Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 81–90 of 111

81

ٱرْجِعُوٓا۟ إِلَىٰٓ أَبِيكُمْ فَقُولُوا۟ يَٰٓأَبَانَآ إِنَّ ٱبْنَكَ سَرَقَ وَمَا شَهِدْنَآ إِلَّا بِمَا عَلِمْنَا وَمَا كُنَّا لِلْغَيْبِ حَٰفِظِينَ

بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای باوکتان و پێ بڵێن: ئه‌ی باوکی به‌ڕێزمان، بێگومان کوڕه‌که‌ت دزی کردوو ئێمه ئاگامان لێ نه‌بووه‌، جگه له‌وه‌ی که زانیومانه‌، ئێمه له شاراوه و نهێنیه‌کان شاره‌زا نین (نازانین ئه‌و کوڕه بۆ وای کرد).

[ ارْجِعُوا إِلَى أَبِيكُمْ فَقُولُوا يَا أَبَانَا إِنَّ ابْنَكَ سَرَقَ ] ئێوه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای باوكتان بڵێن: ئه‌ی باوكه‌ ئه‌م كوڕه‌ی تۆ دزی كردووه‌ [ وَمَا شَهِدْنَا إِلَّا بِمَا عَلِمْنَا ] وه‌ به‌چاوی خۆمان نه‌مان بینیوه‌ دزی بكات ته‌نها كاتێك زانیمان كه‌ صاعه‌كه‌یان له‌ناو باره‌كه‌یدا ده‌ركرد [ وَمَا كُنَّا لِلْغَيْبِ حَافِظِينَ (٨١) ] وه‌ ئێمه‌یش شتێك كه‌ غه‌یب و نادیار بێت ئاگاداری نین تا بۆمان ده‌ركه‌وێ، واته‌: كاتێك كه‌ ئه‌م دزی كردبێت مه‌گه‌ر ئێمه‌ خه‌وتبێتین ئاگامان لێ نه‌بووه‌.

82

وَسْـَٔلِ ٱلْقَرْيَةَ ٱلَّتِى كُنَّا فِيهَا وَٱلْعِيرَ ٱلَّتِىٓ أَقْبَلْنَا فِيهَا ۖ وَإِنَّا لَصَٰدِقُونَ

(حه‌ز ده‌که‌یت، له خه‌ڵکی) ئه‌و شاره‌ش بپرسه که ئێمه‌ی لێ بووین، له‌و کاروانه‌ش بپرسه که ئێمه‌ی تێدا بووین و پیکه‌وه هاتینه‌وه ئێمه به‌دڵنیایه‌وه ڕاست ده‌ڵێن و ڕاستگۆشین.

[ وَاسْأَلِ الْقَرْيَةَ الَّتِي كُنَّا فِيهَا ] وه‌ پرسیار بكه‌ له‌ خه‌ڵكی میصر كه‌ ئێمه‌ له‌وێ بووینه‌ [ وَالْعِيرَ الَّتِي أَقْبَلْنَا فِيهَا وَإِنَّا لَصَادِقُونَ (٨٢) ] وه‌ ئه‌و كاروانه‌یشی كه‌ له‌گه‌ڵیاندا هاتین پرسیار له‌وانیش بكه‌ كه‌ ئێمه‌ ڕاستگۆین له‌و قسانه‌ی كه‌ ئه‌یكه‌ین كه‌ دزی كردووه‌و بردوویانه‌.

83

قَالَ بَلْ سَوَّلَتْ لَكُمْ أَنفُسُكُمْ أَمْرًۭا ۖ فَصَبْرٌۭ جَمِيلٌ ۖ عَسَى ٱللَّهُ أَن يَأْتِيَنِى بِهِمْ جَمِيعًا ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلْعَلِيمُ ٱلْحَكِيمُ

(کاتێك کوڕه‌کان گه‌یشتنه‌وه لای باوکیان و به‌سه‌رهاته‌که‌یان بۆ گێڕایه‌وه‌) وتی: (وانیه‌) به‌ڵکو دیسانه‌وه خۆتان پیلانێکی ترتان ڕێك خستووه‌، جا چارم نیه خۆگریه‌کی جوان نه‌بێت، ئومێده په‌روه‌ردگار هه‌موویانم بۆ بهێنێته‌وه و به‌هه‌موویان شاد ببم، به‌ڕاستی ئه‌و زاته زاناو دانایه‌.

[ قَالَ بَلْ سَوَّلَتْ لَكُمْ أَنْفُسُكُمْ أَمْرًا ] كاتێك كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌و بۆ یه‌عقوبیان - صلی الله علیه وسلم - گێڕایه‌وه‌ فه‌رمووی: به‌ڵكو ئه‌مه‌ نه‌فستان ئه‌م ئیشه‌ی بۆ جوان كردوون و ڕازاندۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵێن: كوڕه‌كه‌ دزی كردووه‌ له‌ حه‌قیقه‌تدا ئه‌و دزی نه‌كردووه‌ [ فَصَبْرٌ جَمِيلٌ ] فه‌رمووی: صه‌برو ئارامگرتنێكی جوان ئارام ئه‌گرم كه‌ هیچ گله‌یی و گازنده‌یه‌كی تیا نه‌بێت له‌ خوای گه‌وره‌ [ عَسَى اللَّهُ أَنْ يَأْتِيَنِي بِهِمْ جَمِيعًا ] به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ هه‌موویانم بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ [ إِنَّهُ هُوَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ (٨٣) ] به‌دڵنیایى هه‌ر خوای گه‌وره‌ زۆر زاناو كاربه‌جێیه‌.

84

وَتَوَلَّىٰ عَنْهُمْ وَقَالَ يَٰٓأَسَفَىٰ عَلَىٰ يُوسُفَ وَٱبْيَضَّتْ عَيْنَاهُ مِنَ ٱلْحُزْنِ فَهُوَ كَظِيمٌۭ

(ئه‌وسا چووه که‌نارێکه‌وه‌) و لێیان دوور که‌وته‌وه‌و (به‌ده‌م هه‌ناسه‌ی ساردو ئه‌سرینه‌وه‌) وتی: ئه‌ی داخم بۆ یوسفی نازدار، (له دڵم ده‌رناچێت یوسفی جوان خاس و خوا ناسم ئه‌وه‌نده گریاو فرمێسکی هه‌ڵوه‌ران)، چاوه‌کانی سپی هه‌ڵگه‌ڕاو ئاوی سپی تێزاو بینینی نه‌ما له ئاخ و داخ و خه‌فه‌ت و ئێشدا، هه‌ر خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی ده‌خوارده‌وه‌.

[ وَتَوَلَّى عَنْهُمْ وَقَالَ يَا أَسَفَى عَلَى يُوسُفَ ] پشتی تێ كردن و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بڕین و دیسانه‌وه‌ خه‌فه‌تی بۆ یوسف - صلی الله علیه وسلم - خوارد (له‌ كاتى به‌ڵاو موصیبه‌تدا وتنى: إنا لله وإنا إليه راجعون ته‌نها به‌م ئوممه‌ته‌ به‌خشراوه‌ ئه‌گه‌ر نا ده‌بوایه‌ یه‌عقوب واى بوتایه‌) [ وَابْيَضَّتْ عَيْنَاهُ مِنَ الْحُزْنِ ] وه‌ چاوی سپی بوو له‌ غه‌م و خه‌فه‌تداو ڕه‌شایی له‌ چاویدا نه‌ما [ فَهُوَ كَظِيمٌ (٨٤) ] وه‌ ئه‌و غه‌م و خه‌فه‌تی خۆی ئه‌شارده‌وه‌و بۆ كه‌سى ده‌رنه‌ئه‌بڕی.

85

قَالُوا۟ تَٱللَّهِ تَفْتَؤُا۟ تَذْكُرُ يُوسُفَ حَتَّىٰ تَكُونَ حَرَضًا أَوْ تَكُونَ مِنَ ٱلْهَٰلِكِينَ

(کوڕه‌کان به‌زه‌ییان به باوکیاندا هاته‌وه‌و) وتیان: سوێند به خوا تۆ هه‌ر واز ناهێنیت یادی یوسف ده‌که‌یت و ناوی ده‌به‌یت تا وات لێ دێت په‌کت ده‌که‌وێت یاخود تیا له تیاچوون ده‌بیت.

[ قَالُوا تَاللَّهِ تَفْتَأُ تَذْكُرُ يُوسُفَ ] وتیان: سوێند به‌ خوای گه‌وره‌ تۆ به‌رده‌وام بیری یوسف - صلی الله علیه وسلم - ئه‌كه‌یت و خه‌فه‌تی لێ ئه‌خۆی [ حَتَّى تَكُونَ حَرَضًا ] تا له‌ش و عه‌قڵت بێهێز ده‌بێت و له‌ناو ده‌چێت [ أَوْ تَكُونَ مِنَ الْهَالِكِينَ (٨٥) ] یان هه‌ر ئه‌مریت و تیا ئه‌چی ئه‌وه‌نده‌ خه‌فه‌ت ئه‌خۆیت و ئه‌وه‌نده‌ بۆی ئه‌گری (به‌زه‌ییان به‌ باوكیاندا هاته‌وه‌و ویستیان بێده‌نگى بكه‌ن).

86

قَالَ إِنَّمَآ أَشْكُوا۟ بَثِّى وَحُزْنِىٓ إِلَى ٱللَّهِ وَأَعْلَمُ مِنَ ٱللَّهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ

(له وه‌ڵامیاندا) وتی: به‌ڕاستی من باسی سکاڵا و غه‌م و په‌ژاره‌م هه‌ر بۆ لای خوا ده‌به‌م، ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم له لایه‌ن خواوه (له نه‌خشه و حیکمه‌ته‌کانی، له پێشهات و ڕووداوه‌کاندا) ئێوه نایزانن.

[ قَالَ إِنَّمَا أَشْكُو بَثِّي وَحُزْنِي إِلَى اللَّهِ ] (بَثّ) واته‌: ئه‌وپه‌ڕی غه‌م و خه‌فه‌ت و سه‌ختترینى، یه‌عقوب - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی: شه‌كواو گله‌یی و ئه‌وپه‌ڕى غه‌م و خه‌فه‌تى خۆم بۆ لای خوای گه‌وره‌ ده‌رئه‌بڕم [ وَأَعْلَمُ مِنَ اللَّهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ (٨٦) ] وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ من ئه‌یزانم ئێوه‌ نایزانن، له‌ ڕه‌حم و به‌زه‌یی خوای گه‌وره‌، یان پاداشت وه‌رگرتن له‌سه‌ر موسیبه‌ت، یاخود خوای گه‌وره‌ پێی وتووم و ئه‌زانم یوسف زیندووه‌، یان یوسف - صلی الله علیه وسلم - خه‌وه‌كه‌ی ڕاست بووه‌و هه‌ر ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌.

87

يَٰبَنِىَّ ٱذْهَبُوا۟ فَتَحَسَّسُوا۟ مِن يُوسُفَ وَأَخِيهِ وَلَا تَا۟يْـَٔسُوا۟ مِن رَّوْحِ ٱللَّهِ ۖ إِنَّهُۥ لَا يَا۟يْـَٔسُ مِن رَّوْحِ ٱللَّهِ إِلَّا ٱلْقَوْمُ ٱلْكَٰفِرُونَ

(دوای چه‌ند ڕۆژێك یه‌عقوب فه‌رمانیدا به‌کوڕه‌کانی) و وتی: کوڕه‌کانم بچنه‌وه و گوێ هه‌ڵخه‌ن بۆ یوسف و براکه‌ی، له سۆزو میهره‌بانی خوایش نائومێد مه‌بن، چونکه به‌ڕاستی که‌س نائومێد نابێت له سۆزو میهره‌بانی خوا جگه له که‌سانی خوانه‌ناس و بێ باوه‌ڕ.

{بێئومێد نەبوون لە ڕەحمەتی خوا}

[ يَا بَنِيَّ اذْهَبُوا فَتَحَسَّسُوا مِنْ يُوسُفَ وَأَخِيهِ ] ئه‌ی كوڕی خۆم بڕۆن بگه‌ڕێن به‌دوای یوسف و براكه‌یدا، (ته‌حه‌سوس) گه‌ڕانه‌ بۆ شتی چاك، (ته‌جه‌سوس) گه‌ڕانه‌ بۆ شتی خراپ [ وَلَا تَيْأَسُوا مِنْ رَوْحِ اللَّهِ ] وه‌ بێئومێد مه‌بن له‌ ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ [ إِنَّهُ لَا يَيْأَسُ مِنْ رَوْحِ اللَّهِ إِلَّا الْقَوْمُ الْكَافِرُونَ (٨٧) ] به‌ دڵنیایى هیچ كه‌سێك بێئومێد نابێت له‌ ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ ته‌نها كه‌سانێكی كافرو بێباوه‌ڕ نه‌بێت.

88

فَلَمَّا دَخَلُوا۟ عَلَيْهِ قَالُوا۟ يَٰٓأَيُّهَا ٱلْعَزِيزُ مَسَّنَا وَأَهْلَنَا ٱلضُّرُّ وَجِئْنَا بِبِضَٰعَةٍۢ مُّزْجَىٰةٍۢ فَأَوْفِ لَنَا ٱلْكَيْلَ وَتَصَدَّقْ عَلَيْنَآ ۖ إِنَّ ٱللَّهَ يَجْزِى ٱلْمُتَصَدِّقِينَ

کاتێك (گه‌شتنه میسر) و چوونه باره‌گای یوسف وتیان: جه‌نابی پاشا ئێمه و که‌س و کارمان نه‌هاتی و گرانی و کوێره‌وه‌ریی زۆرمان تووش هاتووه وکه‌ل و په‌لێکی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ و بێ نرخیشمان هێناوه‌، که‌واته چیمان پێویسته بۆمان بپێوه و خێریشمان پێ بکه‌، بێگومان خوا پاداشتی خێر خوازان ده‌داته‌وه‌.

[ فَلَمَّا دَخَلُوا عَلَيْهِ ] كاتێك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ میصر چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای یوسف - صلی الله علیه وسلم - [ قَالُوا يَا أَيُّهَا الْعَزِيزُ مَسَّنَا وَأَهْلَنَا الضُّرُّ ] وتیان: ئه‌ی عه‌زیزی میصر خۆمان و كه‌سوكارمان تووشی زه‌ره‌رو زیانێكی زۆر بووینه‌، له‌ بێ بارانی و وشكه‌ساڵی و نه‌بوونی [ وَجِئْنَا بِبِضَاعَةٍ مُزْجَاةٍ ] وه‌ شتومه‌كێكی خراپمان هێناوه‌ كه‌س لێمانی وه‌رناگرێ و لێمانی ناكڕێ [ فَأَوْفِ لَنَا الْكَيْلَ ] تۆ خواردنمان پێ بده‌ له‌به‌رامبه‌ریدا به‌ باشی و به‌ته‌واوی وه‌كو پێشتر [ وَتَصَدَّقْ عَلَيْنَا ] وه‌ چاكه‌شمان له‌گه‌ڵدا بكه‌و زیاترمان بده‌رێ، یاخود براكه‌مان بۆ بگه‌ڕێنه‌وه‌ [ إِنَّ اللَّهَ يَجْزِي الْمُتَصَدِّقِينَ (٨٨) ] به‌دڵنیایى خوای گه‌وره‌ پاداشتی ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌داته‌وه‌ كه‌ چاكه‌كارن و ئه‌به‌خشن.

89

قَالَ هَلْ عَلِمْتُم مَّا فَعَلْتُم بِيُوسُفَ وَأَخِيهِ إِذْ أَنتُمْ جَٰهِلُونَ

(ئینجا یوسف زانی کاتی ئه‌وه هاتووه که خۆی بناسێنێت بۆیه‌) وتی: ئایا زانیتان و له بیرتانه چیتان کرد به یوسف و به‌براکه‌ی کاتێك ئێوه نه‌فام بوون و ترسی خواتان له دڵدا نه‌بوو؟

{یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - خۆی بە براكانی دەناسێنێت}

[ قَالَ هَلْ عَلِمْتُمْ مَا فَعَلْتُمْ بِيُوسُفَ وَأَخِيهِ ] كه‌ یوسف - صلی الله علیه وسلم - براكانى باسى نه‌بوونى و حاڵى خراپى خۆیان كردو ئه‌میش بیرى باوكى كه‌وته‌وه‌و به‌زه‌یى پێیاندا هاته‌وه‌و خۆى ئاشكرا كردو فه‌رمووی: ئایا ئه‌زانن ئێوه‌ پێشتر چیتان به‌ یوسف و براكه‌ی كرد؟ [ إِذْ أَنْتُمْ جَاهِلُونَ (٨٩) ] كاتێك كه‌ ئێوه‌ نه‌زان بوون.

90

قَالُوٓا۟ أَءِنَّكَ لَأَنتَ يُوسُفُ ۖ قَالَ أَنَا۠ يُوسُفُ وَهَٰذَآ أَخِى ۖ قَدْ مَنَّ ٱللَّهُ عَلَيْنَآ ۖ إِنَّهُۥ مَن يَتَّقِ وَيَصْبِرْ فَإِنَّ ٱللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ ٱلْمُحْسِنِينَ

(هه‌موو به‌سه‌رسوڕمانه‌وه چاویان ئه‌بڵه‌ق بوو سه‌رنجیان داو) وتیان: ئایا به‌ڕاست، بۆچی تۆ یوسفیت؟! وتی: به‌ڵێ، من یوسفم و ئه‌مه‌ش (بنیامین) ی برامه، به‌ڕاستی خوای میهره‌بان ڕێزی لێناوین و به‌هره‌مه‌ندی کردووین، بێگومان ئه‌وه‌ی خۆپارێز بێت له گوناهو خۆگر بێت (له به‌رامبه‌ر پێشهاته‌کانه‌وه‌، خوای گه‌وره ده‌رووی لێ ده‌کاته‌وه‌) ئه‌وه به‌ڕاستی خوا پاداشتی چاکه‌کاران و چاکه‌خوازان به‌زایه نادات.

[ قَالُوا أَإِنَّكَ لَأَنْتَ يُوسُفُ ] وتیان: به‌ دڵنیایی تۆ یوسفی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ كه‌ ناوی یوسفی برد زانیان كه‌ ئه‌مه‌ خۆی یوسفه‌ و سه‌ریان سوڕما [ قَالَ أَنَا يُوسُفُ وَهَذَا أَخِي ] فه‌رمووی: به‌ڵێ من یوسفم و ئه‌میش بنیامینی برامه‌ [ قَدْ مَنَّ اللَّهُ عَلَيْنَا ] به‌ دڵنیایی خوای گه‌وره‌ نیعمه‌تی خۆی ڕژاند به‌سه‌رمانداو ڕزگاری كردین [ إِنَّهُ مَنْ يَتَّقِ وَيَصْبِرْ ] هه‌ر كه‌سێك ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكات و ئارام بگرێ [ فَإِنَّ اللَّهَ لَا يُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ (٩٠) ] ئه‌وا به‌دڵنیایى خوای گه‌وره‌ پاداشتی چاكه‌كاران نافه‌وتێنێت.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.