Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 31–40 of 111

31

فَلَمَّا سَمِعَتْ بِمَكْرِهِنَّ أَرْسَلَتْ إِلَيْهِنَّ وَأَعْتَدَتْ لَهُنَّ مُتَّكَـًۭٔا وَءَاتَتْ كُلَّ وَٰحِدَةٍۢ مِّنْهُنَّ سِكِّينًۭا وَقَالَتِ ٱخْرُجْ عَلَيْهِنَّ ۖ فَلَمَّا رَأَيْنَهُۥٓ أَكْبَرْنَهُۥ وَقَطَّعْنَ أَيْدِيَهُنَّ وَقُلْنَ حَٰشَ لِلَّهِ مَا هَٰذَا بَشَرًا إِنْ هَٰذَآ إِلَّا مَلَكٌۭ كَرِيمٌۭ

جا کاتێك ژنه‌که‌ی عه‌زیزی میسر توانج و پلاره‌که‌ی ئه‌وانی بیست، ئه‌ویش ناردی به شوێنیانداو جێگه‌یه‌کی خۆشی بۆ ئاماده کردن، چه‌قۆشی دایه ده‌ستی هه‌ریه‌که‌یان، ئینجا فه‌رمانیدا به یوسف و وتی: ئاده‌ی وه‌ره ده‌ره‌وه بۆ لایان (با بتبینن) و جا کاتێك بینیان به گه‌وره‌و گرنگیان زانیو (الله اکبر) یان بۆ کردو به بێئاگایی ده‌ستی خۆیان بڕی وتیشیان: پاکی و بێگه‌ردی ودووری له هه‌موو ناته‌واویه‌ك شایسته‌ی خوایه که ئه‌مه‌ی دروست کردووه‌! ئه‌مه به‌شه‌ر نیه‌، ته‌نها فریشته‌یه‌کی جوان و به‌ڕێزه و هیچی تر نیه‌.

[ فَلَمَّا سَمِعَتْ بِمَكْرِهِنَّ أَرْسَلَتْ إِلَيْهِنَّ ] كاتێك ئه‌میش قسه‌ی ئافره‌تانی شاری بیست ناردی به‌ شوێنیاندا، كه‌ وتراوه‌: ئه‌وانیش مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بووه‌ به‌هۆی ئه‌م قسه‌یه‌وه‌ بگه‌نه‌ كۆشك و یوسف ببینن [ وَأَعْتَدَتْ لَهُنَّ مُتَّكَأً ] وه‌ جێگاو خواردنی بۆ ئاماده‌ كردن [ وَآتَتْ كُلَّ وَاحِدَةٍ مِنْهُنَّ سِكِّينًا ] وه‌ میوه‌ی بۆ دانان و هه‌ر یه‌كێك له‌وانیش چه‌قۆیه‌كی دایه‌ ده‌ستیانه‌وه‌ [ وَقَالَتِ اخْرُجْ عَلَيْهِنَّ ] ئه‌و كاته‌ وتی: ئه‌ی یوسف وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لایان ( كه‌ ئه‌مه‌یش كه‌مته‌رخه‌می مێرده‌كه‌ی بووه‌ كه‌ دووباره‌ یوسفی - صلی الله علیه وسلم - له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌و ماڵه‌دا هێشتۆته‌وه‌) [ فَلَمَّا رَأَيْنَهُ أَكْبَرْنَهُ ] كاتێك ئافره‌تان یوسفیان بینی زۆر به‌لایانه‌وه‌ گه‌وره‌و جوان بوو وه‌ سه‌ریان سوڕما (نیوه‌ی جوانی دونیا به‌ خۆى و دایكی به‌خشرابوو) [ وَقَطَّعْنَ أَيْدِيَهُنَّ ] وه‌ ئاگایان له‌ خۆیان نه‌ماو ده‌ستی خۆیان بڕی (ئافره‌ته‌كه‌ وتى: ئێوه‌ به‌ ته‌نها بینینێكى واتان به‌سه‌رهات ئیتر بۆ لۆمه‌ى من ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌ژیم؟!) [ وَقُلْنَ حَاشَ لِلَّهِ ] وه‌ وتیان: پاك و مونه‌ززه‌هی بۆ خوای گه‌وره‌، یان په‌نا به‌خواى گه‌وره‌ [ مَا هَذَا بَشَرًا ] به‌ڕاستی ئه‌مه‌ مرۆڤـ نیه‌و جوانییه‌كه‌ی بێ وێنه‌یه‌ [ إِنْ هَذَا إِلَّا مَلَكٌ كَرِيمٌ (٣١) ] ئه‌مه‌ هیچ شتێك نیه‌ ته‌نها فریشته‌یه‌كی زۆر جوان و به‌ڕێز نه‌بێ.

32

قَالَتْ فَذَٰلِكُنَّ ٱلَّذِى لُمْتُنَّنِى فِيهِ ۖ وَلَقَدْ رَٰوَدتُّهُۥ عَن نَّفْسِهِۦ فَٱسْتَعْصَمَ ۖ وَلَئِن لَّمْ يَفْعَلْ مَآ ءَامُرُهُۥ لَيُسْجَنَنَّ وَلَيَكُونًۭا مِّنَ ٱلصَّٰغِرِينَ

ئینجا ژنه‌که وتی: ئه‌وه ئه‌و که‌سه‌یه که ئێوه لۆمه‌و سه‌رزه‌نشتی منتان ده‌کرد له باره‌یه‌وه و سوێند به‌خوا بێگومان من هه‌وڵمدا له خشته‌ی به‌رم، که‌چی ئه‌و هه‌ر خۆی گرت و پاك وخاوێنی ویست، سوێند به خوا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی من فه‌رمانی پێده‌ده‌م نه‌یکات، ئه‌وه به‌ڕاستی به‌ند ده‌کرێت و زه‌لیل ده‌بێت و به‌که‌م ته‌ماشا ده‌کرێت.

[ قَالَتْ فَذَلِكُنَّ الَّذِي لُمْتُنَّنِي فِيهِ ] ئافره‌ته‌كه‌ وتی: ئا ئه‌مه‌ ئه‌و كوڕه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ لۆمه‌تان كردم له‌سه‌ری [ وَلَقَدْ رَاوَدْتُهُ عَنْ نَفْسِهِ فَاسْتَعْصَمَ ] وه‌ دانى پێدا ده‌نێت كه‌ من داوام لێ كرد كه‌ بێت له‌گه‌ڵمدا كاری خراپه‌ بكات به‌ڵام ئه‌و خۆی پاراست وه‌ كاری خراپی له‌گه‌ڵمدا نه‌كرد (ئه‌مه‌ شایه‌تیدانه‌ بۆ پاكێتى یوسف له‌لایه‌ن ئافره‌ته‌كه‌وه‌) [ وَلَئِنْ لَمْ يَفْعَلْ مَا آمُرُهُ لَيُسْجَنَنَّ ] وه‌ دووباره‌ داوای ئه‌وه‌ی لێ ئه‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی نه‌دات له‌گه‌ڵمدا ئه‌بێ بیخه‌مه‌ سجنه‌وه‌ [ وَلَيَكُونًا مِنَ الصَّاغِرِينَ (٣٢) ] وه‌ ئه‌بێ زه‌لیل و ڕیسوا ببێ له‌ناو سجندا.

33

قَالَ رَبِّ ٱلسِّجْنُ أَحَبُّ إِلَىَّ مِمَّا يَدْعُونَنِىٓ إِلَيْهِ ۖ وَإِلَّا تَصْرِفْ عَنِّى كَيْدَهُنَّ أَصْبُ إِلَيْهِنَّ وَأَكُن مِّنَ ٱلْجَٰهِلِينَ

یوسف که‌ئه‌مه‌ی بیست وتی: په‌روه‌ردگارم من زیندانم له‌لا خۆشه‌ویستره له‌وه‌ی که ئه‌وان بانگم ده‌که‌ن بۆی، خۆ ئه‌گه‌ر له فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی ئه‌وانه ڕزگارم نه‌که‌یت و پیلان و نه‌خشه‌کانیان ده‌ربازم نه‌که‌یت و لام نه‌ده‌یت، له‌وانه‌یه منیش مه‌یلم بۆ دروست ببێت و ئاره‌زوویان بکه‌م پاشان بچمه ڕیزی نه‌فام و گوناهبارانه‌وه‌.

{یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - بەندینخانە هەڵدەبژێرێت بەسەر تاواندا}

[ قَالَ رَبِّ السِّجْنُ أَحَبُّ إِلَيَّ مِمَّا يَدْعُونَنِي إِلَيْهِ ] یوسف - صلی الله علیه وسلم - له‌ ترسى خواى گه‌وره‌و ئومێدى پاداشته‌كه‌ى به‌ند كردنى هه‌ڵبژارد به‌سه‌ر تاوان كردندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌وپه‌ڕى گه‌نجێتى و جوانێتیدا بوو، وه‌ ئافره‌ته‌كه‌یش له‌وپه‌ڕى جوانى و ده‌وڵه‌مه‌ندى و ده‌سه‌ڵاتدا بوو، فه‌رمووی: ئه‌ی په‌روه‌ردگار سجن و به‌ند كردنم له‌لا خۆشه‌ویستره‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان بانگی منی بۆ ئه‌كه‌ن له‌ خراپه‌كارى، (ئه‌میش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئافره‌تانی تریش به‌ كۆمه‌ڵ داوای ئه‌و كاره‌ خراپه‌یان لێ كردووه‌و له‌ دواتریش كه‌ پاشاكه‌ ئه‌ڵێ: [ قَالَ مَا خَطْبُكُنَّ إِذْ رَاوَدْتُنَّ يُوسُفَ عَنْ نَفْسِهِ ] (يُوسُف : ٥١) واته‌: ئێوه‌ هه‌مووتان به‌ كۆمه‌ڵ داواتان له‌ یوسف - صلی الله علیه وسلم - كرد كه‌ كاری خراپتان له‌گه‌ڵدا بكات [ وَإِلَّا تَصْرِفْ عَنِّي كَيْدَهُنَّ أَصْبُ إِلَيْهِنَّ ] ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌گه‌ر فڕوفێڵ و نه‌خشه‌و پیلانی ئه‌وانم له‌سه‌ر لاناده‌ی له‌وانه‌یه‌ منیش مه‌یلم به‌لایاندا بچێ [ وَأَكُنْ مِنَ الْجَاهِلِينَ (٣٣) ] ئه‌و كاته‌ له‌ خه‌ڵكی نه‌زان و نه‌فام بكه‌م، له‌ خۆی ترساو په‌نای بۆ خوای گه‌وره‌ بردو خوای گه‌وره‌یش په‌نای دا.

34

فَٱسْتَجَابَ لَهُۥ رَبُّهُۥ فَصَرَفَ عَنْهُ كَيْدَهُنَّ ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلْعَلِيمُ

جا په‌روه‌ردگاری به هانایه‌وه چوو نزاکه‌ی گیرا کردو له ته‌ڵه‌که و فێڵی ژنان پاڕاستی و لایدا، چونکه به‌ڕاستی هه‌ر ئه‌وزاته بیسه‌ری نزاکانه و زانایه (به دڵ و ده‌روونه‌کان).

[ فَاسْتَجَابَ لَهُ رَبُّهُ ] په‌روه‌ردگارى وه‌ڵامی دایه‌وه‌و پاراستی له‌ نه‌خشه‌و پیلانی ئه‌وان [ فَصَرَفَ عَنْهُ كَيْدَهُنَّ ] وه‌ نه‌خشه‌و پیلانی ئه‌وانی لێ دوورخسته‌وه‌و لێی لایدا [ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (٣٤) ] به‌ راستى خوای گه‌وره‌ زۆر بیسه‌ره‌ بۆ دوعاو پاڕانه‌وه‌، وه‌ زۆر زانایه‌ به‌حاڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ په‌نا بۆ خوای گه‌وره‌ ئه‌به‌ن (ئێستایش هه‌ركه‌سێك بانگ بكرێت بۆ زیناو له‌ترسى خواى گه‌وره‌ نه‌یكات له‌ رۆژى قیامه‌ت له‌ژێر سێبه‌رى عه‌رشى خواى گه‌وره‌دا ده‌بێت).

35

ثُمَّ بَدَا لَهُم مِّنۢ بَعْدِ مَا رَأَوُا۟ ٱلْءَايَٰتِ لَيَسْجُنُنَّهُۥ حَتَّىٰ حِينٍۢ

پاشان، له دوای ئه‌وه‌ی که به‌ڵگه‌ی زۆریان بینی له‌سه‌ر یوسف، بۆیان ده‌رکه‌وت و وایان به چاك زانی تا ماوه‌یه‌ك هه‌ر به‌ندی بکه‌ن.

[ ثُمَّ بَدَا لَهُمْ مِنْ بَعْدِ مَا رَأَوُا الْآيَاتِ لَيَسْجُنُنَّهُ حَتَّى حِينٍ (٣٥) ] پاشان بۆیان ده‌ركه‌وت له‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و نیشانانه‌یان بینی له‌سه‌ر پاكێتی یوسف، له‌ دڕاندى قه‌میسه‌كه‌ی یان شایه‌تی دانه‌كه‌، یان ده‌ستبڕینی خۆیان دوای ئه‌وه‌ بڕیاریان دا كه‌ بیخه‌نه‌ به‌ندینخانه‌وه‌ تا كاتێكی نادیار.

36

وَدَخَلَ مَعَهُ ٱلسِّجْنَ فَتَيَانِ ۖ قَالَ أَحَدُهُمَآ إِنِّىٓ أَرَىٰنِىٓ أَعْصِرُ خَمْرًۭا ۖ وَقَالَ ٱلْءَاخَرُ إِنِّىٓ أَرَىٰنِىٓ أَحْمِلُ فَوْقَ رَأْسِى خُبْزًۭا تَأْكُلُ ٱلطَّيْرُ مِنْهُ ۖ نَبِّئْنَا بِتَأْوِيلِهِۦٓ ۖ إِنَّا نَرَىٰكَ مِنَ ٱلْمُحْسِنِينَ

ئه‌وسا دوو لاوی تریش به‌تاوانی جیا جیا له‌گه‌ڵ یوسفدا خرانه به‌ندیخانه‌وه‌، (هه‌ریه‌که‌یان خه‌وێکی بینی بوو) یه‌کێکیان وتی: بێگومان من خۆمم ده‌بینی له خه‌ومدا ترێم ده‌گوشی و شه‌رابم لێ دروست ده‌کرد، ئه‌وی تریشیان وتی: به‌ڕاستی من خۆمم ده‌بینی له خه‌ومدا که نانم به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه هه‌ڵده‌گرت باڵنده لێی ده‌خوارد، ئاگادارمان بکه به‌لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌، چونکه به‌ڕاستی ئێمه ده‌بینین تۆ له چاکه خوازانیت و (شاره‌زای له لێکدانه‌وه‌ی خه‌ودا).....

{بەسەرهاتی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - لەگەڵ دوو هاوەڵەكەی بەندینخانەی}

[ وَدَخَلَ مَعَهُ السِّجْنَ فَتَيَانِ ] دوو گه‌نجیش له‌گه‌ڵیدا خرانه‌ به‌ندینخانه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان نانه‌وای پاشا بووه‌و ئه‌وه‌ی تریشیان خه‌مرو مه‌ی بۆ پاشا دروست كردووه‌و پێی داوه‌، (پاشا گومانى ئه‌وه‌ى پێ بردوون كه‌ ژه‌هر بكه‌نه‌ ناو خواردنه‌كه‌یه‌وه‌ بۆیه‌ به‌ندى كردوون) [ قَالَ أَحَدُهُمَا إِنِّي أَرَانِي أَعْصِرُ خَمْرًا ] زانیان كه‌ یوسف - صلی الله علیه وسلم - له‌ لێكدانه‌وه‌ی خه‌و ئه‌زانێ یه‌كێكیان وتی: من له‌ خه‌ودا بینیم كه‌ ترێ ئه‌گوشم و مه‌ی لێ دروست ئه‌كه‌م بۆ پاشا [ وَقَالَ الْآخَرُ إِنِّي أَرَانِي أَحْمِلُ فَوْقَ رَأْسِي خُبْزًا تَأْكُلُ الطَّيْرُ مِنْهُ ] وه‌ ئه‌وه‌ی تریان وتی: من له‌ خه‌ودا بینیم كه‌ نان له‌ بان سه‌رمه‌و هه‌ڵمگرتووه‌و باڵنده‌ش دێت له‌و نانه‌ ئه‌خوات [ نَبِّئْنَا بِتَأْوِيلِهِ إِنَّا نَرَاكَ مِنَ الْمُحْسِنِينَ (٣٦) ] تۆ هه‌واڵی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونانه‌مان بۆ بكه‌ ئێمه‌ وا ئه‌بینین كه‌ تۆ له‌ چاكه‌كارانی له‌ لێكدانه‌وه‌ی خه‌و، یان چاكه‌كاری به‌رامبه‌ر به‌ به‌ندیه‌كان.

37

قَالَ لَا يَأْتِيكُمَا طَعَامٌۭ تُرْزَقَانِهِۦٓ إِلَّا نَبَّأْتُكُمَا بِتَأْوِيلِهِۦ قَبْلَ أَن يَأْتِيَكُمَا ۚ ذَٰلِكُمَا مِمَّا عَلَّمَنِى رَبِّىٓ ۚ إِنِّى تَرَكْتُ مِلَّةَ قَوْمٍۢ لَّا يُؤْمِنُونَ بِٱللَّهِ وَهُم بِٱلْءَاخِرَةِ هُمْ كَٰفِرُونَ

یوسف وتی: (من ته‌نها لێکدانه‌وه‌ی خه‌ون نازانم به‌ڵکو جگه له‌وه‌ش) هیچ خواردنێکتان بۆ نایه‌ت که ده‌رخواردتان بدرێت که من نه‌زانم چیه و چۆنه پێش ئه‌وه‌ی بگاته لاتان (ئه‌مه‌ش ئازایه‌تی خۆم نیه‌) به‌ڵکو ئه‌وه هه‌ندێکه له‌وه‌ی په‌روه‌ردگارم فێری کردووم و بزانن به‌ڕاستی من به‌رنامه‌ی قه‌ومێکم واز لێهێناوه که باوه‌ڕ به خوا ناهینن و هه‌میشه بڕوایان به قیامه‌تیش نی یه‌.

[ قَالَ لَا يَأْتِيكُمَا طَعَامٌ تُرْزَقَانِهِ إِلَّا نَبَّأْتُكُمَا بِتَأْوِيلِهِ قَبْلَ أَنْ يَأْتِيَكُمَا ] فه‌رمووی: هیچ خواردنێكتان له‌لایه‌ن پاشاوه‌ بۆ نایه‌ته‌ ناو به‌ندینخانه‌وه‌ ئیلا من پێتان ئه‌ڵێم كه‌ چ خواردنێكتان بۆ دێت پێش ئه‌وه‌ی كه‌ پێتان بگات، یاخود له‌ خه‌ودا بۆتان نایات ئیلا من پێتان ده‌ڵێم [ ذَلِكُمَا مِمَّا عَلَّمَنِي رَبِّي ] ئا ئه‌مه‌ په‌روه‌ردگارم فێری كردوم (تا پێیان بڵێ كه‌ من پێغه‌مبه‌ری خوام و وه‌حیم بۆ هاتووه‌و ئه‌مه‌ سیحرو جادووگه‌ری و فاڵچێتی نیه‌) [ إِنِّي تَرَكْتُ مِلَّةَ قَوْمٍ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَهُمْ بِالْآخِرَةِ هُمْ كَافِرُونَ (٣٧) ] من قه‌ومێكم به‌جێ هێشتووه‌ كه‌ ئیمانیان به‌خوای گه‌وره‌ نیه‌ وه‌ ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌ ڕۆژی دوایی نیه‌.

38

وَٱتَّبَعْتُ مِلَّةَ ءَابَآءِىٓ إِبْرَٰهِيمَ وَإِسْحَٰقَ وَيَعْقُوبَ ۚ مَا كَانَ لَنَآ أَن نُّشْرِكَ بِٱللَّهِ مِن شَىْءٍۢ ۚ ذَٰلِكَ مِن فَضْلِ ٱللَّهِ عَلَيْنَا وَعَلَى ٱلنَّاسِ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يَشْكُرُونَ

به‌ڵکو شوێنی ئایین و به‌رنامه‌ی باو و باپیرانم ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب که‌وتووم، هه‌رگیز ڕه‌وا نی یه بۆ ئێمه هیچ جۆره شتێك بکه‌ینه هاوه‌ڵ و شه‌ریك بۆ خوا، ئه‌وه‌ش له فه‌زڵ و ڕێزی تایبه‌تی خوایی یه له‌سه‌ر ئێمه و له‌سه‌ر خه‌ڵکیش، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌ی خه‌ڵکی سوپاسگوزاری ناکه‌ن.

[ وَاتَّبَعْتُ مِلَّةَ آبَائِي إِبْرَاهِيمَ وَإِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ ] وه‌ من شوێن دین و بیروباوه‌ڕی باوك و باپیرانم كه‌وتووم ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب كه‌ هه‌موویان پێغه‌مبه‌ر بوونه‌ [ مَا كَانَ لَنَا أَنْ نُشْرِكَ بِاللَّهِ مِنْ شَيْءٍ ] ئێمه‌ بۆمان نیه‌ هیچ جۆره‌ شه‌ریكێك بۆ خوای گه‌وره‌ بڕیار بده‌ین، (هیچ كه‌س بۆى نیه‌ به‌ڵام ئه‌مان به‌ تایبه‌ت چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر بوونه‌) [ ذَلِكَ مِنْ فَضْلِ اللَّهِ عَلَيْنَا وَعَلَى النَّاسِ ] ئه‌مه‌ فه‌زڵ و چاكه‌ی خوای گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر ئێمه‌و تێكڕای خه‌ڵكی به‌وه‌ی پێغه‌مبه‌رانی بۆ ناردوون [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَشْكُرُونَ (٣٨) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی شوكرانه‌بژێری نازو نیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ ناكه‌ن.

39

يَٰصَىٰحِبَىِ ٱلسِّجْنِ ءَأَرْبَابٌۭ مُّتَفَرِّقُونَ خَيْرٌ أَمِ ٱللَّهُ ٱلْوَٰحِدُ ٱلْقَهَّارُ

(ئه‌وسا ڕووی تێکردن وتی): ئه‌ی هاوه‌ڵانی زیندانم، ئایا چه‌ند خوایه‌کی هه‌مه جۆر و جیاوازی (بپه‌رسترێن)چاکترن، یاخود خوایه‌کی تاك و ته‌نها و زاڵ به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا؟

[ يَا صَاحِبَيِ السِّجْنِ أَأَرْبَابٌ مُتَفَرِّقُونَ خَيْرٌ ] پاشان یوسف - صلی الله علیه وسلم - رووی كرده‌ ئه‌و دوو گه‌نجه‌و بانگى كردن بۆ یه‌كخواپه‌رستى و فه‌رمووى: ئه‌ی هه‌ردوو هاوه‌ڵه‌كه‌ی به‌ندینخانه‌م ئایا كۆمه‌ڵێك په‌روه‌ردگاری لێك جیاواز باشتره‌ كه‌ ئێوه‌ ئه‌یانپه‌رستن [ أَمِ اللَّهُ الْوَاحِدُ الْقَهَّارُ (٣٩) ] یاخود ته‌نها خوایه‌ك كه‌ الله یه‌و تاك و ته‌نهاو باڵاده‌ست و به‌توانایه‌.

40

مَا تَعْبُدُونَ مِن دُونِهِۦٓ إِلَّآ أَسْمَآءًۭ سَمَّيْتُمُوهَآ أَنتُمْ وَءَابَآؤُكُم مَّآ أَنزَلَ ٱللَّهُ بِهَا مِن سُلْطَٰنٍ ۚ إِنِ ٱلْحُكْمُ إِلَّا لِلَّهِ ۚ أَمَرَ أَلَّا تَعْبُدُوٓا۟ إِلَّآ إِيَّاهُ ۚ ذَٰلِكَ ٱلدِّينُ ٱلْقَيِّمُ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ

جا هه‌رچی ئێوه ده‌یپه‌رستن جگه له خوا، ته‌نها خۆتان و باو و باپیرانتان ناوتان لێناون (ته‌نها ناون و ناوه‌ڕۆکیان نی یه‌)، هه‌رگیز خوا به‌وه ڕازی نی یه و، هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیشی ڕه‌وانه نه‌کردووه له‌سه‌ر په‌سه‌ند کردنیان، به‌ڕاستی حوکم و فه‌رمانڕه‌وایی جگه له خوا شایسته‌ی که‌سی تر نی یه‌، فه‌رمانیشی داوه جگه له خۆی که‌سی تر نه‌په‌رستن، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئایین و به‌رنامه‌ی په‌سه‌ند و ڕاست و دروست و به‌نرخ، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م ڕاستیانه نازانن و لێی بێ ئاگان.

{بانگەواز كردنی دوو هاوەڵەكەی بەندینخانە بۆ یەكخواپەرستی}

[ مَا تَعْبُدُونَ مِنْ دُونِهِ إِلَّا أَسْمَاءً سَمَّيْتُمُوهَا أَنْتُمْ وَآبَاؤُكُمْ ] ئێوه‌ هیچ شتێك ناپه‌رستن له‌ غه‌یری خوای گه‌وره‌ ته‌نها كۆمه‌ڵێك ناو نه‌بێت كه‌ ئێوه‌ خۆتان و باوك و باپیرانتان ناوتان ناوه‌ [ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ بِهَا مِنْ سُلْطَانٍ ] خوای گه‌وره‌ هیچ به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ناوانه‌و په‌رستنی ئه‌و شتانه‌ نه‌ناردۆته‌ خواره‌وه‌، (هه‌موو ئه‌و دارو به‌ردانه‌ى كه‌ ده‌په‌رسترێن و خه‌ڵكى ده‌چنه‌ سه‌ریان و هه‌ر یه‌كه‌یان ناوێكى هه‌یه‌ هه‌مووى خه‌ڵكى خۆیان ناویان ناون و هیچ به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر نیه‌) [ إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّهِ ] حوكم و بڕیاردان ته‌نها بۆ خوای گه‌وره‌یه‌ [ أَمَرَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ ] خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی كردووه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك نه‌په‌رستن ته‌نها خوای گه‌وره‌ نه‌بێ به‌تاك و ته‌نهاو شه‌ریكی بۆ دانه‌نێن [ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ ] ئا ئه‌مه‌ دینی ڕاست و دامه‌زراوه‌ كه‌ خواى گه‌وره‌ به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر ناردۆته‌ خواره‌وه‌و فه‌رمانى پێكردووه‌ [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ (٤٠) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م شته‌ نازانن.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.