُونَ

په‌روه‌ردگارا به‌ڕاستی من هه‌ندێ له وه‌چه و خێزانم له دۆڵێکی وشکی بێ کشتوکاڵدا جێنشین کردووه‌، له‌پاڵ ماڵه پیرۆزه‌که‌تدا، له پاڵ (بیت الحرام) دا، په‌روه‌ردگارا، بۆیه لێره نیشته‌جێم کردن تا به‌چاکی نوێژو خواپه‌رستی ئه‌نجام بده‌ن، جاداواکارم دڵی هه‌ندێك له‌و خه‌ڵکه که‌مه‌ندکێش بکه‌یت بۆ لایان و له ڕزق و ڕۆزی جۆراو جۆر به‌هره‌مه‌ندیان بکه‌یت، بۆئه‌وه‌ی سوپاسگوزاری بکه‌ن.

ئەی پەروەردگارمان ھەندێک لە زوڕییەت و مناڵەکانم کە ئیسماعیل و نەوەکانیەتی لەم شیوە وشکەی مەککە لای ماڵە پیرۆزەکەت نیشتەجێکردووە کە ھیچ کشتوکاڵ و ئاوێکی لێ نییە، ئەی پەروەردگارمان لە لای ئەو ماڵە پیرۆزە نیشتەجێم کردوون تاوەکو نوێژەکان بەڕێک و پێکی تێدا ئەنجام بدەن، ئەی پەروەردگارمان دەی تۆیش دڵی خەڵکی ڕابکێشە بۆ لای ئەوان و ئەم شارە، وە لەبەروبوم و میوەجاتی ئەم شارە ڕزق و ڕۆزییان بدە، بەڵکو شوکر و سوپاسی ئەو نیعمەت و بەخششانەت بکەن کە ڕژاندووتە بەسەریاندا.

38

رَبَّنَآ إِنَّكَ تَعْلَمُ مَا نُخْفِى وَمَا نُعْلِنُ ۗ وَمَا يَخْفَىٰ عَلَى ٱللَّهِ مِن شَىْءٍۢ فِى ٱلْأَرْضِ وَلَا فِى ٱلسَّمَآءِ

په‌روه‌ردگارا، به‌ڕاستی تۆ ده‌زانیت چی ده‌شارینه‌وه و چی ئاشکرا ده‌که‌ین (له کارو کرده‌وه‌مان) و هیچ شتێك له زه‌وی و له ئاسماندا له خوای گه‌وره په‌نهان نابێت.

ئەی پەروەردگارمان بەڕاستی تۆ ئاگاداری ھەموو ئەو شتانەیت دەیشارینەوە، وە ئەوەیشی دەریدەخەین و ئاشکرای دەکەین، وە ھیچ شتێک نییە لە ئاسمانەکان و زەویدا لە خوای گەورە نھێنی و شاراوە بێت، بەڵکو ئاگاداری ھەموویەتی، ھەژاری و پێداویستیەکانی ئێمە بە ئەو شاراوە نییە لای و ئاگادارە پێی.

39

ٱلْحَمْدُ لِلَّهِ ٱلَّذِى وَهَبَ لِى عَلَى ٱلْكِبَرِ إِسْمَٰعِيلَ وَإِسْحَٰقَ ۚ إِنَّ رَبِّى لَسَمِيعُ ٱلدُّعَآءِ

سوپاس و ستایش بۆ ئه‌و خوایه‌ی که له ته‌مه‌نی پیریدا ئیسماعیل و ئیسحاقی پێ به‌خشیم، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارم بیسه‌ری دوعا و نزایه‌.

سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی کە نزا و پاڕانەوەکانی گیرا کردم و نەوەی چاکی پێبەخشیم، بە پیری ئیسماعیلی لە ھاجەرە و ئیسحاقیشی لە سارە پێبەخشیم، بێگومان پەروەردگارم (سبحانە و تعالی) ھاوار و پاڕانەوەی نزاکاران دەبیستێ.

40

رَبِّ ٱجْعَلْنِى مُقِيمَ ٱلصَّلَوٰةِ وَمِن ذُرِّيَّتِى ۚ رَبَّنَا وَتَقَبَّلْ دُعَآءِ

په‌روه‌ردگارا، خۆم و نه‌وه‌کانم بگێڕه له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌نجامده‌ری نوێژ بین به‌چاکی، په‌روه‌ردگارا، دوعاو نزام گیرا بکه‌.

ئەی پەروەردگارم، وام لێ بکە بە جوانترین شێوە نوێژەکانم ئەنجام بدەم، وە وایش لە نەوەکانم بکە ئەوانیش بە جوانترین شێوە ئەنجامی بدەن، ئەی پەروەردگارم ، نزا و پاڕانەوەکانم گیرا بکە.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.