Muslim99Muslim99
← Tafsir library

10. Yunus

Jonas · Meccan · 109 ayahs

سُورَةُ يُونُسَ

Reading Rebar Kurdish Tafsir

Ayahs 11–20 of 109

11

۞ وَلَوْ يُعَجِّلُ ٱللَّهُ لِلنَّاسِ ٱلشَّرَّ ٱسْتِعْجَالَهُم بِٱلْخَيْرِ لَقُضِىَ إِلَيْهِمْ أَجَلُهُمْ ۖ فَنَذَرُ ٱلَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَآءَنَا فِى طُغْيَٰنِهِمْ يَعْمَهُونَ

ئه‌گه‌ر خوا خه‌ڵکی تووشی شه‌ڕو ناخۆشی به‌زوویی بکردایه (له‌سه‌ر داخوازی خۆیان کاتێک ته‌نگه‌تاو ده‌بن) هه‌روه‌کو چۆن بۆ داخوازی خێر په‌له‌یانه‌، ئه‌وه هه‌ر هه‌موویان کۆتایی به‌ژیانیان ده‌هێنرا (به‌ڵام خوای گه‌وره واناکات، به‌ڵکو ده‌فه‌رموێت) جا ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مانین ئاماده‌ی به‌رده‌م باره‌گای ئێمه‌ببنه‌وه (باوه‌ڕیان پێی نیه‌)، ماوه‌یه‌ک وازیان لێده‌هێنین تا له‌سته‌میاندا ڕۆبچن و سه‌رگه‌ردان بن.

{نابێت دوعای شەڕو خراپە بكرێت}

[ وَلَوْ يُعَجِّلُ اللَّهُ لِلنَّاسِ الشَّرَّ اسْتِعْجَالَهُمْ بِالْخَيْرِ لَقُضِيَ إِلَيْهِمْ أَجَلُهُمْ ] ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ په‌له‌ی بكردایه‌و دوعاى شه‌ڕو خراپى مرۆڤه‌كانى قبووڵ بكردایه‌ كه‌ له‌ كاتى توڕه‌ بوون له‌ خۆیان و ماڵ و منداڵیانى ده‌كه‌ن چۆن دوعای خێریان قبوڵ ده‌كات ئاواش دوعای شه‌ڕى قبوڵ بكردنایه‌ ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ناوی ئه‌بردن، وه‌كو خه‌ڵكی مه‌ككه‌ كه‌ وتیان: [ فَأَمْطِرْ عَلَيْنَا حِجَارَةً مِنَ السَّمَاءِ أَوِ ائْتِنَا بِعَذَابٍ أَلِيمٍ ] (الْأَنْفَال: ٣٢) واته‌: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ حه‌قه‌و له‌لایه‌نی خوای گه‌وره‌یه‌ با خوایه‌كه‌ت به‌رد ببارێنێته‌ سه‌رمان له‌ ئاسمانه‌وه‌، به‌ڵام خوای گه‌وره‌ په‌له‌ی نه‌كرد له‌ قبوڵ كردنى دوعاى شه‌ڕو خراپه‌یان له‌به‌ر ره‌حم و سۆزو به‌زه‌یى و حیكمه‌تێك كه‌ خۆی ئه‌یزانێ [ فَنَذَرُ الَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَاءَنَا فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ (١١) ] به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ئومێدی گه‌یشتن نین به‌ ئێمه‌ وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ نین كه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌ت زیندوو ببنه‌وه‌ وازیان لێ دێنین با له‌ناو توغیان و له‌ڕێده‌رچوونی خۆیاندا بگه‌وزێن و به‌رده‌وام بن.

12

وَإِذَا مَسَّ ٱلْإِنسَٰنَ ٱلضُّرُّ دَعَانَا لِجَنۢبِهِۦٓ أَوْ قَاعِدًا أَوْ قَآئِمًۭا فَلَمَّا كَشَفْنَا عَنْهُ ضُرَّهُۥ مَرَّ كَأَن لَّمْ يَدْعُنَآ إِلَىٰ ضُرٍّۢ مَّسَّهُۥ ۚ كَذَٰلِكَ زُيِّنَ لِلْمُسْرِفِينَ مَا كَانُوا۟ يَعْمَلُونَ

کاتێکیش ئاده‌میزاد (ئه‌وانه‌یان که‌باوه‌ڕ له‌ده‌روونیاندا به‌چاکی دانه‌مه‌زراوه‌) زیان و ناخۆشیه‌کی تووش بێت، ئه‌وه هاناو هاوار بۆ ئێمه ده‌هێنێت بۆ لابردنی، له‌کاتی ڕاکشاندا، یان به‌دانیشتنه‌وه‌، یان به‌پێوه‌بێت، جا کاتێک زه‌ره‌ر و زیانه‌که‌ی لێ دوور ده‌خه‌ینه‌وه‌و ده‌که‌وێته‌وه باری ئاسایی، هه‌روا ده‌ڕوات به‌ڕێدا و بارودۆخی ئه‌وسای فه‌رامۆش ده‌کات، هه‌روه‌ک ڕۆژێ له‌ڕۆژان هاواری له ئێمه نه‌کردبێت و ل ه‌ئێمه نه‌پاڕابێته‌وه تا ناخۆشی و زیانێک که‌تووشیبووه لێی دوور بخه‌ینه‌وه‌، ئا به‌و شێوه‌یه بۆ له‌سنوور ده‌رچووان ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که‌ده‌یانکرد ڕازێنراوه‌ته‌وه‌.

[ وَإِذَا مَسَّ الْإِنْسَانَ الضُّرُّ ] وه‌ مرۆڤـ جاری وا هه‌یه‌ كه‌ تووشی زه‌ره‌رو زیانێك ئه‌بێ [ دَعَانَا لِجَنْبِهِ أَوْ قَاعِدًا أَوْ قَائِمًا ] له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا دوعا ده‌كات و له‌ خوا ئه‌پاڕێته‌وه‌ به‌ ڕاكشانه‌وه‌ یان به‌ دانیشتنه‌وه‌ یان به‌پێوه‌ [ فَلَمَّا كَشَفْنَا عَنْهُ ضُرَّهُ ] به‌ڵام كاتێك كه‌ زه‌ره‌رو زیان و ته‌نگیه‌كه‌ی له‌سه‌ر لائه‌به‌ین و هه‌ڵئه‌گرین [ مَرَّ كَأَنْ لَمْ يَدْعُنَا إِلَى ضُرٍّ مَسَّهُ ] ئه‌ڕوات وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و نه‌بووبێ تووشی زه‌ره‌رو زیان بووبێت و دوعای كردبێ هه‌مووی له‌بیر ده‌كات، وه‌ زۆرێك له‌ موسڵمانانیش وان [ كَذَلِكَ زُيِّنَ لِلْمُسْرِفِينَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (١٢) ] به‌م شێوازانه‌ بۆ ئه‌م كه‌سانه‌ كه‌ ئیسراف و زیادڕه‌وی ئه‌كه‌ن له‌ كرده‌وه‌ی خراپدا كرده‌وه‌كانیان بۆ ڕازێندراوه‌ته‌وه‌ تا بێئاگا بن له‌ شوكری خوای گه‌وره‌.

13

وَلَقَدْ أَهْلَكْنَا ٱلْقُرُونَ مِن قَبْلِكُمْ لَمَّا ظَلَمُوا۟ ۙ وَجَآءَتْهُمْ رُسُلُهُم بِٱلْبَيِّنَٰتِ وَمَا كَانُوا۟ لِيُؤْمِنُوا۟ ۚ كَذَٰلِكَ نَجْزِى ٱلْقَوْمَ ٱلْمُجْرِمِينَ

سوێند به‌خوا بێگومان ئێمه له‌سه‌ده‌کانی پێش ئێوه‌دا خه‌ڵکێکی زۆرمان له‌ناو بردووه کاتێک سته‌میان کردووه‌و ڕۆچوون تیایدا، له‌کاتێکیشدا پێغه‌مبه‌ره‌کانیان به‌به‌ڵگه‌ی زۆره‌وه بۆ هات و (په‌یامی خوایان پێ ڕاگه‌یاندن) وه‌نه‌بوو باوه‌ڕیشیان پێبهێنن، (ئێمه‌ش تۆڵه‌مان لێسه‌ندن) ئا به‌و شێوه‌یه تۆڵه له‌قه‌وم و گه‌لانی تاوانبار ده‌که‌ینه‌وه.

[ وَلَقَدْ أَهْلَكْنَا الْقُرُونَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَمَّا ظَلَمُوا ] وه‌ به‌ دڵنیایی ئوممه‌تانی پێش ئێوه‌مان له‌ناوبرد كاتێك كه‌ زوڵم و سته‌میان كرد [ وَجَاءَتْهُمْ رُسُلُهُمْ بِالْبَيِّنَاتِ ] وه‌ پێغه‌مبه‌رانی خوای گه‌وره‌ به‌به‌ڵگه‌ی ڕوون و ئاشكراو موعجیزه‌ هاتن بۆ لایان [ وَمَا كَانُوا لِيُؤْمِنُوا كَذَلِكَ نَجْزِي الْقَوْمَ الْمُجْرِمِينَ (١٣) ] به‌ڵام ئیمانیان نه‌هێناو به‌م شێوازه‌ش له‌ناومان بردن، وه‌ به‌م شێوازه‌ش كه‌سانی تاوانبار له‌ناو ئه‌به‌ین، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ كافرانی مه‌ككه‌.

14

ثُمَّ جَعَلْنَٰكُمْ خَلَٰٓئِفَ فِى ٱلْأَرْضِ مِنۢ بَعْدِهِمْ لِنَنظُرَ كَيْفَ تَعْمَلُونَ

پاشان ئێمه ئێوه‌مان کرده جێنشین له‌زه‌ویدا له‌دوای له‌ناوبردنی ئه‌وان، تا ببینین ئێوه چی ده‌که‌ن و چۆن ده‌که‌ن!

[ ثُمَّ جَعَلْنَاكُمْ خَلَائِفَ فِي الْأَرْضِ مِنْ بَعْدِهِمْ ] پاشان ئێوه‌مان كرده‌ جێنشینی یه‌كتری له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی له‌ پاش ئه‌وان [ لِنَنْظُرَ كَيْفَ تَعْمَلُونَ (١٤) ] تا ته‌ماشا بكه‌ین و بزانین ئێوه‌ش چ كرده‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ئه‌ده‌ن چاك یان خراپ.

15

وَإِذَا تُتْلَىٰ عَلَيْهِمْ ءَايَاتُنَا بَيِّنَٰتٍۢ ۙ قَالَ ٱلَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَآءَنَا ٱئْتِ بِقُرْءَانٍ غَيْرِ هَٰذَآ أَوْ بَدِّلْهُ ۚ قُلْ مَا يَكُونُ لِىٓ أَنْ أُبَدِّلَهُۥ مِن تِلْقَآئِ نَفْسِىٓ ۖ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَىٰٓ إِلَىَّ ۖ إِنِّىٓ أَخَافُ إِنْ عَصَيْتُ رَبِّى عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍۢ

کاتێکیش ئایه‌ته‌کانی ئێمه که ڕوون و ئاشکرایه به‌سه‌ریاندا بخوێنرێته‌وه‌، ئه‌وه ئه‌وانه‌ی که به‌ته‌مانین ئاماده‌ی به‌رده‌م باره‌گای ئێمه ببن ده‌ڵێن: قورئانێکی جگه له‌مه بهێنه‌و بیخوێنه‌ره‌وه‌، یان بیگۆڕه (به‌شێوه‌یه‌کی تر)، تۆیش ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: من بۆم نیه له‌خۆمه‌وه ئه‌وه بیگۆڕم، من شوێنی هیچ شتێک ناکه‌وم جگه ئه‌وه نه‌بێت که به‌وه‌حی پێم ده‌گات، به‌ڕاستی من ده‌ترسم ئه‌گه‌ر یاخی بم له په‌روه‌ردگارم و نا فه‌رمانی بکه‌م گیرۆده‌ی سزایه‌کی سه‌ختی ڕۆژێکی زۆر گه‌وره‌ببم.

[ وَإِذَا تُتْلَى عَلَيْهِمْ آيَاتُنَا بَيِّنَاتٍ ] وه‌ كاتێك ئایه‌ته‌ ڕوون و ئاشكراكانی ئێمه‌یان به‌سه‌ردا ئه‌خوێندرێته‌وه‌ [ قَالَ الَّذِينَ لَا يَرْجُونَ لِقَاءَنَا ] ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ ئومێدی گه‌یشتن نین به‌ ئێمه‌و باوه‌ڕیان به‌ زیندوو بوونه‌وه‌ نیه‌ ئه‌ڵێن: [ ائْتِ بِقُرْآنٍ غَيْرِ هَذَا أَوْ بَدِّلْهُ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - قورئانێكی تر بێنه‌ جگه‌ له‌مه‌ یاخود بیگۆڕه‌ [ قُلْ مَا يَكُونُ لِي أَنْ أُبَدِّلَهُ مِنْ تِلْقَاءِ نَفْسِي ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: من بۆم نیه‌ له‌لایه‌ن خۆمه‌وه‌ ده‌ستكاری بكه‌م و بیگۆڕم [ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَى إِلَيَّ ] من ته‌نها شوێن ئه‌و وه‌حی یه‌ ئه‌كه‌وم كه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ بۆم دێت [ إِنِّي أَخَافُ إِنْ عَصَيْتُ رَبِّي عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ (١٥) ] من ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی په‌روه‌ردگارم بكه‌م له‌ سزای ڕۆژێكی زۆر گه‌وره‌ ئه‌ترسێم كه‌ ڕۆژی قیامه‌ته‌.

16

قُل لَّوْ شَآءَ ٱللَّهُ مَا تَلَوْتُهُۥ عَلَيْكُمْ وَلَآ أَدْرَىٰكُم بِهِۦ ۖ فَقَدْ لَبِثْتُ فِيكُمْ عُمُرًۭا مِّن قَبْلِهِۦٓ ۚ أَفَلَا تَعْقِلُونَ

پێیان بڵێ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم) ئه‌گه‌ر خوا بیویستایه ئه‌وه قورئانم به‌سه‌ردا نه‌ده‌خوێنده‌وه‌، خوایش ئاگاداری نه‌ده‌کردن پێی، چونکه به‌ڕاستی ئاشکرایه که‌من ته‌مه‌نێکی دوورو درێژم له‌ناوتاندا به‌سه‌ر بردووه پێش هاتنی قورئان (بێ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک له‌م قورئانه بزانم) که‌واته بۆچی عه‌قڵ وبیرو هۆشتان ناخه‌نه‌کار (که‌سێکی نه‌خوێنده‌وار تا ته‌مه‌نی چل ساڵی هیچ نه‌ڵێت، به‌مه‌رجێک ناو بانگی ده‌رکرد بێت به‌ڕاستگۆیی و ئه‌مینداری، که‌چی له‌و ته‌مه‌نه به‌دواوه ئه‌م قورئانه ڕێک و پێکه ڕابگه‌یه‌نێت، ئایا ڕه‌وا نیه هه‌ر که‌س ده‌یبیستێت خێرا بڕوا بهێنێت به‌نێره‌ری قورئان و ئه‌و که‌سه‌ش که‌بۆی ڕه‌وانه‌کراوه‌؟)

[ قُلْ لَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا تَلَوْتُهُ عَلَيْكُمْ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ ویستی لێ نه‌بوایه‌و فه‌رمانی ئه‌و نه‌بوایه‌ من هه‌ر قورئانیشم بۆتان نه‌ئه‌خوێند وه‌ پێشتانم نه‌ئه‌وت [ وَلَا أَدْرَاكُمْ بِهِ ] وه‌ ئاگادارم نه‌ئه‌كردنه‌وه‌ به‌ قورئان [ فَقَدْ لَبِثْتُ فِيكُمْ عُمُرًا مِنْ قَبْلِهِ ] من پێشتر نزیكه‌ی چل ساڵ له‌ناو ئێوه‌دا ژیاوم هیچم نه‌وتووه‌ تا وه‌حیم بۆ نه‌هات وه‌ ئێوه‌ خۆتان ڕاستگۆیی و ده‌ستپاكی من ئه‌زانن، وه‌ ئه‌زانن من خوێنده‌وار نه‌بوومه‌و له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ ئه‌م قورئانه‌م بۆ هاتووه‌ [ أَفَلَا تَعْقِلُونَ (١٦) ] ئه‌وه‌ بۆ عاقڵ نابن و بیر ناكه‌نه‌وه‌.

17

فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ ٱفْتَرَىٰ عَلَى ٱللَّهِ كَذِبًا أَوْ كَذَّبَ بِـَٔايَٰتِهِۦٓ ۚ إِنَّهُۥ لَا يُفْلِحُ ٱلْمُجْرِمُونَ

جا کێ له‌وه سته‌مکارتره که درۆ به ده‌م خواوه هه‌ڵده‌به‌ستێت، یاخود ئایاته‌کانی به درۆ بزانێت و بڕوای پێی نه‌بێت، به‌ڕاستی تاوانباران سه‌رفراز نابن.

[ فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا ] كێ له‌و كه‌سه‌ سته‌مكارتره‌، واته‌: هیچ كه‌سێك له‌و كه‌سه‌ سته‌مكارتر نیه‌ كه‌ درۆ بۆ خوای گه‌وره‌ هه‌ڵبه‌ستێ و به‌ناو خوای گه‌وره‌وه‌ قسه‌ بكات [ أَوْ كَذَّبَ بِآيَاتِهِ ] یاخود وه‌كو ئێوه‌ ئایه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ به‌درۆ بزانێ [ إِنَّهُ لَا يُفْلِحُ الْمُجْرِمُونَ (١٧) ] به‌ دڵنیایى خوای گه‌وره‌ كه‌سانی تاوانبار سه‌رفراز ناكات.

18

وَيَعْبُدُونَ مِن دُونِ ٱللَّهِ مَا لَا يَضُرُّهُمْ وَلَا يَنفَعُهُمْ وَيَقُولُونَ هَٰٓؤُلَآءِ شُفَعَٰٓؤُنَا عِندَ ٱللَّهِ ۚ قُلْ أَتُنَبِّـُٔونَ ٱللَّهَ بِمَا لَا يَعْلَمُ فِى ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَلَا فِى ٱلْأَرْضِ ۚ سُبْحَٰنَهُۥ وَتَعَٰلَىٰ عَمَّا يُشْرِكُونَ

(بێ باوه‌ڕان وخوانه‌ناسان) شتێک ده‌په‌رستن له‌جیاتی خوا نه زیانیان پێده‌گه‌یه‌نێت نه قازانج، ده‌شڵێن: ئا ئه‌و بت و شتانه تکا کارمانن لای خوا، پێیان بڵێ ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم): باشه ئایا ئێوه خوا ئاگادار ده‌که‌نه‌وه به‌شتێک که له‌ئاسمانه‌کان و له‌زه‌ویدا هه‌بێت و خوا نه‌یزانێت؟! پاک و بێگه‌رده‌و به‌رزو بڵنده‌و دووره له‌وه‌ی که‌نه‌فامان ده‌یکه‌ن به‌هاوه‌ڵی.

{سوودو زیان تەنها بەدەست خوایە}

[ وَيَعْبُدُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ مَا لَا يَضُرُّهُمْ وَلَا يَنْفَعُهُمْ ] ئه‌وان جگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ عیباده‌تی كه‌سان و شتانێك ئه‌كه‌ن كه‌ نه‌ زیانیان لێ لائه‌ده‌ن وه‌ نه‌ سوودیان پێ ئه‌گه‌یه‌نن، چونكه‌ سوودو زیان ته‌نها به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه‌ [ وَيَقُولُونَ هَؤُلَاءِ شُفَعَاؤُنَا عِنْدَ اللَّهِ ] وه‌ ئه‌ڵێن: ئا ئه‌مانه‌ لای خوای گه‌وره‌ تكامان بۆ ئه‌كه‌ن [ قُلْ أَتُنَبِّئُونَ اللَّهَ بِمَا لَا يَعْلَمُ فِي السَّمَاوَاتِ وَلَا فِي الْأَرْضِ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: ئایا ئێوه‌ هه‌واڵ به‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌ده‌ن له‌ كاتێكدا كه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌زانێ له‌ ئاسمانه‌كان و زه‌ویدا كه‌سێ نیه‌ شه‌ریكی بێت وه‌ كه‌سێكیش نیه‌ بتوانێ تكا بكات به‌بێ ئیزنی خوای گه‌وره‌ [ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَمَّا يُشْرِكُونَ (١٨) ] خوای گه‌وره‌ زۆر پاك و مونه‌ززه‌هترو به‌رزتره‌ له‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ ئاوا شه‌ریك بۆ خوای گه‌وره‌ بڕیار بده‌ن.

19

وَمَا كَانَ ٱلنَّاسُ إِلَّآ أُمَّةًۭ وَٰحِدَةًۭ فَٱخْتَلَفُوا۟ ۚ وَلَوْلَا كَلِمَةٌۭ سَبَقَتْ مِن رَّبِّكَ لَقُضِىَ بَيْنَهُمْ فِيمَا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ

خه‌ڵکی له‌سه‌ره‌تای په‌یدا بوونیاندا به‌ش به‌ش نه‌بوون به‌ڵکو ته‌نها یه‌ک پارچه‌بوون، یه‌ک ئاین بوون، یه‌ک بیرو باوه‌ڕ بوون، جا که (زه‌مان تێپه‌ڕی و زۆر بوون و له‌سه‌رچاوه‌ی نووری پێغه‌مبه‌رایه‌تی دوورکه‌وتنه‌وه‌) ناکۆکی و جیاوازی له‌نێوانیاندا په‌یدا بوو به‌ش به‌ش بوون، خۆ ئه‌گه‌ر بڕیارداده‌ی پێشتر له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه نه‌بوایه‌، ئه‌وه دادپه‌روه‌ری هه‌ر له‌دنیادا له‌نێوانیاندا ئه‌نجامده‌درا، (حه‌ق و ڕاستی ڕوون ده‌کرایه‌وه‌) له‌و شتانه‌دا که‌کێشه‌و جیاوازی تێدا ده‌که‌ن.

[ وَمَا كَانَ النَّاسُ إِلَّا أُمَّةً وَاحِدَةً ] وه‌ خه‌ڵكی له‌سه‌ره‌تادا له‌ ئاده‌مه‌وه‌ تا نوح ده‌ سه‌ده‌ بوون هه‌ر هه‌موویان یه‌ك نه‌ته‌وه‌ بوون یه‌كخواپه‌رست و موسڵمان بوون [ فَاخْتَلَفُوا ] به‌ڵام دواتر جیاوازی كه‌واته‌ نێوانیان به‌ناردنی پێغه‌مبه‌ران هه‌ندێكیان بوون به‌بت په‌رست و كافر، وه‌ هه‌ندێكیان له‌سه‌ر موسڵمانێتى و یه‌كخواپه‌رستى مانه‌وه‌ [ وَلَوْلَا كَلِمَةٌ سَبَقَتْ مِنْ رَبِّكَ ] وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ نه‌بوایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌ پێشتر بڕیاری دابوو به‌سه‌ریاندا كه‌ ئه‌بێ بمێننه‌وه‌، یاخود تا پێغه‌مبه‌ران نه‌نێرێ سزای هیچ كه‌سێك نادات [ لَقُضِيَ بَيْنَهُمْ فِيمَا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ (١٩) ] ئه‌و كاته‌ خوای گه‌وره‌ له‌ دونیادا بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌دان و له‌ناوی ئه‌بردن به‌هۆی ئه‌و كێشه‌و ناكۆكی و جیاوازیه‌ی كه‌ له‌ نێوانیاندا هه‌بووه‌.

20

وَيَقُولُونَ لَوْلَآ أُنزِلَ عَلَيْهِ ءَايَةٌۭ مِّن رَّبِّهِۦ ۖ فَقُلْ إِنَّمَا ٱلْغَيْبُ لِلَّهِ فَٱنتَظِرُوٓا۟ إِنِّى مَعَكُم مِّنَ ٱلْمُنتَظِرِينَ

(هه‌روه‌ها بێ باوه‌ڕان) ده‌ڵێن: بۆ موعجیزه‌و به‌ڵگه‌یه‌ک دانه‌به‌زێنرایه سه‌ری له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریه‌وه، ئه‌وه له‌وه‌ڵامیاندا بڵێ: به‌ڕاستی موعجیزه‌و نهێنی و شاراوه‌کان ته‌نها به‌ده‌ست خوایه‌، جا ئێوه چاوه‌ڕوانی بکه‌ن، بێگومان منیش له‌گه‌ڵتاندا له‌چاوه‌ڕوانانم.

[ وَيَقُولُونَ لَوْلَا أُنْزِلَ عَلَيْهِ آيَةٌ مِنْ رَبِّهِ ] وه‌ كافرانی مه‌ككه‌ ئه‌ڵێن: ئه‌وه‌ بۆچی موعجیزه‌و به‌ڵگه‌یه‌ك له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ محمد نایات - صلی الله علیه وسلم - وه‌ك زیندوو كردنه‌وه‌ی مردوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی شاخه‌كان بكات به‌ ئاڵتوون [ فَقُلْ إِنَّمَا الْغَيْبُ لِلَّهِ ] ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - پێیان بڵێ: دابه‌زینی موعجیزه‌ غه‌یبه‌و تایبه‌ته‌ به‌خوای گه‌وره‌ [ فَانْتَظِرُوا إِنِّي مَعَكُمْ مِنَ الْمُنْتَظِرِينَ (٢٠) ] ده‌ى چاوه‌ڕێ بن منیش له‌گه‌ڵ ئێوه‌ چاوه‌ڕێ ئه‌كه‌م چونكه‌ من هیچ شتێكم به‌ده‌ست نیه‌.

Commentary: Rebar Kurdish Tafsir. Qur'an text and translation via AlQuran Cloud.