Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 1–10 of 111

بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ

1

الٓر ۚ تِلْكَ ءَايَٰتُ ٱلْكِتَٰبِ ٱلْمُبِينِ

سه‌رنجی سه‌ره‌تای سووره‌تی (البقرة) بده‌، ئه‌و ئایه‌تانه‌ی له‌م سووره‌ته‌دا هاتووه چه‌ند ئایه‌تێکی ئه‌و قورئانه ڕوون و ئاشکرایه‌یه‌.

سووره‌تی (یوسف - صلی الله علیه وسلم - )

سووره‌تێكى مه‌ككيیه‌و (١١١) ئایه‌ته‌

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

[ الر ] سه‌باره‌ت به‌و پیتانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌ندێك له‌ سووره‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزدا هاتوون له‌ سووره‌تی به‌قه‌ره‌دا باسمان كرد [ تِلْكَ آيَاتُ الْكِتَابِ الْمُبِينِ (١) ] ئه‌م ئایه‌تانه‌ی كه‌ له‌م سووره‌ته‌دا باسكراوه‌ ئایه‌تی قورئانی پیرۆزن كه‌ هه‌موو حوكم و ئیعجازه‌كانی به‌ئاشكراو به‌ ڕوونی تیادا باسكراوه‌.

2

إِنَّآ أَنزَلْنَٰهُ قُرْءَٰنًا عَرَبِيًّۭا لَّعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ

به‌ڕاستی ئێمه ئه‌م ئایه‌تانه‌مان دابه‌زاندووه له شێوه‌ی قورئانێکی پاراودا به زمانی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه لێی تێبگه‌ن و ژیریتان بخه‌نه‌کار.

[ إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ (٢) ] ئێمه‌ ئه‌م قورئانه‌ پیرۆزه‌مان به‌ زمانی عه‌ره‌بی دابه‌زاندووه‌ به‌ڵكو لێی تێ بگه‌ن و فێرى ببن، چونكه‌ زمانى عه‌ره‌بى پاراوترین و فراوانترین و ده‌وڵه‌مه‌ندترین و روونترین و مانابه‌خشترین زمانه‌.

3

نَحْنُ نَقُصُّ عَلَيْكَ أَحْسَنَ ٱلْقَصَصِ بِمَآ أَوْحَيْنَآ إِلَيْكَ هَٰذَا ٱلْقُرْءَانَ وَإِن كُنتَ مِن قَبْلِهِۦ لَمِنَ ٱلْغَٰفِلِينَ

ئێمه چاکترین و جوانترین چیرۆك و به‌سه‌رهاتت بۆ ده‌گێرینه‌وه ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم) به‌هۆی ئه‌م قورئانه‌ی که نیگامان کرد بۆ لای تۆ، له‌کاتێکدا بێگومان تۆ له پێش ئه‌م قورئانه‌دا له‌م به‌سه‌رهاته بێ ئاگا بوویت.

[ نَحْنُ نَقُصُّ عَلَيْكَ أَحْسَنَ الْقَصَصِ بِمَا أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ هَذَا الْقُرْآنَ ] هاوه‌ڵان فه‌رموویان ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - پێمان خۆشه‌ چیرۆكمان بۆ بگێڕیته‌وه‌؟ خواى گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاند: ئێمه‌ باشترین چیرۆكی ئوممه‌تانی پێشترت بۆ ئه‌گێڕینه‌وه‌ به‌م وه‌حی¬یه‌ى كه‌ له‌م قورئانه‌دا بۆمان دابه‌زاندوویت [ وَإِنْ كُنْتَ مِنْ قَبْلِهِ لَمِنَ الْغَافِلِينَ (٣) ] هه‌ر چه‌نده‌ تۆ پێش دابه‌زینی وه‌حی بێئاگابوویته‌ له‌ ڕووداو و به‌سه‌رهاتی ئوممه‌تان و پێغه‌مبه‌رانی تر.

4

إِذْ قَالَ يُوسُفُ لِأَبِيهِ يَٰٓأَبَتِ إِنِّى رَأَيْتُ أَحَدَ عَشَرَ كَوْكَبًۭا وَٱلشَّمْسَ وَٱلْقَمَرَ رَأَيْتُهُمْ لِى سَٰجِدِينَ

کاتێك یوسف به‌باوکی وت: باوکی به‌ڕێزم بێگومان من له خه‌ومدا یازده ئه‌ستێره و خۆرو مانگم بینی کڕنووشیان بۆ ده‌بردم.

{بەسەرهاتی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - لەگەڵ براكانی}

[ إِذْ قَالَ يُوسُفُ لِأَبِيهِ يَا أَبَتِ إِنِّي رَأَيْتُ أَحَدَ عَشَرَ كَوْكَبًا وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ رَأَيْتُهُمْ لِي سَاجِدِينَ (٤) ] كاتێك یوسف - صلی الله علیه وسلم - به‌ باوكی فه‌رموو كه‌ یه‌عقوبی كوڕی ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیم بوو (صه‌ڵات و سه‌لامی خوای گه‌وره‌یان له‌سه‌ر بێت): ئه‌ی باوكه‌ من یانزه‌ ئه‌ستێره‌م بینی له‌ خه‌ودا (كه‌ لێكدانه‌وه‌كه‌ی یانزه‌ براكه‌ی بوو)، وه‌ خۆرو مانگیشم بینی (كه‌ لێكدانه‌وه‌كه‌ی دایك و باوكی بوو) هه‌موویان كڕنوشی ڕێزو ئیحتیرامیان بۆ ئه‌بردم، كه‌ پاش چل ساڵ یاخود هه‌شتا ساڵ روویداوه‌.

5

قَالَ يَٰبُنَىَّ لَا تَقْصُصْ رُءْيَاكَ عَلَىٰٓ إِخْوَتِكَ فَيَكِيدُوا۟ لَكَ كَيْدًا ۖ إِنَّ ٱلشَّيْطَٰنَ لِلْإِنسَٰنِ عَدُوٌّۭ مُّبِينٌۭ

باوکی وتی: ڕۆڵه گیان خه‌وه‌که‌ت مه‌گێڕه‌وه بۆ براکانت، نه‌وه‌کو به‌هۆی ئه‌وه‌وه فێڵێکت لێبکه‌ن و تووشی به‌ڵایه‌کت بکه‌ن (چونکه ئه‌م خه‌وه داهاتوویه‌کی بڵند بۆ تۆ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وانیش حه‌سوودیت پێده‌به‌ن) به‌ڕاستی شه‌یتانیش دوژمنێکی ئاشکرای ئاده‌میزاده‌.....

[ قَالَ يَا بُنَيَّ لَا تَقْصُصْ رُؤْيَاكَ عَلَى إِخْوَتِكَ ] باوكی پێی فه‌رموو: ئه‌ی كوڕی خۆم ئه‌م خه‌وه‌ بۆ براكانت مه‌گێڕه‌وه‌ [ فَيَكِيدُوا لَكَ كَيْدًا ] نه‌وه‌كو ئه‌وانیش لێكدانه‌وه‌كه‌ی بزانن و دواتر له‌ حه‌سوودیدا نه‌خشه‌و پیلانت بۆ دابنێن و له‌ناوتبه‌رن (ئه‌گه‌ر نیعمه‌تێك له‌ ئارادا بوو بیشاره‌وه‌و ده‌ریمه‌خه‌ تا پێده‌گات و خۆى ده‌رده‌كه‌وێت تا كه‌س حه‌سودى پێنه‌بات و نه‌بێته‌ چاوه‌وه‌) [ إِنَّ الشَّيْطَانَ لِلْإِنْسَانِ عَدُوٌّ مُبِينٌ (٥) ] چونكه‌ به‌ڕاستی شه‌یتان دوژمنێكی ئاشكرای مرۆڤه‌و وایان لێ ده‌كات كه‌ حه‌سودى به‌یه‌كترى ببه‌ن و دژایه‌تی یه‌كتری بكه‌ن.

6

وَكَذَٰلِكَ يَجْتَبِيكَ رَبُّكَ وَيُعَلِّمُكَ مِن تَأْوِيلِ ٱلْأَحَادِيثِ وَيُتِمُّ نِعْمَتَهُۥ عَلَيْكَ وَعَلَىٰٓ ءَالِ يَعْقُوبَ كَمَآ أَتَمَّهَا عَلَىٰٓ أَبَوَيْكَ مِن قَبْلُ إِبْرَٰهِيمَ وَإِسْحَٰقَ ۚ إِنَّ رَبَّكَ عَلِيمٌ حَكِيمٌۭ

به‌و شێوه‌یه‌ش خوای په‌روه‌ردگارت تۆ دیاری ده‌کات و هه‌ڵتده‌بژێردیت (بۆ پێغه‌مبه‌رێتی) و هه‌ندێك لێکدانه‌وه‌ی خه‌وت فێر ده‌کات ونیعمه‌ته‌کانی خۆیت به‌سه‌ردا ته‌واو ده‌کات و هه‌روه‌ها به‌سه‌ر نه‌وه‌کانی یه‌عقوبیشدا، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر نیعمه‌ت و پله‌وپایه‌ی بڵندی به‌خشی به‌باپیرانت که ئیبراهیم و ئیسحاقن، به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارت زانا و دانایه‌.

[ وَكَذَلِكَ يَجْتَبِيكَ رَبُّكَ ] وه‌به‌م شێوازه‌ په‌روه‌ردگار هه‌ڵتئه‌بژێرێ و ده‌تكات به‌ پێغه‌مبه‌ر [ وَيُعَلِّمُكَ مِنْ تَأْوِيلِ الْأَحَادِيثِ ] وه‌ فێری لێكدانه‌وه‌ی خه‌وت ئه‌كات [ وَيُتِمُّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكَ وَعَلَى آلِ يَعْقُوبَ ] وه‌ نیعمه‌تی خۆی ته‌واو ئه‌ڕژێنێ به‌سه‌رتدا به‌وه‌ی ئه‌تكات به‌ پێغه‌مبه‌ر، وه‌ موڵك و خێری دونیاو قیامه‌تت پێ ئه‌به‌خشێ، وه‌ نیعمه‌تی خۆی ته‌واو ده‌كات به‌سه‌ر ئالی یه‌عقوبدا [ كَمَا أَتَمَّهَا عَلَى أَبَوَيْكَ مِنْ قَبْلُ إِبْرَاهِيمَ وَإِسْحَاقَ ] وه‌كو پێشتریش نیعمه‌تی خۆی ته‌واو ڕژاند به‌سه‌ر ئیبراهیم و ئیسحاقدا به‌وه‌ی كه‌ كردیانی به‌ پێغه‌مبه‌ر، وه‌ ئیبراهیمی پاراست له‌ ئاگره‌كه‌ وه‌ كردی به‌ خه‌لیلی خۆی [ إِنَّ رَبَّكَ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (٦) ] به‌راستى په‌روه‌ردگاری تۆ زۆر زاناو كاربه‌جێیه‌.

7

۞ لَّقَدْ كَانَ فِى يُوسُفَ وَإِخْوَتِهِۦٓ ءَايَٰتٌۭ لِّلسَّآئِلِينَ

سوێند به‌خوا بێگومان له‌م ڕووداوه‌ی یوسف و براکانیدا نیشانه‌ی زۆری (پێغه‌مبه‌رێتی محمدی) تێدایه بۆ که‌سانێك پرسیار ده‌که‌ن له‌و باره‌یه‌وه (به‌شوێن ڕاستێتی تۆدا ده‌گه‌ڕێن).

[ لَقَدْ كَانَ فِي يُوسُفَ وَإِخْوَتِهِ آيَاتٌ لِلسَّائِلِينَ (٧) ] به‌ڕاستی له‌ هه‌واڵی یوسف و براكانی نیشانه‌و په‌ندو ئامۆژگارى تێدا بوو بۆ ئه‌و جووله‌كانه‌ى كه‌ پرسیاریان له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - كرد.

8

إِذْ قَالُوا۟ لَيُوسُفُ وَأَخُوهُ أَحَبُّ إِلَىٰٓ أَبِينَا مِنَّا وَنَحْنُ عُصْبَةٌ إِنَّ أَبَانَا لَفِى ضَلَٰلٍۢ مُّبِينٍ

کاتێك براکانی یوسف وتیان: به‌ڕاستی یوسف و براکه‌ی (بنیامین) لای باوکمان، له ئێمه نازدارو خۆشه‌ویستترن، له‌کاتێکدا ئێمه کۆمه‌ڵێکی به‌هێزین، به‌ڕاستی باوکمان له سه‌رلێشێواویه‌کی ئاشکرادایه‌.

{ماناكانى (ضلال) له‌ قورئاندا}

[ إِذْ قَالُوا لَيُوسُفُ وَأَخُوهُ أَحَبُّ إِلَى أَبِينَا مِنَّا ] كاتێك كه‌ براكانی وتیان: یوسف و بنیامینى برای له‌لای باوكمان خۆشه‌ویسترن له‌ ئێمه‌، كه‌ یوسف و براكه‌ی برای دایك و باوكی بوونه‌، به‌ڵام براكانی تر ته‌نها برای باوكیى بوونه‌و له‌ باوكیانه‌وه‌ برایان بوونه‌و دایكیان جیا بووه‌ [ وَنَحْنُ عُصْبَةٌ ] وه‌ ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێكین وتراوه‌: (عُصْبَةٌ) له‌ یه‌كه‌وه‌ تا ده‌یه‌ [ إِنَّ أَبَانَا لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ (٨) ] به‌راستى باوكمان حه‌قیقه‌تى شته‌كانى ون كردووه‌و لایداوه‌ لێى، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ باوكمان گومڕا بووه‌ له‌ دین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بوایا كافر ده‌بوون، به‌ڵكو به‌ گومانى خۆیان باوكیان حه‌قیقه‌تى شته‌كان نازانێت و فه‌زڵى دوو كه‌سى داوه‌ به‌سه‌ر ده‌ كه‌سدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ده‌ كه‌سه‌كه‌ زیاتر به‌ سودن و ده‌توانن كاروباره‌كانى بۆ هه‌ڵسوڕێنن، (ضَلَال) له‌ قورئانى پیرۆزدا به‌ چه‌ند مانایه‌ك هاتووه‌: له‌وانه‌: یه‌كه‌م: ئه‌م مانایه‌ى كه‌ باسمان كرد، وه‌كو له‌م ئایه‌ته‌و ئایه‌تى (٩٥) ئه‌م سووره‌ته‌ هاتووه‌: {قَالُوا تَاللَّهِ إِنَّكَ لَفِي ضَلالِكَ الْقَدِيمِ} وه‌ له‌ (سوره‌تى الضحى: ٧) {وَوَجَدَكَ ضَالاً فَهَدَى}، دووه‌م: وه‌ به‌ ماناى گومڕایى له‌ دین هاتووه‌، وه‌كو زۆربه‌ى ئایه‌ته‌كانى قورئان، وه‌كو (سوره‌تى فاتحه‌: ٧) {غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلا الضَّالِّينَ}، سێیه‌م: به‌ ماناى له‌ناوچون و ون بوون و دیار نه‌مان، وه‌كو (سووره‌تى السجدة: ١٠) {وَقَالُوا أَإِذَا ضَلَلْنَا فِي الأَرْضِ أَإِنَّا لَفِي خَلْقٍ جَدِيدٍ}. وه‌ (سووره‌تى الأعراف/٥٣) {وَضَلَّ عَنْهُمْ مَا كَانُوا يَفْتَرُونَ}.

9

ٱقْتُلُوا۟ يُوسُفَ أَوِ ٱطْرَحُوهُ أَرْضًۭا يَخْلُ لَكُمْ وَجْهُ أَبِيكُمْ وَتَكُونُوا۟ مِنۢ بَعْدِهِۦ قَوْمًۭا صَٰلِحِينَ

(له‌نێوان خۆیاندا هه‌ندێکیان وتیان) یوسف بکوژن، یان فڕێی بده‌نه شوێن و زه‌ویه‌کی دوور، ئه‌وکاته ڕووی باوکتان یه‌کلایی ده‌بێته‌وه بۆ ئێوه و خۆشه‌ویستیه‌که‌ی هه‌مووی بۆ ئێوه ده‌بێت، ئینجا دوای نه‌مانی یوسف ده‌بنه پێڕو نه‌وه‌یه‌کی چاك و ڕێك و پێك.

{براكانی لە حەسودیدا پیلان بۆ كوشتنی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - دادەڕێژن}

[ اقْتُلُوا يُوسُفَ أَوِ اطْرَحُوهُ أَرْضًا ] وتیان: یوسف بكوژن یاخود له‌ زه‌وییه‌كدا فڕێى بده‌ن [ يَخْلُ لَكُمْ وَجْهُ أَبِيكُمْ ] ئه‌و كاته‌ ڕووی باوكمان تاك و ته‌نها بۆ ئێمه‌ ده‌بێت و ڕوو ئه‌كاته‌ ئێمه‌و ته‌نها ئێمه‌ی خۆش ئه‌وێت خۆشه‌ویستیه‌كی ته‌واو [ وَتَكُونُوا مِنْ بَعْدِهِ قَوْمًا صَالِحِينَ (٩) ] له‌ دوای كوشتنی یوسف یاخود له‌ دوای ئه‌و تاوانه‌ی كه‌ ئه‌نجامی ئه‌ده‌ین ئه‌و كاته‌ ئه‌بینه‌ كه‌سانێكی چاك له‌ گوێڕایه‌ڵی و عیباده‌ت و دینداریدا، یاخود ته‌وبه‌ ده‌كه‌ین.

10

قَالَ قَآئِلٌۭ مِّنْهُمْ لَا تَقْتُلُوا۟ يُوسُفَ وَأَلْقُوهُ فِى غَيَٰبَتِ ٱلْجُبِّ يَلْتَقِطْهُ بَعْضُ ٱلسَّيَّارَةِ إِن كُنتُمْ فَٰعِلِينَ

یه‌کێك له براکانی وتی: یوسف مه‌کوژن، به‌ڵکو بیخه‌ینه ناو بیرێکی قووڵه‌وه‌، دوایی کاروان دێت و ده‌یدۆزنه‌وه و ده‌یبه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت هه‌ر شتێکی لێ بکه‌ن.

[ قَالَ قَائِلٌ مِنْهُمْ لَا تَقْتُلُوا يُوسُفَ وَأَلْقُوهُ فِي غَيَابَتِ الْجُبِّ ] یه‌كێك له‌و برایانه‌ وتی: یوسف مه‌كوژن به‌ڵكو فڕێی بده‌نه‌ قوڵایی بیره‌وه‌ تا له‌ چاو دیار نه‌مێنێ، بیره‌كه‌ له‌ (بیت المقدس) بووه‌ [ يَلْتَقِطْهُ بَعْضُ السَّيَّارَةِ إِنْ كُنْتُمْ فَاعِلِينَ (١٠) ] دواتر هه‌ندێك له‌ ڕێبواره‌ گه‌ڕۆكه‌كان ئه‌یدۆزنه‌وه‌ و هه‌ڵیئه‌گرن بۆ خۆیان و له‌ ئێمه‌ى دورده‌خه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئه‌م كاره‌ ئه‌كه‌ن مه‌یكوژن ئاوای لێ بكه‌ن باشتره‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.