Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 51–60 of 111

51

قَالَ مَا خَطْبُكُنَّ إِذْ رَٰوَدتُّنَّ يُوسُفَ عَن نَّفْسِهِۦ ۚ قُلْنَ حَٰشَ لِلَّهِ مَا عَلِمْنَا عَلَيْهِ مِن سُوٓءٍۢ ۚ قَالَتِ ٱمْرَأَتُ ٱلْعَزِيزِ ٱلْـَٰٔنَ حَصْحَصَ ٱلْحَقُّ أَنَا۠ رَٰوَدتُّهُۥ عَن نَّفْسِهِۦ وَإِنَّهُۥ لَمِنَ ٱلصَّٰدِقِينَ

(پاشا ئه‌و ئافره‌تانه‌ی هه‌موو کۆکرده‌وه‌) پێی وتن: ئه‌وکاره گرنگه‌تان چی بوو کاتێك که‌وا ئێوه ویستتان یوسف له خشته به‌رن (ئایا ئه‌و هیچ تاوانێکی هه‌بوو؟) هه‌موو وتیان: په‌نا به‌خوا (ئێمه بوختانی بۆ بکه‌ین) ئێمه هیچ جۆره هه‌ڵه‌و ناشرینیه‌کمان لێ نه‌دیووه و نه‌زانیووه‌، (ژنه‌که‌ی عه‌زیزی میسر) وتی: ئا ئێسته ئیتر ڕاستی ڕوون و ئاشکرابوو (دان به‌ڕاستیدا ده‌نێم)، خه‌تای من بوو ده‌مویست له خشته‌ی به‌رم و به‌ڕاستی یوسف یه‌کێکه له ڕاستگۆیان.

{شایەتی دانی سێیەم بە پاكێتی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم -}

[ قَالَ مَا خَطْبُكُنَّ إِذْ رَاوَدْتُنَّ يُوسُفَ عَنْ نَفْسِهِ ] پاشا هه‌موو ئافره‌ته‌كانی كۆكرده‌وه‌و پێى وتن (مه‌به‌ستى خێزانه‌كه‌ى عه‌زیزى میصر بوو) ڕووداو و به‌سه‌رهاتی ئێوه‌ چی بوو كاتێك كه‌ داواتان له‌ یوسف كرد كه‌ خراپه‌تان له‌گه‌ڵدا بكات [ قُلْنَ حَاشَ لِلَّهِ مَا عَلِمْنَا عَلَيْهِ مِنْ سُوءٍ ] وتیان: پاك و مونه‌ززه‌هی بۆ خوای گه‌وره‌ هیچ خراپه‌یه‌كمان له‌ یوسف - صلی الله علیه وسلم - نه‌بینیوه‌ (ئه‌میش شایه‌تیدانى ئافره‌ته‌كانه‌ له‌سه‌ر پاكێتى یوسف - صلی الله علیه وسلم - )

{شایەتی دانی چوارەم بە پاكێتی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - }

[ قَالَتِ امْرَأَتُ الْعَزِيزِ الْآنَ حَصْحَصَ الْحَقُّ أَنَا رَاوَدْتُهُ عَنْ نَفْسِهِ ] خێزانه‌كه‌ی عه‌زیز وتی: ئێستا حه‌ق ده‌ركه‌وت و ئاشكرا بوو من بووم كه‌ داوام لێكرد كاری خراپه‌م له‌گه‌ڵدا بكات [ وَإِنَّهُ لَمِنَ الصَّادِقِينَ (٥١) ] وه‌ یوسف له‌ ڕاستگۆیانه‌ له‌و قسانه‌ی كه‌ كردوویه‌تی (ئه‌میش شایه‌تیدانى خێزانی عه‌زیزه‌ له‌سه‌ر پاكێتى یوسف - صلی الله علیه وسلم - ).

52

ذَٰلِكَ لِيَعْلَمَ أَنِّى لَمْ أَخُنْهُ بِٱلْغَيْبِ وَأَنَّ ٱللَّهَ لَا يَهْدِى كَيْدَ ٱلْخَآئِنِينَ

(ئینجا یوسف) وتی: ئه‌وه (بۆیه وام کرد) تا (پاشا) چاك بزانێت و دڵنیابێت به‌ڕاستی من له نهێنیشدا خیانه‌تم لێ نه‌کردووه‌، بێگومانیش خوا فێڵ و ته‌ڵه‌ی خیانه‌تکاران به‌ئه‌نجام ناگه‌یه‌نێت. (یاخود ژنه‌که وتی): تا یوسف دڵنیابێت که له نهێنیداو (ئێسته ئه‌و لێره نی یه‌) خیانه‌تی لێ ناکه‌م و بوختانی بۆ هه‌ڵنابه‌ستم، چونکه (بۆم ده‌رکه‌وتووه‌) که خوا فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی خیانه‌تکاران به ئه‌نجام ناگه‌یه‌نێت

[ ذَلِكَ لِيَعْلَمَ أَنِّي لَمْ أَخُنْهُ بِالْغَيْبِ ] یوسف - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی، یان ئافره‌ته‌كه‌ وتى (ته‌واوتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مانه‌ قسه‌ى ئافره‌ته‌كه‌یه‌ چونكه‌ هێشتا یوسف - صلی الله علیه وسلم - له‌ به‌ندینخانه‌ نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌): تا عه‌زیزی میصر بزانێ كه‌ من خیانه‌تم لێ نه‌كردووه‌ به‌ زینا كردن كاتێك كه‌ خۆی له‌ ماڵ نه‌بووه‌ به‌ڵكو ته‌نها ویستێك بوو [ وَأَنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي كَيْدَ الْخَائِنِينَ (٥٢) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ش هیدایه‌تی نه‌خشه‌و پیلانی ناپاكان و خائینان نادات.

53

۞ وَمَآ أُبَرِّئُ نَفْسِىٓ ۚ إِنَّ ٱلنَّفْسَ لَأَمَّارَةٌۢ بِٱلسُّوٓءِ إِلَّا مَا رَحِمَ رَبِّىٓ ۚ إِنَّ رَبِّى غَفُورٌۭ رَّحِيمٌۭ

(ده‌شێت یوسف یان ژنه‌که‌ی عه‌زیزی میسر وتبێتی) منیش نه‌فسی خۆم به‌ری ناکه‌م، چونکه به‌ڕاستی نه‌فس (ئه‌گه‌ر به نووری خواناسی ئاوه‌دان نه‌بێت) زۆر فه‌رمانده‌ره به‌گوناهو هه‌ڵه‌و تاوان، مه‌گه‌ر نه‌فسێك که په‌روه‌ردگارم میهره‌بانی پێ کردبێت، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارم لێ خۆشبوو میهره‌بانه‌.

[ وَمَا أُبَرِّئُ نَفْسِي إِنَّ النَّفْسَ لَأَمَّارَةٌ بِالسُّوءِ ] وه‌ من نه‌فسی خۆم پاك ناكه‌مه‌وه‌ چونكه‌ نه‌فسی هه‌موو كه‌سێك فه‌رمانی پێ ده‌كات به‌ خراپه‌و نه‌فس زۆر فه‌رمانكاره‌ به‌ خراپه‌ [ إِلَّا مَا رَحِمَ رَبِّي ] ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ ڕه‌حمی پێ بكات له‌و نه‌فسانه‌ وه‌كو نه‌فسی پێغه‌مبه‌ران [ إِنَّ رَبِّي غَفُورٌ رَحِيمٌ (٥٣) ] به‌راستى په‌روه‌ردگارم زۆر لێخۆشبوو به‌به‌زه‌ییه‌.

54

وَقَالَ ٱلْمَلِكُ ٱئْتُونِى بِهِۦٓ أَسْتَخْلِصْهُ لِنَفْسِى ۖ فَلَمَّا كَلَّمَهُۥ قَالَ إِنَّكَ ٱلْيَوْمَ لَدَيْنَا مَكِينٌ أَمِينٌۭ

(ئه‌وسا پاشا که ڕاستیه‌کانی به ته‌واویی بۆ ده‌رکه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی تر یوسفی لا به‌ڕێزو به‌نرخ بوو بۆیه‌) فه‌رمانیدا وتی: ئاده‌ی بچن بۆم بهێنن، ئه‌و (لاوه پاکه ژیره زانایه‌) تایبه‌تی ده‌که‌م بۆخۆم و له نزیکانی من بێت، جا کاتێك (هێنایان) و پاشا قسه‌ی له‌گه‌ڵ کرد، وتی: ئه‌مڕۆ ئیتر به‌ڕاستی تۆ لای ئێمه خاوه‌نی پله‌و جێگه‌ی متمانه و باوه‌ڕی.

{یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - لە زیندانەوە بۆ دەسەڵات}

[ وَقَالَ الْمَلِكُ ائْتُونِي بِهِ أَسْتَخْلِصْهُ لِنَفْسِي ] پاشاكه‌ دیسان وتی: بڕۆن یوسفم - صلی الله علیه وسلم - بۆ بێنن تایبه‌تی ئه‌كه‌م به‌ خۆم و ئه‌یكه‌م به‌راوێژكارى خۆم [ فَلَمَّا كَلَّمَهُ قَالَ إِنَّكَ الْيَوْمَ لَدَيْنَا مَكِينٌ أَمِينٌ (٥٤) ] كاتێك پاشا قسه‌ی له‌گه‌ڵدا كردو فه‌زڵ و لێهاتوویى بۆ ده‌ركه‌وت وتی: ئه‌ی یوسف ئه‌مڕۆ تۆ له‌لای ئێمه‌ جێگیریت و خاوه‌ن پله‌و پایه‌ییت، وه‌ ئه‌مینی له‌لای ئێمه‌.

55

قَالَ ٱجْعَلْنِى عَلَىٰ خَزَآئِنِ ٱلْأَرْضِ ۖ إِنِّى حَفِيظٌ عَلِيمٌۭ

یوسف وتی: پێم باشه بمکه‌یت به‌لێپرسراو به‌سه‌ر گه‌نجینه‌کان و سامانی سه‌ر زه‌وی ئه‌م وڵاته‌، (میسر) به‌ڕاستی من پارێزه‌رێکی زانام (له‌خۆم ڕاده‌بینم که شت بپارێزم و زاناشم که چۆن ده‌یپارێزم).

[ قَالَ اجْعَلْنِي عَلَى خَزَائِنِ الْأَرْضِ ] یوسف - صلی الله علیه وسلم - وتی: بمكه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیاری خه‌زێنه‌كانی زه‌وی میصر له‌وه‌ی كه‌ خواردن و سه‌روه‌ت و سامانی تیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری بڵاو بكاته‌وه‌و زوڵم و سته‌م نه‌هێڵێ وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بانگ بكات بۆ عیباده‌تی خوای گه‌وره‌، (یوسف - صلی الله علیه وسلم - پێغه‌مبه‌ر بووه‌و ئه‌م شته‌ى به‌ وه‌حى كردووه‌، وه‌ ئه‌مه‌ شه‌ریعه‌تى ئێمه‌ نیه‌و له‌ شه‌ریعه‌تی ئێمه‌دا دروست نیه‌ داواى ده‌سه‌ڵات و پۆست بكرێت و پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌فه‌رمێت: ئه‌وه‌ى داواى بكات پێى نابه‌خشین) [ إِنِّي حَفِيظٌ عَلِيمٌ (٥٥) ] به‌دڵنیایى من زۆر پارێزه‌رم و هه‌مووی ئه‌پارێزم، وه‌ زۆر زانام له‌م بواره‌دا .

56

وَكَذَٰلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِى ٱلْأَرْضِ يَتَبَوَّأُ مِنْهَا حَيْثُ يَشَآءُ ۚ نُصِيبُ بِرَحْمَتِنَا مَن نَّشَآءُ ۖ وَلَا نُضِيعُ أَجْرَ ٱلْمُحْسِنِينَ

(خوا ده‌فه‌رموێت) ئا به‌و شێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتمان دا به یوسف و جێگیر وپایه‌دارمان کرد له خاکی میسردا، هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌کی ده‌ویست له‌و وڵاته‌دا ده‌ستی ده‌که‌وت بۆی ساز ده‌بوو، هه‌ر که‌سێك، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك بمانه‌وێت به‌هره‌وه‌ری ده‌که‌ین له ڕه‌حمه‌ت و به‌خششه‌کانمان و پاداشتی چاکه‌کاران به‌زایه ناده‌ین.

[ وَكَذَلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِي الْأَرْضِ ] خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رمووێ: به‌م شێوازه‌ پله‌و پایه‌و ده‌سه‌ڵاتمان به‌ یوسف - صلی الله علیه وسلم - دا له‌سه‌ر زه‌وی له‌ میصر [ يَتَبَوَّأُ مِنْهَا حَيْثُ يَشَاءُ ] له‌ هه‌ر شوێنێك دانیشێت وه‌كو ماڵی خۆی هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ ده‌كات، دواى ئه‌وه‌ى له‌ به‌ندینخانه‌ى ته‌نگدا بوو [ نُصِيبُ بِرَحْمَتِنَا مَنْ نَشَاءُ ] ڕه‌حمه‌تی خۆمان به‌هه‌ر كه‌سێك ئه‌به‌خشین كه‌ ویستمان لێ بێت [ وَلَا نُضِيعُ أَجْرَ الْمُحْسِنِينَ (٥٦) ] وه‌ ئه‌جرو پاداشتی چاكه‌كاران نافه‌وتێنین.

57

وَلَأَجْرُ ٱلْءَاخِرَةِ خَيْرٌۭ لِّلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ وَكَانُوا۟ يَتَّقُونَ

بێگومان پاداشتی ئه‌و جیهان (له به‌هه‌شتی به‌ریندا) چاکتره بۆ ئه‌وانه‌ی که ئیمان و باوه‌ڕیان هێناوه و خۆیان ده‌پاڕاست.

[ وَلَأَجْرُ الْآخِرَةِ خَيْرٌ لِلَّذِينَ آمَنُوا وَكَانُوا يَتَّقُونَ (٥٧) ] به‌ڵام پاداشتی قیامه‌ت باشتره‌ بۆ باوه‌ڕداران كه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌یان كردووه‌.

58

وَجَآءَ إِخْوَةُ يُوسُفَ فَدَخَلُوا۟ عَلَيْهِ فَعَرَفَهُمْ وَهُمْ لَهُۥ مُنكِرُونَ

(ساڵانی گرانی هاته پێشه‌وه‌) براکانی یوسف (هاتن بۆ میسر) جا چوونه دیوانی، ئه‌و ئه‌وانی ناسێوه‌، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌میان نه‌ناسێوه (چونکه پۆشاکی وه‌زیری له به‌ردا بوو، هه‌رگیز شتی وایان چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرد).

{بەسەرهاتی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - لەگەڵ براكانی}

[ وَجَاءَ إِخْوَةُ يُوسُفَ ] براكانی یوسف له‌ زه‌وی كه‌نعان له‌ شامه‌وه‌ هاتن بۆ میصر بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خواردن به‌رنه‌وه‌ چونكه‌ گرانى و نه‌بوونى بوو، وه‌ یوسف ساڵى بارى وشترێكى به‌ خه‌ڵكى شوێنانى تر ده‌دا به‌نرخى ئاسایى خۆى پێش گرانییه‌كه‌ [ فَدَخَلُوا عَلَيْهِ فَعَرَفَهُمْ ] هاتنه‌ ژوره‌وه‌ بۆ لای یوسف - صلی الله علیه وسلم - ئه‌م ئه‌وانی ناسییه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێ به‌جێی هێشتن ئه‌وان هه‌ر گه‌وره‌ بوون [ وَهُمْ لَهُ مُنْكِرُونَ (٥٨) ] به‌ڵام ئه‌وان یوسفیان - صلی الله علیه وسلم - نه‌ناسی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك خستیانه‌ ناو بیره‌كه‌وه‌ ئه‌و بچووك بوو ئێستا گه‌وره‌ بووه‌، وه‌ نایانزانى چى به‌سه‌رهاتووه‌و گومانیان نابرد گه‌یشتبێته‌ ئه‌م پله‌یه‌.

59

وَلَمَّا جَهَّزَهُم بِجَهَازِهِمْ قَالَ ٱئْتُونِى بِأَخٍۢ لَّكُم مِّنْ أَبِيكُمْ ۚ أَلَا تَرَوْنَ أَنِّىٓ أُوفِى ٱلْكَيْلَ وَأَنَا۠ خَيْرُ ٱلْمُنزِلِينَ

(ئه‌ویش ڕێزی گرتن و دواندنی و پێی ده‌رخستن که برایه‌کی باوکییان هه‌یه و نه‌یانهێناوه له‌به‌ئه‌وه‌) له کاتێکدا ڕێکی خستن و بارگه و بنه‌ی بۆ پێچانه‌وه وتی: (من حه‌ز ده‌که‌م) برایه‌کی باوکیتان هه‌یه بۆم بهێنن، ئایا نابینن به‌ڕاستی من چۆن کێشانه و پێوانه‌م تێرو ته‌واوه و، چۆن ڕێز له میوان ده‌گرم (یارمه‌تی هه‌ژاران ده‌ده‌م).

[ وَلَمَّا جَهَّزَهُمْ بِجَهَازِهِمْ ] كاتێك ئه‌وه‌ی كه‌ داوایان كرد له‌ خواردن و پێویستی سه‌فه‌ره‌كه‌یان بۆی ئاماده‌ كردن و پێی به‌خشین [ قَالَ ائْتُونِي بِأَخٍ لَكُمْ مِنْ أَبِيكُمْ ] دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕووداو و به‌سه‌رهاتی خۆیان بۆ یوسف گێڕایه‌وه‌ كه‌ برایه‌كیان له‌ ماڵ به‌جێ هێشتووه‌ یوسف - صلی الله علیه وسلم - داوای لێ كردن كه‌ ئه‌مجاره‌ هاتنه‌وه‌ ئه‌و برایه‌ی ترتان كه‌ له‌ باوكتانه‌و له‌ دایكتان نیه‌ كه‌ بنیامینی برای یوسف خۆی بوو وتی: له‌گه‌ڵ خۆتاندا بیهێنن [ أَلَا تَرَوْنَ أَنِّي أُوفِي الْكَيْلَ ] ئایا نابینن كه‌ من چه‌ند به‌ته‌واوی شتم پێتان داوه‌ (هانى دان بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌) [ وَأَنَا خَيْرُ الْمُنْزِلِينَ (٥٩) ] وه‌ كه‌ له‌ لای من دابه‌زیون چه‌ندێ چاكه‌م له‌گه‌ڵدا كردوون و ڕێزی میوانداریم لێ گرتوون.

60

فَإِن لَّمْ تَأْتُونِى بِهِۦ فَلَا كَيْلَ لَكُمْ عِندِى وَلَا تَقْرَبُونِ

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و برایه‌تانم بۆ نه‌هێنن، ئه‌وه ئیتر هیچ موعامه‌له و کێشانه و پێوانه‌ی ئیوه لای من نی یه و نزیکم مه‌که‌ونه‌وه‌.

[ فَإِنْ لَمْ تَأْتُونِي بِهِ ] به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ هاتنه‌وه‌ ئه‌و برایه‌تان نه‌هێنا [ فَلَا كَيْلَ لَكُمْ عِنْدِي وَلَا تَقْرَبُونِ (٦٠) ] ئه‌وا هیچ شتێكتان پێ نافرۆشم وه‌ جارێكی تر نزیك من مه‌كه‌ونه‌وه‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.