Muslim99Muslim99
← Tafsir library

12. Yusuf

Joseph · Meccan · 111 ayahs

سُورَةُ يُوسُفَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 21–30 of 111

21

وَقَالَ ٱلَّذِى ٱشْتَرَىٰهُ مِن مِّصْرَ لِٱمْرَأَتِهِۦٓ أَكْرِمِى مَثْوَىٰهُ عَسَىٰٓ أَن يَنفَعَنَآ أَوْ نَتَّخِذَهُۥ وَلَدًۭا ۚ وَكَذَٰلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِى ٱلْأَرْضِ وَلِنُعَلِّمَهُۥ مِن تَأْوِيلِ ٱلْأَحَادِيثِ ۚ وَٱللَّهُ غَالِبٌ عَلَىٰٓ أَمْرِهِۦ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ

جا ئه‌و که‌سه‌ی یوسفی کڕی له میسر، به هاوسه‌ره‌که‌ی وت: ڕێز بگره له شوێن وجێگه‌ی ئه‌م لاوه‌، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی سوودمان پێبگه‌یه‌نێت، یان بیکه‌ینه کوڕی خۆمان، ئا به‌و شێوه‌یه یوسفمان جێگیرکرد له زه‌ویدا و پایه‌دارمان کرد، بۆ ئه‌وه‌ش فێری بکه‌ین چۆن خه‌و لێک بداته‌وه و ڕووداوه‌کانی چوار ده‌وری وه‌ك خۆی تێبگات، خوای گه‌وره زاڵه به‌سه‌ر کارو فه‌رمانه‌کانی خۆیدا، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی به‌مه نازانن.

{بەسەرهاتی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم - لەگەڵ خێزانی عەزیزی میسر}

[ وَقَالَ الَّذِي اشْتَرَاهُ مِنْ مِصْرَ لِامْرَأَتِهِ ] عه‌زیزی میصر كه‌ وه‌زیری پاشای میصر بوو كڕی و بردییه‌وه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ی خۆی كه‌ وتراوه‌: نه‌زۆك بوونه‌و مناڵیان نه‌بووه‌، پێی وت [ أَكْرِمِي مَثْوَاهُ عَسَى أَنْ يَنْفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَدًا ] ڕێزی لێ بگره‌ به‌ خواردن و پۆشاك و جێگای باش به‌ڵكو سوودمان پێ بگه‌یه‌نێ یان بیكه‌ین به‌ كوڕی خۆمان [ وَكَذَلِكَ مَكَّنَّا لِيُوسُفَ فِي الْأَرْضِ ] به‌م شێوازه‌ یوسفمان جێگیر كرد له‌سه‌ر زه‌وی [ وَلِنُعَلِّمَهُ مِنْ تَأْوِيلِ الْأَحَادِيثِ ] وه‌ فێری لێكدانه‌وه‌ی خه‌ومان كرد [ وَاللَّهُ غَالِبٌ عَلَى أَمْرِهِ ] وه‌ خوای گه‌وره‌ باڵاده‌ست و به‌ده‌سه‌ڵاته‌ به‌سه‌ر هه‌ر بڕیارێك كه‌ بیدات و كه‌س ناتوانێ ڕێگری لێ بكات [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ (٢١) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی حیكمه‌تى كاره‌كانى خواى گه‌وره‌ نازانن.

22

وَلَمَّا بَلَغَ أَشُدَّهُۥٓ ءَاتَيْنَٰهُ حُكْمًۭا وَعِلْمًۭا ۚ وَكَذَٰلِكَ نَجْزِى ٱلْمُحْسِنِينَ

کاتێکیش که یوسف پێگه‌یشت و گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی توند و تۆڵی (له ڕووی لاشه‌و ژیریی یه‌وه‌) و ئێمه‌ش پله‌ی فه‌رمانڕه‌وایی دانایی و زانیاری شاره‌زایی باشمان پێبه‌خشی، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش پاداشتی چاکه‌کاران ده‌ده‌ینه‌وه‌.

[ وَلَمَّا بَلَغَ أَشُدَّهُ ] وه‌ كاتێك كه‌ پێ گه‌یشت و كامڵ و بالغ بوو [ آتَيْنَاهُ حُكْمًا وَعِلْمًا ] ئه‌و كاته‌ حوكممان پێی به‌خشی كه‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌، وه‌ زانیاریشمان پێی به‌خشی كه‌ لێكدانه‌وه‌ی خه‌وه‌ [ وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (٢٢) ] وه‌ به‌م شێوازه‌ ئێمه‌ پاداشتی چاكه‌كاران ئه‌ده‌ینه‌وه‌.

23

وَرَٰوَدَتْهُ ٱلَّتِى هُوَ فِى بَيْتِهَا عَن نَّفْسِهِۦ وَغَلَّقَتِ ٱلْأَبْوَٰبَ وَقَالَتْ هَيْتَ لَكَ ۚ قَالَ مَعَاذَ ٱللَّهِ ۖ إِنَّهُۥ رَبِّىٓ أَحْسَنَ مَثْوَاىَ ۖ إِنَّهُۥ لَا يُفْلِحُ ٱلظَّٰلِمُونَ

جا ئه‌و ئافره‌ته‌ی که یوسف له ماڵیدا بوو هه‌وڵیدا یوسف له خشته ببات و دڵی ڕابکێشێت بۆ لای خۆی، هه‌موو ده‌رگاکانیشی داخست و وتی: وه‌ره پێشه‌وه و خۆت ئاماده بکه‌، یوسف وتی: پانا ده‌گرم به خوا کاری واناکه‌م، چونکه په‌روه‌ردگارم ده‌رووی لێ کردوومه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها مێرده‌که‌شت چاك ڕه‌فتارر بووه له‌گه‌ڵمدا (چۆن خیانه‌تی لێ ده‌که‌م) و چونکه من دڵنیام سته‌مکاران سه‌رفراز نابن.

{داوێنپاكی‌و بە ئەمەكی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم -}

[ وَرَاوَدَتْهُ الَّتِي هُوَ فِي بَيْتِهَا عَنْ نَفْسِهِ ] ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بوو خێزانه‌كه‌ی عه‌زیز به‌ نه‌رم و نیانی داوای لێ كرد كه‌ كاری خراپی له‌گه‌ڵدا بكات، چونكه‌ زۆر سه‌رسام بوو به‌ جوانیه‌كه‌ى و زۆر خۆشیئه‌ویست [ وَغَلَّقَتِ الْأَبْوَابَ ] وه‌ ده‌رگاكانی هه‌مووی داخست كه‌ وتراوه‌: حه‌وت ده‌رگا بووه‌ [ وَقَالَتْ هَيْتَ لَكَ ] وتی: وه‌ره‌ پێشه‌وه‌ كاری خراپم له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بده‌، وه‌ به‌ [ هِئْتُ لَكَ ] ده‌خوێنرێته‌وه‌، واته‌: خۆم بۆت ئاماده‌ كردووه‌ [ قَالَ مَعَاذَ اللَّهِ ] یوسف - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی: په‌نا ئه‌گرم به‌خوای گه‌وره‌ [ إِنَّهُ رَبِّي أَحْسَنَ مَثْوَايَ ] هاوسه‌ره‌كه‌ی تۆ گه‌وره‌ی منه‌ ئه‌و چاكه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووم و خزمه‌تی كردووم چۆن من خیانه‌تی لێ ئه‌كه‌م [ إِنَّهُ لَا يُفْلِحُ الظَّالِمُونَ (٢٣) ] هه‌ر كه‌سێك كه‌ سته‌م بكات به‌دڵنیایى سه‌رفرازو سه‌ركه‌وتوو نابێ.

24

وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِۦ ۖ وَهَمَّ بِهَا لَوْلَآ أَن رَّءَا بُرْهَٰنَ رَبِّهِۦ ۚ كَذَٰلِكَ لِنَصْرِفَ عَنْهُ ٱلسُّوٓءَ وَٱلْفَحْشَآءَ ۚ إِنَّهُۥ مِنْ عِبَادِنَا ٱلْمُخْلَصِينَ

سوێند به‌خوا بێگومان ژنه‌که په‌لاماری یوسفیداو ویستی لێی بدات، یوسفیش نیازی لێدانی هه‌بوو ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی خوایی نه‌زانیایه (که سه‌رئه‌نجامی لێدانه‌که‌ی به‌خراپ به‌سه‌ریدا ده‌شکێته‌وه‌)و ئا به‌و شێوه‌یه‌مان کرد (بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی گوناهو تاوان و خراپه‌یه لێی دوور ده‌خه‌ینه‌وه‌) و به‌ڕاستی ئه‌و له به‌نده هه‌ڵبژارده وپاکه‌کانی ئێمه‌یه‌.

[ وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِ ] ئافره‌ته‌كه‌ ویستی خراپه‌ له‌گه‌ڵ یوسفدا بكات [ وَهَمَّ بِهَا لَوْلَا أَنْ رَأَى بُرْهَانَ رَبِّهِ ] خیلافێكی زۆر له‌م ئایه‌ته‌ هه‌یه‌ ئیمامی (الشنقيطى) به‌درێژی باسی ده‌كات بگه‌ڕێوه‌ سه‌رى زۆر به‌سوده‌، بۆچوونى ته‌واو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێش و پاشێك له‌ ئایه‌ته‌كه‌ هه‌یه‌، واته‌: (لَوْلَا أَنْ رَأَى بُرْهَانَ رَبِّهِ هَمَّ بِهَا) ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی خوای گه‌وره‌ی نه‌بینیایه‌ ئه‌وه‌ یوسفیش - صلی الله علیه وسلم - به‌ دڵ دڵی به‌لای ئافره‌ته‌كه‌دا ده‌چوو به‌ڵام به‌ڵگه‌ی خوای گه‌وره‌ی بینی، واته‌: بیری كرده‌وه‌ له‌ تواناو ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌سڵه‌ن هیچ هه‌مم و ختوره‌یش به‌دڵیدا نه‌هاتووه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر هاتبێتیش ئه‌وه‌ی دڵ به‌ تاوان نانووسرێ، وه‌ زۆر شتى ئیسرائیلیات له‌ كتێبى ته‌فسیره‌كاندا باسكراوه‌ كه‌ شایان نیه‌ به‌ یوسف پێغه‌مبه‌ر - صلی الله علیه وسلم - [ كَذَلِكَ لِنَصْرِفَ عَنْهُ السُّوءَ وَالْفَحْشَاءَ إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُخْلَصِينَ (٢٤) ] به‌م شێوازه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خراپه‌كاری و زینا له‌ یوسف - صلی الله علیه وسلم - دوور بخه‌ینه‌وه‌، به‌راستى ئه‌و یه‌كێك بوو له‌ به‌نده‌ هه‌ڵبژێراو و دڵسۆزو چاك و پاكه‌كانى خوای گه‌وره‌.

25

وَٱسْتَبَقَا ٱلْبَابَ وَقَدَّتْ قَمِيصَهُۥ مِن دُبُرٍۢ وَأَلْفَيَا سَيِّدَهَا لَدَا ٱلْبَابِ ۚ قَالَتْ مَا جَزَآءُ مَنْ أَرَادَ بِأَهْلِكَ سُوٓءًا إِلَّآ أَن يُسْجَنَ أَوْ عَذَابٌ أَلِيمٌۭ

سه‌رئه‌نجام هه‌ردووکیان پێشبڕکێیان کرد بۆ ده‌رگاکه (یوسف بۆ کردنه‌وه و ئه‌ویش بۆ داخستن) ژنه‌که توانی ده‌ستی له کراسه‌که‌ی گیر بکات و له پشته‌وه دڕاندی، ئه‌وسا هه‌ردووکیان له به‌رده‌می ده‌رگاکه‌دا تووشی مێرده‌که‌ی هاتن، خیرا هاته قسه‌و ویستی یوسف تاوانبار بکات بۆیه وتی: باشه ئاخۆ سزای ئه‌و که‌سه چییه که وستبیتی خراپه له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌تدا بکات، جگه له‌وه‌ی به‌نده بکرێت یان سزایه‌کی به‌ئێش بدرێت.

[ وَاسْتَبَقَا الْبَابَ ] یوسف ڕای كرد به‌ره‌و ده‌رگاكه‌و خێزانه‌كه‌ی عه‌زیزی میصریش به‌دوایه‌وه‌ بوو راویده‌نا بۆ ئه‌وه‌ى بیگرێت، كه‌ وتراوه‌: ناوی زوڵه‌یخا بووه‌ [ وَقَدَّتْ قَمِيصَهُ مِنْ دُبُرٍ ] په‌لاماری یوسفی دا - صلی الله علیه وسلم - له‌ دواوه‌و قه‌میسه‌كه‌ی دڕاند [ وَأَلْفَيَا سَيِّدَهَا لَدَى الْبَابِ ] وه‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆی (عه‌زیزی میصر)یان بینی له‌لای ده‌رگاكه‌ [ قَالَتْ مَا جَزَاءُ مَنْ أَرَادَ بِأَهْلِكَ سُوءًا إِلَّا أَنْ يُسْجَنَ ] ئافره‌ته‌كه‌ یه‌كسه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری كرد بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بپه‌ڕێنێته‌وه‌ له‌و تاوانه‌و وتی: سزای كه‌سێك چیه‌ كه‌ بیه‌وێ خراپه‌ له‌گه‌ڵ خێزانی تۆدا بكات ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ند بكرێت، واته‌: داوای لێ كرد كه‌ به‌ندی بكات [ أَوْ عَذَابٌ أَلِيمٌ (٢٥) ] یان سزایه‌كی به‌ئێش و ئازاری بده‌.

26

قَالَ هِىَ رَٰوَدَتْنِى عَن نَّفْسِى ۚ وَشَهِدَ شَاهِدٌۭ مِّنْ أَهْلِهَآ إِن كَانَ قَمِيصُهُۥ قُدَّ مِن قُبُلٍۢ فَصَدَقَتْ وَهُوَ مِنَ ٱلْكَٰذِبِينَ

یوسف وتی: (نه‌خێر وانیه‌) ئه‌و ویستی له خشته‌م به‌رێت، یه‌کێك له خزمانی ژنه‌که (که‌گوێی له به‌سه‌رهاته‌که بوو، دیار بووکه پیاوێکی زیره‌ك و دنیا دیده بوو) شایه‌تیداو وتی: ئه‌گه‌ر کراسه‌که‌ی یوسف له پێشه‌‌وه دڕابێت ئه‌وه ژنه‌که ڕاست ده‌کات و ئه‌و کاته یوسف یه‌کێکه له درۆزنان.

{شایەتی دانی یەكەم بە پاكێتی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم -}

[ قَالَ هِيَ رَاوَدَتْنِي عَنْ نَفْسِي ] یوسف - صلی الله علیه وسلم - فه‌رمووی: ئافره‌ته‌كه‌ خۆی بوو كه‌ دوای من كه‌وت و داوای لێ كردم [ وَشَهِدَ شَاهِدٌ مِنْ أَهْلِهَا ] وه‌ شایه‌تێك له‌ كه‌سوكاری خۆیان كه‌ وتراوه‌: پیاوێك بووه‌ ئامۆزای عه‌زیزی میصر بووه‌، یاخود مناڵێك بووه‌ له‌ بێشكه‌داو به‌ ئیزنی خوای گه‌وره‌ هاتۆته‌ قسه‌ وتوویه‌تی: [ إِنْ كَانَ قَمِيصُهُ قُدَّ مِنْ قُبُلٍ فَصَدَقَتْ وَهُوَ مِنَ الْكَاذِبِينَ (٢٦) ] ئه‌گه‌ر قه‌میسه‌كه‌ی یوسف - صلی الله علیه وسلم - له‌ پێشه‌وه‌ دڕابێ ئه‌وه‌ ئافره‌ته‌كه‌ ڕاست ده‌كات و یوسف - صلی الله علیه وسلم - په‌لاماری ئه‌وی داوه‌ بۆیه‌ له‌ پێشه‌وه‌ قه‌میسه‌كه‌ی دڕاوه‌، وه‌ یوسف له‌ درۆزنانه‌و ئه‌و درۆ ده‌كات و ڕاست ناكات.

27

وَإِن كَانَ قَمِيصُهُۥ قُدَّ مِن دُبُرٍۢ فَكَذَبَتْ وَهُوَ مِنَ ٱلصَّٰدِقِينَ

خۆ ئه‌گه‌ر کراسه‌که‌ی له پشته‌وه دڕابێت ژنه‌که درۆ ده‌کات و یوسف یه‌کێکه له ڕاستگۆیان.

[ وَإِنْ كَانَ قَمِيصُهُ قُدَّ مِنْ دُبُرٍ فَكَذَبَتْ وَهُوَ مِنَ الصَّادِقِينَ (٢٧) ] به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌میسه‌كه‌ی له‌ دواوه‌ دڕابوو ئه‌وه‌ خێزانه‌كه‌ی تۆ درۆ ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یوسف ڕای كردووه‌ ئه‌م له‌دواوه‌ په‌لاماری داوه‌و یوسف له‌ ڕاستگۆیانه‌.

28

فَلَمَّا رَءَا قَمِيصَهُۥ قُدَّ مِن دُبُرٍۢ قَالَ إِنَّهُۥ مِن كَيْدِكُنَّ ۖ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٌۭ

کاتێك مێرده‌که‌ی بینی کراسه‌که‌ی یوسف له پشته‌وه دڕاوه‌، به ژنه‌که‌ی وت: به‌ڕاستی ئه‌مه پیلان و نه‌خشه‌ی خۆتانه‌، بێگومان فێڵ و ته‌ڵه‌که و نه‌خشه و پیلانی ئێوه زۆر گه‌وره‌یه (له‌م جۆره شتانه‌دا).

[ فَلَمَّا رَأَى قَمِيصَهُ قُدَّ مِنْ دُبُرٍ ] كاتێك كه‌ قه‌میسه‌كه‌ی یوسفى - صلی الله علیه وسلم - بینی له‌دواوه‌ دڕابوو [ قَالَ إِنَّهُ مِنْ كَيْدِكُنَّ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٌ (٢٨) ] به‌ خێزانه‌كه‌ی وت ئه‌مه‌ نه‌خشه‌و پیلانی ئێوه‌یه‌ به‌راستى فڕوفێڵ و نه‌خشه‌و پیلانی ئێوه‌ى ئافره‌تان یه‌كجار گه‌وره‌یه‌.

29

يُوسُفُ أَعْرِضْ عَنْ هَٰذَا ۚ وَٱسْتَغْفِرِى لِذَنۢبِكِ ۖ إِنَّكِ كُنتِ مِنَ ٱلْخَاطِـِٔينَ

ئینجا ڕووی کرده یوسف وتی: ئه‌ی یوسف، ئه‌م باسه فه‌رامۆش بکه و گوێی مه‌ده‌رێ، تۆش داوای لێخۆشبوون و لێبوردن بکه له هه‌ڵه و تاوانه‌که‌ت چونکه به‌ڕاستی تۆ له گوناهباران و به‌هه‌ڵه‌چواندایت.

{شایەتی دانی دووەم بە پاكێتی یوسف پێغەمبەر - صلی الله علیه وسلم -}

[ يُوسُفُ أَعْرِضْ عَنْ هَذَا ] وتی: ئه‌ى یوسف - صلی الله علیه وسلم - پشت له‌م شته‌ بكه‌و بیشاره‌وه‌و باسی مه‌كه‌ [ وَاسْتَغْفِرِي لِذَنْبِكِ ] به‌ خێزانه‌كه‌شى وت: تۆیش داوای لێخۆشبوون بكه‌ له‌م تاوانه‌ی كه‌ كردۆته‌ [ إِنَّكِ كُنْتِ مِنَ الْخَاطِئِينَ (٢٩) ] به‌ راستى تۆ له‌م كاره‌تدا له‌ هه‌ڵه‌كاران بوویته‌.

30

۞ وَقَالَ نِسْوَةٌۭ فِى ٱلْمَدِينَةِ ٱمْرَأَتُ ٱلْعَزِيزِ تُرَٰوِدُ فَتَىٰهَا عَن نَّفْسِهِۦ ۖ قَدْ شَغَفَهَا حُبًّا ۖ إِنَّا لَنَرَىٰهَا فِى ضَلَٰلٍۢ مُّبِينٍۢ

پاشان ژنانێك له ئافره‌تانی ناو شار ئه‌م ده‌نگ و باسه‌یان بیست بۆیه وتیشیان: سه‌یره‌! ژنه‌که‌ی عه‌زیزی میسر ده‌یه‌وێت به‌نه‌رم و نیانی سه‌رنجی لاوه‌که‌ی خۆی ڕابکێشێت بۆلای خۆی، به‌ڕاستی ئه‌وینداریه‌که‌ی بۆی هه‌موو په‌ره‌کانی دڵی داگیرکردووه‌، بێگومان ئێمه ئه‌و ژنه سه‌رگه‌ردانێکی ئاشکرادا ده‌بینین.

{ئافرەتە خانەدانەكان‌و خێزانی عەزیزی میسر}

[ وَقَالَ نِسْوَةٌ فِي الْمَدِينَةِ امْرَأَتُ الْعَزِيزِ تُرَاوِدُ فَتَاهَا عَنْ نَفْسِهِ ] كۆمه‌ڵێك ئافره‌تى شازاده‌و خێزانى پیاوه‌ گه‌وره‌كان له‌ شاردا كاتێك ئه‌م هه‌واڵه‌یان بیست وتیان: خێزانه‌كه‌ی عه‌زیزی میصر داوای له‌و گه‌نجه‌ كردووه‌ كه‌ خزمه‌تكاری بووه‌و له‌ ماڵیاندا بووه‌ كه‌ كاری خراپه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات [ قَدْ شَغَفَهَا حُبًّا ] به‌دڵنیایى خۆشه‌ویستی ئه‌م گه‌نجه‌ چووه‌ته‌ ناو په‌رده‌ی دڵیه‌وه‌و نه‌خۆشی خستووه‌ [ إِنَّا لَنَرَاهَا فِي ضَلَالٍ مُبِينٍ (٣٠) ] به‌راستى ئێمه‌ وا ئه‌بینین كه‌ ئه‌م ئافره‌ته‌ له‌ گومڕاییه‌كی زۆر ئاشكرادایه‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.