Muslim99Muslim99
← Tafsir library

11. Hud

Hud · Meccan · 123 ayahs

سُورَةُ هُودٍ

Reading Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies

Ayahs 11–20 of 123

11

إِلَّا ٱلَّذِينَ صَبَرُوا۟ وَعَمِلُوا۟ ٱلصَّٰلِحَٰتِ أُو۟لَٰٓئِكَ لَهُم مَّغْفِرَةٌۭ وَأَجْرٌۭ كَبِيرٌۭ

جگه له‌و که‌سانه‌ی که خۆگرو ئارامگر بوون و کارو و کرده‌وه چاکه‌کانیان ئه‌نجامداوه (له خۆشی و ناخۆشیدا سروشتی خواناسیان ناگۆڕێت) ئا ئه‌وانه لێخۆش بوون و پاداشتی گه‌وره و فراوانیان بۆ هه‌یه‌.

ئەو کەسانە نەبێت کە ئارامگرن لەسەر ناخۆشی و ناڕەحەتییەکان، وە ئارامگرن لەسەر ئەنجامدانی تاعەت و گوێڕایەڵی و دوور كەوتنەوە لە سەرپێچییەکانی خوا، وە کاروکردەوەی چاکە دەکەن، ئەوانە حاڵێکی تریان ھەیە، ھەرگیز نائومێدی ڕوویان تێ ناکات، وە ناشکوری ناکەن لەبەرامبەر ناز و نیعمەتەکانی خوا، وە خۆیان ھەڵناکێشن بەسەر خەڵکیدا، ئەوانەی ئەمە سیفات و خوو ڕەوشتیانە پەروەردگار لە گوناھەکانیان خۆش دەبێت ، وە پاداشتی زۆر گەورەشیان بۆ ھەیە لە ڕۆژی دواییدا.

12

فَلَعَلَّكَ تَارِكٌۢ بَعْضَ مَا يُوحَىٰٓ إِلَيْكَ وَضَآئِقٌۢ بِهِۦ صَدْرُكَ أَن يَقُولُوا۟ لَوْلَآ أُنزِلَ عَلَيْهِ كَنزٌ أَوْ جَآءَ مَعَهُۥ مَلَكٌ ۚ إِنَّمَآ أَنتَ نَذِيرٌۭ ۚ وَٱللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَىْءٍۢ وَكِيلٌ

جا له‌وانه‌یه تۆ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر) واز بهێنیت له هه‌ندێ له‌و باسانه‌ی که به (وحی) بۆت ڕه‌وانه‌کراوه و دڵته‌نگ و سه‌غڵه‌ت بیت نه‌وه‌کو بڵێن: ئه‌وه بۆ گه‌نجینه‌یه‌ك (له زێڕو زیو) دانه‌به‌زیوه‌ته سه‌ری، یان فریشته‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌که نه‌هاتووه له‌گه‌ڵیدا، (تۆ خه‌فه‌ت مه‌خۆ) چونکه به‌ڕاستی تۆ ته‌نها ترسێنه‌ری، خوا خۆیشی ئاگادارو چاودێره به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا (حیسابیان بۆ ده‌کات).

ئەی پێغەمبەر لەوانەیە لەبەر ئەو بێباوەڕی و سەرسەختیەیان خەریکە دەست ھەڵگریت لە گەیاندنی ھەندێک لەوەی خوای گەورە فەرمانی پێکردوویت، لەو شتانەی کە لەسەریان قورس و گرانە ئەنجامی بدەن، وە یان دڵت پێی تەنگ و ناڕەحەت بێت لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەوان باوەڕت پێ نەھێنن، کاتێک ئەوان بە تۆ دەڵێن: ئەگەر ڕاستە ئەو پێغەمبەری خوایە بۆچی گەنجینە و سەروەت و سامانێکی زۆری بۆ دانەبەزێنرا، یان بۆچی فریشتەیەکی لەگەڵدا ڕەوانە نەکرا تاوەکو ڕاستیەتی بسەلمێنێت؟ جا بۆیە لەبەر ھیچ شتێک لەمانە دەست ھەڵنەگریت لەوەی خوای گەورە وەحی و نیگای بۆ کردویت و بە قسەی ئەوانە خەفەت مەخۆ، چونکە تۆ تەنھا ترسێنەری ئەوانیت بە سزای خوا، ھەرچی شتێک خوای گەورە فەرمانی پێ کردویت بیگەیەنە بە خەڵکی، وە تۆ لەسەرت نییە ئەوەی ئەوان داوای دەکەن لە بەڵگە و موعجیزە بۆیان بکەیت، وە خوای گەورە خۆی ئاگادار و پارێزەری ھەموو شتێکە.

13

أَمْ يَقُولُونَ ٱفْتَرَىٰهُ ۖ قُلْ فَأْتُوا۟ بِعَشْرِ سُوَرٍۢ مِّثْلِهِۦ مُفْتَرَيَٰتٍۢ وَٱدْعُوا۟ مَنِ ٱسْتَطَعْتُم مِّن دُونِ ٱللَّهِ إِن كُنتُمْ صَٰدِقِينَ

به‌ڵکو (له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌ڵگانه‌دا) ئه‌وانه ده‌ڵێن که محمد قورئانی هه‌ڵبه‌ستووه‌، پێیان بڵێ: جا ئێوه‌ش ده سووره‌تی هه‌ڵباستراو وێنه‌ی ئه‌م قورئانه بهێنن، هه‌ر که‌سیش له خوا گه‌وره به‌ده‌ر، ده‌توانن، بانگ بکه‌ن (بۆ هاوکاریتان په‌نای بۆ به‌رن) ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن.

یان ئەو موشریک و بتپەرستانە دەڵێن: ئەم قورئانە وەحی و نیگا نییە لەلایەن خواوە ھاتبێت، بەڵکو موحەممەد خۆی ھەڵیبەستووە، جا - ئەی پێغەمبەر - تۆیش دەمکوتیان بکە و پێیان بڵێ: ئەگەر ڕاست دەکەن دەسا ئێوەیش دە سورەتی ھاوشێوەی قورئان ھەڵبەستن کە گومان دەبەن ھەڵبەسترابێت، وە ھەرکەسیشتان دەوێت جگە خوای گەورە بانگی بکەن تاوەکو ھاوکاریتان بکەن بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر ڕاست دەکەن لە بانگەشەکەتان گوایە قورئان ھەڵبەستراوی موحەممەدە.

14

فَإِلَّمْ يَسْتَجِيبُوا۟ لَكُمْ فَٱعْلَمُوٓا۟ أَنَّمَآ أُنزِلَ بِعِلْمِ ٱللَّهِ وَأَن لَّآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ ۖ فَهَلْ أَنتُم مُّسْلِمُونَ

جا ئه‌گه‌ر (خوانه‌ناسان) نه‌هاتن به‌ده‌م ئه‌م داوایه‌تانه‌وه‌، ئه‌وه ئیتر چاك بزانن و دڵنیابن که به‌ڕاستی ئه‌م قورئانه هه‌ر به ئاگاداری خوای گه‌وره دابه‌زێنراوه و بشزانن جگه له‌ویش خوایه‌کی تر نیه‌، ئایا ئیتر ئێوه (ئه‌ی بێ باوه‌ڕان) ملکه‌چ ده‌بن؟

ئەگەر ھاتوو ئەو بێباوەڕانە وەڵامیان نەدایتەوە و نەیانتوانی دە سورەتی ھاوشێوەی قورئان بھێنن، ئەوا - ئەی باوەڕدارینە - بزانن و یەقینتان ھەبێت کە بێگومان قورئان بە ئاگاداری و زانینی خوای گەورە ناردراوەتە خوارەوە و ھەڵبەستراوی دەستی کەس نییە، وە بزانن کە ھیچ پەرستراوێکی بە ھەق نییە جگە لە اللە، دەی ئایا ئیتر دوای ئەم ھەمووە بەڵگە ڕوون و ئاشکرایە ملکەچی فەرمانەکانی خوا دەبن ؟

15

مَن كَانَ يُرِيدُ ٱلْحَيَوٰةَ ٱلدُّنْيَا وَزِينَتَهَا نُوَفِّ إِلَيْهِمْ أَعْمَٰلَهُمْ فِيهَا وَهُمْ فِيهَا لَا يُبْخَسُونَ

هه‌ر که‌سێك ته‌نها ژیانی دنیاو ڕازاوه‌یی و (خۆشگوزه‌رانی) یه‌که‌ی بوێت. ئه‌وه پاداشتی هه‌وڵ و کۆششی ئه‌و جۆره که‌سانه ده‌ده‌ینه‌وه له دنیادا، ئه‌وانیش تێیدا هیچیان لێکه‌م ناکرێته‌وه‌.

ھەرکەسێک بە کاروکردەوەکانی ژیانی دونیا و خۆشییە بڕاوەکانی دەوێت، وە پاشەڕۆژی پشتگوێ دەخات و نایەوێت، ئەوا پاداشتی کاروکردوەکانیان ھەر لە دونیا دەدەینەوە تەندروستییان باش دەکەین، وە ئەمن و ئاسایشیان بۆ فەراھەم دەھێنین، وە ڕزق و ڕۆزییان زۆر دەکەین، وە ھیچ شتێکیشیان لە پاداشتی کردەوەکانیان لە دونیا لێ کەم ناکرێتەوە.

16

أُو۟لَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ لَيْسَ لَهُمْ فِى ٱلْءَاخِرَةِ إِلَّا ٱلنَّارُ ۖ وَحَبِطَ مَا صَنَعُوا۟ فِيهَا وَبَٰطِلٌۭ مَّا كَانُوا۟ يَعْمَلُونَ

ئا ئه‌وانه ئه‌وانه‌ن که له ڕۆژی دوایدا جگه له ئاگری دۆزه‌خ هیچی تریان بۆ نیه و ئه‌وه‌ی که کردیان له دنیادا پووچه‌ڵ بۆوه و بێ نرخه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و کاروکرده‌وه‌ی که ده‌یانکرد به‌تاڵ و پووچ و بۆشه‌.

ئەوانەی خوا بەو شێوەیە وەسفی کردن کە مەبەستیان تەنھا خۆشی و ناز و نیعمەتەکانی دونیایە و دواڕۆژیان پشتگوی دەخەن، لە ڕۆژی قیامەتدا جگە لە ئاگری دۆزەخ کە دەچنە ناویەوە ھیچ شتێکی تریان بۆ نییە، چونکە دونیاویست بوون و پاشەڕۆژیان پشتگوێ خستبوو، وە ئەگەر ھەر چاکەیەکیشیان لە دونیا کردبێت ئەوا ھەمووی بەتاڵ و پوچ دەبێتەوە، چونکە باوەڕیان نەبووە و نیەت و مەبەستێکی دروست و باشیش لەپشت کارەکانیانەوە نەبووە، چونکە ئەوان مەبەستیان ڕەزامەندی خوا و ڕۆژی دوایی نەبووە.

17

أَفَمَن كَانَ عَلَىٰ بَيِّنَةٍۢ مِّن رَّبِّهِۦ وَيَتْلُوهُ شَاهِدٌۭ مِّنْهُ وَمِن قَبْلِهِۦ كِتَٰبُ مُوسَىٰٓ إِمَامًۭا وَرَحْمَةً ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ يُؤْمِنُونَ بِهِۦ ۚ وَمَن يَكْفُرْ بِهِۦ مِنَ ٱلْأَحْزَابِ فَٱلنَّارُ مَوْعِدُهُۥ ۚ فَلَا تَكُ فِى مِرْيَةٍۢ مِّنْهُ ۚ إِنَّهُ ٱلْحَقُّ مِن رَّبِّكَ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يُؤْمِنُونَ

(ئایه ئه‌و جۆره که‌سانه‌ی که باس کران) وه‌کو ئه‌و که‌سه وایه که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریه‌وه هه‌موو شتێکی بۆ ڕوون کراوه‌ته‌وه‌، (ئه‌میش باوه‌ڕی پێیه‌تی چونکه‌) پێغه‌مبه‌رێك به‌ڵگه‌نامه‌ی خوا ده‌خوێنێته‌وه و له پێش ئه‌میشه‌وه په‌یامه‌که‌ی موسا (که ته‌وراته‌) پێشه‌واو ڕه‌حمه‌ت بوووه‌، ئه‌و جۆره که‌سانه‌ی (که ژیرو هۆشمه‌دن) باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن، جا ئه‌و ده‌سته و کۆمه‌ڵانه‌ی که باوه‌ڕ به‌م په‌یامه ناکه‌ن، ئه‌وه ئاگری دۆزه‌خ چاوه‌ڕێیانه‌، نه‌که‌یت تۆ له‌جۆره گومانێکدا بیت له‌م قورئانه‌و له‌م په‌یامه‌، چونکه به‌ڕاستی ئه‌وه حه‌قیقه‌ته و له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه بۆت ڕه‌وانه کراوه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی باوه‌ڕ ناهێنن.

موحەممەد (صلی اللە علیە و سلم) کە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای لە لایەن خوای گەورەوە پێیە و ھەر لەلایەن ئەویشەوە شایەتێک کە جوبرەئیلە ھەبێت و قورئانی بۆ بخوێنێتەوە، وە لەپێش قورئانیش تەوراتەکەی موسا (سەلامی خوای لێ بێت) کە پێشەوا و ڕەحمەت بوو بۆ بەنو ئیسرائیل شایەتی لەسەر ڕاستی دابێت، ئەم جۆرە کەسانە کە مەبەست پێی پێغەمبەری ئیسلام و باوەڕدارانی ھاوەڵانیەتی یەکسان نین لەگەڵ ئەو بێباوەڕانەی کە لە گومڕاییدا ڕۆچوون، ئەوانە باوەڕیان بە قورئانی پیرۆز ھەیە و باوەڕیان بە موحەممەد هەیە كە قورئانی بەسەردا دابەزیوە، ھەرکەسێکیش لە گەل و نەتەوە ئاینزاکانی تر باوەڕیان پێی نەبێت، ئەوا بێگومان ئاگری دۆزەخ لە ڕۆژی قیامەتدا جێگایانە، - ئەی پێغەمبەر - تۆ ھیچ گومان و دوودڵیت لە قورئان و ئەو بەڵێنانەیش نەبێت کە داونی، بێگومان ھەر ھەموویان ھەق و ڕاستین و دێنە دی، بەڵام زۆربەی خەڵکی لەگەڵ بوونی ئەو ھەمووە بەڵگە ڕوون و ئاشکرایانە باوەڕ ناھێنن.

18

وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ ٱفْتَرَىٰ عَلَى ٱللَّهِ كَذِبًا ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ يُعْرَضُونَ عَلَىٰ رَبِّهِمْ وَيَقُولُ ٱلْأَشْهَٰدُ هَٰٓؤُلَآءِ ٱلَّذِينَ كَذَبُوا۟ عَلَىٰ رَبِّهِمْ ۚ أَلَا لَعْنَةُ ٱللَّهِ عَلَى ٱلظَّٰلِمِينَ

کێ له‌وه سته‌مکارتره که درۆ به‌ناوی خواوه هه‌ڵببه‌ستێت (به‌وه‌ی که بڵێ خوا هاوه‌ڵ یان کوڕی هه‌یه‌) ئه‌وانه نیشانی په‌روه‌ردگاریان ده‌درێن و شایه‌ته‌کانی قیامه‌ت، که فریشته و پێغه‌مبه‌ران و بانگخوازانن ده‌ڵێن: ئا ئه‌وانه ئه‌وانه‌ن درۆیان کرد به‌ده‌م په‌روه‌ردگاریانه‌وه‌، ئاگاداربن! نه‌فره‌تی خوا له‌سه‌ر سته‌مکارانه‌...

ھیچ کەسێک ھێندەی ئەو کەسە ستەمکارتر نییە کە درۆ ھەڵدەبەستێت بۆ خوای گەورە، بەوەی ھاوەڵی بۆ دادەنێت یان منداڵی بۆ بڕیار دەدات، ئەوانەی کە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستن لە ڕۆژی قیامەتدا ڕووبەڕووی خوای گەورە دەکرێنەوە تاوەکو لەسەر ھەموو کردەوەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەو ساتە شاھیدگەلێک زۆر لە فریشتە و پێغەمبەران لە ڕۆژی دوایی شاھیدیان لەسەر دەدەن و دەڵێن: ئەوانە ئەوانە بوون کە درۆیان بۆ خوای گەورە ھەڵبەست، ئەوانە ئەوانە بوون کە ھاوەڵ و منداڵیان بۆ خوا بڕیاردا، دەی ئیتر ئەوانەی کە ستەمیان لە خۆیان کرد و درۆیان بۆ خوا ھەڵبەست لە ڕەحمی خوای گەورە بە دوور بن و نەفرینی ئەویان لێ بێت.

19

ٱلَّذِينَ يَصُدُّونَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ وَيَبْغُونَهَا عِوَجًۭا وَهُم بِٱلْءَاخِرَةِ هُمْ كَٰفِرُونَ

ئه‌وانه‌ی به‌نه‌رم و نیانی و له‌سه‌رخۆ به‌رهه‌ڵستی په‌یامی خوا ده‌که‌ن و به‌لاری ده‌یانه‌وێت و ده‌یانه‌وێت به هه‌ڵه‌و ناته‌واوی بیناسێنن به‌خه‌ڵکی و ئه‌وانه به‌رۆژی دوایی بێ بڕوان.

ئەوانەی کە ڕێگای ڕاستی خوای گەورە لە خەڵکی دەبەستن، وە وەسفی ئاینەکەی خوا دەکەن بەوەی ئاینێکی خوار و خێچە تاوەکو خەڵکی لێ دوور بخەنەوە و کەس شوێنی نەکەوێت، ئەوانە باوەڕیان نییە بە زیندووبونەوەی دوای مردن و ئینکاری لێ دەکەن.

20

أُو۟لَٰٓئِكَ لَمْ يَكُونُوا۟ مُعْجِزِينَ فِى ٱلْأَرْضِ وَمَا كَانَ لَهُم مِّن دُونِ ٱللَّهِ مِنْ أَوْلِيَآءَ ۘ يُضَٰعَفُ لَهُمُ ٱلْعَذَابُ ۚ مَا كَانُوا۟ يَسْتَطِيعُونَ ٱلسَّمْعَ وَمَا كَانُوا۟ يُبْصِرُونَ

ئا ئه‌وانه خۆیان ده‌سته‌وستان نه‌کردووه له زه‌ویداو له ده‌ستی خوا ده‌رچن، بێجگه له خوا هیچ په‌ناو یارمه‌تیده‌رێکیان نیه (که‌س فریایان ناکه‌وێت) و سزایان بۆ چه‌ند به‌رابه‌ر ده‌کرێت، ئه‌وانه له دنیادا ئه‌وه‌نده ڕقیان له حه‌ق و ڕێگه‌ی خوا بوو، ئه‌وانه نه‌یانده‌توانی گوێ بگرن و ڕاستی ببینن.

ئەوانەی ئەوە سیفاتیانە ھەرگیز ناتوانن لەسەر زەوی لە دەستی سزای خوا ھەڵبێن ئەگەر دابەزییە سەریان، وە جگە لە خوای گەورە ھیچ دۆست و پشتیوانێکی تریان نییە کە ڕزگاریان کات لە سزای خوای گەورە، لە ڕۆژی قیامەتیشدا بە ھۆی ئەوەی خۆیان و کەسانی تریشیان لە ڕێگای خوا لادا سزای چەند قاتیان بۆ ھەیە، چونکە لە دونیادا ھێندە کینە لە دڵ بوون نەیاندەتوانی وشەی ھەق و ڕاستی ببیستن لەبەر ئەوەی لە ئاست بیستنی ھەقدا خۆیان کەڕ دەکرد، وە نەیاندەتوانی بەڵگە و نیشانەکانی خوایش لە گەردوندا ببینن، بینینێک کە سوودی ھەبێت بۆیان، چونکە خۆیان کوێر کردبوو لە ئاست بینینی ھەق و پشتیان ھەڵکردبوو لێی.

Commentary: Al-Mukhtasar in Interpreting the Noble Qur'an by Tafsir Center for Quranic Studies. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.