Muslim99Muslim99
← Tafsir library

10. Yunus

Jonas · Meccan · 109 ayahs

سُورَةُ يُونُسَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 21–30 of 109

21

وَإِذَآ أَذَقْنَا ٱلنَّاسَ رَحْمَةًۭ مِّنۢ بَعْدِ ضَرَّآءَ مَسَّتْهُمْ إِذَا لَهُم مَّكْرٌۭ فِىٓ ءَايَاتِنَا ۚ قُلِ ٱللَّهُ أَسْرَعُ مَكْرًا ۚ إِنَّ رُسُلَنَا يَكْتُبُونَ مَا تَمْكُرُونَ

کاتێکیش خه‌ڵکی له‌دوای ناخۆشیه‌ک که بۆیان پێش دێت له‌ڕه‌حمه‌ت و به‌خششی خۆمان به‌هره‌وریان ده‌که‌ین، ئه‌وه یه‌کسه‌ر پیلانگێڕی کاریانه دژ به‌ئاین و فه‌رمانه‌کانی ئێمه‌، ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: خوا خێراتره له‌وان له نه‌خشه‌و پلاندا، به‌ڕاستی فریشته‌کانمان هه‌موو پیلان و فێڵێک که‌ده‌یکه‌ن تۆماری ده‌که‌ن.

[ وَإِذَا أَذَقْنَا النَّاسَ رَحْمَةً مِنْ بَعْدِ ضَرَّاءَ مَسَّتْهُمْ ] وه‌ كاتێك كه‌ خه‌ڵكی تووشی ڕه‌حمه‌تێك بكه‌ین به‌هۆی باران بارین و ڕزق و ڕۆزی فراوانی له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر ژیانیان ته‌سك بوو وه‌ وشكه‌ ساڵی و بێ بارانی بووه‌ [ إِذَا لَهُمْ مَكْرٌ فِي آيَاتِنَا ] ئه‌وان فێڵ و گاڵته‌ ئه‌كه‌ن به‌ ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌دا [ قُلِ اللَّهُ أَسْرَعُ مَكْرًا ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: فێڵ و مه‌كر مه‌كه‌ن چونكه‌ له‌به‌رامبه‌ر مه‌كری ئه‌واندا مه‌كری خوای گه‌وره‌ له‌وان خێراتره‌و سزای خوای گه‌وره‌ش خێراتره‌ [ إِنَّ رُسُلَنَا يَكْتُبُونَ مَا تَمْكُرُونَ (٢١) ] وه‌ مه‌لائیكه‌ته‌ نێردراوه‌كانی ئێمه‌ مه‌كرو پیلان و نه‌خشه‌و فێڵی ئێوه‌ هه‌مووی ئه‌نووسن و هیچی لای ئه‌وان شاراوه‌ نیه‌.

22

هُوَ ٱلَّذِى يُسَيِّرُكُمْ فِى ٱلْبَرِّ وَٱلْبَحْرِ ۖ حَتَّىٰٓ إِذَا كُنتُمْ فِى ٱلْفُلْكِ وَجَرَيْنَ بِهِم بِرِيحٍۢ طَيِّبَةٍۢ وَفَرِحُوا۟ بِهَا جَآءَتْهَا رِيحٌ عَاصِفٌۭ وَجَآءَهُمُ ٱلْمَوْجُ مِن كُلِّ مَكَانٍۢ وَظَنُّوٓا۟ أَنَّهُمْ أُحِيطَ بِهِمْ ۙ دَعَوُا۟ ٱللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ ٱلدِّينَ لَئِنْ أَنجَيْتَنَا مِنْ هَٰذِهِۦ لَنَكُونَنَّ مِنَ ٱلشَّٰكِرِينَ

(ئه‌ی هاوه‌ڵگه‌ڕان) خوا ئه‌و زاته‌یه که له‌وشکانی و ده‌ریادا هاتو چۆتان پێده‌کات، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی که له‌که‌شتیه‌کاندا ده‌بن و ده‌یانگوێزنه‌وه به‌هۆی باو شه‌ماڵێکی پاک و ئارامه‌وه‌و هه‌مووان دڵخۆشن پێی، ئه‌وه بایه‌کی توندو به‌هێز و سه‌خت به‌ره‌و که‌شتیه‌که بێت و هه‌ڵبکات، له‌هه‌موو لایه‌که‌وه شه‌پۆل بۆیان بێت، ئیتر وابزانن که ده‌وره‌دراون و (ڕزگار بوونیان ئه‌سته‌مه‌، ئا له‌و کاته‌دا خه‌ڵکه‌که به‌سۆزه‌وه‌) هاناو هاوار بۆ خوا ده‌به‌ن، دڵنیان خوا نه‌بێت که‌س ناتوانێت فریایان بکه‌وێت، له‌کاتێکدا بیرو باوه‌ڕو ئاینیان به‌ته‌واویی پاک و پوخت و یه‌کلایی ده‌که‌نه‌وه بۆ خوا، بۆیه به‌سۆزه‌وه ده‌ڵێن: سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر له‌م به‌ڵایه‌، له‌م ته‌نگانه‌یه‌، ڕزگارمان بکه‌یت، ئه‌وه به‌ڕاستی ده‌چینه ڕیزی سوپاسگوزارانته‌وه‌.

{كافران لە تەنگانەو ناخۆشیدا تەنها داوای فریاكەوتن لە خوا دەكەن}

[ هُوَ الَّذِي يُسَيِّرُكُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ ] خوای گه‌وره‌ ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ به‌ڕێ ده‌كات و ده‌تانپارێزێت له‌ وشكانی و ده‌ریادا، له‌ وشكانی له‌سه‌ر پێی خۆتان له‌ ده‌ریاش هیدایه‌تی داون كه‌ كه‌شتی دروست بكه‌ن و بچنه‌ ناوی [ حَتَّى إِذَا كُنْتُمْ فِي الْفُلْكِ ] تا كاتێ ئێوه‌ له‌ناو كه‌شتیه‌كاندا ئه‌بن [ وَجَرَيْنَ بِهِمْ بِرِيحٍ طَيِّبَةٍ وَفَرِحُوا بِهَا ] وه‌ بایه‌كی فێنك و خۆشتان بۆ دێت كه‌ كه‌شتیه‌كانتان به‌ڕێوه‌ده‌بات دڵخۆش ده‌بن [ جَاءَتْهَا رِيحٌ عَاصِفٌ ] وه‌ له‌ناكاودا گه‌رده‌لوولێكی به‌هێزیش دێت [ وَجَاءَهُمُ الْمَوْجُ مِنْ كُلِّ مَكَانٍ ] وه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ شه‌پۆلی ده‌ریاكه‌تان بۆ دێت [ وَظَنُّوا أَنَّهُمْ أُحِيطَ بِهِمْ ] وه‌ وا گومان ئه‌به‌ن كه‌ ده‌وریان دراوه‌و تیا چوونه‌ [ دَعَوُا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ ] ئا له‌و كاته‌دا به‌وپه‌ڕی ئیخلاص و دڵسۆزیه‌وه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ ده‌پاڕێنه‌وه‌و داواى فریاكه‌وتنى لێ ده‌كه‌ن، وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر له‌بیر ئه‌كه‌ن كه‌ كردبوویانن به‌ شه‌ریك بۆ خوا چونكه‌ ئه‌زانن فریایان ناكه‌ون [ لَئِنْ أَنْجَيْتَنَا مِنْ هَذِهِ لَنَكُونَنَّ مِنَ الشَّاكِرِينَ (٢٢) ] ئه‌ڵێن: ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ ڕزگارمان بكه‌ی له‌م ناخۆشیه‌ ئێمه‌ له‌ شوكرانه‌بژێران ده‌بین و به‌ تاك و ته‌نها تۆ ده‌په‌رستین و شه‌ریكت بۆ دانانێین.

23

فَلَمَّآ أَنجَىٰهُمْ إِذَا هُمْ يَبْغُونَ فِى ٱلْأَرْضِ بِغَيْرِ ٱلْحَقِّ ۗ يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنَّمَا بَغْيُكُمْ عَلَىٰٓ أَنفُسِكُم ۖ مَّتَٰعَ ٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا ۖ ثُمَّ إِلَيْنَا مَرْجِعُكُمْ فَنُنَبِّئُكُم بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ

جاکاتێک خوا ڕزگاری کردن، خێرا ئه‌وان به‌ناحه‌ق ده‌ست ده‌که‌نه‌وه به‌سته‌مکاری له‌زه‌ویدا، ئه‌ی خه‌ڵکینه‌: به‌ڕاستی سته‌م کردنتان ته‌نها له‌سه‌ر خۆتان ده‌که‌وێت و به‌زیانی خۆتان ته‌واو ده‌بێت، ئێوه به‌و سته‌مکاریه خۆشی و ڕابواردنی ژیانی دنیاتان ده‌وێت، له‌وه‌ودوا گه‌ڕانه‌وه‌تان هه‌ر بۆ لای ئێمه‌یه‌و ئه‌وسا ئاگادارتان ده‌که‌ینه‌وه به‌هه‌موو ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که‌ده‌تانکرد.

[ فَلَمَّا أَنْجَاهُمْ إِذَا هُمْ يَبْغُونَ فِي الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقِّ ] به‌ڵام كاتێك كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌م ناخۆشیه‌ ڕزگاری كردن ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌ویدا ئاشووب ئه‌نێنه‌وه‌ به‌ناحه‌ق [ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّمَا بَغْيُكُمْ عَلَى أَنْفُسِكُمْ ] ئه‌ی خه‌ڵكی ئێوه‌ كه‌ زوڵم و سته‌م له‌ خه‌ڵكی ئه‌كه‌ن له‌راستیدا له‌ خۆتانی ئه‌كه‌ن چونكه‌ خۆتان سزاكه‌ی وه‌رئه‌گرن [ مَتَاعَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ] ئه‌مه‌ ته‌نها ژیانی دونیایه‌و ماوه‌یه‌كی كه‌م و كورته‌و ئه‌ڕوات [ ثُمَّ إِلَيْنَا مَرْجِعُكُمْ فَنُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ (٢٣) ] پاشان بۆ لای ئێمه‌ ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ هه‌واڵتان پێ ئه‌ده‌ین كه‌ چ كرده‌وه‌یه‌كتان له‌ دونیادا كردووه‌، وه‌ سزاتان ئه‌ده‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر خراپه‌كان.

24

إِنَّمَا مَثَلُ ٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا كَمَآءٍ أَنزَلْنَٰهُ مِنَ ٱلسَّمَآءِ فَٱخْتَلَطَ بِهِۦ نَبَاتُ ٱلْأَرْضِ مِمَّا يَأْكُلُ ٱلنَّاسُ وَٱلْأَنْعَٰمُ حَتَّىٰٓ إِذَآ أَخَذَتِ ٱلْأَرْضُ زُخْرُفَهَا وَٱزَّيَّنَتْ وَظَنَّ أَهْلُهَآ أَنَّهُمْ قَٰدِرُونَ عَلَيْهَآ أَتَىٰهَآ أَمْرُنَا لَيْلًا أَوْ نَهَارًۭا فَجَعَلْنَٰهَا حَصِيدًۭا كَأَن لَّمْ تَغْنَ بِٱلْأَمْسِ ۚ كَذَٰلِكَ نُفَصِّلُ ٱلْءَايَٰتِ لِقَوْمٍۢ يَتَفَكَّرُونَ

بێگومان نموونه‌ی ژیانی ئه‌م دنیایه‌، هه‌ر له‌و بارانه ده‌چێت له‌ئاسمانه‌وه دامانباراندووه جا به‌هۆیه‌وه ڕووه‌کی زه‌وی گه‌شه‌ده‌کات و به‌یه‌کدا چوون (به‌رو بوومی خۆی پێشکه‌ش ده‌کات) له‌و‌خۆراکانه‌ی که‌هه‌م خه‌ڵکی و هه‌م ئاژه‌ڵیش لێی ده‌خۆن، هه‌تا کاتێک وای لێ دێت زه‌وی، به‌جوانی نه‌خش و نیگاری خۆی ده‌رده‌خات و خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه‌، خه‌ڵکه‌که‌ی وا گومان ده‌به‌ن به‌ڕاستی هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتداری ته‌واون به‌سه‌ریدا (ئا له‌وکاته‌دا که‌خه‌ڵکی خراپ و غافڵن و دڵیان به‌دنیا خۆشه‌و هه‌رچی گوناهو تاوانه ده‌یکه‌ن) ئه‌وه فه‌رمانی ئێمه‌یان بۆ ده‌رده‌چێت له‌شه‌ودا یان له‌ڕۆژدا، ئه‌و‌سا وه‌ک کشتوکاڵی دروێنه‌کراوی لێ ده‌که‌ین، هه‌روه‌کو دوێنێ نه‌بووبێت، ئابه‌و شێوه‌یه ئایه‌ته‌کانی خۆمان ڕوون ده‌که‌ینه‌وه بۆ که‌سانێک بیر بکه‌نه‌وه‌و تێفکرن (وا دیاره ڕۆژێک دێت پێشکه‌وتنی زانستی ده‌گاته ئاستێکی زۆر باڵا، خه‌ڵکی ئه‌و سه‌رده‌مه زۆر غه‌ڕا ده‌بن، به‌ڵام له‌پڕێکدا خوا کۆتایی به‌هه‌موو شتێک ده‌هێنێت).

[ إِنَّمَا مَثَلُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا كَمَاءٍ أَنْزَلْنَاهُ مِنَ السَّمَاءِ فَاخْتَلَطَ بِهِ نَبَاتُ الْأَرْضِ ] نموونه‌ی ژیانی دونیا له‌ خێرایى له‌ناوچوونى وه‌كو ئاوێك وایه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دامانبه‌زاندبێ كه‌ ڕووه‌ك و دانه‌وێڵه‌كانی زه‌وی هه‌ندێكی تێكه‌ڵ ئه‌بێ به‌سه‌ر هه‌ندێكیدا [ مِمَّا يَأْكُلُ النَّاسُ وَالْأَنْعَامُ ] له‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی و ئاژه‌ڵ ئه‌یخوات [ حَتَّى إِذَا أَخَذَتِ الْأَرْضُ زُخْرُفَهَا وَازَّيَّنَتْ ] تا زه‌ویه‌كه‌ خۆی ئه‌ڕازێنێته‌وه‌ به‌و گژوگیاو گوڵه‌ جوانانه‌و خۆی جوان ده‌كات [ وَظَنَّ أَهْلُهَا أَنَّهُمْ قَادِرُونَ عَلَيْهَا ] خاوه‌نی ئه‌و به‌روبووم و كشتوكاڵه‌ وا ئه‌زانن توانایان هه‌یه‌ بڕۆن سوودی لێ ببینن و به‌رهه‌مه‌كه‌ی بڕننه‌وه‌ [ أَتَاهَا أَمْرُنَا لَيْلًا أَوْ نَهَارًا ] فه‌رمانی ئێمه‌ واته‌: سزای ئێمه‌ ئه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و كشتوكاڵ و دانه‌وێڵه‌و به‌روبوومه‌دا به‌ شه‌و یان به‌ڕۆژ [ فَجَعَلْنَاهَا حَصِيدًا ] وای لێ ئه‌كه‌ین كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی دورابێته‌وه‌و به‌رهه‌می ڕنرابێت و هیچی پێوه‌ ناهێلین [ كَأَنْ لَمْ تَغْنَ بِالْأَمْسِ ] وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ دوێنێ ئه‌و نه‌بووبێت كه‌ ئاوا جوان و سه‌وزو ڕازاوه‌و ته‌ڕ بووبێت [ كَذَلِكَ نُفَصِّلُ الْآيَاتِ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ (٢٤) ] به‌م شێوازه‌ ئایه‌ته‌كانی خۆمان درێژه‌ پێ ئه‌ده‌ین و ڕوونی ئه‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌، واته‌: ژیانی دونیاش ئاوایه‌ له‌ناكاو له‌ناوتان ئه‌به‌ین و كۆتایتان پێ دێنین.

25

وَٱللَّهُ يَدْعُوٓا۟ إِلَىٰ دَارِ ٱلسَّلَٰمِ وَيَهْدِى مَن يَشَآءُ إِلَىٰ صِرَٰطٍۢ مُّسْتَقِيمٍۢ

خوای گه‌وره‌ش بانگه‌واز ده‌کات بۆ به‌هه‌شتی پڕ له‌شادی و ئاشتی و ئاسایش، هه‌ر که‌سێک ئه‌و زاته بیه‌وێت (خۆیشی هه‌وڵ بدات بۆ به‌ده‌ستهێنانی) ڕێنموویی ده‌کات بۆ ڕێگه‌و ڕێبازی ڕاست و دروست.

[ وَاللَّهُ يَدْعُو إِلَى دَارِ السَّلَامِ ] وه‌ خوای گه‌وره‌ بانگتان ئه‌كات و بانگه‌وازتان ئه‌كات بۆ شوێنی سه‌لامه‌تی و هێمنی و ئارامی و پارێزراوی كه‌ به‌هه‌شته‌ [ وَيَهْدِي مَنْ يَشَاءُ إِلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ (٢٥) ] وه‌ خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تی هه‌ر كه‌سێك ئه‌دات كه‌ ویستی لێ بێت بۆ ڕێگای ڕاستی خۆی.

26

۞ لِّلَّذِينَ أَحْسَنُوا۟ ٱلْحُسْنَىٰ وَزِيَادَةٌۭ ۖ وَلَا يَرْهَقُ وُجُوهَهُمْ قَتَرٌۭ وَلَا ذِلَّةٌ ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ أَصْحَٰبُ ٱلْجَنَّةِ ۖ هُمْ فِيهَا خَٰلِدُونَ

بۆ ئه‌وانه‌ی چاکه‌یان کردووه‌، پاداشتی چاکترو به‌هه‌شتی به‌رین و زیاتریش ئاماده‌یه به‌چه‌نده‌ها قات، (له‌ڕیوایه‌تێکدا که‌پێشه‌ویان ئه‌حمه‌د و موسلیم ڕیوایه‌تیان کردووه‌، ئه‌و زیاده‌یه‌، ته‌ماشا کردنی ڕوخساری پڕ له‌نوورو قه‌شه‌نگی زاتی په‌روه‌ردگاره‌) ڕووخساریشیان ڕه‌شی و تاڵی و ڕیسوایی و زه‌لیلی و ماندوێتی پێوه دیارنییه، ئا ئه‌وانه نیشته‌جێی به‌هه‌شتن و بۆ هه‌میشه ژیانی تیادا ده‌به‌نه‌سه‌ر.

{باوەڕداران لە بەهەشتدا خوای گەورە دەبینن}

[ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا الْحُسْنَى ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ چاكه‌كار بوونه‌ (حوسنا)یان بۆ هه‌یه‌، واته‌: به‌هه‌شت [ وَزِيَادَةٌ ] وه‌ ئه‌جرو پاداشتیان چه‌ند جارێكه‌، وه‌ (زیاده‌) بریتیه‌ له‌ بینینی خوای گه‌وره‌ وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوا - صلی الله علیه وسلم - له‌ فه‌رمووده‌ی صه‌حیحدا باسى كردووه‌ [ وَلَا يَرْهَقُ وُجُوهَهُمْ قَتَرٌ ] وه‌ ئه‌وانه‌یشی كه‌ ئه‌چنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ هیچ ڕه‌شاییه‌ك زاڵ نابێت به‌سه‌ر روویاندا، وه‌ هیچ دوكه‌ڵی دۆزه‌خ دایانناپۆشێ وه‌كو كافران، به‌ڵكو روویان سپى و پاك و جوان و گه‌شه‌ [ وَلَا ذِلَّةٌ ] وه‌ زه‌لیل و سه‌رشۆڕو په‌شیمان نابن [ أُولَئِكَ أَصْحَابُ الْجَنَّةِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (٢٦) ] ئه‌مانه‌ هاوه‌ڵی به‌هه‌شتن و به‌هه‌میشه‌یی و نه‌مری تیایدا ئه‌مێننه‌وه‌.

27

وَٱلَّذِينَ كَسَبُوا۟ ٱلسَّيِّـَٔاتِ جَزَآءُ سَيِّئَةٍۭ بِمِثْلِهَا وَتَرْهَقُهُمْ ذِلَّةٌۭ ۖ مَّا لَهُم مِّنَ ٱللَّهِ مِنْ عَاصِمٍۢ ۖ كَأَنَّمَآ أُغْشِيَتْ وُجُوهُهُمْ قِطَعًۭا مِّنَ ٱلَّيْلِ مُظْلِمًا ۚ أُو۟لَٰٓئِكَ أَصْحَٰبُ ٱلنَّارِ ۖ هُمْ فِيهَا خَٰلِدُونَ

ئه‌وانه‌ش گوناهو تاوانه‌کا‌نیان ئه‌نجامداوه‌، هه‌رچه‌نده پاداشتی هه‌ر گوناهو تاوانێک به‌قه‌ده‌ر خۆی ده‌درێته‌وه (به‌ڵام هه‌ندێک ئه‌وه‌نده تاوانبارن) خه‌جاڵه‌تی و سه‌رشۆڕی و ڕوو ڕه‌شی ماندووی کردوون، که‌س نیه په‌نایان بدات و بیانپارێزێت له (خه‌شم و قینی) خوا، ئه‌وه‌نده ڕوو ڕه‌شن هه‌ر ده‌ڵێی پارچه‌یه‌ک له‌شه‌وی تاریک ڕووخساری داپۆشیوون، ئائه‌وانه نیشته‌جێی ناو ئاگری دۆزه‌خن و بۆ هه‌میشه ژیان له‌ناویدا ده‌به‌نه‌سه‌ر.

[ وَالَّذِينَ كَسَبُوا السَّيِّئَاتِ ] وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خراپه‌یان كردووه‌ [ جَزَاءُ سَيِّئَةٍ بِمِثْلِهَا ] له‌ سزای هه‌ر خراپه‌یه‌ك خوای گه‌وره‌ یه‌ك خراپه‌یان بۆ ئه‌نووسێ یه‌ك به‌ یه‌كه‌و بۆیان زیاد ناكرێ [ وَتَرْهَقُهُمْ ذِلَّةٌ ] وه‌ زه‌لیلی و ڕیسوایی دایانئه‌پۆشێ [ مَا لَهُمْ مِنَ اللَّهِ مِنْ عَاصِمٍ ] هیچ كه‌سێك نیه‌ له‌ سزای خوای گه‌وره‌ په‌نایان بدات و بیانپارێزێ [ كَأَنَّمَا أُغْشِيَتْ وُجُوهُهُمْ قِطَعًا مِنَ اللَّيْلِ مُظْلِمًا ] روویان ڕه‌شه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ پارچه‌یه‌ك له‌ شه‌وی تاریك دایپۆشی بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووكه‌ڵ و ڕه‌شایی ئاگری دۆزه‌خ دایپۆشیوه‌ ڕوویان ڕه‌ش ئه‌بێ [ أُولَئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ (٢٧) ] ئه‌مانه‌ هاوه‌ڵی ئاگری دۆزه‌خن به‌ نه‌مری و به‌هه‌میشه‌یی تیایدا ئه‌مێننه‌وه‌و لێی جیا نابنه‌وه‌.

28

وَيَوْمَ نَحْشُرُهُمْ جَمِيعًۭا ثُمَّ نَقُولُ لِلَّذِينَ أَشْرَكُوا۟ مَكَانَكُمْ أَنتُمْ وَشُرَكَآؤُكُمْ ۚ فَزَيَّلْنَا بَيْنَهُمْ ۖ وَقَالَ شُرَكَآؤُهُم مَّا كُنتُمْ إِيَّانَا تَعْبُدُونَ

ئه‌مانه‌ش له‌ڕۆژێکدا ده‌بێت که‌هه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی کۆده‌که‌ینه‌وه بۆ لێپرسینه‌وه‌، پاشان به‌وانه ده‌ڵێین: که‌شه‌ریک و هاوه‌ڵیان بۆ خوا بڕیارداوه‌: خۆتان و ئه‌و شتانه‌ی که‌ده‌تانپه‌رست، له‌جێی خۆتان بوه‌ستن و مه‌جوڵێن، ئه‌وسا موشریکه‌کان له‌په‌رستراوه‌کانیان جیا ده‌که‌ینه‌وه، خوا بت و په‌رستراوه‌کان، ده‌هێنێته قسه‌و ئه‌وانیش به یه‌ک ده‌نگ ده‌ڵێن: ئێوه ئێمه‌تان نه‌ئه‌په‌رست!!

[ وَيَوْمَ نَحْشُرُهُمْ جَمِيعًا ] له‌ ڕۆژی قیامه‌ت هه‌موویان پێكه‌وه‌ كۆ ئه‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ په‌رستراو بوونه‌و ئه‌وانه‌ی كه‌ په‌رستوویانن [ ثُمَّ نَقُولُ لِلَّذِينَ أَشْرَكُوا مَكَانَكُمْ أَنْتُمْ وَشُرَكَاؤُكُمْ ] پاشان به‌وانه‌ ئه‌ڵێین كه‌ خه‌ڵكیان كردووه‌ به‌ شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره‌ له‌ جێی خۆتان ڕاوه‌ستن خۆتان و ئه‌وانه‌ش كه‌ ئێوه‌ كردووتانن به‌ خواو به‌ شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره‌ [ فَزَيَّلْنَا بَيْنَهُمْ ] وه‌ ئه‌و كاته‌ لێكیان جیا ئه‌كه‌ینه‌وه‌ [ وَقَالَ شُرَكَاؤُهُمْ مَا كُنْتُمْ إِيَّانَا تَعْبُدُونَ (٢٨) ] ئه‌وانه‌ی كه‌ كرابوون به‌ شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره‌ پێیان ئه‌ڵێن ئێمه‌ فه‌رمانمان به‌ ئێوه‌ نه‌كرد كه‌ ئێمه‌ بكه‌ن به‌ شه‌ریكی خوای گه‌وره‌ به‌ڵكو شه‌یتان بوو كه‌ ئێوه‌ی گومڕا كرد.

29

فَكَفَىٰ بِٱللَّهِ شَهِيدًۢا بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ إِن كُنَّا عَنْ عِبَادَتِكُمْ لَغَٰفِلِينَ

ئینجا خوا به‌سه که‌شایه‌ت بێت له‌نێوان ئێمه و ئێوه‌دا، به‌ڕاستی ئێمه ئاگاداری په‌رستن و پاڕانه‌وه‌ی ئێوه نه‌بووین.

[ فَكَفَى بِاللَّهِ شَهِيدًا بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ ] ئه‌ڵێن: به‌سه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ شایه‌ت بێ له‌ نێوان ئێمه‌و ئێوه‌دا بڕیار بدات له‌ نێوانماندا [ إِنْ كُنَّا عَنْ عِبَادَتِكُمْ لَغَافِلِينَ (٢٩) ] كه‌ ئێمه‌ بێئاگا بووینه‌و نه‌مانزانیوه‌ كه‌ ئێوه‌ ئێمه‌تان په‌رستووه‌و پێى رازى نه‌بووینه‌.

30

هُنَالِكَ تَبْلُوا۟ كُلُّ نَفْسٍۢ مَّآ أَسْلَفَتْ ۚ وَرُدُّوٓا۟ إِلَى ٱللَّهِ مَوْلَىٰهُمُ ٱلْحَقِّ ۖ وَضَلَّ عَنْهُم مَّا كَانُوا۟ يَفْتَرُونَ

ئا له‌وێدا (له‌گۆڕه‌پانی مه‌حشه‌رو لێپرسینه‌وه‌دا) هه‌موو که‌س ده‌رئه‌نجامی کاروکرده‌وه‌ی ڕابووردووی هه‌ست پێ ده‌کات که‌پێش خۆی ڕه‌وانه‌ی کردووه‌، ئه‌وسا هه‌مووان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ لای خوا، خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌و په‌روه‌ردگاری حه‌ق، هه‌ر چیه‌کیش به‌ناحه‌ق ده‌یانپه‌رست و هه‌ڵیانده‌به‌ست و پێی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو بوون، ون ده‌بێت و له‌ناو ده‌چێت..

[ هُنَالِكَ تَبْلُو كُلُّ نَفْسٍ مَا أَسْلَفَتْ ] ئه‌ له‌وێدا هه‌موو كه‌سێك تاقی ئه‌كرێته‌وه‌ به‌هۆی كرده‌وه‌كانی پێشتری كه‌ له‌ دونیا كردۆتی [ وَرُدُّوا إِلَى اللَّهِ مَوْلَاهُمُ الْحَقِّ ] وه‌ ئه‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ لای په‌روه‌ردگاریان كه‌ خوایه‌كی حه‌ق و دادپه‌روه‌ره‌و زوڵم له‌ كه‌س ناكات [ وَضَلَّ عَنْهُمْ مَا كَانُوا يَفْتَرُونَ (٣٠) ] ئه‌و هه‌موو ئیفتیراو درۆهه‌ڵبستنه‌ی كه‌ ئه‌یانكرد له‌ دونیا كه‌ شه‌ریكیان بۆ خوا دانا هه‌مووی ئه‌ڕوات و نامێنێ و هیچی سوودیان پێ ناگه‌یه‌نێ.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.