Muslim99Muslim99
← Tafsir library

10. Yunus

Jonas · Meccan · 109 ayahs

سُورَةُ يُونُسَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 51–60 of 109

51

أَثُمَّ إِذَا مَا وَقَعَ ءَامَنتُم بِهِۦٓ ۚ ءَآلْـَٰٔنَ وَقَدْ كُنتُم بِهِۦ تَسْتَعْجِلُونَ

دوای ئه‌وه ئایا که (قیامه‌ت) ڕوویداو به‌رپا بوو باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن؟!. ئه‌وسا پێیان ده‌وترێت: ئا ئێستا باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن؟! خۆ به‌ڕاستی کاتی خۆی (به‌گاڵته پێ کردنه‌وه‌) په‌له‌تان ده‌کرد له پێش هاتنی و (بڕواتان پێی نه‌بوو)!

[ أَثُمَّ إِذَا مَا وَقَعَ آمَنْتُمْ بِهِ ] یاخود ئایا له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ سزای خوای گه‌وره‌ دابه‌زیه‌ سه‌رتان ئه‌و كاته‌ ئێوه‌ ئیمان دێنن [ آلْآنَ ] ئێستا ئیمان دێنن كه‌ سزای خوای گه‌وره‌ ڕوویدا [ وَقَدْ كُنْتُمْ بِهِ تَسْتَعْجِلُونَ (٥١) ] له‌ كاتێكدا ئێوه‌ پێشتر په‌له‌تان ئه‌كردو داوای سزای خوای گه‌وره‌تان ئه‌كرد به‌ڵام كاتێك كه‌ سزا هات ئیمانیش بێنن سوودی نیه‌.

52

ثُمَّ قِيلَ لِلَّذِينَ ظَلَمُوا۟ ذُوقُوا۟ عَذَابَ ٱلْخُلْدِ هَلْ تُجْزَوْنَ إِلَّا بِمَا كُنتُمْ تَكْسِبُونَ

ئه‌وسا به‌وانه‌ی که سته‌میان له خۆیان کرد ده‌وترێت: ده‌بچێژن سزاو ئازاری نه‌بڕاوه‌، مه‌گه‌ر پاداشتان له‌به‌رامبه‌ری کارو کرده‌وه و هه‌وڵه‌کانی خۆتانه‌وه نادرێته‌وه که ده‌تانکرد؟!

[ ثُمَّ قِيلَ لِلَّذِينَ ظَلَمُوا ذُوقُوا عَذَابَ الْخُلْدِ ] پاشان به‌ سته‌مكاران ئه‌ووترێ سزا بچێژن به‌ نه‌مری و به‌رده‌وامى و هه‌میشه‌یی [ هَلْ تُجْزَوْنَ إِلَّا بِمَا كُنْتُمْ تَكْسِبُونَ (٥٢) ] ئایا ئێوه‌ هیچ سزایه‌ك دراونه‌ته‌وه‌ ته‌نها به‌هۆى كرده‌وه‌ی خۆتان نه‌بێت، چیتان به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ كوفرو تاوان و سه‌رپێچی ته‌نها سزای ئه‌وه‌تان ئه‌درێته‌وه.

53

۞ وَيَسْتَنۢبِـُٔونَكَ أَحَقٌّ هُوَ ۖ قُلْ إِى وَرَبِّىٓ إِنَّهُۥ لَحَقٌّۭ ۖ وَمَآ أَنتُم بِمُعْجِزِينَ

(بێباوه‌ڕان به‌گاڵته‌وه لێت ده‌پرسن): ئایا به‌رپا بوونی قیامه‌ت ڕاسته‌؟ (شتی وا پێش دێت؟!). بڵێ: به‌ڵێ، ڕاسته‌، سوێند به‌په‌روه‌ردگارم به‌ڕاستی ئه‌وه حه‌قیقه‌تێکی و (هه‌ر پێش دێت و) ئێوه ناتوانن خوا ده‌سته‌وسان بکه‌ن.

{دەبێت تەنها سوێند بە خوا بخورێت}

[ وَيَسْتَنْبِئُونَكَ أَحَقٌّ هُوَ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - داوای هه‌واڵت لێ ئه‌كه‌ن ئایا ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ تۆ به‌ ئێمه‌ى ئه‌ده‌یت سه‌باره‌ت به‌ مردن و زیندوو بوونه‌وه‌و سزادانمان ئایا حه‌قه‌؟ [ قُلْ إِي وَرَبِّي إِنَّهُ لَحَقٌّ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - بڵێ: به‌ڵێ سوێند بێت به‌ په‌روه‌ردگارم هه‌موو ئه‌و شتانه‌ حه‌قه‌و ڕووئه‌دات و جێبه‌جێ ئه‌بێ [ وَمَا أَنْتُمْ بِمُعْجِزِينَ (٥٣) ] وه‌ ئێوه‌ش ڕزگارتان نابێ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌، له‌ قورئانى پیرۆز له‌ سێ ئایه‌تدا خواى گه‌وره‌ فه‌رمان به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - ده‌كات كه‌ سوێند بۆ كافران بخوات به‌ خواى گه‌وره‌ له‌سه‌ر زیندووبوونه‌وه‌: ئه‌م ئایه‌ته‌، وه‌ له‌ سوره‌تى (سبأ/ ٣) [ وَقَالَ الذين كَفَرُواْ لاَ تَأْتِينَا الساعة قُلْ بلى وَرَبِّي لَتَأْتِيَنَّكُمْ ] وه‌ له‌ سوره‌تى (التغابن/ ٧) [ زَعَمَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنْ لَنْ يُبْعَثُوا قُلْ بَلَى وَرَبِّي لَتُبْعَثُنَّ ].

54

وَلَوْ أَنَّ لِكُلِّ نَفْسٍۢ ظَلَمَتْ مَا فِى ٱلْأَرْضِ لَٱفْتَدَتْ بِهِۦ ۗ وَأَسَرُّوا۟ ٱلنَّدَامَةَ لَمَّا رَأَوُا۟ ٱلْعَذَابَ ۖ وَقُضِىَ بَيْنَهُم بِٱلْقِسْطِ ۚ وَهُمْ لَا يُظْلَمُونَ

ئه‌گه‌ر هه‌رچی له‌زه‌ویدا هه‌یه که‌سێک که سته‌می کردووه خاوه‌نی بێت (له قیامه‌تدا) ئاماده‌یه هه‌ر هه‌مووی بکاته قوربانی خۆی و بیبه‌خشێت، ئه‌وانه له ده‌روونه‌وه زۆر په‌شیمانن کاتێک سزاو ئازاری چاوه‌ڕوان نه‌کراو ده‌بینن، ئه‌وسا داوه‌ری له نێوانیاندا له‌سه‌ر بنچینه‌ی دادپه‌روه‌ری ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌وانه هیچ جۆره سته‌مێکیان لێناکرێت.

[ وَلَوْ أَنَّ لِكُلِّ نَفْسٍ ظَلَمَتْ مَا فِي الْأَرْضِ لَافْتَدَتْ بِهِ ] هه‌موو سته‌مكاران و كافران ئه‌گه‌ر هه‌رچی له‌سه‌ر ڕووی زه‌ویدا هه‌یه‌ له‌ شته‌ به‌نرخه‌كان هه‌مووی هی ئه‌وان بێت هه‌ر هه‌مووی ئه‌به‌خشن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیانی پێ ڕزگار بكه‌ن له‌ ئاگری دۆزه‌خ به‌ڵام ڕزگاریان نابێ [ وَأَسَرُّوا النَّدَامَةَ لَمَّا رَأَوُا الْعَذَابَ ] وه‌ كاتێك كه‌ سزای خوای گه‌وره‌ ئه‌بینن په‌شیمانی و غه‌م و په‌ژاره‌یان ئه‌شارنه‌وه‌ له‌ باوه‌ڕداران به‌ڵام دواتر كه‌ سزاكه‌ به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ ئه‌بێ ئه‌و كاته‌ ئاشكرای ئه‌كه‌ن و ده‌ریئه‌بڕن [ وَقُضِيَ بَيْنَهُمْ بِالْقِسْطِ ] وه‌ خوای گه‌وره‌ بڕیار له‌ نێوان موسڵمانان و كافران و، شوێنكه‌وتوان و سه‌ركرده‌كاندا ئه‌دات به‌دادپه‌روه‌ری [ وَهُمْ لَا يُظْلَمُونَ (٥٤) ] وه‌ هیچ كه‌سێك سته‌می لێ ناكرێ لای خوای گه‌وره‌.

55

أَلَآ إِنَّ لِلَّهِ مَا فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلْأَرْضِ ۗ أَلَآ إِنَّ وَعْدَ ٱللَّهِ حَقٌّۭ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ

(خه‌ڵکینه‌) ئاگاداربن و بیرتان نه‌چێت که به‌ڕاستی هه‌رچی له ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا هه‌یه هه‌ر هه‌مووی بۆ خوایه‌، ئاگاداربن که به‌ڵێنی خوا ڕاست و دروسته (قیامه‌ت به‌رپا ده‌کات و پاداشت و سزا له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئیمان و کرده‌وه دیاری ده‌کات) به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی له‌م ڕاستیه بێ ئاگان و نایزانن.

[ أَلَا إِنَّ لِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ] بزانن هه‌رچی له‌ ئاسمانه‌كان و له‌ زه‌ویدا هه‌یه‌ هه‌مووی موڵكی خوای گه‌وره‌یه‌و له‌ ژێر تواناو ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌دایه‌ [ أَلَا إِنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ ] وه‌ بزانن كه‌ به‌ڵێنی خوای گه‌وره‌ حه‌قه‌و ڕوو ئه‌دات و زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ (٥٥) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی واته‌: له‌ كافران ئه‌م شته‌ نازانن، وه‌ نازانن چ شتێك سوودی ئه‌وانی تێدایه‌.

56

هُوَ يُحْىِۦ وَيُمِيتُ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ

هه‌ر خوا ژیان ده‌به‌خشێت و مردن پێش ده‌هێنێت، هه‌ر بۆ لای ئه‌ویش ده‌برێنه‌وه‌.

[ هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ (٥٦) ] هه‌ر خوای گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئه‌تانژیه‌نێ و ئه‌تانمرێنێ، وه‌ ژیان و مردنی ئێوه‌ به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه‌، وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌شتان هه‌ر بۆ لای خوای گه‌وره‌یه‌.

57

يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ قَدْ جَآءَتْكُم مَّوْعِظَةٌۭ مِّن رَّبِّكُمْ وَشِفَآءٌۭ لِّمَا فِى ٱلصُّدُورِ وَهُدًۭى وَرَحْمَةٌۭ لِّلْمُؤْمِنِينَ

ئه‌ی خه‌ڵکینه‌، به‌ڕاستی ئێوه ئامۆژگاریه‌کی گه‌وره و گرنگتان له لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه بۆ هاتووه که (قورئانه‌) شیفا و چاره‌سه‌ریشه بۆ نه‌خۆشی دڵ و ده‌روونه‌کان و ڕێ نیشانده‌رو ڕه‌حمه‌تیشه بۆ ئیمانداران.

{قورئان شیفاو هیدایەت‌و رەحمەتە}

[ يَا أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءَتْكُمْ مَوْعِظَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ ] ئه‌ی خه‌ڵكی به‌دڵنیایی له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ په‌ندو ئامۆژگاریتان بۆ هاتووه‌ كه‌ قورئانی پیرۆزه‌ [ وَشِفَاءٌ لِمَا فِي الصُّدُورِ ] وه‌ شیفایه‌ بۆ ئه‌و دڵه‌ى كه‌ له‌ناو سینگه‌كانه‌ بۆ هه‌ر دوودڵى و گومانێك كه‌ رووبه‌ڕووتان بێته‌وه‌ قورئان شیفایه‌ بۆی [ وَهُدًى وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ (٥٧) ] وه‌ هیدایه‌ت و ڕێنمایی و ڕه‌حمه‌ته‌ بۆ باوه‌ڕداران.

58

قُلْ بِفَضْلِ ٱللَّهِ وَبِرَحْمَتِهِۦ فَبِذَٰلِكَ فَلْيَفْرَحُوا۟ هُوَ خَيْرٌۭ مِّمَّا يَجْمَعُونَ

(ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم) به ئیماندارن بڵێ: با دڵشاد و شادومان بن به‌فه‌زڵ و به‌خشش و ڕه‌حمه‌تی خوایی (که قورئان و به‌رنابه‌ی خوایه‌)، که‌وا بوو با هه‌ر به‌وه دڵ خۆش بن، هه‌ر ئه‌وه‌ش چاکتره بۆیان له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که خه‌ڵکی خه‌ریکن کۆی ده‌که‌نه‌وه‌و که‌ڵه‌که‌ی ده‌که‌ن.

[ قُلْ بِفَضْلِ اللَّهِ وَبِرَحْمَتِهِ فَبِذَلِكَ فَلْيَفْرَحُوا ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: با دڵخۆش بن به‌فه‌زڵ و چاكه‌و ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌، به‌ ئیسلام و قورئان و سونه‌ت كه‌ هیدایه‌تى داون بۆى با به‌م شته‌ دڵی خۆیان خۆش بكه‌ن نه‌ك به‌ شته‌ دونیاییه‌كان [ هُوَ خَيْرٌ مِمَّا يَجْمَعُونَ (٥٨) ] ئه‌م فه‌زڵ و ڕه‌حمه‌ته‌ی خوای گه‌وره‌ كه‌ به‌هه‌ر كه‌سێكی ببه‌خشێ ئه‌مه‌ باشتره‌ له‌ شته‌ دونیاییه‌كان كه‌ كۆی ئه‌كه‌نه‌وه‌و دڵیان پێی خۆشه‌ چونكه‌ ده‌ڕوات و نامێنێت.

59

قُلْ أَرَءَيْتُم مَّآ أَنزَلَ ٱللَّهُ لَكُم مِّن رِّزْقٍۢ فَجَعَلْتُم مِّنْهُ حَرَامًۭا وَحَلَٰلًۭا قُلْ ءَآللَّهُ أَذِنَ لَكُمْ ۖ أَمْ عَلَى ٱللَّهِ تَفْتَرُونَ

بڵێ پێیان: هه‌واڵم بده‌نێ، ئێوه چۆن له خۆتانه‌وه ئه‌و ڕزق و ڕۆزیه‌ی که خوا پێی به‌خشیوون دابه‌شی ده‌که‌ن و هه‌ندێکی به حه‌رام داده‌نێن و هه‌ندێکی به حه‌ڵاڵ (که چی باوه‌ڕتان به به‌رنامه‌ی خوا نیه)، پێیان بڵێ: ئایا خوا خۆی مۆڵه‌تی ئه‌و کاره‌ی پێداون؟! یا خود له خۆتانه‌وه شت به‌ده‌م خواوه هه‌ڵده‌به‌ستن؟!

[ قُلْ أَرَأَيْتُمْ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ لَكُمْ مِنْ رِزْقٍ فَجَعَلْتُمْ مِنْهُ حَرَامًا وَحَلَالًا قُلْ آللَّهُ أَذِنَ لَكُمْ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: هه‌واڵم پێ بده‌ن ئایا ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆی دابه‌زاندوون و پێى به‌خشیوون و بۆی حه‌ڵاڵ كردوون له‌ ڕزق و ڕۆزی ئێوه‌ خۆتان هه‌ندێكی لێ حه‌رام ئه‌كه‌ن و هه‌ندێكی حه‌ڵاڵ ئه‌كه‌ن به‌ئاره‌زووی خۆتان وه‌كو له‌ سووره‌تی (ئه‌نعام) دا باسمان كرد، ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئایا خوای گه‌وره‌ ئیزنی داون ئێوه‌ به‌هه‌واو ئاره‌زووی خۆتان شت حه‌ڵاڵ بكه‌ن و حه‌رام بكه‌ن، ئه‌م ئایه‌ته‌ دابه‌زى بۆ ئینكارى كردن له‌ موشریكان كه‌ به‌ هه‌واو ئاره‌زوى خۆیان ئاژه‌ڵیان بۆ خۆیان حه‌ڵاڵ ده‌كرد و له‌سه‌ر خۆیان حه‌رامیان ده‌كرد [ أَمْ عَلَى اللَّهِ تَفْتَرُونَ (٥٩) ] یان درۆ بۆ خوای گه‌وره‌ هه‌ڵئه‌به‌ستن و به‌ناوی خوای گه‌وره‌وه‌ قسه‌ ئه‌كه‌ن.

60

وَمَا ظَنُّ ٱلَّذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى ٱللَّهِ ٱلْكَذِبَ يَوْمَ ٱلْقِيَٰمَةِ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ لَذُو فَضْلٍ عَلَى ٱلنَّاسِ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَشْكُرُونَ

باشه‌، ئاخۆ له ڕۆژی قیامه‌تدا گومان و بۆچوونی ئه‌و که‌سانه چۆن بێت که درۆ به‌ده‌م خواوه هه‌ڵده‌به‌ستن؟ (ئایا واده‌زانن لێ پرسینه‌وه نیه‌؟) به‌ڕاستی (له‌گه‌ڵ لاری زۆربه‌ی خه‌ڵکیدا) خوا هه‌ر خاوه‌نی فه‌زڵه به‌سه‌ریانه‌وه‌، هه‌ر چه‌نده زۆربه‌یان سوپاس ناپه‌زێرو بێ ئه‌مه‌کن.

[ وَمَا ظَنُّ الَّذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ ] ئایا گومانی ئه‌و كه‌سانه‌ چیه‌ به‌خوای گه‌وره‌ كه‌ له‌ دونیا درۆیان بۆ خوای گه‌وره‌ هه‌ڵبه‌ستووه‌؟ چاوه‌ڕێی چ سزایه‌ك ئه‌كه‌ن كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا بیاندات؟ [ إِنَّ اللَّهَ لَذُو فَضْلٍ عَلَى النَّاسِ ] به‌راستى خوای گه‌وره‌ خاوه‌ن فه‌زڵ و چاكه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكیه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى سودى بۆیان هه‌بێت لێى حه‌رام نه‌كردوون، ته‌نها ئه‌وه‌ى زیانى هه‌بێت لێى حه‌رام كردوون، وه‌ په‌له‌ ناكات له‌سزادانیان له‌ دونیادا [ وَلَكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَشْكُرُونَ (٦٠) ] به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵكی شوكرانه‌بژێری خوای گه‌وره‌ ناكه‌ن.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.